Skip to Content

Wednesday, September 11th, 2024
ئاشت بونەوە شکستە  قبوڵکردنی یەک دۆڕاندنە

ئاشت بونەوە شکستە قبوڵکردنی یەک دۆڕاندنە

Closed
by January 20, 2011 گشتی

گۆڕان و یەکێتی بەنمونە

لە روژنامەی ئاوێنە و لە راپۆرتە هەواڵێکدا هاتبوو, یەکێتی و گۆران بەنهێنی دانیشتون و باسی چەند پرسێکیان کردووە، رەنگە ئەگەر کەسێک ئاگای لەو حەساسیەتە سیاسییە ماڵوێرانکەرەی کورد نەبێت، پێی وابێ ئەم هەواڵە شایەن بەوە نییە گرنگی پێبدرێت، بەڵام کاتێک خەڵکی ئاگا لە حەساسیەتەکە وەک خۆی رادەمێنیت، بەدوای دەستپێشەخەری دانیشتنەکەدا دەگەڕێت، تا بزانێت کامە لایان پێی بەجەرگی خۆیدا ناوەوە و ئەم دانیشتنە بۆ رەواندنەوەی گرژییەکان پێشنیاری بووە، ئەمە پرسیار بوو بەڵام ئەسەف ئێستاش بەوەڵام نەگەشتین چون هەردوولا لە ڕونکردنەوەکانیان بۆ ئاوێنە تەڵاقیان خوارد هەڵەی وایان نەکردووە کە داوای دانیشتنیان کردبێت.
لە هەواڵەکەی ئاوێنەدا ئەوەی سەمەرەبوو ناوهێنانی نهێنی بوو بۆ دانیشتنەکان، دانیشتن گەر هەبوبێ بۆچی بە نهێنی؟ ئاخۆ ئەوان چ تاوانێکیان لە ئاستی یەک کردووە؟ کام باسی ئیستخباراتی هەیە, تا نهێنێ بێت?. کام شتی شاراوە هەیە لە میللەت؟ کام بۆندی هەواڵگری و قسەکردن بۆ ئاشکراکردنی چ پیلانێکی تیرۆرستی هەیە, تا بەنهێنی و دوور لە بینینی خەڵک دابنیشن؟، ئەمانە پرسیاربوون، بەڵام هەر لە دوای هەواڵەکەو بەماوەیەکی کورت، هاتنە سەر خەتی وتەبێژی یەکێتی و وتەبێژی گۆڕان و بەدرۆ خستنەوەی یەک، گەیاندینیە وەڵام، کە راستە و پێویستیشە دانیشتنەکان نهێنی بێت، چونکە شەرمە بۆ گۆڕان و یەکێتی دابنیشن، ئەوان یەکیان داگیرکارەو ئەویان داگیرکراو، یەکیان زاڵمەو ئەویان زەمەنێکە مەزوڵم، شەرمە دابنیشن پێکەوە، مادام بڕیارەو رەتکردنەوەی یەک و قبوڵنەکردنی یەک ئانمانجیانە.
 ئاخر ئەگەر ئەو قبوڵنەکردنە ئامانجی سەرەکیانە و بەوەوە لەنێو لایەنگرانیاندا گەشە دەکەن، گەر ئاشکرا دابنیشن رەنگە شتێکیان پێ نەمێنێ بەخەڵکی بڵێن وەک پرۆژەی جیاواز، رێگای جیاواز، تێڕوانینی جیاواز و بیخەنەڕوو، گەر وانییەو تەنها خاڵی موقنیعیان بۆخەڵک و هەوادارانیان دژایەتیکردنی یەک نییە، بۆچێ دوای زەمەنێک هاو خەباتی، ئەمرۆ وەک دوو رێکخراو یان حزب پێکەوە دانیشتن و لێک نیزک بونەوەیان لەلا شەرمە، شەرمێک ئەوەندە گەورە یەکتر تاوانباربکەن بە دەستپێشخەریەکەی؟، گەروا نییە دانیشتن بۆ نهێنی بێت؟ ئەگەر دانیشتن نەکراوە، رەتکردنەوەی یەک لەو ئاستە رەسمییەدا لەپێناو چی؟، مەگەر بڕیار نییە خەڵک و دەنگی خەڵک کێشەکان یەکلا بکاتەوە بە هەڵبژاردن، گەر بڕیارە ئەم شەرمکردن و قبوڵکردنی یەکترە بۆ؟.
