Skip to Content

Saturday, May 4th, 2024
گفتوگۆ لە گەڵ سۆسیالیستی میسری سامح نەجیب

گفتوگۆ لە گەڵ سۆسیالیستی میسری سامح نەجیب

Closed
by March 8, 2011 گشتی

ئەندامانی سۆسیالیستە شۆڕشگێڕەکانی میسر لە ئێستادا لە پێناوی دیموکراسی و مافەکانی کرێکاران لە تێکۆشانی بەردەوام دان. ساڵانێکی دوورو درێژ تەحەمولی سەرکوتی رژێمی پۆلیسی یان کردوە. بە دەلیلی ئەم تێکۆشانە جەسوورانەیە، سۆسیالیستەکان توانیویانە دەورێکی کاریگەر و چارەنووس ساز بببینن لە ڕێکخستنی یەکەمین خۆپیشاندانی 25 ی جەنیوەری. خۆپیشاندانێک سەرەنجام بە شۆڕشێکی جەماوەری لە دژی حوسنی موبارەک سەرکەوتنی بە دەست هێنا. هەروەها سۆسیالیستەکان لە ئێستاش دا جیگاوو شوێنی ناوەندی خۆیان لە ناو بزووتنەوەکەدا پاراستووە. سامح نەجیب ئەندامی سەرکردایەتی سۆسیالیستە شۆڕشگێڕەکان لە میسر. ئەو گفتوگۆیە دەکات لە گەل مستەفا عومەر لە قاهیرە سەبارەت بە هێزە بزووێنەرەکانی شۆڕشی میسر و پێشهاتەکانی داهاتوو.

ئەوەی ئەمرۆ لە میسردا ڕوودەدات، مایەی سەرسامی و بروا نەکردنە لە لایەن تەواوی شۆڕشگێرانی میسرەوە. بەڵام لە 25 ی جەنیوەری لێ نزیکبوونەوە. ئایا تۆ چاوەروانی ئەم ڕووداوانەت دەکرد؟

بە دڵنیایی یەوە، ئێمە لە باری تیۆری یەوە تێگەیشتنێکمان هەبوو لە سەر ئەم هەلومەرجە سیاسی یەی چەند ساڵی ڕابردوو کە لە سەروبەندی تەقینەوەدا بوو.لەگەڵ ئەوەشدا پێشبینی بەرپابوونی شۆڕش مان دەکرد. بەڵام ئێمە هیچ فکرەیەکمان نەبوو کە 25ی مانگ ڕوودەدات. لەم ڕۆژەدا جەماوەرێکی یەکجار زۆر بەشێک بوون لە خۆپیشاندانەکان و ئەو هەستە جەنگاوەرییەی نیشانیان دا بێ وێنە بوو. ئێمە بەوە راهاتبووین کە بانگەواز کردن بۆ خۆپیشاندان دەتوانیت دەوروبەری 100 بۆ 200 نەفەر ئامادەیی خۆیان نیشان دەدەن و هەر زووش لە لایەن هێزەکانی ئاسایش پەرتەوازەی پێ دەکرێت. بەڵام لە 25جەنیوەری  ژمارەی خۆپیشاندەران لە شارەکانی قاهیرە و ئەسکەندەری یەو شارەکانی تر شەپۆلی دەدا و لە بەرزبوونەوەدا بوو. خۆپیشاندەران سەرکەوتووانە هێرشە یەک لە دوای یەکەکانی پۆلیس یان پووچەڵ دەکردەوە. بەردمان دەگرتە پۆلیس. خەڵک لە ماڵەکانیان دەهاتنە دەرەوە و پەیوەست دەبوون بە ئێمەوە. ژنان هەل هەلەیان بۆ لێدەداین و شیرینی یان بە سەردا دەباراندین.لە کۆتایی ڕۆژی 25ی جەنیوەری دا بەم ئەنجامگیری یە گەیشتنین کە شۆڕش لە ئێستادا دەستی پێکردووە.

