
چاوپێکەوتنی ده‌نگه‌کان له‌گه‌ڵ شاعیر و نووسەر عه‌بدوڵا سڵێمان(مه‌شخه‌ڵ)
چاوپێکەوتنی ده‌نگه‌کان له‌گه‌ڵ شاعیر و نووسەر عه‌بدوڵا سڵێمان(مه‌شخه‌ڵ)
سەبارەت بە دەق و ڕەخنە ئەدەبى
دەنگەکان : ئایا زیندوویەتى دەقى ئەدەبى لە چیدایە؟زۆر جار دەگووترێت ئەم دەقە بۆ کاتى خۆى باش بووە. ئەمە چۆن لێکدەدەیتەوە؟
عه‌بدوڵا سڵێمان(مه‌شخه‌ڵ) : ده‌قێک ئه‌توانێ سیفه‌تی زیندوو بوون له‌خۆیدا هه‌ڵبگرێ که‌هه‌ڵگری کۆمه‌ڵێ ڕه‌گه‌ز و بنه‌ما بێت وه‌ک پێشمه‌رجی به‌ده‌ق بوون، ئه‌مه‌ش کۆنسێپته‌کانی ده‌ره‌وه و ناوه‌وه‌ی ده‌ق ئه‌گرێته‌وه. ده‌ق چ جوان بێت یان ناشرین، چ زیندو بێت یان مردوو، چ داهێنه‌رانه بێت یان جهڵهبیانه ناتوانێت بکه‌وێته ئه‌ودیوی پێناسه‌ی ده‌ق ئه‌گه‌ر له‌ناو پێکهاته‌کانی خۆیه‌وه بخرێته به‌ر دیده‌ی خوێنه‌ر. زیندووبوونی ده‌ق به‌پێی قسه‌ی ئاڵ دره‌یک “بواری قسه‌کردنی ده‌قه له‌سه‌رخۆی بێئه‌وه‌ی هیچ شیکارییه‌کی بۆ ئه‌نجام بدرێت.” ئەوەی دەقی زیندوو لە دەقێکی نازیندوو جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە دەقی زیندوو بوار بۆ خوێنەر ئەهێڵێتەوە کەدەق بخاتە بەردەم پرسیارە سەرمەدییەکانی ڕەخنە، کۆدەکانی بەنهێنی بهێڵیتەوە و ڕەخنەگر ناچار بەقسەکردن بکات لەسەری. واتە دەبێت ئەو دەقە خاوەن زمانیکی سفت و زیندوو بێت، پێکهاتەکانی دەقی تێدا بێت. وەک شێواز و بەها وگۆشەنیگا و شوێنکات و مۆسیقا و زمان و خەیاڵ، ئەمە جگە لە وردکارییە تەکنیکییەکان وەکو ئاستی بەراورد و شێوازی گێڕانەوە و چۆنیەتی بەکارهێنانی ئەفسانە و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان و وێنەی ئەندێشەیی و جۆرەکانی خواستراو(مەجازییەت) وەکو ڕەوانبێژی لێكچواندن و میتافۆر و بەکەسیکردن و سیمبۆل و رێکپۆشی و …تاد. دیارە ئاشکرایە کە هه‌ر ده‌قێک له‌دایکبووی هه‌لومه‌رجێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابووری دیاریکراوه، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی بارودۆخێکی ده‌روونی تایبه‌ته و له‌گۆشه‌نیگای زۆر تایبه‌تی نووسه‌ره‌وه ئه‌ڕوانێته جیهان و خود و دەوروبەر. هه‌ر ده‌قێک بارگاوییه به کۆمه‌ڵی په‌یوه‌ندی ئیستاتیکی و ته‌کنیکییه‌وه کهلهسهردهمێکهوه بۆ سه‌رده‌مێکی تر و له‌نووسه‌رێکه‌وه بۆ نووسه‌رێکی تر جیاوازه. ئێوە چیرۆکی “چای شیرین”ی حوسێن عارف و “مناره‌ی قەرهباڵغ”ی کاروان عومه‌ر کاکه‌سوور چاو لێبکه‌ن هه‌ریه‌که‌یان مۆرکی سه‌رده‌می جیاجیایان پێوه دیارە، چیرۆکی”چای شیرین” بۆ کاتی خۆی باش و داهێنانه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ کاک حوسێن عارف بێت و چای شیرینێکی تر بنووسێت، به‌دڵنییاییه‌وه ده‌ست بۆ هه‌ندێ ئامڕاز و شێوازی گێڕانه‌وه‌ی تازه و ستایڵی نوێ ئه‌بات که له نیوەی دووەمی سه‌ده‌ی ڕابردوو ده‌ستی بۆ نه‌بردوون یان ده‌ستی پێنه‌گه‌یشتبوون. هه‌رچی مناره‌ی قه‌ره‌باڵغی کاک کاروان کاکه‌سووره له‌تۆکمه‌یی گێڕانه‌وه و شێوازی داڕشتنه‌وه هه‌ست ئه‌که‌یت چیرۆکی ئه‌م سه‌رده‌مه ئه‌خوێنیته‌وه. ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر خوێندنه‌وه‌ی خوێنه‌ر وه‌ستاوه بۆ ده‌قه‌که. من بڕوام به‌و سته‌یتمێنته هه‌یه که ئه‌ڵێ”ده‌ق ئه‌بێ به‌پێودانگی سه‌رده‌می خۆی هه‌ڵبسه‌نگێنرێت” به‌ڵام ئه‌بێ به ئامراز و عه‌قڵی سه‌رده‌مییانه‌وه بخوێنرێته‌وه. لەلایەکی تریشەوە بەبۆچوونی من هۆکارێکی تری زیندووبوونی دەق تێپەڕاندنیەتی لە سنوورە باوەکانی نووسین و تێکستەکانی بەر لەخۆی. گەرچی ئەشێ ئێوە لەگەڵما کۆک نەبن، بەڵام تێپەڕاندنی سنوورە باوەکانی نووسین وەک توخننەکەوتنی بەها کلتوری و ئایینیەکان و ئەو دەقانەی لەدەرەوەی ئەو بەهایانەوە کەوتنە هەناسەدان جۆرێک لەهەمیشە زیندوو یان (نەمر)یان بۆ خۆیان دەستەبەر کردووە. ئەو جۆرە دەقانەی لە ململانێی نێوان کلتور و دابونەریت و ژیانی ئاسایی لەلایەک و ئایین و سێکس ڕەتکردنەوەی شتە باوەکان لەلایەکی تر لەدایک ئەبن، هەڵگری خەسڵەتی شۆڕشگێڕانەنن( شۆڕشگێڕ بەمانا ئایدیۆلۆژییەکەی نا) لێرەوە زۆرترین دژایەتی دەکرێن لەلایەن بزووتنەوە باو و پاوانخوازەکانەوە و لەهەمان کاتیش‌دا باشترین دەرفەتیان ئەبێت کە لەلایەن نەوەی نوێ و مۆدێرنەوە قەبوڵ بکرێن و چەند نەوە دەستاودەستیان پێبکرێت. ئەو دەقانەی تەژین لە جوانی و پڕن لە خەیاڵ و بارگاوین بە زمانێکی سفت و پتەوی شیعری ئەتوانن ناسنامەی زیندوو بوونی خۆیان بۆ چەند دەیە و زیاتریش لەخۆدا بەرجەستە بکەنەوە.
دەنگەکان : ئایا دەکرێت دەقى ئەدەبى “بەتایبەت شیعر” لە خزمەتى فەلسەفە و و فکر دابێت، بۆ نموونە لە چەند شاعیر و نووسەرێکى کورد دا دەبیندرێت؟
عه‌بدوڵا سڵێمان(مه‌شخه‌ڵ) : شیعر سه‌ر به دونیایه‌که که‌متر بواری ده‌ست لێدان و ده‌ستکاریکردنی هه‌یه. دونیای شیعر دونیای خه‌یاڵه، له‌کاتیکدا دونیای فه‌لسه‌فه و فکر خاڵییه له‌خه‌یاڵ و فه‌نتازیا. ئەشێ بەدیوێکیدا له‌خزمه‌ت دانانی شیعر بۆ فه‌لسه‌فه و فکر، داگرتنی شیعر بێ بۆ ئاستێکی خوار له‌چاوه‌ڕوانییه‌کانی ڕه‌خنه و خوێنه‌ر. من تائێستا ئه‌و ده‌رفه‌ته‌م نه‌بووه شیعری ئه‌و شاعیرانه ببینم و بخوێنمه‌وه که‌له‌ڕێگه‌ی شیعره‌وه خه‌ریکی خزمه‌تکردنی فه‌لسه‌فه و فکرن. ئه‌گەر شیعر په‌یامی هه‌بێ خودی ئه‌و په‌یامه چییه؟ ئه‌شێ شیعرێک سه‌رتاپا وڕێنه بێ، قسه‌ی بێسه‌ر و به‌ر بێ، ئه‌شێ کۆمه‌ڵێ دیمه‌ن و وێنه‌ی ناجور بێ، ئه‌شێ هه‌ندێ وشه و وته‌ی حه‌رامکراو به‌پێی دابونه‌ریت و ئایین له‌خۆ بگرێ، به‌ڵام دواجار په‌یامێک هه‌یه و شاعیر ئه‌یه‌وێ بیگه‌ێنێته خوێنه‌ره‌کانی. زۆرجار شاعیر (مەبەست لە شاعیرێکە کە خەمی داهێنانیەتی) له‌ڕێگه‌ی شیعره‌وه له‌پێناسه باوه‌کان ئه‌چێته ده‌ره‌وه، به‌ڵام ئه‌سته‌مه له سنووره‌کانی شیعره‌وه ئاودیو ببێ. پابه‌ندبوونی شاعیر به‌هه‌ر کۆت و به‌ندێکی فه‌لسه‌فی و فکرییه‌وه کاریگه‌ری له‌سه‌ر مه‌ودای ئازادی دائه‌نێت. به‌رته‌سکبوونه‌وه‌ی ئازادی شاعیریش به‌مانای به‌رته‌سکبوونه‌وه‌ی ڕووبه‌ری داهێنانی شیعری دێت. لێره‌وه من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نیم شیعر له‌کایه‌ی خوده‌وه بگوێزرێتەوە بۆ کایه سیاسی و فکریی و فه‌لسه‌فییه‌کان. ئه‌شێ شیعر وه‌ک ئامڕازی تاقیکردنه‌وه به‌کار بهێنرێ، ئه‌شێ شاعیر هه‌وڵبدات له شیعردا مه‌وداکانی ده‌سه‌ڵاتی زمان و ئیستاتیکا فراوانتر بکاته‌وه، ئه‌شێ ئه‌زموونی نوێمان بخاته به‌رده‌ست، به‌ڵام دروست نییه شیعر بکرێته شوێنی ته‌رویجی فکرێک یان ڕێبازێکی دیاریکراو. بەدیوەکەی تریشەوە شیعر تەلبەندێکی بەدەورەوە نییە کە