Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
با لە 8 مارسدا ماڵێك بۆ هەمووان دروست بكەین

با لە 8 مارسدا ماڵێك بۆ هەمووان دروست بكەین

Closed
by March 8, 2008 ژنان

 تامان شاکر …..

 هەركەسێك ئەم بابەتە دەخوێنێتەوە، تكایە با دەقیقەیەك ، بە پێوە بە بێدەنگی بوەستێ بۆ رێزلێنان لە شەهیدانی عەشق و شەرەف و پیاوسالاری، بەنزین و گاز و بلۆك .چونكە كەس حیسابی شەهیدیان بۆ ناكات ، كەچی ئەمانە شەهیدی راستەقینەنەن و لە سەر مەرگی ئەوان دەبێ گۆرانكاری ببێت.
 هەموو ساڵێك لە هەشتی مارسدا، كۆمەڵێك كۆر و سیمینارو ڤیستیڤاڵ بەرێوە دەچێت پیاوان  بەگشتی و سیاسەتمەداران بە تایبەتی دەبنە فیمینیستی عەیار 24 و لە جیاتی ژنان باس لە مافی ژن دەكەن و  لە ریزەكانی پێشەوە دادەنیشن،هەر ئەوانیش لە جیاتی ئێمەی ژن قسە دەكەن و پەند و ئامۆژگاری خۆیان بەسەرماندا دەبارێنن و دەبنە رێنیشاندەرمان بۆ چارەسەركردنی كێشەیەك ، كە ئەوان دەستێكی باڵایان هەیە لە بوونی،باس لە گرنگی بەشداری ژنان لە پەرلەمان و حیزب و پرۆسەی سیاسی كوردستان دەكەن و  بەرزی دەنرخێنن. ژنانیش زۆر بە سەرسامییەوە گوی بۆ قسەكانیان دەگرن و بروایان پێدەكەن، وەك ئەوەی ژنان خۆیان نەتوانن قسە بكەن و باس لە ماف و ئەركەكانی خۆیان بكەن ، لە راستیدا من ئەوەندە رەخنەش لەو ژنانە ناگرم كە لە رۆژی ژناندا رێگە بە پیاوان دەدەن لە شوێنی ئەواندا قسە دەكەن ، چونكە ئێمە راهاتووین لەسەر سیستەمێك كە هەمیشە پیاوان بە سەرداری خۆمان بزانین و بە تایبەتی ئەمرۆ كە ئەو پیاوانە بریار بەدەستن و ئەوان كەم و زۆری بوجەی رێكخراوەكان دیاری دەكەن، یان كەسانی حیزبین و ناكرێ ئەوان لە قسە كردندا بخەینە دواوە.چونكە رێكخراوەكانمان لە ساییەی ئەواندا هەناسە دەدەن،  كورد دەڵێ نانی كێ بخۆیت  دەبێ سەلاوات لە دیداری ئەو لێدەیت .پیاوەكانیش بۆ یەكجار بیر لەوە ناكەنەوە با ژنان ببنە پێشەنگ و خۆیان لەم رۆژەدا قسە بكەن و باس لە كێشەو گرفتەكانیان بكەن، كە ئەمرۆ بەرۆكی كۆمەڵگەی كوردی گرتووە ، ئەم سیناریۆیە ماوەی   17 ساڵە بە بەردەوامی دووبارە دەبێتەوە تا وایلێهاتووە كەس تاقەتی نەماوە سەیری بكات . بۆیەش  رەوشی ژنان رۆژ بە رۆژ بەرەو خراپتر دەچێت.ئەم كارەساتانەی لە كۆمەڵگەی ئێمە روودەدەن و روویانداوە ، ئەگەر لە كۆمەڵگەیەكی حیزبی نەبوایە ، ئەگەر لە كۆمەڵگەیەك نەبوایە كە خەڵكەكانی بەرژەوەندی گشتی قوربانی بەرژەوەندی تایبەت دەكەن ، و هەركەس دەیەوێ قسە بكات و كەچی كردارو رەفتاری زۆر لەیەك جیاوازە، دەبوایە خەڵكێكی زۆر دەست لە كارەكانیان بكشێننەوەو قوفڵێكی گەورە لە دەرگاكانیان بدەن و بڕۆنەوە ماڵەكانی خۆیان دابنیشن كەس نەبینن و بیر لە كردەوەكانی خۆیان بكەنەوەو لە گەل ویژدانی خۆیان بدوێن .
