به‌راوردێک له نێوان داخوازییه‌کانی مه‌یدانی ئازادی و …
به‌راوردێک له نێوان داخوازییه‌کانی مه‌یدانی ئازادی و داخوازییه‌کانی هه‌ر سێ حیزبی ئۆپۆزیسیوندا
گومانی تێدانیه که هه‌ردوو پڕۆژه‌که کۆمه‌ڵێک خاڵی زۆر باشیان له خۆگرتووه، ئه‌گه‌ر ئه‌و خاڵانه نه‌ک له‌ماوه‌ی 2 مانگدا وه‌ک له پرۆژه یاساکه‌ی هه‌رسێ حیزبی ئۆپۆزیسیون(گۆڕان و یه‌کگرتوو و کۆمه‌ڵ) هاتووه که پێویسته جێبه‌جێبکرێت، به‌ڵکو ئه‌گه‌ر له ماوی 6 مانگدا جێبه‌جێبکرێت، لاموایه خه‌ڵکی کوردستان به شێوه‌یه‌کی گشتی له کۆمه‌ڵێک کێشه ڕزگاریان ده‌بێت و ژیانێک دێته پێشه‌وه بۆ خه‌ڵک که زۆرێک له به‌ها کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان و ڕێزی سیاسی بگه‌ڕێته‌وه بۆ خه‌ڵک، له لایه‌کی تریش خه‌ڵک ده‌په‌رژێته سه‌ر ئه‌وه‌ی که ووردتر و ڕوونتر بتوانێت له ژیانی داهاتووی خۆی بڕوانێت و ئازادیه‌ک بێته ئاراوه که هه‌میشه بتوانێت داوای گۆڕانکاریی زیاتر و زیاتر بکات. هه‌ڵبه‌ت زۆرێک له خاڵه‌کانی هه‌ردوو پرۆژه‌که وه‌ک یه‌ک وان، ته‌نیان له ڕووی داڕشتنه‌وه ڕه‌نگه جیاوازیه‌کیان هه‌بێت، بۆیه ئه‌و خاڵانه‌ی که‌وه‌ک یه‌ک وان من ئاماژه‌یان پێناده‌م، ته‌نیا ئاماژه به‌و خاڵانه ده‌ده‌م که له پرۆژه‌ی مه‌یدانی ئازادی‌دا(پڕۆژه‌ی خۆپیشانده‌ران) هه‌یه و له پڕۆژه‌ی ئۆپۆزیسوێندا نیه!. ئه‌وه‌ش به ڕای من هۆکاری خۆی هه‌یه بۆیه له‌گه‌ڵ په‌نجه‌خستنه سه‌ریان هۆکاره‌کانیشیان به پێی توانا ده‌ستنیشان ده‌که‌م. پێش ئه‌وه‌ی بێمه سه‌ر ئه‌و خاڵانه‌ش ده‌مه‌وێت ئه‌وه بڵێم که هه‌ردوو پرۆژه‌که گۆڕانکاریی حکومه‌ت و په‌رله‌مان و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمیان له خۆ نه‌گرتووه، ئه‌مه له کاتێکدا که بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له پڕۆژه 7 خاڵیهکهیاندا داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حکومه‌ت و په‌رله‌مانیان کردووه.
دواتریش ده‌ستخۆشی له به‌ڕێز (چۆمان هه‌ردی) ده‌که‌م که له نووسینێکی ڕه‌خنه‌گرانه‌دا په‌نجه‌ی خستۆته سه‌ر که‌مووکوڕیه‌کانی پرۆژه‌که‌ی مه‌یدانی ئازادی، که له هه‌موویان زیاتر به‌لای منه‌وه ئه‌و ڕه‌خنه‌یه زۆر له جێگه‌ی خۆیدایه که باس له نه‌بوونی هیچ ئاماژیه‌ک بۆ چاکردنی باری ده‌روونی و مادیی که‌س وکاری ئه‌نفالکراوان و کیمیابارانکراوانه. ئه‌م له کاتێكدا که گه‌نجان و خه‌ڵکی گه‌رمیان و هه‌ڵه‌بجه له پێشه‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌کاندان و چه‌ندین جار پێش 17 .2 خۆپیشاندانیان کردووه و ناڵه‌ی خۆیان گه‌یاندووته هه‌موو لایه‌ک و دهستپێشهخهرییان کردوه له دروستبوونی ده‌نگی گشتی و به‌رزکردنه‌وه‌ی ده‌نگی ئۆپۆزیسوێنی سه‌رشه‌قامه‌کان.