دەورو نەخشی سۆسیالیستە شۆڕشگێرەکان و هێزەکانی تری  چەپ چی بوو لە ڕێکخستنی خۆپیشاندانی 25 ی جەنیوەری دا؟

ئێمە (سۆسیالیستە شۆڕشگێڕەکان) و تەواوی چەپەکانی تر،بەیەکەوە لە گەڵ بزووتنەوەی لاوانی 6ی ئەپریل، دەوری سەرەکیمان بینی لە ڕێکخستنی خۆپیشاندانی 25ی جەنیوەری. لەم ڕۆژەدا ئیخوان موسلمین پشتیوان و بانگەوازی خۆپیشاندانیان نەکرد، بە شێوەیەکی گشتی  ئەوان پێیان خۆش نی یە پشتیوانی لە کارێک بکەن کە خۆیان کۆنترۆلی نەکەن. لە بەر ئەوەی چەپ لەم ڕۆژەدا دەوری ڕابەری بینی.
ئێمە و هێزەکانی تری چەپ لە 25 ی جەنیوەری کۆبووینەوە و ستراتیژی یەکی هاوبەشمان پێکهێنا بۆ کاری عەمەلی. بۆ نموونە ئێمە بڕیارمان دا خۆپیشاندان بەرێبخەین لە چەندین شوێنی جیاواز لە سەرانسەری قاهیرە، هەروەها بە ڕێخستنی ڕێپێوانێک بۆ بەردەم مەیدانی ئازادی. ئێمە ئەوەمان کرد بۆ ئەوەی دەستپێشکەری هێزەکانی ئاسایش بکەین تاوەکو نەتوانن خۆپیشاندانەکان بشکێنن پێش ئەوەی دەست پێبکات. هەر وەکو لە ڕابردوودا بە بەردەوامی ئەم کارەیان دووبارە دەکردەوە. گرتنەبەری ئەم تاکتیکە زۆر سود بەخش بوو. لە گەڵ ئەوەشدا دەبێت ڕاستگۆ بین، هێزەکانی ئاسایش خۆیان ئامادە نەکردبوو بۆ ئەم ژمارە فراوانە لە جەماوەری خەڵک برژێنە سەر شەقام. ئەوان تووشی سەرسورمان هاتن.

میدیاکانی ڕۆژئاوا و میسر بەردوام ئەوەیان دووبارە دەکردەوە کە ئەمە شۆڕشی لاوانەو ڕاستەوخۆ ڕێکخراوە لە ڕێگای فەیسبووک و میدیا کۆمەڵایەتیەکانی ترەوە. ئایا دەتوانی ماهیەتی چینایەتی ئەم شۆڕشەمان لە ڕۆژەکانی یەکەمدا بۆ شی بکەیتەوە؟

لاوان پێکهاتوون لە چینی کۆمەڵایەتی جیاواز، هەموویان بە ئەنگیزەی خۆیان دژی رژێم بوون. ئەوان دەوری سەرەکی یان گێرا لە داگیرساندنی شۆڕش. بەڵام هەر لە رۆژی یەکەم دا چینی کرێکار دەورو نەخشی مەرکەزی هەبوو. بۆ نموونە شاری سویس- بەشاری چینی کرێکاران ناسراوە، کە دەورێکی مێژوویی دوورو درێژی هەیە لە خەباتدا لە دژی دەسەڵاتی داگیرکارانەی بەریتانی و زایۆنی،لە گەل ئەوەشدا پێشڕەوی شۆڕش بوون. لە ساڵەکانی 1940دا کرێکارانی سویس بەلێشاو لە کارگەکان دا دەهاتنە دەرەوە بۆ ناو شار و بۆسەر شەقام، ئەوان لەو ڕۆژگارەدا یەکەمین شەهیدیان دا. شێخ حافز سەلامە، کە یەکێک بوو لە سەرکردەکانی دژی کۆلۆنیالیزمی بەریتانی، هەروەها دواتریش لە جەنگی دژی ئیسرائیل لە گەل شۆڕشگێرەکاندا بوو لە خەباتی سەرشەقام دا.
بە هەمان شێوە کرێکارانی قاهیرە، ئەسکەندەری یە، مەنسوری یە یاریکەری سەرەکی بوون لە سەرەتایی هەموو ڕووداوەکاندا. کرێکاران نەیاندەتوانی بەشداری ئەم خەباتە شۆڕشگێرانەیە بکەن بە شێوەی هێزێکی بە کۆمەڵ لە بەر ئەوەی سەرمایەداران مانیان گرت و بەرهەمهێنانیان وەستاند. لە ترسی هاتنەمەیدانی کرێکاران. بەڵام ئەم سیاستە دژە کرێکارییەی سەرمایەدارن شکستی خوارد چەند ڕۆژێک بەر لە ڕووخانی موبارەک لە 11 فیبریوەری و هەروەها دوای روخاندنیشی کرێکاران بە شێوەی هێزێکی بە کۆمەل هاتنە مەیدان. 

