
به‌یانه نوێکه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان داواکارییه‌کی به به‌یاننامه‌یه‌ک بڵاوکرده‌وه که هه‌رایه‌کی زۆری ناوه‌ته‌وه، ئه‌گه‌ر دیموکراتی هه‌بێت ئه‌وا هه‌ر حیزبێک مافی خۆیه‌تی داواکاری و رای خۆی بخاته‌ڕوو و مافێکی شه‌رعیه، به تایبه‌تی بۆ حیزبێک که له %20 ده‌نگی میلله‌تی له په‌رله‌مان هه‌بێت.
ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه ئه‌وه‌یه که به‌یانه‌که هه‌رایه‌ک و کاردانه‌وه‌یه‌کی زۆری دروستکردوه، ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی حوکمڕانییه به ته‌واوه‌تی تۆقاوه و که‌وتوه‌ته‌په‌له‌قاژێ، په‌ندێکی کوردی هه‌یه ده‌بێژێت ( دار هه‌ڵبڕه دز ده‌رده‌که‌وێت، راده‌کا! ).
له هه‌موو رژێمێکی په‌رله‌مانتاری دیموکراتی که وه‌ک له کوردستان ده‌هۆڵی بۆ لێده‌ده‌ن، ئاساییه که حیزبێک یا چه‌ند حیزبێک له رێگای په‌رله‌مانه‌وه داواکاریان هه‌بێت و به‌یان ده‌ربکه‌ن که به شێوه‌یه‌کی په‌رله‌مانتاری داوای کشانه‌وه‌ی وه‌زیرێک یا خستنی حکومه‌ت بکه‌ن، بێگومان هیچ عه‌یب و عار و نکۆڵی له‌مه‌دا نییه و ده‌ستوری په‌رله‌مانتارییه. حکومه‌تێک که متمانه‌ی په‌رله‌مانی نه‌بێت ده‌بێت به حه‌یاو حو‌رمه‌تی خۆیه‌وه حکومه‌ته‌که هه‌ڵبوه‌شینێته‌وه و بکشێته‌وه و ئابڕووی خۆی بپارێزێت. جا هێشتا کورد نه گه‌یشتوه‌ته ئه‌و ئاستی هوشیاره‌ییه!!.
ئه‌وه‌ی زیاتر سه‌رنجی خه‌ڵک راده‌کێشێت کاردانه‌وه‌ی تووندی دوو حیزبی سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی حکومڕانییه بۆ گه‌مه‌که‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان. هه‌ردوو حیزبه‌که به‌یانێکی هاوبه‌شیان ده‌رکردوه و حکومه‌تیش به‌یانێكی ده‌رکردوه، که له ناوه‌رۆکدا جیاوازیان زۆره. به‌ڵام خاڵی هاوبه‌شیان ئه‌ویه که زمانێکی سیاسی پاراوی تیا به‌کار نه‌هێراوه و واده‌رده‌که‌وێت کورد هێشتا فێری زمانی سیاسی نه‌بووه. وه‌لی داڕشتنی به‌یانه‌که‌ی گۆڕان سیاسییه و رێکوپێکه. به‌یانه‌که‌ی حکومه‌ت میانڕه‌وه و به‌رگری له کاره‌کانی خۆی ده‌کات، به‌ڵام به‌یانی هاوبه‌شی یه‌کێتی و پارتی زمانێکی زبری هه‌ڕه‌شه‌ی راسته‌وخۆیه بۆ سه‌ر شه‌خس. گه‌ر به‌یانه هاو‌به‌شه‌که‌ی دوو حیزبی حکومڕان بخوێنیته‌وه ئه‌و راستییه‌ت بۆ ده‌رده‌که‌وێت که خه‌ڵکی باسی ده‌کات که حیزب حوکم ده‌کات و حکومڕانی له‌ده‌ست حیزبدایه، که هه‌موو بڕیارێک حیزب ده‌ریده‌کات و دسه‌ڵات له ده‌ست حیزبدایه و حکومه‌ت ته‌نها ئامڕازێکی به‌ڕیوه‌بردنی رۆتینی ئیدارییه.