شاعیر نەتوانێ بیکاتە شوێنی برەوپێدانی بیروباوەڕی سیاسی و فکری و فەلسەفی. وەک وتم من نازانم بەدیاریکراوی مەبەستت لەو شاعیرانە کێیە و کامە شیعریانت مەبەستە، بەڵام بۆ هەر خوێنەرێکی کوردی شیعرخوێن بەچاوخشاندنێکی خێرا ئەتوانێ دەیان نموونەی بۆچوونی سیگمۆند فرۆید و ئیمانوێڵ کانت و میشیل فۆکۆ و هیگڵ و مارکس و فیبەر و فریدریک نیتشەت بۆ بهێنێتەوە کەلە نێو دێرە شیعردا بوونیان هەیە. سنوورەکانی نێوان شیعر و فەلسەفە و فکر وەک سنوورەکانی نێوان وڵاتان تەلڕێژکراو نین. پەیامی شاعیریش ناکەوێتە ئەودیو بۆچوونە فکری و فەلسەفییەکان. بۆیە من وای دەبینم ئەو شاعیرەی شیعر و فەلسەفە و فکر تێکەڵ بکات تاوان ناکات بەو مەرجەی خۆی لەسووکایەتیکردن بەشیعر بەدوور بگرێ. واتە شیعر لە شیعربوون نەخات لەپێناو تێڕوانینێکی تایبەتدا.
دەنگەکان : کاتێک مێژووى ئەدەبیاتى کورد دەخوێنینەوە، دەبینین دەقگەلێک هەن پەراوێزخراون ئێستاشى دەگەڵ دابێ.بەڕاى ئێوە هۆکارەکان چین؟
عه‌بدوڵا سڵێمان(مه‌شخه‌ڵ) : ئه‌م پرسیاره‌تان ناڕۆشنه(موبهەم)ه. چونکه نازانم مه‌به‌ستتان له چ ده‌قگه‌لێکه؟ ئه‌گه‌ر ده‌قێک له‌ناو مێژووی ئه‌ده‌بیاتی کورد بخوێنیته‌وه ئه‌وا یانی جێگه و ڕێگه‌یه‌کی هه‌یه له پانتایی ئه‌ده‌بی کوردی و فه‌رامۆش نه‌کراوه یان په‌راوێز نه‌خراوه. ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستتان لهدهقگهلێک بێت که تائێستا ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی ئاوڕی لێ نه‌داوه‌ته‌وه ئه‌وه ئه‌بێ ئه‌وه‌مان له‌یاد نەچێت که‌خودی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی خۆی پێویستی بهئاوڕ لێدانه‌وه‌یه. لەلایەکی تریشەوە وەک ئۆکتاڤیۆپاز ئەڵێت ” ئەوەی هونەری مۆدێرن لەهونەری سەدەکانی تر جیادەکاتەوە ڕەخنەیە”. ئەوە ئەرکی ڕەخنەی ئەدەبییە دەقەکان بەسەربکاتەوە و بیانخوێنێتەوە. ئەبێت ئەوەشمان لەیاد نەچێت کەڕەخنە کۆمەڵێ تێزی ئاسمانیی نییە و ڕەخنەگریش کەسێکە وەک من و تۆ .ئێوە له‌پرسیاری دوای ئه‌م پرسیاره ئه‌ڵێن: ڕه‌خنه‌مان نییه” ئیتر غیابی ڕەخنە (کە من پێموانییە ڕەخنەمان نەبێت)چۆن ده‌ق سه‌رگه‌ردان نابێت؟ ده‌ق چۆن دووچاری هه‌ڵاواردن نابێت؟ من دڵنیام گه‌لێ نووسه‌ر و کتێب و ده‌قی داهێنراو هه‌ن که‌ئه‌بێ ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی به‌سه‌ریان بکاته‌وه و بیان خوێنێته‌وه. خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و به‌رهه‌مانه گرنگ و پێویستن بە کلاسیک و هاوچهرخەوە. با لێرەوە بێمە سەر چەمکی پەراوێزخستن. بەبڕوای من پەراوێزخستنی دەق ئەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆیەک لەوانە :
یەک : دەقەکە خۆی ئەوەی لەباردا نەبێت کە ئاوڕی لێبدریتەوە. یانی دەقێکی لاواز و بێبەها بێت کە ڕەخنە بەئەرکی خۆی نەزانێ لای لێبکاتەوە. ئێمە شاهێدی سەدان و هەزاران دەقین کەبەناوی داهێنانەوە دەخرێنە بەردەم خوێنەر. لاوازی لەڕادەبەدەری ئەو دەقانە کاریگەری زۆر خراپی هەیە بەسەر ئاستی خوێندنەوەی میللەت و چێژی خوێنەر ئەکوژێت. ئەگەر چی دەمی ڕەخنە بەو لێشاوە لە بڵاوکردنەوەی دەقی ناداهێنەر گەیشتووە، بەڵام ڕەخنە بەجیددی ئاوڕی لەم دیاردە ترسناکە نەداوەتەوە و بە بۆچوونی من ئەبێ ئەو کارە بکات.
