Skip to Content

Thursday, May 2nd, 2024
دوو سەرنج لەسەر بانگەوازەکەی حکک کوردستان بۆ هەڵسوڕاوانی کرێکاریی و کۆمۆنیست و چه‌پ.

دوو سەرنج لەسەر بانگەوازەکەی حکک کوردستان بۆ هەڵسوڕاوانی کرێکاریی و کۆمۆنیست و چه‌پ.

Closed
by March 10, 2011 گشتی

(تێبینی: ئەو دوو سەرنجە لە شکڵی نامەیەكدا بۆ ئەو هاوڕێیەی کە بانگەوازەکەی بۆ ناردبووم، خراونەتەڕوو).
سوپاس هاوڕێ (………) بۆ ناردنی ئەو بانگەوازەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان.

بەدڵنیاییەوە جگە لەوەی کە ویستوتانە من ئاگادار بکەنەوە لەو بانگەوازە، خوازیاری ئەوەشن بزانن کە ڕاوبۆچون یا سەرنجی من چیە لەسەر ئەو بانگەوازە. من دوو سەرنجم هەیە لەسەر ئەو بانگەوازە.
1.    لە ناوەڕاستی بانگەوازەکەدا هاتووە: [لەو ڕوانگەیەوە بانگه‌وازتان ده‌که‌ین بۆ ئاماده‌یی په‌یداکردن له‌ مه‌یدانی سیاسی عێراق و کوردستان و په‌یوه‌سبونی به‌کرده‌وه‌ به‌ڕیزی ڕابه‌ران‌ و هه‌ڵسوڕاوانی ئه‌م خرۆشانه‌ جه‌ماوه‌رییه‌وه]. بەڕای من ئەوە جۆرێك لە پۆپۆلیزمە. چۆن؟ ئەگەر بیوتایە بانگەوازتان دەکەین بۆ پەیوەستبونی بەکردەوە بە ڕیزی ڕابەران و هەڵسوڕاوانی چەپ، ڕادیکاڵ و کۆمۆنیستەکانی ناو ئەم خرۆشانە، ئەوە دروست بوو. ئەگەر ئەمە زیاتر ڕون بکەمەوە ئاوایە. من پەیوەست نابم بە فاروق ڕەفیق، پەیوەست نابم بە مەریوان وریا، بەختیار عەلی و ئاراس فەتاح ….، و دەیانی تر کە لە ڕابەران و هەڵسوڕاوانی ناسیوناڵ-لیبراڵی ئەم خرۆشانانەن بەڵام پەیوەست دەبم بە ڕابەرانی ڕادیکاڵ و چەپ و کۆمۆنیستی وەك نەوزاد بابانی “حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان” و ئاسۆ غەریبی “یەکیەتی کۆمۆنیستەکان” و چەندین کۆمۆنیست و چەپی تریش کە لە دەرەوەی ڕێکخراوە و حزبەکاندان ( و لەناو ئەنجومەنی کاتی سەرای ئازادی)دان لە شاری سلێمانی. من ئەو جۆرە لە ڕابەران و هەڵسوڕاوانی ئەم خرۆشانە، لە ڕوی سیاسیەوە لەسەر سەر و لەسەر چاوم دادەنێم. ئەو پۆپۆلیزمەیەی ناو ئەو بانگەوازە مانا عەمەلیەکەی لە ڕووی سیاسیەوە یانی کلکایەتی کردن بۆ سیاسەتی ناسیوناڵ-لیبڕاڵێکە کە دەیەوێت زاڵ بێت بەسەر ئەو خۆپێشاندانانەدا، و ئیمکانیەت و وەسائیل و میکانیزمەکانی ئەو ڕابەرایەتیەشی لەبەردەست دایە، بەڵام خودی بزوتنەوەکە ڕادیکاڵە و بۆیان سەختە کە بەتەواوی وەك بزوتنەوەکەی “سەردەشت عوسمان” کۆنتڕۆلی بکەن لە ئێستادا، بەڵام لە پەرەسەندنیا ئەگەری کۆنترۆڵ کردنەکەی زۆرە.

