Skip to Content

Tuesday, October 8th, 2024
یاداشت و تێبینیه‌کانم له‌ مه‌ڕ خۆپیشاندانه‌کانی سلێمانی

یاداشت و تێبینیه‌کانم له‌ مه‌ڕ خۆپیشاندانه‌کانی سلێمانی

Closed
by March 2, 2011 گشتی

17/شوبات له‌ کاتێکدا که‌ له‌ ئاماده‌یی رۆشنبیر وانه‌ی کۆمه‌ڵناسیم ده‌وته‌وه‌ به‌رده‌وام له‌ خه‌م و خه‌یاڵی ئه‌وه‌دا بووم به‌ زویی وانه‌کانم ته‌واو بکه‌م و بگه‌مه‌ ئه‌و خۆپیشاندانه‌ی که‌ له‌ به‌رده‌رکی سه‌رای شاری سلێمانی ئه‌نجام ده‌درا وه‌ک پشتگیری و پیرۆزباییه‌ک له‌ گه‌لانی تونس و میسر . له‌ هه‌مانکاتدا هه‌ستمده‌کرد که‌ شتێک من ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ میسری و تونسیه‌کانه‌وه‌ و کوردستانیش ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌وێوه‌ و لاشموابوو ئه‌م هه‌سته‌ له‌ لای زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری خۆپیشانده‌ره‌کان هه‌ستێکی قوڵ بوو.. له‌ کاتژمێر 3.10خوله‌ک له‌ خۆێندنگا وه‌ده‌رکه‌وتم و له‌ پاسه‌که‌دا له‌ ده‌نگوباسی خۆپیشاندانه‌که‌م پرسی ، کاکی شۆفێر وتی وابزانم به‌رده‌وامه‌ ! به‌ به‌رده‌م لقی 4دا تێپه‌ڕیم و به‌ وردی سه‌رنجمدا نزیکه‌ی 5تا 6 پاسه‌وانی له‌به‌رده‌مدا ده‌هات و ده‌چوو، دوایی بۆده‌رکه‌وت که‌ ژماره‌یه‌کی زۆر زیاتر له‌ ناو باره‌گاکه‌دا له‌ که‌میندا بوون و کاتی نزیکبوونه‌وه‌ی خۆپیشانده‌ره‌کان هه‌م ئه‌وانه‌ی به‌رده‌رگا چونه‌ ژوره‌وه‌ و هه‌میش له‌ سه‌ربانه‌کان خۆیان ئاماده‌کرد بۆ روبه‌روبونه‌وه‌ ، له‌ خۆڕا نه‌بوو که‌ به‌ وردی سه‌رنجمدا .. به‌ڵکو ئه‌وه‌م لێکدایه‌وه‌ که‌ پێشتر پارتی دیموکراتی کوردستان وتبویان ، هه‌ست ده‌که‌ین له‌م خۆپیشاندانه‌دا ئامانج لقی4 بێت ، چونکه‌ له‌ ناو ئه‌و خۆپیشاندانه‌ بچوکه‌ی رۆژی پێشتر که‌ له‌ به‌ر ده‌رکی سه‌را ئه‌نجامدرا به‌هۆی چاوه‌روانی ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ی که‌ نیاز هه‌بوو خۆی بسوتێنێت و خۆی بکاته‌ یه‌که‌م بڵێسه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی ناره‌زایی ، ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ که‌سوکاری ئه‌وانه‌ی تیادا بوو که‌ له‌ شه‌ڕی براکوژیدا پارتی کوشتبونی ..که‌چی هیچ ئاماده‌باشیه‌کی ئه‌منیم نه‌بینی ! وه‌ک پۆلیس یان ئۆتۆمبێلی ئاو پرژێن .. به‌ڕاستی ئه‌وه‌ یه‌که‌م پرسیار بوو که‌ له‌لام دروست بوو.. بۆچی لقی چوار چۆڵی ناکات ؟ یان راده‌ستی پۆلیسی ناکات؟ هه‌وڵی دروستکردنی پشتێنه‌یه‌کی ئه‌منی نه‌داوه‌؟ له‌ کاتێکدا که‌ پێش و پاش روداوه‌که‌ جه‌غدیان له‌وه‌ کردبووه‌وه‌ که‌ لق له‌ به‌رده‌م هه‌ره‌شه‌ی خۆپیشانده‌راندایه‌ !
