Skip to Content

Friday, May 3rd, 2024
لەیادی بیست ساڵەی ڕاپەڕین… ئاوڕێک لەبزووتنەوەی شورایی

لەیادی بیست ساڵەی ڕاپەڕین… ئاوڕێک لەبزووتنەوەی شورایی

Closed

   

لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی کەنداوی یەکەم و لاوازبوونی حکومەتی بەعس و داڕمانی پایەکانی دەسەڵات بەتایبەتی لەشارەکانی باشووری عێراق، لەکوردستانیش جموجۆڵ پەیدا بوو. لەنێو گۆڕەپانی سیاسی کوردستان لەو ساڵەدا (1991 ) تەنها هێزێک کەبەچڕی خەریکی چالاکی سیاسی و ڕوماڵکردنی بارودۆخەکە بوو بزووتنەوەی چەپ بوو. حیزبە سیاسییە کوردییەکان ئەو کات لە بەرەی کوردستانیدا لە ئێران و سنوورەکان خۆیان کۆکردبۆوە و لەچاوەڕوانی هەر ئەگەرێک بوون تا بتوانن بگەڕێنەوە کوردستان و چنگیان لەشتێک گیر بێت. بۆیە ئەو لایەنە سیاسییانە و ئەو حیزبە کوردستانییانەی کە دەڵێن ڕاپەڕینمان کرد و هێزی پێشمەرگە شارەکانی کوردستانی گرت جگە لەدرۆیەکی گەورە هیچیتر نییە. وەختێ هێزی پێشمەرگە گەیشتەوە، شارەکان بەتەواوی لەهێزەکانی بەعس پاککرابوونەوە. هێزی پێشمەرگە ڕاپەڕینی نەکرد. ئەوەی ڕاپەڕینی ئەنجامدا خەڵکی کوردستان بوو. خەڵک ڕاپەڕی تا ئازاد بێت، تا چیتر نەکوژرێت، تا بگات بەخەونەکانی. بەڵام ئەو بزووتنەوەیە چی بوو وا لەڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان لەبەهاری ساڵی 1991 لەدایک بوو و گەشەی کرد و دواتریش لەماوەی کەمتر لەمانگێک شوێنەواری نەما؟ هەموو ئەو خەڵکانەی کەلەنزیکەوە لێیان دەڕوانین گومانیان لە دڵسۆزیمان نەبوو بەڵام متمانەی پێویست لەئارادا نەبوو. ئەو خەڵکە نازانم لەیادیان ماوە یان نا، بەڵام دڵنیام کاتێ باس لەوە ئەکەن کەچۆن  بەرەی کوردستانی لەسنوورەکانەوە هاتەوە و وەک کەڵەگا سواری پشتی ڕاپەڕینی خەڵک بوو، ئاواش لەوانەیە ئەو ژمارە کوڕ و کچە گەنج و ڕۆشنبیر و خوێن گەرم و چوست و چالاکانەیان لەبیر مابێت کەباسیان لەشێوازێکی تری دەسەڵات و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا ئەکرد، کەئەویش دەسەڵاتی خەڵک بوو. ئەگەر بزووتنەوەی شورایی خەمی چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکانی بووایە و هەنگاوی جیددی هەڵبهێنایە، دڵنیام جەلال تاڵەبانی لەساڵی 1991 نەیدەتوانی بڵێ” شوراکان هیچ نەبوون بڵقی سەر ئاو بوون.” ئەوەی بزووتنەوەی شوراکانی دووچاری ئەو چارەنووسە کرد و هۆکارەکانی چیبوون ڕەنگە نەلەتوانای مندا بێت و نەلە توانای ئەم کورتە نووسینەشدا بێت. ئەوە ئەرکی سەرجەم هەڵسوڕاوانی شوراکانی 1991ە بەو کارە هەڵبسن. بەڵام من ئەمەوێت وەک هەڵسوڕاوێکی شورا کرێکارییەکانی ئەو سەردەمە ئەگەر زۆر ڕاگوزارانەش بێت چەند سەرنجێکی کورت لەپاڵ یادەوەریم لەو بزووتنەوە شکۆدارە بنووسم.
لەسەروبەندی ڕاپەڕین بەرجەستەترین ڕێکخراوی سیاسی لە بزووتنەوەی چەپی نوێ لەگۆرەپانی کوردستان و چالاکترینیان ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمۆنیست بوو. ڕەوتی کۆمۆنیست کاریگەری بەهێزی هەبوو لەسەر ڕێڕەوی بزووتنەوەی چەپی ئەوکات کەزیاتر پەرش و بڵاو و ناڕۆشن بوو. چ لەڕووی تیئۆرییەوە و چ لەرووی پراکتیکەوە تەنها ڕەوتی کۆمۆنیست بوو سیاسەتەکانی ڕۆشن بوو. لەو سەردەمە کۆمیتەکانی ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمۆنیست لەشارەکانی سلێمانی و هەولێر و کەرکووک و دهۆک چالاکانە سەرقاڵی خوێندنەوەی ورد بوون بۆ بارودۆخەکە و دانانی پیلانی تۆکمە و پتەو و جێبەجێکردنیان. سیاسەتی ئەو کاتەی ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمۆنیست ئەتوانین لەم خاڵانەی خوارەوەدا بەم شێوەیە چڕ بکەینەوە وەک :

