دووجار به قینه‌وه خۆپیشانده‌رانی مه‌یدانی ئازادی ده‌سوتێنن!
جارێک به قین له بوێری و ئازایه‌تی و ڕادیکالێتی داخوازیه‌کانی مه‌یدانی ئازادی خێمه‌ی خۆپیشانده‌ران دهسوتنێنن، جارێکیش به قین له یه‌کتری و ڕژانی جامی غه‌زبی خۆیان و ملمانێ ناشهریفانهکهیان له‌گه‌ڵ یه‌کتری و له‌گه‌ڵ حیزبه هاوپهیمانهکهیاندا(پارتی) به‌سه‌ر ئێوه‌ی شکۆدار و ئازادا ده‌ڕێژن.
پارادۆکسی نه‌رمینواندن و تووندوتیژی PUK به‌رامبه‌ر به خۆپیشانده‌ران بۆ؟
له سایه‌ی ناعه‌قڵانیه‌تی سیاسه‌تکردن و عه‌قڵیه‌تێکی سه‌قه‌تی ناسێونالیستیانهوه و خۆ به هه‌مووشت زانین و پاوانخوازی چ بۆ ئه‌فه‌ندیه سیاسیه‌کان و چ بۆ فه‌قێ و مه‌لا سیاسیه‌کان و ئه‌و ده‌ره‌به‌گ و ئاغایانه‌ی که له پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیاندا لوتیانژهنیبوه کاری سیاسیه‌وه زۆر ده‌مێکه کولتورێکی سیاسیانه‌ی دزێو و گه‌نده‌ڵ که هه‌میشه وه‌ک به‌رازی ناو کێڵگه‌ی مه‌ره‌زه له هه‌وڵدابوو بۆ قورخکردن و پاوان‌کردنی هه‌موو بواره‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵگا، تا ئه‌و ئاسته‌ی که ناو و پێگه‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی خۆی ئه‌وه‌نده پیرۆز و گه‌وره‌بکات له‌سه‌ر حسابی مافی ڕه‌وای گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ی کورد که ئه‌و وه‌همه دروستبکات لای خه‌ڵکی بێ‌ئاگا و نهوخوێندهوار یان خه‌ڵکانێک که ته‌نیا به سۆزی کوردانه ده‌توانن بیربکه‌نه‌وه و له‌م سۆزه زیاتر بیرکردنه‌وه‌یان بڕناکات، که ئه‌گه‌ر ئه‌م سه‌رکردیه، یان ئه‌م حیزبه لاوازبێت یان نه‌مێنێت ئه‌وه هه‌موو گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ی کورد نامێنێت!!!. تا ئێستاش له کوردستاندا و له ناو خه‌باتی گه‌لی کوردا له هه‌موو پارچه‌کانیدا ئه‌مه ده‌بینین، یان بینیومانه، به تایبه‌تی له کوردستانی باشور و باکوردا. ئه‌م عه‌قڵیه‌ته خێله‌کیی و دواکه‌وتووه له ساڵی 1964 وه به زه‌قی له باشوری کوردستاندا سه‌ریهه‌ڵدا، له نیوان مهڵامستهفای بارزانی وه‌ک سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی عێراق و ئیبراهیم ئه‌حمه‌دی سکرتێری مه‌کته‌بی حیزبی ناوبراو له‌و سه‌رده‌مه‌دا. ئه‌م شه‌ڕه سیاسیه نه‌گریسه که خوێنی هه‌زاران ڕۆڵه‌ی کورد ڕژێنرا له پێناویدا تا ئه‌مڕۆ درێژه‌ی هه‌یه، ئه‌م دوو عه‌قڵیه‌ته حیزبی و بنه‌ماڵه‌ییه له ساڵه‌کانی 1966 وه که خه‌ڵکی کوردستانی دابه‌شکردبوو