له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی شه‌قامی مه‌وله‌وی له‌ خۆپیشانده‌ر جمه‌ی ده‌هات ،به‌ روی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلدا داخرابوو ، هه‌ر به‌و هۆیه‌ له‌ به‌رامبه‌ر لق دابه‌زیم و به‌ هه‌ڵه‌داوان به‌ره‌و شوێنی خۆپیشاندانه‌که‌ چووم ، له‌ ده‌روازه‌ی شه‌قامه‌که‌دا ئۆتۆمبێلێکی گه‌وره‌ی حکومی که‌ لاموابێت هی پۆلیسی هاتوچۆ بوو ، وه‌ک به‌ربه‌ستێک له‌ به‌رده‌م خۆپیشانده‌راندا ده‌روازه‌که‌ی داخستبوو ، چه‌ند هه‌نگاوێکم مابوو بگه‌مه‌ لای شۆفێره‌که‌ی وه‌ک ئه‌وه‌ی په‌رله‌یه‌کی وه‌رگرتبێت به‌ خێرایی ده‌روازه‌که‌ی واز کرد و به‌ هروژم خۆپیشانده‌ر رژانه‌ سه‌ر شه‌قامی سالم .
من له‌وکاته‌دا چومه‌ سوچی خواروی ده‌روازه‌که‌ و راوه‌ستام و چاوم بۆ هه‌ندێ هاوڕێ ده‌گێڕا که‌ لاموابوو به‌شداریان کردبێت ، به‌ڵام که‌سێکم له‌وانه‌ نه‌بینی ، به‌ڵکو ئه‌وه‌ی که‌ ده‌مبینی ژماره‌یه‌کی زۆری لاو بوو، زۆر به‌ ده‌گمه‌ن تیایاندا بوو له‌ سه‌رو ته‌مه‌نی 20 ساڵ ، هاواریان ده‌کرد (چۆڵیکه‌ ئه‌و کورسیه‌ ، میله‌ت هه‌موی برسیه‌!) زۆر خێرا هه‌ستمکرد که‌ ئه‌مخۆپیشاندانه‌ بێبه‌رنامه‌ و بێئاراسته‌ و بێسه‌رپه‌رشته‌ .. هه‌ستمکرد به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌رنامه‌یه‌کی دیریکراو ، نوسراو ، په‌یماندار و یه‌کڕا نیه‌ ، به‌ڵکو ده‌تتوانی له‌ هه‌ر یه‌که‌یاندا به‌رنامه‌یه‌ک ، داوایه‌ک ، ئاراسته‌یه‌ک ، نوسراوێک ، په‌یمانێک هه‌ستپێبکه‌یت .. بۆ یه‌که‌م جارم بوو خۆپیشاندانێک ببینم ئه‌وه‌نده‌ عه‌فه‌وی بێت ، هه‌ندێک جزدانی خاڵی به‌رزکردبووه‌وه‌ و هه‌ندێک په‌یامی دژ به‌ گه‌نده‌ڵی و هاوار و دروشمی جۆراو جۆریش ده‌بیسرا ، هه‌بوو ده‌یوت چاکسازی ، هه‌بوو ده‌یوت بڕوخێ ، هه‌بوو ده‌یوت ده‌یگۆڕین ، هه‌بوو ده‌یوت ووووو هه‌بوو هیچی نه‌ده‌وت و دوای قه‌ره‌باڵخیه‌که‌ که‌وتبوو ، گوێم لێبوو جوێن به‌ ده‌سه‌ڵات ده‌درا ، گوێشم لێبوو جوێن به‌ ئۆپۆزسیۆن ده‌درا …. له‌و کاته‌دا مۆبایله‌که‌م زه‌نگی لێدا ، هاوڕێیه‌کی ئازیزم بوو وتی من له‌ نزیکی سه‌رام و وه‌ره‌ بۆ ئه‌وێ ، له‌به‌ر هاوڕێکه‌م و له‌به‌ر ئه‌وه‌ش هه‌ستم به‌ نا ته‌ندروستی خۆپیشاندانه‌که‌ کرد ،به‌ پێچه‌وانه‌ی ئاراسته‌ی خۆپیشاندانه‌که‌وه‌ به‌ره‌و سه‌را به‌رێ که‌وتم ، به‌ڵام پاشان زانیم من هه‌ڵه‌بووم که‌ به‌ ناته‌ندروست و بێبه‌رنامه‌م زانیوه‌ ، ئاخر مرۆڤ هه‌میشه‌ بۆ دروستی و نادروستی‌ فۆرمێکی زیهنی خۆیی هه‌یه‌و