
شانۆگه‌ری ده‌ربه‌ندی هه‌ڵاتنێكی تر
ژهره زه‌مه‌ن ژه‌هره ناو ده‌مان له تاڵای ئه‌م زه‌مه‌نه . له نیوان شه‌قامێكی بێ ئه‌شق سه‌فه‌ر ده‌كه‌ین. هێِشتا مه‌رگمان نه‌بینیوه . هێشتا مه‌رگمان نه‌ناسیوه . هێشتا سه‌فه‌رمان بۆ مملهكهتی عه‌ده‌م نه‌كردووه. تا له خاڵه‌كانی جودایی بگه‌ین ئێمه له دلێكا فه‌رشمان بۆ راخراوه له دڵی خواوه‌نده‌كان میهرتره . بۆیه نه ئه‌توانین ئه‌مڕۆ بین و نه ئه‌توانین درێژه پێدراوی دوێنی بین. مۆمێ بووم بۆ سووتانی ئه‌شق گوزه‌رم ده‌كرد, چه‌ندی ده‌ستم له‌به‌ر درزی ده‌رگاكان دانا هه‌ر پێ رانه‌گه‌یشتم ئه‌مانه‌تی رێزه‌كان له ده‌می ترازان بگرمه‌وه هه‌روه‌ك ئه‌سپه شێیهكان سه‌رنجه‌كان له به‌رده‌ما ره‌تبوون بێ ئاوڕدانه‌وه, بارگه‌م خاڵی بوو هه‌زار ئه‌فسوس هیچ له په‌ر په‌ره‌ی ههیبهتم نه‌ما وه‌لی وه‌رزی سووتانم نامۆیه و داناگیرسێم.
سرووشتهكانی ره‌زم بێ ئهمهكانه هه‌نگاو ده‌نێ به‌ره‌و دڵێك له باخچه‌كانی یاده‌وه‌ریما عاتیفه‌ی نوری لێ ده‌بارێ ئاخۆ زه‌نگی ئه‌م ده‌رگایه هه‌گبه‌ی چی پۆستهچیهك بێ و له به‌رده‌میا ههڵبرێژرێ ..؟؟ من خۆم ده‌زانم تۆماره‌كانی من له به‌رتی په‌ڕاو له سه‌ر گه‌ڵای دار نووسراوه‌ته‌وه ساڵی جارێك با ده‌بێ شه‌نی بكا هه‌موو به‌هارێك سه‌ر له نوێ بنووسریمهوه. تۆ بڵێ به‌رگه‌ی چه‌ند به‌هاری تازه بوونه‌وه بگرم .. ؟؟ ئێستاكه ده‌ستم له‌ناو تۆڕی مێشكمدا چه‌قیوه ..
بمبوره مامۆستا گیان گه‌ر وه‌ڵامی هیچ پرسیارێكم پێ نه‌درێته‌وه ئێوه خۆتان ده‌زانن كه منیش پرتقاڵێكی گوشراوی ده‌ستی ئێوهمانانم..من درخت ئاسا بشمرم هه‌ر رهونقم له تروپكی سه‌ر به‌رزی ده‌گه‌ڕێ.ئه‌وه‌تانی سه‌ر له نوێ ئه‌مانه‌تی سهڵاوهكانی به‌هار به گه‌ڵای دهسپیری به‌ڵام درختی سه‌فه‌ره‌كانیش لقی مه‌رگن له ناو مندا سه‌ر نوێ پۆپكه ده‌كا به‌ره‌و ئاره‌زوو بوون هه‌ڵده‌كشێ تا ته‌مه‌ن له راستی خۆ‌یا ماوه له سمكهی چه‌ماوه‌ی ده‌ستی گۆچان نه‌چوه تا ته‌ڕی به داره‌كانه‌وه ماوه با ڕاست بكرێنه‌وه و به هیواوه تێدا بخه‌وم .. تۆش بۆ جاریكی تر خانه خوێم به له خراپ هاتنی به‌ختی چه‌وتم . من له ئامێزی بیرهوهریكانی خۆما ده‌تنوسمه‌وه و دبمه هاورێی رێگات و لێت نابمه‌وه بگره هه‌تاهه‌تایه له‌گه‌ڵ تۆیه چاره‌نووسم…
كێیه ئه‌وه‌ی چی كردبوو و چی ده‌كا نه‌یكا به یادگار و ئاره‌زووی ئه‌وه‌ی نه‌كردبی بۆ ته‌نها جارێكش بێ له ژوورێكا به مانشێت بنووسرێته‌وه . خۆ هه‌موومان ده‌زانین شه‌وی باران مانای زایینی ئاوه ئیتر ئه‌گه‌ر بچووكێكی وه‌كو من ده‌ست به‌رزكاته‌وه داوا له په‌روه‌ردگار بكا بیسڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به جۆرێكی تر و شێاو تر بیهێنێته‌وه وجود مه حاڵ نییه., ئه‌مه‌شه واده‌كا كه جارجارێك خۆمان بیر بچێتهوزه و فه‌رامۆش بكرین..
