ڕامانێک له 8 ی مارسی ئه‌مساڵ
یادی سه‌ده‌مین ڕۆژی ئافره‌تانی جیهان له سه‌ده‌یه‌کی پیاوانی جیهان
مه‌هاباد قه‌ره‌داغی….
هه‌شتی مارسی ئه‌مساڵ یادی سه‌دساڵه‌ی ده‌ستنیشانکردنی ئه‌و ڕۆژه‌یه که ببێته ڕۆژێکی سیمبۆلی بۆ تێکۆشانی چه‌ندین سه‌ده‌ی ئازادیخوازان بۆ به‌ده‌ستهێنان مافه زه‌وتکراوه‌کان و ئهرکهقۆرخکراوهکانی ئافره‌تان. کرۆکی داخوازییه‌کانی مێینه، که به سه‌رنشین نیووه‌ی جیهان پێک ده‌هێنن، ده‌کرێ له یه‌ک وشه‌دا کۆبکرێته‌وه و نیووه‌ی ئه‌و وشه‌یه‌ش بریتییه له یه‌ک. چالاکه‌کانی خه‌باتی بزوتنه‌وه‌ی فێمینیستی چی دیکه‌یان ناوێ جگه له دادپه‌روه‌ری و مرۆڤسالاری که ئه‌مانه‌ش له نێو به‌های (یه‌کسانی)دا جێگه‌یان ده‌بێته‌وه. باوه‌ڕداران به پرنسیپی یه‌کسانی، هاوکات باوه‌ڕیان به فه‌لسه‌فه‌ی هیومانیستی هه‌یه و مرۆڤبینی ئه‌وان له پله‌یه‌کی بالآدا مرۆڤه‌کانی هه‌موو گه‌ردوون، به بێ ڕه‌چاوکردنی جیاوازی سه‌نگ و ڕه‌نگ و ده‌نگیان، له یه‌ک گیاندا ده‌بینن که گیانی گه‌ردوونه و پڕه له وزه‌ی خۆشه‌ویستییه‌کی بێپایان و به شێوه‌یه‌کی سروشتی هاوئاهه‌نگی له نێوان مرۆڤ و مرۆڤ، مرۆڤ و خۆی، مرۆڤ و خودا دروست ده‌کا و ده‌پارێزێ و ده‌یگه‌یه‌نێته ئاستێکی باڵا. خوازیارانی یه‌کسانی سروشت به بنه‌ما و ویژدان به ڕێنوما ده‌زانن بۆ ده‌ستنیشانکردنی ئه‌رک و مافه‌کان و پراکتیزه‌کردنی فه‌لسه‌فه‌ی بوون و پیاده‌کردنی ستیلی ژیان.
مه‌خابن کو‌لتوور جێگه‌ی به سروشت له‌ق کرد و دیارده سروشتییه‌کان هێدی هێدی کاڵ بوونه‌وه و ڕه‌نگی شارستانێتیهکانیان گرت. ئه‌و شارستانێتییانه‌ی که تا هه‌تایه به‌و سته‌مه شه‌رمه‌زارن که مرۆڤیان له به‌رائه‌تی سروشتی خۆیان به‌تاڵ کرده‌وه و ده‌مامکیان پێ پۆشین. که‌ڵچه‌ره‌کان ناتوانن خۆیان به بێبه‌ریی له‌و هه‌موو تاوانه بزانن که ڕۆژانه ڕووبه‌ڕووی نیووه‌ی دانیشتوانی دنیا ده‌بێته‌وه به‌هۆی مێبوونییانهوه، ئه‌مه وێڕای ئه‌و زه‌بر و سته‌مانه‌ی که ڕووبه‌ڕووی به‌شی زۆری جیهاننشینهکان ده‌بێته‌وه گا له به‌ر هه‌ژارییان، گا له‌به‌ر ڕه‌نگ و نه‌ژاد و نیهاد و بیر‌و باوه‌ڕیان.
ئه‌فسوس که به مێژووی مرۆڤایه‌تی دیلی ده‌ستی هزری نێرپهرستی و مێرسالارییه و به‌هۆی ئه‌و تێڕوانینه‌شه‌وه بووه‌ته شانۆیه‌کی سته‌م و نومایشی ملیۆنه‌ها تاوانی له‌سه‌ر ده‌کرێت. شه‌رمه‌زاره ئه‌و کولتووره‌ی گا به گوونه‌وه ده‌ناسێ. توخمی مرۆڤ نه‌ده‌بوو ببێته مایه‌ی گیرۆده‌بوونی نیووهمێکهی به ده‌ستی نیووهنێرهکهی، که ده‌کرا ببوایه‌ته‌وه سایه‌ی ئالووده‌بوونیان به خۆشه‌ویستی یه‌کتر و هه‌ردووکیشیان ببوونایه‌ته په‌روه‌ردگاری نه‌وه‌ی ههمیشهنوێ، هه‌میشه‌جوان، ههمیشهپاک و چاک.
