Skip to Content

Friday, May 3rd, 2024
باهۆز هات…شوان عوسمان

باهۆز هات…شوان عوسمان

Closed
by February 24, 2011 هۆنراوە

 

 ئەو دەنگانە هەن و
دێن و بەردەوامیش دێن ،
چاوەڕێ مەبن جارێکی دیکە ،
 خامۆش ومات و
بێدەنگ بن..
تا ئەو بایە دژوارە ،
لەو وارەدا دژواربارانمان کات و
لە بەردەرکەی خانووی شوشەتانە ،
 سەر دەربێنێ و
لە خوار بوونەوەتان ،
دێتە دەنگ ودێنە خوارێ..
تا ئێوە خۆتان وابن و
ئەوانیش وائەبن..
ئێوە لە ماڵێکی رێحان پژێنەوە ،
 بە نێرگزێکی لە یاخە دراوەوە بێن و
ئەوانیش لە مالێکی بەرباران و
لە بن دەوارێکی شڕو وڕی ،
بەر سەرماو بۆن شێی ترشاوی ،
بێ گوڵ و بێ پەنجەرەو
بێ بزەو بێ خۆرەوە بێن..
ئەو ماڵە ماڵی هەموومانە ،
بۆ ئەوان لە دابەشینەوەی خەڵات و
میرات ،
مێوانێکی ناوەخت بن و
لە چاوەڕێی سەرفترەیەکی سەر چاککردنەوە بمرن…
ئەو خۆرەش کۆترێکی شینکەی ،
 بەرپەنجەرەی گەڕەک وکۆڵانەکانی ،
منداڵیمانە..
بۆ ئازادی تەمەنێک ئەگمێنێ..
بە دەنووک چاوشاركێ لەگەل چاوە ،
بێخەوەکان ئەکات ،
 ئەو چاوەشێکی ئێوەی دیوەخان نیە ،
تا نەهێلن ،
بێتە ژوورەوەو
بە دڵی ئێوەش گۆرانی بلێت..
بە بێژینگ رێگە لە خۆر مەگرن ،
درۆ تەمەنی کورتەو
لە بازاڕێکدا رۆژێک دادێت ،
تەونەکانتان هەراج بکرێ و
هەموو خوریەکتان لێ ببێتەوە ریس..
ئەی ئەو هەموو چیلەبەردانە چین ،
لە نێوان هەناسەکانی ،
خۆتان وهەناسەکانمان هەڵئەچنن و
لە سەریەک کەلەکە ئەکەن ،
 چین چین..
ئێوە ئەگەربتانەوێ و
نەتانەوێ ئەوان وئێمە هەین و
هەردووکمان لە رووبەرووی ئاهی ،
بێدادی یەکین..
ئەو دەمامکانە چیتر ناتوانن ،
سیماتان بۆیە بکەن..
ئێوەش تاسەر ناتوانن فێل لە خۆتان و
لە خۆمان ولە ئەوانیش و
لە دەوروبەر بکەن…
ئەو دەنگانە دەنگێک نین ،
دەنگ نەدەنەوەو دووبارە نەبنەوە ،
لە بناری هەلەکانتان هەور ئەگرمێنێ ،
گەوالە هەورەکانیش هەموویان ،
یەکرەنگ ویەکدەنگن ،
کز نابن وکپ نابن ،
تا خوێن بەربوونی برینەکان ،
چک نەبێت..
تا ناڵەی بێوەژنێکی کراس رەشی
بن کۆلیتێکی بێ چرا ،
گوڵباران ومۆمباران نەکرێت..
نرکەی ساردی ،
 ئامێز ساردی دایکێک ،
بە تینی خۆرەتاوی هیوایەک ،
گەرم نەبێتەوە..
قۆڕەقۆری زگی لاوێکی بێکار ،
بە کارو نانێکی بێمنەت ،
تێر نەکرێت…
ئاخ وئۆفی پڕ حەسرەتی ئەو یارانەی ،
لە خەونێکی ئەرخەوانی دڵداریاندا ،
 بە دوای ساباتێکی بەیەکەوە ژیان و
هاوسەرێتی وئاسودە بوون ،
وێلن..کەچی ئاوڕێک ،
 نایانگرێتەوە…
 ناچارن لە خەمی ئەو خەمە ،
نادەستەمۆیانەدا ،
هەگبەیان لە کۆڵ کەن و
پشت لە نیشتمان کەن و
لە خاک تووڕە بن و
بەرەو مەنفایەک سەرگەردان بن و
 لە هەڵکروزانێکی تەمەنیان ،
 لە غوربەتیدا بە رابردوویان ببرژێن..
بە هەندەرانێکی نامۆ بوون ،