ملیۆنەها کەس لە مەیدانی ئازادی و ئەسکەندەری یەو شارەکانی تر بەشداری شۆڕش یان کرد. ئایا ئێوە (سۆسیالیستە شۆڕشگێڕەکان) بەم ژمارە کەمەوە چۆن کارتان دەکرد و توانیتان کاریگەری دابنێن لە سەر ئەم بزووتنەوە جەماوەری یە. ئەو کارە دەستپێشکەری یانەی ئێوە چی بوو؟

هەر لە سەرەتاوە، سۆسیالیستەکان، ناسرییەکان و چەپەکانی تر دەورێکی گرنگی یان بینی لە ڕەهبەری کردنی خۆپیشاندانەکاندا. بەڵام ئەو ژمارەیەی پەیوەست بوون بە خۆپیشاندەران زۆر گەورە بوون و دەگەیشتە زیاتر لە ملیۆنێک کەس بە تایبەتی لە شوێنێکی وەکو قاهیرە و ئەسکەندەری یە. ئێمەش مەجبوور بووین تیشکۆ بخەینە سەر گرنگترینیان. ئێمەش تیشکمان خستە سەر چوار بۆ پێنچ شوێن.
ئێمە بۆ درێژەدان بە خەبات و بۆ هێنانە خوارەوەی ڕژێم  پێمان دادەگرت، هەر جۆرە گفتوگۆیەکمان رەتدەکردەوە لە گەڵ ڕژێم. ئێمە داخوازی یەکانی چینی کرێکارانمان لە پێشەوە و لە ناوەندی ئەدەبیات و پروپاگەندەی خۆماندا دانابوو. ئێمە لە گفتوگۆ و پەیوەندی و هاوپەیمانی بەردەوام دا بووین لە گەڵ بزووتنەوەی کرێکاری، ئێمە کاری هاندان و ورووژاندنمان دەکرد بۆ مانگرتن و بەهێزکردنی شۆڕش. ئێمە تێدەکۆشاین بۆ دەست بەسەرداگرتنی سەرمایەی خاوەنکارە گەورەکان کە پەیوەندی یان هەیە لە گەڵ ڕژێمی موبارەک. لە هەمان کاتدا داواکاری ئەوە بووین ئەم سەرمایەیە خۆمالی بکرێتەوە لە ژێر دەسەڵاتی “کرێکاران’.
لە گەل ئەوەشدا، ئێمە کاری هاندان و ورووژاندمان دەکرد بۆ گۆڕینی شۆڕش، لە شۆڕشی سیاسی یەوە بۆ شۆڕشی کۆمەڵایەتی. هەروەها ئێمە کاری ورووژاندنمان دەکرد بۆ داخوازیی یە گشتی یەکانی وەکو: 1.200 پاوەند لایەنی کەمی کرێ لە مانگێک دا، سەندیکای سەربەخۆ، کار یان بیمەی بێکاری بۆ کرێکارانی بێکار، هەروەها چەندین داخوازی چینایەتی تر.
ئێمە شەش بەیاننامەمان بڵاوکردەوە و زۆر بە ڕوونی داخوازی یەکانمان شی کردەوە. ئێمە بە هەزاران هەزار لەم بەیاننامانەمان لە مەیدانی ئازادی بەخشی یەوە بە سەر جەماوەر دا. لە گەڵ ئەوەشدا بە سوود وەرگرتن لە سایتەکەمان لە گەل تەواوی ناوەندەکانی وڵات لە پەیوەندی دا بووین.

