
دوای (53) ساڵ یان به هه‌ر ناونیشانیكی دی….
كورته‌چیرۆك:
ئــاری عوسمان خه‌یات
arikhayat@yahoo.com
نازانم تا چه‌ندێك نامه گۆڕینه‌وه‌ی نێوانمان تامی ماوه؟ ڕه‌نگه هیچ..
له گشت بارێكدا من ئه‌مجاره‌یان ئێجگار به‌تاسه‌وه ئه‌م نامه‌یه‌ت بۆ ده‌نووسم. وه‌كی ئه‌وه‌ی سی و پێنج ساڵان بێ، بێ خواحافیزی، تۆ چووبییه كۆپنهاگن یان مه‌درید و منیش ئه‌وه‌نده ساڵ بێ تۆم له‌یاد چووبێته‌وه‌و ئێستا وا به‌م سبای ساڵحانه هاتووبییه‌وه یادم.
ئه‌گه‌رچی نه تۆ له مه‌درید و گۆپنهاگنی و نه منیش له‌ڕاستیدا ئه‌توانم بۆ ماوه‌یه‌كی هێنده درێژ له یادت بكه‌م، به‌ڵام هه‌ر ڕێك ئه‌وهاله دێته‌وه پێش چاوم: تۆ سی و پێنج ساڵی ڕه‌به‌قه له‌وێنده‌ری و منیش، له غه‌ریبیتدا سروشكی چاوم، عه‌ینه‌ن ئاوی كانی، وه‌خته وشك ده‌كا، هێنده تۆخ، قووڵ و ناچیز غه‌ریبیت ده‌كه‌م.
من نازانم ئه‌و نامانه‌ی كه بۆم ناردووی پاراستوونت یان نا..؟
پارێزراو بن یان به توونی فه‌وتانا چووبن، گرفتێك بۆ كه‌سمان دروست ناكا، چونكی دڵنیام هه‌رچییه‌ك من نووسیبێتم، له‌چێكردنی خه‌رابات زێتر، هیچی دی لێناكه‌وێته‌وه.
هه‌رچۆنێك له نووسینه‌وه‌ی شتێك ده‌بمه‌وه، یه‌كسه‌ر تۆزی داته‌پینی باڵه‌خانه‌یه‌ك، خاپووربوونی دێیه‌ك یان وێرانبوونی سه‌رله‌به‌ری شارێك، به‌رچاوم ده‌گرێ و دواجاریش له دووری ده‌یان فرسه‌خه‌وه، دیمه‌نی پیاوێكی ته‌نیا و كۆسكه‌وتووم دێته پێش چاو، كه زیاتر به شێوه‌و ڕوخساریا، له عومه‌ری خاوه‌ر ده‌چێ، به‌رله‌وه‌ی له بۆنی سێوا بخنكێ.. خۆی و (حه‌مه)ی كوڕی.
ئه‌گه‌ر په‌نجاو سێ ساڵی تر، كه‌سێك (بۆ نمونه) ئه‌م نامه‌یه له ئه‌رشیفی تۆدا بدۆزێته‌وه‌و بیخوێنێته‌وه، ئه‌م پرسیارانه له خۆی ده‌كا:
1. تۆ بڵێی ئه‌م دوو كابرایه چ شتێك له نێوانیاندا هه‌بووبێ؟
2. به تۆزێكی له نه‌غمه‌ی پێكه‌نینه‌وه به خۆی ده‌ڵێ: باشه ئه‌م (ئاری)یه نه‌یده‌توانی قیروسیا له هه‌شت سه‌نتی حیز بكا و ته‌له‌فۆنێك بۆ ئه‌م براده‌ره‌ی خۆی بكا و هه‌واڵی بپرسێ؟
ئه‌وه هه‌تا ئه‌و دوو پرسیاره‌م نووسی، ئه‌و حه‌وته‌كه‌ی دیكه‌م بیر چوونه‌وه، به‌ڵام من ئه‌وه‌نده‌ی بۆ زیاد ده‌كه‌م: باشه ناكرێ له بری ئه‌م نامه دوور و درێژه و له‌بری ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو كاته له خۆم بگرم بۆ نووسینه‌وه‌ی و ئه‌و هه‌موو كاته‌ش له تۆ بۆ خوێندنه‌وه‌ی، هاتبام جوانجوان مۆبایله‌كه‌م كردبایه‌وه، كه بیست ڕۆژه بێ هۆ كوژاندوومه‌ته‌وه، به (مه‌سیج)ێكی دوو سه‌نتی (نه‌ك په‌یوه‌ندییه‌كی هه‌شت سه‌نتی) كوڵوكۆی دڵم دامركاندبایه‌وه..؟
نا هه‌ڵبه‌ت نه‌ده‌بوو، چونكه من پێمگوتی “تۆ سی و پێنج ساڵان ده‌بێ له كۆپنهاگن یان مه‌دریدی و منیش ئه‌وه‌نده ساڵه له‌یادم كردووی، وا ئێستا و به‌م سبای ساڵحانه هاتوویه‌وه بیرم”، چما په‌یوه‌ندییه‌ك یان مه‌سیجێك دادی ئه‌م ده‌ردی دوورییه‌ی من و تۆ ئه‌دا؟ ئه‌گه‌ر بیشیدا، ئه‌وا من هیچ ئه‌دره‌سێكی تۆ شك نابه‌م.. ئه‌ی خودای من، ئیدی هۆشیارم كه‌وه، پێمبڵێ: نووسینه‌وه‌ی ئه‌م نامه‌یه چ سوودی هه‌یه؟
