Skip to Content

Wednesday, September 11th, 2024
مافی یاسایی ژنانی كرێكار چییه‌؟

مافی یاسایی ژنانی كرێكار چییه‌؟

Closed
by March 9, 2011 ژنان

زۆریه‌ك له‌ ژنانی كرێكاری ئێرانی كه‌ له‌ ناوه‌نده‌ جیاجیاكانی سه‌نعه‌تی – خه‌ده‌ماتی سه‌رقاڵی كار كردنن، له‌ سه‌ره‌تایی ترین مافه‌كانیان له‌وانه‌ بیمه‌ی ده‌رمانی، مافی خانه‌نشینی، حه‌قده‌ستی به‌رابه‌ر له‌ گه‌ڵ پیاوان و سه‌عاتی كاریی دیاریكراو له‌ گه‌ڵ ته‌عتیلی كۆتایی هه‌فته‌ بێبه‌شن و هیچ یاسایه‌كی پشتیوانی نایانگرێته‌وه‌.
به‌ پێی ئاماره‌كان، سه‌باره‌ت به‌ بێكاری و ئیخراجی كرێكاران له‌ چه‌ند ساڵی رابردوودا، ژنانی كرێكار له‌ یه‌كه‌مین و سه‌ره‌كیترین قوربانیانی ئه‌م مه‌سه‌له‌ دێنه‌ ئه‌ژمار. ركود و ته‌عتیلی واحیده‌ سه‌نعیه‌تی و خه‌ده‌ماتییه‌كان كه‌ به‌ هۆیه‌وه‌ هه‌زاران كرێكار بێكار بوون، به‌ تایبه‌ت ئه‌منیه‌تی پیشه‌یی ژنانی كرێكاری خستووه‌ته‌ مه‌ترسیه‌وه‌ و به‌رژوه‌ندی و مافه‌كانی ئه‌وانی به‌ره‌وڕووی له‌ناوچوون كردووه‌ته‌وه‌.
به‌شێكی گه‌وره‌ له‌ ژنانی كرێكار به‌ زۆر ناچار به‌ ئیمزا كردنی قه‌راردادی “سپی” و یان ته‌نانه‌ت دانی سه‌فته‌ بۆ سه‌رله‌ نوێ دامه‌زراندنیان ده‌كرێن.
بۆ نموونه‌ پایه‌گای هه‌واڵنێری “ده‌ستڕه‌نج” رۆژی ٢٧ی مانگی رێبه‌ندانی ساڵی رابردوو له‌ راپۆرتێكدا له‌ ژێر ناوی “سوئیستفاده‌ له‌ هه‌ژاری ژنانی كرێكار” رایگه‌یاند: مودیریه‌تی كارخانه‌ی “نگین ریسی دره‌خشان – په‌رنه‌خ” له‌گه‌ڵ هه‌موو ژنانی كرێكاری ئه‌و ناوه‌نده‌ ته‌سویه‌ حیسابی كردووه‌. خۆلادان له‌ دانی مه‌زایای وه‌ك سه‌نه‌وات و مافی “ته‌به‌قه‌ به‌ندی مه‌شاغڵ” له‌ ئه‌نگێزه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی مودیری كارخانه‌ی په‌رنه‌خه. مودیری كارخانه‌ی په‌رنه‌خ‌ به‌ جێگای ئه‌م كرێكارانه‌، ژماره‌یه‌ك له‌ ژنانی سه‌رپه‌ره‌ستی بنه‌ماڵه‌ كه‌ له‌ هه‌ژاری و ته‌نگده‌ستیدا ژیان ده‌بنه‌ سه‌ر، وه‌ك كرێكار و به‌ شێوه‌ی موه‌قه‌ت داده‌مه‌زرێنێت كه‌ مافی بیمه‌، خانه‌نیشین و ته‌به‌قه‌ به‌ندی (مه‌شاغڵ) و باقی مه‌زایاكانی دیكه‌ نایانگرێته‌وه‌ و خاوه‌نكاران هه‌ركات ویستیویانه‌ ئه‌وانیان له‌سه‌ر كار ده‌ركردووه‌ و كه‌سانێكی تازه‌یان له‌ جێگایان دامه‌زراندووه‌.