دەورو نەخشی ئیخوان موسلمین چی یە. کە گەورەترین گرووپی سیاسی ئۆپۆزسیۆنە لەم وڵاتەدا؟

ڕەهبەری ئیخوان موسلمین پشتیوانییان نەکرد لە خۆپیشاندانەکانی 25 ی جەنیوەری. بە گشتی ئەوان پشتیوانی ناکەن لە کارێک ئەگەر خۆیان دەستپێشکەری یان نەکردبێت یاخود ئەگەر ئەوان دەوریان تیایدا نەبێت. بەڵام وەکو ئەوەی کە دیارە دوای ڕۆژی یەکەم کاتێ شۆڕش بەرپا بوو، ئینجا بریاری یان دا پشتیوانی بکەن. بەڵام دواتر دەورێکی گرنگی یان گێرا لە مەیدانی ئازادی بە تایبەتیش لە ڕۆژی  2 ی فێبریوەری کاتێ دەوڵەت هێرشی دەست پێکرد لە ڕێگای ئەسپ سواری و کۆکتیل مولوتف (بۆمبی دوکەڵاوی) بۆ سەر خۆپیشاندەران. بەشداری  ئەوان لە ژمارەدا، لە ڕووی چەندایەتی یەوە گۆرانی دروست نەدەکرد. لەم ڕۆژەدا 13 کەس گیانیان بەخت کرد تەنها یەک لەم گیانبەختکردووانە سەر بە ئیخوان موسلمین بوو. بەڵام بە پێچەوانەوە ئاستی ڕێکخراوبوونیان و دسپلینیان یارمەتی کرد بۆ بەرگری کردن لە مەیدانی ئازادی. ئێمە ئاگاداری ئەوە هەین ئەوان لە هەوڵی پێکهێنانی پارتێکی سیاسین. بەشێکیان دەیانەوێت ئەم ڕێکخراوە لە سەر ئەساسی مافە مەدەنی یەکان دروست بێت نەک ئایینی. بەشێکی تریان کۆنەپارێزن و بەم هەنگاوە بەرهەلستکارن. بە وشەیەکی تر ئێمە بۆچوونمان وایە تەقسیم بەندی و جیابوونەوە لە ناویاندا ڕوودەدات. لە گەڵ ئەوەشدا یەک گرووپی لیبرال بە ناوی هاوپەیمانی لاوانی شۆڕش لە ناویاندا دروست بووە کە چەندین داخوازی سیاسی فۆرمۆلە کردووە. ئەم گرووپە دووشەمەی ڕابردوو لە گەڵ سەرانی سوپا لە گفتوگۆدا بوون. لەم ڕێکخراوەیەدا ژمارەیک لە چالاکوانانیان بەشداری شۆرش بوون. بەڵام نوێنەرایەتی چینی – ناوەڕاستی باڵی لیبرال دەکەن کە دەیانەوێ شۆڕش سنوردار بکەن لە دەوری شۆڕشێکی سیاسی لە پێناوی چەند ڕیفۆرمێکی دیموکراتی بە بێ ئەوەی سیستەمی سەرمایەداری بخنە ژێر پرسیار. ئەم لیبرالەنە دەیانەوێت ئامۆژگاری بدەن بە سوپا بۆ گورینی کەسە گەندەلەکان وە جێگرتنەوەیان بە کەسێکی تر یاخود گۆرینی بە کەسێکی تێکنۆکراتی دەست پاک. ئێستا زۆربەی لیبرالەکان بەرهەڵستکاری مانگرتنی کرێکارانن، ئەوان دەڵێن کرێکاران خۆپەرستن. بەشکیان لە فەیسبووکەکانیان دا هێرش دەکەنە سەر مانگرتنە کرێکاری یەکان. وەکو ئەوەی باسم کرد ئەوان بە دوای ڕیفۆرمی سیاسی یەوەن و دژایەتی خەباتی چینایەتی دەکەن. بە دڵنیایی یەوە ئێمەش پشتیوان و داواکاری ڕیفۆرمە دیموکراتی یەکانین. بەڵام ئێمە لە پێناوی دیموکراسی یەکی رادیکال خەبات دەکەین کە بەرژەوەندی کرێکاران لە ناوەند و سەرەوەی ئامانجەکانی دا بێت. بەڵام ئێمە وەکو سۆسیالیستە شۆڕشگێرەکان بە هیچ جۆرێک نامانەوێت شۆڕشەکە لە قۆناغی شۆڕشی سیاسی دا بوەستێت. ئێمە دەمانەوێت خۆمان ڕێکخەین لە پێناوی شۆڕشی کۆمەلایەتی بە رابەرایەتی کرێکارانی میسر.