به‌سه‌ر حیزبی شۆڕشگێڕانی( جه‌لال تاڵه‌بانی) و پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقی( مهلافستهفای بارزانی)دا و له شه‌ڕه‌کانیاندا جهلالهیهکان به (کۆڵوانه سور) ناوده‌بران ئاماژه بۆ ئه‌و پارچه په‌ڕۆ سوره‌ی به پشتی چه‌کداره‌کانیاندا دادورابوو بۆ ناسینه‌وه‌یان له به‌ره‌ی شه‌ڕی ناوخۆی ئه‌وکاته‌دا، پێشمه‌رگه‌کانی مهلافستهفاش به (مه‌لایه‌کان) یان (مهلاژنهکان) ناوده‌بران و مهلافستهفاش به (مه‌لا چۆمبی) ناوده‌برا. ئه‌م قسه پڕوپوچ و ناشایسته به خه‌باتی پێشه‌مه‌رگایه‌تی و خه‌باتی ژێرزه‌مینی شاریه‌کان که به هه‌زاران که‌سیان ده‌گیرا و به ده‌یان که‌سیان له سێداره‌و سزای زیندانی ده‌درا له‌و ڕۆژه‌وه بوه به کولتورێکی سیاسی ناشیسته به خه‌بات و تێکۆشانی گه‌لی کوردی سته‌مدیده‌ی جینۆسایدکراو. ئه‌م شه‌ڕه نه‌گریسه جگه له‌وه‌ی که درێژه‌ی هه‌یه تا ئه‌مڕۆ گه‌لی کورد ده‌هاڕێت و هیچ ده‌رفه‌تێکی نیه به ده‌ربازبوون له‌م شه‌ڕه دزێوه، کوردیشی فێری ده‌سته‌گه‌رێتی و دابه‌ش بوون و که‌س له که‌س ڕازینه‌بوون کردوه، له ناو ئه دوو حیزب و بنه‌ماڵه‌یدا و له ناو حیزب و ڕێکخراوه سیاسیه‌کانی تریشدا. سه‌رچاوه‌ی هه‌موو دابه‌شبوون و لێکترازانی هه‌رچ حیزب و ڕێکخراوێکی سیاسی و ناسیاسی ئه‌و کولتوره سیاسییه‌یه که ئه‌م دوو بنه‌ماڵه‌و پشکۆ ناکام وته‌نی (جوت حیزبه) هێناویانه‌ته ئاراوه. ئه‌وه‌تا به ئاشکرا (جوت حیزب) له جیاتی ئه‌وه‌ی داوای لێبوردن له خڵکی کوردستان بکه‌ن، له جیاتی ئه‌وه‌ی به ده‌نگ داوای خۆپیشانده‌رانه‌وه بچن هێشات هه‌ر خه‌ریکی ملمانێ ناشهریفانهکهی خۆیانن، هه‌ردولایان و به ئامۆژگاری ئامریکای ئاغاشیان هاتونه‌ته سه‌ر ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی که ده‌بێت هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت بکرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌نده بێشه‌رمن یاری به چاره‌نوسی خۆپیشانده‌رانه‌وه ده‌که‌ن و ده‌یانه‌وێت ئه‌م خه‌باته‌ش بخه‌نه‌وه خزمه‌تی خۆیان. وه‌ک له وتارێکی پێشومدا ئاماژه‌م پێ‌کرد له ژێر ناوی(به‌راوردێک له نێوان داخوازیه‌کانی سه‌رای ئازادی و هه‌رسێ حیزیبی ئۆپۆزیسوێن)دا حیزبه ئۆپۆزیسوێنهکانیش که به‌حسابی خۆیان ده‌یانه‌وێت ئه‌م کولتوره سیاسیه بگۆڕن بۆ کولتورێکی سیاسی عه‌قڵانی و سه‌رده‌میانه ئه‌مانیش خه‌ریکی یاری سیاسین له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌راندا.
له 17ی شوباته‌وه که خه‌ڵکی کوردستان و به تایبه‌تی خه‌ڵکی به‌شه‌ره‌فی سلێمانی ده‌ستیان داوه‌ته خۆپیشاندان و ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تیی به‌رامبه‌ر به‌م دوو حیزب و بنه‌ماڵه‌یه و به‌رامبه‌ر به‌م کولتوره سیاسیه سه‌قه‌ته، که به ڕای من زۆربه‌ی زۆری ناهه‌مواریه‌کان و گه‌نده‌ڵیه‌کان و تێکه‌ولێکه‌ی حیزب و حکومه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و بێمتمانه‌یی و بێ باوه‌ڕییه‌ی که له نێوان ئه‌م دوو حیزبه‌دا دروستبووه وه‌ک ئاماژه‌م پێدا له ناوه‌ڕاستی شه‌سته‌کانه‌وه تا ئه‌مڕۆ. دوای ئه‌و هه‌موو خوێنڕشتن و هێڕشه ناڕه‌وایه‌یی که کرایه سه‌ر خۆپیشانده‌ره سڤیله‌کانی سلێمانی و شوێنه‌کانی تر و شه‌هیدکردنی چه‌ندین که‌س و بریاندارکردنی زیاتر له 100 که‌س. وه‌ک تێبینی ده‌که‌ین PUK به دوو جۆر مامه‌ڵه ده‌کات، له لایه‌ک ئه‌وانه‌ی که زۆر کینه له دڵ بوون به ناوی هێورکردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌که ڕاده‌که‌ن بۆ لای گۆڕان و سه‌رانی گۆڕان و کۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌که‌ن و به نه‌رمی قسه ده‌که‌ن به‌رامبه‌ر به خۆپیشانده‌ران و ده‌چن سه‌ردانی برینداره‌کان ده‌که‌ن له نه‌خۆشخانه، له لایه‌کی تر جل ڕه‌شه‌کانی سهربهدهستگای دژه تیرۆر به‌رده‌بنه گیانی خۆپیشانده‌ران و خه‌ڵکانی سه‌ربه‌خۆیان ڕاده‌سپێرن به جلی مه‌ده‌نیه‌وه ته‌قه له خۆپیشانده‌ران بکه‌ن وه‌ک ئه‌و 4 که‌سه‌ی له کوردستان پۆست وێنه‌کانیان بڵاوکرایه‌وه، له لایه‌کی تر د. به‌رهه‌م ساڵح که سه‌رۆکی وه‌زیرانه‌و به که‌سێکی لیبراڵ ناسراوه خۆپیشانده‌ران به ئاژاوه‌گێر ناو ده‌بات، له هه‌مان کاتدا له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه که هه‌رچۆنێک بێت ئه‌م بارودۆخه هێوربێته‌وه تا ئه‌م پیاوه ماوه‌ی 2 ساڵی سه‌رۆکایه‌تیه‌که‌ی خۆی ته‌واو ده‌کات و دواجار حکومه‌ت ڕاده‌ستی پارتی ده‌کات. به‌ڵام له‌ملاوه ئه‌وانه‌ی که له‌ناو یه‌کێتیدا ملمانێی دهستهگهرێتیان هه‌یه له‌گه‌ڵ د.به‌رهه‌مدا ده‌یانه‌وێت ئه‌م 2 ساڵه تهوانهبێت و د.به‌رهه‌م لاببرێت له‌سه‌ر وه‌زیفه‌که‌ی و یه‌کێک له خۆیان بێنه جێگه‌ی. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ش یه‌که‌م بۆ لێدانی که‌سایه‌تی د.به‌رهه‌م و دووهه‌م بۆ ئه‌وه‌ی له نۆبهکهی یه‌کێتیدا حکومه‌تی ئینتقالی دروستبێت تا سه‌رۆکی ئه‌م حکومه‌ته‌ش بۆ خۆیان مسۆگه‌ربێت و نه‌که‌وێته ده‌ست پارتیه‌وه. ئه‌م ململانێ ناشه‌ریفانه‌ی نێوان یه‌کێتی و پارتی له لایه‌ک و له لایه‌کی تر نێوان د.به‌رهه‌م ساڵح و هه‌ندێکی تر له سه‌رانی یه‌كێتی ئه‌و پارادۆکسییهی له هه‌ڵوێستی یه‌کێتیدا دروستکردوه به‌رامبه‌ر به خۆپیشانده‌ران. هه‌ر ئه‌وه‌ش وای کرد که جارێکی تر یه‌کێتی زۆر بێشه‌رمانه و بێ گوێدانه هه‌موو بڕیاره‌کانی د.بهرهههم و په‌رله‌مان له یه‌که‌م شه‌وی مانگرتنی گه‌نجه سه‌ربه‌رزه‌کانی خۆپیشانده‌راندا به‌و په‌ڕی دڕنده‌ییه‌وه په‌لاماری خۆپیشاندهرانیانداو خێمه‌کانیان سوتێنراو چه‌ندین که‌سیان لێ گیرا و تا هه‌نووکه نازانرێت گیراوه‌کان چه‌ند که‌سن و بریندار وکوژراو هه‌یه یان نا!.
