Skip to Content

Sunday, March 3rd, 2024
بۆ یادی هونه‌رمه‌ند برایم خه‌یات

بۆ یادی هونه‌رمه‌ند برایم خه‌یات

Closed
by January 16, 2011 هۆنراوە

به‌ندی عه‌لی .. 2011

تێکه‌ڵێ بوو
له‌شه‌ونمی سه‌ر گه‌ڵا ریحانه‌کان و
شه‌کره‌ به‌فری کۆساره‌کانی موحیبه‌ت
هه‌ر بۆیه‌ ئه‌و ، تامی به‌فرو
بۆنی ریحانه‌ی لێ ئه‌هات

له‌پاش هه‌موو سه‌فه‌رێکی
ڕێبواره‌ ڕیش سپیه‌که‌ی زستان
وه‌ک په‌ڕه‌نده‌یه‌کی ئازاد
به‌چریکه‌ی نه‌ورۆزه‌که‌ی
مژده‌ی به‌هاری پێ ئه‌داین
هه‌ر بۆیه‌ ئه‌و ، هه‌موو ساڵێ
گره‌وی له‌نێرگز ئه‌برده‌وه‌

له‌بوستانه‌کانی عیشقا
وه‌ک شنه‌بایه‌کی سه‌رکه‌ش
به‌ناو چڵی دره‌خته‌کانا ئه‌گه‌ڕاو
چرپه نهێنیه‌کانی نێوان
گوڵه‌کانی ئه‌گواسته‌وه‌
له‌م کاره‌یا ، هیچ ته‌ته‌رێ
ده‌ستی نه‌ئه‌گه‌یشته دامه‌نی
 چۆغه‌که‌ی ئه‌و

 له‌ژێر ئاسمانی شینا
ئه‌و ده‌ریایه‌ک بوو له‌ئاواز
هه‌ڵچوون و داچوونی به‌سته‌و مه‌قاماتی
ده‌شته‌ دێمه‌که‌ی روحمانی
نغرۆ ئه‌کرد ، به‌گۆرانی
هه‌ر بۆیه‌ باران هه‌میشه‌
ئیره‌یی به‌ده‌نگی ئه‌برد

هه‌ر ئه‌ویش بوو
نهێنی دوو چاوی مه‌ستی
فاتیمه‌ی بۆ ئه‌درکانین
هه‌ر بۆیه‌ له‌و ڕۆژه‌وه‌ی ئه‌و
بۆ ئاسمانی نه‌مری فڕی
ئیتر ئێمه‌
نه‌له‌سڕی زه‌رده‌خه‌نه‌ی لێو تێئه‌گه‌ین
نه‌شه‌رابی جوانی له‌دوو چاوی مه‌ستا
ئه‌خوێنه‌وه‌

من هه‌رده‌م باوه‌ڕم وایه‌
ئه‌وانه‌ی ده‌فته‌ری وێنه‌ی ژیان
پڕ ئه‌که‌ن له‌جوانی
گه‌ر به‌جه‌سته‌ش جێمان هێڵن
وه‌لێ له‌گوڵدانی دڵا
چه‌پکێکن له‌گوڵه‌کانی میهره‌بانی

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.