Skip to Content

Sunday, September 8th, 2024
كۆتایی هێنان بە ژیانی شێخ ستار

كۆتایی هێنان بە ژیانی شێخ ستار

Closed
by March 8, 2008 گشتی

سەرەتای قۆناغێكی مەترسیدار….
شوان داودی….
 
 سەر لە بەیانی چوارشەممە 5-3-2008 لەگەڕەكێكی كوردنشینی ئارامی شاری كەركوك دەستی تیرۆر گەیشتە نوسەرو روناكبیرو سیاسەتمەدارو مامۆستای زانكۆ دكتۆر شێخ عبدالستار تاهیر شەریفو كۆتاییان بە ژیانی هێنا ..
  خوالێخۆشبو د. عبدالستار لەگەڵ ئەوەی كۆمەڵێ رای جیاواز لەسەر باكگراوندە سیاسیەكەی هەیە، بەڵام مۆدیلێكی سیاسی تازەبوو لە گۆڕەپانی سیاسی كوردیداو پیاوێكی بە ئەزمونو وردو ئاگاداربوو لەمێژووی سیاسی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كورد، تێكەڵ بەدەوڵەتی عێراقو لەسەرەتای پەنجاكانی سەدەی رابردوەوە لەناو سیاسەتی كوردیو عێراقیدا هاوتەریب كاری كردووەو ژمارەیەكی سیاسی تایبەت بەخۆی هەبوو كە لە هاوكێشەكاندا حساباتی وردی بۆ دەكرا .
 بەندە وەك زۆربەی زۆری جیلی سیاسی دوای هەشتاكان نەشارەزایانە ڕایەكی خراپم لەسەر ئەو پیاوە هەبوو، دوای پرۆسەی ئازادی عێراق بەو حوكمەی چی ئەوو چی من گەڕابوینەوە كەركوك … جارجارە بەهۆی رۆژنامەكەمانەوە سەردانی دەكردینو هەندێ گفتوگۆ لەنێوانماندا دروست بوو … بۆم دەركەوت ئەم پیاوە، ئەوە نیە من لێی گەیشتوم بەڵكو گەنجینەیەكە پڕ  لەنهینێ شاراوەی بزوتنەوەی سیاسی كوردی … بۆیە حەزم دەكرد زۆرتر بیبینم بۆ ئەوەی زیاتر بیدوێنم … تاوەكو زیاتر لە مێژووی سیاسی كوردی بەتایبەت لەدوای پەنجاكانی سەدەی رابردووە تێبگەم  .
 زۆر شتم لێ زانی … بۆیە پێموت : دكتۆر جیلی سیاسی ئێمە ئەم ڕاستیانە نازاننو تەنانەت لەزۆر قۆناغدا رای زۆر جیاوازمان لا دروست بووە  .
 بڕیاری ئەوەی دا یاداشتەكانی بڵاوبكاتەوە، بەشی یەكەمی یاداشتەكەی بەناوی (ململانێ لەگەڵ ژیاندا ) لەنێوان ساڵەكانی (1935-1971) لە ساڵی 2005 دا بڵاوكردەوە. كاتێ لێم پرسی بۆ هەموو یاداشتەكانت بڵاو نەكردەوە، تەنها ئەو قۆناغەت باس كردوە؟
   پێكەنیو وتی: ئەتەوێ بەكوشتم دەی ….؟!
 ساڵێك زیاترە نەمبینیبوو لەچەند هەفتەی رابردوودا هەندێ دیدارو چاوپێكەوتنیم لەرۆژنامەو گۆڤارەكاندا بەرچاوكەوت ، پێم سەیر بوو! .. چونكە ئەو بەمنی وت لەبەر ئەوە بەشی دووەمی یاداشتەكانم بڵاو ناكەمەوە جارێ … دەكوژرێم … ئەو لاپەڕانەی لەو دیدارانەدا هەڵیدابۆوە …. پرسیار گەلێكی زۆری بەدوای خۆیدا راكێشابوو …
 هەفتەی رابردوو كە چوومە دەوامی خۆم لە "هەواڵ"  بەرگی دووەمی یاداشتەكانیم لەسەر مێزەكەم بینی كە بەدیاری پێشكەشی كردبووم … دەیان نیشانەی پرسیارو سەرسوڕمانم لا دروست بوو .. ترسێكی سەیر دایگرتم … پێم وانەبوو بەئاسانی تێپەڕێ .
