خه‌ونی گه‌وره له شارێكی بچو‌وكدا
1
ژیان هیچی بۆ من نه‌كرد
منیش هیچم بۆ ئه‌و نه‌كرد
له گه‌مه‌ی بووندا
هیچا و هیچ به یه‌كترمان دۆڕاند
2
ژاوه ژاوی ناوه‌وه‌م
ناهێڵێت بزانم له ده‌ره‌وه
چ باسه!
3
تۆ جوانی
ئه‌گه‌ر هه‌ست به ناشیرینیم بكه‌یت.
4
من ده‌مێكه گه‌ڵا گه‌ڵا ده‌مرمم و
كۆتاییم نایه‌ت.
5
هه‌نگاوه‌كانم به‌خشییه ژنێك
ویستم ئاڕاسته‌ی ڕۆیشتنم بێت
ئاوڕی نه‌دایه‌وه
تا گه‌یاندییه نامۆبوون.
6
ئێمه مناڵی ئه‌م گه‌ردوونه‌ین
ئه‌مه پڕه‌نسیپێكی ساخته‌یه.
به هیچ ده‌چێت له بچوكی شارێكدا
خه‌ونی گه‌وره ببینین.
7
هێنده ده‌مێكه دڵم سێبه‌ری
لێنیشتووه
له بیره‌وه‌ریمدا نه‌ماوه
كه‌ی خۆر هه‌ڵهات!
8
له با بێزارم
هه‌ر كه هه‌ڵده‌كات
له تێكم ده‌بات
دوور…دوور
بۆ دۆزه‌خ.
9
هه‌ر شتێك تۆم وه‌بیر بێنێته‌وه
لێی هه‌ڵدێم
ته‌نانه‌ت خۆشم.
10
ماوه‌یه‌كه وای بۆ ده‌چم
به‌خته‌وه‌ری
ژیانكردن بێت
له‌گه‌ڵ سه‌گێكی پیری غه‌مگیندا.
11
پڕ ماڵمانه له به‌خته‌وه‌ری و
به مه‌راق ده‌مرم
12
تۆ ده‌مكوژیت
هه‌ر تۆش زیندووم ده‌كه‌یته‌وه.
به‌ڵام نازانم دوای مردن
ڕه‌وانه‌ی دۆزه‌خم ده‌كه‌یت
یان
له به‌هه‌شتی سینه‌تدا
ده‌مهێڵیته‌وه؟!
13
به‌یانیان خۆر به دیار چاومه‌وه
هه‌ڵدێت
منیش به‌و شه‌به‌قییه به دیار چاوی خۆره‌وه
ئاواده‌بم.
داستان به‌رزان
———————————-
له ژماره (5395)ی (ئه‌ده‌ب و هونه‌ر)ی (كوردستانی نوێ)دا بڵاوكراوه‌ته‌وه.