به‌ڵێ فه‌رامۆش فریودانی هاورێیه‌ك نییه و بێزار بوون نییه له‌بینینی.. برَوا به ئاوازه‌كان مه‌هێنه . هه‌موو ئاوازێك ده‌نگت سڕ ده‌كا ئاخر هه‌ر ئاوازێك سترانبێژی خوێ هه‌یه كه ده‌زانی له ته‌كیا سه‌ما بكا. تازه من سه‌رم ناگا به مه‌ندیلی قه‌ندیل . تا ئاواز خۆشتر بێ تا غاردان ئهسپتر بێ.. بڕوا بكه شوین هه‌ر هه‌یه بۆ پووچی.. به‌ڵام پێده‌چێ ئه‌مه‌یان خه‌ونی زاڕۆڵهیكی بێ په‌یام بێت بۆیه مه‌حاڵه له شاری زوڵمه‌ت بێته دی . ئه‌گه‌ر له‌م ئاسته نهنشینهوه قه‌د نانشینهوه برا گیان من له‌م فرینه زۆر ده‌ترسیم.خۆشم چاك ده‌زانم ئاسمانم بێزار كردووه له شه‌ققه‌ی باڵ. بۆیه ده‌ڵێم له چی ده‌پرسی بپرسه سنور وجووی نه‌ما منداڵكانی باخچه‌ی ساوا به سورگیهك سریانه‌وه. له‌و رۆژه‌وه خه‌ریكه گومان كوێرایمان داده‌هێنێ وه‌خته ئه‌وه‌ی ناو كه‌لله‌ی سه‌رمان میشكمان هه‌پروون به هه‌پروون بكات. به‌ڵێ وه‌خته ئه‌و دڵه‌ی گوێمان پێ ده‌گرت ووشكه‌وه بێت له حه‌وزێكی لێخندا ببنه خۆراكی سه‌ره مێكووتكه .. سه‌فه‌ریش به هیچ جۆرێ كوتایی نایه‌ت . پیویست ده‌كا كراسی له هه‌مان جلوبه‌رگی ئاسمان بدورین بۆ ئافراندن ئیتر تۆش چی ده‌پرسی بپرسه.؟؟
كه‌سایه‌تیه‌كان
میرزا : كابرایه‌كی به ساڵا چوو نامۆ بوون له په‌ل و پۆی خستووه
ره‌وه‌ز :- گه‌نجێكه له‌سه‌ره‌تای ته‌مه‌نی هه‌ستی به‌وه كردووه كه نامۆ بوون به‌ره‌و هه‌ڵدێری ده‌با
دڵسۆز :- ئافره‌تێكه له غوربه‌تدا ڕاستی كاره‌كانی بۆ ده‌رده‌چێ
نامۆ :- به‌و خه‌ڵكه نامۆیه كه ده‌یانه‌وی بۆ زیدی باو باپیران بگه‌ڕێنه‌وه
خوشكه :- راهبهیهكه ئه‌وه‌ی له ئه‌ستۆیه كه شیلان بگه‌ڕێنێته‌وه زیدی باو باپیری
منداڵ :- یاخود شیلان هه‌ردووكیان یه‌ك كارهئهكتهرن باوك و دایكی له غوربه‌تا له ده‌س داوه و ده‌یه‌وی جارێكی تر خۆشی له غوربه‌تدا نهفهوێ
ده‌ربه‌ندی هه‌ڵاتنێكی تر
نووسینی : عارف مه‌عروف داوودی
شانۆ ده‌كرێته‌وه ..سهرتهخهی شانۆ وێستگه‌ی به‌نده‌رێكه له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ چه‌ند كورسیه‌ك دانراوه, ئه‌وانه‌ی لهبهندهرهكان داده‌نرێن وخه‌ڵكی له‌سه‌ر داده‌نیشن..دواوه‌ی شانۆ به‌دیمه‌نێكی ده‌ریا نه‌خشێنراوه چه‌ند باڵنده‌یه‌كی ئاوی به‌سه‌ر ده‌ریایا ده‌فرن.. به‌شێوه‌یه‌ك دروست كراوه كه‌تاچه‌ند به‌ره‌و ناوه‌وه‌ی شانۆ بڕوانی جۆره هارمۆنیه‌كی تێدا به دی ده‌كه‌ی .. له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ی شانۆ گوێبیستی چه‌ند كاریگه‌رێكی ده‌نگی ده‌ریا و شه‌پۆلی ئاو ده‌نگی مۆتری كه‌شتی ده‌بێ .. ئه‌مه‌ش یاریدهرێكه كه . بینه‌ر له بارودۆخی بهندریا . بژێ
پاش ماوه‌یه‌ك یه‌كێ خۆی ده‌كا به‌ناو شانۆیا له‌ته‌مه‌نی په‌نجا ساڵیا ده‌بێت ناوی میرزایه .
میرزا :- ئاڵوده‌ی ئه‌م جێگایه كۆشی گه‌رمی دایكی لێ شاردمه‌وه, زه‌مه‌ن ره‌ش بوونی خۆی له‌منی به‌دبه‌خت زیاتر نه‌بینیه‌وه كه پێوه بلكێنێ و بارانی بێ وچانی راكردنی به‌سه‌ر ببارێنێ
(هه‌ندێك راده‌مێنێ وه‌ك ئه‌وه وابێ كه له‌گه‌ڵ خۆ‌یا ده‌دوێ )
ده‌ی ئێستا هیچ نه‌بووه ئه‌وه‌ی رۆشت با پاڵپشتی تاقی كردنه‌وه‌یه‌ك بێ پڕی2غلا خاكی گه‌وره ئه‌وه‌ی هه‌رده‌م فرمیسكه‌كانی ئاوی ده‌ست نوێژ هه‌ڵگرتن بۆ پاك بوونه‌وه لهگوناههكان .. ئه‌و گوناهانه‌ی كهپهپوولهكان له‌گه‌ڵ خۆیان له‌ده‌وری گڕی شه‌م دهیسووتینێ …
زیاتر به‌م لاو ئه‌ولادا ده‌ڕوانی هیچ به‌دی ناكا له‌وه‌ی ئه‌و چاوه‌روانیه‌تی
كهدهزانی بێ سووده تا له ئاكامدا ده‌چێته سه‌ر یه‌كی لهكورسیهكان و راده‌كشێ له‌و كاته‌دا لاوێ خۆی ده‌كا به‌ناو شانۆدا جانتایه‌كی له‌سه‌ر شانه و ئه‌ویش به‌م لاو ئه‌ولادا ده‌گه‌رێ به‌ڵام بێ سووده ئاماژه‌یه‌كی هه‌ردوو قاچی دهكاو ده‌ڵێ
ره‌وه‌ز:- به‌ره‌و كوێ هه‌نگاوم پێ ده‌نێی .. به‌سه چیدی مهجووڵی بائێره دوا ویستگهت بێ .. بوونمان مانی زه‌مه‌نێكه له داهاتووماندا .. وبوونمان له‌ناوه‌وه‌ی كرده‌وه‌كانماندا مانای ئه‌وه‌یه كه‌خۆمان له‌ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی مێژوودا له هه‌مان كاتدا ببینینه‌وه .. كه‌چی داهاتووش هه‌ڵمان دهخهڵهتینێ و ده‌فه‌ی بردنه ریوهی كهشتێیهكهمان پێ ره‌وا نابینێ ..
میرزا :- ((له‌پر ده‌نگێ شانۆ قاڵ ده‌كا و گڵۆپه‌كانی سه‌ر شانۆ دهكووژێنهوهو داده‌گیرسێن و ده‌نگه‌كه‌ش تێكه‌ڵه له‌ده‌نگی شه‌پۆلی ئاو و ڕاكردن ئه‌سپ و ڕهوكردنه)).
دیسانه‌وه گوێم له‌ده‌نگی ڕهوكردنه.. دیسانه‌وه كۆچ باریه به‌ره‌و چاره‌نوسێكی نه‌زانراو .. دیسانه‌وه هه‌رسی ئهوكێوانهیه به‌شانی خه‌ڵكه‌وه به‌ره‌و مه‌مله‌كه‌تی فه‌وتان ..كێ پێ ووتن جوگرافیای له‌دایك بوون ده‌گویزرێته‌وه . كێ .. ؟؟؟
ره‌وه‌ز :- (( به‌ره‌و لای میرزا ده‌رواو ههڵیدهسێنێ ))
ئه‌وه چییه مامه‌گیان خه‌ونت ده‌دی .. نانا هیچ نییه ته‌نها خه‌ونێكی ناخۆشی بوو وبرایهوه .. بێگوومان به خه‌ونه .
