دیمۆکراسیەتی دەسەلات لەپراکتیکدا و ئاشتی خوازانەی هاونیشتمانیان لەشەقام
دیمۆکراسیەت زۆرلایەن دەگرێتەوە، ئازادی خەڵکی، یەکسانی هاونیشتمانیان لەبەردەم یاسادا، دابەشکردنی دەسەڵات، پارێزگاریکردنی مافی کەمایەتیەکانی کۆمەڵگا، مافی ئازادی ڕادەربڕینو ڕێزگرتنی فرەجۆری بیرکردنەوە بەشە گرنگەکانیەتی. هەرهەموو ئەم بەشانەش پەیوەستن بەیەکەوەو بەپڕۆسەی ڕۆژانەی دیمۆکراسیەوە بەندن.
ئەمڕۆ دیمۆکراسیەت لەهەموو لایەک زۆربەندە بەبونی سیستمەوە کە دەبێت دەسەڵاتی سیاسی لەسیستمدا کۆنترۆڵ بکرێت و دەسەڵاتەکەشی سنورداریش بکرێت. بەداخەوە دەسەلاتی سیاسی لەکوردستان بێ سنورەو ئەودیوی هەموو ئەولایەنانەی کە لەسەرە باسم کرد دەشکێنێت. بۆ نمونە لایەنە هەرەگرنگەکەی دیمۆکراسی کە بریتیە لەئازادی ڕادەربڕین، فەیلەسوفی فەرەنسی فۆڵتێر دەڵێت “ئامادەم تاکو مردن بۆ ئەوەی بەرانبەرەکەم بەئازادی ڕای جیاوازی خۆی بڵێت”.
هەموو كات چالاكییەكانی دەسەڵاتو دەوڵەت دەبێت بناغەكەی لەئازادیو سەربەخۆیی خەڵكەوە بێت، هەروەها دەبێت داوایەكی بەنرخ و بەرزیش بێت كە دەسەڵات خۆی ئەوەندە كراوە بێت كە بتواننرێت بەئاسانی پێداچوونەوەی دەسەڵات و بڕیارەکانی بكرێت و بواریش هەبێت بتوانرێت لەسەر خەوش و عەیبەكانی دەسەڵات ڕا دروستبكرێت لەناوكۆمەڵدا. واتە لێرەدا دوولایەنی گرنگ هەیە یەكەم كە دەسەڵات بەكراوەیی لەدام ودەزگاكانیدا ڕێگای پێداچونەوە بدات، دووهمیش ئازادی هەبێت بۆ فراوانكردنی ڕای جیاوازو ڕەخنە گرتن بەرانبەر بەدەسەڵات لە ناو كۆمەڵدا.
هەموومرۆڤێک لە سیستەمی دیمۆکراسیدا مافی بیرکردنەوەو هەڵسوکەوتی ئازادانەی هەیە، تاکو ئەو سنورەی هێز دژی خەڵکی بۆ ناچارکردنیان بەکارنەهێنێت. ئەمەش یاسایەکی زۆر ئاسایی وسروشتی کۆنە لە بیروبۆچونی دیمۆکراسیدا کە زۆربەی فەیلەسوفە کۆنەکان باسیان کردوە. یاساکان سەرەتا لەسەر بناغەی ڕەوشتو ئەخلاق دانراون. هەروەها ئایینەکانیش هاوبەشی شیکارکردنی یاسای سروشتیان کردوە بەوەی کە مرۆڤ دەستکردی یەزدانەو بەم شێوەیە یاساکانی سروشتیش خوایین. هەربۆیە لەیاسای ئایینه ئاسمانییهکاندا نابێت بەرانبەر شەڕ بوەستین ئەگەر یەکێک دای بەڕومەتی ڕاستماندا دەبێت ڕومەتی چەپیشمانی بدەینێ. ئەگەر یەکێک بەزۆر کراسەکەتی برد تۆ چاکەتەکەشی بدەرێ. ئەگەر یەکێک ناچاری کردیت ماوەیەک لەگەڵی بڕۆییت تۆ دوو ئەوەندە لەگەڵیدا بڕۆ. ههروهها لهبهرامبهریشدا یاسای تۆڵەی چاوبەچاویش ، دان بە دانیش هەیە.
لێرەدا زۆر پرسیار دەردەکەون بۆنمونە کێ تاکی کۆمەڵ بپارێزێت لهتاوانکاران ؟ ئەمڕۆ یاسا ئایینییهکان ناتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ بەرگری وپاراستنی تاکی کۆمەڵ، بەڵکو پێویسته دەوڵەت و دەسەڵات تاکی کۆمەڵ لەزیان ودەستدرێژی بپارێزێت. بەڵام ئەگەر دەسەڵات خۆی هێرش بکاتە سەر هاونیشتمانایان کێ بەرگری لە هاونیشتمانیان بکات؟ ئەمە پرسیارێکی قورس و گرنگی ئەمڕۆیە لە کوردستان وڕۆژەهەڵاتی ناوەڕاستدا.
لەکۆمەڵگایەکی دیمۆکراسیدا، هاونیشتمانیان چاوەڕێن دەوڵەت مافەکانیان بپارێزێت، نەک دەسەڵات دەستەکانیان ببڕێت. هەروەها هاونیشتمانیان چاوەڕێن دەوڵەت و دەسەڵات پێویستیەکانیان جێبەجێبکات و بیانپارێزێت لە توندوتیژی و دزی و جەردەیی و فڕوفێڵ. ئەگەر دەسەڵات ئەم ئەرکانەی کرد ئەوا ئەوکاتەش هاونیشتمانیان متمانەی خۆیان بە دەسەڵات ویاساو دەوڵەت دەسپێرن وەکو چۆن لە زۆر وڵاتانی ئەوروپا دەبینرێت. بەڵام ئەگەر وانەبوو، دەبێت هاونیشتمانیان چی بکەن؟ ئەگەر هاونیشتمانیان بێ هیوابوون و دەسەڵات ئەرکەکانی جێبەجێ نەکردن؟ ئەوکاتە هاونیشتمانیان چی بکەن ئەگەر دەسەڵات خۆی جەردە بێت و سامان و خاک وزەوی شارەکان بکەن بە موڵکی خۆیان و یاسا شکێن بن ؟ هاونیشتمانیان ڕووبکەنە کوێ ئەگەر دەسەڵات توندوتیژی بەرانبەر کۆمەڵگا بەکاربهێنێت؟ هاونیشتمانیان چۆن خۆیان لەدەسەڵاتێکی ئاوا بپارێزن و کێ بیانپارێزێت؟ هاونیشتمانیان چی میتۆدێک بەکاربهێنن ؟ ئاێا دەبێت هاونیشتمانیان ڕق و تۆڵەسەندنەوە بەکاربهێنن ؟ وەڵامی من نەخێره ، هەرگیز نابێت هاونیشتمانایان تٶڵەو توندو تیژی بەکاربهێنن.
هیواداریشم هاونیشتمانیان لەدەسەڵات دیمۆکراسی تربن، ڕاپەڕین و خۆپیشاندانی ئاشتیانە زۆر گرنگ و ڕێگا پیشاندەرێکی ژیرانەشە بۆ دەسەڵاتە نادیمۆکراسیە و نەخوێنەوارهکەمان. دەسەڵات کاتێکی درێژە یاساشکێن و نادیمۆکراسین، بەڵام با هاونیشتمانیانمان دیمۆکرات و ئاشتی خواز وفێرکەربن و گیانی دوژمانیەتی کۆن ونوێ نەهێڵن وەکو غاندی دەڵێت ئەگەر تۆڵەی چاوێک لەجیاتی چاوێک بێت، ئەوە لە ئاکامدا کاتێکی زۆر ناخایەنێت کۆمەڵگاو جیهان وهەمووی کوێر دەبن. هەربۆیە من ناخوازم کۆمەڵگاکەم بێ چاوبێت. خۆپیشاندانی ئاشتیانەی هاونیشتمانیانی کوردستان بەرانبەر دەسەڵاتی بێباک و ناژیر، من و زۆرکەسی تر پشتگیریتان دەکەین.
دەسەڵات شانازی بە مێژووی پڕ لهخەباتییهوه دەکات ، بەڵام کام خهبات ، وادەزانن خەبات هەر شاخەو چەکە. ئایا باسکردنی ئەم خەباتەی ئێوە کۆتایی نەهات؟ خەباتی خوێن و کوێرکردنی کۆەمەڵگاکەمان؟ خەڵکی زۆر دەمێکە ئەو شانازیەی ئەوخەباتەی فڕێداوە ، چونکە دەزانن کە دەسەڵات دەمێکە بەرهەم و حەقی ئەو خهباتەی دزیوە بۆ خۆیی و بەملیۆنەها جار حەقەکەشی وەرگرتووەتەوە، بەڵام کەس حەقی کوێرکردنی کۆمەڵگاکەمانی تاکوئێستا نەداوەتەوە.
کوردستانمان ئێستا پیویستی بە غاندیەك ومارتین لۆسەرێکە . بە میتۆدی ئەوان بەبێ توندوتیژی دژی دەسەڵات و دام ودەزگای دەسەڵات کەئێستا وەستاون . خراپترینیش ئەوەیە کە دەسەڵات تۆڵەسەندنەوە لەگەڵ هاونیشتمانی خۆیدا بەکاربهێنێت. تۆڵەسەندنەوە کوێرمان دەکات، فرانس باکۆن دەڵێت (ئەوەی هەربیر لەتۆڵەسەندنەوە بکاتەوە ئەوا برینەکەی هەربەکراوەیی دەمێنێتەوە).
