Skip to Content

Monday, September 16th, 2024
پێنج رووناكبیر داوای هێوركردنه‌وه‌ ده‌كه‌ن

پێنج رووناكبیر داوای هێوركردنه‌وه‌ ده‌كه‌ن

Closed
by February 22, 2011 گشتی

بانگه‌وازێك
لای هه‌موان ئاشكرایه‌، ئه‌و بارودۆخه‌ی كه‌ ئێستا هه‌رێمی كوردستان، به‌تایبه‌تی شاری سلێمانی، پیایدا تێده‌په‌ڕێت، دوای ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ی له‌ ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌ی ڕێكه‌وتی 17/2/2011وه‌ له‌ سلێمانی ده‌ستیپێكردوه‌و بۆ چه‌ند ڕۆژی دواتر درێژه‌ی كێشاو هه‌ندێ‌ ڕووداوی خوێناویی لێ‌ كه‌وته‌وه‌، بارودۆخێكه‌ بووه‌ته‌ مایه‌ی نیگه‌ڕانی‌و دڵه‌ڕاوكێ‌ لای هه‌موو چین‌و توێژه‌كانی میلله‌ته‌كه‌مان‌و ئه‌ركی سه‌رشانی هه‌موومانه‌، به‌ سیاسه‌تمه‌دار‌و ڕووناكبیر‌و مامۆستا‌و خوێندكارو لاوو پیره‌وه‌، به‌گیانی به‌رپرسیارێتییه‌وه‌ له‌ئاستیدا هه‌ڵوێست وه‌ربگرین‌و كاری جیددیی بۆ بكه‌ین.
هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌، ئێمه‌ كه‌ له‌ خواره‌وه‌ ناومان هاتووه‌، وه‌ك چه‌ند ڕووناكبیرو ئه‌دیب‌و نووسه‌رێك، به‌پێویستمان زانی له‌م دۆخه‌ هه‌ستیاره‌دا به‌شێك له‌و ئه‌ركه‌ی خۆمان به‌جێبهێنین. هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئه‌مڕۆ (20ی شوباتی 2011) سه‌ردانی لێپرسراوانی باڵای مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتیمانی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان‌و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانمان كرد‌و كه‌وتینه‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵیان‌و هه‌ڵوێستی خۆمان له‌ئاست ئه‌م بارودۆخه‌ هه‌ستیاره‌دا بۆ خستنه‌ڕوو، وه‌كو هه‌نگاونانێك بۆ چاره‌سه‌ركردنی بارودۆخه‌كه‌‌و كاركردن بۆی. هه‌ڵوێسته‌كه‌شمان له‌م خاڵانه‌دا ده‌ربڕی:
یه‌كه‌م: ئێمه‌ له‌كاتێكدا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی‌و ناعه‌داله‌تی به‌رۆكی حكومه‌ت‌و داموده‌زگاكانی‌و حیزبه‌ كوردییه‌كانی گرتووه‌، پێ‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش داده‌گرین كه‌ ده‌بێ‌ خه‌باتكردن دژ به‌و گه‌نده‌ڵی‌و ناعه‌داله‌تییه‌ له‌شێوه‌ی خه‌باتی مه‌ده‌نیدا خۆی به‌رجه‌سته‌بكات، خه‌باتێك كه‌ خۆی له‌ خۆپیشاندانی شارستانیانه‌دا ده‌خاته‌ڕوو، نه‌ك له‌ شێوازه‌كانی توندوتیژیدا، له‌ گفتوگۆو چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كاندا به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه‌، نه‌ك به‌ زمانی هه‌ڕه‌شه‌و گه‌ف. لێره‌شدا ئه‌ركی هێزه‌كانی چالاكییه‌ مه‌ده‌نییه‌كان‌و ئاسایشه‌ گیانی خۆپیشانده‌ران‌و سه‌روماڵی هاووڵاتیان‌و داموده‌زگا حكومی‌و حیزبییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی مه‌ده‌نیانه‌ی دوور له‌ توندوتیژی بپارێزن. له‌م بواره‌شدا، وه‌ك چۆن ئه‌و شێوازی به‌ردبارانكردن‌و هێرشبردنه‌ مه‌حكومده‌كه‌ین كه‌ هه‌ندێك كه‌س له‌ خۆپیشانده‌ران په‌نایان بۆ برد، به‌هه‌مان شێوه‌ شێوازی په‌نابردنه‌ به‌ر چه‌ك‌و ته‌قه‌كردنی لقی چواری پارتیش به‌رامبه‌ر به‌ جه‌ماوه‌ری خۆپیشانده‌ر مه‌حكومده‌كه‌ین، كه‌ له‌ ئه‌نجامدا شه‌هیدێك‌و ژماره‌یه‌كی زۆر برینداری لێ‌ كه‌وته‌وه‌. هه‌ربۆیه‌ ئه‌مه‌ شێوازێكه‌ قابیلی قبووڵا نییه‌.
