گوزه‌ر به رێیه‌كی مێخهكچندا!
گه‌ڵا ..گه‌ڵا
شینایی ئاوایی
سیپهن بۆ بولبولی تفه‌نگان
بولبولێك
هێلانه‌ی له دڵی گه‌لێك بوو و
شاباڵی له خه‌نجه‌ر
ده‌نووكی له شایی وڵاتی (پووشكین) دا له خه‌نه ژه‌نی بوو و
گۆرانی له سه‌فه‌ر
چه‌ند خۆش بوو گۆرانی سه‌فه‌ری تفه‌نگ
ئه‌و ده‌مه‌ی نیشتمان به شاخی ده‌وت:
نه‌وی به تفه‌نگ هات
به گوێ ی شاری دا ده‌چرپاند
ئه‌م شه‌و له باخه‌ڵتا ده‌نووم
بانگی ده‌كرده قه‌ڵه‌م
په‌پووله‌یه‌ك بنێره
گوڵی زامێكی تر پشكووت
په‌پوله‌ی قه‌ڵه‌ممان بازاڕیان چه‌ند گه‌رم و باغی زام چه‌نده چڕ
تفه‌نگ
هه‌موو شه‌وێ مزگێنی له گه‌ڵا ده‌سه‌ند
شه‌ماڵ هات
چ زوڕنا ژه‌نێك بوو شه‌ماڵ
هه‌ركه فووی پیاده‌كرد
به جارێ دار‌و به‌رد،گژو گیا،ده‌شت و چیای
له سه‌ما ههڵدهژهند
من هه‌ر به‌م خوێنه‌وه
له ساتی دابڕانی زاوا‌و بووكهكانمانهوه
له‌ساتی هاوێر بوونی كۆرپه‌و مهمكهكانمانهوه
له ساتی جیابوونه‌وه‌ی (ئاتێلاو فاتێلا) كانمانه‌وه
له‌و ساته‌وه‌ی گوڵ لاسكی خۆی جێ هێشت
كانی نه‌یتوانی ئاوڕێك باته‌وه سه‌رچاوه‌ی
میوان فریای خواحافیزی نه‌كه‌وت
كۆتر دواگمهی ماڵئاوایی‌و
سه‌گ به بێگانه وه‌ڕینی بیر چوویه‌وه
له‌و ساته‌وه بوار بۆ په‌ڕینه‌وه نه‌ما
نه پهرژاین ده‌می گورك له به‌رخه جێماوهكانمان ببه‌ستین
نه پهرژاین سواڵهیهك گه‌نمی تر دره‌و كه‌ین
مه‌ڵۆیه‌ك جۆ ببه‌ینه‌وه خه‌رمان
نهپهرژاین ناوێك بۆ مهڵۆتكهی تازه بوو بدۆزینه‌وه
مێرد نه‌په‌رژایه سه‌ر ژنه‌كه‌ی پێ ی بڵێ :
ئه‌وه خه‌رجیه‌ك نه‌ك دره‌نگ بێمه‌وه
چ حهشرێك بوو ئه‌و ده‌مه!
من هه‌ر به‌و جله شهڵاڵانهوه
خۆم به‌سه‌ر ته‌نافی قامیشهسوتاوی
بن سوانه‌ی دیۆخانی گوندێكا هه‌ڵده‌خه‌م
كه وه‌ك زامی دووزه‌له‌و شمشاڵی لالێوی شوانه‌كان
به مێژووی گۆرانی ڕێبواران كون كونه
وه‌كو مێخهكبهنی به‌ر ملی كچێكی ئاوایی
هه‌موو به‌یانیه‌ك
له كاتی سوژدهبردندا بۆ كانی
ته‌ڕبووبێ به عه‌تری پونگهڵهو
هه‌ڵمی یاداشتی ماچومۆچی شه‌وانی لێ هه‌ڵسێ
وه‌ك ئاوێنه‌ی درێژكۆڵهی ئاوه‌سپی
سه‌رێكی لای ده‌می سه‌نگاوو
ئه‌و سه‌ری بۆ چپه له بنگوێی دووزا بێ
سووره ماسی زۆر چیرۆكی دڵداره‌كانی شۆڕش و
وێنه‌ی زۆر شه‌مامه‌و
ڕه‌شه ڕه‌یحانه‌ی گوێ چه‌می لێ بتكێ!
به‌ته‌نیا بێكه‌س وبێ هاوده‌م تادره‌نگ
من له‌وێ مامه‌وه.. من له‌وێ ئاگرم به‌ردایه گه‌رمیانی شه‌وه‌زه‌نگ!
ره‌حمان خانی
——————————————
• ئه‌م شیعره له سه‌ره‌تای نه‌وه‌ته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو نوسراوه
rahmankhany@yahoo.com