ژن و ده‌نگدان … حه‌مه فه‌ریق حه‌سه‌ن
وا ده‌رده‌که‌وێت له هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌م دوایییه‌دا، هیچ ژنێک نه‌یتوانیوه به‌و ده‌نگانه‌ی، که به‌توانا و لێهاتوویی خۆی کۆی کردوونه‌ته‌وه، بگاته په‌رله‌مانی ئێراق. له‌م ڕووه‌وه ده‌شێ بڵێین ژنان له پرۆسێسی هه‌ڵبژاردندا دۆڕاوی یه‌که‌م بوون. چونکه لیسته‌کانیان خێریان پێ کردوون کاتێک ئه‌وانیان گه‌یاندووه‌ته هۆڵی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی عیراق. ئه‌وه‌نده هه‌یه حزبه‌کان له‌به‌ر ڕۆشنایی ده‌ستوور و سیستمی کۆتادا ناچارماون به به‌خشین، بیست و پێنج له سه‌دی کورسییه‌کانیان پێ ببه‌خشن.
ده‌توانم بڵێم: له‌م وڵاتی ئێراقه‌دا، ئه‌گه‌ر سیستمی کۆتا په‌یڕه‌و نه‌کرایه، کارێکی زه‌حمه‌ت بوو، ژنێکی سه‌ربه‌خۆ، بتوانێت دوور له پشتیوانیی حزبێک پێ بنێته نێو هۆڵی په‌ر‌له‌مانه‌وه. ئه‌م ئه‌نجامه‌ش به ڕوونی ده‌ریده‌خات، که ژنان خۆشیان ده‌نگ به پاڵێورای مێینه ناده‌ن. ئه‌گه‌رچی به‌پێی ده‌ستووری وڵات، ژن وه‌ک هاووڵاتی، له‌گه‌ڵ پیاودا له ئه‌رک و مافه‌کانیدا یه‌کسانه. جێی باسه، به‌پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوه‌کانی سه‌ربه نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان. له نزیکه‌ی نیوه‌ی وڵاتی دنیادا، به‌شی ژنان له ڕیزی حزبدا و پاڵاوتنیان بۆ په‌ڕله‌مان، به پێی سیستمی کۆتا ڕێژه‌ی بۆ دیاری کراوه.
پرۆسه‌ی هه‌ڵبژار‌دنیش، له خۆیدا هۆکارێکی گرینگه بۆ بردنه پێشه‌وه و سه‌رخستنی ژماره‌یه‌ک مێینه به‌ره‌و مه‌ڵبه‌نده‌کانی بڕیاردان و یاسادانان، تاکو له‌وێوه به‌شداریی له فه‌رمانڕه‌واییدا بکه‌ن. ئه‌مه‌یش مافی ڕه‌وای خۆیانه وه‌ک مرۆڤ. وێڕای ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن شارێگه‌یه بۆ دیموکراتیزه‌کردنی کۆمه‌ڵ و به‌گه‌ڕخستنی وزه و توانا متبووه‌کانی تاک.
وه‌لێ ئه‌گه‌ر به‌پێی داوونه‌ریتی خێڵ بێت، ژن وابه‌سته‌ی پیاوه. ناکرێت له قسه‌ی باب و براگه‌وره‌ی، یان له قسه‌ی مێردی خۆی ده‌ربچێت. هه‌ر کاتێک له‌لای ئێمه‌یش وه‌ک وڵاتانی خۆرئاوا، مێینه وه‌ختایێ ته‌مه‌نی گه‌یشته هه‌ژ‌ده ساڵان و توانی له باب و دایکی جیاببێته‌وه و له فلاتێکدا به ته‌نیا بژی و خۆی به‌ڕێوه‌ببات، ئه‌و حه‌له ده‌یشتوانێت به ئاره‌زووی خۆی ده‌نگبدات. وه‌لێ له زۆرینه‌ی وڵاتانی خۆرهه‌ڵاتدا، وه‌ک ئه‌وه‌ی مێینه هه‌رگیز نه‌گاته ته‌مه‌نی باڵقبوون (سن الرشد)، به‌درێژایی ته‌مه‌نی له‌بن باڵی نێرینه‌کاندا ده‌مێنێته‌وه.
له لای ئێمه‌و له لای هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی، سیستمی کۆتا پیاده ده‌که‌ن، هێشتا خه‌ڵکانێک له کۆمه‌ڵدا هه‌ن و زۆریشن، به زه‌ینی خێڵه‌کییانه‌یانه‌وه، باوه‌ڕیان به توانا و لێهاتوویی ژن نییه. دوای ئه‌وه‌یش ژنه پاڵێوراوه‌کان به باشی له‌نێو کۆمه‌ڵدا ناناسرێن و به‌دیارناکه‌ون، یان داوونه‌ریتی کۆمه‌ڵ ڕێیان پێ نادات، وه‌ک پیاوان له شوێنه گشتی و فه‌رمییه‌کاندا ده‌ربکه‌ون و هه‌ڵسووڕاو بن، تاکو خه‌ڵک به‌باشی بیانناسن، بڕوایان پێ بکه‌ن و ده‌نگیان پێ بده‌ن.
