Skip to Content

Sunday, September 8th, 2024
گوڵه‌ هه‌لوه‌رییوه‌کانی زێی ته‌ق ته‌ق!

گوڵه‌ هه‌لوه‌رییوه‌کانی زێی ته‌ق ته‌ق!

Closed
by March 9, 2011 چیرۆک

(گوستیله‌م له‌ ئه‌نگوستی شه‌ونم به‌ست و به‌لێنماندا چاوه‌ڕووان بین تا بۆ یه‌کترده‌بین)
ئه‌و ڕۆژه‌ی ماڵی شه‌ونم چوون بۆ سه‌یران بۆ ناوچه‌ی ته‌ق ته‌ق و شیوه‌سوور , تا ئێواره‌ له‌ سه‌ر کۆلان ڕاوه‌ستام و چاوه‌ڕێی هه‌والێکی شه‌ونم بووم . له‌ ناکاو دایکی شه‌ونمم بینی به‌ شیوه‌ن و ڕۆڕۆه‌به‌ره‌و مالمان ده‌چوو و هاواری ده‌کرد : به‌کر و مێرده‌که‌م شه‌ونمیان خنکاندووه‌ و پلانیان داناوه‌ ڕێبوارش بکوژن .
 به‌سه‌رهاته‌که‌ی به‌م شێوه‌یه‌ گێڕایه‌وه‌ :
بڕیارماندا بچین بۆ سه‌یران ، شه‌و دۆڵمه‌مان پێچایه‌وه‌ شه‌ونم دڵی زۆرخۆش بوو ، گوستیله‌که‌ی  پیشاندام که‌ تۆ به‌ دیاری بۆت ‌‌هێنابوو . جار جارش ده‌یگوت : دایکه‌ حه‌زناکه‌م سه‌یران له‌گه‌ڵ به‌کری ئامۆزام بکه‌م چونکه‌ به‌کر خۆی به‌ خاوه‌نی من ده‌زانێ . چه‌ندین جار پێمگوتووه‌ : به‌کر تۆ ژنت هه‌یه‌ و وه‌ک برامی ، من دلم به‌ که‌سێکی تره‌وه‌یه‌ . به‌لام به‌کر نایه‌وێ تێبگات ، چاویشی حیزه‌ و له‌سه‌یرکردنم تێرنابێت .
منیش به‌ شه‌ونمم وت : كچم له‌به‌ر خاتری باوکت قسه‌ مه‌که‌ ، ڕۆژێکه‌ به‌خۆشی ده‌یبه‌نه‌ سه‌ر.
هه‌ر ئه‌و شه‌وه‌ به‌ باوکی شه‌ونمم گوت : ئه‌وه‌ چه‌ندین جاره‌ ماڵی ڕێبوار ده‌نێرن بۆ داخوازی شه‌ونم بیکه‌ بۆ خاتری خوا با کچه‌که‌مان دامه‌زرێنین.
مێرده‌که‌م ڕازی نه‌بوو ده‌یگوت : من ده‌یده‌م  به‌ به‌کری برازام ، کچه‌که‌م ناده‌م به‌ که‌سێ که‌نه‌توانی کراسێکی بۆ بکڕێ.
پێمگوته‌وه‌ : پیاوه‌که‌ ئه‌م کوڕ و كچه‌ دلیان به‌ یه‌که‌وه‌ .
وتی : کچێ ئه‌م ئه‌م کوڕه‌ سه‌ر به‌ گۆبه‌نده‌ ، رۆژ تا ئێواره‌ له‌ ڕۆژنامه‌کان شت ده‌نوسێ !  ڕۆژێک ده‌کوژرێ و كچه‌که‌شم به‌ بێوه‌ژنی ده‌مێنێته‌وه‌؟
به‌یانی زوو به‌ڕێکه‌وتین هه‌موو دڵمان خۆشبوو منداڵه‌کان جلی کوردیان له‌به‌رکردبوو ، له‌ ڕێگا ئه‌و خه‌لکه‌مان ده‌بیینی هه‌ریه‌ک له‌ بنه‌ دارێک لایداوه‌ و سفره‌یان ڕاخستووه‌ و چای ده‌خۆنه‌وه‌ . ئێمه‌ تا ده‌م زێی ته‌ق ته‌ق ڕانه‌وه‌ستاین . پاشان له‌ده‌م زێیه‌که‌ سێبه‌ری دارێکمان دۆزی و یه‌کسه‌ر دۆلمه‌م هه‌لڕشت و تێرمان خوارد.