دوو : یان هەلومەرجی گشتی کەمەبەست لەهەلومەرجی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی کوردستانە کەشوهەوایەکی وای هێنابێتە ئاراوە کە ڕەخنە نەتوانێ بەلای دەقدا بچێت. بۆ نموونە ساڵانی 1991-1995 کەساڵانی برسیەتی و قاتوقڕی بوو ئیتر ئەدەب و ڕەخنە خەریک بوون بەهاکانی خۆیان لەدەست ئەدا. یان دواتر ساڵانی شەڕی ناوخۆ کە ئەدیبانی کوردی بەسەر دوو ئۆردوگای زەرد و سەوزدا دابەشکرد و ئیتر لەبری خوێندنەوەی دەق نووسەران بە زەڕەبین بەدوای ئاماژەیەکی بچووکدا دەگەڕان لەدەقێکدا تا دەقنووسەکە تاوانباری بکەن بە زەرد یان سەوز.
سێ : یان هۆکاری کەسی(شەخسی) یان ناوچەیی یان شارچێتییەوە بوون کەئەویش لەکلتوری یەکتر ڕەتکردنەوە و قەبوڵنەکردنی یەکترەوە سەرچاوەی گرتبوو و گرتووە. بەداخەوە ئەڵێم ڕۆشنبیری کورد یان ڕەخنەگری ئەدەبی لەجیاتی گەڕان بەدوای ناسنامەی یونیڤێرساڵی(Universal Identity) دێت لەسەر دەقنووسێک کار ئەکات کەهاوڕێی خۆیەتی یان خەڵکی شارەکەیەتی. من پێموایە داهێنانی ئەم شاعیرانە جەمیل ڕەنجبەر یان مارف عومەر گوڵ یان قوبادی جەلیزادە هیچیان کەمتر نییە ئەگەر زیاتر نەبێ لە داهێنانی بەڕێز کاک مەحەمەد عومەر عوسمان. کەچی ئەمیان پەیکەری بۆ دروست ئەکرێ و ئەوانیتریش ڕەخنەی کوردی ئاوڕی لێ نەداونەتەوە. ئەوە ڕاستە بەڕێز کاک مەحەمەد عومەر عوسمان شایانی ئەو پەیکەرەیە و بگرە زیاتریش، بەڵام نادادپەروەری ڕەخنەی ئەدەبی کوردی یەک لەسەر حیسابی ئەوانیتر کار ئەکات.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەبێت ئەوەمان لەیاد بێت کە خوێندنەوەی هەر یەک لەئێمە بۆ دەق و پەراوێزخستن جیاوازن لەیەکتر. ڕاستییەکی تریش هەیە ئەویش ئەوەیە کە کۆمەڵگای کوردستان تا ئێستا خاوەن دەزگایەکی ئەکادیمی ئەدەبی بێلایەن نییە کەخوێندنەوە بۆ سەرجەم کایەکانی ئەدەب بکات و بەسەریان بکاتەوە. ئەوانەشی کە هەن جگە لەوەی سێبەری حیزبەکانی کوردستانیان بەسەرەوەیە، خۆشیان لەلایەن کەسانێکەوە سەرپەرشتی ئەکرێن و بەڕێوە ئەبرێن کە مەودایەکی دووریان هەیە لەگەڵ ئەدەب و داهێنان. ئەوەی ئەمێنێتەوە هەوڵ و کۆششی نووسەرانێکن کەبەپێی لێکدانەوەی خۆیان و تێگەیشتنیان لە ئەرکەکانی ڕەخنە و خوێندنەوەی دەق لێکۆڵینەوەکانیان ئەنجام ئەدەن و لەسەر ڕێبازێکی سیستماتیکی ڕۆشن کارەکانیان داناڕێژن.