ئیدی دروستی و نادروستی له‌ واقیعدا به‌و فۆرمه‌ زیهنیه‌‌ ده‌پێوێت ، دروستی ئه‌م خۆپیشاندانه‌ له‌وه‌دا بوو که‌ خۆپیشاندانێکی نادروست بوو چونکه‌ خودی دروستی خۆپیشاندان  خۆی ماناکانی له‌ده‌ستدابوو له‌م وڵاته‌دا ، به‌رنامه‌ی گه‌وره‌ی ئه‌م خۆپیشاندانه‌ له‌وه‌دابوو که‌ بێ به‌رنامه‌یه‌کی دیاریکراوی گشتی و حیزبی رێکخراو ئاراسته‌ی وه‌رگرتبوو… ئاخر من تا ئه‌وکاته‌ وامده‌زانی خۆپیشاندان ده‌بێت هه‌ندێ سه‌رکرده‌ و مه‌لاو پیاوماقوڵ و هوتافکێش و ردێن سپی و ئه‌فه‌ندی له‌ پێشیه‌وه‌ بڕوات و ئاراسته‌ی بکات …
دوای ئه‌وه‌ی گه‌شتمه‌ لای هاورێکه‌م و داوه‌تی کردم بۆ شیرینی خواردن ، هه‌ر له‌و ساته‌دا گوێم له‌ ده‌سڕێژی ته‌قه‌ بوو .. به‌خێرایی له‌گه‌ڵ هاوڕێکه‌مدا به‌ ئاراسته‌ی ده‌نگی ته‌قه‌کان که‌وتینه‌ڕا ،یه‌ک له‌سه‌ر یه‌کیش مۆبایله‌که‌م زه‌نگی لێده‌دا و نه‌مده‌توانی وه‌ڵامی هه‌مویان بده‌مه‌وه‌ ، هه‌موو ئه‌وانه‌ی که‌ تا کۆتایی په‌یوه‌ندیان پێوه‌ ده‌کردم له‌ خێزان و خزم و هاوڕێ و دڵسۆزانم بوون ، هه‌موو ئه‌وانه‌ بوون که‌ له‌ توڕه‌ییم له‌ ده‌سه‌ڵات تێگه‌یشتبوون ، ئه‌وانه‌ بوون که‌ ده‌یانزانی ده‌بێت له‌ ناو خه‌ڵک بم ..
 من نه‌مویست هاوڕێکه‌م له‌ ناوچه‌ مه‌ترسیداره‌که‌ نزیک بێته‌وه‌ له‌ کاتێکدا که‌ ئه‌و خاتون بوو و هیچ خاتونێکیش له‌ناو خۆپیشانده‌راندا نه‌بوو و ئیدی ته‌نها ده‌مزانی که‌ خانمانی ئێمه‌ زۆر شیاو نین بۆ ئه‌و جۆره‌ بارودۆخانه‌ و خۆشه‌ویستیم بۆ ئه‌و و بۆ ئه‌وه‌شی نه‌بێت به‌ ته‌وق به‌ ملمه‌وه‌ و رێ له‌ ئازادی جوڵه‌کردنم نه‌گرێت تکام لێده‌کرد که‌ بچێته‌وه‌ به‌ره‌و ماڵه‌وه‌ و ئه‌و ناوه‌ جێ بهێڵێت ، ئه‌ویش به‌ هه‌مان شێوه‌ نه‌یده‌ویست من زیاتر نزیکبمه‌وه‌ ، خۆلاسه‌ هاوڕێی ئازیزم داواکه‌ی منی په‌سه‌ند کرد و رۆی..
هه‌رچه‌نده‌ ناوبه‌ناو ده‌سڕێژی گوله‌ ده‌کرا به‌ڵام هه‌رچۆن بوو خۆم گه‌یانده‌ کتێبخانه‌که‌ی کاک ئه‌نۆر له‌سه‌ر سوچی رۆژهه‌ڵاتی لق .. له‌وێدا هه‌ستم به‌ مه‌ترسیکرد و کشامه‌وه‌ بۆ ناو باخیگشتی ، ناو به‌ناو روداوه‌که‌ و هۆی سه‌رهه‌ڵدانی گرژیه‌که‌م له‌ خه‌ڵکی ده‌پرسی ، هه‌رچه‌نده‌ حیکایه‌ته‌کان جۆراو جۆر بوون ، به‌ڵام به‌گشتی وا دیار بوو که‌ خۆپیشانده‌ران کاتێک به‌ به‌رده‌م لقدا تێده‌په‌ڕن به‌ هوتافکێشان و هیچ ئامانجێکی راسته‌وخۆیان لق نه‌بووه‌ و به‌ڵکو پاش ئه‌وه‌ی زیاتر له‌ سێ له‌ چواری خۆپیشانده‌ره‌کان به‌ به‌رده‌م باره‌گاکه‌دا تێده‌په‌ڕن له‌ دواوه‌ سه‌ره‌تا ده‌مه‌قاڵه‌ و دوایی شه‌ڕه‌به‌رد و پاشانیش ده‌سرێژی گوله‌ ده‌ست پێده‌کات ، پێمگوتن قوربانی هه‌یه‌ یان نا؟ که‌سێک له‌ ته‌نیشتم وتی به‌ڵێ هه‌یه‌ من ته‌سویری یه‌کێک له‌ کوژراوه‌کانیشم کردووه‌ ، مۆبایله‌که‌ی ده‌رهێناو پیشانیدام بینیم که‌ لاوێک که‌ بلوسێکی سوری له‌ به‌ردایه‌ که‌وتووه‌ و خۆینێکی زۆر له‌ سه‌ریه‌وه‌ قوڵپی داوه‌ ، دوایی ده‌رکه‌وت که‌ ئه‌و گرته‌یه‌ی من له‌و کاته‌دا بینیم هه‌مان ئه‌و که‌سه‌ بوو که‌ راگه‌یاندنه‌کان ئاشکرایان کرد که‌ نه‌مردووه‌ و توشی غه‌یبوبه‌ بووه‌ …
من له‌و کاته‌دا ته‌نها ده‌مویست ببینم ، چاودێری بکه‌م .. خه‌ڵکانێکی زۆر هه‌بوون له‌ گوله‌ سڵیان نه‌ده‌کرده‌وه‌ و شه‌پۆلیان ده‌دا به‌ره‌و قوڵایی گۆڕه‌پانه‌که‌ .. هه‌موو به‌ یه‌کجار ده‌یانگوت ووووووو ، ئه‌م ووووووو-ه‌ش هێنده‌یتر پاسه‌وانه‌کانی ئیستیفزاز ده‌کرد و له‌گه‌ڵ هه‌موو ووووووو ێکدا ده‌سڕێژێکیان ده‌کرد … له‌مکاتانه‌دا پۆلیسی چالاکیه‌ مه‌ده‌نیه‌کان و ئۆتۆمبێلی فریاکه‌وتنی ته‌ندروستی گه‌شتنه‌ ناوچه‌که‌ به‌ڵام که‌ ده‌سڕێژ ده‌کرا پۆلیسه‌کان پێش خۆپیشانده‌ران رایانده‌کرد … له‌ ناو خۆپیشانده‌راندا خه‌ڵکانێک هه‌بوون داخی خۆیان به‌ ئۆتۆمبێلی فریاکه‌وتنی ته‌ندروستی ده‌ڕشت و به‌ پێله‌قه‌ و دار و به‌رد ده‌که‌وتنه‌ ئۆتۆمبێله‌کان … ئیدی خۆم پێنه‌گیرا و که‌وتمه‌ هێورکردنه‌وه‌ی خه‌ڵک ، هاوارم ده‌کرد تکایه‌ له‌ لق نزیک مه‌بنه‌وه‌ ، ئه‌وان چه‌کیان پێیه‌ و وه‌ک دیاره‌ ده‌ستیس ناپارێزن .. ئه‌تانکوژن ، تکایه‌ واز له‌ ئۆتۆمبێله‌کانی فریاکه‌وتنی ته‌ندروستی بهێنن و رێگه‌یان بده‌ن با کاری خۆیان بکه‌ن .. به‌ڵام ده‌یانوت : با بمانکوژن .. تازه‌ واز ناهێنین خوێن ڕژاوه‌ … ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی تۆ به‌ فریاگوزاری ته‌ندروستیان ده‌زانیت بینیومانه‌ که‌ پسه‌وانی لق ده‌با و ده‌هێنێت …؟!
له‌وکاتانه‌دا ، له‌ گه‌رمه‌ی ده‌ستڕێژدا ، له‌ ناوه‌ڕاستی شه‌قامه‌که‌دا خانمێک سه‌رنجی راکێشام ، ئه‌م خاتونه‌ به‌ قژ و قیافه‌یدا پێده‌چوو رۆژنامه‌نوسێکی بیانی بێت ، بوێری وا مه‌گه‌ر هه‌ر بۆ رۆژنامه‌نوسێک باشبێت که‌ له‌ کوردستان و له‌ به‌رده‌م لقدا بێت ، جوان دیاربوو که‌ له‌ پشتیه‌وه‌ فیشه‌ک به‌ر دیواره‌کان ده‌که‌وتن ، که‌چی ئه‌م خانمه‌ نه‌ده‌نه‌ویه‌وه‌و چاوی له‌سه‌ر کامێراکه‌ی هه‌ڵنه‌ده‌گرت ، هه‌ر له‌ هه‌مانکاتدا چه‌ندین رۆژنامه‌نوسی خۆمانه‌م ده‌بینی ده‌یانقوچاند و کونه‌ مشکیان لێببوو به‌ قه‌یسه‌ری  .