یەک : بەدەستهێنانی هەر ئیمکاناتێک بەتایبەتی پەیداکردنی چەک و ئۆتۆمبێل.
دوو : دەستگرتن بەسەر بەڕێوەبەرایەتی ڕەگەزنامە و باری شارستانی.
سێ : دەستگرتن بەسەر بەڕێوەبەرایەتی ڕەگەزنامەی عێراقی.
چوار : دەستگرتن بەسەر بەڕێوەبەرایەتی پاسەپۆرت.
پێنج : سووتان و تەفروتووناکردنی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش (دائرة الامن).
شەش : پێکهێنانی شورا لە شوێنی کار و ژیانی کرێکاران.
حەوت : جێبەجێکردن و بەعەمەلی دەرهێنانی بڵاوکراوەی ئەرکە دەستبەجێکان و داواکارییە کریکارییەکان.

من ئێستا کەبیری لێئەکەمەوە پێموایە ڕابەرانی ڕەوتی کۆمۆنیست ئەیانزانی کە هیچ شتێکیان پێناکرێت بۆیە قورسایی تاکتیکەکانیان خستبۆوە سەر پەیداکردنی ئیمکاناتی سەفەرکردن. بەهەرحاڵ کەڕاپەڕین شارەکانی کوردستانی گرتەوە لە 11-03-1991 هەولێر لەبەعس پاککرایەوە و دامودەزگاکانی بەعس تەفروتونا کران. لێرەدا جێی ئاماژەیە کە ڕەوتی کۆمۆنیست سەرباری چالاکی سیاسی و لەسەر پێی خۆ وەستانی، بەڵام هێشتا بێئەزموونی زاڵ بوو بەسەر ڕێکخراوەکە و کادیرەکانیدا. بۆیە کادیرە باڵاکانی ڕەوت نەیانتوانی پێشوەخت ئامادەکاری پێویست بکەن بۆ پێشبینییەکانیان. هەرچەندە لە بارودۆخێکی وادا پیلان داڕێژرابوو بەڵام ئەو پیلانانە پیلان نەبوون بۆ ڕابەرایەتیکردنی چینی کرێکار بۆئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە، ئەوەندەی ئامادەکاری بوو بۆ دەربازبوون لەو قەیران و بارودۆخە. کەڕاپەڕین دەستی پێکرد کادیرەکانی ڕەوت هەریەکە لەقۆڵێک و بەتەنها و دوو و سێ سێ خەریکی پیادەکردنی سیاسەتەکانی ڕەوتی کۆمۆنیست و بنەماکانی بڵاوکراوەی” ئەرکە دەستبەجێکان و داواکارییە کریکارییەکان” بوون کە لە 16-01-1991 بڵاو کرایەوە. ئەم بێئەزموونییە بەبڕوای من کاریگەری جیددی هەبوو بەسەر ژیان و چارەنووسی نەک هەر ڕێکخراوەکە بەتەنها، بەڵکو بەسەر داهاتووی کۆمەڵگەش. ئەگەر ئەو کات ئێمەی هەڵسوڕاوانی ئەوکاتی بزووتنەوەی شوراکان بە ئەزموون بووینایە لەبواری بەڕێوەبردن و چەکداری و خاوەن سیاسەتێکی ڕۆشن بووینایە لەبوارە کۆمەڵایەتییەکان ئەوا لەوانەبوو رەوڕەوەی کۆمەڵگا بەرەو جێگایەکی تر بچووبایە.
ڕۆژی یانزەی ئازاری ساڵی 1991 هەولێر ئازادکرا و من لەسەعات هەشتی سبەینێ بریندار بووم. هەر زوو بۆ ئێوارەکەی بەڕێز کاک ئەکرەم مەحموود سەردانیکردم و پێی ڕاگەیاندم کە ناوەندی ڕەوت بڕیاریداوە کار بۆ دروستکردنی شورا کرێکارییەکان بکات. ئەوەبوو دوای ئەوەش لەگەڵ بەڕێزان کاک سەمیر نووری و کاک جەمال کۆشش کۆبووینەوە. کاک سەمیر نووری بڕیارەکانی ناوەندی ڕەوتی کۆمۆنیستی پێداین کە جەمال کۆشش ببێ بەلێپرسراوی مەقەڕی ڕەوت لە هەولێر و من و کاک سەمیر نووری و ئەوانی تریش سیاسەتەکانی ڕێكخستن پەرە پێبدەین و تواناکانمان بۆ دروستکردنی شوراکان بخەینە گەڕ. ڕۆژی 12-03-1991 مەڵبەندی شورا کریکارییەکان هێشتا دانەمەزرابوو، ئەوە بوو سەردانێکی کارگەی دەواجنی هەولێر و کارگەی نەسیجمان کرد. من لەلایەن ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمۆنیستەوە ڕاسپێردرام کە شورای کارگەی نەسیج دابمەزرێنم. منیش تەواوی ڕێکخستەکانی کارگەی نەسیج و لایەنگرانم خستە گەڕ بۆ پێکهێنانی شورای کارگەی نەسیج.