له‌ درێژه‌ی ئه‌م راپۆرته‌دا ته‌ئكید كراوه‌ كه‌ (ژنانی سه‌رپه‌ره‌ستی بنه‌ماڵه‌) له‌ رووی ناچارییه‌وه‌ و به‌ هۆی گوشاری ئابووری، چاوپۆشی له‌ پێشێل كرانی حقوقی یاسایی خۆیان ده‌كه‌ن و حه‌قده‌ستێكی مه‌مره‌ و مه‌ژی، قه‌بووڵ ده‌كه‌ن. كرێكارانی پێشوو واته‌ ژنانی كرێكار كه‌ هه‌ر كام ١٠ تا ١٣ ساڵ پێشینه‌ی كارییان هه‌بوو و ئێستخدامی دایمی كارخانه‌ بوون، به‌ فێڵ بازی مودیریه‌تی كارخانه‌كه‌ له‌ ساڵانی رابردوودا، له‌ گه‌ڵیان ته‌سویه‌ حیساب كرا و به‌ شێوه‌ی قه‌راردادی له‌گه‌ڵیان كار ده‌كه‌ن تا هیچ ماف و مه‌زایایه‌كیان پێنه‌ده‌ن.
سوئیستفاده‌ له‌ هه‌ژاری ژنانی كرێكار و داسه‌پاندنی هه‌لومه‌رجی نامرۆڤانه‌ ته‌نیا له‌ لایه‌ن ژماره‌یه‌ك گه‌وره‌ سه‌رمایه‌دار و ده‌ڵاڵ روو نادات، سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تی دژه‌ نیشتمانی ئه‌حمه‌دی نژاد و “به‌رنامه‌كانی وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ سه‌رپه‌ره‌ستی “محه‌مه‌د جه‌هرۆمی” به‌ ته‌واوه‌تی بۆ سه‌رپۆش دانان و یاسایی كردنی ئه‌مجۆره‌ سوئیستفاده‌گه‌له‌یه‌. هاوكات له‌ كاتێكدا كه‌ ژنانی كرێكار به‌ پێشینه‌ی كاری ١٠ ساڵ به‌ره‌و ژوور‌ له‌سه‌ر كار ده‌رده‌كرێن و پاشان به‌ ناچار به‌ قراردادی كاتی سه‌رله‌ نوێ دایان ده‌مه‌زرێنه‌وه‌، “محه‌ممه‌د جه‌هرۆمی” وه‌زیری كار رایگه‌یاند: ناتوانین كێشه‌ی قه‌رارداده‌ كاتییه‌كان به‌ پێی یاسا چاره‌سه‌ر بكه‌ین”. ناوبراو له‌ جه‌ریانی سێهه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی مودیران، جێگران و سه‌رۆكی پێوه‌ندییه‌كانی كار له‌ سه‌راسه‌ری ئێران سه‌باره‌ت به‌ موناسباتی كار له‌ واحیده‌ ئابوورییه‌كان جه‌ختی كرده‌وه‌: ناتوانین به‌ پێی یاسا، قه‌رارداده‌ كاتییه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین، به‌ڵكوو كاتێك كرێكارێك ئاموزش و شاره‌زایی په‌یدا ده‌كات به‌ قازانجی خاوه‌نكاره‌ كه‌ بۆ مانه‌وه‌ی ئه‌و كرێكاره‌ له‌و ناوه‌نده‌ ئابورییه‌ هه‌وڵ بدات”.
وه‌ها پشتیوانییه‌كی بێ شه‌رمانه‌ له‌ قرارداده‌ كاتییه‌كان كه‌ به‌ قازانجی هه‌ندێك ده‌ڵاڵ و گه‌وره‌ سه‌رمایه‌دار دایه‌، وێڕای ئه‌وه‌یكه‌ بێ وێنه‌یه‌، پێداگری ئه‌حمه‌دی نژاد بۆ پشتیوانی له‌ به‌رژوه‌ندی به‌شه‌كانی ئه‌نگه‌ڵی سه‌رمایه‌داری ئێران ده‌سه‌لمێنێت.
