سیحری پرسیار له‌ڕۆمانی (قه‌ڵای سپی)ی ئۆرهان پامۆك
ده‌قی نایاب ئه‌و ده‌قه‌یه هه‌میشه دوای خوێندنه‌وه‌ی له‌لایه‌ن خوێنه‌ره‌وه شتێك لای خوێنه‌ر جێده‌هێڵێت. ئه‌و ده‌قانه له‌بیركردنه‌وه‌ی خوێنه‌ردا شوێنێك داگیرده‌كه‌ن. كاریگه‌ری خۆیان ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ژیانی خوێنه‌ر ده‌بێت. ئێمه لێره‌دا مه‌به‌ستمان خوێنه‌ره نه‌ك خوێنده‌وار. هه‌ر ده‌قێك به‌و شێوه‌یه كاریگه‌ری دروستنه‌كات، ناتوانێت ببێته ده‌قێكی گه‌ردوونیی. بۆیه ناوی ده‌نێین ده‌قی گه‌ردوونیی ، چونكوو هه‌ر كه‌سێك له‌هه‌ر ڕه‌گه‌ز و نه‌ته‌وه‌یه‌ك بێت دوای خوێندنه‌وه‌ی واده‌زانێت بۆ ئه‌و نوسراوه. زۆرن له‌خه‌ڵكانی ئاسیا و ئه‌وروپا كاتێك ڕۆمانه‌كانی (گابریل گارسیا ماكیز)یان خوێندۆته‌وه گوتوویانه ئه‌م ڕۆمانه له‌سه‌ر ژیانی ئێمه نووسراوه.ئۆرهان پاموك یكێكه له‌و رۆماننووسانه‌ی گه‌مه‌یه‌كی سه‌یر ده‌گه‌ل خه‌یاڵ و فه‌نتازیادا ده‌كات .له‌وێوه هه‌میشه كاریگه‌ری خۆی له‌سه‌ر خوێنه‌ر به جێده‌هێلێت ڕۆمانی( قه‌لای سپی) ئه‌و ڕۆمانه پڕ له خه‌یاڵه‌یه كه خوێنه‌ر له‌وێدا خۆی بزر ده‌كات وتێكه‌ڵ به ژینگه‌ی ڕۆمانه‌كه ده‌بێت. لێره دا پێویست ناكات باسی چیرۆكی ناو ڕۆمانه‌كه بكه‌م. چونكوو ئه‌وه ئیشی لێكۆله‌ر و ڕه‌خنه‌گر نیه به‌ڵكوو ئه‌وه ئیشی خوێنه‌ره خۆی دوای ڕووداوه‌كانی ناو ڕۆمانه‌كه بكه‌وبَت ، چونكوو له‌بنه‌ڕه‌تدا ئێمه‌ش خوێنه‌رین.
ناونیشانی ڕۆمانه‌كه( قه‌ڵای سپی)ناونیشانێكی ئاساییه.لێ هه‌ڵگری سیحرێكه. چونكوو ئێستا له‌م سه‌ردمه‌دا(هه‌رچه‌نده ڕۆمانه‌كه ڕێكه‌وتی نووسینی ساڵی 1984-1985)ه، قه‌ڵا بوونی نه‌ماوه ته‌نیا مه‌گه‌ر وه‌كوو شوێنه‌وارێك نه‌بێت.كاتێك سه‌یری ڕووداوه‌كانی ناو ڕۆمانه‌كه ده‌كه‌ین.به‌هیج شێوه‌یه‌ك شوێنێكما ده‌نێویدا به‌رچاو ناكه‌وێت وه‌كوو قه‌ڵایه‌كی سپی.كه‌واته ئه‌وه ڕاكێشانی خوێنه‌ره بۆ ناو فه‌زای ڕۆمانه‌كه خوێنه‌ر ڕه‌نگه له خۆی بپرسێت ده‌بێت چ ڕووداوگه‌لێك ده‌نێو ئه‌و قه‌ڵایه‌دا ڕوویدابێ. كه‌چی ئه‌م قه‌ڵایه ته‌نیا خه‌یاڵێكه.له‌وێوه ڕه‌مزێكه بۆ شاری ئه‌سته‌نبوڵ.
ده‌ستپێكی ڕۆمانه‌كه ده‌سپێكێكی زۆر ئاساییه. دووره له‌هه‌ر سرنجراكێشانێك هێنده نه‌بێت كه‌سێك ڕووداوه‌كانی ژیانی خۆی ده‌گێڕێته‌وه، گێڕانه‌وه‌ی ِرووداوه‌كان به‌شێوه‌ی زنجیره‌ییه تاكۆتایی ڕۆمانه‌كه، لێ له كۆتاییدا خوێنه‌ر توشی سه‌ر لێشێوانێك ده‌كات، چونكوو هه‌ردوو كه‌سایه‌تیه‌كه سه‌ره‌كیه‌كه (خۆجه‌و كابرای ڤینیسیای) زۆر به‌یه‌ك ده‌چن وتێكه‌ڵاوی یێكتر ده‌بن. ڕه‌ِنگه (فه‌رهاد پیرباڵ) له ڕۆمانی (هۆتێل ئه‌وروپا) سودێكی زۆری له‌م ڕۆمانه‌ا وه‌رگرتبێت، چونكوو له‌وێشدا (محه‌مه‌دی حاجی زاده) و(مسیۆ لوسیانا) زۆر به پێكتر ده‌چن و (مسیۆ لۆسیانا) به‌ناوی (محه‌مه‌دی حاجی زاده) ده‌جێته ئێران بۆ گه‌ڕان و دۆزینه‌وه‌ی خۆشه‌ویسته‌كه‌ی. هه‌ر له‌م ده‌ستپێكه ساده‌یه‌وه گێڕانه‌وه‌ی ڕه‌وتی ڕووداوه‌كان به شێوه‌یه‌كی زنجیره‌یی ده‌ڕوات تاكوو كۆتایی، لێ كۆتایی ڕۆمانه‌كه كۆتاییه‌كی داخراو نیه.به‌ڵكوو كۆتاییه‌كی كراوه‌یه .چونكوو له وێدا خوێنه‌ر ئازاد ده‌بێت چۆن چاره‌نووسی خۆجه‌و كابرای ڤینیسیای لێكده‌داته‌وه. ڕۆماننووس گه‌لێك ته‌كنیك و هونه‌ری گێڕانه‌وه‌ی ده‌م ڕۆمانه‌دا به‌كاربردووه.كه به پێی توانا له‌م لێكۆڵینه‌وه‌دا باسی ده‌كه‌ین. هه‌رچه‌نده بابه‌تی ئێمه زیاتر بایه‌خ به گرنگی و دروستبوونی پرسیار ده‌دات. پرسیار له‌م ڕۆمانه‌دا پانتاییه‌كی فراوانی داگیركردوه. له‌م ڕۆمانه‌دا ململانێكی فراوان ده‌نێوان كلتوور و زانستی ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵاتدا هه‌یه. ده‌نێو ئه‌م ململانێیه‌دا ده‌یان و سه‌دان پرسیار سه‌رقیت ده‌كه‌نه‌وه. بۆیه له‌وێدا باس له‌و ململانێیه ده‌كرێت. ڕۆژئاوا نوێنه‌ری پێشكه‌وتنه و خه‌لافه‌تی عوسمانیش له‌وپه‌ڕی خورافاتدا ده‌ژی، ڕۆژئاوا پشت به زانست و هونه‌ر ده‌به‌ستێت. خه‌لافه‌تیش له‌ژێر كاریگه‌ری خورافاتی ئاینیی وجادووگه‌راندا داهاتوو لێكده‌ده‌نه‌وه. ده‌بینین ئه‌م كاریگه‌ریه ته‌نانه‌ت سوڵتانیش ده‌گرێته‌وه كه لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵاتی عوسمانییه. سوڵتان به هۆی دار‌و ده‌سته‌ی ده‌ورووبه‌ری ناتوانێ خۆی بریاری دروست ده‌ربكات به‌تایبه‌تی كاتێك كه‌سێكی هه‌یه كه گه‌وره‌ی ئه‌ستێره ناسانه‌و پێشبینیه‌كان لێكده‌داته‌وه. هه‌روه‌ها خۆجه‌ش له چه‌ند كاتێكی جیاوازدا ڕووداوه‌كانی بۆ لێكده‌داته‌وه، با نموونه‌یه‌ك بهێنینه‌وه له بڕوا بوونی سوڵتان به خورافات وكلتووری فاڵ وخوێندنه‌وه‌ی داهاتوو” له‌و ماوه‌یه‌دا ئه‌گه‌ر جاربه‌جاریش بوایه بۆ كۆشك بانگ ده‌كراو وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی سوڵتانی له مه‌ڕ لێكدانه‌وه‌ی په‌یدابونی درزێك له‌ئاوێنه‌دا، بروسكه‌یه‌كی سه‌وز له كه‌ناری دوورگه‌ی ئاسیادا، ورد‌و خاشبونی سوراحیه‌كی ڕه‌نگ سووری خوێنینی پڕ له‌ئاوی گێلاس له شوێنی خۆیداو سه‌باره‌ت به ئاژه‌ڵه‌كانی ناو دوایین كتێبی ئێمه‌ی ده‌دایه‌وه” لێره‌وه په‌یامی ڕۆمانننووس به دیارده‌كه‌وێت. له ڕێگه‌ی خه‌یاڵه‌وه ئه‌م په‌یامه‌ی ئاراسته‌ی خوێنه‌ر ده‌كات، كه ده‌وڵه‌تێك سوڵتانه‌كه‌ی به‌م شێوه‌یه بیربكاته‌وه ده‌بێت حاڵی خه‌ڵكه‌كه‌ی چۆن بێت.
هه‌ر ده‌قێك ئه‌گه‌ر پرسیار لای خوێنه‌ر دروستنه‌كات.ئه‌وا داهێنانی تێدانه‌كراوه چ جای ئه‌وه‌ی ده‌نێو ڕۆمانه‌كه چه‌ندان پرسیاری فه‌لسه‌فی و فیكری تێدا كرابێت. هه‌ر به‌هۆی ئه‌و پرسیارانه‌وه ڕاده‌ی پێشكه‌وتنی زانست و هونه‌ر له نێوان ئه‌م دوو به‌ره‌یه (ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵات) به‌دیارده‌كه‌وێت. هه‌ر ئه‌مه‌شه په‌یامی نووسه‌ر. هه‌رچه‌نده(خۆجه) گرنگی به‌و پرسیارانه ده‌دات. لێ ناتوانێ به‌رگه‌ی ئه‌و پرسیاره گه‌ورانه بگرێت. بۆیه به هۆی كابرای ڤینیسیای خۆجه بیركردنه‌وه‌ی فراوان ده‌بێت. ئاسۆیه‌كی تری به‌ڕودا ده‌كرێته‌وه بۆیه چه‌ندان پرسیاری فه‌لسه‌فی له باره‌ی بوون و كات لای دروستده‌بێت. خۆجه ده‌یویست له‌م ڕێگه‌یه‌وه خۆی له والی ودواتریش سوڵتانی عوسمانی نزیك بكاته‌وه .