وه‌ک ده‌رده‌که‌وێت، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان حساباتی ووردی نه‌کردوه، پێشوه‌خت بوو و کاتی خۆی نه بوو که مناوه‌ره بکات. له سیاسه‌تدا (( کاتی خۆی هاتن)) گرنگه و بڕایاده‌ر ده‌بێت. بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان شیکردنه‌وه‌یه‌کی واقیعانه‌ی بۆ باروودۆخی ئێراق و کورستان نه‌کردوه. گۆڕان ده‌بێت دان به‌خۆیدا بگرێت و به سه‌بر بێت و کات بباته‌وه تا هیزه‌کانی ئه‌مریکا له ئێراق ده‌کشێته‌وه. ئه‌وه هه‌شت ساڵه ئه‌مریکا ئه‌مریکا حوکمی ئێراق ده‌کات و هه‌موو شتێک به دڵی ئه‌مرکا ده‌بێت و به کوردستانه‌وه ئێراقییه‌کان ئیداره‌که‌ی به‌ڕێوه ده‌به‌ن. ( مالکی ) باش له‌مه تێگه‌یشتووه، وه هه‌روه‌ها مام جه‌لال که موهه‌ندیسێکی سیاسه‌ته باش ده‌زانێت و یه‌ک دوو ساڵ له‌مه‌وپێش به‌رگری له خۆی و پۆسته‌که‌ی ده‌کرد و ده‌یگووت ئێراق وڵاتێکی خاوه‌ن سیاده‌یه( راستیه‌که‌ی له زاریدا نیه له دڵیدایه). سیاده‌ی سیاسی بۆ ژیانی میلله‌ت و حکومه‌ت و وڵاتێک گرنگه ، سیاده مانای حکومه‌تی وڵاتێک ده‌سه‌ڵاتی ته‌واو‌ی سه‌ربه‌خۆی هه‌بێت له بڕیاردان و به‌ڕیوه‌بردنی وڵاته‌که و وڵاتێکی تر ده‌ست نه‌خاته کاروباری ناوخۆی وڵاتێکی‌تر و له ژێر ده‌ستی وڵاتێکیتردا نه‌بێت که ئه‌مه به گوێره‌ی یاسای نێوده‌وڵه‌تی ده‌ستنیشان کرداوه به‌ڵام حاڵه‌تی جه‌نگ ناگرێته‌وه وه‌ک ئێستای ئێراق ، به کوردی مانای ( سه‌روه‌ری و به ئینگلیزی سوڤره‌نیتی). سه‌ر‌ۆکی ئه‌مریکا ( ئۆباما ) پارساڵ له وتارێکی ده‌رباره‌ی ئێراق گووتی : ئێراق خاوه‌نی سیاده ده‌بێت. Irak will be a sovreign state
وه‌لی بۆ به‌یانه‌که‌ی حکومه‌تی هه‌رێم: راسته شت له کوردستان کراوه به‌ڵام ئه‌و شتانه‌ی بۆ میلله‌ت کراوه زۆر هه‌ر زۆر که‌مه له‌چاو ئه‌و ئاسته ئیمکانییه مالییه‌ی که حکومه‌ت هه‌یه‌تی. میلله‌تی کورد هیچ کاتێک ئه‌وه‌نده هه‌ژاری نه‌بووه و هیچ پلانێک نییه چۆن سامانی میلله‌ته‌که به شێوه‌یه‌کی عه‌داله‌ت به‌سه‌ر میلله‌ته‌که‌دا دابه‌ش بکرێت که هه‌موو که‌س سوودی لێ وه‌ربگرێت( ئه‌مه‌ش له ئه‌نجامی ئه‌و لیبرالیزمی وه‌حشییه که به‌سه‌ریاندا سه‌پاندوون و خۆیان نازانن بازاڕی ئازاد چییه!!!!!) . ته‌نها خه‌سته‌خانه‌کان بووژێنداراوه‌ته‌وه. که‌رتی کشتوکاڵ له کوردستان که خواردنی میلله‌ته و هه‌زاران ساڵه میلله‌ته‌که‌ی ژیاندووه رماو هه‌ره‌سی هێنا، پارساڵ 10 ملیۆن دۆلار‌یان تیا سه‌رف کرد پاره‌که نیوه‌ی به فیرۆ چوو