Skip to Content

Monday, October 14th, 2024
مه‌ترسیی ئیسلامیزه‌ی خۆپیشاندانه‌كانی كوردستان..

مه‌ترسیی ئیسلامیزه‌ی خۆپیشاندانه‌كانی كوردستان..

Closed
by February 28, 2011 گشتی

مه‌ترسیی ئیسلامیزه‌ی خۆپیشاندانه‌كانی كوردستان..
كاتی بێداربوونه‌وه‌ی چه‌په‌
ستیڤان شه‌مزینانی

 
وه‌ك ده‌زانین خۆپیشاندانه‌كانی گه‌نجانی سلێمانی، یه‌كێكه‌ له‌ به‌هێزترین خۆپیشاندانه‌كانی چه‌ند ساڵی دوایی خه‌ڵكی كوردستان، هه‌ر له‌م رووه‌وه‌ به‌شی زۆری هێزه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان ده‌یانه‌وێت به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ هه‌بێت. ئه‌گه‌رچی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و نه‌وشیروان مسته‌فا یه‌كه‌م كه‌س بوون، ئه‌و گه‌نجانه‌یان  به‌ ئاژاوه‌چی و گێره‌شێوێن ناوزه‌دكرد، كه‌چی هه‌ر زۆر زوو بایاندایه‌وه‌ و له‌ رێی ناردنی هه‌ڵسوڕاوانی گۆڕانه‌وه‌ مه‌یدانه‌كه‌ كرایه‌ مه‌یدانی به‌ره‌و رووبوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و گۆڕان، ئه‌وه‌تا هه‌نووكه‌ گۆڕان به‌و هێزه‌ جه‌ماوه‌رییه‌وه‌ فشاری زیاتر ده‌خاته‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات و یه‌كێتی ناچار كردووه‌ دوای دوو ساڵ له‌ دڕدۆنگی گفتوگۆی له‌گه‌ڵدا بكات، ته‌نانه‌ت كار گه‌یشۆته‌وه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌و یه‌كێتییه‌ی ده‌یووت ده‌بێت گۆڕان داوای لێبوردنمان لێبكات، ناچاره‌ پڕۆژه‌ حه‌وت خاڵییه‌كه‌ی گۆڕان قبوڵ بكات!!!، كه‌وابوو ده‌زانین گۆڕان ئه‌و خۆپیشانده‌رانه‌ی كردۆته‌ كارتێكی گووشار بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵات تا ئه‌جینداكانی خۆی پێ بهێنێته‌دی.
هه‌رچی ئیسلامییه‌كانه‌، ئه‌گه‌رچی هه‌ر له‌ یه‌كه‌م رۆژی خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌ چالاكن و به‌شداریی كاریگه‌ریان هه‌یه‌ له‌و نێوه‌نده‌دا، به‌ڵام كتومت ده‌یانه‌وێت ئه‌زموونی میسر دووباره‌ بكه‌نه‌وه‌، هه‌ر له‌ گۆڕینی ناوی سه‌راوه‌ بۆ مه‌یدانی ئازادیی تا ئه‌نجامدانی نوێژی به‌كۆمه‌ڵ و نوێژی هه‌ینی له‌ گۆڕه‌پانی خۆپیشاندانه‌كاندا، هه‌رچی هێزه‌ ئیسلامییه‌كانن مه‌به‌ستیان چاكسازیی و گۆڕانی ریشه‌یی نییه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ خه‌ونیان له‌ ناوبردنی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ نیمچه‌ عه‌لمانییه‌یه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ كوردستان بوونی هه‌یه‌، ئه‌وان سواری شه‌پۆلی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان بوون و ده‌یانه‌وێت حكوومه‌تی هاوچه‌شنی تاڵیبان و سودان و كۆماری كۆنه‌په‌رستی ئێران دروست بكه‌ن، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌و هێزانه‌ گۆڕه‌پانی خۆپیشاندانیان كردۆته‌ مزگه‌وت، تۆ سه‌یر بكه‌ به‌ درێژایی چه‌ند رۆژی خۆپیشاندان، گۆڕه‌پانی سه‌را نوێژی به‌كۆمه‌ڵی تێدا كراوه‌، هه‌ینی رابردوو نوێژی هه‌ینی و وتاری ئاینی تێدا خوێنراوه‌ته‌وه‌ و هانی خه‌ڵك و ئاماده‌بووان دراوه‌ بۆ جیهاد، به‌رده‌وام ژماره‌یه‌ك سه‌رپۆش به‌سه‌ری پیر و جه‌وان هێنراونه‌ته‌ ناو ئاپۆره‌ی خۆپیشانده‌ران، ئه‌مڕۆش چه‌ندین سه‌عات به‌ قورئان خوێندن براوه‌ته‌ سه‌ر بێ ئه‌وه‌ی هیچ وتار و دروشمێك بۆ خه‌ڵك روون بكرێته‌وه‌. به‌كورتییه‌كه‌ی خه‌ریكه‌ سیمایه‌كی ئیسلامیی به‌سه‌ر ئه‌و خۆپیشاندانانه‌دا باڵ ده‌كێشێت و ئه‌مه‌ش پاساوی زیاتر ده‌دات به‌ ده‌سه‌ڵات كه‌ مه‌هامی ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ به‌تاڵ بكاته‌وه‌. 
ئه‌گه‌ر باسی ده‌وری هه‌ڵسوڕاوانی چه‌پ و سكۆلار و كۆمۆنیست بكه‌ین و رۆڵیان له‌م چه‌ند رۆژه‌ی پرۆسه‌ی خۆپیشاندان بهێنینه‌ به‌ر باس، ناتوانین ئه‌و غه‌دره‌ بكه‌ین و بڵێین چالاك نه‌بوون و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر پرۆسه‌كه‌ نه‌بووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌ روونی هه‌ستی پێده‌كرێت، ئه‌وه‌یه‌ خه‌ریكه‌ گووتاری ئاینی و ئیسلامیی و ته‌نانه‌ت دروشمی كۆنه‌په‌رستانه‌ و نه‌ته‌وه‌په‌رستانه‌ و ئه‌نتی سكۆلارانه‌ زاڵ ده‌كرێت به‌سه‌ر خیتابی سه‌ره‌كیی ئه‌و خۆپیشاندانانه‌دا، كه‌ ئه‌مه‌ش هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ له‌ راستای بچوكبوونه‌وه‌ی ریزی خۆپیشانده‌ران و خودی خۆپیشاندانه‌كان، چوونكه‌ ئیسلامی سیاسیی و گووتاری ئیسلامی و ئاینیی نه‌ تینووێتی خه‌ڵك ده‌شكێنێت و نه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان له‌و ئاسته‌ دواكه‌وتوودایه‌ تازه‌ به‌تازه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و رێگه‌ چارانه‌ی كه‌ هێزه‌ سه‌له‌فی و ئیسلامییه‌كان ته‌رحی ده‌كه‌ن.
به‌بڕوای من كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌، هێزه‌ چه‌پ و سكۆلاره‌كان و هه‌ڵسوڕاوانی بزووتنه‌وه‌ی پێشكه‌وتووخوازیی كاریگه‌رانه‌تر بێنه‌ مه‌یدانه‌كه‌وه‌، كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ چه‌پ بێدار بێته‌وه‌، چوونكه‌ له‌ ماوه‌ی بیست ساڵی رابردوو و له‌دوای بزووتنه‌وه‌ی شورایی ساڵی 1991ه‌وه‌ هیچ هه‌لێكی ئاوها زێڕینی به‌ده‌ست