قەسابەكانی ھەرێم لەشی كوردستان لەت لەت ئەكەن
لە خوارووی ئەفریكا و ئەفریكاییەكان پێش بیست و یەك ساڵ خۆپێشاندانێكی سەرتاسەریان سازدا بۆ گۆڕینی یاسا و دەستوور و ڕژێمی ڕەگەزپەرستی ئەوسای خوارووی ئەفریكا و حوكومەتەكەی دێكلێكیش بۆ پەرەوازە كردنی شاڵاوی خۆپیشاندەران درێغی نەكرد لە كوتەك و فیشەك و ئاگر باران لەگەڵ ئەوەشدا ڕژێم چەند ھەوڵیدا بۆ دووبەرەكی و ئاژاوەنانەوە و شەڕی خێڵەكی كەچی نەیتوانی ھەنگاوێك ئەو ھەڵمەتە بۆ دواوە بگێڕێتەوە و تەنھا چەكێكی كوشندەش كە ئەفریكاییەكان بەكاریان ئەھێنا سەما و پێكەنین و گۆرانی بوو لەبری گۆرانی خەڵك ڕژێم فیشەكی پێوەئەنان و لەبری سەمای خەڵك ڕژێم كوتەكی ئەوەشاند ھەڵمەتی خۆپیشاندەران لەگەڵ سەما و گۆرانیە كلتوریەكاندا تووڕەبونی ڕژێمی ڕەگەزپەرستی ئەوەندەیتر ئاڵسكاند بوو بەوھیمەتەش ماندێلا لە دوای بیست ساڵی بەندیخانە وەك خۆرێكی ڕەش لە ناو ئاپۆرەی گۆرانی و سمتە سەمای خۆپیشاندەراندا پریشكی ئەدایەوە .
كوردستان شوناس و ناسنامەیەكی جیھانی نیە تا وەك ووڵاتێكی سنوردار ناسرا بێت و خاوەنی سنور و یاسا و دەستوری خۆی بێت تا ئێستاش تۆسقاڵێك لە خەونی تاكی كورد بەدینەھاتووە كەچی دەسەڵاتی كوردی بە كوتەك و فیشەك بەر بە خۆپیشاندەران ئەگرن و پێیان ئەڵێن ئەو خەونەی ئەوان بۆ خەڵكیان بەدیھێناوە با نەشێوێت و خۆ ئەگەر شێواش ئۆباڵ بە ئەستۆی خۆتان ھەرگیز نایبیننەوە .
دەسەڵاتی ئێستای كورد كوردستانیان بچوك كردۆتەوە بۆ ھەرێم و لەوەش بچوكترھەرێم بووەتە سێ پارێزگا و ئەو دڵ و قودسەی لای ھەردوو پارتی دەسەڵاتدار كێشەیەكی مێژوویی و شەڕی كورد كوژیان لەسەر ئەكرد خواوڕاسان ھۆڵەكەیان چۆڵ كرد و كلیلەكەشیان فرۆشت تەنھا بە گفتێك خەڵكی كوردیان ڕاگرتووە تا ئەو كاتەی لە گەمەی قومارەكەدا وەرەقی ژمارە سەد و چلی دەستوری عێراقی ڕائەكێشرێت كە دەسەڵاتی كورد ھەمیشە پێی دۆڕاوە و وەرەقەكەی بۆدەرنایەت ئەگەرچی لە سەردەمی ڕژێمەكانی پێش ئەواندا كەركوك بە شارێكی كوردی ناسرا بوو سەدام حسەین یەكێك بوو لەو بەڵگانەی كە كەركوكی زیاتر عەرەباوی ئەكرد و شەڕیشی لە نێوان توركمان و كوردا ھەڵئەگیرساند .
شەڕی خێڵەكی نێوان ھەردوو خێڵی ئۆتو و توتسی لە ڕوواندا بە پلانی سەرۆكی پێشووی ئەو ووڵاتە ھابیاریمانا ھەڵگیرسا و لە ماوەی شەش ھەفتە زیاتر لە یەك ملیۆن مرۆڤ مرد ئەو شەڕە شەڕی گۆڕان بوو شەڕی جوڵانی چەقینی حوكم بوو شەڕی زانین بۆ لابردنی نەزانین و شەڕی نان و شەڕی گەندەڵی و شەڕی مەزھەب مەزھەبی خێڵ بوو .