میرزا :- ئێمه ته‌نانه‌ت خه‌ونه‌كانیشمان له‌جۆری خه‌ونی مرۆڤ نییه .. هه‌موو رۆژی خه‌ون به‌وه‌وه ده‌بینم كه شاخ و گرد و خۆڵ و ته‌م و مژی شاره‌كه‌وه به‌شانی خهڵكانهیهوه كۆچ ده‌كه‌ن .. منیش دوایان ده‌كه‌وم و تكایان لێ ده‌كه‌م كه‌هه‌موو شتێ بگه‌رێننه‌وه جێگای خۆی .. ئه‌وانیش مۆڕه‌م لێده‌كه‌ن و لهتوورهیی خۆما به‌ئاگا دێمه‌وه .. كه‌چی خۆم له‌م ویستگه‌یه ده‌بینمه‌وه .چاوه‌روانی ئاوی چاوی پێ ووشك كردمه‌وه
ره‌وه‌ز :-باشه مامه چاوه‌ڕوانی چیت
میرزا :- چاوه‌ڕوانی خۆمم
ره‌وه‌ز :- خۆت ..؟! ئه‌ی مه‌گه‌ر ئه‌مه خۆت نیت
میرزا :- نه‌خێر خۆم نیم
ره‌وه‌ز :- چۆن مامه گیان .. وابزانم چاوه‌ڕوانی نه‌ك هه‌ر ئاوی چاوتی ووشك كردوه‌ته‌وه به‌ڵكو مه‌زاره‌كانی مێشكشی بێ ئاو كردوه
میرزا :- ئه‌ی تۆ چ كاره‌ی لێره
ره‌وه‌ز :- منیش وه‌ك تۆ چاوه‌ڕوانم .. به‌ڵام چاوهڕوانێك له‌جۆرێكی دی له‌وه‌ی تۆ چاوه‌ڕوانی ده‌كه‌ی .
میرزا :- چاوه‌ڕوانی هه‌ر چاوه‌ڕوانییه ئیتر چ جیاوازیك لهنیوانیادا هه‌یه .. هه‌ر هه‌موو به‌ستنه‌وه‌یه به‌هاتنی ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانیت تا كۆتایی به‌و به‌نده‌یه‌ت دێ و ده‌رگای سه‌رفرازیت لێ واڵا ده‌بێ
ره‌وه‌ز :- به‌ڵام مامه گیان زۆر جار چاوهرَوانی وات لێ ده‌كا كه‌زیاتر جووڵه‌ت به‌سته‌م و بڕێك ره‌قتر و توند تر بێ
میرزا :- وایه رۆڵه به‌ڵام ده‌ڵێ چی چاوه‌ڕوانی به‌رگێكه له‌ئاسن نه ئه‌وه‌تا بدڕێ و نه‌ش ئه‌وه‌تا له‌خۆیه‌وه بشكێ و به‌تایبه‌تی ئه‌م چاوهڕوانیهیی ئێمه‌ش . پێم ده‌ڵێ كه گوایه چاوه‌ڕوانی نه‌ك هه‌ر ئاوی چاوتی ووشك كردوه‌ته‌وه به‌ڵكو مه‌زاره‌كانی مێشكیش له‌گه‌ڵیا ……… راست ده‌كه‌ی رۆڵه من ده‌مێكه هه‌ست ده‌كه‌م له ده‌ره‌وه‌ی به‌ده‌نی خۆما گێژ ده‌خۆمه‌وه … هه‌ست ده‌كه‌م هه‌موو رۆژێ به‌ده‌نم خیانه‌ت له‌بیرو بۆ چوونهكانم ده‌كا .. رۆح له‌جێگایه‌ك به‌نده و به‌ده‌نیش به‌ده‌سی سكاڵای رۆژانه‌ی بێ روحیه‌وه ده‌ناڵێ .. به‌ڵام ده‌ڵێ چی له‌و دابه‌ش كردنه به‌ده‌ن دوو چاو و دوو گوێ و هه‌موو سیماكانی ژیانی پێ به‌خشراوه كه‌چی رۆح به‌وه خۆی ئاشنا ده‌كا كه هه‌موو رۆژێ به‌باو ته‌م و مژی ئه‌و ناوه‌وه‌ی خۆی تێدا دۆزیوه‌ته‌وه خه‌ریك كردوه .. نه ئه‌وه‌تا ئه‌میان ئه‌وه‌ی تریان له باوه‌شی گرێ و له‌م دووره پهرێزیه رزگاری بكات و نه ئه‌وه‌تا ئه‌ویان كۆچ بكا‌و به‌ندی به‌ده‌ن بشكێنێ‌و جارێكی دی لق و پۆكان سه‌وز كاته‌وه .. بۆیه چاوه‌ڕوانم كه‌جارێكی دی چاوه‌كانم به‌ڕۆشنایی جێگای هاتنه كایهیی خۆم رۆشن كه‌مه‌وه
….
ره‌وه‌ز :-به‌و جۆره زه‌مه‌ن هه‌ڵمان دهخهڵتێنێ و له‌هه‌موو دووباره بوونهوهكانا پرشنگه درۆزنانهكانمان بۆ ده‌نێرێ و په‌نجه‌كانمان له‌جێ بڕوای راستی ده‌بزوێنێ و به‌و جۆره مرۆڤ تووشی عه‌شق بوون به‌سه‌راب و خیاڵ دهكاو به‌ره‌و كانه‌كانی خه‌ونه نه‌هاتووه دییهكان هه‌نگاومان پێ ده‌نێ .. هه‌ر بۆیه‌ش هێنده‌ی پێ ناچێ هه‌موو له‌راستی ئێستاكانهوه به‌ره‌و تێ هه‌ڵكێشانی خه‌ونه پووچه‌ڵه‌كانی سبه‌ینێ ده‌مانبات .
میرزا :- بیرم دێ له‌ته‌مه‌نی حه‌ڤده ساڵیدا بووم … رووم كرده ئه‌م خانه وێرانه بۆ یه‌كه‌م جار بوو خۆم هاورێی خۆم بووم به‌ڵام هێنده‌ی پێ نه‌چوو ئه‌وه‌ی من بۆی ده‌گه‌ڕام ته‌نها بیر‌و بۆ چوونی ته‌كنه‌لۆژیا لێمی گۆریبوو كه‌چی له‌راستیا هه‌موو به‌ردی له‌جێگای خۆی سه‌نگینه .. ئێستاش ئه‌وه‌تا چاوڕوانم به‌ڵكو زه‌مه‌ن به‌زه‌یی پێما بێته‌وه و جارێكیدی پرچی دایكه كڵۆڵهكهم شانه بكه‌وه‌وه وسه‌رله‌نوێ سه‌ر بخه‌مه سه‌ر رانی و ئه‌ویش به‌و په‌ڕی لێ بووردنه‌وه باسی پیاوه گه‌وره‌كانی ووڵاتم بۆ بكا و هێوڕم كاتهوهو لاوك و حه‌یرانم بۆ بڵێ .
ره‌وه‌ز :- منیش ته‌ها شه‌ش ساڵه ڕه‌وڕه‌وه‌ی زه‌مه‌ن ڕێچكه‌ی راستی پێ گۆریوم .. منیش وه‌ك تۆ خۆم بزانم له‌چی ههبگهیهكی ره‌شا خۆم دیوه‌ته‌وه .. منیش وه‌ك تۆ چاوه‌ڕوانم پێش ئه‌وه‌ی رۆح چركه‌ی گه‌ڕانه‌وه بۆ خۆی دابینی بكا .. خۆم ده‌بمه هاورێی و به‌ره‌و جێگای سه‌ر هه ڵهێنان هه نگاو ده‌نێم 00بۆیه له‌م ویستگایه چاوه‌ڕوانم..