ده‌مه‌وێت پێش ئه‌وه‌ی بێمه سه‌ر به‌راوردی هه‌ردوو پرۆژه‌که ئه‌وه بڵێم که هه‌ردوو پرۆژه‌که گۆڕانی سیسته‌م و عه‌قڵیه‌تی مۆدێلی حیزبی و ده‌سه‌ڵات نیه له کوردستاندا، بڕواناکه‌م له حاڵه‌تی جێبه‌جێکردنی سه‌رجه‌م خاڵه باشه‌کانی هه‌ردوو پرۆژه‌که‌شدا، ئه‌و دیموکراتی و ئازادیی و دادپه‌روه‌رییه بێته ئاراوه که هه‌موومان به ئاواته‌وه‌ین بۆی، به‌ڵام وه‌ک ئاماژه‌م پێدا له چه‌ند دێری یه‌که‌می ئه‌م نووسینهمهدا ئه‌مه سه‌ره‌تایه‌کی باشه بۆ گۆڕینی سیسته‌م و عه‌قڵیه‌تی پاوانخوازی و تێکه‌ولێکه‌ی حیزب و حکومه‌ت و که‌مکردنه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و فه‌راهه‌مکردنی زیاتری دیموکراتی و ئازادی و یه‌کسانی و دادپه‌روه‌ریی، بۆیه جێگه‌ی دهستخۆشیمه بۆ هه‌ردوو پرۆژه‌که. به‌ڵام زۆر گرنگه که خه‌ڵک به گشتی و گۆڕانخوازان به تایبه‌تی ئاگاداری ئه‌وه بن که ده‌نگی خۆپیشانده‌ران و پڕۆژه‌که‌یان زۆر زۆر ڕادیکاڵانهتره له پرۆژه‌ی حیزبه‌کان، پێوسته هه‌موو خه‌ڵک و گۆڕاخوازان ده‌نگی خۆیان بخه‌نه پاڵ ده‌نگی به‌رزی سه‌ر شه‌قامه‌کانی سلیمانی خۆشه‌ویست و پشت به حیزبه ئۆپۆزیسوێنه‌کان زۆر نه‌به‌ستن، له‌گه‌ڵ ڕێزی تایبه‌تیم بۆ هه‌ر 25 پهرلهمانتهرهکهی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، که به‌ڕاستی ته‌نیا گه‌شبینیه‌ک که مابێت له بزووتنه‌وه‌ی گۆران‌دا خه‌باتی په‌رله‌مانتاره‌کانه. که توانیوانیه په‌رله‌مان و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ئیحراج که‌ن.
پرسیاری سه‌ره‌که‌یم ئه‌وه‌یه بۆ ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه، له پرۆژه‌ی حیزبه ئۆپۆزیسوێنهکاندا نیه و ئاماژه‌ی پێنه‌دراوه؟
• وه‌ڵامی من بۆ ئه‌م پرسیاره ئه‌وه‌یه که سه‌رجه‌م حیزبه سیاسیه‌کانی کوردستان، به بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیشه‌وه، بیانه‌وێت یان نا، به جۆرێک له جۆره‌کان، به ڕێژه‌یه‌ک له گه‌نده‌ڵیه‌وه ئاڵاون و توشی نه‌خۆشیه پیسه‌که بوون. ئه‌و حیزبانه‌ی که له ده‌سه‌ڵاتدان و هێزی سیاسیی و پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیان گه‌وره و فراوانه وه‌ک یه‌کێتی و پارتی سه‌رچاوه‌ی نه‌خۆشیه‌که‌ن و به‌شی شێریان به‌رده‌که‌وێت. هیچ حیزبێک نیه له کوردستاندا که به جۆرێک له جۆره‌کان تووشی گه‌نده‌ڵی نه‌بووبێت.