پاشان بینیم شه‌ونم له‌گه‌ڵ باوکی و به‌کر به‌ناو چه‌مه‌که‌ شۆڕبوونه‌وه‌ هه‌رچه‌ند دڵم خورپه‌ی کرد به‌لام باوه‌ڕم نه‌ده‌کرد كچه‌که‌م بکوژن . ئه‌و کافرانه‌ گوستیله‌که‌ ‌ی  تۆیان له‌ په‌نجه‌ی بینی بوو ، سه‌ریان گرتبوو خستبوویانه‌ بن ئاو چه‌ندین جار به‌کر پێی وتبوو : گه‌ر شووم پێبه‌که‌یت نات خنکێنم به‌لام ئه‌و کچه‌ به‌سته‌زمان وتبووی نایکه‌م.. باوکه‌ کافره‌که‌شی بێ غیره‌ت وه‌ستابوو به‌زه‌یی به‌ کچه‌که‌ی نه‌هات و خنکاندیان فڕیاندایه‌ ناو زێیه‌که‌وه‌ .
منیش هه‌ڕه‌شه‌م لێیان کردوو له‌ ده‌ستیان هه‌لاتم ، ئێستا له‌به‌ر خاتری ئێوه‌ هاتووم ده‌مه‌وێ ڕێبوار شار به‌جێ بهێلی . منیش ده‌چم له‌ مه‌رکه‌ز شکاتیان لێده‌که‌م .
وتم : باشه‌ من بۆ کوێ هه‌لبێم؟
وتی : خۆت ده‌زانی!
وتم : من ده‌چم ته‌رمه‌که‌ی شه‌ونم ده‌دۆزم.
به‌ قوڕگی پڕ له‌گریان دایکی شه‌ونم لێمان جوودا بووه‌وه‌ ،ماله‌وه‌مان وایان پێباش بوو بۆ ماوه‌یه‌ک خۆم بشارمه‌وه‌ . سه‌یاره‌که‌م پڕ له‌ پێداویستیه‌کانم کردو به‌ره‌و ته‌ق ته‌ق به‌ڕێ که‌وتم.
نزیک به‌ ته‌ق ته‌ق گوند ێکم بینی به‌ ناوی (جگیله) ، لاڕێ که‌م گرتوو به قه‌راخ گونده‌که‌ شۆڕ بوومه‌وه‌ تا ده‌م زێیه‌که‌. دڵته‌نگ و ته‌نیا دانیشتم خۆمش نه‌مده‌زانی چی ده‌که‌م؟ به‌لام قومێ له‌ ئاوی زێکه‌م خوارد ..هه‌ستم کرد بۆن و تامی له‌شی شه‌ونم ئاوێته‌ی ئاوه‌که‌ بوونه‌ .. هاوارم کرد شه‌ونم گیان..بیرت ده‌که م!.
گه‌نجیێک خه‌لکی ئاوایی هات بۆلام و سلاوی لێکردم و لێی پرسیم : به‌ته‌نیای یا چاوه‌ڕووانی که‌سێکیتر ده‌که‌یت؟ .
وتم : به‌ته‌نیام ..چاوه‌ڕووانی که‌س ناکه‌م .
وتی : من ناوم به‌ختیاره‌ مالم له‌م گونده‌یه‌ ، هه‌ر ئیشێکت هه‌بوو ئاگادارم که‌ به‌سه‌رچاو یارمه‌تیت ده‌ده‌م ؟
وتم : ئایه‌ ده‌توانم چه‌ند ڕۆژێک له‌م حاوییه‌ بمێنم .
