وه‌ڵاتێك له درۆ … سیروان ره‌حیم
مالیكی مۆڵه‌تی به هه‌موو وه‌زیره‌كانی كابینه‌ی خۆی داوه كه ماوه‌ی سه‌د رۆژیان له‌پێشه بۆ ئه‌وه‌ی چاكسازی بكه‌ن.
دیاره له زۆر شوێنی ئه‌م دنیایه زۆرینه‌ی سیاسه‌توانه‌كان درۆ ده‌كه‌ن. درۆ به‌شێكی گرنگه له به‌رنامه‌ی كاری ئه‌وان. ئه‌وان سروشتێكی پڕ له درۆیان به‌و كاره به‌خشیوه. به‌ڵام سیاسه‌توانانی رۆژهه‌ڵات له درۆدا داهێنه‌رن. سیاسه‌توانی دنیا درۆیش ده‌كات و راستیش ده‌ڵێت. به‌ڵام كێشه‌كه ئه‌وه‌یه له رۆژهه‌ڵات و له‌و ناوچه‌یه‌ی ئێمه و له عێراق درۆ هه‌میشه سه‌رده‌ست بووه و تا ئێستا درۆ ماده‌یه‌كه له هه‌موو گیراوه‌یه‌كی ئه‌و سیاسه‌تبازانه‌دا هه‌یه. به كورتی بێ درۆ هه‌ڵناكه‌ن. هه‌ست به‌وه‌یش ناكه‌ن ئه‌و درۆكردنه چه‌ند بووه به هۆی ئه‌وه‌ی بێزراو بن له نێو خه‌ڵكدا.
مالیكی نه‌ده‌بوو سه‌ت رۆژی بدابا به وه‌زیره‌كانی، به‌ڵكو پێویست بوو هه‌شت مانگ كاتیان بداتێ. له‌به‌رئه‌وه‌ی پاش هه‌ڵبژاردنی پارساڵ هه‌موو عێراق هه‌شت مانگی بێ حكومه‌تیان گوزه‌راند، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و پیاوه خۆی بخاته‌وه سه‌ر كورسی سه‌رۆكوه‌زیری. هه‌شت مانگ میلۆنان كه‌س له چاوه‌ڕوانی ئه‌م چاكسازه‌دا بوون. چ رۆژگارێكی پڕ له درۆ ده‌گوزه‌رێنین؟ له لایه‌ك به ته‌نها پیاوێك هه‌شت مانگ هه‌موو كار و بارێكی وه‌ڵاتێك راده‌گرێت بۆ ئه‌وه‌ی پۆستێك وه‌ده‌ست بخات و له لایه‌كی دیشه‌وه هه‌مان پیاو مۆڵه‌تی سه‌د رۆژ به وه‌زیره‌كانی ده‌دات بۆ چاكسازی. ئه‌و وه‌زیرانه‌ی كه له هه‌موو سیاسه‌ت و له گشت بڕیارێكی چاره‌نووسساز بێ ئاگان.
ئه‌گه‌ر سه‌رتاپای ئه‌و وه‌ڵاته درۆ نه‌بێت و له درۆی روت پێك نه‌هاتبێت و له درۆوه سه‌رچاوه‌ی نه‌گرتبێت، ناتوانێ چه‌ندین ساڵ پیاوێكی وه‌ها له پۆستی سه‌رۆكوه‌زیراندا رابگرێت. وه‌ڵاتێك سه‌رۆكوه‌زیرانه‌كه‌ی بێ ئه‌وه‌ی رێز بۆ توانای خه‌ڵكه‌كه دابنێت یه‌كسه‌ر كوڕی خۆی كرد به به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌كه‌ی و داوای چاكسازیش ده‌كات. یان راست خۆی به به‌ڕێوه‌به‌ر و فریشته‌ی چاكسازی پێشان ده‌دات. ته‌نها له رۆژهه‌ڵاتی ئێمه‌یه به‌رده‌وام سه‌رۆكه‌كان په‌راوێزێكی فراوانیان به دوودا ده‌خشێت، په‌راوێزێك له كوڕ، برا، برازا، ئاوه‌ڵزا و كه‌سانی نزیك. چ دیمه‌نێكی سه‌یره ئه‌و په‌راوێزه‌ی سه‌رۆكه‌كان.