من دڵنیام. خۆپیشانده‌ران له‌وه به ئاگاترن که سه‌ریان له‌م کاره سوڕنه‌مێنێت، که ئه‌و په‌لاماردان و تووندوتیژیانه‌ی که یه‌کێتی به جل ڕه‌شه‌کانی دژه‌تیرۆر ده‌یکات بۆ ئه‌وه‌یه که په‌تی ته‌حه‌مولی خۆپیشانده‌ران ببچڕێت و ده‌ستبکه‌ن به په‌لاماردان و تووندوتیژی به‌رامبه‌ر به داموده‌ستگاکانی ده‌سه‌ڵات، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی که چی زووتره د.به‌رهه‌م ساڵح حکومهتکهی خۆی هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه و ده‌ستله‌کاربکێشێته‌وه وه‌ک له لایه‌ن مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتیه‌وه پێیڕاگهینراوه. له‌ولاشه‌وه وه‌ک ئاماژه‌م پێدا د.به‌رهه‌م ده‌یه‌وێتی کات به‌سه‌ربه‌رێت به خۆپیشانده‌ران و هه‌ندێک ئارامیان کاته‌وه تا 2 ساڵه‌که‌ی خۆی تهواودبێت و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان نه‌چێته ملی د. به‌رهه‌م و به‌سه‌ریدا نه‌شکێته‌وه به‌وه‌ی که که‌سێکی بێتواناو ناشیستهبووه بۆ ئه‌و جێگه‌یه که هاوڕێکانی خۆی له‌ناو حیزبه‌که‌ی خۆیدا ئه‌وه ده‌خوازن جگه له پارتی و نه‌یارانی له ناو پارتیدا. ئێوه ته‌ماشای ئه‌م بێ شه‌رمی و بێ ئابڕویهبکهن له سیاستی( جوت حیزب)دا، گرنگ خۆیانن، گرنگ پێگه‌ی سیاسی وکۆمهلاتی و وهزیفهکانیانه، به سه‌دان وتار وبابه‌ت و جینۆی سیاسیشیان پێبدرێت، با به‌ده‌یان هه‌زار که‌س بێنه سه‌رشه‌قام بڵێن بڕوخێ، برخێ پارتی و یه‌کێتی بروخێ، با نه‌یارانی کورد دڵخۆشیشبن به‌م بارودۆخه ناهه‌مواره‌ی کوردستان، با پرسی کورد له جیهاندا لاوازبێت، با حورمه‌ت و هه‌یبه‌تی په‌رله‌مان نه‌شمێنێت، با حورمه‌ت و هه‌یبه‌تی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم له‌که‌داربێت، با ده‌سه‌ڵاتی داد و دادوه‌ریی ئه‌وه‌نده‌ی تر بکه‌وێته ژێر پرسیاره‌وه، با خوێنی لاوه‌کان بۆ چه‌ندین جار بڕژێت، ئه‌مانه گرنگ نین لای (جوت حیزب)، ته‌نیان خۆیان و حیزبه‌کانیان و خۆسه‌پاندنی خۆیان گرنگه، ده‌ک هه‌زاران جار بڕوخێن یه‌کێتی وپارتی بۆ ئه‌و کولتوره سیاسیه ناشیرنی و دزێوه‌ی که سهپاندوتانه به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا.