Skip to Content

Friday, September 20th, 2024
خۆپیشاندان ‌و رۆڵی روناكبیران

خۆپیشاندان ‌و رۆڵی روناكبیران

Closed
by March 8, 2011 گشتی

 

  نامه‌وێ‌ به‌شێوه‌یه‌كی پانۆڕامایی رووداوه‌كانی ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ی رابردوو كه‌ له‌ كوردستان روویاندا بگێڕمه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ی مه‌به‌ستمه‌ چه‌ند قسه‌یه‌ك له‌سه‌ر هۆكار ‌و زه‌مینه‌ی روودانی رووداوه‌كان بكه‌م. هه‌روه‌ها باس له‌ رۆڵی روناكبیران ‌و نووسه‌ران‌و رۆژنامه‌نووسان بكه‌م، كه‌ تاچه‌ند توانییویانه‌ په‌یامه‌ راسته‌قینه‌كه‌یان كه‌ ده‌رخستنی راستییه‌ رابگه‌یه‌نن ‌و بیگه‌یێنن. له‌پێش هه‌موو شتێكدا ده‌بێت ئه‌وه‌ بڵێین، ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ شه‌قام ده‌گوزه‌رێ‌ درێژكراوه‌ی هه‌مان ئه‌و رووداوانه‌یه‌ كه‌ له‌ جیهانی عه‌ره‌بی به‌شێوه‌یه‌كی گشتی رووده‌ده‌ن، چونكه‌ ئه‌مڕۆ كارلێكه‌كان ئاسانترن له‌ بیست ساڵ به‌ر له‌ئێستا.. ئه‌مڕۆ ته‌كنه‌لۆژیا تێكه‌ڵ به‌ هه‌موو جومگه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ژیان بووه‌ هه‌روه‌ها كاری له‌ پێكه‌وه‌گرێدانی كۆمه‌ڵگاكان كردووه‌ ‌و ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ش كه‌ هاوشێوه‌ی یه‌كترن زیاتری له‌یه‌ك نزیكخستوونه‌ته‌وه‌. به‌ مانایه‌كی دی ئه‌مڕۆ نه‌ زمان ‌ونه‌ ئاین ‌و نه‌سنوور ‌و  ‌و نه‌كولتور رێ له‌وه‌ ناگرن كه‌ تاكه‌كانی هه‌ر كۆمه‌ڵگایێك به‌ئاسانی له‌یه‌كتر بگه‌ن ‌و كێشه‌ ‌و ئارێشه‌كانی یه‌كتریش درك پێنه‌كه‌ن. له‌و ده‌ره‌نجامه‌دا ده‌مه‌وێ‌ ئه‌وه‌ بڵێم ئه‌وه‌ی له‌شه‌قامی كوردستان ده‌گوزه‌رێ‌ ده‌نگی په‌نگخواردووی راسته‌قینه‌ی جه‌ماوه‌ری كوردستانه‌ بۆ داواكارییه‌ ریشییه‌كانیان دژ به‌ گه‌نده‌ڵی ‌و بێكاری ‌و مه‌حسوبیه‌ت ‌و مه‌نسوبیه‌ت ‌و ته‌زكیه‌ ‌و قۆرخكاری ‌و ده‌ستخستنه‌ناو كاروباری حكومه‌ت ‌و  تد.. له‌لایه‌ن پارته‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانه‌وه‌. باله‌وه‌ گه‌ڕێین كه‌ كێ‌ ده‌ستپێشخه‌ربووه‌ بۆ روودانی خوێنڕژانه‌كه‌، چونكه‌ پێم وابێت لیژنه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ ئه‌مه‌ یه‌كلا ده‌كه‌نه‌وه‌،  ئه‌وه‌ش گرنگ نیه‌ كه‌ خۆپیشاندانه‌كان روویان له‌ ده‌ڤه‌رێكی دیاریكراوه‌، واتا كه‌ خۆپیشاندانه‌كان شاری سلێمانی ده‌گرێته‌وه‌ ئه‌وه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌ كه‌ له‌ شوێنانی تر خه‌ڵك ناڕازی نیه‌، به‌ڵكو به‌هه‌مان شێوه‌ لێره‌ ‌و له‌وێ‌ ئه‌و ده‌نگانه‌ ده‌بیستین كه‌ ته‌واو ناڕازین له‌ ئه‌دا ‌و كاركردنی حكومه‌ت، به‌ڵام له‌ شێوازی ده‌ربڕیندا تا ئێستا جیاوازن. له‌دیوێكیشیدا كه‌ خۆپێشاندانه‌كان زیاتر سنوری پارێزگای سلێمانی ده‌گرێته‌وه‌، مه‌غزای سیاسی  هه‌یه‌، كه‌ قسه‌كردنن له‌سه‌ر دیوی ئه‌و دیوی سیاسه‌ت كه‌ ئه‌ویش ئیداره‌یه‌،  ئه‌وه‌ په‌یامێكی روونه‌ بۆ ده‌سه‌ڵات كه‌ ئێره‌ فه‌رامۆشیێكی زۆری پێوه‌ دیاره‌ ‌و وه‌ك هه‌رێم ‌و ناوچه‌یه‌كی جیاواز مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵًدا كراوه‌، سه‌لماندنی ئه‌م راستییانه‌ش ئه‌و راپۆرته‌ وێنه‌ییانه‌ بوون كه‌ شه‌وانه‌ په‌خشده‌كرانه‌وه‌.هه‌روه‌ها په‌ره‌سه‌ندنی كولتوری دیموكراسی له‌كۆمه‌ڵگاكه‌ماندا‌و هوشیاری تاكه‌كان له‌ئاست داواكردنی مافه‌كاندا گه‌یشتۆته‌ راده‌یه‌ك كه‌ چیدی نه‌توانن له‌ ئاستیدا بێده‌نگی هه‌ڵبژێرن.
 ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێین، ئه‌گه‌ر تا دوێنێ‌ به‌ بیانووی ناسكی باری ناوخۆی هه‌رێم كۆمه‌ڵێك پاشاگه‌ردانی ‌و كه‌مته‌رخه‌می رووبه‌ڕووی خه‌ڵك بووبێته‌وه‌، ئه‌وا له‌سه‌رده‌می خۆ دامه‌زراندن ‌و پێكهێنانی په‌رله‌مان ‌و حكومه‌تی یه‌كگرتوو به‌ تایبه‌ت كه‌ شه‌ش كابینه‌ یه‌ك به‌دوای یه‌ك به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێ‌. ئه‌مه‌ كارێكه‌ مایه‌ی ره‌زامه‌ندی شه‌قام نابێت ‌و توڕه‌یی به‌رهه‌مدێنێ‌. بۆیه‌ ئه‌و توڕه‌ییه‌ی له‌ رۆژی یه‌كه‌می خۆپێشاندنه‌كاندا بینیمان  زیاتر كاردانه‌وه‌ بوو ئه‌وه‌نده‌ی كارێك بێت كه‌ كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی گێره‌شێوێن پێی هه‌ڵبستن.وه‌ك چۆن زۆربه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یان به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌ران به‌كارهێنا.. ئه‌گه‌ر رۆژانی سه‌ره‌تایی خۆپیشاندانه‌كان له‌ چوارچێوه‌یێكی عه‌فه‌ویانه‌دابووبن ئه‌وا له‌ رۆژانی دواتریدا به‌ تایبه‌ت كه‌ زانكۆ به‌ كۆی دامه‌زراوه‌كانی ‌و سه‌دان نووسه‌ر ‌و رووناكبیر ‌و رۆژنامه‌وان ‌و فه‌رمانبه‌ر ‌و زانای ئایینی ‌و سه‌ندیكاكان ‌و …تد هاتنه‌ ناو كایه‌كه‌ ‌و رێڕه‌وی خۆپیشاندانه‌كه‌یان له‌ به‌كارهێنانی كاری توندوتیژی ‌و زمانی پڕ له‌ هه‌ڕه‌شه‌وه‌ گۆڕی بۆ زمانێكی تر كه‌ دیالۆگخوازبوو ‌و په‌یامه‌كانیان یه‌كخست ‌و په‌رله‌مانتارانیان