تا له كۆتای ڕۆمانه‌كه‌دا جێگای گه‌وره‌ی ئه‌ستێره‌كان ده‌گرێته‌وه “خۆجه ده‌كۆشا له‌وه بگات كاته‌كانی نوێژ‌و ڕۆژو له وڵاتانی سارد كه به هۆی هێلكه‌یی گۆی زه‌وییه‌وه جیاوازییه‌كی زۆری كات له‌نێوان ڕۆژ و شه‌ودا هه‌یه. چۆن ده‌ستنیشان بكرێت؟ پرسیارێكی تری هه‌بوون. یان نه‌بوونی خالێكی تری جگه له مه‌ككه بوو.به جۆرێك مرۆڤ له هه‌ر لایه‌كه‌وه ڕووی تێ بكات ڕوو له ڕووگه وه‌رنه‌گێرێت” كه‌واته دروستبوونی پرسیاری بوون، كات له‌لای كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی ڕۆمانه‌كه نیشانه‌ی كاریگه‌ری ڕۆژئاوایه به‌سه‌ر ڕۆژهه‌ڵات ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌مان بۆ ده‌سه‌لمێنێت كه ڕۆژئاوا لانكه‌ی فیكر‌و عه‌قڵانیه‌ت بووه. كه‌چی ڕۆژهه‌ڵات هه‌میشه خه‌ریكی ڕۆحانییه‌ت وخورافات بووه. بۆیه ڕۆمانننووس به‌به‌یه‌كگه‌یاندنی ئه‌م دووكاره‌كته‌ره سه‌ره‌كیانه هه‌وڵی ئه‌وه‌ده‌دات ڕۆژهه‌لات و ڕۆژئاوا به‌یه‌ك بگه‌یه‌نێت وهیچیان به‌بێ ئه‌وی ترناتوانێ داهێنان بكات، بۆیه ده‌كارێت له ئه‌نجامی ئیشپێكردنی عه‌قڵ و زانستی هه‌ر دولا گێتی زیاتر به‌ره‌و خۆشبه‌ختی وداهێنان ببه‌ین بۆ خزمه‌تی مرۆیایه‌تی. هێنانه ئارای پرسیار خاڵی یێكه‌می هه‌موو داهێنانێكه، ئه‌گه‌ر سه‌یری ژیانی مرۆیه‌كان به‌گشتی بكه‌ین، ئه‌وانه‌ی زۆربه‌ی كات ده‌نێو پرسیاركاندا ده‌ژین هه‌میشه بیركردنه‌وه و خوێندنه‌وه‌یان بۆ دیارده‌كان، شته‌كان قوڵتر و فراوانتره، چونكوو پرسیاركردن هه‌نگاوی یێكه‌مه كه بیركردنه‌وه‌ی مرۆ له‌وێدا به‌كارده‌كه‌وێت. كاتێك پرسیار ده‌كرێت، مرۆ بیركردنه‌وه و عه‌قلی خۆی ده‌خاته‌كار بۆ ئه‌وه‌ی به‌دوای وه‌رامی ئه‌و پرسیاره‌دا بگه‌ڕێت، گه‌ڕان به‌دوای وه‌رامیش هه‌نگاوێكی تره بۆ نزیكبوونه‌وه له‌ئه‌نجامه‌كان.
