
ئەوان دەڕۆن و ئێمە دەمینێینەوە … ناڵە حەسەن
با شەقامەکان بکەین بە ماڵمان
تا ڕێژنە بارانی ئاسوودەیی و
ڕێژنە بارانی موحیبەت
تەڕمان نەکات نەڕۆینەوە
بەیەکەوەش
گۆرانیە پڕ سۆزەکانی عەشق و
سروودە پڕ ڕازەکانی خۆرەتاو و
لاوکە پڕ ڕەنگەکانی باخچە و
بەستە پڕ نەغمەکانی
بەهارێکی نوێ بڵێینەوە …!
با شەقامەکان بکەین بە ماڵمان
تا پەیکەری خەون و ئارەزووەکانمان
دێنە قسە و زەردەخەنەکانیان
بە سنەوبەر و ڕەشەڕەیحانەی
ئومێدەکانمان دەبەخشن
تا دەبین بە تابڵۆیەک
ڕەنگینتر و ناسکتر لە ئێستامان
ئێمە ، لەم کەرنەڤاڵی
ڕاسان و لەدایکبوونەوەیەدا
هیچ لە دەست نادەین
جگە لە مەرگی شێنەیی هەمیشەمان ..!
با شەقامەکان بکەین بە ماڵمان
تا جێهێشتنی دوا مەنزڵگەی مردنمان
تا هەڵوەرینی دوا گەڵای خوداکان
لەم کەرناڤاڵی عەشق و
لەم کەژاوەی لە دایک بوونەوەمان
ناڕۆینەوە
تا ماڵەکانمان پڕ نەبێ لە خۆشەویستی و
شەقامەکانمان پڕ نەبێ لە ڕووناکی
ئێمە لەم ڕووبەری ڕاسان و ( ڕێژوان ) ەدا
هیچ لەدەست نادەین
جگە لە خەونە کابوسیەکانی شەوانەمان
با شەقامەکان بکەین بە ماڵمان
تا گەیشتن بە دونیایەک
( کە جوانتر بێت لە هەمیشە )
تا گەیشتن بە نیشتیمانێک
کە ڕەنگینتر بێت لە هەمیشە
تا گەیشتن بە ئایندەیەک
کە سپیتر بێت لە هەمیشە
ئێمە لەم کەرنەڤاڵی ڕاسان و ژیانەوە
تا کڕێوەی دوا ڕێگاکانی ڕەهابوون
تەڕمان نەکات ، ناڕۆینەوە
تا چڕینی دوا هەڵبەستی هەستانەوە
مەستمان نەکات ، ناڕۆینەوە
چونکە دواجار
( ئەوان دەڕۆن و ئێمە دەمینێینەوە ) ..!
٢٥ ی شباتی ٢٠١١