چه‌ند جارێک بڕیارمدا بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ ، یاخود به‌هه‌ر لایه‌کی تردا بچم و ئه‌و گۆڕه‌پانه‌ جێبهێڵم ، هه‌ندێجار به‌ شه‌قامی مه‌وله‌ویدا و هه‌ندێجار له‌ کۆڵانه‌کانی عه‌للافه‌کانه‌وه‌ و هه‌ندێجاریش له‌ شه‌قامی به‌ریده‌که‌وه‌ ملی رێمده‌گرت و چه‌ند ده‌مه‌ترێک رێمده‌بڕی ، له‌ هه‌موو ئه‌وجارانه‌دا ده‌سڕێژێکی نوێ ده‌کرا و له‌گه‌ڵ هه‌موو ده‌سڕێژێکدا خه‌ڵکانێک هه‌بوون پێده‌که‌نین ، هه‌بوو دیسان ده‌یگوته‌وه‌ ووووووو ، هه‌بون مات ده‌بوون و هه‌ناسه‌یان هه‌ڵده‌کێشا ، من قوڵپ قوڵپ ده‌گریام و خۆمم ده‌کرۆشت ، به‌ڵام هیچ که‌سێکی دیکه‌م نه‌ده‌بینی بگری .. بۆیه‌ منیش زۆر هه‌وڵمده‌دا و کۆنترۆڵی خۆممده‌کرد .. زۆرم پێسه‌یر بوو که‌ که‌س نه‌ده‌گریا ، شیوه‌نی نه‌ده‌کرد .. له‌ یادمه‌ بۆ یه‌که‌مجار که‌ له‌ پێکداهه‌ڵپرژانه‌کانی کوردستاندا ، له‌وکاته‌دا که‌ پارتی هێرشی کرده‌ سه‌ر باره‌گای سه‌ره‌کی حیزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان (حسک) له‌ ناوراستی نه‌وه‌ده‌کاندا له‌ نزیک ئاماده‌یی سلێمانی ، به‌ رێکه‌وت بووم به‌ بینه‌ری ئه‌و پێکدادانه‌ توندوتیژانه‌ ، ژنێکی گه‌نجم بینی پڕ به‌ گه‌روی ده‌گریا … پێموابێت ئه‌وه‌ یه‌که‌م جار و دواجاریش بوو که‌ له‌ پێکدادانه‌کاندا که‌سێک ببینیم له‌باتی ئه‌وه‌ی پێبکه‌نێ و هوتاف بکێشێت و بڵێت وووووووو ، بگری ! به‌ڵێ له‌وه‌ ده‌چێت من شه‌ره‌فی ئه‌وه‌م هه‌بێت که‌ ره‌نگه‌ یه‌که‌م که‌س بووبم له‌م خۆپیشاندانه‌دا که‌ گریابم .. به‌مدواییانه‌ شه‌ڕه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی کێ یه‌که‌م نوسه‌ر بوو هاته‌ ریز ، کێ یه‌که‌م هونه‌رمه‌ند بوو ، کێ یه‌که‌م ئه‌ندام پارله‌مان ، مامۆستا ، که‌بابچی ، دوکاندار بوو که‌ هاته‌ ریزی خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ …. به‌ڵام هیوادارم من یه‌که‌م گریاوی ناو ئه‌م خۆپیشاندانه‌ بم …..
له‌ هه‌موو ئه‌وجارانه‌ی که‌ هه‌وڵمدا روداوه‌کان جێبهێڵم ، سه‌رکه‌وتوو نه‌بووم .. تا دره‌نگانێکی شه‌و مامه‌وه‌ هه‌رچه‌نده‌ ته‌واوی ئه‌و شه‌وه‌ ئارامی شار شپرزه‌بوو به‌ڵام به‌ره‌و ئارامی ده‌چوو .