وتی : بۆ نا ..به‌لام ئه‌وه‌ ماڵی برای خۆت هه‌یه‌  بۆ له‌م حاوییه‌ ده‌بی ؟
بێده‌نگ بووم ، ئه‌ویش هه‌ستێکی ڕاگرت پاشان وتی : برا من هه‌ست ده‌که‌م کێشه‌یه‌کت هه‌یه‌ ناته‌وێ پێم بلێی ..به‌لام مه‌ترسه‌ ئێمه‌ له‌م دێیه‌ گه‌نجانی شار زۆر ده‌بینین دێن بۆ سه‌یران . به‌س حه‌ز به‌ عاره‌ق خۆره‌کان ناکه‌ین . لام سه‌یره‌ تۆبۆ وا به‌ خه‌مبار دانشتووی ؟
منیش به‌ دلته‌نگییه‌وه‌ به‌سه‌رهاته‌که‌م بۆ گێڕایه‌وه‌.. وتی : به‌داخه‌وه‌ به‌لام ئێمه‌ش جار جار ته‌رمی کچی جاحێلی جوان ده‌دۆزین..ده‌ستی گرتم و سێ سه‌د مه‌ترێ به‌ره‌و بناری گردێ بردمی .. چه‌ند گۆڕێکی نیشاندام وتی : ئێره‌ گۆرستانی گوڵه‌ هه‌لوه‌ریوه‌کانی پێده‌لێن ..ئه‌م گۆڕانه‌ هه‌مووی کچ و ژنی خێنکراوون به‌ ده‌ستی که‌س و کاریان..خه‌م مه‌خۆ تۆ یه‌که‌م که‌س نیت وێل بیت به‌ دوای دڵتا..
وتم : من ده‌مه‌وێ ته‌رمی خۆشه‌ویسته‌که‌م بدۆزمه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌م به‌سته‌زمانانه‌ بینێژم.
دووباره‌ ده‌ستی گرتم و وتی : له‌گه‌لمدا وه‌ره‌ .
پێکه‌وه‌ گه‌ڕاییه‌نه‌وه‌ نزیک حاوییه‌که‌ . که‌پرێکی نیشان دام وتی : ئه‌م که‌پره‌ مالی تۆیه‌ تا بیزارده‌بیت لێره‌ به‌ و مه‌ترسه‌ ئه‌مه‌ که‌پری خۆمانه‌ که‌س نایه‌ت به‌لاته‌ .
منیش سوپاسیم کردو گه‌ڕامه‌وه‌ لا‌ی سه‌یاره‌که‌م و پیداویستیاکانم خسته‌ سه‌رشانم و به‌ره‌و که‌پره‌که‌ گه‌ڕامه‌وه‌ . شته‌کانم داناو تیکه‌یه‌ک نانم گرته‌ ده‌ست و له‌ قه‌راخ زێیه‌که‌ دانشتم ، چاودێری ئاوه‌که‌م ده‌کرد نه‌وه‌ک شه‌ونم به‌سه‌ر ئاوه‌که‌دا شۆڕبێته‌ خواره‌وه‌ .. لای ته‌نکایی ئاوه‌که‌ وورده‌ ماسیم بینی پۆل پۆل ده‌سوورانه‌وه‌ .