دەست لە ژیان هەڵگرن و
نامۆبوونی خۆیان بنوسنەوە..
تا زامی ئەو رۆحانە سارێژ نەبێت ،
کە شەوانە وەکو قاوەی سوتاو ،
ئەسوتێن….
رۆژانەش ئەبنە قوربانی دروشم و
 بریقەی ساختەو بڵقی ماستاوی ،
ئەم وئەو…
بە بەلفەیەکی سەرمێزو
سەفتەیەکی دزراوی بن مێز ،
چارەنوسی قوماربازێک و
ماڵە شەهیدێک ،
تێکەلاو ئەبن..
لە بەردەم بازبازێنی بەرژەوەندیەکان ،
ئەمرن وئەژین و
ئەمسەرو ئەوسەر ئەکەن ،
تا چڵکاوێک بۆ خۆیان دابین بکەن ،
یان لە بن وبۆتەکەی خۆیان ،
لە پێناو گوزەرانێک ،
لە ئەسلی خۆیان هەڵئەگەڕێنەوە..
تا ئەو پێرەمێردانەی بە سەر شۆستەکاندا ،
لە هەراجی تەمەنیان بە دەرۆزە رۆژ ئەکەنەوە ،
ئێوە ناتوانن لە کونجی ژوورە ،
گەرمەکانتان خەون ببینن…
هەرەسی شورەبەردی ماڵی هیوای ئێمە ،
بە هەڵچوونی باڵاخانەی پڕۆژەکانی ئێوە ،
نابوژێتەوە..
دەست لەو گەمە کردن بە ئاگرە ،
 هەلگرن…
 ئاگری ئێمە ئەگەر گڕی گرت ،
ئەوها زوو خامۆش نابێتەوە…
چراکانی ئێمە بەردەوامن ،
بە شەوگاری رەشی ئێوەش ،
 هەرگیز ناکوژێنەوە..
ئەوەی ئەتانەوێ نێتن ،
هەر دێتن..
تا زووە ئەو ترسە لە خۆتان ،
بڕەوێننەوە..
رۆژی ئەوە نەماوە چاوەڕێ کەن ،
زیندانییە کۆماریەکانی تونس ومیسرو ،
لیبیا بێننەوە بەرچاو ،
لەبەردەم رقی جەماوەر وەکو چاڵەبەفر توانەوە…
ئێوە بۆ بەخۆتان ناچنەوە ،
ترسان لە جەماوەر ترسنۆکی نیە ،
رەگێکی لە ژیری وعاقلیە ،
ئەگەر بێتەوە بەر ،
هۆش وبیرتان…
ئەو ترسە با هەر ترسێک نەبێت لە خۆتان ،
با ترسێک بێت لە نەمانی ناو ومێژوو و
 دراوو کۆمپانیاو رابردووتان ..
نەتانئەزانی ترس کە هات ،
تەکنەلۆجیاو عەقڵ لەبەردەمیاندا ،
خۆیان پێ راناگیرێ..
 ئەی نەتانئەزانی ترسی ئێمە ،
ئەوەندە ترسناکە ،
مەترسی ئەخاتە سەر هەموو پرۆژەو
خەون وئابروو ونهێنی و
خەتێکی تۆخ وسۆرتان..
تەمی ئەو فەوزایە سەچاوەکەی لە ئێمەوە نیە ،
هاتووە ،
بۆنی ئەو تەمە لە تەرمی رابردووی ،
تەمەنتانە هەلئەستێت و
بەرەو پیرمان دێن…
ئەو برینانە وادەیان بەسەرچوو ،
تازەبەتازە پینە ناکرێن ،
بە پینەو پەڕۆی داوو دەرمانی ،
ئێکسپایەرو بەنجی کاتیتان..
 ئازاری چەند ساڵەی کەلەکە بوو ،
ئێستا دادی ئەوەی بە بەر نەماوە ،
شینی حەسەن وحوسێنی بۆ بە رادان دەن و
فرمێسکی تیمساحی ،
دانە دانە بۆ بڕێژن..
تازە درەنگوەختەو
ئەو شێرپەنجە موزمینەی بڵاوتان ،
کردۆتەوە..
 کو ئەوها بە بەلێنێکی کاڵ چارە ئەکرێت…
ئەو ئەزمە نەزیفانەی ئێوە نەبووایە ،
ئێمە بۆ ئەوها بریندارو
سەرگەردان بە ئازادی ،
نامۆ بە دادپەروەری ،
مودمین وئالوودە بە دوورەوڵاتی ،
لە نیشتمان ولە وڵات و
لە خوداو دایک ومنداڵەکانمان ،
ئەبووین و
رامان ئەکردو دوور ئەچووین..
ئەگەر ئەتانەوێ لە پێش ،