ئالەوێوەو لەدوای ئەو هەواڵەی ئاوێنەو بەدەنگهاتنی وتە بێژانی هەردوولا و یەکتر تاوانبار کردن بە دەستپێشەخەری دانیشتنەکە، دەبێت زیاتر دڵنیا بین دەستپێشخەری ئاشتی لەو وڵاتەدا، لەداهاتوو نەک وەک هەمیشە شەرم دەبێت، بەڵکو دەکرێتە بەڵگەی شکست و نەنگی، چون لە کوردستان مادام سەرەتای سەرهەڵدانی هەموو حزبەکان بەدژایەتی لایەنی بەر لەخۆی دەست پێ دەکات، مادام حزبایەتی لەو وڵاتە بە سڕینەوەی ئەوەی تر دارەدارەی کردووە و دەکات و یەکەم هەنگاو هەڵدەگیرێت، مادام بەهەستکردن بە بەسەرچونی حزبی بەر لەخۆی سەرهەڵدادەت، نەک لە ئەنجامی هەستکردن بە زەرورەتی فکرەی جیاوازو بۆچون و خوێندنەوەیەکی جیاتر، دەبێت تا هەبوونی لە دژ بێت، ئەگەرنا لای داوە لە ئامانجە پیرۆزەکەی، کە سفرکردنەوەی ئەوی ترە،  هەمان شێوە مادام حزبی بەر لەسەر هەڵدانی ئەو، دروست بونی حزبی نوێ بە هەوڵی لەناو بردنی خۆی وەردەگرێت، سەرشۆڕییە دان بە دروست بونیدا بنێت، هەرچەند کاریگەرو بەهێزیش بێت، ئەمە شێرپەنجەی عەقڵی حزب بووە لە کوردستان، هۆکار بووە کە لەنێوان هەموو ڕێکخراوو حزبەکان، دەریایەک لە خوێن و دنیایەک لە  ناشیرینی هەبێ، ئەم، کۆتا هاتنی ئەو، بە گەشەکردنی خۆی دەبینێ، ئەو، بەسەرکوتکردنی ئەم، گرەنتی مانەوەی خۆی دەکات، بۆیە یەکتر قبوڵکردن شەرمە، دەست پێشخەری ئاشتی داننانە بەشکستدا، لێکنزیک بونەوە دۆڕاندنە، کۆبونەوەی نێوانیان ئەگەر لە خزمەتی گشتی وڵاتیش بێت، لادانە لە ئامانجی پیرۆز و مەزن.
 چ کارەساتێکە لەوڵاتە خودا، ئەوانەی دوێنێ قسەیان یەک بوو بۆ بەکوشتدانی کوڕی خەڵک، ئەمڕۆ شەرم دەکەن یەک ببینن، ئەوانەی دوێنێ هاوسەنگەرو هاو خەبات و هاو چەک و هاو ئامانج بوون، ئەمڕۆ ئامادەی دیداری رەسمیش  نین لەگەڵ یەکدا، کەوایە بۆچی ئێمە رەخنەی یەک نەگرتنی ئەو حکومەتە کوردییە بکەین، کە تائێستاش یەکیان نەگرتبێتەوە، ئاخر ئەو حکومەتە خاڵی کۆکردنەوەی ئەو حزبانەیە کە خوێن و کوشتن و جەنگی یەکتر، گرێی پێکەوە بەستنیانە، کاتێک گۆڕان و یەکێتی کە مێژویان یەک و ئامانج  یەک و خەبات یەک و خاوەنی یەک دوژمنیش بوبن، ئەمڕۆ دانیشتنی یەک رەتبکەنەوە و دەستپێشخەری لێکنزیک بونەوەش وەک شەرم و شکستێک بخەنە ئەستۆی یەک، چۆن دەبێت بەسانایی لێک نیزک بونەوە و حکومی راستەقینەی هاوبەش لە نێوان لایەنە مێژوو پڕ خوێن و شەڕەکان چاوەڕوان بکەین؟ ئاخر چۆن؟.

 

رزگار رەزا چوچانی / سوید
rzgarchuchani@hotmail.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.