Skip to Content

Sunday, September 8th, 2024
پارتی، دیسانەوە وەک ئۆرستۆکراتیەتێکی دڕندەیە..

پارتی، دیسانەوە وەک ئۆرستۆکراتیەتێکی دڕندەیە..

Closed
by February 28, 2011 گشتی

‌                      
 لەلێکۆڵینەوەیەکمدا چەند مانگێک لەمەوبەر  بەشێکم لەڕۆژنامەی (دەستوور) بڵاوکردەوە، باسم لەو ترسەی پارتی کردبوو وەک دەزگایەکی سیاسی و خێزانی، کەلەدنیای مۆدێرن و دروستبونی چەمکی هاوڵاتی هەیەتی. دیارە باسم لەوە کردبوو  کەسیاسەت و بونیادی خێزان لای پارتی  ئاوەها تێکەڵبوون، بەجۆرێک کەبنەماڵە وسیاسەت و حکومەت لای پارتی،  پێوەرەکانیان لەڕووی سایکۆلۆژیی و تەنانەت سیاسیشەوە لێکدی جودا نابنەوە.  من لێرەدا مەبەستی خۆم  لەپشت ئەو نوسینە ناشارمەوە، کەئەز پارتی دیموکرات بەهێزیکی کۆنەخواز و کۆنزەرڤاتیڤی  سیاسی خێڵەکی  تێدەگەم لەگەڵ مەلا فەتوا بێژەکانی هەولێر کار بۆ گەورە کردنی وێنەی سەرۆکی پارتی دەکەن،  بێگومان وەک باوکی هەموو کوردان.  کار بۆ ئەوە دەکەن  گەورەترین تابۆ لەم دەڤەرەدا بخەنە ملمان ئەویش سەرۆکی  ئەبەدیە، گەورەترین موقەدەس لەدوای خواوەند بخەنە ئەستۆمان ، ئەویش گرفتار بوونە بەسەرۆکێک وەک لەکۆنگرەی سیانزەی پارتیدا ئاماژەی پێدرا، تائەبەد دۆزە قورسەکانی کورد دەخاتە بن هەنگڵی منداڵێکی پێنچ ساڵە کەکوڕەزای سەرۆک خۆیەتی.. من تێناگەم پارتی لەلایەک منداڵیکی پێنج ساڵیمان لێدەکات بەسەرۆکی داهاتومان و لەحەڤدەی شوباتدا و لەبەردەم لقی چواری سلێمانیشدا، منداڵی ئەم شارە گوللە باران دەکات. خوایە ئەمە چ پارتێکی پڕ سەروەرییە، خودایە ئەمە تفەنگی پیاوەکانی کامە سەرۆکن کەدەیەوێت شادومانیمان بۆ بێنێت..
کاتی خۆی کەدووبەشم لەو لێکۆڵینەوەیەم بەناوی پارتی لە(چی دەترسێت) و بەشی دووهەم بەناوی (پارتی وەک ئۆرستۆکراتیەتی دڕندە) لەڕۆژنامەی (دەستوور) بڵاوکردەوە، زۆر لەبرادەرانم ، بەتایبەت هەوادارنی پارتی گلەیی دۆستانەیان لێکردم، گوایە من ناهەقی دەکەم بەپارتی و بۆ من و ڕۆشنبیرانی جدیی دەسەلمێنن، کەئەوان پارتێکی مۆدیرنن، ئیدیالەکانیان لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنیدا هاوئاستە و کاری بۆ دەکەن، بەڵام لەدوای کوژرانی گەنجەکانمان (سۆرانی مامە حەمە و سەردەشت عوسمان و ڕێژوان عەلی )و هاتنی زێڕەڤانی وەک هێزێکی داگیرکەر بۆ سلێمانی، ئیدی ئەو ماسکە مۆدێرنەی پارتی کەوتەخوارەوە و پارتی کەڵبەکانی خۆی نیشانداین، نەک وەک (ئۆرستۆکراتیەتێکی دڕندە) کەمن لەڕووی فیکری پیتەر سلۆتێردایکەوە خوێندەنەوەم بۆ کردبوو، بەڵکو  وەک دڕندەیەکی هار کەڵبەکانی لەگۆشتی ڕێژوان و زمناکۆ و کوژراو و بریندارەکان گیر کردووە و هەڕەشە لەسەرجەم سلێمانی دەکات، ئیدی کامەیە کوردایەتی، کامەیە نەریتە باڵاکان کەسەرۆک بانگەشەی دەکات، کامەیە ئەو جوامێریەی  ڕێگە بەخۆی دەدات گەنجەکانمان لەسەر جادە بکوژن، ئەمە چ وەحشتگەراییەکە، چ ویژادانێکە، چ ئەقڵێکە لەپشت ئەم تیرۆرەوە وەستاوە، کامە پیرۆزیە شەرعیەتدەدات بەم کوشتنە، بەم خوێنڕشتنە، بەوەڵامدانەوەی بەرد بەفیشەک و خوێن..