پرسیار ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مه‌گه‌ر لانیكه‌م ١٠ ساڵ پێشینه‌ی كار سابقه‌ی پێویست و به‌ سود بۆ كرێكارێكی ژن به‌ ئه‌ژمار نایه‌ت كه‌ خاوه‌نكار بێ بچووكترین هۆكار، سه‌ره‌تا له‌سه‌ر كار ده‌ری بكات و پاشان به‌ قه‌راردادی كاتی سه‌رله‌ نوێ دایمه‌زرێنێته‌وه‌؟! ئایا كرێكاری ئیخراج كراو و بێ پشت و په‌نا كه‌ هه‌ژاری و برسیه‌تی بنه‌ماڵه‌كه‌ی به‌ره‌وڕووی له‌ناوچوون و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه ده‌كات، به‌ ئیمزا كردنی قه‌راردادی (سپی) و موه‌قه‌ت، ده‌بێته‌ خاوه‌نی شاره‌زایی؟ واقعیه‌ت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مه‌سه‌له‌ی ئاموزش و مه‌هاره‌ت و هیچ نییه‌ جگه‌ له‌ بیانوگه‌لێك بۆ دیفاع له‌ قازانج و به‌رژوه‌ندی گه‌وره‌ سه‌رمایه‌داران؟
هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ وه‌زعیه‌تی ژنانی كرێكار، رۆژنامه‌ی سه‌رمایه‌، رۆژی ٢٣ی مانگی رێبه‌ندانی ساڵی رابردوو، راپۆرتێكی بڵاو كرده‌وه‌ كه‌ چوارچێوه‌ی كاره‌ساتباری ژیانی ده‌یان هه‌زار ژنی كرێكار و یاساشكێنی ده‌رحه‌ق به‌وان، سه‌رجه‌میانی به‌ره‌وڕووی مه‌ترسی كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌م راپۆرته‌، له‌ ژێر ناوی “ژنان نیوه‌یه‌ك له‌ هێزی كاری كوره‌په‌زخانه‌كان پێك دێنن” نووسیویه‌تی: ٣٠ له‌سه‌دی كرێكارانی كوره‌په‌زخانه‌كان قه‌راردای دائیم و ٧٠ له‌سه‌دیشیان قه‌راردادی وه‌رزی واته‌ موه‌قه‌تن. كرێكارانی موه‌قه‌ت به‌ هه‌زار خشت دروست ده‌كه‌ن. یه‌عنی ده‌بێ هه‌زار خشت ته‌حویلی خاوه‌نكار بدرێت تا حه‌قده‌سته‌كانیان په‌رداخت بكرێت. تا ساڵی رابردوو خاوه‌نكاران بۆ هه‌ر هه‌زار خشت ٥ هه‌زار تمه‌نیان به‌ كرێكاران ده‌دا به‌ڵام ئه‌مساڵ به‌ گران بوونی ئاجۆر حه‌قده‌سته‌كانیان گه‌یشته‌ نزیك به‌ ٩ هه‌زار تمه‌ن.  
په‌یمانی به‌كۆمه‌ڵی كرێكارانی كوره‌په‌زخانه‌كان كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی فه‌سڵی حه‌وته‌می یاسای كار به‌ به‌شداری نوێنه‌رانی كرێكاران، خاوه‌نكاران و به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی كار داڕێژراوه‌، جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ خاوه‌نكاران ده‌بێت ‌ له‌ هه‌ر چوار كرێكارێك كه‌ دایده‌مه‌زرێنن، ته‌نها یه‌ك كه‌سیان ژن بێت، به‌ڵام ئێستا له‌ هه‌ر دوو كرێكاری كوره‌په‌زخانه‌ یه‌ك كه‌سیان ژنه‌. ئه‌مه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌یكه‌ خاوه‌نكاران به‌ رێژه‌یه‌كی زۆرتر ژنانی كرێكار ده‌چه‌وسێنه‌وه‌ و له‌ مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانیان بێبه‌شیان ده‌كه‌ن.