چۆنییەتی دروستکردنی شورای کارگەی نەسیج
ساڵی 1991 من سێ ساڵ ئەبوو لەخانووەکانی کارگەی نەسیج ئەژیام. هاوسەری ئەوکاتم (دایکی ئاڵا) کرێکاری ئەو گارگەیە بوو. ئیتر ئەمە بواری بۆ من و ڕەوتی کۆمۆنیستیش خۆشکردبوو تا بەئاسانی بتوانین سیاسەتەکانی ڕەوت و بڵاوکراوەکانی ئەوسا لەچەشنی ” بۆ پێشەوە” و ” پرۆلیتاریا” و “الی الامام” و ” نووسراوەکانی تریش لەناو کرێکارانی ئەو کارگەیە بڵاو بکەینەوە. دایکی ئاڵا و خەرامانخان و بەیان خان و کاک عوسمانی برایی بەیان و کلیلی بردنە پێشەوەی سیاسەتەکانی ڕەوتی کۆمۆنیست بوون لەو کارگەیە. دوای چەند ڕۆژێک لەڕاپەڕین کەمن بەداخەوە مێژووەکەم لەیاد نەماوە بەڵام ئەزانم پێش نەورۆز بوو، لەکۆبوونەوەیەکی فراواندا بەبەشداری ژمارەیەک لەکرێکارانی کارگەی نەسیج و خێزانەکانیان و بەئامادەبوونی هەڵسوڕاوانی مەڵبەندی شورا کرێکارییەکان لە حەوشەی قوتابخانەی سەرەتایی خانووەکانی نەسیج شورای نەسیچ دامەزرا و منیش بووم بە ئەندامی هەڵبژێردراوی شورای نەسیج. لەو کۆبوونەوەیە کاک کاروان عومەر کاکەسوور شیعرێکی “مامەنالە”ی شاعیری خوێندەوە کەپێموابێ ئاوا دەست پێدەکرد :
لەگەردوونی ژینی منا
هەموو شتێک لەکۆتایی و تەواو بوونە
بیرکردنەوە و عەشق نەبێ
ئەو کاتانەی کەڕقیشم لە بۆرژواکان هەڵئەستێ
ئەو ڕقەم وەک کیژێکی جوان لا شیرینە و خۆشم ئەوێ….تاد

 هەر بۆ یادگاری ئەو ڕۆژە من بەدار شەقە ڕێم ئەکرد و شیعرێک(سروودێک)م نووسیبوو بەناوی ” شەپۆڵی دەریا” و داوام کرد بیخوێنمەوە. ئەمەی خوارەوە دەقی سروودەکەیە.


     شەپۆڵی دەریا  

با شەپۆڵ دا دەریا هەستان و ڕاپەڕین
دانەمرکێ کەف و کوڵی ناڕەزایی
با گوێی لێبێ
تەواوی دونیا گوێی لێبێ
هەتا دوێنێ پشتمان لە ژێر باری ستەم چەمابۆوە
هەتا دوێنێ هاوارێک بووین کپ و خامۆش
ئەمڕۆ دونیا دێنینە جۆش
                                              ڕاپەڕیوین
                                              دەریایەکمان داوەتە پێش
                                             لێ ناگەڕێین دەنگمان کپ بێ
                                             هەنگاومان ناوە بەرەو پێش
              
زۆر لە مێژە خەون و حەز و ئارەزووەکان
لە زیندانی دونیای ڕەشی چینایەتی پەل بەست دەکرێن
هەر لە قۆزاخەی خەیاڵ و هەناسە ساردی دەپوکێن
ژیاننامەم بەئاگری داخی ستەم تۆمارکراوە
لە دەروازەی زۆر ڕێگادا
زۆر دەرگام بەڕوو داخراوە
هەتا هاژەی یەکگرتنم لە ڕووباری ڕزگاریدا
بەگوێی جادەو کۆڵان داوە
                                            ڕاپەڕیوین
                                            دەریایەکمان داوەتە پێش
                                           لێ ناگەڕێین دەنگمان کپ بێ
                                            هەنگاومان ناوە بەرەو پێش
          
با بشەکێ ..ئەو ئاڵا سوورە نەسرەوتەی
کە هەمیشە لەناو دڵا شەکاوە بوو
با بشلەقێ ئەو گۆمە مەنگە بەرینەی
ژیان تیایا هەر زنجیر بوو
ڕاپەڕینم سرودێکە و لەسەر زارە
بانگەوازێکە ئێجگار بەرز
بۆ دونیایەکی یەکسانە کە جوانتر بێ لە هەمیشە
                                           ڕاپەڕیوین
                                           دەریایەکمان داوەتە پێش
                                          لێ ناگەڕێین دەنگمان کپ بێ
                                          هەنگاومان ناوە بەرەو پێش
             
