Skip to Content

Sunday, September 8th, 2024
مانا له‌ بێماناییدا.. زمان؛له‌ ڕاراییه‌وه‌ بۆ كێشه‌یه‌كی ئۆنتۆنۆلۆژی

مانا له‌ بێماناییدا.. زمان؛له‌ ڕاراییه‌وه‌ بۆ كێشه‌یه‌كی ئۆنتۆنۆلۆژی

Closed
by March 7, 2011 ئەدەب

خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ تێكستێكی توانا ئه‌مین

نێوه‌ندی ئه‌ده‌بی كوردی و چیرۆكی كوردی له‌دوای راپه‌رینه‌وه‌ خاوه‌نی كۆمه‌ڵێ‌ ده‌نگی تازه‌یه‌، ئه‌و ده‌نگه‌ نوێیانه‌ كاریگه‌رییان له‌سه‌ر چیرۆكی كوردی هه‌یه‌ و به‌ته‌كنیك و كێشه‌و ڕوودا و زمانێكی نوێ وه‌ ئیش له‌ چیرۆكدا ده‌كه‌ن، له‌ئه‌زموونی نه‌وه‌ی دوای راپه‌ریندا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی تێكستی خراپمان هه‌یه‌ هاوكات تێكستی زۆرباش و داهێنه‌رانمان هه‌یه‌،  له‌چیرۆكنوسه‌كانی دوای راپه‌رین  عه‌تا محه‌مه‌د، سیامه‌ند هادی، توانا ئه‌مین، دانا فایه‌ق، نه‌جات نوری، ئاكۆكه‌ریم مه‌عروف ، باران، یوسف عه‌زه‌دین و…هتد ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه‌ی ئێمه‌ له‌باره‌ی تازه‌ترین تێكستی توانا ئه‌مین-ه‌وه‌یه‌ به‌ناوی (به‌رێگاوه‌م بۆ ماڵه‌وه‌)  توانا له‌م چیرۆكه‌یدا جیاواز له‌ چیرۆكه‌كانی دیكه‌ی ده‌نووسێت، زمانی گێڕانه‌وه‌ جۆرێك له‌ وڕێنه‌ و جۆرێك عه‌به‌سییه‌ت به‌سه‌ریدا زاڵه‌ و هه‌ر ئه‌و وڕێنه‌یه‌ كه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی ڕاڕاییه‌ و وای كردوه‌ گێڕانه‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌یه‌كی ته‌قلیدیدا نه‌بێت و ئازادییه‌كی ره‌ها بدات به‌ گێڕانه‌وه‌ به‌جۆرێك كه‌ جنێو ده‌دات، له‌زۆر شوێندا رسته‌كان په‌یوه‌ندیان به‌یه‌كه‌وه‌ نییه‌، به‌ گشتی ئه‌م چیرۆكه‌ كه‌  زمانێكی رارا و شێواوی هه‌یه‌ و وێنه‌كان گوزارشتن له‌ دۆخێكی ده‌روونین و گێڕه‌ره‌وه‌ كه‌سێكی ڕاڕایه‌ و زمانێكی شپرزه‌ی هه‌یه‌، رسته‌ وڕێنه‌ئاساكانی ئه‌م چیرۆكه‌  گوزارشتی رۆحێكی ماندووه‌، له‌ ناونیشانه‌وه‌ تا كۆتایی كۆمه‌ڵێ‌ رسته‌ی بێمانان به‌ڵام بێ‌ ماناییه‌كن كه‌ مانا دروست ده‌كه‌ن، له‌و په‌ڕی بێ‌ ماناییدا مانایه‌كی غه‌مگین و وێنه‌یه‌كی عه‌به‌سیه‌ت دروست ده‌كات، توانا له‌ بێ‌ ماناییدا مانایه‌ك دروست ده‌كات، كه‌ گوزارشته‌ له‌ راراییه‌ك. زمانی قه‌له‌قی كه‌ به‌دۆخێكی شێواو و شپرزه‌دا ده‌روات گوزارشتێكی راسته‌قینه‌ی رۆحی چیرۆكنووسه‌، شپرزه‌یی به‌و راده‌یه‌ی كه‌ چیرۆكنووس گێڕانه‌وه‌ی ته‌قلیدی فه‌رامۆش ده‌كات، له‌ رسته‌كانی سه‌ره‌تادا توانا له‌ په‌ره‌گرافێكدا  ده‌ڵێت “یه‌ك ده‌قه‌ بووه‌ستن چاوم ده‌فڕێ‌..” له‌ چه‌ند په‌ره‌گرافێكی خوارتردا ده‌ڵێت “ئه‌بێ‌ بیر له‌تۆ بكه‌مه‌وه‌..”  چیرۆكنووس له‌ رسته‌ی یه‌كه‌مدا بۆ كۆ قسه‌ ده‌كات واته‌ گێڕانه‌وه‌ بۆ كۆیه‌ و له‌ رسته‌ی دووه‌مدا گێڕانه‌وه‌ بۆ تاكه‌، شوێن له‌م چیرۆكه‌كه‌دا جیاوازه‌، راراییه‌ك له‌ جێگادا هه‌یه‌.. له‌ ناونیشانی چیرۆكه‌كه‌دا شوێنێكی جێگیر نییه‌: (به‌رێگاوه‌م بۆ ماڵه‌وه‌). له‌ چیرۆكه‌كه‌دا شوێنێك هه‌یه‌ ئه‌و شوێنه‌ كورسییه‌كه‌ له‌ باخه‌كه‌دا، دواجار شوێنێكی جێگیر هه‌یه‌ ئه‌ویش ماڵه‌وه‌یه‌ پاڵه‌وانی چیرۆكه‌كه‌ له‌كۆتاییدا ده‌گاته‌ ماڵه‌وه‌، ئه‌م فره‌ شوێنییه‌ وێنه‌یه‌كی شێواو و شپرزه‌ ده‌دات به‌ گێڕه‌ره‌وه‌. وێنه‌ی رۆحێكی نائارام و ده‌رونێكی ماندوو. رۆحێك كه‌ له‌و قه‌له‌قییه‌ ڕاده‌كات.. جگه‌ له‌ گێڕه‌ره‌وه‌ چه‌ند كاراكته‌رێكی دیكه‌ له‌چیرۆكه‌كه‌دا ده‌ورێكی لاوه‌كی ده‌گێڕن، له‌وانه‌ باوكی گێڕه‌ره‌وه‌، كه‌ به‌ رسته‌یه‌ك دێته‌ نێو چیرۆكه‌كه‌وه‌ و ده‌ڕوات، دایكی گێڕه‌ره‌وه‌ كه‌ هیچ وه‌زیفه‌یه‌كی نییه‌ و فه‌رمانی گێڕه‌ره‌وه‌ ده‌یهێنێته‌ نێو چیرۆكه‌كه‌وه‌، كه‌سایه‌تییه‌كی دیكه‌ كه‌ (شادی)یه‌  به‌گێڕه‌ره‌وه‌ ده‌ڵێ‌ “تۆ ئه‌م قه‌له‌قیه‌ت بۆ ئه‌وه‌نده‌ قه‌له‌قه‌…” لێره‌دا زمانی كه‌سایه‌تی شادی-یش له‌ هه‌مان دۆخی قه‌له‌قی گێڕه‌ره‌وه‌دایه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ قه‌له‌قی گێڕه‌ره‌وه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر كه‌سایه‌تیه‌كانی ده‌وروبه‌ریشی هه‌بێت. گێڕه‌ره‌وه‌ له‌ رارایی راده‌كات و زۆر به‌ په‌له‌یه‌ بۆ گه‌یشتنه‌وه‌ به‌ماڵ و له‌كۆتاییشدا ده‌گات. توانا له‌ڕێگه‌ی شوێنێكی وه‌ك (ماڵ)وه‌ ڕه‌وره‌وه‌ی رارایی خۆی به‌ دونیای ده‌ره‌وه‌وه‌ گرێ‌ ده‌دات و ده‌یه‌وێت له‌ماڵه‌وه‌ خۆی به‌ند بكات و له‌ كێشه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆی رزگاری ببێت.