وه‌ك مسێ ره‌شی ژیانی لێ نیشێبێ ومس گهرێكش به ته‌نها كاری رۆژێك پاكژی كاته‌وه .. بۆیه ده‌مه‌وێ لهتاڤگهی فرمێسكه‌كانی دایكم خۆم بشۆم و له‌چه‌نده‌ها تاوان خۆم پاك بكه‌مه‌وه .. بۆیه لالومیرزا هاتوومه‌ته ئێره‌و چاوه‌ڕوانم.
(( له پڕ ئافره‌تێ له‌ته‌مه‌ن په‌نجا ساڵیا خۆی ده‌كا به ویستگهكهیا و ناوی دلسۆزه ))
دڵسوز :- ((روو ده‌كاته میرزا و ره‌وه‌ز هه‌رجارێ بهیهكیكیان ده‌ڵێ )) وابزانم نه‌هات .. نه‌هاتووه .. وانیه .. نه‌گه‌یشتووه بۆیه ئێوه‌ش چاوه‌ڕوانن .. وانیه ؟!
ره‌وه‌ز :- تۆش خۆت بهاوه ئه‌م به‌ندیه‌وه و زیندانی چاوه‌ڕوانی له‌ناخی خۆتا دامه‌زرێنه و بزانه ئاخۆ كه‌ی بێ ده‌رگای هاتنت لێ بكرێته‌وه به‌ندی چاوه‌ڕوانیت بشكێ .
میرزا :- وا بزانم جه‌نابتیش ده‌ته‌وێ ڕهوكهی .
دڵسۆز :-نه‌و ده‌مه‌وێ بگه‌ڕێمه‌وه و كۆتایی به‌م ڕهوهم بهێنم ده‌مه‌وێ بگه‌ڕێمه‌وه و سه‌ری ئه‌و سێ خوشكه بێ كه‌سانه‌م له‌باوشم گرم و لایه لایه بۆ ته‌مه‌نی جونیان بكه‌م .. بۆیه هاتم .
ره‌وه‌ز :-ده تۆش ده‌بێ له‌ته‌نیشت ئێمه‌وه خانه‌یه‌كی دی پڕ كه‌یته‌وه و كه‌ساسی خۆت تاهاتنی نه‌جات بۆ هه‌مووان باس بكه‌ی .
دڵسۆز :- به‌ڵام ئه‌وه‌ی بیه‌وێ بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر ڕێ راستی هیچ شتێ نییه ریگای بگرێ ته‌نها ئه‌وانه‌ی وه‌كو بڵقی سه‌رئاو به بچووك ترین گۆڕین كۆتاییان پێ دێ (( یه‌كسه‌ر لێره‌دا ده‌گۆرێ و وه‌كو شێتێ ره‌فتار ده‌كا ))
تۆ بی خودا مه‌گۆڕێ .. توخوامهگۆڕێ .. مه‌گه‌ر ئێمه خاوه‌ن ره‌سه‌نی خۆمان نیمان .. واز له‌م كارانه بهێنه ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی دووره پهرێزكرد نه‌ما ئیدی بۆچ ده‌بێ ژیان له‌مه زیاتر به‌ره‌و گۆڕان كاریه‌كی بێ سنوور و به‌ر بڵاوی بروا بۆ .. بۆ .. ؟((له‌پڕ ده‌دا له‌پرمه‌ی گریان و به‌ده‌م گریانه‌وه ده‌لاوێنێته‌وه ))
رۆڵه لای لایه كۆرپهم لای لایه
له‌غه‌ریبی خۆم ده‌نگم ده‌رنایه
با دابنیشین گشت بهچاوهڕوان
ده‌ر به‌ده‌ر خۆمان لهكۆچهو هه‌ردان
رۆڵه لای لایه .. كۆرپهم لای لایه
له غه‌ریبی خۆم ده‌نگم ده‌رنایه
(( یه‌كسه‌ر مام میرزا ده‌چێ و قوڵی ده‌گرێ و ده‌یهێنیته نزیك خۆیه‌وه وله‌سه‌ر كورسیه‌ك دایده‌نێ ولێ‌ی ده‌پرسێ ))
میرزا :-جه‌نابتان لهكهییهوه لێره‌ن
دڵسۆز :- یه‌كسه‌ر بار‌و دۆخه ده‌روونیه‌كه ده‌یگێریته‌وه دیسانه‌وه وه‌كو شێتێ ده‌جووڵی ))
ئه‌وه‌ی سه‌ری كه‌ساسی پێ هه‌ڵگرتم گوڕا .. گوڕا .. ئه‌و نه‌ده‌بوو بگۆڕێ .. به‌ڵام پوول هه‌موو شتێ ده‌گۆڕی ئه‌و ده‌یگووت بۆیه كۆچ ده‌كا كه بڕێك له ئازاره‌كانی خۆی و كۆمه‌ڵه‌كه‌ی كه‌م كاته‌وه هه‌وڵی ئه‌وه بدا كه وه‌ك یه‌كێكی دونیا دیده به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵه‌كه‌ی هه‌ڵسوكه‌وت بكا كه‌چی چمكی پاره هه‌موو گیانی گۆڕی و وای لێ كرد كه ئه‌م دونیایه له ئاوێنه‌ی پاره ومه‌رجی نه‌فسی خۆیه‌وه ته‌ماشا بكا .. گۆڕا .. گۆڕا .. به‌ڵام ئه‌و نهوهبوو بگۆڕێ ..
میرزا :- خانم بڕێك هێمن به‌ره‌وه ئێمه‌ش وه‌كو تۆ به‌رامبه به‌م ژیانه درۆزنانه هه‌ڵخه‌ڵه‌تاوین ..ئه‌وه‌تا لێره‌دا وه‌ك تۆ چۆكی كۆچ كردنمان داداوه و چاوه‌ڕوانی قه‌یاغی نهجاتین… ده‌ڵێم به‌راست ناوی جه‌نابتان چییه .
دڵسۆز :- دڵسۆز
میرزا :- منیش میرزا و لالو میرزام پێ ده‌ڵێن .
دڵسوز :- (( هه‌ڵده‌سێ و هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دا كه چاو بگێرێ به‌ڵام دیسانه‌وه بێ سووده)) هیچ دیار نییه و كاتیش نزیك بوه‌وه تۆ بڵێ بوچی نه‌هات؟ ئێمه‌ش له‌م دڵه ڕاوكێیه بخات .
ره‌وه‌ز :- هه‌موو شتێ سزای هه‌یه .. خۆشی سزای ئه‌وه‌یه كه‌بڕێك و بایی ئه‌و خۆشیه سه‌غڵه‌ت بی .. ناخۆشی سزای ئه‌وه‌یه بڕێك هێمن بێته‌وه و د‌رك به‌هه‌ڵه‌ی خۆت بكه‌ی .. وابزانم بوونمان لێره‌دا سزای ئه‌وه‌یه دهیدێنهوه كه چه‌نده‌ها ساڵه له ناڵه و ئازاری ئه‌و دایكهمان بێ به‌ری بووینه .