دەسەڵاتی كوردیش لە شەڕی خێڵ و رەگەزایەتی قورستری دۆزیوەتەوە و كردوویەتی بە شەڕی ناوچەگەری بەتایبەتی شەڕی پارێزگاكان ھەروەك چۆن لە پارێزگای سلێمانیدا ھێزی پاراستن و بەرگری سەر بە دەسەڵات ھەیە و بە بێ ھیچ متمانەیەكیان بەو ھێزە و بێباكانە ھێزێكی سەربازی وەك زێرەڤانی دەنێرێتە سەر خەڵكی خۆپیشاندەر كە ئەو ھێزە سەربە ناوچەیەكی تایبەتیە و ھێزێكە لەسەر قوتی خەڵك ئەژی و ھەنوكە وەك ھێزێكی كوردستان ساغ نەبووەتەوە نەك ھەر ئەوە بەڵكو وەك ملیشیایەك تەنھا بۆ پاراستنی ماڵێك دامەزراوە . سەرلێشێواوی دەسەڵاتی كورد گەشتۆتە ئەوەی كە ئەو ھەرێمە بچوكەش لەت بكەن و پێیانوابێت تاكی كورد لە لەتەكەی تریدا یان لە ناوچەكانی تردا بە ھەمان بیر و بۆچوونی ئەوان بۆ بشێویەكان ئەڕوانن و دوورن لە ئایدیای گۆڕان و پشتگیرن لە سستێم و دەسەڵاتی خێڵ ھەموو دەزانین دەسەڵات لەوە تێپەڕی كردووە و دڵنیایە و چاك چاك ئەزانێت لە دڵی ھەر تاكێك لە خەڵكی ئەو ناوچانەی كە ئەوان بە خەمڵیوی ئەزانن تسونامیەك ھەیە و شەپۆلەكەشی بەڕێوەیە .
دەسەڵاتی كوردی لە پەرلەمان و حوكومەت و سەرۆكایەتی ھەرێم پێكھاتووە و ئەم سێ ئیدارە بچوكەی ناو دەسەڵاتە شپرزەكەی ئێستای عێراق لە عەقڵی دەسەڵاتی ھەرێمدا بە خەون و دەسكەوتە گەورەكانی خۆی ئەزانێت بۆ تاكی كورد و بەومانایەش بە خەڵكی كوردی ئەفرۆشنەوە كە بێ ئەوان خەونێكی ھەرگیز نەبینراوە و ئەوان بە دیان ھێناوە بۆیان وەك ئەوەی بە ئاشكرا تاكی كورد لەو خەونە گێل كەن كە بەھێز و توانا و خوێنی سەربازێكی ئەمەریكی خەونە بزڕكاوەكەی ئەوانیش ھاتۆتە دی . ھەموومان دەزانین بەر لەم دەسكەوتانە ھەردوو بەرەی دەسەڵاتی كوردی لە شارەكان و ئەو دیو سنورەكانی توركیا و ئێران و سوریا پەرەوازە بوبوون .
سەرۆكی ھەرێم دووجار لەسەر خوێن و نانی خەڵك ئەبێتەوە بە سەرۆكی پارتەكەی خۆی . یەكەم بە ناوی ھەڵبژاردنەكانی خەڵكی كوردستان و لە ڕێی سەرۆكایەتی ھەرێمەوە كە تەنھا پارت و نفوسی پارتەكەی ئەپارێزێت وقاچ و باڵی پارتەكەشی پانتر و درێژتر ئەكاتەوە بەسەر ئەو خەڵكە ھەڵبژێردەرانەشی كە پارتەكەی سەرۆكیان نەخواستووە و نایانەوێت . دووەم بە ناوی كۆنگرەی پارت و ئەندامانی ھەردوو مەكتەبی پارتەكەی كە بیانەوێت و نەیانەوێت ھەر ئەو سەرۆكە و لە مافی خەڵكیش ئەپچڕێت بۆ ئەندامانی پارت . پەرلەمانیش دەسەڵاتێكی تری سەرۆكە و ئەوی سەرۆك ئەیڵێت پەرلەمانتارانیش كە زۆرینەی دەسەڵاتن سوێند بە ڕیشی مەردانەی سەرۆك ئەخۆن . حوكومەت یاریەكی تری ئەو دەسەڵاتەیە و لە ژێر ناوی كاندیدی پارتێكی تر یان پارتی ھاوپەیمان كە دەزوولەی دەست و قاچی سەرۆكی حوكومەتەكەی لە دەست سەرۆكی ھەرێمدایە و بە ئارەزوی خۆی گەمەی پێئەكات .
Simkan97@hotmail.de
زمكان عەزیز