دەنگەکان : زۆر کات گووتراوە دەقى جوان ڕەخنە دروست دەکات، ئێستا وەکوو هەموومان دەزانین ڕەخنە نییە، ئەوەى هەیە تەنیا ڕاوبۆچوونە. ئایا ئەمە ئەوە دەگەێنێت کە دەقى جوانمان نییە؟
عه‌بدوڵا سڵێمان(مه‌شخه‌ڵ) : من پێموایه خودی بونیادی پرسیاره‌که له‌سه‌ر سته‌یتمێنتێکی هه‌ڵه بونیاد نراوه. له‌ڕاستیدا سته‌یتمێنتی ” ده‌قی جوان ڕەخنە دروست دەکات” تا ئاستێکی زۆر ڕووکه‌شانه‌یه. من نازانم کێ ئه‌و قسه‌یه‌ی کردووه، و له‌نووسین و زاری چ زاتێکه‌وه هاتۆته ده‌ره‌وه، به‌ڵام هه‌ست ئه‌که‌م ئه‌و سته‌یتمێنته کورت بینه له‌ئاست هه‌ندێک هه‌قیقه‌تدا. من له‌پانتایی ئه‌ده‌بی کوردی‌دا ده‌قگه‌لی جوان و داهێنه‌رانه ئه‌بینم،ڕۆمان، شیعر،چیرۆک، شانۆ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و ده‌قانه که نه‌یانتوانیوه بزووتنه‌وه‌یه‌کی ڕه‌خنه‌یی به‌هێز به‌رپا بکه‌ن ئۆباڵ له‌ملی ده‌قه‌کان نییه ئه‌وه‌نده‌ی له‌ملی ڕه‌خنه‌گرانه، چونکه ڕه‌خنه‌گران زیاتر یان خه‌ریکی ستایش‌کردن بوونە، یان کاری دابه‌زینه سه‌ر نووسه‌ریان کردۆته کرۆکی بابه‌تی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بییان. من ناکۆکم لەگەڵتانا کە ئەڵێن ڕەخنە نییە، بەپێچەوانەوە ڕەخنەی کوردی هەیە بەڵام ئێمە تێگەیشتنی هەڵە و جۆراوجۆرمان بۆ ڕەخنە هەیە. گوناهی ده‌ق نییه چاره‌نووسمان که‌وتۆته شوێنێکی جوگرافی دیاریکراو که پێی ئه‌ڵێن هه‌رێمی کوردستان و له زه‌مانێکدا ئه‌ژین و ژیاوین که‌به‌تاریکترین بڕگه‌ی مێژووی ئه‌م په‌نجا ساڵه‌ی جیهانی ئه‌زانم. ئێمه‌و ئه‌ده‌به‌که‌مان سه‌ر به دهورانێکین که پڕاوپره له نه‌هامه‌تی و کۆچ و غوربه‌ت و نائومێدی و جه‌نگ و شه‌ڕی یه‌کتر کوشتن و ئابلۆقه‌ی ئابووری و زیندان و ئیعدام. ئێمه سه‌ر به ده‌ورانێک بووین و سه‌ر به‌ده‌ورانێکین که مرۆڤ له‌نرخی مرۆڤی خۆی تا ئاستی بێنرخترین کاڵا هێنراوەتە خواره‌وه، ئێمه سه‌ر به‌ده‌ورانێکین هه‌ڵگری هیچ سیفه‌تێکی به‌رهه‌مهێنه‌رانه نین و له‌و باکوری عێراقه پێی بزانین یان نا (مستهلک) ێکین و دره‌نگ یان زوو ئه‌بینه مشه‌خۆر. بۆ ئه‌وه‌ی زۆر دوور نه‌که‌ومه‌وه نیشتمانی ئێمه نیشتمانێکی ئاسایی نه‌بووه و نییه، ژێرخانمان نه‌بووه و نییه، تاکی کورد به نووسه‌ریشه‌وه داهاتی نه‌بووه. کاتێک داهات وعه‌قڵییه‌تی بونیادی داهات نابێته میتۆدی تاک له کۆمه‌ڵگه، ئه‌وکات مرۆڤه‌کانی کۆمه‌ڵگه به نووسه‌ران و ئه‌دیبانیشه‌وه بیر له‌ڕێگه‌یه‌کی تر ئه‌که‌نه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی کێشه‌ی داهات چاره‌سه‌ر بکه‌ن. خوێنه‌ری زیره‌ک ئه‌توانێ ئه‌و به‌ناو ڕه‌خنانه بناسێته‌وه که‌له‌پێناو چه‌ند دینارێک ئه‌نووسران، یان ئه‌و نووسینانه‌ی که‌زه‌مینه‌ی نووسینیان له‌بار نه‌بووه و ته‌نها بۆ بژێوی ژیان نووسراون. من گله‌ییم له نووسه‌ران نییه. به‌ڵام ئه‌مه هه‌قیقه‌تێکی تاڵە و ناکرێ چاو له‌ئاستیا بنوقێنین. بۆیه هاوکێشه‌ی ده‌قی جوان ڕه‌خنه دروست ئه‌کات که‌متر ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی هه‌یه ڕوخساری ڕاسته‌قینه‌ی گرفته‌که‌مان نیشان بدات چونکه ئێمه خاوه‌نی ده‌قی جوان و داهێنه‌رانه‌ین.