لەوانەیە هاوڕێیانی “حکک کوردستان” بڵێن قابیلە “حککك” مەبەستی ئەوەبێت کە چەپ و کۆمۆنیستەکان دوای ئەو ناسیونال-لیبرالانە بکەون؟ حەتمەن ئەو هاوڕێیانە دەڵێن ئێمە نەك هەر نامانەوێت چەپ و کۆمۆنیستەکان دوای ئەمانە بکەون بەڵکو ناشمانەوێت خەڵكی سادەش دوای ئەوان بکەوێت. من ئەوە بەڕاست دەزانم کە “حکک کوردستان” نیەت و بۆچون و سیاسەتی وەها نیە کە کۆمۆنیست و چەپ و خەڵكی سادە دوای ئەو ناسیوناڵ لیبراڵانە بکەوێت. بەڵکو بەپێجەوانەوە، ئەم حزبەش هەروەك “ڕەوەندی سۆشیالیستی کرێکاری” و حزب و ڕێکخراوەکانی تری چەپ و کۆمۆنیست، دەیەوێت خەڵك لەژێر ئەو ئاسۆیە و ئەو هەژمونە بێنێتە دەرەوە و کاریش بۆ ئەوە دەکات و گومانم لەوە نیە. گرفتەکە لێرەدا نیە کە بڵێم ئەو حزبە ئەوەی دەوێت، بەڵکو لەو شوێنەدایە کە ئەم بەڵگەنامەیە مادام بەناوی حزبەوە دەرچوە، مەکتەب سیاسی و کۆمیتە مەرکەزیەکەی لێی بەرپرسیارە. ئەمە وتاری کادرێکی حزب نیە کە بڵێی بێ دقەتی بەخەرج داوە و نەیتوانیوە ئەوەی کە مەبەستی بوە بیخاتەڕوو. ئەوە دەلالەتە بۆ ئاستی دەرکی تیۆری-سیاسی ڕابەڕایەتی ئەو حزبە. لە “مانیفێستی ڕەوەند” کە لە مانگی یەکی ئەم ساڵدا ئامادە کرابوو بەڵام بڵاوکرنەوەکەی ڕاگیرا تا پەسند کردنی لە کۆبونەوەی ساڵانەی ڕەوەند لە 17-2-2011، لەو مانیفێستەدا هاتوە. [له‌ دوای پێکهاتنی ئەو حزبە؛ ئیبتیزال، سه‌تحی گه‌رایی، داتاشینی تیۆری و ئیختیاریه‌ت له‌ تاکتیکدا بونه‌ سیمایه‌کی چه‌پ]. ئەمەی سەرەوە نمونەیەکیەتی. ئەڵبەتە مانیفێستەکە لانی کەم 18 ڕۆژ پێش دەرچونی ئەم بانگەوازە بڵاوبۆتەوە و لەسەر ڕابردووی حزب (ی كک عێراقی و کوردستانیەکە) قسە دەکات کە نمونەی لەو سەتحی گەرایی و ئیبتیزالی تیۆریەی زۆر بەدەستەوەیە کە لێرەدا جێگەی باس کردن نین.

2.    “ڕەوەندی سۆشیالیستی کرێکاری” لە بڕیارنامەکەی لەسەر بزوتنەوەکەی “سەردەشت عوسمان” کە هاوینی پار 2010 دەرچوو، هەروەها لە تازەترین بەیاننامەشدا کە پێرێ لە یادی 20 ساڵەی ڕاپەڕیندا بڵاوکراوەتەوە، پێی داگرتوە لەسەر هێنانەدی بلۆکێکی ڕادیکاڵ بە پلاتفۆڕمێکی چەپەوە لەدەرونی بزوتنەوە و ناڕەزایەتیە جەماوەریەکاندا، هەم بۆ وەلانانی ئاسۆی ناسیونال-لیبراڵ بەسەریانەوە تا بەڕادیکاڵی بمێننەوە و لەبار نەبرێن و نەزۆك نەکرێن بە ئیسڵاحاتێکی نیوەناچڵ، وە هەم بۆ پەیوەست کردنەوەی ئەو بزوتنەوە و ناڕەزایەتیانە بە خەباتی سۆشیالیستیەوە. ئەمەش واتا گروپ، حزب و ڕێکخراوە چەپەکان و هەڵسوڕاوانی سەربەخۆی چەپ و کۆمۆنیست و کرێکاری لەسەر پلاتفۆڕمێکی چەپ ساغ ببنەوە و کاری هاوبەش بکەن. ئەمە یەکیەتی چەپ نیە (کە چەند حزب و ڕێکخراوێك بێن باسی تیۆری-سیاسی بهێننەگۆڕێ کە چۆنچۆنی یەکبگرن، بەڵكو باس لە کارێکی هاوبەش دەکات لەدەرونی بزوتنەوەیەکی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندان و ڕاپەڕینیێکی دیاریکراودا کە بەواقعی لە ئارادایە هەر ئێستا). ئەمە نەفی کردنەوەی کاری سەربەخۆی هیچ حزب و ڕێکخراو و کەسانێکی سەربەخۆش نیە. هەروەها نەفی ڕەخنەی فکری و سیاسیش ناکاتەوە لە نێوان ئەم حزب، ڕێکخراو و هەڵسوڕاوانەدا لە یەکتری. هەر لەو پێناوەشدا پار، لەسەر بزوتنەوەکەی “سەردەشت عوسمان”، “ڕەوەند” نامەی نوسی بۆ حزب و ڕێکخراوەکان و هەڵسوڕاوانی سەربەخۆ. “حزبی کک چەپی عێراق” و “یەکیەتی کۆمۆنیستەکان” بەجۆرێك وەڵامی ئیجابیان دایەوە لەگەڵ چەند هەڵسوڕاوانێکی چەپ و کۆمۆنیستی سەربەخۆ، بەڵام حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان نەك هەر ئامادەییان دەرنەبڕی بەڵكو هەتا وەڵامی نامەکەشیان نەدایەوە. ئەمەش پۆزێکی بۆرژوازیانە بوو کە ماناکەی واتا دان نانێن بە هیچ لایەن و هەڵسوڕاوانێكدا لەدەرەوەی چوارچێوەی تەشکیلاتی خۆیاندا تا بێن لەگەڵیاندا دانیشین و پلاتفۆڕمی هاوبەشیان هەبێت!.