ئه‌و كابرایه، كه ئه‌م نامه‌یه له ئه‌رشیفه‌كه‌ی تۆدا ئه‌دۆزێته‌وه، ته‌ماشایه‌كی مێژووی نووسین و ناردنی ده‌كات: (16/12/2010) و ئه‌م پرسیاره‌شیان له خۆی ده‌كا:
– باشه كه‌ی ئه‌م دوو كابرایه هێند له یێكه‌وه دوور بوونه، تا پێویست به نامه‌گۆڕینه‌وه بكا؟
ئه‌و ته‌ماشا ده‌كا، بیر ده‌كاته‌وه‌و تێده‌فكرێ، به خۆی ده‌ڵێ: خۆ ئه‌مانه تانانه‌ت هه‌موو یه‌كشه‌ممه تا پێنجشه‌ممانێكی هه‌فته پێكه‌وه ده‌وامیشیان كردووه، ئه‌و دوو ڕۆژه‌كه‌ی دیكه‌ش ئه‌گه‌ر ویستبێتیان، ئه‌وا زۆر به ئاسانی توانیویانه یه‌كدی ببیننه‌وه، ئه‌دی چ پێویست به نووسینی ئه‌م نامه‌یه ده‌كات؟ (ئه‌مه‌ش پرسیاری پێنجه‌مه)
دوای په‌نجا و سێ ساڵی دی، ئه‌و كابرایه‌ی كه ئه‌م نامه‌یه له ئه‌رشیفی تایبه‌تی تۆدا ده‌دۆزێته‌وه، ئه‌سڵه‌ن ئه‌وكات، هه‌ر ناشزانێ تۆ له كوێی.. ئه‌سڵه‌ن هه‌ر ناشتوانێ گۆڕه لاته‌ریك و عاجزه‌كه‌ی من له‌نێو ئه‌و قه‌ره‌باڵغی و جه‌نجاڵییه‌ی گۆڕستانه پیر و كه‌نه‌فته‌كه‌ی شاردا بدۆزێته‌وه، ئه‌و ده‌وه‌ستێ و به حه‌په‌ساوییه‌وه، ته‌واو سه‌رسام به ئه‌فسوونی گێڕانه‌وه، به خۆی ده‌ڵێ: چ په‌نهانییه‌ك له‌م نامه‌یه‌دا هه‌یه؟
ناتوانێ ده‌رك به هیچ بكا.. ناوێرێ له‌وه پتر بیر له هیچ بكاته‌وه، ئه‌وه‌نده نه‌بێ، له‌به‌ر ڕۆشنایی كزی په‌نجه‌ره‌یه‌كی نه‌وی ژوورێكی بچوكی شێ‌دار و به تۆنێكی كه‌مێك ترسناكه‌وه درێژه به خوێندنه‌وه‌ی نامه‌كه ده‌دا:
هه‌سته‌كه‌م یاساكانی فیزیكیش، ته‌واو چوون ته‌بیعه‌تی ئه‌م خه‌ڵكه گۆڕاون. ژیان وه‌ك بڵقی سه‌ر ئاوی لێهاتووه، كه‌چی زۆر به قورسی تێده‌په‌ڕێ، ئاخر تێناگه‌م له كه‌نگێوه بڵقی سه‌رئاوان هێند زه‌لام و گران بووه؟ (ئه‌و كابرایه‌ی كه ئه‌م نامه‌یه له ئه‌رشیفه تایبه‌تییه‌كه‌ی تۆدا ده‌دۆزێته‌وه، بێئه‌وه‌ی به‌خۆی بزانێ، هه‌مان پرسیاری ئێستای من له‌خۆی ده‌كاته‌وه: له كه‌نگێوه بڵقی سه‌رئاو هێند زه‌لام و گران بووه؟)
تۆش ئێستا له خۆ ده‌پرسی: له كه‌نگێوه هاوڕێم، له كه‌نگێوه؟
ئێستا ته‌نیا پرسیارێك ماوه‌ته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی من و تۆ و ئه‌و كابرایه‌ی كه ئه‌م نامه‌یه له ئه‌رشیفی تایبه‌تی تۆدا ده‌دۆزێته‌وه، بتوانین تا په‌نجا و سێ ساڵی داهاتوو، كه ئه‌سڵه‌ن كه‌سیش نازانێ تۆ له كوێی و ته‌نانه‌ت گۆڕه لاته‌ریك و عاجزه‌كه‌ی منیش له‌نێو قه‌ره‌باڵغی و جه‌نجاڵیی ئه‌و گۆڕستانه پیر و كه‌نه‌فته‌ی شاردا نادۆزرێته‌وه، بتوانین پێكه‌وه، وه‌ڵامێك بۆ پرسیاری ئه‌وه‌ی ئاخۆ چ سیحرێك وا له پشته‌وه‌ی هێزی گێڕانه‌وه‌وه‌یه؟
ئێمه‌ش پێكه‌وه، له خۆمان ده‌پرسین: چ سیحرێك هاوڕێم، چ سیحرێك؟
16/12/2010
كـفـری