ئەگەر ڕەخنەی کوردی نەیتوانیبێت لەگەڵ قوتابخانە فیکرییەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا نزیکایەتی پەیدا بکات و سوود لە چەمک و شێواز و ستراکچەری ڕەخنە وەربگرێت، ئەوە ئیتر گوناهی دەق نییە. ئەگەر ڕەخنەی کوردی لەبواری میتۆدی خوێندنەوە و ناسینی فەزای دەق و دەستنیشانکردنی کۆدەکانی دەق هەژار بێت، ئەوە ئۆباڵەکە لەئەستۆی دەقی جوان نییە. با هەموو شاعیرانی کورد وەک دلاوەر قەرەداغی داهێنەر بن ڕەخنەی کوردی ناتوانێ لەهەنگاوێ زیاتر بڕواتە پێشەوە. من وای بۆ ئەچم کێشەکە لەخودی ڕەخنەی کوردییەوەیە. ڕەخنەی کوردی ئەتوانێ لەسەر دەقی ناشیرینیش بونیادی خۆی دامەزرێنێت. لەپانتایی ئەدەبی کوردی بەسەدەها شیعر و چیرۆک و ڕۆمان و شانۆگەری و ئۆپەرێت و وتار و لێکۆڵینەوەی جوان هەن و نووسراون ، هەروەک چۆن بە هەزاران دەقی دووبارە بۆوە و خراپیش بەرهەم هێنراون. دەق چ جوان بێت یان ناشرین، چ باش بێت یان خراپ دەقی بەرهەم هاتووە و ڕەخنەش ئەبێ لەسەر جیهانی شاراوە و نهێنییەکانی دەقەکەوە ئیش بکات. هەروەها نابێ ئەوەشمان لەیاد بچێت کە ڕەخنەش ناکەوێتە دەرەوەی سەردەمی خۆیەوە و ئەبێ لەگەڵ ڕەوتی ڕووداوەکان ئامادەیی هەبێ و قسەی خۆی بکات. بەڵی کۆکم لەگەڵتانا کە بەشێکی بەناو ڕەخنەی کوردی زیاتر تێڕوانینی کەسی و موجادەلەی دەقنووسەکانن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لێکوڵینەوەی ڕەخنەیی جیدی و جوانیشمان هەن کەناکرێ لەقسەو باسەکانماندا حیسابی وردیان بۆ نەکەین کەلەهەوڵی بێوچاندان بۆ شکڵپێدانی بزووتنەوەی ڕەخنەی ئەدەبی کوردی. مارگریت ئاتود ئەڵێت ” ئەو وەڵامانەی لەئەدەبدا وەریئەگریتەوە، ئەوەستێتە سەر ئەو پرسیارانەی کە ئەیکەیت” ئێمە نەمانپرسیووە بۆچی ڕەخنەی ئەدەبی کوردی پرسیارە گەورەکانی خۆی نەکردووە؟ ئەو هۆکارانە چین وا لە ئەکادیمیست و ئەدیبی کورد دەکات بەرەو گۆڕەپانی ڕەخنە نەچن و خۆیان سەرقاڵی هەندێ کاری‌تر بکەن؟ ڕۆڵی میدیا و دامودەزگا ڕۆشنبیرییەکان چین لە خوڵقاندنی ئەو بارودۆخە؟ ئەو هێزانە کامانەن کە لەسەروسامان پێدانی ڕەخنەدا بەشدارن؟ بۆیە هاوکێشەی دەقی جوان ڕەخنە دروست دەکات هاوکێشەیەکی تاک لایەنییە و لاسەنگە و ناتوانێت وەڵامی پرسیارەکانی خوێنەرێکی زرنگ بداتەوە کەسەبارەت بە تێگەیشتن و گرفتەکانی بەردەم گەشەی ڕەخنەی ئەدەبی کوردی دەیخاتە ڕوو.
دەنگەکان : ئایا ئێوە بڕواتان بە “ئەدەبى ژنانە و پیاوانە، ئەدەبى گەنج و پیر” هەیە، یان تەنیا گرنگى بە دەق دەدەن؟ بۆچى هەمیشە لە بڵاوکراوە و ناوەندى ڕ‌ۆشنبیرى کوردى کەمتر گرنگى بە نووسەر و شاعیرى ژن و گەنج دەدرێت؟
عه‌بدوڵا سڵێمان(مه‌شخه‌ڵ) : مرۆڤ که ده‌ق ئه‌خوێنێته‌وه له‌گه‌ڵ فانتازیا و زمان و شێواز و کۆمه‌ڵێ پاشخانی ته‌کنیکی ده‌ستوپه‌نچه نه‌رم ئه‌کات، ئه‌مه‌ش هیچ په‌یوه‌ندی به ته‌مه‌ن و جێنده‌ره‌وه نییه. تۆ که‌خه‌یاڵێکی جوان له‌میانی ده‌قێکه‌وه ئه‌تبات به‌ره‌و به‌رزه‌خ ئیتر که‌ی بۆت گرنگه کێ نووسیویه‌تی. ڕۆمانی 1984 ی جۆرج ئۆریهڵ که‌به‌ته‌واوی ئاسته‌کانی خه‌یاڵ ئه‌بڕێ که‌ی کێشه‌یه جۆرج ژنه یان پیاوه ، پیره یان گه‌نجه. به‌بڕوای من ئه‌و پۆلینکردنه به‌ئه‌ندازه‌ی عه‌قڵییه‌تی شارچێتی بێتامه. من ئه‌و ده‌سته‌واژانه‌م پێشتریش به‌رچاو که‌وتووه و خه‌ریکه ڕەواج پەیدا ئەکات. من له‌په‌نجه‌ره‌ی ده‌قه‌وه ئه‌ڕوانمه نووسه‌ره‌که، نه‌ک به‌پێچه‌وانه‌وه. به‌پله‌ی یه‌که‌م جیهانی ده‌قم بۆ مه‌به‌سته، ئینجا به‌پله‌ی دووه‌م لهنووسهرهکه و باکگراوندی نووسه‌ره‌که ورد ئه‌بمه‌وه. ئه‌و ده‌قه‌ی ئه‌یخوێنمه‌وه خۆی بڕیار له‌سه‌ر باش و خراپی ، جوان یان ناشرینی، داهێنان یان کڵێشه‌سازی خۆی ئه‌دات.
