Skip to Content

Thursday, May 2nd, 2024
بەحیزبیکردنی جەماوەر و بەجەماوەریکردنی حیزب

بەحیزبیکردنی جەماوەر و بەجەماوەریکردنی حیزب

Closed
by March 9, 2011 گشتی

پەیوەندی نێوان حیزب و جەماوەر پەیوەندییەکی پێچەوانەیی لەگەڵ هۆشیاری کۆمەڵگە و پێشەکەوتنی دیموکراسی لەو کۆمەڵگایەدا هەیە، پرنسیپی گشتگیری لە سیاسەتی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە و حکومڕانی و پابەندکردنی جەماوەر بە حیزب یان ئایدیۆلۆژیەکی دیاریکراودا، لە مەینەتی زیاتر بۆ حکومەتە گشتگیرییەکە و تاکی ئەو کۆمەڵگەیە هیچی تری پێنابێت، بە پێچەوانەی پابەندبوونی حیزب بەجەماوەریکردنی حیزب کە ڕێگە خۆش دەکات بۆ ڕەنەنگدانەوەی خواستی زۆرینەی خەڵک لەنێو بڕیار و یاساکانی حکومڕانیدا.
لێرەدا من باس لە فشارخستنە سەر خەڵک بۆ پابەندبوونیان بە حیزب و ئاینە جیاجیاکانەوە ناکەم و ناچمە سەر مێژووی ئەو جۆرە گشتگیریکردنە و بەحیزبیکردن و بە ئایینکردنی خەڵک لەدێر زەمانەوە، بەڵکو تەنها باس لە مستێک لە خەرواری یەک سەدەی پێش ئێستا دەکەم و باس لە باشترین حاڵەتی ئەو جۆرە ڕفتارانە نمونەکانی میسر عێراق و تونس و  سوریا و ئێرانە، خراپترین و دژوارترین نمونەش گشتگیرییەکانی حیزبی شیوعی لە یەکیەتی سۆڤیەتەوە دوای گرنتە دەسەڵاتی بەسەر ئەو شوێنانەی لەژێر ڕکێفی ڕوسیای قەیسەریدا بوو، و پاشان فشارخستنە سەر خەڵی ئەو کۆمارە سۆڤێتیانەی لەژێر دەسەڵاتیدا بوون کە بوو بەهۆی پێکهێنانی دیکتاتۆریەتێکی کوشندە کە ژمارەی قوربانیانی یەکیەتی سۆڤیەت لە ماوەی نێوان 1917 – 1987دا مەزەنە دەکرێت بە 61 ملیۆن و 911 هەزار کەس، و لە کۆماری چینیشد لەماوەی نێوان 1949-1987 مەزەنەی قوربانیان بە 77 ملێۆن و 277 هەزار کەس دەکرێت  ، بێجگە لەو دوو ووڵاتە لە ئەڵمانیای نازی کە هۆلۆکۆستی لێکەوتەوە، پۆلپۆتی کەمبۆدیا، سوریا و عێراقی بەعسی و کۆماری ئیسلامی ئێران کە هەر یەکەیان کۆمەڵکوژی و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیان لێکەوتەوە و هەموو ووڵاتە تاك حیزبی و تاکە سەرکردەیانەی تر لە جیهاندا.
خۆشبەختانە لە باشوری کوردستاندا فشارخستنە سەر جەماوەر نیە بۆ ئەوەی واژۆی حیزبی بکات بۆ ئەوەی مەترسی کۆمەڵکوژی لەو جۆرانەی ناوبراوی لێ بکەوێتەوە، بەڵام قۆرخکردنی سەرجەم کەناڵەکانی ژیانی کۆمەڵ و بەڕێوەچوونی لە ڕوانگەی خواست و بەرژەوەندییەکانی حیزبیدا قەیران و مەینەتییەکی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و دابڕانێکی هەمەلایەنەی نێوان چین و توێژ و تاکەکانی کۆمەڵ پێکهێناوە کە لە ئاستی کارەساتێکی مەترسیدار لەسەر بون و تەشەنەکردنی کۆمەگەڵە هەژمار دەکرێت و ئایندەی کۆمەڵگە دەخاتە مەرتسیەوە. ڕووداوەکانی گۆڕەپانی باشوری کوردستان بۆشایی گەورەی نێوان حیزب و جەماوەری دەرخست و پاوانخوایی حیزب بەسەر دەسەڵاتە جیاوازەکانی حکومڕانیدا خستە قۆناخێکی یەکلاکەرەوە، و ئەو جیاوازیە گەورەی نێوان پاوانخوایی حیزبی بەسەر هەموو ئۆرگانەکانی ژیانی کۆمەڵگا و خواستی جەماوەری نیشاندا. ڕووداوەکان ئەوەیان سەلماند کە گۆڕەپانی ئێستای کوردستان خاوەنی حیزبێکی سیاسی جەماوەری نیە، حیزبی دەسەڵاتدار هەتاوەکو ئێستا لە خەونە وەنەوشەی و نەشئەی سەرکەوتنی خۆیدایە و مۆڵکدارێتی خۆی بەسەر هەموو ئۆرگانەکانی ژیانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندایە بە مافێکی ڕەوا دەزانێ، و ئۆپۆزیسیۆنیش لەهەمان چوارچێوەی بیر و ئامانجەکانی حیزبی دەسەڵاتدایە بەڵام لەوبەری مێزەکەوە و هەوڵی جێ پێ لەقکردنی بەرامەبەرەکەیدایە بۆ ئەوەی لەجێی ئەوان دەسەڵاتدارێتی بکات و هەمان سیاسەت پەرەپێبدات.
سەرەڕای پێشکەوتنی زۆر دیار لە بواری تەلارسازی و خانوبەرە و گەشتی بەردەوامی بۆ دەرەوەی هەرێم و واڵاکردنی دەرگای تەکنەلۆژی پێشکەوتوودا، هێشتا نە حیزبی دەسەڵات و نە ئۆپۆزیسیۆن توانیویانە لە پێوەری خەباتی پارتیزانی و عەقڵیەتی شاخ بێنەوە ناو شار و جۆرە تێگەیشتنێک نیشان بدەن لە مامەڵەی سیاسی لە ژینەگەیەکی هێمنی دیموکراسیدا. لە ووڵاتانی دیموکراسیدا حیزبی دەسەڵاتدار بە هەموو تواناکانی ئۆپۆزیسیۆن ئەپارێزێت لەبەر ئەوەی پاراستنی ئۆپۆزیسیۆن بونی خۆی ئەسەلمێنێت و بەرژەوەندی گشتی ئەپارێزێت کە دەسەڵاتی داوەتێ، ئۆپۆزیسیۆنیش لە هیچ کاتێکدا ئامادە نیە دژ بە بەرژەوەندی گشتی یان ئاسایشی نیشتمانی خۆی بەوەستێت یان هەنگاوێک بنێت بیانخاتە مەترسیەوە.
لێرەدا تەنها دوو پرسیار دێنمەوە، ئایا کۆمەڵگەی کوردستان ئەتوانێت جەماوەرێکی حیزبی نەبێت و چۆن؟
 ئایا حیزبەکان ئەتوانن لە پۆلێکی سەرەتایی قوتابخانەی دیموکراسیەتدا پێکەوە بخوێنن؟؟

8 / 3 / 2011          colnadar@hotmail.com
دلێر محمدعەلی – دانمارک –

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.