هەستی مرۆڤ بۆ تۆڵەسەندنەوە بەهێزە بەڵام مرۆڤ نابێت دوای هەستی بکەوێت، بهڵکو دەبێت کۆنترۆڵی خۆی بکات. لەجیاتی تۆڵە با هەستەکانمان ببن بە تێکست و نوسین، کاربکەیینە سەرکۆمەڵ کە دژی توندوتیژی بن. بەداخەوە گیانی تۆڵەسەندنەوە هەندێ نوسەروهونەرمەندو سیاسی کوردیان کوێرکردوە لەنوسین و وتەکانیاندا داکۆکی لە دەسەڵاتێکی گوناهبار دەکەن هەرچەندە ئێستا ئایندەی هاونیشتمانیان لەمەترسیدایە.
ئەمڕۆ گرفتی گەورەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەبونی دیمۆکراسییە . ئەرکی هەمومان بریتیە لە ڕێگاگرتن لە بەردەوامی دیکتاتۆری و دەسەڵاتی تاکە کەسی. گرنگیشە نەهێڵرێت ئەمجۆرە ڕژیم و دەسەڵاتانە هاونیشتمانیان خراپ و گەوج بکەن و فێری توندوتیژییان بکهنو هەستن بە شێواندنی دەرونیان.
ئەم چەند ساڵەی دوایی چارهنوسی ڕژێمەکانی هاوشێوهی یهکێتی سۆفیەت، پاناما، شیلی، چین، بورماو ولاتانی بەڵتیک، فێری کردین کە کۆتایی سیستمی تۆتالیتاریزم کارێکی حهتمییه، بهتایبهتی ئهو کاتهنەی کە خەڵک بە کۆ ڕادەپەڕن ودەجوڵین. جوڵانەوەی ئاشتیانەی خەڵکی نیپاڵ و زامبیا و هەندێ وڵاتی تر سەرکەوتن، بەڵام جوڵانەوەی خەڵکی چین و بورما تاکوئێستا بهردهوامه ونەبۆتە میکانیزمی هەمو کۆمەڵگاکە. گوێنەگرتنی خەڵکی لەداواکانی دەسەڵات و یاخیبونێکی ئاشتیانەی هاونیشتمانیانیش جۆرێکی گرنگە لە جوڵانەوەی ئاشتیانەی سڤیل دژبە دەسەڵاتی نادیمۆکراسی لەجیهاندا.
خواستمە دەسەڵات ئاقڵانە مامەڵە لەگەڵ هاونیشتمانیان بکات چونکە ئایندەی کوردستان بەپلەی یەکەم لە ئەستۆی دەسەڵاتدایە ، لەهەموو شوێنێک دەسەڵاتی سیاسی ئەرکی گەورەی لەسەرە نەک هاونیشتمانیان، بەتایبەتی لەوڵاتێک کە سامان و خاک و زەوی کراوەتە موڵکی دەسەڵات.
کۆمەڵەی دۆستانی ژینگەی کوردستان ( ک.د.ژ.ک) باوەڕی بەمیتۆدی ئاشتیانەی سیاسی وکۆمەڵایەتی هەیە بۆ گۆڕینی کۆمەڵگا و جیهان لەچارەسەرکردنی ناکۆکیەکانی کۆمەڵگادا ، ئاشتی تەنها ئامانجمان نیە ، بەڵکو بەکارهێنانی مێتۆدی ئاشتیش گرنگە لەپڕۆسەی گوڕان و چارەسەکردنی گرفتەکاندا. ئێمە باوەڕمان بەمیتۆدی ئاشتیانەو دورلەبەکارهێنانی توندوتیژیە بۆ چارهسهرکردنی ناکۆکی و کۆنفلیکتەکان لەهەرشوێنک بێت. ئێمە ئهوه دەزانینو لهو پێناوه شدا دەبێت کاربکەین بۆ نەهێشتنی فاکتەری ناکۆکییەکان وەکو فاکتەری ئابوری، گەندەڵی سیاسی و ئیداری ، ئیکۆلۆجی و کۆنفلیکتی کەلتوری سیاسی و کۆمەڵایەتی . هەربۆیە زۆربەی جوڵانەوە سەوزهکان لەگەڵ نەهێشتنی چەک و هێزی سەربازیدان و بێ توندو تیژی دەیانەوێت ئاسایشی کۆمەڵگا بپارێزن. جیهانێکی پڕ لهئاشتی مەرجە بۆ ئەوەی دادپەروەری کۆمەڵایەتی جیهانیی دروست بکات.
ڕێبوار حەسەن
سەرۆکی کۆمەڵەی دۆستانی ژینگەی کوردستان
2011-03-09