له‌مڕۆژه‌دا هه‌ستمکرد جه‌ماوه‌رێک هه‌یه‌ ناڕازی و توڕه‌ ، چالاک و قسه‌که‌ر و داکۆکیکه‌ر له‌ داواکانی ئه‌گه‌ر بشکوژرێن هه‌ر به‌ره‌وپێش ده‌ڕۆن ، ناترسن و په‌شیمان نابنه‌وه‌ .. نه‌ترسانیان نیشانه‌ی ئه‌وه‌ بوو که‌ له‌م وڵاته‌دا ئه‌مانه‌ خاوه‌نی هیچ نین و هیچیش خاوه‌نی ئه‌مان نیه‌ .. ئه‌مانه‌ زۆر بێ که‌ره‌سته‌ و بێکه‌س بوون ، من هیچ که‌سێکم نه‌بینی خاوه‌نیان بێت … هیچ که‌ره‌سته‌یه‌کم نه‌بینی به‌ ده‌ستیانه‌وه‌ بێت.. ئه‌وان له‌ مه‌رگ نه‌ده‌ترسان .. مه‌رگ له‌وانده‌ترسا…
له‌ ناو خۆپیشاندانه‌که‌دا چه‌ندین جار به‌ مۆبایله‌که‌م رادیۆم کرده‌وه‌ تا بزانم کێ خاوه‌نی ئه‌مه‌یه‌ .. چ که‌ناڵێک له‌ خه‌می ئه‌و خه‌ڵکه‌دایه‌… کێ هه‌وڵده‌دا هێوری بکاته‌وه‌ .. نه‌ک هه‌ر ئه‌مه‌ هیچ رادێۆیه‌ک نه‌بوو له‌ خه‌به‌ری ئه‌وه‌دابێت .. کاتێکیش هاتمه‌ ماڵه‌وه‌ که‌ناڵه‌ بینراوه‌کانم بینی چه‌ند خه‌مسارد بوون له‌ گواستنه‌وه‌ی ئه‌م ڕوداوه‌دا و دواجاریش خاس و خراوپیان به‌ گێره‌شێوێنی روداوه‌که‌یان ته‌عن کرد … په‌نام وه‌به‌ر ئینته‌رنێت برد ، خۆشبه‌ختانه‌ هه‌ندێ ماڵپه‌ڕ روداوه‌که‌یان به‌خێرایی ده‌گواسته‌وه‌ ، دواتریش بۆمده‌رکه‌وت که‌ فه‌یسبوک خاوه‌نی راسته‌قینه‌ی ئه‌م روداوانه‌یه‌ .. خه‌مخۆری ئه‌م لاوانه‌ن ، ته‌نانه‌ت کۆمێنتی یه‌کێک له‌ هاوڕێکانم بینی نوسیبوی ؛ هه‌رچه‌نده‌ ماوه‌یه‌کی زۆره‌ خۆبه‌خشانه‌ کار بۆ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌که‌م به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌ ماوه‌ی دوو رۆژدا بزوتنه‌وه‌ی گۆران نه‌یه‌ته‌ سه‌ر خه‌تی دیفاعکردن له‌م خه‌ڵکه‌ ، ئه‌وا بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ واز له‌ سیاسه‌ت ده‌هێنم … هه‌ستمکرد مه‌ڵبه‌ند و باره‌گای ئه‌م لاوانه‌ فه‌یسبووکه‌ ،
هیچکاتێک هه‌ستی خێڵ و ناوچه‌ و شارچێتی به‌سه‌رمدا زاڵ نه‌بووه‌ ، ته‌نانه‌ت هیچکاتێک هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تیم وای نه‌کردووه‌ رقم له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کی تریش بێت ، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ڕقم له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ بووه‌ به‌ بنه‌ماڵه‌چێتیشه‌وه‌ !.. هه‌رچه‌نده‌ ماوه‌یه‌کی زۆر بوو هه‌ستم به‌وه‌ده‌کرد به‌ چه‌ندین پاساوی جۆراوجۆره‌وه‌ سلێمانی فه‌رامۆش و بێنرخده‌کرێت ، ئه‌مه‌ش دڵگرانی کردبووم ، به‌ڵام ئه‌و ئێواره‌یه‌ له‌ هه‌رکات زیاتر هه‌ستمکرد سلێمانی بۆ گۆشه‌یه‌کی دوری ئه‌م گه‌ردونه‌ فڕێدراوه‌ ، هه‌ستمکرد ده‌بێت به‌زه‌ییم به‌ سلێمانیدا بێته‌وه‌ نه‌ک هه‌ر خۆشه‌ویستی .. دڵگرانی ئه‌وه‌ بووم که‌ نه‌مده‌توانی رێگه‌ بگرم که‌ خه‌ڵک نه‌کوژرێت .. دڵگرانبووم له‌وه‌ی که‌ نه‌مده‌توانی هه‌رچی چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی هه‌یه‌ له‌م شاره‌دا بیبه‌مه‌ سه‌ر سنوره‌کانی کوردستاندا یان هه‌ر به‌ ته‌واوی توڕی بده‌مه‌ ده‌ره‌وه‌ … دڵگران بووم که‌ سیاسیه‌ک ، مه‌لایه‌ک ، ریشسپیه‌ک ناکه‌وێته‌ به‌ینه‌وه‌ … دڵگرانتر بووم که‌ دوایی هه‌مویان وتیان ئامانه‌ ئاژاوه‌گێڕن …