رۆژنامه‌ی سه‌رمایه‌ له‌ درێژه‌ی راپۆرته‌كه‌یدا وێڕای ئاماژه‌ به‌ وه‌زعیه‌تی ناله‌بار و دژواری ساعه‌تی درێژخایه‌نی كار، تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌وه‌یكه‌ به‌ پێی ئه‌م په‌یمانه‌ به‌ ناو ده‌سته‌جه‌معیه‌، ژنان ته‌نها بۆیان هه‌یه‌ باره‌كه واته‌ خشتی لێدراو‌ كۆبكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام له‌ حاڵی حازردا جگه‌ له‌ دروست كردنی قوڕ، ژنان له‌ پیشه‌ی قاڵب كێشی و قاڵب داریش كارییان پێی ده‌كرێت. به‌ هه‌ر حاڵ كرێكارانی ژن له‌م كورانه‌ سه‌رقاڵی كار كردنن، به‌ڵام له‌ كاتی حزووری بازڕه‌سانی سازمانی ته‌ئمینی ئیجتماعی، خاوه‌نكاران ته‌نیا ناوی ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌م له‌وانیان ناوه‌ته‌ لیستی بیمه‌ی ئه‌م سازمانه‌. به‌ وته‌ی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نه‌كانی كارخانه‌ی ئاجۆرسازی، كاتێك كه‌ بازڕه‌سانی ئه‌م سازمانه‌ بۆ بازڕه‌سی سه‌ردانی ئه‌و كوره‌په‌زخانانه‌ ده‌كه‌ن، هه‌ندێك له‌ خاوه‌نكاران كرێكارانیان ناچار ده‌كرد كه‌ كاتێك كه‌ بازڕه‌سان دێن خۆیان بشارنه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر وا نه‌كه‌ن، له‌ سه‌ر كار ده‌رده‌كرێن.
هه‌روه‌ها له‌م‌ راپۆرته‌دا له‌ سه‌ر هه‌لومه‌رجی ناله‌بار و مه‌ترسیداری شوێنی كار پێداگری كراوه‌، له‌وانه‌: زۆربه‌ی كرێكاران وه‌رزی و به‌ شێوه‌ی كاتی له‌ گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كانیان له‌ كوره‌په‌زخانه‌كان ژیان ده‌بنه‌ سه‌ر و زۆرینه‌ی منداڵانی ژنانی كرێكاریش سه‌رقاڵی كار كردن ده‌بن، ئه‌مه‌ له‌ حاڵێكدایه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن لیستی بیمه‌ی ته‌ئمینی ئیجتماعی له‌ هه‌ر بنه‌ماڵه‌یه‌ك ته‌نیا یه‌ك نه‌فه‌ر بیمه‌ ده‌كرێت. به‌ پێی قه‌رارداد له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی كار، كرێكارانی كوره‌په‌زخانه‌ ده‌بێ ٧ سه‌عات و ٢٠ ده‌قیقه‌ كار بكه‌ن، به‌ڵام له‌ حاڵی حازردا لانیكه‌م تا ١٦ سه‌عات كاریان پێده‌كرێت. به‌ پێی رێكه‌وتنامه‌ی جه‌معیه‌تی كرێكارانی كوره‌په‌زخانه‌كان‌، خاوه‌نكار ده‌بێ بۆ هه‌ر ٤ كرێكار ژوورێكی ١٢ میتری و به‌ هه‌ر بنه‌ماڵه‌یه‌كی ٤ كه‌سی وێڕای ژوورێك، ئاشپه‌زخانه‌یه‌ك بدات. به‌ڵام له‌ حاڵی حازردا ده‌وڵه‌ت هیچ چاوه‌دێرییه‌ك به‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا ناكات و دانی ئاشپه‌زخانه‌ و حمام له‌ شوێنی ژیانی كرێكاران حه‌زف كراوه‌. دۆخی واقعی به‌ چه‌شنێكه‌ كه‌ سرویسی بێهداشتی و حمام نه‌ ته‌نیا بۆ كرێكاران دروست نه‌كراوه‌، به‌ڵكوو شه‌رایه‌ت له‌ ساڵه‌كانی سه‌ره‌تای  شۆڕشی گه‌ڵانی ئێرانیش له‌ ساڵی ٥٧دا نه‌پارێزراوه‌ و وه‌زعیه‌تی ئه‌م كرێكارانه‌ رۆژ به‌ رۆژ خراپتر ده‌بێت.