وه‌ڵاتێك به‌ر له‌م سه‌رۆكوه‌زیره ده‌رودراوسێ بڕیاری چاره‌نووسسازی بۆ ده‌ده‌ن. ئه‌م پیاوه بۆ بچوكترین جوڵه زۆرتر دڵی له لای تارانه و حیساب بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و پایته‌خته ده‌كات، نه‌ك پایته‌خته‌كه‌ی خۆی. په‌رله‌مانی ئه‌و وه‌ڵاته له بری ئه‌وه‌ی سه‌كۆ بێت بۆ داكۆكی و كۆمه‌كی خه‌ڵك، كه‌چی بووه به شوێنی كۆكردنه‌وه‌ی پاره بۆچه‌ند ئه‌ندام په‌رله‌مانێك و هیچی دیكه. وه‌ڵاتێك له باری گه‌نده‌ڵییه‌وه له پێشی پێشه‌وه‌ی وه‌ڵاتانی گه‌نده‌ڵكاره و چاودێرانی نێوده‌وڵه‌تی به په‌ژاره و غه‌مگینی ره‌وشه‌كه‌ی ده‌نرخێنن. ره‌وشێك كه ئاسۆی چاره‌سه‌ركردنیشی لێڵه. جگه له گه‌ماری گه‌نده‌ڵی، باری ئاسایش له عێراق، بارێكه مایه‌ی غه‌می زۆر كه‌س. مایه‌ی غه‌مه بۆ هه‌موو كه‌سێكی هۆشیاری ئه‌م دنیایه، كه‌چی ته‌نها غه‌می ئه‌و سیاسه‌تبازانه‌ی عێراق نییه.
به پێی ئاژانسه‌كانی هه‌واڵ، شه‌وی 2 له‌سه‌ر3 ی مانگی 3 له ئاوایی میقدادییه (نزیك دیاله) شه‌ش كه‌سی یه‌ك خێزان، دایك، باوك و چوار منداڵیان بوون به قوربانی توندوتیژی و باری نائارامی وه‌ڵاته‌كه. ئه‌مه له‌و كاره‌ساتانه‌یه كه نمونه‌ی له عێراق گه‌لێ زۆره. كه‌چی ئاغای مالیكی به ئاوه‌زی خه‌ڵكی ئه‌و وه‌ڵاته گه‌مه ده‌كات و باسی چاكسازی ده‌كات.
بێگومان ئاغای مالیكی ئه‌م نووسینه‌ی من نابینێت. به‌ڵام ئه‌و سیاسه‌تبازه‌ی كه هه‌موو عێراقی هه‌شت مانگ چاوڕێ كرد بۆ ئه‌وه‌ی خۆی ببێـت به سه‌رۆكوه‌زیر، بریا كه‌سێك هه‌بوبا له نزیكه‌وه پێی ده‌گوت: تۆ ده‌ست به‌رداری ئه‌و سه‌ت رۆژه به ئه‌گه‌ر رووبه‌ری رووناك له دڵ و له ده‌روونتدا ماوه، واز بێنه له‌و سه‌ت رۆژه، ئه‌گه‌ر عێراق كارگه‌ی درۆ و وه‌ڵاتی درۆ نییه، خۆت ده‌ست له كار بكێشه‌وه سه‌رۆكوه‌زیری خۆسه‌پێنه‌ر.
مالیكی ره‌نگبێ هه‌ستی به‌وه كردبێت كه ئیتر ئه‌و شێوازی سیاسه‌تكردن و ئه‌و سیاسییه باوانه كاتیان به‌سه‌ر چوو. ده‌ڵێم: ره‌نگبێ، چونكه دیكتاتۆره‌كان و دیكتاتۆرحه‌زان زۆر دره‌نگ هه‌ست به راستییه‌كان ده‌كه‌ن، به گشتیش هه‌رگیز هه‌ستی پێ ناكه‌ن.
عێراق، ئه‌و وه‌ڵاته‌ی هه‌موو شتێكی له‌سه‌ر بناغه‌ی چرۆك و پوچ بنیات نراوه، له‌سه‌ره‌تای به زۆر پێكه‌ونانه‌وه تا ئێسته كه گه‌نده‌ڵی و بێ كه‌ڵكی وێرانی كردووه و درۆ سه‌رتاپای ته‌نیووه.
وه‌ڵاتێك له درۆ ناوێكی دیكه‌یه بۆ عێراق.
5.3.2011