دوه‌م: ئێمه‌ له‌ چه‌ندین بۆنه‌دا ئه‌وه‌مان دووپاتكردۆته‌وه‌، كه‌ یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ی به‌رده‌وام بارودۆخی حكومه‌ت‌و ده‌زگاكان‌و ژیانی خه‌ڵك به‌ره‌و خراپ‌و خراپتر ده‌بات، مه‌سه‌له‌ی ده‌ستێوه‌ردانی حیزبه‌ له‌ كاروباره‌كانی حكومه‌ت. ده‌مانه‌وێ‌ دیسانه‌وه‌ لێره‌شدا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكه‌ینه‌وه‌، كه‌ ده‌بێت كاری فیعلی‌و جیددی بۆ ده‌ستێوه‌رنه‌دانی حیزب له‌ حكومه‌ت بكرێ‌‌و له‌ گفتوگۆو به‌ڵێنی زاره‌كی ده‌ربچێت، چونكه‌ چیدی ئه‌و گفت‌و به‌ڵێنه‌ زاره‌كیانه‌ جێی متمانه‌ی خه‌ڵك نین.
سێیه‌م: ئێمه‌ پێمان وایه‌، كه‌ به‌شێكی زۆری ئه‌و كێشه‌و گیروگرفتانه‌ی ئه‌مڕۆ، به‌ته‌نها زاده‌ی ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ نین، به‌ڵكو كه‌ڵه‌كه‌بووی سیاسه‌تی خراپی حكومه‌ت‌و حیزبه‌ كوردییه‌كانن به‌درێژایی ساڵانی ڕابردوو، كه‌ چیتر ئه‌و سیاسه‌ته‌ مایه‌ی قایلبوون نییه‌. هه‌ربۆیه‌ ئێمه‌ ڕامان وایه‌، كه‌ ده‌بێ‌ له‌ ڕیشه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌و كێشه‌و گیروگرفتانه‌ بدۆزرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش له‌ڕێی چاكسازیی له‌ ده‌ستوورو سیستمی سیاسی‌و ئابووری‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و فه‌رهه‌نگی، به‌ده‌زگاییكردنی هه‌موو پێكهاته‌كانی حوكمڕانی له‌ كوردستاندا، كاركردنی خێراو ده‌ستبه‌جێ‌ بۆ خزمه‌تگوزاریی زیاتر، ڕیشه‌كێشكردنی بێكاری، به‌گژاچوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی‌و ناعه‌داله‌تی‌و ده‌رفه‌تڕه‌خساندن بۆ خۆشگوزه‌رانی.
چواره‌م: به‌درێژایی ساڵانی ڕابردوو ئه‌و ڕاستییه‌مان بۆ ده‌ركه‌وتووه‌، كه‌ هه‌میشه‌ زمانی زبری ڕاگه‌یاندن بۆته‌ مایه‌ی هاندان‌و دنه‌دانی گیانی توندوتیژی لای خه‌ڵك، هه‌روه‌ها له‌نێوان هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستاندا. هه‌ربۆیه‌ دووپاتیده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ پێویسته‌ میدیای كوردی‌و كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندنی بینراوو بیستراوو نووسراو خۆیان له‌ زمانی ناشارستانی‌و نائه‌قڵانی‌و هاندان‌و وروژاندن بپارێزن‌و چیتر نه‌بنه‌ مایه‌ی خۆشكردنی ئاگری ڕق‌و كینه‌‌و دوژمنایه‌تی له‌نێوان پێكهاته‌ جۆربه‌جۆره‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا.
پێنجه‌م: بۆ چاره‌سه‌ركردنی ڕیشه‌كێشانه‌ی گرفته‌كانی ئه‌م قۆناغه‌و ڕێگه‌گرتن له‌ بارگرژیی زیاتر‌و ئه‌نجامدانی چاكسازیی ڕاسته‌قینه‌، پێكهێنانی “حكومه‌تێكی یه‌كگرتووی نیشتیمانی” به‌به‌شداریكردنی زۆرینه‌و كه‌مینه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌پێداویستییه‌ك‌و چاره‌سه‌رێكی هه‌نووكه‌یی ده‌زانین.
شێركۆ بێكه‌س
ڕه‌ووف بێگه‌رد
شێرزاد حه‌سه‌ن
ئازاد به‌رزنجی
هه‌ڵكه‌وت عه‌بدوڵڵا

سلێمانی
20/2/2011

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.