له مه‌مله‌که‌تی ترس، زه‌مه‌ن له‌دایک نابێت.
زه‌مه‌ن، هێشتا سفره.
شوێن، دیوی نهۆمێکی شانۆگه‌ریه‌که‌یه.
ره‌نگ ئه‌رخه‌وانی نیه، خۆڵه‌مێشی، قاوهییو زه‌رد له‌ڕه‌نگی ئاسمانی وشکه پایزێکی پێش‌باران ده‌چێت.
له‌ولام ترس هه‌ڵواسراوه، له‌ملام ترس به سه‌ر دیواره‌کاندا ده‌چۆڕێته‌وه. ترس جۆگه‌له‌ی به‌ستووه، ئه‌و ناوه هه‌مووی ترسه. تارمایی ترس ده‌وریان داوم زه‌نده‌قم چووه. ئینجانه‌یه‌ک له ناوه‌ڕاستدا هه‌ڵمی ترس‌و بۆنی بێده‌نگی لێ هه‌ڵده‌ستێ.
خه‌ریکه له وسسهی بێده‌نگی کاس ده‌بم. ده‌وروبه‌ریشم په‌یتا په‌یتا وه‌ک هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی ره‌نگ له‌سروشتی خۆی، وه‌ک که‌روێشکه‌ی گوڵه‌گه‌نم، وه‌ک پپێدهشته وشکوبرینگهکانی دووای ئه‌نفال، مرۆڤه‌کان هێدی هێدی ههڵدبزورکێن، ده‌بن به دیمۆن. دیمۆن: ده‌عبایه‌کی چاو بلۆقی ده‌رپه‌ڕیو، برۆههڵوهریوی بێبرژانگ. دهزوولهدهمار، شاده‌ماری له‌شیان، هه‌رهه‌موو سهوزومۆر، جینجرۆک، قه‌ڵشی ده‌ستوپێ، پێسته‌یان زه‌رد ده‌چێته‌وه، رهنگهناحهزهکانیان هی چڵکنی نه‌بوو، هه‌ر خۆیان له ئه‌زه‌له‌وه وان، سروشتی دیمۆن وایه له‌هی مرۆڤ ناچێت.
منداڵ بووم بابم حه‌کایه‌تی بۆ ده‌کردم، ده‌ترسام. ئێستاش له‌بیرمه بابم باسی دێ‌و و پاڵه‌وانه‌که‌ی بۆ ده‌کردم، ده‌تگوت باسی خۆی ده‌کات، ده‌ترسام. هێشتا دێوم نه‌دیبوو. له حه‌کایه‌ته‌کانی بابم دێ‌و وه‌ک دیمۆن نه‌بوو، که‌ڵه‌گه‌ت ئه‌لقه‌یان له‌گوێ بوو. زه‌نده‌قم لێیان ده‌چوو، که منداڵ بووم ده‌یانترساندم، کوڕه وه‌ره بنوو دێ‌و هات. ئاگام لێ بوو کچه دراوسێکه‌شیان دهترساندم، کچێ وه‌ره ئاقڵبه ده‌نا دێ‌و ده‌تبات. له مزگه‌فتی نێزیک ماڵه‌که‌شمان مه‌لا ده‌یترساندین. له خوتبه‌ی جومعان گوێم لێ ده‌بوو ده‌یانگوت، ئه‌وه‌ی نوێژ نه‌کات، ئه‌وه‌ی به نیعه‌مه‌تی خوا‌و پێغه‌مبه‌ری خوا شوکر نه‌بێت، ناچێته به‌هه‌شتێ.
حه‌زم لێ‌بوو به‌هه‌شت ببینم.
ئێستاش حه‌زم لێیه.
جاڕێکیان، مێردمنداڵ بووم، له زیندهخهومدا خوام بینی. زۆر ترسام. چونکه نه خوا نه دیمۆن نه دێویشم نه‌بینیبوو. له‌و زیندهخهوهیدا، گوێم لێ بوو، ترسم لێنیشتبوو، هاوارم ده‌کرد. دایه، دایه، کچێ دایه… دایکم گوێی له هاواری من نه‌بوو. من له خودای زیندهخهوهکهم ده‌ترسام، دایکیشم له‌خودای میهره‌بان. ئه‌و له نوێژێ بوو، ده‌پاڕایه‌وه. ئه‌و وه‌ک من نه‌بوو، گوێی له ده‌نگی خۆی هه‌بوو، ته‌نیا گوێی له ده‌نگی من‌و ده‌نگی خودا نه‌بوو.
بیرم دێت بوومه پێشمه‌رگه. له زیندهخهوێمدا خودام بینیبوو. به‌ڵام هێشتا دیمۆنو دێوم نه‌بینیبوو. تازه له فه‌سڵێکی شانۆگه‌ری ترس ده‌بوومه‌وه. ترس به‌رینه‌دابووم. ترس خه‌ڵکی ده‌تۆقاند، من تێمترهقاندو هه‌ڵکشام. ده‌تگۆ خهونهلێکنهترازاوهکانی شه‌وانی دوای حه‌کایه‌ته‌کانی بابمه، چوومه دیوێکی دی. له‌وێش خۆم دزیه‌وه، به باڵه‌خانه‌یه‌که‌دا ههڵگهڕامو داگه‌ڕام. ژێرخان له ترس هه‌ڵچندرابوو، کۆمه‌ڵێک دیمۆنم بینی مۆمیاکرابوون. دیمۆن پاشا، دیمۆن ئاغا، شێخ دیمۆنو موریده‌کانی مۆڕه‌یان لێده‌کردم.
که من گه‌یشتم ره‌نگی په‌رده‌ی شانۆگه‌ریه‌که ئاڵ وه‌ک ده‌نکه هه‌نار، سپی له به‌فر له قه‌ندی سپی ده‌چوو، زیوینی، وه‌ک ئاسمانه پڕئهستێرهکهی نیوهشهوانێکی دره‌نگی ئێشکگری پێشمه‌رگایه‌تیم بوو، ره‌نگه‌کان ئه‌وجاره شین شین، که‌سک که‌سک، سۆر سۆر، زه‌ردو مۆر هه‌موو ره‌نگه‌کانی هه‌بوو. ره‌نگه‌کان خه‌ناوکه‌ی سروشت‌و خوناویان هێشتا پێوه‌بوو.
په‌رده‌ی شانۆگه‌ری ترس هه‌ڵدرایه‌وه. شارێکم بینی، په‌نجه‌ره‌کانی داخراو، به‌ترس گه‌مارۆدرابوو. چرکهژمێرهکان ترسیگرتبوو، نوزه‌ی سیلاوکهو خڵته‌ی بارانی به‌درۆ سه‌مایان ده‌کرد. من ئاگام لێ بوو، دیمۆنهکان ده‌ڕژانه سه‌ر شهقامو جاڕیان ده‌دا. ترسیان له‌سه‌ر شۆسته‌کان‌و ده‌وروبه‌ری شار هه‌ڵده‌خست. وسسهی بێده‌نگی کاسی کردووم. زه‌مه‌ن هێشتا هه‌ر سفره. شوێنیش باڵه‌خانه‌ی دیمۆنه، شانۆگه‌ریه‌که‌یه.
عه‌باس ئیسماعیل حه‌مه‌د
یازده‌ی ئادار
راپه‌ڕینی 2011
سوید