ئەو باهۆزە بە چەک بوەستن ،
بەلکو پێشی بگرن ،
ئاسان نیەو
دەمی ناگیرێ و
دەم ناگرترێ..
ئێوە ناتوانن ،
ئێمەش چیتر ناتوانین ،
چاو لە بێشەرمی و
گوێچکە لە بێنمەکی و
زمانمان لە هەلەو فێل و درۆی
سپی ،
رابێنین..
روومان شەرمەزارەو
چیتر ناچار نین ،
لە دوای ئەو تۆزوبایەوە بین و
درۆ لەگەل خۆمان و
لەگەل منداڵەکانمان بکەین…
بۆیە لە بەردەم ئەو باهۆزەدا ،
چەق ئەبەستین ،
ناچارین ،
 تا ئێوە خۆتان راست ئەکەنەوە…
ئێوەش ناچاربن زمانتان ،
چاکەن ،
فێری زمانی گوڵ بن ،
نەک هەڕەشەی گوللە..
دەردی گوڵ هەرگیز بە گوللە چارە ناکرێ ،
بەسە باپەپولەکانیش فێری ،
چەک هەلگرتن و
بێنمەکی وخۆ هەراج کردن و
براکوژی نەبن…
یان ئێوە خۆتان بگۆڕن ،
یاخود ئێمە چیتر چاوەڕێی مەرگ ناکەین…
ئەوە عەسری بەجێمانە ،
ئەزیزم ئەگەر بە ئاگا نەبیتەوە ،
تۆ بەجێئەمێنی لەم قافلەیە ،
نەک من…
هەمووجارێک کەشتیەکان ،
بە گوێرەی هەوای ئێوە رێگا ،
نابڕن…
 لە بێدەنگی ئەو دەنگانە ،
بترسن ،
پێتان پێناکەنن..
سەمای رەزامەندی تاسەر ،
 سەر نالەقێنێ ،
لەو دەنگانە بترسن کە دەنگ ناکەن و
بێدەنگن ،
ئەو دەنگانە وازناهێنن ،
تا دەنگتان لە بن نەهێنن..
ئەوە باهۆزەو بەرێوەیە ،
دەنگی بێدەنگەکانە ،
کەس ناتوانێت بەری بگرێت ،
لرفەی هەناسەی هەورە ،
دڵپڕەکانە کە بە خەم ئاوس و
بە هیوا کوژراون..
کاتێک خاڵی ئەبنەوە ،
کە ئێوە خۆتان لەو پڕکردنەی ،
سەفای سەرکەوتن بەتاڵ بکەنەوە…
گرمەکەی تریشقەیەو
هیچ مەتالێک نیە ،
بەرەو رووتان بنێن ،
بە لەپی دەستتان ،
رێ لە بزەی منداڵێک و
شینی گریاوی پیرەمێردێک ،
مەگرن..
کە بەری ئەو سیمایانە بە ،
مەکیاژ ناگیرێ…
ئەگەر ناتانەوێ وەکو بڵقی سەرئاوتان لێ بێت ،
ئەسەرێکی باشتان بمێنێ و
سێبەرێکی کاڵتان نەڕەوێتەوەو
رەسمتان لە زاکیرەیەکی جوان ،
تاوێک بمێنێتەوە ،
وەرنە خوارو
دابەزن ،
خۆ ئێوە بە کرمەکرمی نانێکی بە خوێ ،
شەهیەتتان لەگەل ئێمە لەت کردبوو ،
ئەمڕۆکە بۆ خۆتان لە ئێمە ،
دوور ئەگرن و
وەکو نە باتان دیت بێت و
نە باران ،
خۆتان لێمان بە میرو بەگزادەو
جەللاد ئەناسێنن ..
بۆ ئەوەی لەگەلمان بمێننەوە ،
وا باشترە بەپەلە بێن
بزانن مەودای نێوان ئێوەو
ئێمە لە کێن
ئەو نانەی دوێنێ ،
لە دەمی ئەو هەژارانە ،
ئەکەوتە کۆشتان ،
خۆتان لەبەر دەم ئەو ،
هەنسک وهەناسانە ،
کەڕ مەکەن…
زەمان گۆڕاوە ،
هەر ئێوە لە چاوی خۆتان ،
وەکو خۆتانن و
نەگۆڕاون…
نە چاو کۆرەو
نابینایە …
نە گوێچکەکانیش کەڕن ،
هەموو ئەو ساڵانە ،
مەرگەساتەکان بنیان نەهاتن ،
ئەو دەنگانەی دێن
ئەزانن دەنگی کێن ،
دەنگی گەلێکە چیتر ناتوانێت ،
بێدەنگ بێت وهیچ نەلێن…

 

٢٠-٢-٢٠١١
شەقڵاوە

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.