 ئه‌م چیرۆكه‌ له‌ ده‌ست پێكه‌وه‌ دۆخی رارایی وه‌رده‌گرێت و گێڕه‌ره‌وه‌ له‌نێوان دووبڕیاری دژ به‌یه‌كدا رارایه‌: (ئه‌مه‌وێ‌ بنووسم.. نـــــا نـانـووسم)  نائومێدی و قه‌له‌قی كاراكته‌ر به‌جۆرێكه‌ كه‌ بیر له‌ فڕین و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ زه‌وی ده‌كاته‌وه‌. دۆخی ناته‌ندروست و شیزۆفرینیایی له‌و رسته‌یه‌دایه‌ كه‌ ده‌ڵێت “قاچه‌كیڕه‌مه‌.. خه‌ریكم كاشیه‌كه‌ی ژێرپێم هه‌ڵئه‌كۆڵم..”  مرۆڤ له‌ كه‌شی ناته‌ندروست دا كه‌ وێنه‌یه‌كی شیزۆفرینیایی وه‌رده‌گرێت، فێره‌ خو ده‌بێت، خو گرتن ده‌ستپێكی شیزۆفرینیایه‌ و مرۆڤ كاتێك ده‌كه‌وێته‌ نێو رارایی و گرفته‌وه‌ خو به‌ هه‌ڵسوكه‌وتی سه‌یره‌وه‌ ده‌گرێت، بیركردنه‌وه‌ له‌ شتێك، ڕارایی و دابڕان له‌نێوان هۆش  و جه‌سته‌دا دروستده‌كات، به‌جۆرێك چالاكی جه‌سته‌ و جووڵه‌كان په‌یوه‌ندی به‌ مێشكه‌وه‌ نییه‌، له‌م حاڵه‌ته‌دا جووڵه‌كانی جه‌سته‌ ده‌بێت به‌ خواردنی نینۆك، خوگرتن به‌ هه‌ڵكۆڵینه‌وه‌، په‌لاماردانی و شت شكاندن و قسه‌ دووباره‌كردنه‌وه‌ و… له‌ دۆخی شیزۆفرینیادا زمانیش ده‌چێته‌ نێو وڕێنه‌ و بزڕكاندن، زمانی ئه‌م چیرۆكه‌ش له‌و حاڵه‌ته‌ شیزۆفرینیاییه‌دایه‌، تروپكی نائومێدی و ڕارایی  وێنه‌یه‌كی ره‌شبین و شپرزه‌ نیشان ده‌دات، ره‌شبینی ده‌گات به‌و راده‌یه‌ی كه‌ گێڕه‌ره‌وه‌  چۆن له‌ رابردوو ره‌شبینه‌ ئاوه‌ها له‌ ئێستا و له‌ ئاینده‌ی خۆیشی نائومێد بێت، گێڕه‌ره‌وه‌ ده‌ڵێت “باوكه‌ سه‌ری من نیشانه‌یه‌ بۆ ئه‌و تیره‌ی له‌كه‌وان ده‌رچوو، بۆ ئه‌و تیره‌ی له‌كه‌واندایه‌ و بۆ ئه‌و تیره‌ش كه‌ هێشتا نه‌چووه‌ته‌ كه‌وانه‌وه‌..” نائومێدی ده‌گاته‌ ئه‌و راده‌یه‌ی كه‌ پێشبینی ئاینده‌یه‌كی تار و لێڵ ده‌كات.. نائومێدی ئه‌م تێكسته‌ی توانا خوێنه‌ر ده‌خاته‌وه‌ بیری نائومێدییه‌كانی سادق هیدایه‌ت. وێنه‌یه‌كی دیكه‌ی ئه‌م ئه‌لبوومی  راڕایه‌ وێنه‌یه‌كی حه‌زین و پڕ له‌ غه‌مه‌، وێنه‌ی عه‌شق و ته‌نهاییه‌، چیرۆكنووس باس له‌ كه‌ش و هه‌وایه‌كی سارد و به‌سته‌ڵه‌ك ده‌كات، حوزنی مرۆڤ له‌ته‌نهایی عه‌شق دا هه‌ستكردنه‌ به‌سه‌رما، پاڵه‌وانی چیرۆكه‌كه‌ واهه‌ست ده‌كات كه‌ هه‌رچی سه‌رما هه‌یه‌ له‌جه‌سته‌ی ئه‌و دایه‌، ئه‌م حاڵه‌ته‌ ده‌چێته‌ كه‌شێكی رۆمانسیانه‌وه‌، كاراكته‌ر له‌ یوتۆپیای به‌سته‌ڵك دا ده‌ژی “من عومرێكه‌ له‌م زه‌مهه‌ریره‌ی خۆما هه‌ڵئه‌له‌رزم و سه‌رمای وا بێشه‌ره‌فم نه‌دیووه‌..”