 چیرۆکی ئه‌شقی خۆم و شه‌ونمم بۆ ماسییه‌کان گێڕایه‌وه‌ ، له‌ ماسییه‌کانم پرسی:-   ئه‌گه‌ر شه‌ونمتان بینیوه‌ پێم بلێن؟ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ گریان نه‌ده‌بڕایه‌وه‌ که‌چی حه‌زم به‌ گریان ، ماسییه‌کان تا ده‌هات زیاتر ده‌بوون و له‌ په‌نجه‌کانی پێم نزیک ده‌بوون ده‌بوونه‌وه‌ ، چه‌ند دڵۆپه‌ فرمێسکێ شۆڕبوونه‌وه‌ نا و ئا‌وه‌که‌ ماسییه‌ ووردیله‌کان هه‌ڵبه‌زییه‌نه‌وه‌ و به‌ ئاسمانه‌وه‌ فرمێسکه‌کانیان قووت ده‌دا . ئه‌و ئێواره‌یه‌ هه‌ستم کرد ماسییه‌کان نزیکترین که‌سی منن . له‌پڕێکا هه‌لاتن نه‌مزانی ئه‌و ترسه‌ چیبوو تا له دووڕا بینیم ماسییه‌کی شه‌بووتی زڵ به‌دوایانه‌وه‌یه‌ ..هیچم پێ نه‌ده‌کرا تا ووردیله‌کان رزگارکه‌م  ، ناچار به‌ردێکم فڕێدایه‌ ناو ئاوه‌که‌ ، لێخنم کرد .
کاتێ تاریک داهات له‌سه‌ر که‌پره‌که‌ جیگام ڕاخست و ڕاکشام ، خه‌یالم  په‌رش وبلاوبوون ، ڕقم له‌ دنیا ده‌بووه‌وه‌ دڵم به‌ هیچ شتێک خۆش نه‌بوو . ئه‌ستێره‌کانم بینی له‌ ئاوێنه‌ی ئاوی زێیه‌که‌ ده‌بریقانه‌وه‌ و سه‌مایان ده‌کرد تێکه‌ل به‌ شه‌پۆله‌کان شۆڕده‌بوونه‌وه‌ . شه‌و هاژه‌ی گه‌لاکان و بۆنی شێداری چه‌مه‌که‌ هه‌ستێکی تری لا دروست کردبووم ‌ چاوه‌ڕووان بووم  تاریکی بشکێ له‌گه‌ڵ به‌یان شه‌ونمی قه‌د گوڵ و گژ وگیایه‌کان ماچ که‌م .
به‌یانی زوو به‌ختیار بێداری کردمه‌وه‌..قاپێ ماست و نانی گه‌رمی بۆ هێنابووم له‌گه‌ڵ چووپێکی گه‌وره‌ و تۆڕی ماسی و قولابه‌ ماسیه‌ک..وتم : ئه‌زێتت کێشاوه‌ ، ئه‌م هه‌موو شته‌ چییه‌؟
وتی : خه‌مت نه‌بێت به‌وه‌ ده‌چێ تۆ بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر لێره‌ بمێنیته‌وه‌ .
پێکه‌وه‌ چایی و نامان خوارد . پاشان به‌ختیار وتی : به‌م چووپه‌ ده‌توانی ئه‌م سه‌ر ئه‌وسه‌ری زێیه‌که‌ بکه‌یت به‌لکو ئه‌مه‌ خوایه‌ ته‌رمی شه‌و‌نمت دۆزییه‌ه‌وه‌..قولابه‌ ماسیه‌که‌ش بۆ خۆت ڕاوی پێ بکه‌ . تۆڕی ماسیکه‌ش خۆم دایده‌نێمه‌وه‌ .
وتم : کاک به‌ختیارسوپاست ده‌که‌م ..پێم بکرێ ماسییه‌ گه‌وره‌کان ده‌گرم .
وتی : ئاگاداربه‌  چیرۆکی خۆت و شه‌ونم بۆ که‌س باس نه‌که‌یت . دوایی دوژمنه‌کانت بتدۆزنه‌وه‌ ده‌تکوژن.
وتم : جا خۆ من که‌سم نه‌کوشتووه‌ تا دوژمنم هه‌بێ؟
وتی : چیت پێده‌لێم ئه‌وها بکه‌.
به‌ختیارته‌نیا جێی هێشتم که‌ خۆمش حه‌زم کرد ..ده‌مویست هه‌تا هه‌تای ژیان به‌ته‌نیا بم ، کاتێ  شه‌ونمم له‌ ده‌ست چووبێ ده‌بێ ژیان چ تام و مانایه‌کی مابێ؟ سه‌یره‌ له‌م وولاته‌ خۆشه‌ویستی ده‌بێ به‌ دزییه‌وه‌ بێت ، دزیش به‌ ئاشکرا بێت!
