Skip to Content

Friday, March 1st, 2024
خه‌ڵاتی جه‌نگی ئه‌تلانتیك … کامه‌ران ئامانج

خه‌ڵاتی جه‌نگی ئه‌تلانتیك … کامه‌ران ئامانج

Closed
by February 24, 2011 هۆنراوە

 
ئه‌مه‌ چ کۆستێ بوو؟
چ قه‌ده‌رێکی تاڵ بوو؟
هێشتا ناڵه‌ی ئه‌شکه‌نجه‌ی زیندانییانی
قوژبنه‌ تاریکه‌کان کپ نه‌ بووه‌ته‌وه‌
لوله‌ی تفه‌نگی سنگی که‌وه‌کانی
ئه‌و شه‌ڕانه‌ی به‌ وه‌کاله‌ت ئه‌کران
هێور نه‌بووه‌ته‌وه‌
دایکی شه‌هیدانی ئه‌نفال و کیمیاویی و
مه‌فره‌زه‌ خاسه‌کان
پۆشاکه‌ ڕه‌شه‌که‌یان دانه‌که‌ندووه‌
دوو دێوه‌زمه‌ی ڕه‌زا قورس
ئاسمانی هیوای وڵاتی داگیر کرد
*
له‌ کاتێکا جه‌نڕاڵه‌کانی ناتۆ
له‌ وڵاتی مۆسۆلینی فاشیستا
خه‌لاتی ئاشتی ئه‌تلانتیك ئه‌به‌خشن
به‌ مێردمناڵان کوژێك
به‌ سوتێنه‌ری هه‌موو جوانییه‌ك
به‌ تێکده‌ری نه‌خشه‌ی دواڕۆژی نه‌وه‌کان…
قاقایه‌کی پڕ له‌ قین لێ ئه‌ده‌ن و
په‌نجه‌یان له‌سه‌ر په‌له‌پیتکه‌ی ده‌مانچه‌که‌یانه‌و
لوله‌که‌ی ڕووه‌و میلله‌تێك ئه‌که‌ن
*
ئه‌و مێرد مناڵانه‌ی به‌ جلی سووره‌وه‌
له‌گه‌ڵ واده‌ی پاساریه‌ دڵسافه‌کانی ئازادیدا
بۆ نان کڕین چوونه‌ ده‌ره‌وه‌
ئێستاش دایکیان چاوه‌ڕوانی هاتنه‌وه‌یانه‌
هه‌تا ساوه‌ریکی وشك
به‌نانه‌وه‌  پێکه‌وه‌ بخۆن…‌
ئه‌وانیش حه‌زیان ئه‌کرد
وه‌كو وه‌چه‌ی مه‌سعودو جه‌لالزاده‌کان
فه‌زایه‌ك ببیننه‌وه‌
بۆ دۆزینه‌وه‌ی مناڵێتی بزر بوویان
یاری تیا بکه‌ن و
هه‌تا خه‌و ئه‌یانباته‌وه‌ ده‌ستله‌ملانی شادیی بن
دڵیان وه‌کو
په‌نجه‌ره‌ی هیواکانیان نه‌شکێ
*
ئه‌مڕۆ هه‌موو مناڵانی میلله‌ته‌که‌م
ڕێژوان و سورکێو و زمناکۆن:
هه‌رچه‌نده‌ چرۆیه‌کی نه‌ ژاکاو بوون
به‌ڵام وانه‌یه‌ك بوون له‌ جوامێریی
دڵیان هێلانه‌ی کۆتره‌ سپییه‌ بریناره‌کان بوو
پێش گه‌ش بوونیان
که‌ڵبه‌ی گورگه‌ زه‌ردو سه‌وزه‌کان
دڵۆپه‌ گه‌شه‌کانی خوێنیانی ڕشت
به‌سه‌ر گوڵه‌ ژاکاوه‌کانی شه‌قامی سالما
تا ئه‌وان نه‌مرن
له‌ژێر پۆستاڵی جه‌ندرمه‌کانی دوێنێ و
مافیاکانی ئه‌مڕۆدا
بوونه‌ په‌پووله‌یه‌کی سپی و
له‌ ئێواره‌یه‌کی ماتا
به‌رز به‌رز هه‌ڵفرین
به‌ره‌و سه‌رکه‌وتن
*
تا ئه‌و جێیه‌ی
هه‌وره‌ تریشقه‌ی تۆڵه‌
چرایه‌ك ڕۆشن ده‌کا
له‌ودیو دیواره‌ تاریکه‌کانی
 ماڵ و قوتابخانه‌و مزگه‌وته‌کانا
مژده‌ی گێڕانه‌وه‌ی که‌رامه‌تی به‌هه‌ده‌رچووی
نیشتیمانم ئه‌دا به‌ گوێی
دوندو گاشه‌ به‌رده‌کانی چیاکانا
هه‌تا هه‌موو گێتی بزانێ
بیست ساڵه‌ هه‌موومان ئه‌مرین و
که‌س پێمان نازانێ

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.