سه‌باره‌ت به ناوه‌ندی ڕۆشنبیریی کوردی ئه‌وه‌نده به‌سه که‌بڵێم به‌عه‌قڵییه‌تی باوکسالارانهوه ئه‌ڕوانێته ئه‌دیبان و نووسه‌ران. کێن ئه‌وانه‌ی ناوه‌ندی ڕۆشنبیری کوردی به‌ڕێوه ئه‌به‌ن؟ ئایا هه‌ر ئه‌و نووسه‌رانه نین کهقۆرخی بزووتنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی کوردی‌یان کردووه؟ هه‌ر ئه‌وانه نین که له‌سه‌ر نه‌فه‌قه‌ی حکومه‌ت مشه‌خۆرانه ئه‌ژین و له‌سایه‌ی حیزبه‌کانه‌وه بازاڕێکی گه‌رمیان بۆ خۆیان بڵاوکراوه بێخێرهکانیان داهێناوه. ئه‌و نووسه‌رانه‌ی ناوه‌ندی ڕۆشنبیری کوردی به‌ڕێوه ئه‌به‌ن ته‌نها و ته‌نها خۆیان به‌داهێنه‌ر ئه‌زانن و چاویان به‌نووسینی که‌سی تر هه‌ڵنایێ کە له‌ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه شه‌خسی و گروپبازییهکانیاندا بێت. ئه‌و نووسه‌رانه گه‌رچی ڕۆژگارێک لای ئێمه‌ی خوێنه‌ر داهێنه‌ر بوون و له‌وانه‌یه هه‌ندێکیشیان ڕه‌مزی به‌رگری و شۆڕشگێڕێتی بووبن، به‌ڵام ئه‌مڕۆ بوونه‌ته هێمای خۆ جووینه‌وه و گه‌نده‌ڵی و گروپبازی. ئه‌و باوکه‌ی له‌سه‌ر ناوه‌ندی ڕۆشنبیری کوردی خه‌ریکی باوێشکدانه داهێنانی کوڕه گه‌نجه‌کانی پێ هه‌رس ناکرێ. به‌ڵام به‌هۆی گرێ ده‌روونییه‌کانیان و کەبتە کۆمەڵایەتییەکانیانەوە بایه‌خ به شاعیری ژن ئه‌ده‌ن و ئه‌گه‌ر دابونه‌ریت ڕێگه‌یان بدات له‌وانه‌یه له‌گیرفانی خۆشیانه‌وه بێت خه‌ڵاتیان بکه‌ن. ده‌سته‌واژه‌ی ئه‌ده‌بی ژنانه و پیاوانه ده‌رئه‌نجامی بێ مه‌شغه‌ڵه‌تی ڕه‌خنه‌ی کوردییه ئه‌گینا ئایاتی له‌و جۆره نه له‌ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بی و نه له ئه‌ده‌بی فارسی و نه له‌ئه‌ده‌بی ئینگلیزی‌دا بوونی نییه. ڕاسته له‌هه‌ندێ شوێن و وڵات‌دا بڵاوکراوه یان گۆڤار یان ڕۆژنامه‌ی تایبه‌ت به گه‌نجان ده‌رئه‌چێ و هه‌ر گه‌نج خۆی ده‌ری ئه‌کات و به‌ڕێوه‌ی ئه‌بات، به‌ڵام به‌هیچ جۆرێک سنوور نییه له‌نێوان ئه‌ده‌بی پیر و ئه‌ده‌بی گه‌نج. نووسەرە بێخێرەکانی کورد ئەوانەی پاوانی دەزگانیان کردووە بۆ خۆیان و لەبەر هەر هۆیەک بێت چ لەدەرەوەی سنوورەکانی میدیاوە بێت یان لەچوارچێوەی ڕاگەیاندنەوە بێت، بایەخی تایبەتی ئەدەن بە نووسینی ژنان و ڕەخنەی ئەدەبیش ئەخەنە خزمەتیانەوە و بەناوی ڕاستەقینە و خواستراوەوە خەریکی ستایشی ئەو ژنانەن کەئەیانەوێ شوێنپێی پیاوانێک هەڵگرن کە وەک پیرە تیمساح خەریکی فرمێسک هەڵڕشتنن بۆ نایەکسانی و ژێردەستەیی ژنان و خۆشیان ئامادەباش لە کەمین دان تا ئەگەر هەر دەرفەتێکیان بۆ هەڵکەوت بازی بەسەردا نەدەن. من بڕوام بەو ناو و ناونیشانانە نییە. کەی لەئەدەبدا سنوورەکانی نێر و مێ و گەنج و پیر هەیە؟ لەئەدەبی کەنەدیدا شاعیر و ڕۆماننووس مارگرێت ئاتود و چیرۆک‌نووس ئەلیس مونرۆ و ڕۆماننووس لوسی ماود مۆنگەمەری و چیرۆک‌نووس فارلی مۆوات و شانۆنامەنووس ئیڤان ئادەمس و تاد هەن و هیچ لیستێکی جێندەری لێکیان جیا ناکاتەوە و ناشبێت لێکیان جیا بکاتەوە. هەر هەوڵێکیش لەو بوارە ئەگەر جورئەت بکات لەهەوڵێکی مەزهەبی بێبەها زیاتر هیچی تر نابێت.