ئەوا هاتین…
بە پانایی شەقامەکان سروود دەڵێین
بورکانی شۆڕشێکی نوێین
موژدەی خۆرێکی نوێین هەلدێین
با بلەرزێ عەرشی زێڕپۆشی چەوسێنەر
ئەوا هاتین کێ خۆی دەگرێ
 لەئاست زریانی شۆڕشا ؟
                                          ڕاپەڕیوین
                                          دەریایەکمان داوەتەپێش
                                         لێ ناگەڕێین دەنگمان کپ بێ
                                         هەنگاومان ناوە بەرەو پێش

                                                        21-01-1991   
                                                            هەولێر

 برادەرانی ئەوکاتی مەڵبەندی شورا کریکارییەکان شیعرەکەیان دایە دەست کاک کاروان عومەر کاکەسوور، ئەویش بەبیانووی درێژی شیعرەکە ڕێگەی نەدا ئەو شیعرە بخوێنرێتەوە کەدواتر لەلایەن هونەرمەند کاک ” کامەران عەبدولڕەحمان” کرایە سروود و بووە جێگای ڕەزامەندی خەڵکانێکی ئێجگار زۆر.
ئەم شورایە لەزۆر لاوە بەرەی کوردستانی ئەوکات دژایەتی ئەکرد و ئەندام و لایەنگرانی خۆیان ئاگادار ئەکردەوە بەشداریمان لەگەڵ نەکەن و تەنانەت ناو و ناتۆرەی قۆڕیان بۆ هەڵئەبەستین لەچەشنی کۆمۆنیست بوون و کۆنە بەعسی و تابووری پێنجەم و کافر و بێئەخلاق . ئێمە بەیاننامەی دامەزراندنی شورای نەسیجمان بڵاو کردەوە و تەنانەت ئاهەنگی یەکی ئایاری ئەو ساڵەمان دوای ئاوارەیی و سووتانی من هەر لەناو خانووەکانی نەسیج ساز کرد. ئێمە هەوڵمان ئەدا کرێکاران لەدەوری سیاسەتەکانی ڕەوت ڕیکبخەین چونکە پێمان وابوو ئەو سیاسەتانەی ڕەوت گوزارشت لە بەرژەوەندییەکانی کرێکاران دەکات. تەمەنی شورای کارگەی نەسیج وەک باقی شوراکانی تری کوردستان تەنها دوو هەفتە بوو. داخوازییەکانی شورای نەسیج ئەوەندەی بێنەوە بیرم ئەمانە هەندێکیانن :

1–    دەرکردنی بەڕێوەبەری کارگەی نەسیج شێخ زیاد.
2-    بەڕێوەبردنی کارگە لەلایەن نوێنەرانی شورای نەسیجەوە.
3-    وەگەڕخستنەوەی دەستبەجێی کارگە و بەرهەمهێنان.
4-    بەهرەمەندبوونی کرێکاران لە قوماش.
5-    زیاد کردنی حەوافز و هەقدەست.
6-    دیاریکردنی کرێ بەپێی بژێوی خێزانێکی پێنج کەسی.
7-    سی و پێنج سەعات کار لە هەفتە و دوو ڕۆژ پشووی لەسەر یەک.
8-    هەوڵدان بۆ باشترکردنی شوێنی کار و دابینکردنی دایەنگە و باخچەی ساوایان.
9-    چەندین داواکاری تر کە لەڕاستیدا من لەبیرم نەماون.