له‌سه‌ر ئه‌م شانۆی سته‌مه‌ی مێژووش، له‌م هه‌شتی مارسه‌دا، له‌م سه‌ده‌مین ڕۆژه‌ی سه‌ده پیاوانه‌یه‌دا، چاوده‌بڕمه ڕۆژههلآتهکهی ناوه‌ڕاستی دنیا و مه‌خابن نابینم هێشتا ڕۆژ ههڵهاتبێ. تاریکییه‌کی سامناکی ئاسۆی ئه‌م به‌شه‌ی شانۆکه‌ی به دوکه‌ڵ داپۆشیووه، ده‌ڵێی ئافره‌تێکی بالآپۆشه و که ته‌ماشای ئاوێنه‌ش ده‌کات له جیاتی خۆی ڕه‌نگی قه‌تران و شه‌وه‌زه‌نگ ده‌بینێ. خوودایه، چ ترسناکه دایکانی ئه‌م هه‌موو نه‌وه‌یه له بن خێوه‌تی فیکری قهترانییدا ببنه ڕه‌شه‌مێ. چۆن ده‌کرێ ئه‌م ڕهشهمێیانه ببنه په‌روه‌رده‌کاری نه‌وه‌ی ئازاد، ناکرێ.. مه‌حاڵه!
له‌نێو ئه‌م بهشهتاریکهی شانۆکه‌شدا، به چاوانی وردبینی ده‌روون و نه‌ستی خۆم، که چاوی ڕۆحێکی بزێو و نه‌سره‌وتووه، ده‌ڕوانمه ژنانی خاکێکی پارچه‌پارچه‌کراو، له سه‌ده‌یه‌کی پڕ له هستریای شه‌ڕ و داگیرکاریی. له ئاسۆی شانۆکه‌دا وه‌ک پۆله باڵنده‌ی بریندار، وه‌ک گوڵه‌به‌ڕۆژه‌ی ژاکاو سه‌دان هه‌زاریان ده‌یانبینم.
پۆلێکیان ده‌بینم چاویان بڕیوه‌ته خۆر و قه‌ندیلیان کردۆته هێلانه، ده‌یانه‌وێ له حه‌وزێکی پڕ له پڕشنگی هه‌تاوه‌وه، گۆزه‌یه‌ک پڕ بکه‌ن له ڕووناکی و بۆ باکووری خاکی تینوو به دیاری به‌رن، تا تینوێتی بشکێ و زمانی وشکبووی بێته‌وه گۆ و به کوردی بپه‌یڤێ و ئه‌وانیش به کوردی به یه‌کتر بڵێن نهوڕۆزتان پیرۆز.
پۆلێکیان ده‌بینم، ده‌سووتێن و به زمانی ئاگر په‌یامێک بۆ مێژوو ده‌نووسن و وشه‌کانیان گوزاره‌یه له ده‌نگی ئه‌و زامانه‌ی که به جێی گولله‌ی چه‌کی شه‌ره‌ف نه‌زیفه و سه‌ده‌کان تێده‌په‌ڕن و ئه‌م نهزیفهش هه‌ر به‌رده‌وامه.
)دۆعا) ده‌بینم له‌به‌رده‌م به‌رده‌کاندا کڕنۆشی بۆ عیزرائیلێک بردووه که بووه‌ته ئاپۆڕه‌یه‌ک له کوڕی به‌ردپه‌رست، ئه‌میش ده‌قیژێنێ نا، نا، نا مهمکوژژژژژژژژژژژژژژژژژژژ)ژن(
)به‌ناز) ده‌بینم به بێ ناز و نیاز دانیشتووه و له بن دارمێوێکی له‌نده‌ندا، ته‌ماشای (هێشوو)یه‌ک ده‌کات، که تازه به‌رسیله‌ی عه‌شقی گرتووه. به‌نازێ که ئیدی قه‌ت نایه‌ته‌وه بۆ قه‌لآدزێ، هێشوویه‌ک که هه‌رگیز (سلێمانی) نابینێته‌وه.
)پێلا) ده‌بینم له شه‌قامێکی ستۆکهۆڵمدا به خنکاوی غار ده‌دات و به‌دوای سییه‌کانی خۆیدا ده‌گه‌ڕێ که له (دهۆک) لێیان دزی.