له وڵاتانی ڕۆژئاوا كاتێك پرسیار ده‌كرێت، یان دروست ده‌بێت جا هه‌ر له‌منداڵێكه‌وه بگره تاكوو گه‌وره‌ترین زانا و بیرمه‌ند، یێكه‌م شتێك به‌پێی ته‌مه‌ن و ڕۆشنبیری ئه‌و كه‌سه دواتر وه‌رامێكی عه‌قلانی و زانستیانه‌ی ده‌درێته‌وه. كه‌واته ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر ته‌نانه‌ت په‌روه‌رده‌كردنی منداڵ. له‌وێ كاتێكمنداڵێك پرسیارێك ده‌كات كه ڕه‌نگه ده‌گه‌ڵ ته‌مه‌ن و عه‌قلی نه‌گونجێت، ئه‌وا وه‌رامێكی وایده‌ده‌نه‌وه كه ده‌گه‌ڵ بیركردنه‌وه و ته‌مه‌نی گونجاوبێت، هه‌روه‌ها وه‌ررامێكی قیله‌كه‌رانه‌شه. بۆیه په‌روه‌رده‌كردنی منداڵ په‌روه‌رده‌كردنێكی زانستیانه‌یه. كه‌چی له‌ڕۆژهه‌ڵات، بۆ په‌روه‌رده‌كردنی منداڵ و وه‌رامی پرسیاری گه‌وره‌انیش پشت به‌لێكدانه‌وه ئاینییه‌كان ده‌به‌سترێت. له‌م ڕۆمانه‌دا ئه‌م ململانێیه‌مان به‌زه‌قی به‌رچاوده‌كه‌وێت. كاتێك خۆجه پرسیار له‌منداڵه‌كان ده‌كات، یێكێكیان وا وه‌رامی ده‌داته‌وه كه ئه‌ودیوی ئاسمان دۆزه‌خه. منداڵ له‌كۆمه‌ڵگای ڕۆژهه‌ڵاتی هه‌رله‌ته‌مه‌نی بچوكیدا باسی گوناه و دۆزه‌خ و به‌هه‌شتی له‌لا ده‌كرێت، كاتێك منداڵێك پرسیاری خودا، یان هه‌ر شتێك بكات، یێكسه‌ر وه‌راێكی ترسێنه‌ری ده‌ده‌نه‌وه نه‌ك وه‌رامێكی زانستی و عه‌قلیانه، ئه‌مه‌ش بێگومان كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر ده‌روونی منداڵ ده‌بێت. ئه‌م كلتووری په‌روه‌رده‌كردنه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نائاماده‌یی وه‌رامی روست له‌لایه‌ن دایكان و باوكان و تاكی كۆمه‌ڵگا، چونكوو پێشتر ئه‌وانیش بۆ وه‌رامی پرسیاره‌كانیان وه‌رامێكی دروست و عه‌قلانییان نه‌دراوه‌ته‌وه. چونكوو ه‌گه‌ر تاك هه‌میشه له‌پرسیاركردندا بێت و وه‌رامه‌كه‌شی به‌شێوه‌یه‌كی زانستی و عه‌قلانییانه بدرێته‌وه ئه‌وا بێگومان تووشی هیچ ئاریشه‌یه‌كی بێ وه‌رامی و نه‌زانیی نابنه‌وه. دواتر ئه‌مه ده‌بێته هه‌وڵێك بۆ ئه‌وه‌ی خۆی به‌دوای وه‌رامدا بگه‌ڕێت. بۆیه له‌هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك پرسیاره فه‌لسه‌فییه‌كان، زانستییه‌كان ئاماده نه‌بوو، ئه‌وا ئه‌و كۆمه‌ڵگایه كۆمه‌ڵگایه‌كی بێ پرسیار ده‌بێت، ڕه‌نگه بۆ وه‌رامی زۆربه‌ی پرسیاره‌كان په‌نا بۆ خورافات ده‌بات. بۆیه شێوازی پرسیاركردنیش له‌م كۆمه‌ڵگایانه جیاواز ده‌بێت، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی بپرسن مۆبایل چییه؟ ده‌پرسن مۆایل به‌كه‌ڵكی چی دێت؟ له‌جیاتی ئه‌وه‌ی پرسیاری جه‌وهه‌ری شته‌كان بكه‌ن، پرسیار له‌ورده‌كارییه‌كان بكه‌ن. پرسیار له‌ده‌ره‌وه‌ی شته‌كان ده‌كه‌ن. له‌م ڕۆمانه‌شدا كاتێك نه‌خۆشی له ئه‌سته‌نبۆل بڵاوده‌بێته‌وه، ده‌بینین سه‌یركردن و لێكدانه‌وه بۆ هۆی نه‌خۆشییه‌كه، لێكدانه‌وه‌یه‌كی ئاینییانه‌یه، ته‌نانه‌ت له‌لایه‌ن زانایان و داروده‌سته‌ی سوڵتانیشه‌وه هه‌مان بیركردنه‌وه بوونی هه‌یه، كه‌چی لای كابرای ڤینسیایی كه په‌روه‌رده‌یه‌كی ڕۆژئاوایی و زانستیانه‌ی هه‌یه، لێكدانه‌وه‌یه‌كی زانستیانه‌ی بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و نه‌خۆشییه هه‌یه، كاتێك پێشنیاری ئه‌وه ده‌كات هاتووچۆی خه‌ڵك كه‌مبكرێته‌وه، مردووه‌كان له چاڵێك بنێژن بۆ پاراستنی ته‌ندروستی خه‌ڵك و له‌ناوبردنی ئه‌و په‌تایه. ئه‌مه‌ش ڕێگا چاره‌یه‌كی زانستیانه‌یه، نه‌ك وه‌كوو پیاوه ساده‌كان بیركردنه‌وه‌یه‌كی ئاینییانه و خورافیاتانه.