هەرچی شێخ زیاد و کۆنە ڕەفیق حیزبییەکانی بەعس بوو ناسنامەیان لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان یان یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە بۆ کرابوو و وەک نە بایان دیبێ و نەباران بەو ناوە ئەسوڕانەوە. کۆنە ڕفیق حیزبییەکان تەنها جلەکانیان ببووە جلی کوردی ئەگینا هەمان چەکی سەدامیان لەشان بوو. لایەنگرانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستانیش بەردەوام خەریکی ئەوە بوون شکاتیان لەشورای کارگەی نەسیج ئەکرد. هەر بۆ یادگاریش یەکێک لەو شکاتانە درابووە کۆمیتەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەگەڕەکی (حی عەسکەری) و ئەوسا و گەڕەکی نەورۆزی ئێستا لەڕێگەی ناسیاوێکمەوە بۆم باسکرا کەتێیدا هاتبوو” ئەو عەبدوڵا سڵێمانە کۆمەڵێ کرێکاری کارگەی نەسیجی داوەتە دوای خۆی و بەئارەزووی خۆی دێتە ناو کارگەوە و کۆبوونەوە بە کرێکار ئەکات…..تاد”
مەڵبەندی شورا کرێکارییەکان
ئەم مەڵبەندە لەکۆمەڵی هەڵسوراوی چەپ پێکهاتبوون کە سەمیر نووری چالاکێکی بەرجەستەی ئەو مەڵبەندە بوو. لێرەدا ئەمەوێ ئەو ڕاستییە بڵێم کە من بەحوکمی ئەوەی کادیری پێشکەوتووی ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمۆنیست بووم و ئەندام کۆمیتەی شاری کەرکووک بووم، بۆیە زۆر بۆم مەبەست نەبوو دەربکەوم و خەڵک بناسم و بمناسن، ئەگەر چی ئەو تێڕوانینە سەرتاپا نادروست بوو بەڵام پەیرەوم کرد. لەبەر ئەم هۆیە تێکەڵی چەپەکانی ئەو کات نەبووم لەمەڵبەند، بۆیە نازانم بەدروست چەند کەس لەوێ بوون و چالاکییان دەنواند، بەڵام ئەزانم کە بەڕێزان عەبدولڕەحمان مەولود و کاروان عومەر کاکەسوور و سەمیر نووری و ئەکرەم مەحموود و ئاسۆ حامیدی و هیوا سڵێمان و ئازاد ئارمان و شێروان مەولود و فەیسەڵ عەزیز و سەردار حەمید و دکتۆر پشتیوان عەبدوڵا و کاک وشیاری لێبوون. ئەرکی ئەم مەڵبەندە کۆکردنەوەی کرێکارانی وشیار و ڕابەرانی عەمەلی کرێکاران بوو. هەروەها هەوڵی دەدا شورا لە کارگەکان دروست بکات.
مەڵبەندی شورا کرێکارییەکان لەنەورۆزی ساڵی 1991 هاوتا لەگەڵ ڕابەرانی شواراکانی خەڵک کۆبوونەوەیەکی گەورەیان لەبەردەم باڵەخانەی پارێگای هەولێر سازدا. لە وکۆبوونەوەیە گەلێ وتار و شیعری حەماسی خوێنرانەوە. دواتریش ڕێپێوانێکی شکۆمەند سازکرا و ئەو ڕێپیوانە بەناو شاری هەولێر کەوتە جوڵە. وەک باسم کرد من بریندار بووم بۆیە شوراکان لە ڕاپەڕینەکەدا سەیارەیەکی تۆیۆتای ڕەفیق حیزبییەکیان گرتبوو و بەدەستمانەوە بوو. من سواری ئەو سەیارەیە بووم و لەپێشەوە دانیشتم. جا بەحوکمی ئەوەی ئەوکات لەبەر دەستکورتی لەڕادەبەدەرم کۆنە جەمادانییەکی سوورم چنگ کەوتبوو و لەسەرم نابوو. کەڕێپێوانەکە گەیشتە تەنیشت قەڵای شاری هەولێر فەرماندەیەکی سەربازی و کۆمەڵێ پلەداری نزمی لایەنگری پارتی دیموکراتی کوردستان هاتن بۆ ناو ڕێپێوانەکە و یەکێک لەپلەدارە نزمەکان کە وابزانم ملازم بوو وێنەیەکی مەلا مستەفای بەرز کردبۆوە و لەپێش سەیارەکەوە ئەڕۆیشت. سەربازە پلەدارە گەورەکەش لەتەنیشت منەوە و بەپێیان دەستی بە دەرگای سەیارەکە گرتبوو و منی دەپاراست و ئەو دروشمەیان لەگەڵ خۆپیشاندەران دەگووتەوە” نەپۆلیس نە کیمیایی حکومەتی شورایی”. دیارە بە عەقڵی ئەو بەڕێزانە مادام جەمەدانی سوورم لەسەرە ئەبێ من پارتی بم، بەڵام پاش ماوەیەک حاڵی بوون کە ئەوەی ئەوان تێیگەیشتوون وا نییە و ئەوسا ون بوون. خۆپیشاندەران ڕۆیشتن تا گەیشتنە مەڵبەندی شورا کرێکارییەکان کەبریتی بوو لەقوتابخانەیەک لەتەنیشت سینەما سیروان و لەوێ ئاهەنگ سازکرا و گەلێ وتار و شیعر خوێنرانەوە و لەوێدا من شیعری “بانگ”م خوێندەوە کەئەمە دەقەکەیەتی

