Skip to Content

Friday, April 26th, 2024
شەقام و بەرەژانی سیاسەتێکی ڕاستەقینە

شەقام و بەرەژانی سیاسەتێکی ڕاستەقینە

Closed
by March 5, 2011 گشتی

 

زۆر گرنگە بۆ ئەو نەوە وشیارو خوێن گەرمەی ئەمڕۆ لە مەیدانی ئازادیدا یەک مەبەست کۆی کردونەتەوە، خۆیان لە هەر جۆرە توندوتیژیەک بپارێزن و تا دوا هەناسەش هێمن و لەسەرخۆ بن، چونکە سەرەڕای ئەوەی توندوتیژی ئەگەر چی توندوتیژکارانیش بگەیەنێت بە ئامانج، ئەوا بێگومان لە ئەنجامدا بە شێوەیەکی سایکۆلۆجی توندوتیژی بەرهەم دێنێت، لە هەمانکاتدا ڕوی شۆڕشەکەش لە شۆڕشێکی مەدەنیانەو هوشیارگەریەوە دەگۆڕێت بە ئاراستەیەکی قەیراناوی.
پێش ئەوەی بێمە سەر ئەو هۆکارانەی بوون بە ئەنگێزە(دافع)ی تایبەتمەندی ئەم شۆڕشە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا بە بێویستی دەزانم بە کورتیش بێت باکگراوندێ بکەم، بۆ مێژوی دوای کۆڵۆنیالیزمی ڕۆژئاواو سەرهەڵدانی مێژوویەکی نوێ لە سەربەخۆی گەلان کە تیایدا میلەتان ئاشنا دەبن بە بونیادی دەوڵەت و دامەزراوەکان لە دۆخێکدا ئەو هەلە دەڕەخسێت هاوڵاتی پراکسیسی هەڵبژاردن بکات، بەڵام ناشیاوترین هەنگاو کە بە گژ ئەم هەلەدا دەچێتەوە، ژێر پێ خستنی حورمەتی دەنگدەرانە لە لایەن سەرۆکێکی پێشوەخت هەڵبژێرراوەوە، هەروەها لەمەش بترازێت پەرلەمانێکی کارتۆنی و ئەو جانەوەرە ترسناکەیە بە ناوی حکومەتەوە لە ناو دەستو پەنجەی ئەو سەرۆکانەوە دێنە دەرێ وە بە پێچەوانەی کاری ڕاستەقینەی خۆیان و لە سەر خواستی خالیقەکەیان سەرو ماڵی هاونیشتمانیانی دەکەنە ئامانج. بەم شێوەیە سەرەتای قۆناغێکی ترسناک لە دەسەڵاتدارێتی دەوڵەت لە دوای تێکشکانی ئیمپراتۆریەتەوە دێتە ئاراوە کە بە گشتی لە سەر یەك جۆر مۆدێل لە سەرکوتکردن و گەندەڵی و ئیستیبدادیەت بەردەوام دەبێت کە جگە لەمانە لەوپەڕی کەمتەرخەمیشدا لە بەرامبەر هەر جۆرە چاکسازیەکدا خۆی دەنوێنێت، دواجار کەڵەکە بوونی هەموو ئەم زوڵمەتەش وا دەکات ڕەشەبای ناڕەزایی لەو فۆرم و جەوهەرە کەم وێنەیەی خۆیدا هەڵبکات و دەواری زۆرداری ئەو هەمە ڕژێمە بێ باکو سەرلێ شێواوانە بکاتە ئاسماندا، ئەوەتا لە ئێستاشدا دەبینین سەرەڕای کۆتایی هێنان بە ژمارەیەکیان واخەریکە کۆڵەکەی ژمارەیەکی تریان دەتەپێت. من لێرەدا نامەوێت بچمە درێژەو ماهیەتی ئاکاری ئەو جۆرە حکومەت و دەوڵەتانەوە، وە یان چۆنیەتی ئەو تەقلیدەی هەڵبژاردن کە بوو بوو بە شانۆیەک پێش نومایشکردنی هەموومان کۆتایو جوڵەی درۆینەی پاڵەوانەکانمان لا ئەزبەر بوو، هێندەی دەخوازم تیشکێکی خێرا بخەمە سەر بەشێک لەو دیاردەیەی کە شەقامی زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی گرتوەتەوە.
 زیاد لە هەر شتێک ئەمڕۆ لە سەر شەقامی ئەم ناوچانە ئەوە هەست پێدەکرێت بۆ یەکەمجار گەل دەخوازێت ئەو گرێبەستانە هەڵبوەشێنێتەوە کە لە نێوان واتا چەقبەستوەکانی دەسەڵات و حکومەتدا هەبووە، دەبینین ئەو گوتار و داخوازیانەی کە ئەمڕۆ لە سەر شەقامەکانەوە هەلقۆپزیون بە ڕوونی ئەوەمان پیشان دەدەن کە چیتر دەسەڵاتی گەندەڵ و حوکمڕانی ئیسیبدادی و پاوەنکار لە ناو پانتای وشیاری گەلدا جێی نابێتەوە. بە بارێک تردا دەسەڵاتداران بخوازن یان نەخوازن گەل ڕووی لە هەڵهاتنی خۆری سەردەمێکی نوێیە لە حوکمڕانی کە تێکڕای ئیمتیازاتەکانی تەنها بۆ گەلە. ئەمڕۆ شەقام دەڵێت حکومەتێکمان دەوێت کەوا لە نێو