و نازانن چۆن به‌رهه‌می کشتوکاڵی زیادده‌کرێت. رێگاوبانێکی وێران هه‌یه به‌س ئه‌وه‌ی خۆیان پێویستیانه قیرتاویانکردوه. له سایتی حکومه‌ت بڵاویانکردوه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ وڵاتی بێلاروس گه‌شه به رێگاوبانو هاتووچۆ ده‌که‌ن، بێڵاروس وڵاتێکی کۆنه سۆڤیه‌تی بێ عیلم، بێ ته‌کنۆ لۆژیا، بێ پیشه‌سازی، بێ مه‌عریفه‌ت ، دواکه‌توو بێت پلانی رێگاوبانی کوردستان دابنێت نازانم ئه‌م وڵاته‌یان له کوێ دۆزیوه‌ته‌وه و ملیۆن دۆلاری کوردستان بۆ وڵاته‌که‌ی خۆی به‌رێته‌وه.!!!!. حکومه‌ت هیچ پلانێکی بۆ به پیشه‌سازیکردن و گواستنه‌وه‌ی ته‌کنۆلۆژی بۆ کوردستان نییه و ده‌بێژن لیبرالیزمه که‌رتی تایبه‌تی بیکات ، خۆ ئه‌بێت حکومه‌ت به‌رنامه‌یه‌کی هه‌بێت!!!. باسی شه‌هیدان ده‌که‌ن و راسته موچه‌یان بۆ داناون، به‌ڵام چی بۆ شاری هه‌ڵه‌بجه کراوه؟ تازه دوێنی به‌ردی بناغه‌ی زانکۆیان داناوه و جاده‌یه‌کی رێکوپێکیان نییه بۆ سلێمانی .
جارێکیان به‌ناو خه‌بیری ئابووری وه‌زاره‌تی ئابووری ده‌یگووت: نرخی شت که‌مناکرێته‌وه. به‌ڵام چی ده‌بێته هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخ. ئه‌مه یاساکانی ئابووریه تا پاره زۆر بێت نرخ به‌رز ده‌بێته‌وه چو‌نکه خه‌ڵک پاره‌ی هه‌یه به هه‌رچه‌ند بێت ده‌یکڕێت. له کوردستان چینێک دروست بووه پاره‌یه‌کی زۆریان هه‌یه به هه‌ر نرخێک بێت ده‌یکڕن. ئه‌مه راسته له خانوو، له خواردن، له جلوبه‌رگ له که‌لوپه‌ل ، هۆیه‌کی تری به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخ ئیحتیکار و مۆنۆپۆل و ده‌سبه‌سه‌راگرتنی بازاڕ و بازرگانی له لایه‌ن چه‌ند که‌سێکه‌وه که ناهێڵن مونافه‌سه هه‌بێت و بۆ قازانجی خۆیان نرخی شته‌کان دا‌ده‌نێنن. له‌م نێوه‌دا ئه‌وه‌ی تیا چووه که‌مده‌رامه‌ته. دوای ئه‌وه حکومه‌ت مشوری میلله‌ت ناخوات که ئابووری چۆنه، حکومه‌ت ته‌نها له حساباتی مووچه‌خۆری حکومه‌ت حساب ده‌کات و موچه‌یان به‌رزده‌کاته‌وه وه‌کو ئه‌وه‌ی که ئه‌وانه‌ی تر هاوڵاتی نه‌بن!!!. دوای ئه‌وه‌ش یه‌کێک زانکۆ ته‌واو بکات و یه‌که‌م موچه‌ی 300 – 400 دۆلار بێت جا چۆن ده‌توانێت خێزان دروست بکات و چۆن خانوو به‌و موچه‌یه په‌یدا ده‌کرێت به‌ڵام کارمه‌ندێکیتر که ده‌مێکه کار ده‌کات 1000 – 1400 دۆلار وه‌رده‌گرێت و بیست ساڵه له خانووی خۆیدایه. بۆیه ئه‌و هه‌موو گه‌نجه روو ده‌کاته ئه‌ورپا چو‌نکه هیچ ئومێکی به ئاینده‌ی خۆی نییه!!!.
رزگار حه‌سه‌ن له – سوید- ه‌وه