پاش چه‌ند رۆژێک هه‌ندێک رۆشنبیری کاریگه‌ر و فره‌ خوێنه‌ر رای خۆیان به‌یان کرد و ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین کاریگه‌ری هه‌بوو له‌سه‌ر گه‌وره‌کردنی حه‌جمی جه‌ماوه‌ری خۆپیشانده‌نه‌که‌ و دڵنیاییه‌کیشی بۆ خۆپیشانده‌ران مسۆگه‌ر کرد ، ئه‌ڵبه‌ت له‌ ته‌واوی دنیادا که‌م تا زۆر خه‌ڵکی چاوه‌روانی ده‌م و قه‌ڵه‌می رۆشنبیره‌کانیان ده‌که‌ن و شتێک که‌ دڵنیا نین له‌وه‌ی که‌ چاک ده‌که‌ن یان خراپ ، سه‌بر ده‌گرن و گوێهه‌ڵده‌خه‌ن تا ئه‌وان بێنه‌ قسه‌ و له‌ راڕایی ده‌ربازیان بکه‌ن ، سه‌رباری ئه‌مه‌ش هه‌ندێ رۆشنبیر که‌وه‌ک پێشه‌وای عه‌قڵ ده‌رده‌که‌ون له‌ کۆمه‌ڵگایه‌کدا ، چه‌ندین قه‌ڵه‌مبه‌ده‌ستی دیکه‌شیان هه‌یه‌ که‌ پاش ئه‌وه‌ی رابه‌ر قسه‌ی کرد ، ئیدی هه‌موو ده‌که‌ونه‌ جوینه‌وه‌ و فرێدانه‌وه‌ی قسه‌کانی له‌ به‌رگ و شێوه‌ی جیاوازدا .. پێده‌چێت مه‌لاکان و که‌سایه‌تیه‌کانیش هه‌ر هه‌مان رۆڵ و شێوازیان هه‌بێت ، مه‌لایه‌ک و که‌سایه‌تیه‌ک دێن و سه‌دان مه‌لا و که‌سایه‌تی به‌ دوایاندا .. وادیاره‌ ئێمه‌ی کورد به‌بێ رابه‌ر ناژین ، نوسه‌ره‌کان رابه‌ریان هه‌یه‌ ، مه‌لاکان رابه‌ریان هه‌یه‌ ، ئه‌ندازیاره‌کان و مامۆستا و پزیشکه‌کان رابه‌ریان هه‌یه‌ ، ئه‌مانه‌ هه‌ریه‌ک خۆیان به‌ رابه‌ر ده‌زانن و به‌ڵام هه‌موو پێکه‌وه‌ و ده‌سته‌ ده‌سته‌ ده‌بنه‌وه‌ شوێنکه‌وتوی رابه‌ره‌کانیان ..
وه‌لێ سه‌ربار خه‌ڵکانێک دێنه‌ ناو شه‌پۆله‌که‌وه‌ که‌ ئه‌گه‌رچی دڵسۆز به‌ په‌یام و بزوتنه‌وه‌که‌ش بن ، به‌ڵام له‌ناخدا نیازیان هه‌ر نیازی خۆ قه‌به‌کردنه‌ به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ک گه‌وره‌تر له‌ حه‌جمی خۆی ، هه‌ر زوو چه‌ندین که‌س و لایه‌ن له‌ ناو خۆپیشاندانه‌که‌دا‌ ده‌رکه‌وتن که‌ پێده‌چێت له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی داهاتوشدا له‌ قائیمه‌دا ده‌ربکه‌ونه‌وه‌ وه‌ک کاندید و هه‌ڵوێستیان وه‌ک منه‌ت به‌ جه‌ماوه‌ر بفرۆشنه‌وه‌ ، ئه‌مانه‌ شه‌ر ده‌که‌ن له‌سه‌ر مایک و وتاری خاڵی و بێمانا .. خۆ قوتده‌که‌نه‌وه‌ بۆ مقابه‌له‌ی ته‌له‌فیزیۆنی و دیداری تایبه‌تی ، هه‌ندێ رۆشنبیر به‌و رێگه‌یه‌ ژماره‌ی خوێنه‌ره‌کانیان زیاد ده‌که‌ن .. هه‌ندێ حیزب بنکه‌ی جه‌ماوه‌ری خۆیی پێفراوانده‌کات و هه‌ندێ بسته‌باڵاش باڵای خۆیانی پێ به‌رزده‌که‌نه‌وه‌ ..