میرزا :- ئاخۆ دایه ئێستا گۆڕاوی یاخود نه‌و .. ئه‌وا منم رۆڵه‌كه‌ی خۆت به‌ندی جگه‌رت سه‌ری ماشی و برنجم له‌رێ چاوه‌ڕوانی تۆدا داناوه .. به‌س به‌ته‌نها لیوی رازی بوونت بجووڵێنه باماڵئاوایی له‌كونجی غه‌ریبی بكه‌م .
دڵسۆز :- جوانترین شت لای ئه‌و دایكه ئه‌وه‌یه كه به‌هیچ جۆرێ پیر نابێ .. ده‌گۆڕێ به‌ڵام قه‌دو باڵای تادێ وه‌ك نه‌ونه‌مامی زیاتر باڵا به‌رز و رێك وپێكتر ده‌بێ((له‌پڕ ده‌نگێكی گریان هه‌موو قسه‌كانیان پێ ده‌بڕێ كهلا ده‌كه‌نه‌وه ده‌بینن ره‌وه‌ز ده‌گری .. میرزا ده‌چێته لایه‌وه به‌وه‌ی بڕێك هێوهڕی كاته‌وه ))
میرزا :- ڕۆڵه بۆ ده‌گری .. مه‌گه‌ر پیاو نیت .. بۆچ ده‌گری هه‌ڵسه ڕۆڵه گریان بۆ پیاو نه‌هاتووه ))
ره‌وه‌ز :- چۆن نه‌گریم .. دونیا‌م له‌پێش چاو گۆڕاوه
چۆن نه‌ناڵی ئه‌و دڵه ئه‌نگاوته‌یه
به‌رد له‌به‌ردی بێته‌وه ده‌نگی هه‌یه
(( بهودێڕه شیعره دلسۆز ده‌س ده‌كا به‌گریان ))
ره‌وه‌ز :- ساته ته‌نگ پێ ههڵچنهكان ئه‌و ساتانه‌یه كه‌راستی به‌رامبه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كانی به‌ده‌ن یه‌ك ده‌گرنه‌وه و یه‌كێكیان به‌سه‌ر ئه‌وه‌ی دییانا زاڵ ده‌بێ و ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنی به‌ده‌ن زاڵ بوو ئه‌وه بزانه دوای ماوه‌یه‌كی دی مێشك په‌نجه‌ی په‌شیمانیت پێ ده‌گه‌زی و په‌شیمان ده‌بێته‌وه له‌وه‌ی دوای كه‌وتی وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا تیایین .
دلسۆز :- لالو میرزا گه‌ر گریان ته‌نها بۆ ژنان بوایه یاخود مۆراكی بووایه كه به‌ته‌نها ژنان هه‌ڵیبگرن ئه‌وه بێ گوومان خواوه‌ند به‌هیچ جۆرێ ئاوی له ناو چاوی پیاواندا دا نه‌ده‌نا .
میرزا :- به‌ڵام هه‌ر چۆنی بێ د‌رك كردن به‌راستی كارێكی زۆر مه‌یسه‌ر و دڵخۆش كه‌ره .
ره‌وه‌ز :- گریانی پیاو دوا پله‌ی شكۆمه‌ندیه كه‌پێ ده‌گا چونكه ده‌زانێ كه ده‌رگاكان له روویا داده‌خرێ ئیدی به‌و جۆره زادی سووته‌مه‌نی خۆی زیاد ده‌كا .
(( یه‌كێ خۆی ده‌كا به‌ناو شانۆدا ئه‌ویش هه‌مان شێوه‌ی ئه‌وانی تر ههردهروانی و به‌م لاو ئه‌ولادا به‌ڵام به‌رواڵه‌ت به‌وه‌ده‌كا كه‌خه‌ڵكی ئه‌وشاره‌یه كه وێستگاكهی تێدایه .. ئینجا ته‌ماشای هه‌موان ده‌كا هه‌رچی ئه‌وانیش ئه‌م كاره‌یان پێ سه‌یره .. كه له ته‌ماشا كردن ده‌بێته‌وه و ده‌زانی هێشتا نه‌هاتووه دێی و له ته‌نیشت ئه‌وانه‌وه و لهسهركورسیهك داده‌نیشێ ))
میرزا :- ده‌ڵێم ره‌وه‌ز ئه‌مه به‌وه ناچی كه شار‌و شارۆچكه‌ی جێ هێشتبێ .. ته‌ماشا .. ته‌ماشا زۆر به‌خه‌ڵكی ئه‌م شاره ده‌كا .. ئیدی ده‌بێ چی بكا لیره .
دڵسۆز :- به‌ڵێ مه‌گه‌ر چی ده‌كا لێره …. تۆ بڵێ ئه‌میش بیه‌وێ له‌م جێگایه‌ی خوێ ڕه‌و بكا بۆ خوێ مه‌مله‌كه‌تی غووربه‌ت دیاری بكا
میرزا :- بروا ناكه‌م .
ره‌وه‌ز :- بۆ نا مه‌گه‌ر گه‌نج نییه .. مه‌گه‌ر ئێمه‌ش له‌و ته‌مه‌نه‌ی ئه‌وا به‌و جۆره بیرمان نه‌ده‌كرده‌وه .. هه‌موو شتێ ده‌بێ ته‌نانه‌ت ئاره‌زوو وای لێ هاتووه بههشتت پێ جۆڵ بكا‌و به‌ره‌و دۆزه‌خ هه‌نگاوت پێ بنێ .
(( میرزا به‌ره‌و لای ده‌بێته‌وه نیازی وایه لێی بپرسێ كه‌چی ده‌كا لێره ))
میرزا :- سڵاو كاكه گیان
نامۆ :- سڵاو له‌خۆت
میرزا :- ده‌ڵێم تۆش
نامۆ :- به‌ڵێ منیش چاوه‌ڕوانم كه‌بێت و له گه‌ڵیا بڕۆم .
ره‌وه‌ز :- مه‌گه‌ر بۆچی ووڵاتی خۆت به‌جێ دێڵی
میرزا :- په‌شیمان ده‌بێته‌وه و په‌نجه‌ی خۆت ده‌گه‌زی .
دڵسۆز:- ئه‌وكاته پێویستیت به ده‌ریایه‌كی ئاو ده‌بێ له چاوانتا تا بتوانی باجی ئه‌م رهههندیت بده‌یته‌وه وه‌ئه‌گه‌ریش پێت درایه‌وه .
نامۆ :- باشه ئێوه بۆچی وابیر ده‌كه‌نه‌وه .. ئه‌ی مه‌گه‌ر ئێوه خۆتان كهلهیی ئه‌وه نه‌بوون كه‌هه‌موو شتێ تاقی بكه‌نه‌وه و تامی بچێژن .
دڵسۆز :- ئه‌وه‌تا ئێمه هه‌موو په‌شیمانین له‌و كرده‌وانه‌ی كردوومانه بۆیه ههنگاوكانمان په‌ل كێشی ئێرهمانی كرد‌و ده‌یه‌وێ باجی كردهوهكهمان پێ بداته‌وه .