سواری چووپه‌که‌ بووم و ئاوی زێیه‌که‌ ئه‌وه‌نده‌ تیژبوو شۆڕی کردمه‌وه‌ ، ناچار له‌ زێیه‌که‌ په‌ڕیمه‌وه‌      ئه‌و‌به‌ره‌و چوپه‌که‌م به‌ده‌سته‌وه‌ گرت ، به‌ پێ تا نزیک ته‌ق ته‌ق ڕێگام کرد . پرده‌ کۆنه‌که‌ی ته ق ته‌قم لێدیاربوو مرۆڤه‌کان سه‌یاره‌یان ده‌شۆری.. دووباره‌ به‌ چووپه‌که‌ چوومه‌وه‌ ناو زێیه‌که‌ ، ئاو بردمی تا نزیک که‌پڕه‌که‌ ئینجا راوه‌ستام له‌ زێیه‌که‌م ڕووانی  ، وتم : ئه‌ی زێ گه‌ر شه‌ونمی خۆشه‌ویستمت لایه‌ بمده‌ره‌وه‌.! به‌وه‌ده‌چوو زیێیه‌که‌ گوێی له‌ ناڵه‌م بووبێ ، چونکه‌ شه‌پۆلی کردو گیانی ته‌ڕ کردم. هه‌ر له‌ قه‌راخ ئاوه‌که‌ قولابی ماسییه‌کم  دوورفڕێدا  تا ماسی بگرم که‌چی بینیم ماسییه‌ ووردیله‌کان له‌ته‌نکاییه‌ که‌ لێم نزیک ده‌که‌وتنه‌وه‌‌ .
لێم پرسین : هه‌والی شه و‌نمتان بۆ هێناووم ؟
ماسییه‌کان وه‌ک پۆڵێ مه‌ل به‌ئاسمانه‌وه‌بن  ڕیزیان به‌ست و ده‌سووڕانه‌وه‌.
قولابه‌که‌م جووله‌ی کرد ، به‌ هێواشی ڕامکێشا بینیم ماسییه‌کی گه‌وره‌ی دوو بیستی گرتبوو. ماسیه‌که‌م له‌ قولابه‌که‌ کرده‌وه‌و پێموت : ببووره‌ ژیان ده‌بێ وابێ؟ پاشان فرێمدایه‌ لای که‌پره‌که‌م.
دووباره‌ هه‌ویرم کرده‌ سه‌ر قولابه‌که‌ و به‌ تووندی دوور هه‌لمدا..تا یه‌کسه‌عات به‌ پێوه‌ وه‌ستام هه‌موو هه‌ست و هۆشم لای شه‌ونم بوو. خۆم به‌ تاوانبار ده‌زانی ده‌مووت : له‌ جیاتی  تۆله‌ی شه‌ونم که‌مه‌وه‌ که‌چی هه‌لاتووم .  قولابه‌که‌ دووباره‌  جوولا .ڕام کێشا ماسییه‌کی ترم گرتبوو هه‌مان شێوه‌ی ماسییه‌که‌ی پێشووی هه‌بوو ..ترسام وتم : ئاشقه‌ و باشقه‌ نه‌بن به‌دوای یه‌کتر هاتبن..بیستوبووم ماری ئه‌شقه‌وباشقه‌ هه‌یه‌ ، به‌س ماسی ئاشقم نه‌بیستبوو.‌. له‌وه‌بێ ئه‌م ماسییه‌ش عاشقی ماسیه‌که‌ی تر بێت ، ده‌یه‌وێت چاره‌نووسیا ن یه‌ک بێت .
 به‌ختیارله‌گه‌ڵ کوڕ و كچه‌ جوانه‌که‌ی هاتن بۆلام .