 لە رۆژی هەشتی مارس كەس پرۆژەیەكی باشی پێ نیە بۆ ژنان،كە بتوانێ ئاستی رۆشنبیری و ئابووری ژنان و پیاوان بەرزكاتەوە چونكە زۆرینەی ئەو كێشانەی تووشی ژنان دەبێت، لە ئەنجامی نەخوێندەواری و هەژارییە، زۆر جار دایكم دەڵێت (هەژاری بەرگی ئاگرە ) كەواتە بە چارەسەركردنی باری ئابووری دەكرێ بەشێك لە كێشەكان چارەسەر ببێ.
 چونكە ئێمە باس لە كۆمەڵگەی دیموكراسی دەكەین،مەرجی كۆمەڵگەیەكی دیموكراسیش بەیەكەوە ژیانی ئاشتیانەی گشت چین و توێژەكانی كۆمەڵگەیە بە هەموو جۆرە ئاین و رەگەزێكەوە، بەڵام ئەگەر چاوێك بە كۆمەڵگەی كوردیدا بخشێنین لە كۆمەڵگەیەكی یەك رەنگی پیاوانە و رق بەرهەمهێن خاڵی لە خۆشەویستی هیچی تر نابینین، ئەگەر كۆمەڵگەی ئێمە مرۆڤ دۆستبوایە (ئەیوب) بەم شێوەیە ژیانی لەدەست نەدەدا، بلۆك بۆ كوشتنی عەشق برەوی نەدەبوو.مرۆڤەكان پڕاو پڕن نەدەبوون لە دەمارگیری ئاینی و حیزبی و خێلەكی، كۆمەڵگەیەك بە هیچ شێوەیەك ئەوی تری قبووڵ نییە،كۆمەڵگەیەك پڕە لە زیندانی تاكەكەسی بێئەوەی خۆی هەستی پێبكات .ئەو زیندانەی كە شیشەكانی لە دیواری ئەستوور دروستكراوە، تەنها كلیلی ئازادی و عەقڵی ئازادی لە دەستی شێردایەو ناوی نراوە ماڵ ، ئەو ماڵەی كە دەبوایە جێگەی حەوانەوە و سۆزو خۆشەویستی بوایە، لەو زیندانییە تاكە كەسەش كە دەچێتە ناو زیندانە بە كۆمەڵەكان كێشەكەت زیاتر دەبێت، تووشی دارمانی زیاتر دەبیت، بۆیە لە رۆژی ژنانیشدا بۆ ژنە زیندانییەكان جەژنێك نییە بە ناوی 8 مارس ، چونكە باوەشێكی گەرم نییە بیانگرێتە خۆیان و بۆ ساتێكیش ئاسوودەیان بكات، ماڵێك نییە بۆ حەوانەوە ، ژنی ئەم وڵاتە بە دوای ماڵێكدا وێڵن،ماڵێك بێ بۆنی گاز و نەوت و رق و سوكایەتی و برینداركردنی هەست و جەستەی ناسكیان . راستە هەندێكیان لە رێیی ئاگرەوە  دەچنە ماڵی هەمیشەییان  و ماڵئاوایی لە زیندانەكانیان دەكەن.چونكە لەو ماڵەدا كەس نابێتە ئازاردەری رۆحیان، بەڵام ئازار لە دوایی خۆیان بەجێ دەهێڵن و
 رۆحیشیان  بۆ هەمیشە نەفرەت لە كۆمەڵگەیەك دەكەنەوە كە نەیتوانی ماڵێكیان بۆ دابین بكات ، كە شایانی مرۆڤ بێت، نەفرەت لە یاسایەك دەكەنەوە كە نەیتوانی مافی ئەوان دابین بكات ، نەفرەت لە كەسانێك دەكەنەوە كە ژنكوژان داڵدەدەن و دەیانپارێزن ، نەفرەت لە كۆمەڵگایەك دەكەنەوە كە شەرەفیان كردە موڵكی ئەو و خیانەت و جاشایەتیان لە پشتیەوە شاردەوە، نەفرەت لە وڵاتێك دەكەنەوە كە شەری عەشق دەكات، نەفرەت لە وڵاتێك دەكەن كە خەڵكەكانی بە بوونی  دەمامكەكانیان ئاسوودەن و پراو پرن لە درۆ ، با لە رۆژی ژناندا خۆمان قسەمان هەبێت و خۆمان بین و هەوڵی دۆزینەوەی ماڵێك بدەین بۆ هەمووان لە بلۆك دروست نەكرابێ ،ماڵێك پراو پر لە رەنگ و دەنگی جیاواز،وە خۆمان بریاری چۆنییەتی دروستكردنی ئەو ماڵە بدەین،  نەك كەسانێك كە بناغەی ماڵەكانمان بنكۆڵ دەكەن و ئاگرمان پێشكەش دەكەن و رۆحمان دەسووتێنن.مێژوویەكی پر لە تاوان بۆ نەتەوەكەمان دروست دەكەن.
 تامان شاكر        
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.