نامۆ :- چۆن پهشیمانیهك .. ؟! به‌وه‌ی هێشتا دوو قاچتان له‌و جێگایه راستان ده‌كاته‌وه كه بۆی هاتوون؟ به‌وه‌ی كه‌وا جێگای خۆتان به‌جێ هێشتووه میخی بێ بزیتان لێره داكووتا .. ها …ها..؟؟؟
ره‌وه‌ز:- هه‌موو شتێ سزای هه‌یه ئه‌مه‌ش واتا ئه‌م چاوه‌روانیه سزای ئه‌وه‌یه دهیدینهوه .
نامۆ :- هه‌موو كه‌سێ له‌ژیانا له كه‌سوكار و خاكی خۆی دوور كه‌ویته‌وه .ده‌بێ خزمه‌تی یه‌كێكی تر بكات و ئاره‌زووه‌كانی ئه‌و به‌دی بهێنێ .
میرزا :- ده‌ی ئه‌گه‌ر ده‌زانی وایه بۆچ ده‌ته‌وێ ڕه‌و بكه‌یت .. ئه‌م بههشتهی خۆت به‌دۆزه‌خی یه‌كێكی تربگۆریتهوه
دڵسۆز :- ئه‌و كاته‌ش دایكت نیگه‌ران ده‌بێ و كه‌س تر به‌كارت نایه‌ت …
نامۆ :- من مرۆڤێكم زۆرم ئاره‌زوو به‌وه‌یه ئه‌وه‌ی بۆم باس ده‌كرێ به‌چاوی خۆم بیبینم .. ئه‌وه‌یش پاڵی پێوه نام كهبێم بۆ ئێره .. زۆر جاكیش ده‌زانم كه‌ئه‌م وێستگایه ده‌روازه‌ی رۆیشتنه به‌ره‌و ئه‌م جێگایه‌یی باسه‌كانی بۆم كراوه ده‌یكا به‌راستی و به‌رجه‌سته‌ی ده‌كا و به‌دوو چاو ببینرێ و گه‌شتی به‌ناو زه‌وی و زاریا بكه‌ی و ئاو هه‌واكه‌ی هه‌ڵمژی تاوه‌كو بزانی چه‌ند له‌ڕاستیه‌وه نزیك بۆینه‌ته‌وه .. جا برایان من نامه‌وێ ڕه‌و بكه‌م وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێوه باسی لێوه ده‌كه‌ن من ده‌مه‌وێ گه‌شتێ بكه‌م. چاوم به‌و دیمه‌نانه كه‌وێ كه‌ئێوه و چه‌نده‌های وه‌ك ئیوه باسی لێوه ده‌كه‌ن …. هێنده‌ی باسی ئه‌و جێگایانه‌یان بۆم كردوه مه‌ستی دیده‌نی بوومه بۆیه ده‌مه‌وێ برۆم بیبینم .. من نامه‌وێ ئه‌و باسانه خۆزگایه بێ و پێ ناگه‌م .. بۆیه هاتووم و له‌گه‌ڵ ئێوه‌دا دانیشتووم تا له‌گه‌ڵ ئێوه‌یا هاو سه‌فر بین به‌ره‌و شاری ته‌لیسماوی ((ئافرتێكی ڕاهبه له‌گه‌ڵ منداڵێكی ده ساڵان خۆیان ده‌كه‌ن به‌نا شانۆكه‌دا … ده‌ستی منداڵه‌كه به‌ده‌ستی ڕاهبهكهوه هه‌ر وه‌كو ئه‌وانی دی ئه‌وانیش ده‌روانن به‌ڵام هیچ به دی ناكه‌ن )) .
منداڵ :- خوشكه گیان ئه‌مه ئه‌وجێگایه كه لیوه ده‌رۆێن .
خوشكه :- به‌ڵێ په‌له مه‌كه با بپرسین بزانین هاتووه یاخود نا نه‌وه‌كا رۆیشتبێ .. ئه‌رێ كاكه وابزانم نه‌هاتووه وانیه؟؟
میرزا :- نه‌خێر خوشكهگیان فه‌رموو تۆش وه‌ك ئێمه باری چاوه‌ڕوانی داده‌و په‌رده ناهه‌مواره‌كه لهرووت بنێ و بزانه كه‌ی بێ ده‌رگای ئارامیت لێ بكرێته‌وه لهبهندیتی چاوه‌ڕوانی رزگارت بێ و ئاسووده‌یی و كامه‌رانی رووت تێ بكا
خوشكه :- سوپاست ده‌كه‌م كاكه گیان .. به‌ڵام پێوستی به‌و هه‌موو شیكردنه‌وه‌یه نه ده‌كرد ته‌نها وه‌ڵامی به‌س بوو له‌وه‌ی من لێتم پرسی .. وه‌ره ڕۆڵه بالێره پششوویهك بدین تادێ.
منداڵ :- كه‌ی بێ خاك و خۆڵه‌كه‌ی باوك و دایكم بمگرێته باوش بیبینم و بزانم له كوێ له‌دایك بوون و چۆن گه‌روره بوون و چی وای لیان كرد ڕه‌و بكه‌ن .
خوشكه :- په‌له مه‌كه هه‌موو شتێ به‌چاوی خۆت ده‌بینی و هه‌موو شتێكت بۆ روون ده‌بێته‌وه
منداڵ :- تازوو بێ درنگه .. ئه‌ها خوشكه ته‌ماشا ئه‌و باڵنده ئاوییانه چه‌ند جوان به‌سه‌ر ئاوهكهیا ده‌فڕن .. ده‌توانم بڕۆم و له‌نزیكه‌وه ته‌ماشایان بكه‌م..ئه‌ڵا ئه‌ڵا چه‌ند جوانن و چه‌ند جوان ده‌فرن .
خوشكه :- برۆ به‌ڵام ئاگات له‌خۆت بێ و گوێرایه‌ڵی لای ئێمه به هه‌ر با‌نگم كردی یه‌كسه‌ر وه‌ره بادوا نه‌كه‌وین
منداڵ :- باشه خوشكه .. به‌یارمه‌تیت (( میرزا دێته ته‌نیشت ڕاهبهكهوهو لێ ده‌پرسی))
میرزا :- ئه‌رێ خوشكه گیان ده‌كرێ پرسیاری بكه‌م
خوشكه :- فه‌رموو
میرزا :- تۆش وه‌ك ئیمه هاتووی بۆ ئه‌وه‌ی
خوشكه به‌ڵێ منیش وه‌ك ئێوه هاتووم بۆ ئه‌وه‌ی بڕۆم
ره‌وه‌ز :- باشه خوشكه گیان مه‌گه‌ر كێ ده‌ڵێ ئه‌و جێگای بوی ده‌ڕۆن هێنده خۆشی بهئێوهیا دێ
دڵسۆز :- تۆش هه‌ڵبه‌ت له‌ده‌س كرده‌وه‌یه‌كی ناهه‌موار هه‌ڵدێی بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ر لهنۆێ ژیان ده‌س پێ بكه‌ی به‌جۆرێك هه‌ڵه‌ی تێدا نه‌بێ
ره‌وه‌ز :- هه‌ر كه‌سێ به‌جۆری تاڵی ژیان ده‌نۆشێ ئێمه به‌جۆری و ئێوه‌ش به‌جۆری .. هه‌ر ئه‌و تاڵییهش خانه وێرانمان دهكاو له‌یه‌ك خاڵ كومان ده‌كاته‌وه ئه‌ویش هه‌ڵهاتنه .. له‌ده‌س چی نازانم هه‌ر بۆیه‌ش چاوه‌ڕوانی زۆر شت له‌مرۆڤ ده‌كا .. بێ بڕسی و بێ وره‌ی ده‌كا .. هه‌ڵهاتوو مانای ترسنووكه .. ترسنووكش بێ بایه‌خه له‌ناو كۆمه‌ڵه‌كه‌ی خۆی ..