هه‌روه‌ها ده‌بێ ئاماژه‌ به‌ حه‌قده‌ستی زۆر له‌ خواره‌وه‌ی ژنانی كرێكاری كوره‌په‌زخانه‌ بكه‌ین، له‌ حاڵێكدا كه‌ به‌ شێوه‌ی ره‌سمی بۆ بیمه‌ی بێكاری، ٣ له‌سه‌د له‌ حه‌قده‌ستی كرێكاران كه‌م ده‌كرێته‌وه‌. به‌ڵام تا ئێستا هیچ كام له‌ ژنانی كرێكار له‌ مه‌زایاكانی ئه‌م بیمه‌یه‌ كه‌ڵكیان وه‌رنه‌گرتووه‌. له‌ راپۆرتی رۆژنامه‌ی “سه‌رمایه‌” سه‌باره‌ت به‌ حه‌قده‌ستی ئه‌م زه‌حمه‌تكێشانه‌ هاتووه‌: “هه‌موو ساڵێك دوو جۆر حه‌قده‌ست یه‌كێك له‌ لایه‌ن شورای باڵای كار و یه‌كێكیش له‌ لایه‌ن شورای باڵای ته‌ئمینی ئیجتماعی و مه‌جمه‌عی كاروباری سنفی دیاری ده‌كرێت، به‌ڵام كاتێك كه‌ بازڕه‌سانی ئیداره‌ی ماڵیات سه‌ردانی كارگاكان ده‌كه‌ن، خاوه‌نكاران رێژه‌ی حه‌قده‌ستی شورای باڵای كار وه‌ك به‌ڵگه‌ نیشان ده‌ده‌ن. چونكه‌ رێژه‌ی حه‌قده‌ستی دیاریكراو له‌ لایه‌ن شورای باڵای كاره‌وه‌ كه‌متره‌ له‌و حه‌قده‌سته‌ی كه‌ له‌ لایه‌ن مه‌جمه‌عی كاروباری سنفیه‌وه‌ دیاری ده‌كرێت. به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی كاریش به‌ جێگای ئه‌وه‌یكه‌ دۆخه‌كه‌ بۆ كرێكاران باشتر بكات، له‌مپه‌رێكی تازه‌ دروست ده‌كات كه‌ به‌ قازانجی خاوه‌نكارانه‌.
به‌ پێی ئه‌م راپۆرته‌، ئه‌م ده‌رد و ئازارانه‌ ئاوێته‌ی ژیانی پڕ له‌ ئێش و ئازاری كرێكاران و به‌ تایبه‌ت هه‌زاران ژنی كرێكاره‌ كه‌ ناچارن چه‌ندین سه‌عاتی درێژخایه‌ن‌ به‌ حه‌قده‌ستی ته‌نانه‌ت كه‌متر له‌ پێوه‌ره‌كانی كۆماری ئیسلامی كار بكه‌ن تا بژێوی ژیانی خۆیان و بنه‌ماڵه‌كانیان دابین بكه‌ن.
له‌ گه‌ڵ سیاسه‌ته‌كانی ئێستای وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌وڵه‌تی ئه‌حمه‌دی نژاد سه‌باره‌ت به‌ مه‌سایلی كرێكاری و پشتیوانی ئه‌و له‌ به‌رژوه‌ندی سه‌رمایه‌داره‌ گه‌وره‌كان، وه‌زعیه‌تی ژیان و ئه‌منیه‌تی كاریی ژنانی كرێكاری وڵاته‌كه‌مان كه‌وتووه‌ته‌ گێژاوی هه‌ژاری و ته‌نگده‌ستیه‌وه‌.
هه‌ڵسووڕاوانی سه‌ندیكایی ئه‌م پرسیاره‌ ده‌هێنه‌ ئاراوه‌ كه‌ ئایا له‌ كۆماری ئیسلامیدا ژنانی كرێكار هیچ چه‌شنه‌ حه‌ق و حقۆقێكیان هه‌یه‌ و هیچ مافێكی یاساییان پێدراوه‌؟
وڵامی ئه‌م پرسیاره‌ به‌ ره‌چاو كردنی وه‌زعیه‌تی واقیعی كرێكارانی ژن، بێگومان مه‌نفییه‌ و ژنانی كرێكار له‌م رژیمه‌دا ته‌نانه‌ت له‌ سه‌ره‌تایی ترین مافه‌ ئینسانییه‌كانیان بێبه‌ش كراون.

 

 
سه‌رچاوه‌: “صدای مردم”

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.