ئەوەی کە ئێستا لەو بانگەوازەی “حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان”دا هاتووە ئەوە نیە کە هاتبێت ئەو فکرەیەی “ڕەوەندی سۆشیالیستی کرێکاری” قبوڵ کردبێ، بەڵکو ئەو حزبە هاتووە بە “دەستە و گروپ و مەحافلی بچوك” دەڵێ حزب باوەشتان بۆ دەکاتەوە و وەرنە ناو حزب: ئەوەتا نوسیویەتی [ئه‌مڕۆ کاتی دابه‌شبوون به‌سه‌ر ده‌سته‌‌و گروپ ‌و مه‌حافلی بچوک ‌و لێکدابڕانی ڕیزی بزوتنه‌وه‌ی کرێکاریی ‌و کۆمۆنیستی نییه،‌‌ به‌ڵکو کاتی یه‌کڕیزییه‌. هه‌ست به‌ به‌رپرسیارێتی چینایه‌تی ‌و هوشیاری کۆمۆنیستی بانگه‌وازمان ده‌کات بۆ وه‌لانانی ناکۆکی ‌و جیاوازی لاوه‌کی ‌و یه‌کگرتوو بوون له‌ ده‌وری ئامانج و پلاتفۆرمی کۆمۆنیستی له‌ حزبێکی یه‌کپارچه‌ی سیاسی و به‌هێزدا. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی له‌و ڕوانگه‌یه‌وه بانگه‌وازتان ده‌کات‌ و باوه‌شتان بۆ ده‌کاته‌وه‌]. ئەمە مافێکی ئەو حزبەیە و جێگەی ڕەخنە نیە، هەروەك مافی هەر حزب و ڕێکخراوێکی تریشە کە هەمان بانگەواز بۆ هەمان “دەستە و گروپ و مەحافلی بچوك” بکات کە بێنە ناو حزب یان رێکخراوەکانی ئەوانەوە.

ڕابەرایەتی ئەو حزبە دەزانێ مەنهەجی فکری سیاسی ئەو ڕێکخراو و حزبانەی سەربە بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی لە ئێستادا جیان لەیەکتری و ناکرێ بە ناکۆکی و جیاوازی لاوەکی ناوی بەریت و باوەش ئاوەڵا بکەیتەوە بۆ یان. وەك “ڕەوەند”یش ئەو تاکتیکە ناخاتەڕوو کە هێنانەدی بلۆکێکی ڕادیکاڵە بە پلاتفۆڕمێکی چەپەوە، بەڵکو لەدەرەوەی سنوری تەشکیلاتەکەی خۆی جگە لە “دەستە و گروپ و مەحافلی بچوك” کە بانگەوازیان بکات بۆ هاتنەناو چوارچێوە تەشکیلاتیەکەی خۆی تا لەناو تەشکیلاتدا کاری هاوبەش بکەن، هیچ ڕێکخراو و حزبێکی تر بەڕەسمی ناناسێت، تا لەدەرەوەی تەشکیلاتەکەی بتوانێت کارێکی هاوبەش پێناسە بکات.

لە ڕوانگەی مارکسیستیەوە و لە بارودۆخی سیاسی ئێستادا، یەکێك لەو تاکتیکانەی کە کۆمەگی دەکات بە بەهێز بوونی چەپ و کۆمۆنیزم لە دەرونی بزوتنەوە ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکاندا، ئەو سیاسەتەی “ڕەوەند”ە کە لەسەرەوە باسکراوە لە هێنانەدی بلۆکێکی ڕادیکاڵ بە پلاتفۆڕمێکی چەپەوە، کە بنەمای کاری هاوبەشە بەبێ لەدەستدانی سەربەخۆیی و کاری سەربەخۆی هیچ ڕێکخراوە و حزبێك و هەڵسوڕاوانێکی چەپ و کۆمۆنیست و کرێکاری. ئەمە، خۆشی ڕێگە و میکانیزمەیەکی واقعیە کە ئەو حزب و ڕێکخراو و هەڵسوڕاوە سەربەخۆیانە جیاوازی و خاڵە هاوبەشەکانی یەکتری لە پرۆسەیەکدا بناسن و بزانن تا چەند لەیەکەوە دور یا نزیکن بۆ ئەوەی یەك بگرن لە حزبێکدا.

لەگەڵ ڕێز و خۆشەویستی
نادر عبدالحمید
8-3-2011
لینکی بانگەوازەکە: http://hawpshti.com/kurdi/news/5846.html

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.