خوشكه :- ئه‌وه ئێوه هه‌ریه‌كه له‌لای خۆیه‌وه چی ده‌ڵێ ..؟! ڕه‌وی چی؟ و هه‌ڵهاتووی چی؟؟ .. ئێوه به‌ته‌واوه‌تی له‌كۆچی من تێ نه‌گه‌یشتوون .. من بهڕاسپاردهیی نیردراوم بۆ ئه جێگایه
میرزا :- تێ ناگه‌م .. كه‌س هه‌یه بڵێ من له باوشگای دایكه‌وه به‌ره‌و ئه‌و جێگای ده‌رۆم به ئاره‌زووی خۆم نییه
دڵسۆز :- ئه‌وتا ئێمه هه‌موومان ده‌مانه‌وێ به‌ره‌و باوشی دایك بگه‌رێنه‌وه و هه‌موومان چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ین له‌خه‌م و په‌ژاره و كلۆڵی رزگارمان بێ
ره‌وه‌ز :- ده‌ی ئه‌مه‌ش یه‌كێكی دیكه‌یه له چاره‌نووسیكی نه‌زانراوه‌و به‌ره‌و چاره‌نووسێكی نه‌زانراو تر هه‌نگاو ده‌نێ و خۆی شڵوق ده‌كا
خوشكه :- نه‌و وانیه كاكه گیان .. خوشكهگیان وانیه ئیوه به هه‌ڵه تێگه‌یشتوون
دڵسۆز :- ئه‌ی ئه‌وه نیه خۆت و ئه‌و به‌ندی جگه‌رت ئێره‌تان كرده دوا مۆڵگای ئه‌م شاره‌ی خۆتان و به‌ره‌و جێگایه‌كی دی ملی چاوه‌ڕوانی داده‌ده‌ن
خوشكه :- من نكوڵی له‌وه ناكه‌م كه ئێمه‌ش چاوه‌ڕوانین به‌ڵام له‌جۆرێكی دی له‌وه‌ی ئێوه‌ی بیری لێ ده‌كه‌نه‌وه
میرزا :- چاوه‌ڕوانی هه‌ر چاوه‌ڕوانییه ئیدی چی جیاوازیكی هه‌یه له نیوانیان
خوشكه :- به‌ڵێ جیاوازی هه‌یه له نیوان چاوهڕوانیهكهی من و ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌ی ماوه‌ی ته‌مه‌نی پێ به‌ریته سه‌ر
نامۆ :- (( له‌جێگاكه‌ی خۆی هه‌ڵده‌سێ و روو ده‌كاته خوشكه )) باشه خوشكهگیان تیمان ناگه‌ینی تۆ چاوه‌ڕوانی چیت ؟!
خوشكه :- پێش چه‌ند ساڵی له‌مه‌وبه‌ر و له‌یه‌كی له‌قوتابخانه ناو خۆیهكان … دایك و باوكی شیلان هاتن و شیلانیان ناو نووس كرد . له‌و رۆژه‌وه به‌رێوه‌به‌ری قوتابخانه كه منی به به‌رپرسیاری شیلان دانا … منیش رۆژ به رۆژ چاودێریم ده‌كرد و ده‌مویست زیاتر زیده تر‌و زیره‌ك تر بێ .. بۆیه زۆر به‌ته‌نگیه‌وه ده‌هاتم به‌تایبه‌تیش كاتێ زانیم كه له ووڵاتێكی تره‌وه روویان كردوته ووڵاتی ئێمه . شیلان زۆر جار له پۆلهكهیا كۆ ده‌بووینه‌وه وله‌گه‌ڵ هاوه‌ڵه‌كانی تری باسی شاره‌كه‌ی خۆێ بۆ ده‌كردین هه‌مووان گوێ رایه‌ڵی ده‌بوون و تامیان له‌قسه‌كانی وه‌رده‌گرت .. تاوای لێ هات به‌هه‌موو شتێكی ئه‌و شاره‌ی خۆێ ئاشنای كردین. هه‌رچی باوك و دایكی شیلان بوو هه‌فته‌ی جارێك ده‌هاتن و سه‌ریان له شیلان ده‌داو پێداویسته‌كانیان بۆ دابین ده‌كرد .. كار به‌و جۆره ده‌رۆیشت و شیلانیش خۆش ڕایده‌بوارد وه‌ك ئه‌وه وابێ له‌ناو كه‌س وكارو دۆستی خۆ‌یا بێ … به‌ڵام هیچ كاتی نازانین چاره‌نووس چی بووی مه‌ڵاس داوین و ناشهێڵێ به‌ئاره‌زووی خۆمان په‌ل بهاوین …….. رۆژێكیان به‌فر ته‌نگی به شۆسته‌كان ههڵجنیبوو … دهڤرێكی كڕیوهدار تا ده‌هات زیاتر به‌فر خۆی ده‌دا به زهویاو نیشانه‌ی رقایه‌تی ئاسمانی به‌ره‌و زه‌وی ده‌رده‌خست .. هه‌رچی شیلان بوو له‌ته‌نیشت په‌نجه‌ره‌كه‌وه و له‌سه‌ر كورسییه‌كی جووڵاوه دانشتبوو وچاوی برێبوه ئه‌و به‌فره‌ی ده‌باری و چاوه‌ڕوانی باوك ودایكی ئۆقره‌ی له‌به‌ر بریبوو .. وبۆ زیاتر هێور كردنه‌وه‌ی جارنهجارێك یه‌كی له‌خوشكه‌كانی قوتابخانه‌كه دهچوونهلایهوه و دڵیان ده‌دایه‌وه وبرێك هێمنیان ده‌كرده‌وه .. هه‌رچی ئه‌و بوو هه‌ر چاوی برییووه ڕێگاكهو هه‌ر ده‌یووت دایكه و باوكه نه‌هاتن .. ئیدی ئه‌و شه‌وه چاوی چاوه‌ڕوانی له‌یه‌ك نا به‌ره‌و خه‌یاڵی خه‌و خۆی راسپارد .. ئێمه‌ش به نه‌هاتنی دایك و باوكی زۆر دڵ ته‌نگ بووین … له‌نیوه‌ی شه‌ودا بوو هه‌موومان له‌هاواری شیلانا به‌ئاگا هاتینه‌وه كه چوومه سه‌ری بینیم به ته‌واوه‌تی تێك چووه‌و حه‌په‌ساوه .. منیش برێك هێمنم كرده‌وه …دوای لێ پرسین بۆم ده‌ركه‌وت خه‌وی به‌دایك و باوكیه‌وه بینیوه… ئه‌ڵێ چی چاره‌نووس زۆر شتی شاردبوه‌وه به‌یانی زوو له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ی ده‌رگای قوتابخانه‌دا هه‌واڵی كوشتنی دایك و باوكی شیلانمان پێ گه‌یشت كه به