هه‌رچه‌نده‌ دڵ ته‌نگ بووم به‌س له‌گه‌ڵ منداله‌کان هه‌ندێ گالته‌و گه‌پم کرد .. پاشان وتم :  من ده‌توانم ماسییه‌ بچووکه‌کان بانگ که‌م گه‌ز له‌ پێم بگرن..پێکه‌وه‌ چووینه‌ قه‌راخ زێیه‌که‌ پێیه‌کانم درێژ کرده‌ ناو ئاوه‌که‌ ماسییه‌کانم بانگ کرد و پرسیم: هۆ ماسییه‌ ووردیله‌کان هه‌والی شه‌ونمتان پێیه‌؟
ماسییه‌کان به‌ کۆمه‌ڵ هه‌لگژانه‌ سه‌رپێم..منداڵه‌کانی به‌ختیار پیده‌که‌نین و سه‌ریان سووڕمابوو ..به‌ختیار وتی : ماسییه‌کان ده‌نگی عاشقه‌کان ده‌ناسن.
له‌گه‌ڵ به‌ختیار چووین تۆڕه‌که‌مان ڕاکێشایه‌ ده‌ره‌ وه‌ ، پێنج شه‌ش ماسی گه‌وره‌ی گرتبوو ، به‌ختیار وتی : ماسیت بۆ جێبهێلم . وتم : نا من ئه‌م دوو ماسییه‌ عاشقه‌ و باشقه‌م به‌سه‌.
به‌ختیار وتی : ماسییه‌کانشت ئاشقه‌ و باشقه‌ن.
منداله‌کانی وتیان : باوه‌ ئاشقه‌ و باشقه‌ چییه‌ .
به‌ختیاروتی :کچم.. ئاشقه‌ و باشقه‌ وه‌ک من و دایکت وایه‌  .
پێش ئه‌وه‌ی به‌ختیاربڕوات لێی پرسیم : ئه‌مڕۆ چیت کرد؟
وتم : له‌م سه‌ر بۆ ئه‌سه‌ر زێیه‌که‌ گه‌ڕام هیچ نه‌هاته‌ پێش چاوم.
وتی : زه‌حمه‌ته‌ بتوانی بیدۆزیته‌وه‌ ، له‌وه‌بێ ئێستا ته‌رمه‌که‌ی گه‌شتبێته‌ پردێ .
وتم : نازانم .ده‌یدۆزم یان نه‌ ..به‌لام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی لێره‌ خنکێنراوه‌ حه‌ز ناکه‌م لێره‌ دوور بکه‌ومه‌وه‌.
وتی : جار هه‌یه‌ ده‌بنه‌ خۆراکی ماسی .
به‌ختیار کچه‌که‌ی خسته‌ سه‌ر شانی و کوڕه‌که‌ی ماسییه‌کانی به‌ده‌سته‌وه‌ گرتوو لێم دوور که‌وتنه‌وه‌ . منیش هه‌ر ڕووانیمه‌ ئه‌و دیمه‌نه‌ جوانه‌ ..خۆزگه‌م ده‌خواست من و شه‌ونمش دوو مندالمان هه‌بوایه‌ و له‌م گونده‌ بژیانایه‌. خۆزگه‌کانم بوون به‌خه‌ون ، خه‌ونه‌کانشم به‌تاڵن!
به‌ ته‌نیشت که‌پره‌که‌م .. ماسیه‌کانم بینی یه‌کیان مردبوو ئه‌ویتر په‌ڵه‌ قاژێی بوو ..دڵم گوشرا سوێندم خوارد که‌ ئه‌م دوو ماسییه‌ ئاشقه‌ و باشقه‌ن..ماسییه‌ مردووه‌‌که‌م خسته‌ باوه‌شی ماسییه‌که‌یتر وتم هیچ نه‌بێت تا ده‌مرێ با تێر بۆنی خۆسه‌ویسته‌که‌ی بکات..هه‌رچه‌ند ده‌متوانی ماسییه‌ زیندووه‌که‌ بگه‌ڕێنمه‌وه‌ ناو زێیه‌که‌ به‌لام حه‌زم نه‌کرد جارێکیتر به‌ته‌نیا ژیان به‌رێته‌ سه‌ر ، هه‌ر وه‌ک ئێستای من . له‌ خه‌یالی خۆخنکاندن بووم.