  بەمەبەستی سەرپەرشتی كردنی هەڵپژاردنەكانی لقی كەركوكی سەندیكای رۆژنامەنووسان سەر لە بەیانی 5/ 3 لەبارەگای لقی كەركوكی سەندیكا بووم لەگەڵ كۆمەڵێ لە برا رۆژنامەنووسەكان باسی ئازادی رۆژنامەگەریو ئازادی بیرو رامان دەكرد …
 بەندە هەندێ تێڕوانینی خۆم خستەڕوو لەو بارەیەوە وتم: جۆرێك لەسەر لێ شێوان بەدی دەكەم لە رۆژنامەنووسی كوردیو كێشەكانی … من پێم وایە ئەو كێشانەی كە ئێستا رۆژنامەی كوردی پێوەی سەرقاڵە … سەرجەمیان لەسەر خەبەرە لەسەر دیاردەی گەندەڵییەو …. مەسەلەكانی تانەو تەشەری تێ نەپەڕاندووە … ئەو كێشانەی رۆژنامەكان لە دادگادان هیچیان كێشەی (ڕا) نین … مەترسی ئەوەم دەرخست كە كێشەكانی (ڕا) ناڕواتە دادگاكانو لە دەرەوەی دادگا مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێ … نموونەشم بەخۆم هێنایەوە كە زیاتر لە (50) دەعوام لەسەرە لەدادگاكانی كوردستاندا هیچی لەسەر (ڕا) نیە چەند كێشەیەكی (ڕا)ی جیاوازم هەیە لەدەرەوەی دادگا بە شێوازی تر فشارخراوەتە سەرم … باسم لەوەكرد لەدوای راپەرین هەركەسێ رای جیاوازی دەربڕیایە ناوی لێ دەنرا تابوری پێنج – لە كاتی شەری ناوخۆدا رای جیاواز – لەدەڤەری زەرد بەزانیاریو لەدەڤەری سەوز بە پاراستن تۆمەتبار دەكرا .
 ئێستاش رای جیاوازت هەبێ زۆر بە ئاسانی تۆمەتی جاسوسیكردن بۆ (میت ) یان (ئیتلاعات)ت دەخرێتە پاڵ… لەگەرمەی قسەكانمدا بووم زەنگی مۆبایلەكەم لێی داو لەگەڵ ئەلو كردنمدا پەیوەندیكەر وتی: شێخ ستاریان كوشت …
 ئەو هەواڵە رای چەڵەكاندم .. نەك بۆ شێخ ستار، چونكە پێم وایە كوشتنەكەی شێخ ستار لەم ئانو ساتەدا زۆر لە بەرژەوەندی مێژووی سیاسی ناوبراودابێتو بەو كوشتنەی زۆر لاپەڕەی رەشی بۆ سپی بێتەوە .
 بەڵام كۆتایی هێنان بەژیانی شێخ ستار بەسەرەتای قۆناغێكی مەترسیدار دەخوێنمەوە ئەویش لەبەر سێ هۆ:
 یەكەم :ئەم رووداوە روداوێكی ئاسایی نیە بەڵكو غافڵكوژی سیاسی (الاغتیال السیاسی) یە .
 دووەم: زەنگێكی مەترسیدارە كە تا ئێستا هێزگەلێكی سیاسی هەبن بڕوایان بە تەسفیەی جەسەدی هەبێ .
 سێهەم : ئەو زەنگە مەترسیدارە لە كەركوكەوە لێ بدرێ .
 بۆیە  پێویستە لەسەر سەركردایەتی سیاسی كوردو سەرۆكایەتی هەرێمو سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمو یەكێتیو پارتیو لایەنە پەیوەندیدارەكان بەزوترین كات لێكۆڵینەوە لەو بارەیەوە دەست پێ بكەن، ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانیان رابگەیەننو رێگر بن لەبەردەم تەشەنە كردنی ئەم سەرەتا مەترسیدارە، ئەگەر راببورىَ .. ئەوا  ئەنجامەكەى مەترسیدارتر دەبىَ .
 
 سەرنووسەری ڕۆژنامه‌ی هه‌واڵ
شوان داودی …
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.