Skip to Content

Friday, May 3rd, 2024
لە خەونمدا ڕاپەڕینبوو! …. سەدیق رەنجبەر

لە خەونمدا ڕاپەڕینبوو! …. سەدیق رەنجبەر

Closed
by March 11, 2011 گشتی

 

بیستەمین یادەوەری ڕاپەڕینی کوردستان، زۆرتر لە هەر جارێک کاری تێکردم، ئەو ماوە درێژەم وەک ڤیدیۆ دەهاتەوە پێشچاو، چۆن لەدوای دەیان هەزار قوربانی خەباتی شاخ، لەدوای هەڵەبجەو ئەنفال و لەدوای ڕاپەڕینی جەماوەری ساڵی ١٩٩١، کە گەلەکەمان ڕژێمی بەعسی ڕەفتار فاشی و چەوسانەوەی نەتەوایەتی ڕاماڵی. ماوەی بیست ساڵی ڕەبەق کۆمەڵانی خەڵک چاوەڕوانی ئەوە بوو دروێنەی خەبات و رەنجی خۆی بکات کە سەرانی کورد بە دەیان ساڵبوو بەڵێنیان پێدابوو. بەداخەوە ئەو چاوەڕوانیە وەک گەیشتن بە سەرابێکبوو. دەرکەوت کە ئێش و ئازاری چەوسانەوەی دەسەلاتی کوردی کەمتر نیە لە هەر دەسەڵاتێکی تری بێگانە، بگرە چەواشەکاریەکەی سەختتریشە چونکە خۆی لەبەرگی کوردیدا شاردۆتەوە.

 لە لایەک سەودایان لەسەر ناوچە دابڕێنراوەکان کردو خستیانە ڕێگەی هات و نەهاتەوە،  لەلایەکی تریشەوە دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە وەعدو بەڵێن تێپەڕی نەکرد، خەڵکی ناحیزبی و هەژاریان لە سامانی ووڵات بێبەش کرد، ئەمەو سەرباری ماوەی هەشت ساڵ ڕووخانی ڕژێم و ئەو بوودجە زەبەللاحەی لەبەردەستیانبوو، نەیانتوانی سیستەمێکی دامەزراوەیی بۆ دەوڵەتداری بسازێنن کە کوردستان بۆ واقیعی سەربەخۆیی ئامادە بکا، ئەویش بەهۆی خۆپەرستی و پاوانکردنی دەسەڵات و سامان و خاکی کوردستان لەڕێگەی حزب و بنەماڵەکانەوە، بەمجۆرە ئامانجی ئەم ڕاپەڕینە مەزنە بە نیوەچڵی مایەوە.

لە ئێوارەیەکی یادەوریەکاندا، ڕووداوە دڵخۆشکەرو دڵتەزێنەکانی ئەم ڕۆژانەم  ئاوێتەی ڕاپەڕینی بەهاری ٩١ دەبوو و وەک پانۆراما لەخەیاڵمدا گوزەری دەکرد، لەوانە: خۆپیشاندانی ناڕەزایی شارو شارۆچکەکانی کوردستان؛ مامەڵەی توندو تیژی دەسەڵات و وەڵامدانەوەی بە دەسڕێژی بیکەیسی و بە فیشەک؛ کوژران و بریندارکردنی بە دەیان کەس؛ سووتاندن و بێدەنگکردنی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن؛ هەڵکوتانە سەر خێمەکانی خۆپیشاندەران و سووتاندنیان؛ گرتن و لێدان و ئەشکەنجەدانی خەڵک؛ هەڕەشەو گوڕەشەی کوشتن و نانبڕین؛ سەرشکاندن و فشار لەسەر ئەندامانی پەرلەمان؛ چەواشەکاریەکانی میدیای دەسەڵات؛ نمایشی جەماوەریی حیزبی دەسەڵات و بەرزکردنەوەی پەڕۆی حیزبی؛ دروستکردنی لێژنەی لێکۆڵینەوە بۆ کاتبەسەربردن؛ گوێنەدانی سەرۆکی هەرێم بە ناوەرۆکی داخوازیەکانی خۆپیشاندەران؛ پاشان لەناڵ و لە بزماردانی دکتۆر بەرهەم لەناو پەرلەمان، دەربارەی جێبەجێکردنی داخوازیەکانی خۆپیشاندەران. ئەوانە هەمووی منیشی وەک هەر تاکێکی کۆمەڵگە تووشی دڵەڕاوکێی ناڕۆشنی سەرەنجامی بارودۆخەکە کردبوو کە دەسەڵات خۆی بەرهەمی هێناوە. لە هەمانکاتدا نموونەی پەلەقاژەی دەسەڵاتی حوسنی موبارەک و زەین وئەلعابدین و قەزافیم دەهاتەوە پێشچاو کە لە ترسی لەدەستدانی کورسی دەسەڵات، سڵیان لە بەکارهێنانی ئەوپەڕی توندوتیژی نەکردەوە، لەوانە دەسڕێژی گوللە لە ناو ئاپۆرای خەڵک، بەکارهێنانی سوار ئەسپ و حوشترە بەڵتەجیەکانی حیزب، بەکارهێنانی دەبابەو تۆپ و تەیارە، ئیدی دەرکەوت ڕەفتاری توندوتیژی دەسەڵاتی کوردیش لێکدەچێ. درەنگانێکی شەو بە دڵتەنگیەوە چوومە ناو جێگاو لێی ڕاکشام.