 نووسینی نامه‌یه‌ك كه‌ گرنگترین كاری كاراكته‌ره‌ دیسانه‌ وێنه‌یه‌كی عاشقانه‌ ده‌دات به‌ پاڵه‌وانه‌كه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت نامه‌ بۆ مه‌عشوقه‌كه‌ی بنووسێ‌، پاڵه‌وان باس له‌ عه‌شقی سۆفیزمی خۆی ده‌كات له‌ چاخی ڕاپ دا، له‌شوێنێكدا خۆشه‌ویسته‌كه‌ی وه‌ك هاوشێوه‌ی مه‌عشوقه‌كه‌ی خه‌یام نیشان ده‌دات ئه‌و وێنه‌ خه‌یاڵییه‌ی نێو فه‌خفورییه‌كان، له‌ قوڵایی عه‌شقدا ماندووبوون و غه‌مگینی وای لێده‌كات كه‌ ده‌ڵێ‌ بیركردنه‌وه‌ له‌ تۆ سه‌رئێشه‌یه‌.  له‌ رسته‌یه‌كدا دنیا ده‌كات به‌نوور و له‌ رسته‌ی دوا ئه‌وه‌دا ده‌یه‌وێت خۆی بته‌قێنێته‌وه‌ و هاوكات ده‌چێته‌ماڵه‌وه‌ و به‌ده‌ست ئاماژه‌ بۆ داخستنی ده‌رگاكه‌ ده‌كات و ده‌ڵێت “ده‌ره‌وه‌ تاعـــوونه‌.. تاعـــــــوون”. ئه‌م ئاماژه‌یه‌ گوزارشته‌ له‌ نائومێدییه‌كی وجودی و ناوه‌كی و ترسێك كه‌وا له‌ پاڵه‌وان ده‌كات ده‌رگای ماڵ دابخات و له‌ مرۆڤه‌كان دووركه‌وێته‌وه‌، ئه‌م رسته‌یه‌ چیرۆكه‌كه‌ ده‌باته‌ دۆخێكی  بوونیه‌وییه‌وه‌. چیرۆكنووس له‌ چیرۆكه‌كه‌دا چه‌ند رسته‌یه‌كی ته‌وزیف كردوه‌ كه‌ له‌تێكستی دیكه‌وه‌ وه‌ریگرتووه‌، یه‌كێ‌ له‌وته‌وزیفانه‌ وشه‌ی(IHANA KULTANI_شیرینه‌كه‌م)ه‌ به‌زمانی فنله‌ندی من نازانم چیرۆكنووس بۆ ئه‌م وشه‌ فنله‌ندییه‌ی به‌كار هێناوه‌ بۆ كوردیه‌كه‌ی به‌ كارنه‌هێناوه‌ ئایا به‌كارهێنانی ئه‌و وشه‌یه‌ په‌یوه‌ندی به‌و دۆخه‌ رارایی و وڕێنه‌كردنه‌وه‌یه‌؟ دووه‌م ته‌وزیف ئایه‌تی21 ی سوره‌ی الحشر له‌ راستیدا ئه‌و ئایه‌ته‌ به‌و جۆره‌ نییه‌ كه‌له‌چیرۆكه‌كه‌دا هاتووه‌. به‌ڵكو درێژتره‌ و چیرۆكنووس به‌شێكی ئه‌و سوره‌یه‌ی وه‌رگرتووه‌ و ئه‌مه‌ته‌واوی ئایه‌ته‌كه‌یه‌  (لو انزلنا هژا القر‌وان علی جبل لرایته‌ خشعا متصدعا من خشه‌ الله‌ وتللك الامپل نچربها للناس لعلهم)    واته‌كه‌ی (ئه‌گه‌ر ئه‌م قورئانه‌مان دابه‌زاندایه‌ بۆسه‌ركێوێ‌ وه‌تێگه‌یشتنمان پێبدایه‌ ده‌تبینی به‌ ملكه‌چی وله‌ت له‌ت بوو له‌ترسی خوا، ئه‌م جۆره‌ نموونانه‌ ده‌یان هێنینه‌وه‌ بۆ خه‌ڵك، بۆئه‌وه‌ی بیربكه‌نه‌وه‌)  لێره‌دا چیرۆكنووس وه‌ك ئیقتباسێك به‌شێك له‌وئایه‌ته‌ی وه‌رگرتووه‌ كه‌ گوزارشته‌ له‌ قورسیی، له‌سووره‌ته‌كه‌دا گوزارشت له‌ قورسیی قورئان كراوه‌ به‌ راده‌یه‌ك كێو هه‌پروون ده‌كات، به‌ڵام چیرۆكنووس سوود له‌و گوزارشته‌ وه‌رده‌گرێت و به‌عشقێكی پیرۆزی ئینسانیان بۆ ئینسانییه‌وه‌ گرێی ده‌دات، عه‌شقێك لای چیرۆكنووس به‌ئه‌ندازه‌ی زه‌وی قورسه‌..! عه‌شقێك به‌و قورسیه‌وه‌ له‌دڵیدا جێگیربووه‌، چیرۆكنووس بۆ ئه‌وه‌ی حه‌قی ته‌واو بدات به‌و باره‌ قورسه‌ ئیقتیباسی ئایه‌تێك ده‌كات كه‌ گوزارشته‌ له‌ سه‌ختترین قورسایی. قورسایی عه‌شقێك كه‌ بوونی پاڵه‌وانی چیرۆكه‌كه‌ی توشی ئه‌و قه‌له‌قیه‌كردووه‌.