له‌ رۆژه‌ خۆشه‌كانی پشووی ره‌سمی  هێنانه‌وه‌ ناو په‌رله‌مان تا گفتوگۆ له‌سه‌ر ته‌وه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌مڕۆی سه‌ر سه‌حنه‌ بكه‌ن ‌و به‌ رێككه‌وتننامه‌یه‌كی حه‌ڤده‌ خاڵی لێیده‌ربچن ، كه‌ كۆی خاڵه‌كان ئه‌گه‌ر پێش كاتی روودانه‌كه‌ پێشنیاركرابان ئه‌وا دۆخه‌كه‌ باشتر ده‌چووه‌ پێشه‌وه‌ ‌و ئه‌و دڕدۆنگییه‌ ‌و دڵشكانه‌ش له‌ نێوان شه‌قام ‌و لایه‌نه‌كاندا رووینه‌ئه‌دا. دواتریش ده‌سه‌ڵاتی ناچاركرد گوێ‌ له‌ داخوازییه‌ ره‌واكان بگرێ‌ ‌و بكه‌ونه‌ دیالۆگ ‌و گفتوگۆ، وه‌ك تێبینیێكیش ده‌بوا له‌ ده‌ستپێكدا رووی ده‌سه‌ڵات له‌ شه‌قام بێت نه‌وه‌ك روو له‌ لایه‌نێكی دیاریكراوی ئۆپۆزیسیۆن بكات. چونكه‌ وه‌ك ده‌بینین ده‌نگی ناڕازی له‌ شه‌قامه‌.
ده‌ره‌نجامی ئه‌م رووداوانه‌ كه‌ خوێنی هاته‌ نێوان هه‌موومانی برینداركرد، به‌وه‌ی خوێنی لاوانی كورد جارێكی تر به‌ده‌ستی كورد ده‌ڕژێت. ئه‌مه‌ ئه‌و په‌یامه‌ ترسناكه‌یه‌ كه‌ ده‌بوا دوای ئه‌زموونێكی دوور ‌و درێژ له‌ شه‌ڕی ناوخۆ په‌ندی لێوه‌رگیرابا، به‌ڵام پێچه‌وانه‌كه‌یمان بینی. بۆیه‌ رووناكبیران جیاواز له‌هه‌موو جاره‌كان به‌گه‌رموگوڕییه‌وه‌ خزانه‌ ناو خۆپیشانده‌ران ‌و چوونه‌ پشتی بڵندگۆكان ‌و دلێرانه‌ ده‌نگیان هه‌ڵبڕی، ده‌ربڕینی په‌یامی له‌مچه‌شنه‌ ‌و كه‌وتنه‌ پشتی داخوازییه‌كانی خه‌ڵك نیه‌تی راسته‌قینه‌ی رووناكبیر به‌مانا پڕاوپڕه‌كه‌ی خۆی ده‌گه‌یه‌نێت. به‌تایبه‌ت كه‌ بینیمان  په‌یامه‌كه‌ داوای گۆڕینی كولتوری خۆپیشاندان له‌ هاوڵاتیان ده‌كات، له‌ هه‌ڵكوتانه‌سه‌ر داموده‌زگا ‌و باره‌گاكان بۆ كولتوری نه‌رمی نواندن ‌و به‌شداریكردن به‌شێوازی سه‌رده‌میانه‌ كه‌ خۆی له‌ چالاكیی مه‌ده‌نییانه‌ ده‌بینێته‌وه‌، كه‌ تیایدا چالاكییه‌ هونه‌ری ‌و ئه‌ده‌بی ‌و میللی ‌ورێڕۆیشتنی هێمنانه‌ ‌و  داخوازییه‌كانیش له‌ پاڵیان بخرێنه‌ روو كه‌ زمانێك بێت ده‌سه‌ڵات ناچاربكات گوێی بۆ شلبكات. خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕێ‌ ده‌كرا هاته‌دی ‌و رۆژ به‌ڕۆژ به‌پیره‌وه‌ هاتن بۆداخوازییه‌كان هه‌یه‌ ‌و كاره‌كان خه‌ریكه‌ رێڕه‌وێكی ئاسایی به‌خۆوه‌ ده‌بینن، كه‌ دواجارئه‌وه‌ی ده‌یبینین  ئه‌و ئیراده‌یه‌ سه‌رده‌كه‌وێ‌  كه‌ له‌ شه‌قامه‌وه‌ په‌یامه‌كانی راستگۆیانه‌ ‌و بوێرانه‌ ده‌رده‌بڕێ‌ ‌و ده‌سه‌ڵاتیش به‌ناچاری گوێی بۆ راده‌دێرێ‌.

حه‌سه‌ن مسته‌فا

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.