• کۆتایی هێنان به مۆدێلی حیزبایه‌تیه‌ک که بیه‌وێت هه‌موو کۆمه‌ڵگا بکات به حیزبیی و بۆ خۆی پاوانیبکات، حیزبه ئسلامیهکانیش وه‌ک یه‌کگرتوو و کۆمه‌ڵ ده‌گرێته‌وه، که هه‌میشه پشتیان به مینبه‌ری مزگه‌وت به‌ستووه، ئه‌وه‌تا به ئاشکرا مه‌لاکان هانده‌ده‌ن فه‌زایه‌کی دینی به‌سه‌ر خۆپیشاندهراند بسه‌پێنن و سه‌رای ئازادی بکه‌ن به سه‌رای نوێژکردن، بۆیه داوایه‌کی له‌و جۆره پشتشکاندنی خۆیانی تیا ده‌بیننه‌وه و ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌یان له کیس ده‌چێت که ده‌ڵێن له‌سه‌دا 95 خه‌لکی کوردستان موسڵمانه و ئه‌مانه‌ش حوکمی ئیسلامیان پیباشه!، ئه‌مه هۆکارێکه بۆ نه‌بوونی گۆڕینی ئه‌و مۆدێله له حیزبایه‌تی له پڕۆژه‌ی سێ قۆڵیه‌که‌ی گۆران و یه‌کگرتوو و کۆمه‌ڵ.
• چه‌سپاندنی بنه‌مای ئه‌مه‌ت له کوێ هێناوه(من أین لک هذا)، بێگومان ئه‌ندامانی سه‌رکردایه‌تی هه‌ردوو حیزبی ئیسلامی و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش ده‌گرێته‌وه، بۆیه له ئاستی ئه‌م داوایه‌دا چاوی خۆیان ده‌نوقێنن. گه‌ڕانه‌وه‌ی موڵک و ماڵی گشتی یان ئه‌و موڵک و ماڵه‌ی به هۆی پێگه‌ی حیزبییه‌وه به هه‌رزان کریویانه ، یان داگیریانکردوه، بڕواناکه‌م سه‌رانی ئه‌م سێ حیزبه ئۆپۆزیسوێنه یان حیزبه‌کانیان به تایبه‌تی یه‌کگرتوو و کۆمه‌ڵ به‌سانایی ده‌ربچن و تووشی زیان نه‌بن له جێبه‌جێکردنی داوایه‌کی له‌و جۆره، ئه‌مه‌ش هۆکاری نه‌بوونی ئه‌م داواکارییه‌یه له پڕۆژه‌ی هه‌رسێ حیزبی ئۆپۆزیسوێندا، به‌ڵام له پرۆژی مه‌یدانی ئازادی‌دا کراوه به خاڵێکی سه‌ره‌کی له داواکراییهکانیان.
• هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خانه‌نشینکردنی ئه‌ندام په‌رله‌مان و ئه‌وانه‌ی که به پله‌ی وه‌زیری خانه‌نشینکراون، به بێ ئه‌وه‌ی به پله‌کانی خزمه‌ت و ساڵی کارکردن‌دا تێپه‌ڕیبێتن، دیسان هه‌رسێ حیزب ده‌رباز نابن له جێبه‌جێکردنی ئه‌م خاڵه گرنگه، که ئه‌مه‌ش جۆرێکه له به‌هه‌ده‌ردانی سامانی گشتی و نادادپه‌روه‌ریی، بۆیه ئه‌م داواکردنهش فه‌رامۆشکراوه.
• له هه‌مووی سه‌یرتر ئه‌وه‌یه که ئه‌م سێ حیزبه له پرۆژه‌که‌یاندا به هیچ شێوه‌یه‌ک باسی ئاشکراکردنی بێسه‌روشوێنکراوه‌کانی شه‌ری ناوخۆ ناکه‌ن!! ده‌که‌وینه گومانهووه تۆ بڵێی ئه‌مانه‌ش ده‌ستیان هه‌بێت له بێسهروشوێکردنی خه‌ڵکی بێ تاواندا!! به تایبه‌تی بۆ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌م خاڵه بنه‌ڕه‌تییه‌ی به‌سه‌ردا تێده‌په‌ڕێت که مافێکی ڕه‌وای که‌سوکاری بێسهروشوێنکراوهکانه، که‌واته بزووتنه‌وه‌ی گۆران له دادگایی‌کردنی سه‌رانی خۆی ده‌ترسێت بۆیه ئه‌م خاڵه فه‌رامۆش ده‌کات!.