له یێكتر نزیكبوونه‌وه‌ی خۆجه و كابرای ڤینسیایی ده‌بێته هۆی ورووژاندنی پرسیار لای خۆجه. كاتێك پرسیاری (بۆچی من منم؟) له‌خۆی ده‌كات. ئه‌وه پرسیارێكی زۆر فه‌لسه‌فیه، بۆیه زۆر به‌دوای وه‌رامه‌كه‌یدا ده‌گه‌ڕێت له‌ئه‌نجامی ئه‌و گه‌ڕانه‌یدا زۆر شتی بۆ ئاشكرا ده‌بێت. بۆیه پرسیار مرۆ سه‌رقاڵ ده‌كات، كاتێك مرۆی هۆشیار پرسیار ده‌كات، سه‌ره‌تا له‌خودی خۆیه‌وه پرسیار ده‌كات. له‌م ڕۆمانه‌دا گرنگییه‌كی ته‌واو به ئاوێنه دراوه، ئاوێنه وه‌كوو سه‌یركردنی خوده، له‌وێدا مرۆ ده‌توانێت سه‌یری خودی خۆی بكات، له ڕۆمانی (جیهانی سۆفیا)ی (یۆستاین گارده‌ر) بكه‌ین، كاتێك سۆفیای كه‌سایه‌تی سه‌ره‌كی ڕۆمانه‌كه نامه‌یه‌كی بۆ دێت كه پرسیاری(من كێم؟)ی تێدا نووسراوه، ئه‌ویش ده‌چێته به‌رابه‌ر ئاوێنه و ئه‌و پرسیاره له‌خۆی ده‌كات، ده‌یه‌وێت له‌ڕێگای سه‌یركردنی له‌ئاوێنه له‌خودی خۆی وه‌رامی ئه‌و پرسیاره بداته‌وه. ڕه‌نگه بۆ وه‌رامدانه‌وه‌ی پرسیاری فه‌لسه‌فی وا چه‌ندان ئه‌گه‌ری لێبكه‌وێته‌وه. چونكوو كاتێك بۆ وه‌رامدانه‌وه‌ی پرسیاری وا گه‌وره وه‌رامێكی سه‌دله‌سه‌دمان ده‌ستنه‌كه‌وێت، بۆیه په‌نا ده‌باته به‌ر ئه‌گه‌ره‌كان. بۆ نموونه كاتێك ده‌پرسین ئه‌م زه‌وییه چۆن دروستبووه؟ چه‌ندان وه‌رامی لێده‌كه‌وێته‌وه، زانست وه‌رامی خۆی هه‌یه، ئایین وه‌رامی خۆی هه‌یه…تاد.