په‌شیمان بوومه‌وه‌ وتم نا من ده‌بێ به‌کر بکوژم ! خۆ گه‌ر به‌کرش بگوژم شه‌ونم ناگه‌ڕێته‌وه‌..به‌س گه‌ر بیکوژم دڵم داده‌مرکێ . هه‌رچه‌ند من و شه‌ونم ده‌مان وت نابێت له‌ژیان وشه‌ی کوشتن و بڕین  له‌سه‌رزارمان ببیسترێ..به‌لام وادیاره‌ مرۆڤ ناتوانێ به‌لێنی ئایینده‌ دیاری بکات
شه‌وداهات و ماسییه‌کانم به‌ که‌پره‌که‌وه‌ شۆڕکرده‌وه‌..خۆمش له‌سه‌ر که‌پره‌که‌ ڕاکشام..له‌و کاته‌دا چه‌نده‌ پێم خۆش بوو که‌ دوورم له‌ هات و هه‌رای ‌شار، ته‌نانه‌ت بیری که‌س و کارشم نه‌ده‌کرد..لێره‌ش ته‌نیا نه‌بووم شه‌ونمم له‌گه‌لدابوو..جار هه‌بوو ده‌بوو به‌ په‌ری ده‌ریا له‌ ناو زێیه‌که‌وه‌ به‌ره‌و ڕووم ده‌هات که‌ ده‌مویست باوه‌شی پێ بکه‌م وه‌ک په‌ڕه‌ی گوڵ هه‌ڵده‌وه‌ری.. شه‌وانه‌ داده‌نشتم وله‌ ئاوی زێیه‌که‌م ده‌ڕووانی په‌نجه‌کانی شه‌ونمم ده‌بینی گوستیله‌ زیوه‌که‌ی هێشتا پێوه‌ بوو له‌ پڕ په‌نجه‌کانی ده‌بوونه‌ وورده‌ ماسی و له‌گه‌ڵ شه‌پۆلی ئاوه‌که‌ وون ده‌بوون .
 گوێم له‌ده‌نگه‌ ده‌نگ و ته‌قه‌ ته‌ق بوو..سه‌یرێکی خواره‌وه‌م کرد بینیم دوو چه‌قه‌ڵ ده‌میان له‌ناو قاپ و قاچه‌خه‌کانه‌.. له‌وه‌بێ به‌دوای بۆنی ماسییه‌کان هاتبن..لێیانم کرده‌ ده‌نگه‌ ده‌نگ له‌ ترسا هه‌لاتن و دوور که‌وتنه‌وه‌ .
ئه‌و شه‌وه‌ یاریم به‌ چاره‌نووسی خۆم ده‌کرد..ده‌مگوت : خۆم ده‌که‌ مه‌ ناو زێیه‌که‌ و خۆم ده‌خنکێنم و تێکه‌ل به‌ گیانی شه‌ونم ده‌بم .
تا به‌ره‌به‌یاین چاودێری زێیه‌که‌م کرد..هه‌رچه‌ند سارد بوو هه‌ر ڕؤژ له‌گه‌ڵ ئاوی زێێه‌که‌ مه‌له‌م ده‌کرد گیانم ته‌ڕ ده‌کرد  زوو خۆم ووشک نه‌ده‌کرده‌وه‌ چونکه‌ وامده‌زانی به‌شێک له‌ گیانی شه‌ونم تێکه‌ڵ به‌ خانه‌کانی له‌شم ده‌بن.
زۆرم برسی بوو ئاگرم کرده‌وه‌ ماسییه‌کانم له‌بان تاشه‌ به‌ردێ دانا ، تا گه‌رمی ئاگره‌که‌ ماسییه‌کان سوورکاته‌وه‌ . به‌تانییه‌که‌م به‌ دارێکه‌وه‌ شۆڕ کرده‌ وه‌ وتم : ئه‌وه‌ شه‌ونمه‌ به‌ کراسی کوردی شینی ئاسمانی  به‌رابه‌رم دانیشتووه‌  وقسه‌م له‌‌گه‌ڵ ده‌کرد ،.چیرۆکی ئه‌شقی دوو ماسیه‌که‌م بۆ گێڕایه‌وه‌..وتم شه‌ونم منیش وه‌ک ئه‌و ماسییه‌ ناتوانم به‌ته‌نیا بژیم دێم بۆلات .