• دابینکردنی بیمه‌یی ته‌ندروستی و بێکاریی، ئه‌م خاڵه‌ش له پڕۆژه‌که‌ی ئه‌م سێ حیزبه‌دا نه‌هاتووه، با وازله‌وه بهێنین که ئه‌م داواکارییه به‌رژه‌وه‌ندیه‌کی گشتی خه‌ڵکی تێدایه و ده‌بوایه ئه‌م سێ حیزبه ئۆپۆزیسوێنه به هیچ جۆرێک له‌بیریان نه‌کردایه، به‌ڵام تۆ بلێی ئه‌ندامانی ئه‌م سێ حیزبه ئۆپۆزیسوێنه که خۆیان له ده‌یان هه‌زار ئه‌ندام ده‌ده‌ن، هیچیان بێ کار نه‌بن!!، یان هه‌موویان ته‌ندروستیان باشبێت و رۆژێک له ڕۆژان تووشی کێشه‌ی ته‌ندروستی نه‌بن!! وا ئه‌م داواکارییه گشتیهییان بیرچۆته‌وه. خۆ ئه‌گه‌ر هه‌ردوو حیزبه ئسلامیهکه( خوا که‌ریم)ه بڵێن له نه‌خۆشی و ده‌ردی خه‌ڵکی کوردستاندا، ئه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ ئه‌م خاڵه‌ی بیر ده‌چێت؟!! ڕه‌نگه ئه‌مانیش بڵێن تۆ ته‌نیا بڵێ: ده‌یگۆڕین، ده‌یگۆڕین، ئیتر به قودره‌تی قادر دهردونهخۆشیهکان ده‌گۆڕدرێت بۆ له‌شساخی و ته‌ندروستی.
• له خاڵێکی تری پرۆژه‌ی سه‌رای ئازادی‌دا، داوای باشکردنی ژیان و گوزه‌رانی کرێکاران وفه‌رمانبه‌ران کراوه و داوای ئه‌وه کراوه که پێوه‌ره نێوده‌وڵه‌تیه‌کان ڕه‌چاوبکرێت بۆ ژیانێکی شایسته به مرۆڤ. ئه‌م خاڵه‌ش له پرۆژه‌که‌ی هه‌رسێ حیزبی ئۆپۆزیسوێندا دیسنا بوونی نیه. تۆ بڵێی ئه‌م سێ حیزبه بیریان چووبێته‌وه که خۆیان به تایبه‌تی بزووته‌نه‌وه‌ی گۆڕان هه‌میشه باسی گرانی بازاڕ و خراپی کوالیتێتی خواردن و خواردنه‌وه‌کان و که‌لوپه‌لی هاورده ده‌که‌ن و باسی نادادپه‌روه‌یی ده‌که‌ن له تهوزیعدا؟!، یان ئه‌مه هه‌ر به قسه‌و ڕاگه‌یاندنه و سیاسه‌تکردنه، تێر ئاگای له‌برسی نیه، بۆیه ئه‌م حیزبه تێروتهسهلانه خه‌ڵکی گشتیان بیرناکه‌وێته‌وه، گرنگ ئه‌وه‌یه سه‌رانی خۆیان تێرن چش له برسی و نه‌بوونی خه‌ڵک.
• له خاڵێکی تری پرۆژه‌که‌ی سه‌رای ئازادی‌دا داواکراوه که پێشینه‌ی هاوسه‌رگیرێتی زیادبکرێت، ئه‌م خاڵه‌ش له پرۆژه سێ قۆڵیه‌که‌ی ئۆپۆزیسوێندا نیه، ڕه‌نگبێت ئه‌مه‌ش وه‌ک پێشینه‌ی خانوبه‌ره و پێدانی سلفه‌ی خانودروستکردن به حه‌رام بزانن و گۆڕانیش بۆ موجامه‌لاتی دین هه‌موو گه‌نجه گۆڕانخوازه‌کانی بیرچۆته‌وه. هیچ بیانوویه‌کیان به‌ده‌سته‌وه نیه بۆ خاڵبه‌ندی نه‌کردنی ئه‌م داوا ڕهوایهیی گه‌نجان.
ئه‌و خاڵانه‌ی له پرۆژه‌ی سه‌رای ئازادی‌دا هه‌ن و له پرۆژه‌ی سێ حزبه ئۆپۆزیسوێنهکهدا نین.