كاره‌ساتێكی ته‌م و مژاوی دڵ ته‌زین له‌ناو چوون شیلان له‌و رۆژه‌وه هه‌تیوه كه‌وت .. به‌ڵام دایك و باوكی هه‌ردوو به‌یه‌كه‌وه وه‌سیه‌تی ئه‌وه‌یان كردبوو كه‌پاش مه‌رگیان قوتابخانه به‌ر پرسیار بێ له گه‌ڕانه‌وه‌ی شیلان بۆ جێ ره‌سه‌نی خۆی‌و دابین كردنی ژیانی كامه‌رانی له‌و شاره و ئه‌گه‌ر قوتابخانه به‌و كاره هه‌ڵسێ ئه‌وه چاره‌كی له‌سه‌روه‌ت و سامان شیلان قابیل به قوتابخانه ده‌بێ ئیتر ئێمه‌ش له‌و رۆژه‌وه هه‌وڵ و ته‌قه‌لای ئه‌وه‌مانه كه به هه‌رچ جۆرێك بێ شیلان بگه‌ڕێنینه‌وه جێ ره‌سه‌نی خۆی له‌و جێگایه به‌خزم و كه‌س كاری خۆی ئاشنا‌و كامه‌رانی بكه‌ین .. بۆیه هاتووینته ئێره و وه‌كو ئێوه‌ش چاوه‌ڕوانین قه‌یاغی ئهوشارهین تا له‌گه‌ڵیا برۆین و كاره‌كه‌مان مه‌یسه‌ر كه‌ین نه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی كۆچ بكه‌ین به‌ڵكو بگه‌رێنه‌وه جێ ره‌سه‌نی شیلان خان … وقوتابخانهیهكیش تێدا دابمه‌رزێنین .. ئیتر ده‌ڵێ چی ئێمه هه‌موو ئه‌وه ده‌زانین كه‌چاوه‌ڕوانی چه‌ند سه‌خته به‌ڵام هه‌ر چۆنێ بێ له‌وه چاكتره كه‌ته‌مه‌ن گشتی به چاوه‌ڕوانی ئاواتێكی نه‌هاته دی به‌ریته سه‌ر ….
نامۆ :-چواری وه‌ك شیلان به‌قسه‌و باسه‌كانیان وایان لێم كرد بێمه ئێره‌و چاوڕوانی ئه‌وه بم … چاوه‌ڕوانی رۆیشتنی بم به‌ره‌و ئه‌وشاره ته‌لیسماویه .. هه‌موو سیحرێكی ببینم
((ده‌نگی هۆرنی كه‌شتی هه‌موو رادهچهڵهكێنێ .. هه‌رهه‌موو له‌جێگای خۆیان راست ده‌بنه‌وه وبهپهری خۆشیه‌وه چاو ده‌بڕنه ده‌ریاكه و كه‌شتیه‌كه كه په‌یتا په‌یتا ئاوه‌كه ده‌بڕێ ولیان نزیك ده‌بێته‌وه .. له‌وكاته‌دا ده‌نگی نه‌ورس و ماشینی كاركردنی كه‌شتی دێ و چه‌ند ده‌نگێكی ترش .. كه‌له ویستگایهكی بهندریا ببیسترێ
دڵسۆز :- گه‌یشت … گه‌یشت … ئه‌مه‌یان گه‌یشت … ئۆخه‌ی سه‌د ئۆخه‌ی كههیواكانم پووچه‌ڵ نه‌بوونه‌وه‌و به‌ڵكو بوون به‌راستی و خه‌ریكن ببن به‌ئاڵای مه‌مله‌كه‌تی بێ ئومیدی
ره‌وه‌ز :- جارێكی تر له باوشی دایكما سه‌ری بێ وێزه‌یی داده‌نیم و ته‌ڵ ته‌ڵ پرچه‌كانم خاو ده‌كاته‌وه و هه‌موو خهوشهكانی لێ ده‌ردێنی … وه‌ره باچی تر لاقم ئه‌م بهندهروئهو به‌نده‌رم پێ نه‌كا .. باله زه‌وی راستیا ئۆقره بگرێ و خه‌م خۆری هه‌بێ
میرزا :- (( هه‌ردوو چاوی پربووه له‌فرمێسك )) جارێكی تر پێش مردن به دیده‌نی كه‌س و كار شاد ده‌بمه‌وه وله باوشی غه‌ریبی و خانهوێرانی ده‌رباز ده‌بم .. ئۆخه‌ی سه‌د ئۆخه‌ی
نامۆ :- هێنده‌ی نه‌ماوه ته‌لیسمی شاره سیحراویكه بشكێنم چاوه‌كانم به دیده‌نی مه‌زاره‌كانی كل بكه‌م .. قسه‌كان بونی راستیان لێوه بێ ……. باوشێك له خۆزگه و ئاوات له‌گه‌ڵ خۆت هه‌ڵگره و له‌وی هه‌موو شوناسنامه‌ی شوینداریان بدرێ و منیش با وه‌ك گه‌ڕۆك بایه‌خی بوونی خۆم بسه‌لمێنم .
خوشكه :- شیلان ڕاكه وا گه‌یشت ڕاكه .. ده‌ی بابڕۆین بۆشاره خنجیلانهكهت
شیلان :- به‌ره‌و شاری باوك و دایك و مام وخاڵۆ
خوشكه :- به‌ڵێ
هه‌ر هه‌موو به‌خۆشی و كامه‌رانی چاوه‌روانن و له سیمایان نیشانه‌ی دۆزینه‌وه‌ی شتێ به‌دی ده‌كرێ ..هێنده‌یان نه‌ماوه به‌ئاوات بگه‌ن كۆتایی به به‌ندی چاوه‌ڕوانی بهێنین به‌ڵام له‌ناكاو گویان له‌ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌یه‌ك ده‌بێ هه‌رچی گڵۆپه‌كانی شانۆیه هه‌موو وه‌ك برووسكه دهكوژینهوه و داده‌گیرسێنی تا وای لێ دی به ته‌واوه‌تی گڵۆپه سووره‌كان داده‌گیرسێن له‌م كاته‌دا هه‌موو ئه‌كته‌ره‌كان له‌سه‌ر شانۆكه به جوكه دێن نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه كه ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه له‌ناو كه‌شتیه‌كه رووی داوه وئێستاش ئه‌و سووره‌یه نیشانه‌ی سووتانی كه‌شتیه‌كه‌یه ئیتر هه‌موو به‌جاری بهجوكادێن و ده‌كه‌ون و شیلان ده‌س ده‌كا به‌گریان و باوك و دایكی ده‌لاوێنێته‌وه و كۆتایی به شانۆكه دێ .
ئه‌م شانۆگه‌ریه به‌شداری ڤیسیڤاڵ شاری سنه‌ی شانۆیی كردووه