خواست و ڕای ئێمەوە لە دایک بوو بێت بە جۆرێک کە تەواو پێچەوانەی ئەو مۆدێلە فەیک (تەزویر)ەی کە تا ئێرە درێژەی هەبووە. لێرە بە دوا سەردەمی هەڵقۆپزینی نەوەیەکە کە بە شێوەیەکی ڕاستەقینە دەیانەوێت بەشدارێکی وشیارو خەمخۆرو خاوەن ڕا بن، بە جۆرێک کەوا بەرژەوەندی گەل و ووڵاتی لە هەموو شت لا گرنگ ترە. ئەمە دیاردەی ئینتیمایە، هی ئینتیمایەک کە دەهرێکە بە شێوەیەکی سیستماتیکی پەرت پەرت دەکرێت. ئەمە گەڕانەوەی ئیرادەو هێزە، هی ئیرادەو هێزێک کە ساڵانێکە بە ناوی بچکۆلە بچکۆلەوە پەک دەخرێت. ئەمە جۆرێک لە یەکدەنگی و وشیاری سیاسیانەی گەلە، هی وشیاریەک کەوا دواجار حکومەتێک بەرهەم دێنێت، ڕێز بۆ تاکەکان بێ جیاوازی دەگێڕێتەوە.
ئەمە لە کاتێکدا سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش لە درێژای ئەو بیست ساڵەی رابووردوودا نمونەی گەندەڵ ترین و خراپ ترین جۆری پیادە کردنی دەسەڵات و حوکمڕانی بووە لە ناوچەکەدا کەس نیە دەرکی بەوە نەکردبێت کە هەر بە تەواوی تۆپزی و کەڵەگایانەیە، جگە لە خودی دەسەڵات. بە چەشنێک بێ گوێدانە مۆڕاڵە سیاسیەکان و ئەرکە نیشتیمانیەکان هەرگیز لە هیچ خولێکیاندا بەرهەمی هەڵبژاردنێکی خاوێن نەبوون، ئیتر هەر درێژ کردنەوەی ئەم مۆدیلەشە وای کرد سەرەنجام ناڕەزایی نەوەیەکی بهێنێتە ئاراوە کە هەم نیشاندانی لافیتەیەکی سیاسیانەی ڕاستەقینانەیە، وە هەم دەرخستنی ئەو راستیە شاراوەشە کە عەیامێکە مشەخۆرەکانی ناو دونیای مۆدێلی ئەم جۆرە لە سیاسەت بە ناوی قەبەو جۆراوجۆرەوە درێژە بە دەسەڵاتیان دەدەن. لە کۆتایدا زۆر جێی دڵخۆشیە ئەو بزوتنەوە نارەزایە ئەمڕۆ لە زۆر ووڵات بێ گوێدانە هەڕەشەو چاوسور کردنەوە هاتونەتە سەر شەقام و ئەو ڕاستیە دوپات دەکەنەوە کە گەل لە سەر شەقامی ڕاستە ڕێی سیاسەتێکدایە کە دەکریت ناو لێ بنرێت بە لە دایک بوونی سیاسەتی ڕاستەقینەی شەقام.
ئیتر زۆر گرنگە دەسەڵاتدارانی باڵای هەرێم و هەردوو حیزبی پارتی و یەکێتی ناڕەزایی خەڵک لەبەر چاو بگرن و لەوە تێبگەن کەوا ناتوانن لەمەولا ملی تێکڕای گەل بقەمچێننەوە بە ئاراستەی ویستەکانیان. لە هەموو دەم زیاتر لەم چرکە ساتەدا پێویستیان بە دانیشتنە لە گەڵ عەقڵدا، ئەگەر ئەوان ناوی حیزب وەک ئەو پێناسەیەی کە پێیان وایە یەکەیەکی جەماوەریو ڕێکخراوەیە سەیر دەکەن، ئەوا پێویستە ئەو ڕاستیەش بزانن ئەوان بێ جەماوەر وەک (ڕەسۆپی) (خشتەی دروست کردنی)ی کێکێک وان بێ ئاوو ئاردو شەکەر. وە هەروەها لە سەریانە دوور بکەونەوە لەو خەیاڵ پڵاویەی کە وای دادەنێ هێشتا جەماوەری خۆیان لە دەست نەداوە، زۆر گرنگە تۆزێک واقیعبینانە بیر بکەنەوە لەو خەڵکەش کەوا پێیان وایە شوێنکەوتویانن و دڵیانخۆشە بەوەی وەک پرەنسیپ و ئایدۆلۆژیا لە ڕیزی ڕێکخستن و هێزە چەکدارەکانیاندان، من پێم خۆشە لێرەوە ئەوەتان بیر بهێنمەوە کەوا هەموو ئەوانەی کەوا بە لایەنگیرو (دۆست)*ی خۆتانی دەزانن، گەر بۆ مانگێک تورەکە لیرە دزراوەکانی گەل فڕێ نەدەنە کۆشیانەوە ئەوا مانگی داهاتوو نەک هەر ناتان ناسن، بەڵکو ئەوانیش دەبنە نیشانەی پرسیاری سەر شەقامی ناڕەزایی.

*(دۆست): هەرجەندە من کۆک نیم لە گەڵ ئەو دەستەواژەی کە دەڵێت دۆستەکانمان، چونکە هاوکات داتاشینی دوژمنێکیشە لە شانیەوە، کە پێدەچێت بابەتی نوسینێکی تر بێت.
٢٢/٢/٢٠١١
نوری حەمەئەمین 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.