                                  بانگ

له‌وه‌ته‌ی هه‌م..
پێم ده‌ڵێن نه‌زان و گه‌مژه‌!
پێم ده‌ڵێن شایانی حوکم و ده‌سه‌ڵات نیت!
“هه‌روابوه‌ و هه‌رواش ده‌بێ
ده‌سه‌ڵا و حوکم کردن .
پیشه‌ی زاناو گه‌وره‌ پیاوه‌
که‌ی ده‌گونجێ ..
بۆره‌ پیاوێ ..
گێل و گه‌مژه‌ حوکم بکات ؟!”
                   *
ئه‌ی بروسکه‌ی ڕاچه‌نین و ڕاپه‌رین ..
من بووم بارانی هه‌ستانم
به‌سه‌ر ورد و شۆمی ژیانا باراند و
خۆزگه‌ی دڵم نابه‌سنگی ئازادییه‌وه‌ .
دونیا .. به‌رهه‌می ده‌ست ڕه‌نجمه‌
له‌وه‌ته‌ی هه‌م .. ئه‌م دونیایه‌
به‌رینتر و ..
جوانتر ده‌که‌م .
خۆیشم ڕۆژ دوای ڕۆژ
پتر به‌ناخی مردندا ڕۆ ده‌چم .
من پیسترین دڕنده‌ی سه‌رده‌م تۆقان .
چۆن ناتوانم ..ده‌سه‌ڵات وه‌ڕێبخەم.
هه‌م ئازادی و.. هه‌م یه‌کسانی .
تاج بن بۆ سه‌ر سه‌ری ئینسان .
                     *
ئه‌و کرێکاره‌م ..که‌ دوژمنانم بۆره‌ پیاوم پێ ده‌ڵێن
پڕ به‌ پڕی زه‌وی و ئاسمان
تامه‌زرۆی دونیای یه‌کسانم
بۆ ئه‌و ڕۆژه‌ له‌ ئێستاوه‌
شورای خۆم داده‌مه‌زرێنم .
بناغه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆم
ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی کرێکاری
هه‌ر ئێستاکه‌ پێک ده‌هێنم
ده‌سا ده‌ستان ده‌نه‌ ده‌ستم
بۆ شورایه‌ک…
بێته‌ دی خه‌وی سه‌د ساڵه‌.
بن بڕتر که‌ین ئه‌و ژیانه‌ی
چه‌شنی گوژاڵکی ته‌ڕ تاڵه‌.

   19 – 03 -1991
  هه‌ولێر

. دیارە تەمەنی مەڵبەندی شورا کریکارییەکان لەگەڵ هاتن و هێرشی سوپای دڕندەی بەعس و داگیرکردنەوەی شارەکان کۆتایی هات.
لە سێ هەفتەی ئازادبوونی شاری هەولێر جوانترین شت بەلای منەوە ئەو ئازادییە ڕاستەقینەیە بوو کەلەژیانمدا ئەزموونم نەکردبوو. ئەو ئازادییە بۆ ئێمە گەلێ مانای لەخۆ هەڵگرتبوو. بۆ یەکەمینجار هەستکردن بوو بە خود و بەهای خود. هەستکردن بوو بە جووڵەی شار و تێکچڕژانە سەیر و سەمەرەکانی ناو هەناوی کۆمەڵگە، دەربڕینی بێ سانسۆری ناخ بوو، دواجار ئازادی ئەو تەزووە شادیهێنەرە بوو کە کۆمەڵگەی ڕاچڵەکاند. لەو سێ هەفتەیە شورا کریکارییەکان لەدوو ململانێی گەورە بوو .
1-    ململانێ لەگەڵ برادەرانی شورای خەڵک. جیاوازی تاکتیکەکانی نێوان ئەو دوو مەیلە بووە هۆی ناتەبایی و نابەهرەمەند بوونی ئەو بزووتنەوەیە لەتاک ڕیزی.
2-    ململانێ لەگەڵ بەرەی کوردستانی و حیزبە کۆنەپەرستەکانی.
ئەم دوو ململانێیە لەو سێ هەفتەیەی ئازادیدا کاریگەری زۆریان دانا لەسەر ئەنجام نەدان و جێبەجێنەکردنی کۆمەڵی ئامانج کەئەبوو دەستیان بۆ ببردرایە وەک :
1-    پێکهێنانی هێزی سەربازی بزووتنەوەی شورایی لەدەرەوەی بنکەی شوراکان لەچەشنی سوپای سووری سۆڤییەت.
2-    هەوڵدان بۆ دانانی ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنی شوراکان کە کاریگەری زۆری دەبوو لەسەر بردنە پێشەوەی بزووتنەوەی شوراکان.
3-    پێکهێنانی لیژنە و کۆمیتەی تایبەت بۆ بەدەستهێنانی ئیمکاناتی دارایی بەتایبەتی ئەو کاتانە ئەتوانرا سوود لە پاشماوەی کەلوپەلی بەجێماوی ڕژێمی بەعس وەربگیرایە. چونکە بزووتنەوەی شورایی زۆر دەستکورت و هەژار بوو لەبوارەکانی دارایی و لۆجستی و سەربازییەوە.
4-    دەستبردن بۆ کۆمەڵێ ئامڕازی حکومەتکردن لەچەشنی سازدانەوەی دەوامی قوتابخانەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکان و بەکورتی خۆ بەخاوەن کۆمەڵگە زانین و دەستبردن بۆ حکومەتکردن، وەک چۆن بەرەی کوردستانی دەستی بۆ برد.
لێرەوە ئەبینین بزووتنەوەی شورایی وەک بزووتنەوەیەکی ڕادیکاڵ بەڵام نابەرپرسانە ئەیڕوانییە بارودۆخەکە. مەڵبەندی شورا کرێکارییەکان چاویان لەڕێنوێنییەکانی ئەو ڕابەرانەی ڕەوتی کۆمۆنیست بوو کەلەژوورەکانیان نەئەهاتنە دەرەوە تا نەناسرێن!!! بۆیە بەبڕوای من ئەم تێگەیشتنەی ڕابەرانی ڕەوتی کۆمۆنیست بۆ بارودۆخەکە کاریگەری سلبی دانا لەسەر هەنگاوە عەمەلییەکانی ئەو بزووتنەوەیە.