یەکێک دەیگوت: کوڕینە نەکەن بارودۆخەکە ناسکە، ئەزموونەکە ساوایە، شۆڤینیەکان دەوری داوین، کەرکوک لە مەترسیدایە، ئەم ئاژاوەیە دەستێکی لە پشتە، پیلانێکی دژ بەکوردە، نەکەن بەخوا خەڵکێکی زۆر دەکوژرێ، هێمن ببنەوە. یەکێکی تر لەوەڵاما گوتی: دەبڕۆ بابە بڕۆ چیتر بەم قسانە فریو ناخۆین، تۆ سوودمەندی لە دەسەڵات بڕۆ ئەولاوە، ئەوانە بیست ساڵە بەری رەنجی قوربانیانی شۆڕش و ڕاپەڕینیان بۆ خۆیان و دەوروبەریان دابەش کردووەو بازرگانی پێوە دەکەن و ئێمەش چش. ئەوە بیست ساڵە خەڵک داوای دادپەروەری و نەهێشتنی گەندەڵی دەکا، داوای فراوانکردنی دیموکراسی و ئازادی بیروڕا دەکا. کەچی دەسەڵات هەڵگری هەمان ئەم دروشمانەن تا لە ناوەرۆکەکەی پوچەڵی بکەنەوە، ئەوانە دەیانەوێ هەموو جارێ بە تەزویرو ڕێگای پۆلیسی و پارەوپوول، دەسەڵات بگرنەوە دەست. ئەی ئەگەر بیست ساڵە وەک دەڵێن بارودۆخ ناسکە، بۆچی مافی خەڵک پێشێل دەکەن؟ بۆ نادادپەروەری پەیڕەو دەکەن؟ گەر من مافەکانی هاوڵاتیم نەبێ، چەوسێنەری کوردو غەیرە کورد جیاوازی چیە، ئەگەر مەبەستت ئەوەیە کە دەسەڵات گوێی لە خوێنڕشتن نیە، ئەی کە تاوانی ئاوای لێدەوەشێتەوە بۆ لەگەڵیدای، ئەگەر مەبەستت ترساندنی خەڵکە، دیواری ترس ڕماوە، ئەوا خۆپیشاندان شاری هەولێریشی گرتۆتەوە.

لێشاوی خۆپیشاندانی جومعەی هەولێرم دەهاتە بەرچاو بۆ چاکسازی، لە جادەی شێخەڵلا، بەرامبەر باغی شار، بەردەم دەرگای قەڵاو پێشی مەچکۆ، جادەی باتا، بەردەمی پارێزگا، هەموو لێکرا دەیانگوت: ئەرکەکانی ڕاپەڕین تەواو نەبووە، ئێوە لە ڕێبازی ڕاپەڕین لاتانداوە، بەڵی بۆ دادپەروەری کۆمەڵایەتی، نا بۆ توندوتیژی، نا بۆ گەندەڵی، دادگایی بکوژەکان، هتد.. هێزە ئەمنیەکان لە هەموو شارەکان بەزۆر هێنرابوون، لوولەی تفەنگیان کردبووە جەماوەر، لەناکاو دەسڕێژی گوللە ئەوناوەی کردە گۆمی خوێن. دەبابە کۆڵان بە کۆڵان شوێنیان دەکەوت، ڕەشبگیرە و گرتن و بزرکردنی خەڵک و ئەشکەنجە بە لێشاوە، لە هەموو شارەکانی تریش کوژراو و بریندار هەیە، دیمەنەکە سامناکە، ووشە ناتوانێ گەورەیی تاوان و بێویژدانی دیمەنەکە وێنا بکا. هاوارو پەنا بۆ نەتەوە یەکگگرتووەکان ببەن، ئەمریکا، ئەوروپا، کوا مافی مرۆڤ ئەی هاوار لە کوێن، فریامان کەون!!

