نابێ بەلێنەکانی دەسەلات ئەم راپەرینە رابگرێ
ئیمە لە ١٧/٢ بەدواوە دەبی چاو بەخۆماندا بخشینینەوەو پیناسەیەکی نوێ بۆ زۆر لەچەمکەکان بکەینەوە. چیدی شۆرش، راپەرین، حیزب، چین، نەتەوە ماناکانی جارانیان نیەو گۆرانیکی بنەرەتیان بەسەردا هاتووە. دەنگی ئەم گەنجانە بۆیان سەلماندین مرۆڤ چیدیکە پیویستی بەحیزب و خەباتێکە چەندین سالە نیە بۆ ئەوەی شۆرش بەرپا بکات. تەنیا کۆمپیوتەریک و خەتیکی ئەنتەرنیت بەسە بۆ ئەوەی ئاگر لەتەختی دیکتاتۆرە دیرینەکان بەربدەیت و میژویەکی پرشنگدار بنووسیتەوە. راپەرینی نێرگزانەی ئەم گەنجانە دەبی بەهەر نرخیک بووبی بەردەوام بیت، چونکە راوەستان لیرەدا میژوویەکی رەشمان بۆ دروست دەکات کەدریژە بەگەندەلی و نادادپەروەری و بازرگانی سیاسیەکان و دەسەلاتی گەندەلی یەکیتی و پارتی دەدات.
ئەم دەسەلاتە ئەورۆ گرەو لەسەر ماندوبوونی گەنجەکان دەکات بۆ ئەوەی سەرا چۆل بکەن. ئەم دەسەلاتە دەیەوی ئەو روحە شۆرشگێرەی ئەوان لەریگەی تومەتەکانی خۆیەوە کال بکاتەوە. سەرۆکە بیباکەکانیش لەسەفەرەکانی خۆیان بەردەوامن و بۆ یەک جاریش ناتوانن ئەوە بسەلمینن ئەوان بەتەنگی ئەو هەموو جەماوەرەوەن کەلەهەموو کوردستاندا رەوتی ژیانیان لێتێکچووە. ئەوان بۆ میدالیا وەرگرتن و ریکخستنی بازرگانی و بۆ پیرۆزبایی کردن لەکوەیت و چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەغدا، نایانەوێت بگەرینەوە کوردستان، ئەمەش گەورەترین قەیرانە لەمیژوی سیاسەکانی ئیمەدا. بۆیە دەبی دەنگی ئەم گەنجانە ریرەوی سیاسەت لەم ولاتەدا بگۆریت بۆ ئەوەی چیدی سیاسیەکان ئاوا بیباکانە، لەگەورەترین قەیران لەدوای راپەرینەوە، بەم شیوەیە پشت لەمیللەتی خۆیان نەکەن.
دەسەلات بەهەموو شیوەیەک هەولی بەردەوام دەدات ئەم راپەرینە نیرگزییە ناشیرین بکات و لەمیدیا زبەلاحەکەیەوە لەلای خەلکی کوردستان بەدەستکردی بیگانە ناوزەدی بکات. بەلام ئەوەی جیگای دلخۆشیە پشتیوانیکردنی هەموو شەقامی کوردی لەوان پێچەوانەی ئەوەی سالماند. ئەوەشی سەلماند دەنگی ئەو گەنجانە ئۆپۆزیسیۆنیشی بەجی هیشتوو گوزارش لەدەنگی نارازی هەموومان دەکات. ئەمەش یەکیکە لەدەرهاویشتە گرینگەکانی ئەم راپەرینە. گرینگ ئەوەیە کاریگەری ئەم گەنجانە لیرەدا نەوەستیت و لەهەموو هەوکیشەکاندا حیسابی بۆ بکریت. چ لەلایەن دەسەلات و چ لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنیشەوە هەولیکی بەرفراوان هەیە بۆ ئەوەی دەنگی گەنجان بقۆزریتەوە بۆ بەهیزکرنی حیزبەکانی خۆیان. بەلام ئەو گەنجانە دەبێ ببنە پیشەنگی هیزەکانی ئۆپۆزیسیۆن نەک دوای ئەوان بکەون، چونکە میژوو ئەوەی بۆ سەلماندین کەهیچ حیزبیک ناتوانێ نمایندەگی دەنگی ئەوان بکات. بێگومان دەنگی ئەو گەنجانە لەهەر ریکەوتنێکی سیاسیدا دەبی دەنگیکی یەکلاکەرەوە بیت.
لەلایەکی دیکەوە دەبی گەنجەکان ئاستی مەرج و داواکارییەکانیان بەپیی رۆژ بەرز بکەنەوە. داواکارییەکانی ئەوان چیدی نابی تەنها بریتی بیت لەگەرانەوەی هێزەکان و ئازادکردنی گیراوەکان …هتد، بەلکو لەپال ئەمانەوە دەبی مەرجی یەکەمی بەشداریکردنی بیت لەهەر گفتوگۆیەکدا لەگەل دەسەلات، دەبی بەشدار بیت لەدارشتنی سیستمی سیاسی داهاتوودا، دەبی گەندەلکاران و سیاسیە بازرگانەکان لەدەسەلاتی بریاردان دوورخەنەوە، دەبی دووبارە بەشداربن لەدارشتنەوەی دەستورو حکومەتدا، برینەوەی دەستی حیزب لەناو حکومەتدا، هەروەها دەبی روحێک بەبەر پارلاماندا بکەن. لەهەمووشی گرینگتر ئەوەیە لەکاتی هەر ریکەوتنیکدا دەبێ خۆپیشاندانەکان لەسەر شەقام بەردەوام بن تا بەلینەکان بەتەواوی پەیرەو دەکرین، چونکە بروا کردن بەبەلینەکانی دەسەلات خۆکوشتنی ئەم راپەرینە نێرگزییە دەگەیەنێت.
فایەق سەعید