 لەکۆنگرەی  سیانزەی پارتی، ئەو هێڵە خێڵەکیە، ئۆرستوکراتیەتە دەبینین کەپارتی کاری بۆ کردووە، ئەویش کارکردنە بۆ دروستبوونی پاتریارک، کەوێنەی باوکی گەورە و سەرکردەیە، لەسەرێکەوە شەرفی نەتەوەی لەسەر شانە و لەسەرێکی تریشەوە وەک بارزانی لەخوتبەکەیدا ئاماژەی پێدا، ئەوەی باس لەبنەماڵە بکات لەگەڵ (هەزار پیاو) دا کێشەی بۆ دروست دەبێت..ئەم مۆدیلی پاتریارکیە، نەتەوەییە، خێڵەکی و بنەماڵەخوازە، نەک هەر لەگەڵ مۆدێلی حکومەتێکی دیموکراسدا ناگونجێت، بەڵکو پێچەوانە و دژە کەش وهەوای سیاسی گڵۆباڵە. ئەوەندەی پارتریارک لەم دۆزەدا، بنەماڵەیی و خێڵەکیە، ئەوەندە لۆکالی نیە. ڕووخانی وێنەی  حوسنی موبارەک، لێدانی خەنجەرێکی تیژبڕ بوو لەنێو جەرگی ئیدۆلۆژی پارتی، کەسەرەتای کارکردنی لەکۆنگرەی سیانزەدا نمایشکرا. بۆ ئەبەد ئەو مۆدێلانە ڕووخا، کەپارتی لەناوچەکەدا پشتی دەبەست، مۆدێلی موبارەک وەک سەرکردەی نەتەوەیی ئەبەدی، مۆدیلی عابدین و ئەسەد و قەزافی و بوتەفلیقە.. تەنانەت مۆدێلی شێخەکانی بەحرەین درزی تێکەوت ، پارتی نایەوێت دان بەوەدا بنێت  کەدەبێت بۆئەبەد ماڵئاوایی لەجەنازەی سەرۆکی ئەبەدی بکات، دەنا ئەو قسانەی بەڕێز مەسعود بارزانی لەکۆنگرەی ڕۆشنبیران و مەلاکاندا سەدوهەشتا پلە قڵپ بوونەوە، جیاواز بوو  لەو قسانەی کەلەکۆنگرەی سیانزەدا کردی. ئیدی بۆ ئەبەد  مۆدێلی سەرۆکی هەتایی لەنێو شۆڕشی گەنجانی میسردا نێژرا، لەگەڵ ڕژانی خوێنی ڕێژوان، پارتی بۆ ئەبەد وێنەی سەرۆکی ئەبەدی خستە تابوتی خۆیەوە..
چیرۆکی  دروستکردنی پاتریارکی ئەبەدی  لەکۆنگرەی سیانزەی پارتیدا لەگێڕانەوەی سەرۆک بارزانیدا خۆی بەرجەستەکرد،  چیرۆکی  منداڵێکی پێنج ساڵەی بنەماڵە ( کوڕی بەڕێز مەسرور بارزانی)، کەڕێگە بەباپیری گەورەی ( بارازانی گەورە)  دەگرێت. چیرۆکەکە لەسەر زاری سەرۆک بەمشێوەیە:  بارزانی بچوکی پێنج ساڵە داوا لەبارزانی گەورە دەکات دەست لەکەرکوک  هەڵنەگرێت. بەمشێوەیە بارزانی گەورە بەبەبارزانی منداڵ دەڵێت: کەدۆسیەی کەرکوک لەزەمەنی باپیرە گەوەری بەهەشتی بارزانیەوە تاوەکو باپیرەی ئێستای وباوکیشی لەدەستی ئەواندا بووە و تۆش کەگەورە بوویت ئەم دۆسیە گەرمە دێتە دەستی تۆوە!..پاتریارکیەت لەم ڕستەیەدا هێڵە سەرەکیەکانی خۆی نەک هەر بۆ ئەندامانی پارتەکەی خۆی دیاریکرد کەنابێت خەون بەوە ببینن یەکێک لەدەوەرەی بنەماڵە  دۆسیەگرنگ و پۆستە گرنگەکانی ئەم پارتە سیاسیە بگرێتە دەست، بەڵکو  بەتەواوی کۆمەڵگەی کوردی دەڵێت: خەونی نەتەوەیی بۆ ئەبەد هەر لەسەر ئێمە تاپۆیە..بەکورتی کوردایەتی هەر لەسەر ئێمە تاپۆکراوە. بەداخەوە ئەمە دیوێکی  چیرۆکی منداڵە پێنچ ساڵەکەی پارتیە، لەئێستاوە پیرۆزی و قورسایی گرنگترین خەونی کوردی خرایە سەر شان کەدۆزی کەرکوکە. بەڵام  کاتێک ڕێژوان لەسەر جادە دەکوژرێت، دوو وێنەمان لەلائامادە دەبێت، یەکەمیان منداڵیکی پێنج ساڵان لەپاکەتدا بۆ دەسەڵات گرتنە دەست  ئامادەکراوە. وێنەی دووهەم وێنەی ئەو منداڵەیە کەبۆ ئازادی بەرگوللەدەدرێت، سەرکردەی ڕاستەقینە، لەم بارەدا ڕێژوانە نەک کوڕەزا پێنج ساڵەکەی سەرۆک ، سەکردە ڕێژوانە کەبۆتە ڕەمزی بەگژاچوونەوەی ستەم و گەندەڵی..
من وەک پیشە دەروونناسم  ئەوەندە لەسایکۆلۆژیاوە فێربووم کەمنداڵی پێنچ ساڵە کامڵ نییە بۆ فێربوونی ئەلف و بای سادە و دەبێت لەشەش ساڵی، یان وەک لەئەڵمانیا باوە لەحەوت ساڵانەوە فێری ئەلف و باو  چوونە نێو پڕۆسەی ژیانی کۆمەڵایەتیەوە دەبێت. کەچی منداڵە پێنچ ساڵانەکەی بنەماڵە  قسە لەسەر ستراتیژترین و خوێناوترین دۆسی نەتەوە دەکات. بێگومان ئەمە پێچەوانەی زانستە، خۆزگە دکتۆرەکانی دەروونزانی زانکۆی سەلاحەدین ئەم  چیرۆکەیان بۆ پشت ڕاستدەکردینەوە. گەر وابێت، ئەوا ئێمە لەبەردەم منداڵێکی بلیمەتداین کەبنەماڵە منداڵی لێ زەوتکردووە، بێگومان لەپێناو کوردایەتی، کەئەمەش لەگەڵ پڕنسیبەکانی کۆمەڵگەی ئازادا ناگونجێت، چونکە منداڵەکان دەبێت تەنها منداڵ بن و هیچیتریان بەسەردا نەسەپێنرێت.
بەمشێوەیە پاتریارکیەتی کوردی، کەلەئۆرستۆکراتیەکی بایۆلۆجیدا  خۆی بەرجەستە کردووە، فەیلەسوفیکی پۆست مۆدێرنەی وەک (سڵۆتێردایک) لەکتێبە بەناوبانگەکەیدا ( ڕەخنە لەئەقڵی گاڵتە جاڕی)  ئەم دیاردەیە بە(ئۆرستوکراتیەتی دڕندە) ناو دەبات. ئەم لۆجیکە، لۆجیکی ئۆرستوکراتیەتی دڕندەیە کەبڕوای وەهایە تواناکان لەخوێنی نەجیبزادەکاندایە و جیناتەکانی بنەماڵەی ئۆرستوکرات لەپێنچ ساڵیەوە لەکێشە هەرە ئاڵۆزەکانی نەتەوە تێدەگات. ئەم ئۆرستۆکراتیەتە بایۆلۆژیە لەگەڵ خوێن و ئێسقان و جیناتەکاندا ،سەرکردایەتی پارتێکی سیاسی و  دۆسیە گەورەکانی نەتەوەی پێ سپێردراوە. بەکورتی ئەمە نیعمەتیکی خوداییە، خودا بەخشیویەتی بەمنداڵی بنەماڵە سەرکردەکان و منداڵانی دیکەی پێنچ ساڵانی هاوتەمەنی خۆیان دەبێت خەریکی حەتحەتۆکە بن و منداڵانی بنەماڵە خەریکی دۆسیە گرنگەگانی کۆمەڵگە. ئەم ئەقڵە دەیەوێت بەئێمە بڵیت: کەئێوە تواناکانتان سنووردارەو و ئێوەش مەحکومن بەوەی ئێمە ڕابەڕایەتیتان بکەین. ئەم مۆدێلە ترسناکە کەپارتی کاری بۆدەکات زیندووکردنەوەی ئەو ملکەچییە ئەبەدییە کەئەقڵێ ڕۆژهەڵاتی لەملکەچی بۆ والی و خەلیفەی موسوڵماننان هێناویەتیە کلتوری کۆمەڵگەوە، لەچەندەها فۆرمی جیاوازدا کاری بۆ دەکات. بەڵام لەگەڵ ڕووداوەکانی میسر و تونسدا ئەم کڵێشەیە بۆ ئەبەد کۆتایی پێدێت، ئیدی ئۆرستوکراتیەتی دڕندەی پارتی هیچی بۆ نامێنێتەوە، جگە لەهەڕەشە و فیشەک نەبێت،  لەکوژرانی ڕێژوانەوە ئەم مۆدێلە بۆ ئەبەد لەکوردستاندا کۆتایی پێدێت.
ئۆرستوکراتیەتی دڕندە ئەو تێزەی نمایشدەکرد، بەوەی دەبێت نەتەوە خۆی ئامادە بکات بۆ حوکمی کوڕەزاکەی سەرۆکی ئەبەدی بارزانی ، دیارە لەتەنیشت خۆیەوە و بەتەریبی چەندەها دیاردەی وەک خۆی لەشێوەی کۆپی کاڵ و کرچ بەرهەمهێناوە، ئەویش نەخۆشی بوونی کوڕی سەرکردەکان بەسەرکردەی نوێ  لەنێو پارتەکانی تردا، ئەمە کاردانەوەی  هەمان کڵێشەیە، کەپارتی کاری بۆ کردووە. لەگەڵ پەرتبوونی خەونی جەمال موبارەک بەوەی ببێتە سەرۆکی ئەبەدی میسر لەدوای باوکی، دەبێت کوڕە پێنچ ساڵەکەی پارتی هەوڵبدات لەخوێنی ئۆرستۆکراتەوە نەبێتە سەرکردە، بەڵکو وەک ڕێژوان قەناعەتمان پێبکات کەشەڕ بۆ ئازادی دەکات، بەمشێوەیە بەڕێزان چیرۆکی منداڵە پێنچ ساڵەکەی پارتی، لەچیرۆکی  سیاسی و کۆمەڵایەتیدا دیاردەیەکە دەبێت بەردەوام باسی بکەین. چیرۆکێکە شایانی ئەوەیە بە دیاردە و فینۆمینی  (منداڵە پێنچ ساڵەکەی پارتی) ناوی بەرین، کەکۆتایی چیرۆکەکە لەسەر جادەی سلێمانی ڕاگەیەنرا..    

ئیسماعیل حەمەئەمین

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.