لە میسر زۆر ڕەوتی چەپی ڕادیکاڵ و سۆسیالیست وجودی هەیە. ئایا پەیوەندی ئێوە چۆنە لە گەڵ تەواوی چەپی ڕادیکاڵ؟ هەروەها  ئایا ئێوە هیچ قسەیەکتان کردوە لەسەر دەستپێشکەری سیاسی لەم مەیدانەدا؟

ئێمە بە بەردەوامی لە گەل هێزەکانی تری چەپ لە هاوکاری داین . بۆ نموونە ئێمە بەشێک بووین لە بەرەی چەپی ڕادیکال. بەیەکەوە پشتیوانی خۆپیشاندان ومانگرتنەکانمان دەکرد، هەروەها لە میدیا و لە بەیاننامە گشتی یەکانیشدا. ئەمانەگرنگن. لەم هەلومەرجە نوێ یەش دا زۆربەی هێزەکانی چەپ  و ڕاست دەستپێشکەری دەکەن بۆ پێکهێنانی ئەحزابی سیاسی. ئێمەش پێویستە ئەم دەستپێشکەری یە بکەین، ئێمە پشتوانی مان کرد لە پێکهێنانی کۆمیتەکان بۆ بەرگری کردن لە شۆڕش لە نێو خوێندکاران و کرێکاران. هەروەها ئێمە لە ناوەندی کۆکردنەوەی هەزارەها  ئیمزا بوون لە لایەن رابەرانی کرێکارانی خەباتکار بۆ پێکهێنانی پارتی کرێکاران. ئەم پارتە دەتوانێت ڕێکخەر بێت، و نوێنەرایەتی بەرژەوەندی یەکانی چینی کرێکاران بکات. هێزی پاڵنەر بێت بۆ بەرەو پێش بردنی شۆڕش.

چینی کرێکارانی میسر لە بارەی قەبارەوە زۆر گەورەیە، هەروەها مانگرتنی گەورەو سەراسەری زۆری تیایە، ئێوە لە کوێ وە دەست دەکەن بە پێکهێنانی حیزب؟

بەڵێ ئەمە ڕاستە، بەڵام ئێمەش لە خاڵی سفرەوە دەست پێناکەین، لە چەند سالی ڕابردوودا لە جەرگەی خەباتدا ،پەیوەندێکی گەرم و سەمیمانەمان لە گەل کرێکاران هەبووە. لە هەمان کاتدا ئێمە سەرنجمان خستۆتە سەر بەشە سەرەکی یەکانی وەکو: کرێکارانی ڕستن و چنین، بەرێوەبەرایەتی پۆست، هێڵی ئاسنی، هاتووچۆ، پەیوەندی یەکان، پیشەسازی چیمەنتۆ. لە گەل ئەوەشدا من وا بیر دەکەمەوە ئەم بزووتنەوە تازەیەی کە دەیەوێت یەکێتی یەکی تێکۆشەری سەربەخۆ پێک بێت بۆ جێگرتنەوەی  نەقابەکانی سەر بە دەوڵەت سەرکەوتنی بە دەست هێناوە. ئەمانەش یارمەتمان دەکەن بۆ هەوڵدان بۆ بنیاتنانی پارتی کرێکاران. ئێستا دەورانی شۆڕشگێڕانەیە. تۆ دەستپێشکەری بنووێنە، دواتر سەیرکە بزانە چی ڕوودەدات.