6. / كۆتایهێنان به‌م مۆدێله له حیزب كه تێیدا كۆی كۆمه‌ڵگا داگیرده‌كات و به ناوی هه‌موانه‌وه بڕیار ده‌دات وه گۆڕینی بۆ حیزبی ده‌نگده‌ر كه پشت به خستنه‌ڕووی به‌رنامه‌یه‌كی سیاسی بۆ به‌رده‌م هاونیشتمانیان ده‌به‌ستێت و ده‌ست له كاروباری حكومه‌ت و سهندیكاو ڕێكخراوه پیشه‌ییه‌كان وه‌رنادات.
7. / تێنه‌په‌ڕاندنی هیچ پڕۆژه یاسایه‌ك له په‌رله‌مان به بێ ئه‌وه‌ی كه پێشتر هاونیشتمانیان له كۆڕ‌و كۆبونه‌وه‌كاندا گفتوگۆیان له سه‌ر نه‌كردبێت و سه‌رنجه‌كانیان به هه‌ند وه‌رنه‌گیرابێت.
8 / گێڕانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ئه‌و موڵك و ماڵه گشتی و تایبه‌تیانه‌ی كه ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن هه‌ر كه‌س و لایه‌نێكه‌وه ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرابێت یاخود به نرخی ڕه‌مزی فرۆشرابن به كه‌س و لایه‌نی دی به‌ده‌ر له یاسای فرَشتن و به‌كرێدانی موڵك و ماڵی ده‌وڵه‌ت ژماره 32 ی ساڵ 1986 .
10/ لێكۆڵینه‌وه له سه‌روه‌ت و سامانی حیزبه‌كان و لێپرسراوانی حیزبی و حكومی وه گێڕانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ئه‌و داهاتانه‌ی كه‌به شێوه‌ی نا یاسایی به ده‌ستیان هێناوه وه چه‌سپاندنی بنه‌مای ئه‌مه‌ت له كوێوه هێناوه (من این لك هژا) ؟
12/ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سیستمی خانه‌نشینكردنی ئه‌ندام په‌رله‌مان و وه‌زیر و به‌ڕێوه‌به‌ره گشتیه‌كان و ئه‌نجومه‌نه‌كانی شاره‌وانی كه به پله‌كانی خزمه‌ت و ساڵی كاركردندا تێنه‌په‌ڕیون وه كه‌مكردنه‌وه‌ی موچه‌كانیان ب
17/ باشكردنی ژیان و گوزه‌رانی سه‌رجه‌م توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه وه‌ك كرێكاران و فه‌رمانبه‌ران توێژه‌كانی دیكه به ڕه‌چاوكردنی پێوه‌ره نێو دهوڵتیهكانی ژیانێكی شایسته به مرۆڤ .
18 / ئاشكراكردنی چاره‌نوسی بێسهرو شوێنه‌كانی شه‌ڕی ناوخۆ و بێسهروشوینكراوهكانی دام‌و ده‌زگا ئه‌منیه‌كان وه قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌یان له داهاتی ئه‌و لایه‌نه‌ی به‌ر پرسه له دیارنه‌مانیان .
20 / دابینكردنی بیمه‌ی ته‌ندروستی و بیكاری بۆ هه‌موان . .
21 / ده‌ركردنی یاسایه‌ك بۆ كۆتایهێنان به جیاكاری جه‌نده‌ری و بۆ بنه‌بڕكردنی هه‌ر توندوتیژیه‌ك دژ به ئافره‌تان.
22/ زیادكردنی پێشینه‌ی هاوسه‌رگیری به شێوه‌یه‌ك كه بگونجێ له‌گه‌ڵ پێویستیه‌كانی ڕۆژدا و له‌كاتی ئێستادا له یه‌ك ملیۆن دینار كه‌متر نه‌بێت.
http://83.169.12.202/K_Direje.aspx?Jimare=3600&Besh=Hewal&Cor=1 پرۆژه‌ی هه‌ر سێ حیزبه‌که
http://83.169.12.202/K_Direje.aspx?Cor=1&Besh=Hewal&Jimare=3560 داواکاریه‌کانی سه‌رای ئازادی
جیهاد موحه‌مه‌د حه‌مه‌کریم