ژن له کوردستاندا، ناشارستانیانه، له ڕێگه‌وبانان، ساڵدانه ساڵدانه له دوای پیاوه‌که‌یه‌وه ده‌ڕوات، نه‌ک شانبه‌شانی. له مافه‌کانی دیکه‌یشدا هه‌ر وایه و به‌پاشکۆ بووه. ئه‌و هه‌میشه شوێنکه‌وتووی پیاوێکه. هه‌ر کاتێک له کوردستانیش وای لێ هات، پیاوان بڵێن: با ژنان پێشبکه‌ون (The ladies first)، به‌تایبه‌تی وه‌ختایێ له‌ته‌ک پیاوه‌کانیاندا به میوانی بۆ ماڵان، یان بۆ شوێنه گشتییه‌کان ده‌چن، یانژی کاتێک سواری پاس ده‌بن، وه‌ک له دنیای نوێ‌دا باوه؛ ئه‌و حه‌له ده‌شتوانن به ئاره‌زووی خۆیان ده‌نگ بده‌ن.
له کۆمه‌ڵی خێڵه‌کیدا، وه‌ک چۆن ژن موڵکی مێرده‌که‌یه‌تی، ده‌نگیشی هه‌ر موڵکی پیاوه‌که‌یه‌تی. له وڵاتی ئێمه‌دا هێشتا زۆرینه‌ی ژنان ناتوانن له‌سه‌ر پێی خۆیان بوه‌ستن و خاوه‌نی ڕای خۆیان بن. ژن وه‌ک گوڵی لاولاو وه‌هایه، هه‌ر ده‌بێت به قه‌دوباڵای ڕاوه‌ستاوی پیاوێکدا، جا باوک بێت، یان براگه‌وره، یانژی مێرد، خۆی ئاوێزان بکات و له ده‌وری باڵای ڕاوه‌ستاو و هه‌ڵکشاوی ئه‌و بئاڵێت، ده‌نا خۆی پێ ڕاگیر نابێت و به ئاسانی به‌رده‌بێته‌وه سه‌ر زه‌وی. کۆمه‌ڵی خێڵه‌کی بڕاوی به تواناکانی ژن نییه. ئه‌و بڕوای وایه، گوایه ژن له توانایدا نییه و ڕایه‌کی ناکه‌وێت ڕابه‌ر، یان سه‌رکرده و بڕیاربه‌ده‌ست بێت،
ژنی کورد هه‌ر کاتێک لێبڕا، وه‌ک ژنی ئه‌وروپایی پشت بکاته زێڕوزه‌مبه‌ر و عه‌نعه‌نه و ته‌نته‌نه، ئه‌وا ئه‌م هه‌نگاوه‌ی به واتای ئه‌وه دێت، که ئه‌و ئیتر بڕوای به توانای خۆی په‌یدا کرردووه و که‌وتووه‌ته سه‌ر پێی خۆی و پێوستیی به پاڵپشتیی پیاو نه‌ماوه.
ژنی کورد ئه‌گه‌ر پڕکێشیی ئه‌وه‌ی کرد، سه‌ربه‌خۆ بۆ کۆڕێکی فه‌رهه‌نگی بچێت، ئه‌م هه‌نگاوه‌یشی دیسان ئاماژه‌یه‌کی گه‌ش و دڵڤه‌که‌ره. چونکه به‌واتای ئه‌وه دێت، ئه‌و هه‌نگاوی نوێی ناوه. له سنووری ناندێنی ماڵه‌که‌ی تێپه‌ڕاندووه و ڕووی کردووه‌ته بواریکی دیکه، ئه‌ویش بواری فه‌رهه‌نگ و مه‌عریفه‌یه. هه‌رچه‌نده ڕه‌نگه هه‌ندێک ژنان به‌بێ پرسی میردیان نه‌توانن ئاماده‌ی کۆڕ و سیمیناره ئه‌ده‌بییه‌کان ببن، چونکه لای خۆمان، که‌شوهه‌وای کۆڕیش، ده‌ق وه‌ک که‌شوهه‌وای دیوه‌خانی جاران وایه. تاکو ئێستایش مه‌گه‌ر به ده‌گمه‌ن ده‌نا هۆڵه‌کانی شار جێی کۆبوونه‌وه‌ی پیاوانن نه‌ک ژنان. ئه‌و کۆڕانه‌ی ئێسته‌کانێ به‌ڕێوه ده‌چن جیاوازییه‌که‌ی ئه‌وتۆیان له‌چاو کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌وسای دیوه‌خانی سه‌رخێڵدا نییه.
هه‌ر چۆنێک بێت، ژنان ده‌بێت خۆیان هه‌وڵ بده‌ن، به‌کرده‌وه، نه‌ک به‌قسه‌ی ڕووت، یه‌کسانی مسۆگه‌ر بکه‌ن و له ژێر عه‌بای پیاوی ئاینیی وشکه‌ڕۆ و خێڵه‌کیی مێنتاڵ چه‌قبه‌ستوو و داوونه‌ریتی سواوی کۆمه‌ڵ بێنه ده‌رێ و لێبڕاوانه هه‌نگاو بنێن.