هه‌روه‌كوو پێشتر ئاماژه‌م پێكرد بوونیادی سه‌ره‌كی ئه‌م ڕۆمانه له‌سه‌ر خه‌یاڵ بوونیادنراوه. خه‌یاڵ ڕه‌گه‌زێكی سه‌ره‌كییه له‌م ڕۆمانه‌دا. لێ ئه‌م خه‌یاڵه واقیع و مێژوویه‌كی پێگێڕدراوه‌ته‌وه خوێنه‌ر هه‌ستناكات له‌ناو خه‌یاڵدایه. چیرۆكی ڕۆمانه‌كه هه‌ر له‌گێڕانه‌وه‌ی مێژوو ده‌چێت، لێ گێڕانه‌وه‌كه گێڕانه‌وه‌یه‌كی هونه‌ریانه‌ی هه‌یه، بوونیاده‌كه‌شی له‌سه‌ر خه‌یاڵ بوونیادنراوه. بۆیه جیاوازییه‌كی زۆر له‌نێوان گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوی مێژوویی و گێڕانه‌وه‌ی ڕووداو له‌ڕۆماندا هه‌یه، له گێڕانه‌وه‌ی مێژوویی كات هه‌میشه ڕابردووه، لێ له‌ڕۆماندا كاتی ڕابردوو و ئێستا‌و داهاتووشی تێدایه، بێگومان ئه‌وه‌ش پێویستی به‌هونه‌ری گێڕانه‌وه هه‌یه. گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی زنجیره‌ییه، واته پاش و پێشكردنی ڕووداوه‌كان له‌م ڕۆمانه‌دا به‌رچاو ناكه‌وێت، ئه‌مه‌ش زیاتر له ڕۆمانی ته‌قلیدی ده‌چێت، لێ ئه‌وه به‌مانای ئه‌وه نایه‌ت ئه‌م ڕۆمانه له هونه‌ره‌كانی گێرانه‌وه خاَلی بێت، ئه‌م ڕۆمانه هونه‌ره‌كانی دایه‌لۆگ، مه‌نه‌لۆگ، فلاش باك، فانتازیا، خه‌یاڵ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رز تێدا به‌كاربردراوه. ئه‌مه‌ش به‌هۆی گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكێكه له‌ناو ژینگه‌یه‌كی ته‌واو خه‌یاڵیدا. هه‌روه‌ها له‌ناو گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكه سه‌ره‌كیه‌كه چه‌ندین گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكی لاوه‌كی هه‌ن، واته ده‌نێو پانتایی گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كان گێڕانه‌وه‌ی تر هه‌یه. ئه‌و دوو كه‌سایه‌تییه سه‌ره‌كییه ده‌ست ده‌كه‌ن به‌گێڕانه‌وه‌ی ژیانی ڕابردووی خۆیان، له‌م ڕوانگه‌یه‌وه ده‌توانن شاره‌زای كلتوور و فه‌رهه‌نگ و زانستی یێكتر بن، كه‌واته گێڕانه‌وه‌ی چیرۆك ده‌نێو چیرۆكدا به‌رزترین ته‌نكیكی ئه‌م ڕۆمانه‌یه له‌وێوه له درێژه‌ی گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكه‌كانیان تووشی ده‌یان وێستگه‌ی خه‌یاڵی جوان ده‌بین، ته‌نانه‌ت پرسیاری (بۆچی من منم؟) له‌وێوه سه‌رهه‌ڵده‌دات، ئه‌مه‌ش كارده‌كاته سه‌ر شوێن و كاتی ڕوودانی ڕووداوه‌كان و فراوانتر ده‌بن، پێویستی به‌ته‌كنیكی هونه‌ری زیاتر ده‌بێت. ڕۆماننووس هه‌وڵیداوه له‌رێگای ئه‌م ڕۆمانه‌وه ئه‌م په‌یامه‌مان پێبدات كه ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵات وه‌كوو دوو كلتوور، دوو شارستانییه‌ت پێویستییان به یێكتر هه‌یه، هیچیان بێ ئه‌ویتر ناتوانن جوانی بئافرێنن، هه‌روه‌ها ئه‌م دوو شارستانییه‌ته پێویسته له یێكتر نزیك بكه‌ونه‌وه، ئه‌مه‌ش په‌یامێكه هه‌ڵگری بنه‌مایه‌كی مرۆییانه‌یه.
حه‌مه مه‌نتك
13/12/2010