لێرەدا ئەمەوێت بۆچوونی خۆم سەبارەت بەو بارودۆخەی ئەوسا و بزووتنەوەی شوراکان بەم شێوەیە کورت بکەمەوە:
یەک : ڕەوتی نەتەوەیی کورد و حیزبە سیاسییەکان بەتایبەتیش یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان هیج دەور و نەخشێکیان لە ڕاپەڕین نەبووە. ڕاپەڕین خەڵکی کوردستان ئەنجامیدا و هەو ئەوان خاوەنین. ئیتر منەتکردنی ڕاپەڕین و ڕۆڵی هێزی پێشمەرگە لەو ڕاپەڕینە جگە لە درۆ هەڵبەستنی حیزبە سیاسییەکانی ڕەوتی کوردی هیچی تر نین.
دوو : بزووتنەوەی چەپی ئەو کات و ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمۆنیست ناشارەزا و بێئەزموون بوون لەبوارەکانی بەڕێوەبردن و بەرەنگاربوونەوە و بردنەوەی ململانێکان لەگەڵ حیزبە کوردییەکان بەقازانجی بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان.
سێ : بزووتنەوەی شورایی ئاسۆیەکی ڕۆشنی نەبوو بۆ هەڵسوڕان و خویندنەوەی دروستی بارودۆخەکە و ناپارسەنگی هێزەکان و گەلێ شتیتر. واتە ئەو بزووتنەوەیە هەم لەڕووی تیئۆرییەوە و هەم لەڕووی پراکتیکەوە هەژار بوو. سەرچاوەی تیئۆری ئەسڵی ڕابەرانی شوراکان و چەپ بریتی بوو لە تێگەیشتنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کادیرە نەشارەزانی وەک مزەفەری مەحەمەدی و ڕەحمانی حوسێنزادە کەبچووکترین ڕۆڵیان نەگێڕا لە لێکهەڵپێکرانی شواراکانی خەڵک و گەڕەکەکان و شورا کرێکارییەکان. لەبری ئەوە بۆشایی نێوان ئەو دوو جۆرە لەمۆدیلی شورایی گەورەتر بووەوە. ئەمەش کاریگەری هەبوو لەلاوازی ململانێ لەگەڵ بەرەی کوردستانی و بزووتنەوە ئیسلامییەکان بۆ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات.
چوار : هەوڵی ڕێکخراوە چەپەکانی ئەوسا و بەتایبەتی ڕەوتی کۆمۆنیست ئەوە بوو کرێکاران لەدەوری سیاسەتەکانی خۆی کۆببنەوە، ئەمەش ناڕۆشنییەک بوو لە ئاسۆی ڕێکخراوبوونی ئەو ڕێکخراوە. کرێکاران دەبوایە لە دەوری بەرژەوەندییەکانی خۆیان ڕیکبخرێن نەک لایەنێکی سیاسی.
پێنج : شوراکان وەک ئەلتەرناتیڤی چەپ  باسدەکرا بۆ دەسەڵات. بەڵام ڕابەرانی ڕەوتی کۆمۆنیست تەنها بۆ یەکجاریش بۆ مێژووش زەحمەتی ئەوەیان نەخستە بەر خۆیان بێن سەردانی مەڵبەندی شورا کرێکارییەکان و شوراکانی خەڵک بکەن یان ئێمەی کادیرەکان ببینن و بەئاشکرا بێنە ناو جەماوەری کرێکار. ئەم ترس و سڵەمینەوەیە لە سەرکوتی داهاتوو سەرباری بێئەزموونی، نا شەهامەت بوونیش بوو.
شەش : نائامادەیی خەڵکی کوردستان لە قەبوڵکردنی ئەو شێوازە تازەیەی دەسەڵات چونکە بزووتنەوەی چەپ خۆی بزووتنەوەیەکی گەنجی تەمەن کەمتر لە بیست ساڵ بوو.
حەوت : چاوەڕوانییەکانی خەڵکی کوردستان لەخۆیان زۆر لەئاستێکی نزم بوو. خەڵکی کوردستان لەئەنجامی چەوسانەوەی چەندین ساڵەیان بەدەستی ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق تووشی نائومێدییەکی گەورە ببوون و کلتووری بێدەسەڵاتی بەئاشکرا بەسەریاندا زاڵ ببوو، بۆیە چاویان لە لایەنە سیاسییەکان بوو شتێکیان بۆ بکەن نەک خۆیان شتێک بۆ خۆیان بکەن. بزووتنەوەی شورایی ئەیویست ئەو تێڕوانینەیان لەنێودا زاڵ بکات کە خەڵکی کوردستان ئەتوانن خۆیان خۆیان بەڕێوە بەرن. ئەم خاڵە بەبۆچوونی من زۆر جێگای وردبوونەوەیە و هۆکارێکیشە کە وای کرد بزووتنەوەی شورایی نەبێتە جێگای ئومێد و پشت پێبەستنی زۆربەی هەرە زۆری خەڵک. دیارە کەئەمە ئەڵێم بەئیزافەی لەبەرچاوگرتنی مەیلی نەتەوەگەرایی کە دونیای بیرکردنەوەی بەشێکی زۆری خەڵکی کوردستانی تەنیبوو.