نه‌كه‌وتووه‌ تا خۆی وه‌ك هێزێكی چوست و كارا و كاریگه‌ر له‌ گۆڕه‌پانه‌دا بدۆزێته‌وه‌ و بچه‌سپێنێت، كاری ئێمه‌یه‌ وه‌ك لایه‌نگرانی پێشكه‌وتووخوازیی و هه‌ڵسوڕاوانی بزووتنه‌وه‌ی چه‌پ له‌ كوردستان كه‌ به‌ڕه‌كه‌ له‌ ژێر پێی ئیسلامییه‌كان بهێنینه‌ ده‌ره‌وه‌ و سیمایه‌كی پێشكه‌وتووخوازانه‌ و مرۆڤدۆستانه‌ به‌پرۆسه‌ی خۆپیشاندان و گووتاری سه‌ره‌كیی خۆپیشاندان ببه‌خشین، كاری ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ نه‌هێڵین دروشمی ئازادیی و یه‌كسانی و خۆشگوزه‌رانی و كاری شایسته‌ و بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌هێشتنی سیستمی كۆنی داڕزیو كه‌ كرۆكی خه‌باتی چه‌په‌ له‌ هه‌موو دنیادا، له‌ گووتاری خۆپیشاندانه‌كانی كوردستان داببڕێت. بۆیه‌ به‌ بڕوای من پێویسته‌ چه‌پ له‌ مێژووی خۆی ده‌رس و ئه‌زموون وه‌ربگرێت، بیرهێنانه‌وه‌ی شۆڕشی 57ی ئێران كه‌ چه‌پ رۆڵێكی گه‌وره‌ی تێدا بینی و كۆتایش هێلكه‌ی هه‌موو هێزه‌ چه‌په‌كان چووه‌ سه‌به‌ته‌ی ئاخونده‌كانه‌وه‌، نموونه‌یه‌كی زۆر زه‌ق و زیندووه‌ تا لێوه‌ی فێر ببین، یان بیرهێنانه‌وه‌ی ئه‌زموونی حزبی شیوعی عێراق “گه‌رچی حزبی شیوعی ته‌نیا نازناوی شیوعی پێوه‌ ماوه‌ و به‌س” كه‌ ساڵی 1958 هه‌لی ده‌سه‌ڵات گرتنه‌ ده‌ستی له‌ده‌ستدا و عێراق بووه‌ ئه‌و كاولستانه‌ی هه‌نووكه‌ هه‌یه‌، دیسان نموونه‌یه‌كی تره‌ و ده‌یسه‌لمێنێ چه‌پ هه‌له‌كانی وه‌ك پێویست نه‌قۆزتۆته‌وه‌ و وه‌ك پێویستیش دیراسه‌ی ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی نه‌كردووه‌ كه‌ له‌ بێهێزبوونی ئه‌ودا دێنه‌ ئاراوه‌. 
من وا بیر ده‌كه‌مه‌وه‌، بزووتنه‌وه‌ی چه‌پ له‌ به‌رده‌م دووڕیانێكی زۆر گه‌وره‌ و چاره‌نووسسازدایه‌، یان ئه‌وه‌تا كه‌ڵك له‌م ده‌رفه‌ته‌ وه‌رده‌گرێت و ده‌بێته‌ نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی خۆپیشانده‌رانی كوردستان و سیمای نه‌ته‌وه‌په‌رستی و ئیسلامیی له‌و بزووتنه‌وه‌ ناڕه‌زاییخوازه‌ ده‌كاته‌وه‌ و ده‌یكاته‌ موڵكی خۆی، یان ئه‌وه‌تا مه‌حكوومه‌ به‌وه‌ی تا هه‌لێكی تر كه‌ كه‌س نازانێت چه‌ندی تری پێده‌چێت، هه‌روا به‌ سست و لاوازیی و له‌ په‌ڕاوێزدا بمێنێته‌وه‌. له‌م سۆنگه‌وه‌ و له‌ روانگه‌ی بینینی مه‌ترسییه‌كانی ئیسلامیزه‌كردنی ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ كوردستان به‌ڕێوه‌ ده‌چن، واقیعه‌كه‌ خۆی پڕ به‌ گه‌رووی هاوار ده‌كات: كات، كاتی بێداربوونه‌وه‌ و هه‌ستانه‌ سه‌رپێی چه‌پ و كۆمۆنیزمه‌. 

Shamzini79@yahoo.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.