ئێستا به‌ پێچه‌وانه‌ی 17ی شوباته‌وه‌ که‌ که‌س خاوه‌نی خۆپیشانده‌ر نه‌بوو سه‌دان خاوه‌نی هه‌یه‌ که‌ ژماره‌یه‌کیان که‌سانی هه‌لپه‌رست زیاتر هیچی تر نین ،ئێستا جیاواز له‌ سه‌ره‌تا که‌ که‌س جورئه‌تی ئه‌وه‌ی نه‌ده‌کرد بڵێت گێره‌شێوێن نێن! ده‌یان شیعر و شانامه‌ به‌ خۆپیشانده‌راندا هه‌ڵده‌گوترێت که‌ ریکلامێکی پێشوه‌خته‌ ده‌بن بۆ هه‌ندێ که‌س و لایه‌ن بۆ ده‌نگڕاکێشانی جه‌ماوه‌ر بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانی دادێ، ئێستا به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی که‌ که‌س نه‌یده‌وێرا سه‌یری ناوچاوی پۆلیسێک بکات له‌ دوعای ئه‌وه‌دایه‌ که‌ په‌لکێشی زیندان بکرێت و ببێته‌ پاڵه‌وانی زیندان ..
ئێستا به‌رده‌رکی سه‌را ئه‌گه‌رچی بۆ هه‌ندێک مه‌یدانی ئازادی و داکۆکییه‌ ، به‌ڵام بۆ هه‌ندێکیدی مه‌یدانی زۆرانبازی و پاڵه‌وانێتیه‌ ، رۆژانه‌ له‌وێ چه‌ندین پاڵه‌وان له‌ سه‌ر شانۆی هه‌ڵوێست  ده‌رده‌که‌ون ، پاڵه‌وانی جورئه‌ت ، پاڵه‌وانی قه‌ڵه‌م ، پاڵه‌وانی په‌یامنێر ، پاڵه‌وانی پارله‌مانتار ، پاڵه‌وانی که‌سایه‌تی ، پاڵه‌وانی پزیشک و ئه‌ندازیر و مه‌لا و به‌قاڵ … ئه‌م پاڵه‌وانانه‌ له‌ سه‌ر شانۆی هه‌ڵوێست ده‌رده‌که‌ون  ئه‌مما سیناریۆی خۆیان هه‌یه‌ و ته‌نانه‌ت ده‌رهێنه‌ر و ئه‌کته‌ریشیان له‌گه‌ڵدایه‌ …
ئه‌وه‌ی سه‌یره‌ هه‌ندێک له‌مانه‌ مه‌یدانی شه‌ڕه‌کانی خۆیان له‌ته‌ک یه‌کدیدا گواستۆته‌وه‌ بۆ سه‌ر شانۆکه‌ ، هه‌ندێ رؤشنبیر که‌ له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی رۆژنامه‌کان شه‌ڕی خۆیانیان بۆ یه‌کلایی نه‌کراوه‌ته‌وه‌ ئێسته‌ له‌وێ ده‌یانه‌وێت یه‌کتری ببه‌زێنن … به‌ر له‌وه‌ی بۆ ئه‌وه‌ ئاماده‌بن که‌ هه‌ڵوێست ده‌نوێنن ، به‌ڵکو بۆ ئه‌وه‌ ئاماده‌ن تا هه‌ڵوێستی ئه‌وی دی بخه‌نه‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ ، بۆ ئه‌وه‌ ئاماده‌ نیه‌ که‌ ئیمانی خۆی به‌یان بکات ، زیاتر بۆ ئه‌وه‌یه‌ نیشانه‌ی پرسیار له‌سه‌ر ئیمانی ئه‌وانی دی دابنێت ..‌
ده‌شێت ئه‌م گومانه‌م له‌جێی خۆیدا بێت به‌ڵام هه‌ستیش ده‌که‌م که‌ خه‌ڵکانێک هه‌ر له‌م گروپانه‌ هه‌ن که‌ به‌راستی پاڵه‌وانی ئازادی و هه‌ڵوێستن .. ناکرێت وابزانین ته‌واوی ئه‌و نوسه‌ر و پێشه‌وه‌ر و پارله‌مانتارانه‌ هه‌موو هه‌لپه‌رست بن ، بۆ ئه‌مه‌یان گومانم نیه‌ که‌ ژماره‌یه‌ک هه‌یه‌ جگه‌ له‌ ئیلتیزامی ئه‌خلاقی و سیاسی و رۆشنبیری هیچ نیازێکی ئۆرگانی و تایبه‌تی به‌ ئاماده‌بوونی خۆی نیه‌ له‌ ئاپۆڕاکه‌دا ..

shakhawan_1979@yahoo.com
شاخه‌وان عه‌لی

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.