دەنگەکان : زۆر جار ناوى چەند ئەدیبێکى کورد دەهێنن گوایە کە شایستەى خەڵاتى نۆبڵن پێتان وایە هێشتا بۆ ئێمە زووە؟ تۆش لەگەڵ من هاوڕاى کە بەشێکى زۆر لە ئەدیبانى کورد بیریان تەنها لاى خەڵات وەرگرتنە. لەکاتێکدا نووسینى داهێنەرانەشیان پێشکەش نەکردووین؟
عه‌بدوڵا سڵێمان(مه‌شخه‌ڵ) : به‌بڕوای من له‌بزووتنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی کوردی‌دا گه‌لێ ده‌نگی داهێنه‌رانه‌مان هه‌ن و شایانی خه‌ڵاتن. من خه‌ڵات به‌پێچه‌وانه‌ی گه‌وره‌یی و لوتبه‌رزی و فیزپهیداکردن ئه‌زانم. خه‌ڵات وەک پێویستییه‌کی هانده‌رانه‌ی ئه‌بینم تا نووسه‌ر نووسینی جوانترمان پێشکه‌ش بکات. خه‌ڵات له‌سه‌ر بنچینه‌ی ده‌ق ئه‌درێ نه‌ک ناسیاوی و حیزبی و شتی له‌مجۆره. ئه‌رکی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیریی حکومه‌تی هه‌رێمه ساڵانه خه‌ڵاتی شیعر و چیرۆک و شانۆ و ڕۆمان و ڕه‌خنه و خه‌ڵاتی هونه‌ره جوانه‌کان و به‌هره‌داران و …تاد ببه‌خشێته داهێنه‌ران، نه‌ک ده‌زگا حیزبییه‌کان (ئه‌مه ئه‌گه‌ر به‌خه‌یاڵ وای دابنیین که وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری ناحیزبییه). به‌ڵام بۆ خه‌ڵاتی نۆبڵ له‌بواری ئه‌ده‌ب ئه‌وه خه‌ون و ئاواتی هه‌موو ئه‌دیبانی جیهانه و مافی خۆشیانه ئه‌و خه‌ونه‌یان هه‌بێ. ساڵانه لیستێک ناو له‌و نووسه‌رانه دیاری ئه‌کرێن و هه‌ڵئه‌بژێردرێن بۆ ئه‌و خه‌ڵاته ئێ با کوردیشی تیا بێ خۆ زیانی بۆ کەس نییه. تۆ ته‌ماشای قه‌له‌نده‌رخانه‌که‌ی پیره‌مێردی شاعیر و چاپخانه‌ی ژین و ڕۆژنامه‌ی ژین بکه ئایا شایانی خه‌ڵاتی نۆبڵ نه‌بوونه؟ یان مه‌لا عه‌بدولکه‌ریمی موده‌ڕیس یان زۆر دوور نه‌ڕۆین دکتۆر مارف خه‌زنه‌دار که‌چه‌ند هه‌فته‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر کۆچی دوایی کرد شایانی خه‌ڵاتی نۆبڵ نه‌بوون؟ کێ ئەتوانێ ڕۆڵی حوسێن حوزنی موکریانی و چاپکردنی زاری کرمانجی لەنیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم بۆ وەرگرتنی خەڵاتێکی لەو چەشنە بەڕەوا نەبینێ؟ من هیچ به‌زووی نابینم کورد یان نووسه‌رێکی کورد خه‌ڵاتی نۆبل وه‌ربگرێ. به‌ڵام ئه‌وه‌مان له‌یاد نه‌چێ ئه‌و خه‌ڵاته بۆ داهێنه‌رانه، نه‌ک مشه‌خۆران و باوک سالاران. من نازانم ئه‌و چه‌ند ئه‌دیبه کورده‌ی باس ئه‌کرێن کێن و چی‌یان پێشکه‌ش کردووین. وه ناشزانم ئه‌م باسکردنه له‌سه‌ر چ بنه‌ما و لۆجیکێکه. به‌ڵام تا ئه‌و جێگه‌یه‌ی په‌یوه‌ندی به ده‌ق و داهێنانه‌وه هه‌یه. ئه‌بێ و مهرجیشە ئه‌و که‌سانه ده‌قی جوان و داهێنه‌رانه‌مان پێشکه‌ش بکه‌ن وه‌ک به‌شێک و پێشمه‌رجێک له‌پرۆسه‌ی گه‌یشتن به‌و خه‌ڵاته. ئەو ئەدیبانەی کە وەک ئێوە ئەڵێن “بیریان تەنها لاى خەڵات وەرگرتنە لەکاتێکدا نووسینى داهێنەرانەشیان پێشکەش نەکردووین” ئەو نووسەرە ناداهێنەرانە هەر کەسێک بن تەنها لەناو خەونی خۆیان ئەژین و هەقی خۆشیانە خەون ببینن.
مانگی تشرینی دووه‌می 2010