 چووپه‌که‌م گرته‌ ده‌ست و خۆم هه‌لدایه‌ ناو زێیه‌که‌وه‌ ..ده‌م زێ و ده‌م زێ ‌ئاوه‌که‌ بردمی . چه‌ند پۆڕێکم بینی له‌ ترسی ڕێوییه‌کان هه‌لده‌فڕین .
له‌ زێیه‌که‌ په‌ڕیمه‌وه‌ دووباره‌ تا نزیک پرده‌که‌ی ته‌ق ته‌ق ڕۆیشتم..مندالم ده‌بینی جانتای قوتابخانه‌یان به‌ ‌ پشته‌وه‌ بوو، گاوانم بینی مانگه‌کانی به‌ره‌وه‌ ناو زه‌لکاوه‌کان ده‌برد .
 سواری چووپه‌که‌م بووم ، ده‌سته‌کانم وه‌ک سه‌وڵ به‌کارده‌هێنا بۆ لای که‌پره‌که‌م گه‌ڕامه‌وه‌ . له‌ دڵی خۆم وتم : ئێستا ئاگره‌که‌ کوژاوه‌ته‌وه‌ ماسییه‌کانش برژاون..چیده‌بوو گه‌ر شه‌ونم له‌ ژیان بوایه‌ ئه‌م ماسییه‌مان پێکه‌وه‌ بخواردایه‌ . نه‌مده‌زانی هاوار بۆ کێ به‌رم؟  گه‌ر ته‌رمی شه‌ونم بدۆزم و بینێژم پاشان چیبکه‌م ؟ چۆن ده‌ست به‌ ژیان بکه‌مه‌وه‌؟ ئه‌ی ئه‌گه‌ر هه‌ر نه‌م دۆزی چیبکه‌م؟  ته‌رکی دنیا ده‌که‌م. هه‌ر له‌م گونده‌ ده‌بم به‌ شوان و له‌گه‌ڵ مه‌ڕو بزن و به‌رخه‌کان ده‌ژیم .
گه‌ییشتمه‌ نزیک که‌پره‌که‌ ئاگره‌که‌ کوژابوه‌وه‌ ..ماسییه‌کان جوان براژا بوون ، له‌تێ نانم هێنا پارچه‌یه‌ک له‌ماسییه‌که‌م لێکرده‌وه‌ ..ویستم دڕک و ئێسکه‌که‌ی ده‌ربێنم له‌ پڕێکا گوستیله‌یه‌کی زیویم بینی ..یه‌کسه‌ر دلم خه‌به‌ری دا و ناسیمه ‌وه‌ گوستیله‌که‌ی په‌نجه‌ی شه‌ونم بوو، ناوه‌که‌ی منی تیا هه‌لکه‌ندرابوو ، به‌ستیمه‌ په‌نجه‌ تووته‌م و تێرماچم کرد .
ئه‌گه‌ر ئه‌م ماسییه‌ په‌نجه‌کانی شه‌ونمی خواردبێ که‌واته‌ شه‌ونم تێکه‌ڵ به‌ له‌شی ماسییه‌که‌ بووه‌ ..ماسییه‌که‌م به‌ دڕک و ئێسقانه‌وه‌ خوارد ، تا له‌گه‌ڵ شه‌ونم ئاوێته‌ی یه‌‌کتر بینه‌وه‌ . دڵته‌نگ و ته‌نیا به‌ره‌و سه‌ردانی گۆڕستانی گوڵه‌هه‌لوه‌ریه‌وه‌کانی زێی ته‌ق ته‌ق شۆڕبوومه‌وه‌ .

 

ن/جه‌لال قادر

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.