)فادیمه) ده‌بینم به جانتایه‌کی پڕ له کتێبه‌وه به خێرایی بروسکه و له شێوه‌ی شه‌پۆلێک ڕووناکی ڕه‌نگین، به‌ره‌و په‌رله‌مانی (سوید) ده‌چێ و که ده‌مه‌وێ لێی بپرسم هه‌ڤاڵ کاتژمێر چه‌نده، به‌خێرایی ده‌ڵێ ببوره کاتم نییه و ده‌بێ بڕۆم سیمینارم له سه‌ر )ژن و سته‌م( هه‌یه، چرکه‌یه‌ک نابا دوای تێپه‌ڕینی، فادیمه ده‌ڕوا، به‌ڵام نه‌ک بۆ (دیاربه‌کر)، نه‌ک بۆ (په‌رله‌مان)، به‌ڵکه دڵۆپێ ئاگری ده‌مانچه‌یه‌کی ڕه‌ش، فادیمه ده‌نێرێ بۆ ئه‌ودیووی بوون.
کاتێ ئه‌وم لێ ون ده‌بێ و به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێم، له جیاتی ئه‌و پۆلێ ته‌واری سڤێریا ده‌بینم، له ئاسۆی په‌رله‌مانه‌وه، به چاوی تیژ و باڵی واڵا، هه‌ڵده‌فڕن و له بن باڵیاندا په‌یامی یه‌کسانی له شێوه‌ی چوکلێتی ڕووناکی به‌سه‌ر دارستان و ده‌ریاچه و به‌نده‌ره‌کانی سویدا دابه‌ش ده‌که‌ن و به‌ره‌و په‌رله‌مان ئه‌وروپا ڕێچکه ده‌گرن. که من ده‌بینن پێم ده‌ڵێن: هه‌ی هه‌ی.. منیش سه‌رسوڕماو به فڕینی ئه‌وان، به ژاکاوی به دووی ئه‌و کچه‌دا ده‌گه‌ڕێم، که ئیدی له‌وه‌به‌دوا کچ نه‌بوو، هێما بوو، که ئیدی به جه‌سته ده‌رناکه‌وێ و به گیان تێکه‌ڵ به په‌یامێ ده‌بێت و ده‌یدا بهمن. ئه‌و کچه‌ی که هه‌بوو، به‌ڵام به بێ ئه‌وه‌ی ته‌واو بێت نه‌ما و بوو به سیمبولی ئازاره‌کانی خۆی و هه‌موو.
چاوی ڕامانم له‌وێشه‌وه ده‌فڕێ و ده‌گاته کونجێکی تری دێیه‌که‌ی گه‌ردوون. پۆلێکی ههژدهپاساری ده‌بینم له گه‌ڕه‌کێکی ئاسمان، له به‌رده‌رگایه‌ک که ژماره‌که‌ی هه‌شتاو هه‌شته، له ناوچه‌یه‌ک که ناوی گهرمستانه و له وڵاتێک که ناوی ئهنفالیایه.
سه‌یره!
ئه‌م باڵندهکچانه باڵیان هه‌یه و بالآیان نییه، برینیان هه‌یه و به‌رگیان نییه، له‌و ئاسمانه‌دا له سه‌ر شانۆی بۆشاییدا سه‌ما ده‌که‌ن. ئه‌م پاسارییهکیژانه، په‌یتا په‌یتا له بۆشایی ڕامانی مندا به نووکی باڵێکی خه‌ڵتان له خۆشه‌ویستی، خه‌می ژن ده‌نووسنه‌وه و ئه‌وانن منیان کردۆته سۆفییه‌کی ته‌کیه‌گای وشه و ڕێبازی ئینسانی و یه‌کسانی.
له سه‌ده‌مین ساڵڕۆژی سه‌ده‌یه‌کی سیاپۆشدا، گوڵێک له وشه، که بۆنی وه‌نه‌وشه‌ی لێ بێ، له‌سه‌ر گۆڕی ئه‌و ژنه‌کورده داده‌نیم، که ساڵی پار و له ڕۆژی ژن‌دا خوێنی بوو به خه‌نه‌ی ده‌ستی پیاوه‌که‌ی، له‌وساوه ئیدی ئه‌و گه‌ردیله‌یه‌که له بیری مندا.
له سه‌ده‌مین ساڵڕۆژی سه‌ده‌ی سته‌مدا، له لای خه‌م و زامی ملیۆنه‌ها مێ ده‌وه‌ستم و له هه‌شته‌مین ڕۆژی ئازاردا، به‌ڵێن ده‌ده‌م ئازاره‌کانی ئه‌وان و خۆم بکه‌م به چرا و له هه‌رکوێ تاریکی چڕتر و ئهنگوستهچاوتر بێ، به‌ره‌و ئه‌و هه‌رێمه ترسناکه هه‌نگاو بنێم.