با ژنانی كوردستان لە رۆژی ٨ ی مارسدا عەرشی ی دەسەڵات بھێننە لەرزین !
ژنانی كوردستان دەبێ زۆر بە ووردی بڕوانە ئەو شۆڕش وخرۆشانە جەماوەریەی كە سەرتاپای ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناورەاستی گرتوەتەوە بە عێراق و كوردستانیشەوە . ئەم شۆرشانە چ لە دنیای عەرەب و چ لە عێراق و كوردستان شۆڕشیكی قەومی یا دینی یا نیشتمانی نین ، شۆرش ھیچكام لەم ناسنامانەی نیە بەلكو شۆڕشێكی ئینسنانیە لە پێناو لە ناوبردنی سەركوتی ئازادی و ناعەدالەتی و نایەكسانیە ، كە دسەڵاتداران بە یاسا و بە ھێزی سوپاو پۆلیس و ئاسایش و میلیشیا دایان سەپاندووە و دەیپارێزێن . گەورەترین سەھمی ئەم نایەكسانیە و جیاكردنەوەی ئینسانەكان لە یەكتر كە دەسەڵات فەرزی كردووە بەرژنان دەكەوێ.
لە عێراق و كوردستان بە ھۆی دەسەڵاتی تاقمە قەومی و دینی و تایفیەكانەوە ئەم نایەكسانیە زۆر زەقتر بەرچاو دەكەوێ ، ملیۆنەھا ژن كە لە ماڵەوە خەریكی بەخێو كردنی ماڵ منداڵن گەورە ترین زەخیرەی لەشكری بێكارین كەچی بە بێ كار حسابیان بۆ ناكرێ ، ژنانێ كە لە سەر كارن ، جگە لەوەی ھەمیشە لە بەردەم ھەرەشەی دەركردندان بە بیانووی ژن بوونیان مووچەكانیان كەمتر بۆ حساب دەكرێ لە چاو پیاواندا بۆ ھەمان كار . ژنان ئازاد نین لە دیاری كردنی شەریكی ژیانیان و ئازاد نین لە بریاری ھەڵبژاردنی ژیانی ھاوبەش لە گەڵ ھەركەسێك خۆی خۆشی بوێ ،تەڵاق بە دەست پیاوە، یاسا لە پشت پیاوە وپیاو بۆی ھەیە چەند ژنی ھەبێ . ژنان بە ھۆی بوونی ئەم دەسەڵاتەوە یا تیرۆر دەكرێن كە ھەندێكیان راستەوخۆ لەلایەن چەكدارە میلیشیاكانەوە یا لە لایەن بە ناو پێشمەرگە وە یا بە ھۆی باوك و مام و براو كورەوە دەكوژرێن ، یا ژنان بێ ئومید دەبن و خۆیان دەسوتێنن .
ھەربۆیە رۆژی ٨ی مارس دەبێ زەنگی نەمانی ئەم ناعەدالەتی ونایەكسانی و سەركوتە بێ ، ژنان شانبەشانی پیاوانی ئازادیخواز و یەكسانی خواز ، شان بەشانی خەلكی راپەریو دەبێ بێنە مەیدان برژێنە سەر جادەكان ، بە دەنگی ژنانەی خۆیان پڕ گەروویان ھاوار بكەن بەسە ئەم باوردۆخە . ژن ئینسانە و مافی ئینسانی خۆی دەوێ ، نا بۆ ئەو ھێزو تاقمانەی ئەم ھەلومەرجە پڕ لە نایەكسانی و ناعەدالەتیان بە سەر ئێمەدا سەپاندووە .بەڵی بۆ دەسەڵاتێكی سیكۆلاریست و مەدەنی ، نا بۆ تاریكی بەڵی بۆ ڕووناكی.
ھەروەھا ژنان دەبێ ئەو راستیە بزانن بە نەمانی دسەڵاتدارانی موفتە خۆر و تێروتەسەل و تالانچی و مافیایی ئەوان رزگار دەبن و ئازاد دەبن . بۆیە ھاتنە دەرەوە لە ماڵ و چونە سەر جادەیان ھاوشانی خەلكی كوردستان بووەتە پێویستیەكەی حەتمی ، ئەمە وا دەكات سەركەوتنی شۆڕش نزیك تر بكاتەوە، گوڕوتین بە شۆڕش بدات رزگاری كۆمەڵگا بە بێ بەشداری ژنان ناكرێ ، كۆمەڵگاش بە بێ ئازادی ژنان ، ھەرگیز ئازاد نابێ .
٢٨ی شوبات٢٠١١
سەردار عەبدوڵا حەمە