دەرکەوت دەسەڵات لە زمانی گوللەو خوێن زیاتر باوەڕی بە هیچ شێوازێکی دەربڕینی ئازادانە نیە. پەرچە کرداری ئەم خوێنڕشتنە ڕاپەڕینێکی نوێی هێنا کایەوە.

ئەی خەڵکی چەوساوە ڕاپەڕن، هیچ بوارێکی دەربڕینی دیموکراسیانە نەماوەتەوە جگە لە ڕاپەڕین نەبێ، بۆیە کاتی ئەوە هاتووە دەسەڵاتیان لەدەست دەربێنن. خەڵکینە نەکەن دام و دەزگاکان تێکبدەن، هیچ بارەگایەک مەسووتێنن، ڕێگە لە باندی دزی بگرن، هێزی جیا جیا دروستکەن بۆ پاراستنی شوێنە گرنگەکان، دەسەڵات دەیەوێ مۆزەخانە بسووتێنێ و بەملی ئێمەی دابێنێ، ووریا بن باوەڕ بەم سیناریۆ پیسانە مەکەن!! وەرنە ڕیزی گەلەوە، گەل لە هەموو ئەو کەسانەی سەر بە دەسەلات دەبورێ کە تاوانیان ئەنجام نەداوە.

سەرۆکەکانی ئەمریکاو ئەوروپاو نەتەوە یەکگرتووەکان بە توندی ئیدانەی ئەم کوشت و بڕەی کوردستانیان کرد، لەدوای قوربانیەکی زۆر، لە ناچاریا سەرۆک لە تەلەفزیۆن دەرکەوت و گوتی: من لە ئێش و ئازاری ئێوە تێدەگەم، بەڵێنتان پێدەدەم کە نەخۆم و نە کەسێکی بنەماڵەکەم جارێکی تر خۆمان هەڵنابژێرینەوە، ئەوە پەرلەمان و حکومەت هەڵدەوەشێنمەوە و خۆتان ئازادن، بە گۆڕی بابم من نەمگوتووە کەس تەقە لە خۆپیشاندەران بکاو هەرکەسێ بیکا بەرپرسیارەو دادگایی دەکرێ. بەڵام هەر ڕۆژێک دوای ئەم بەڵێنانە لە پێناوی مانەوە لە دەسەڵات خوێنڕشتن زێتر لە جاران بەردەوام بوو.

بۆیە جەماوەری ڕاپەڕیو لە ڕۆژی جومعەی خوێناویدا ڕاپەڕینێکی سەرتاسەریان سازکرد، دنیا وەک قیامەتی لێهاتبوو، بە سەرۆکی هەرێم و هی عیراقیان گوت دەبێ وازبێنن، باوەڕمان پێتان نەماوە. ئەمجارەیان سەرۆکی هەرێم ناچار بوو دەستلەکارکێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند، کەس نەیزانی بۆ کوێ ڕۆی، سەرۆکی عیراقیش لەعەژمەتا لەهۆشخۆی چوو. ئیتر بووە خۆشی و شادی سەرکەوتنی هەموو چین و توێژەکان بەتایبەتی کەمدەرامەتەکان، هەردوو حیزبی دەسەڵاتداریش بە یەکجاری هەڵوەشێنرانەوەو هێزو لایەنی پارێزەری  ڕاستەقینەی دادپەروەی، بەتایبەتی گەنجان هاتنە پێشەوە، ڕاپەڕینی کۆمەڵانی خەڵک بەردەوامبوو تا ناوچە دابڕێنراوەکانیش هاتنەوە سەر خاکی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگەش لە سنوری چیای حەمرینا سەنگەری گرت و ئاڵای کوردستانی شەکاندەوە، گەلیش خۆی بۆ هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لەم ووڵاتەدا ئامادە دەکرد.

بەیانی زوو، بە زەنگی تەلەفۆنی برادەرێک لەخەو بێدار بوومەوە، ئارەقەمکردبوو، تەماشای دەوروبەری خۆممکرد، هێشتا چێژی سەکەوتن و بزەی شادیم لەسەر لێو بوو، بەخۆمم گوت، هەر خەونەو دەبێتە ڕاستی.

hoshmend-salih@hotmail.com
10-03-2011

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.