ئێستا سوپا دەسەلاتی بە دەستەوەیە، بەیاننامە دەردەکات و هەندێ سازشکاری دەکات سەبارەت بە هەڵوەشانەوەی پەرلەمان. ئێوە لە دەورەی داهاتوودا چ پێشبینییەکتان هەیە لە سەر سوپا؟ ئایا پێتان وایە سوپا هێز بەکاربێنێت بۆ دژایەتی کردنی مانگرتنەکان.

سوپا بەشێکی سەرەکی یە لە ئابووری میسری. کۆنترۆلی لە سەدا بیست و پێنجی ئابووری کردووە لە کەرتی پیشەسازی، زەوی وزاری کشتوکالی، هوتێلەکان، ئەمانە هەمووی دەروات بۆ بازرگانی چەک. هێزەکانی سوپا موبارەکی مەجبوور کردن تاوەکو واز لە دەسەڵات بهێنێت بۆ ئەوەی زولالی شۆڕش هێور ببێتەوە و سیستەمەکەیان بپارێزن. پاڵەپەستۆی شۆڕش لە خوارەوەڕا  جیابوونەوەیەکی لە ناوخۆی ڕەهبەری سوپادا دروست کرد. وەزیری بەرگری موبارەک، مەحەمەد تەنتاوی و جێگری سەرۆک کۆمار عومەر سولێمان دەیانویست سوپا بە زەبری هێز کۆتای بە شۆڕش بهێنێت. جەنەراڵ سامی حافز عەنان – سەرۆکی ئەرکانی سوپا لە  لە 25ی جەنیوەری لە واشنتۆن بوو، لە بەر ئەم هۆکارە بەکارهێنانی هێزی رەتکردەوە، ئینجا هیچ ڕێگایەک نەمایەوە تەنها فڕێدانی موبارەک نەبێت. ئێستا سوپا داوا دەکات کە مانگرتووەکان کۆتایی بە بزووتنەوەکەیان بهێنن. سوپا ئەمرۆ لە توانایدا نیە هێڕش بکاتە سەر مانگرتووەکان. ئەم تەووژمە بە قازانجی بەرەی کرێکارانە. سوپا بەر لەوەی هەر هێرشێک دەست پێ بکات بۆ سەر مانگرتووەکان، پێویستی بە کات هەیە. نەک تەنها لیبرالەکانی چینی ناوەڕاست – بەڵکو ئەفکاری گشتی لە دژی مانگرتنەکان ئامادە بکات. لە کۆتایی دا، سوپا لە مەوقیعیەتێکی  زۆر خراپ دایە. شۆڕشی میسر لە سەر ئاستی ناوخۆ و لە ئاستی نێونەتەوەیی دا کاریگەری زۆر گەورەی هەیە.
جیهان دەروانێتە میسر. شۆڕش هۆکاری قوولی هەیە، پانتایی یەکی ترسناکە،شۆڕش توانایییەکی مەزنی هەیە بۆ گۆڕانی بۆ شۆڕشی کۆمەڵایەتی. ئەم شۆڕشە جیاوازە لە گەل شۆڕشی  فلیپین دژی فریدیناند مارکۆس لە ساڵی 1980دا، یاخود ئەندەنیژیا لە دژی سوهارتۆ لە ساڵی 1990دا. دەوری چینی کرێکارانی میسر لەم شۆڕشەدا زۆر مەرکەزی تر و سەرەکی ترە لە دەوری کرێکارانی فلیپین و ئەندەنیژیا. چینی کرێکارانی میسر لە ساڵی  2004 دا لە پرۆسەیەکی خەباتی چینایەتی سەخت و بەردەوام دا بوو وە، تاوەکو گەیشتۆتە ئەم قۆناغە گرنگەی 25 ی جەنیوەری. ئێستا ئەم چینە لە حالەتی جوولان و بەرەو پێش چووندایە، کارێکی زۆر دژوارە چینی دەسەڵاتداری میسر بتوانێت شۆڕش سنووردار بکات بۆ چەند ڕیفۆرمێکی سیاسی.

سەرچاوەی ئەم چاوپێکەوتنە: سایتی رۆژنامەی “کرێکاری سۆسیالیست” ی ئەمریکا / www.socialistworker.org
و. لە ئینگلیزی یەوە: ئازاد ئارمان

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.