 یه‌كێكی تر له‌ ته‌وزیفكارییه‌كان ئیقتیباسی دێڕ شیعرێكی (به‌كر عه‌لی) شاعیره‌، دیسانه‌وه‌ چیرۆكنووس به‌ دێڕه‌شیعرێك گوزارشت له‌ قه‌له‌قی و ماندووبونی دڵی خۆی ده‌كات، په‌ناهه‌نده‌یی له‌دڵێكی غه‌مگین دا. ته‌وزیفی چواره‌م سوود وه‌رگرتن له‌ دێره‌ شیعرێكی چیرۆكنووس باران، وه‌ك چیرۆكنووس ئاماژه‌ پێداوه‌ كه‌ خه‌یاڵی ئه‌و دێڕه‌ له‌دێڕه‌شیعرێكی بارانه‌وه‌ نزیكه‌، چیرۆكنووس خۆشویستنی مه‌عشوقی خۆی به‌ئه‌ندازه‌ی دڵۆپه‌كانی باران ئه‌ژمار ده‌كات، كام دڵۆپ؟ ئه‌وانه‌ نا كه‌ده‌كه‌ونه‌ ده‌ستی یاره‌وه‌ ئه‌وانه‌ كه‌ ناكه‌ونه‌ ده‌ستییه‌وه‌، توانا لێره‌دا مه‌رجكاری له‌گه‌ڵ مه‌عشوقه‌كه‌ی ده‌كات، ده‌ستی له‌ژێر بارانێكدا پێ ده‌كاته‌وه‌و دوایی ده‌ڵێت “به‌قه‌د ئه‌و دڵۆپانه‌ نــا كه‌ ده‌كه‌ونه‌ ده‌ستته‌وه‌.. به‌قه‌د ئه‌وانه‌ی ناكه‌ونه‌ ده‌ستته‌وه‌ خۆشمده‌وێیت” دوا ئیقتیباس به‌كارهێنانی رسته‌یه‌كه‌ كه‌ هی ئه‌لبێركامۆیه‌ به‌ ریتمی دێڕه‌شیعرێكی دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی نووسیوێتی. وه‌رگرتنی ئه‌م دێڕه‌ چیرۆكه‌كه‌ ده‌باته‌ دۆخێكی بوونگه‌راوه‌ و وێنه‌یه‌كی غه‌مگین و ره‌شبین و نائومێد ده‌دات به‌كۆی چیرۆكه‌كه‌، نائومێدی رۆح له‌ زیندانی ژورێك دا. كۆی ئه‌م چیرۆكه‌ ڕارایی گێڕه‌ڕه‌وه‌یه‌ له‌ ئازاری عه‌شقێكی سۆفیانه‌ و راسته‌قینه‌وه‌ پاڵه‌وان ده‌باته‌ دۆخێكی قه‌له‌ق و شپرزه‌وه‌، به‌جۆرێك زمان و هه‌ڵسوكه‌وت وجووڵه‌كانی پاڵه‌وانی چیرۆكه‌كه‌ گوزارشت له‌ رۆحێكی غه‌مگین و رارا و نائومێد و ره‌شبین بكات. ژانی عه‌شق و ته‌نهایی كۆمه‌ڵێ‌ رسته‌ی بێ‌ مانا ده‌خولقێنێ‌ و ئه‌و بێماناییه‌ سه‌رئه‌نجام خولقاندنی مانایه‌ له‌ زارێكی عه‌به‌سیه‌وه‌، كه‌ رارایی و شپرزه‌یی كۆی تێكسته‌كه‌ ده‌ته‌نێ. ئه‌و رارایی و شپرزه‌ییه‌ په‌یوه‌ندی به‌و دۆخه‌ رۆمانسی و ته‌نهاییه‌ی پاڵه‌وانی چیرۆكه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌، گێره‌ره‌وه‌ عه‌شقی خۆی وه‌ك بارێكی قورس ده‌بینێت و كۆی چیرۆكه‌كه‌ وێنه‌یه‌كه‌ میحنه‌تی ئه‌و عه‌شقه‌ و قه‌له‌قی گێڕه‌ڕه‌وه‌ ده‌گوازێته‌وه‌ بو كێشه‌ی ئۆنتۆنۆلۆژی له‌ ژیانی مرۆڤی نوێدا.                        

 
مه‌حمود نه‌جمه‌دین

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.