هەشت : بزووتنەوەی شواریی کوردستان موڵکی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق یان کوردستان نییە.  ئەوە ڕاستە کادیرانی ئەو حیزبە ڕۆڵیان گێڕاوە لە بزووتنەوەیە بەڵام ئەوە بەشداربووانی عەمەلی بزووتنەوەی شورایین کە خاوەنی ڕاستەقینەی ئەو بزووتنەوەیەن.
نۆ : نادیموکراسی و میتۆدی یەکتر قەبوڵنەکردن و ڕەتکردنەوەی بەرانبەر خۆی بەشێکە لەپرۆسەی تەسفیەکردنی سیاسی کادیرە بەرجەستەکانی ڕابردوون کەبەئەنقەست ئێستاش پەیڕەو دەکرێت. ئەم عەقڵییەتە و میتۆدە ئاو لەسەرچاوەکەی کە ناوی کۆمۆنیزمی کرێکارییە ئەخواتەوە. من ئێستاش سەیرم پێدێت کە دوای ئەو هەموو ساڵە و دوای ئەو هەموو ئەزموونی دەرەوەی وڵات و فێربوونی زمان و ئاشنابوون بە سیستمە دیموکراسییەکەی خۆرئاوا کەچی شێوازی بیرکردنەوەی هەندێ کادیری ئەو حیزبانە هێشتا لە ساڵەکانی هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودان و بەمیتۆدی ئەو سەردەمەوە ئیش ئەکەن. بۆنموونە کەلەنووسینێکدا بەناچاری ناوت ئەهێنن بە بێ بەکارهێنانی هیچ پێشگرێکی وەک ” کاک، بەڕێز، هاوڕێ” ناوت دەبەن تەنها بۆ سڕینەوەی ڕابردووت وشاردنەوەی مێژووی پڕ لە سەروەریت. ئەم کۆمیدیایە لەگەڵ ئەو بزووتنەوەی چەپە جمکەن و بێ یەکتر هەڵناکەن و ناژێن. لەلایەکی تریشەوە هێڵی ڕاست و چەپ هێنان بەسەر ڕابەرانی جەماوەری و هەڵسوڕاوانی دوێنێی خەباتی سیاسی و جەماوەری لە کوردستان هەر بەو بیانووەی کە ئێستا ئەندامی حیزبی کۆمۆنیست نین یان سیاسەتەکانی ئەو حیزبەیان پێ ڕاست نییە، خۆی لەبنچینەدا دەرهاویشتەی عەقڵییەتێکی دواکەوتووانە و کلتورێکی دژە ئازادییە. ئەم عەقڵییەتە لەڕادەبەدەر زیان بەسەرجەم بونیادی فیکری ئەو بزووتنەوەیە ئەگەێنێت.
دە : بەداخەوە ئەڵێم ساڵی 1992 بڵاوکراوەی سەرنجی کرێکار لەڕێگەی کاک جەعفەر عەلی پەیامنێریانەوە لە هەولێر چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ساز کردم سەبارەت بەبزووتنەوەی شورایی و ئاستەنگەکانی و هۆکارەکانی شکستی ئەو بزووتنەوەیە. منیش بە وردی و بەدرێژی وەڵامی پرسیارەکانم دایەوە و تەسلیمی کاک جەعفەر عەلیم کرد و تا ئێستاش ڕووناکی نەبینی. ئەگەر بێتو بڵاو بکرابایە ئەوا بۆ ئەمڕۆ بایەخی سیاسی خۆی ئەبوو.
یانزە : پاش تێپەڕبوونی بیست ساڵی تەواو بەسەر بەرپاکردنی ئەو بزووتنەوە شکۆدارە ئەڵێم لەهەر پێچکردنەوەیەکی مێژوویدا بەکەڵک وەرگرتن لە وانە و ئەزموونەکانی ئەو بزووتنەوە شوراییە ئەکرێ خەڵکی کوردستان وەک ئەلتەرناتیڤی دەسەڵات بەدەستییەوە بگرن و پیادەی بکەن.

04-03-2011
ڤانکۆڤەر – کەنەدا

تێبینی : سوپاسی هاوڕێی بەڕێزم کاک سەردار حەمید ساڵح ئەکەم کەلە یادهێنانەوەی هەندێ ناوی ئەو بەڕێزانەی ناویان لەم یادەوەری و سەرنجەدا هاتووە کۆمەکی پێکردم.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.