Skip to Content

Friday, May 3rd, 2024
لە بیستەمین ساڵڕۆژی ڕاپەڕینی ھەولێردا….!

لە بیستەمین ساڵڕۆژی ڕاپەڕینی ھەولێردا….!

Closed
by March 12, 2011 گشتی

كات و ساتەكانی  پێش یانزەی ئازار:
ھەر لەگەڵ تێكشكان و پاشەكشەی سوپای عێراق لە شەری كوەیت لەگەڵ ئەمرێكاو ھاوپەیمانەكان، و داننانی سەدام و رژێمەكەی بە گشت داواكاری یەكانی ئەمریكا لە سەرەتای مانگی ئازاردا، زۆربەی ھەرە زۆری سەربازان و پۆلیس و بەكرێگێراوەكانی تر، لە ئەفواج خەفیفەو دامو دەزگا سەركوتگەرەكانی، وەك موخابەرات و ئەمن و جەیشی شەعبی، لە شارو شارۆچكەكانی كوردستانیش  كەوتنە شڵەژان و دڵەراوكەو ترس لە راپەرینی خەڵك. ھەر بۆیە بە تاكو بە كومەڵ ھەوڵیان دەدا لە سەربازگەكان و موڵگەكانیان رابكەن وچەكەكانیان دانێن ،و یاخود ڕادەستی خەڵكی بكەن.ئەم ترس و دڵەراوكی یە لە راپەرین و كەوتنە بەر رق و قینەی خەڵكەوە زیاتر لە ناو ریزەكانی ئەفواج خەفیفەو بەكرێگیراوەكانی تری بەعس زیاتر پەرەی دەسەند.ھەر بۆیەش رژێم لە ترسی راپەرینی خەڵك  لە شارەكانی كوردستان دەستی دایە دەركردنی بریاری قەدەغە كردنی ھاتوچۆ لە سەرتاپای كوردستاندا. بەڵام سەرەرای ھەمو ھەرەشەكانی وھەوڵو ھێرشەكانی، لە دەسگیر كردن و زیندانی كردنو كوشتن و لە سێدارەدان، خەڵكی كوردستان ئەو بریارەی بەعسیان نایە ژێر پێیانەوەو ھەر زوو ھاتنە دەرەوەو كەوتنە ناو شەقامەكانەوە.ئەم بریارەی بەعس بە تایبەتی لە شاری رانیە زۆر بری نەكردو خەڵكی ئازادیخوازی رانیە یەكسەر رۆژی 5-3-91بە راپەرین  وەڵامیان دایەوە.وە لەو ڕۆژەوە ئیتر رانیە بووە دەروازەی راپەرین و بە ماوەیەكی كەم تەواوی سەربازگەو موڵگەكانی رژێم دەستیان بەسەردا گیرا. سەربازو چەكدارەكانی رژێم یان ھەڵدەھاتن یان خۆیان دەدا بە دەستەوەو دەكوژران. ھاوكات چەكو چوڵێكی زۆریش كەوتە دەستی خەڵك . ھەواڵی ئەم راپەرینەی خەڵكی رانیە وەك ھەورە تریشقە بە ھەموو كورستاندا بڵێسەیداو زیاتر گیانی بەرگری و ھەڵمەتی كرد بە جەستەی خەڵكیداو خەڵكی راپەریو بۆ كۆتایی ھێنان بە ستەمی نەتەوایەتی لە دەوری دروشم و خواستی وەدەرنانی ھێزی سەركوتگەری بەعس كۆبونەوەو لە ماوەی 3 ھەفتەدا ئەو سوپا زەبەلاحو درندە  سەركوتگەرەی بەعسیان لە زۆربەی زۆری شاروشارۆچكەكانی كوردستان وەدەرنا.
ھەڵبەت تا ئەو جێگەیەی پەیوەندی بە یاداشت و یادەوەری منەوە ھەبێت لە شاری ھەولێر وەك ھەڵسوراوێكی سیاسی و كۆمۆنیست،ئەوەبوو كە ئێمە بەر لە 5-6 ساڵ لەگەڵ دەیان كەسی تر خەریكی پێكھێنانی كۆڕو كومەڵ و ئەلقەو گروپی چەپی و كۆمۆنیستی بووینو لە ژێر كەریگەری باسە سیاسی و فكری یەكانی ماركسیسزمی شۆرشگێرو پاشان كومونیزمی كرێكاری مەنسور حیكمە دا بووین .
 ھەڵبەت ئەوەی زیاتر لێرەدا جێگای ئاماژە پێكردن پێت وەك رێكخراوی كومونیستی لەسەروبەندی راپەرین و دوای راپەرین و رولَیان لەو دەوراندا، رێكخراوی رەوتی كومونیست و  یەكێتی خەباتی كومونیزمی كرێكاری بوون.دیارە ئەمەی دوەمیان چەند مانگێك پێش راپەرین پێكھات.
بێ گومان جگە لەم دوو رێكخراوەیە كۆر و كۆمەڵ و گروپی چەپی و ماركسیستی تر ھەبوو، بەڵام لەگەڵ رەوتی راپەرین و رووداوەكانی ئازارو سەرھەڵدانی بزوتنەوەی شوورایی، كە بزوتنەوەیەكی نو ێ بووو ،بۆ یەكەم جار لە مێژووی سیاسی كوردستان سەری ھەڵدا،لێك ھەلپێكران و لەم نێوەدا تەنھا رەوتی كومونیست وەك یەك رێكخراوی ماركسیستی دیار و ناسراو داكوكیكار لە چینی كرێكار و كومونیزم لە ئاستی كۆمەڵگە خۆی ناساندو مایەوەو بنكەو بارەگای كردەوەو كەوتە كێشە و ململانێ لەگەڵ حزبە قەومی یەكانكە تا رادەی ھێرش بو سەر بارەگاكانی رەوت لە لایەن بەرەوە گەییشت.
دیارە پێش راپەرینیش ئەم دوو رێكخراوەیە وەك دوو رێكخراوی چەپ كەم تا زۆر روڵ و كاریگەری خۆیان ھەبوو لە زەمینە خۆش كردن بۆ راپەرین، بە تایبەتی لە پێكھێنانی كومیتە شۆرشگێرەكانی راپەرین لە شاروشارۆچكەكانی كوردستان.
بەھەر حاڵ ئەم رێكخراوو گروپانە سەرەرای ھەر ناكۆكی و جیاوازی یەك كە ھەیان بوو و ،بەڵام ھەمویان لە یەك مەسەلەدا ھاوبەش بوون كە ئەویش كەوتنە ژێر ھەژمون و كاریگەری ئاسۆی سیاسی و رەھەندە جھانی یەكانی سەرجەم ئەو رووداوانەوە كە لەو سەروبەندەدا روویان دا. 
 تا ئەو جێگەیەش دەگەرێتەوە بەو رووداوانەوە لە ھەولێر، سەرەرای بریاری قەدەغە كردنی ھاتووچۆ، ئێمە  ھەر بەیانی زوو لە گەرەكی شۆرشەوە ھاتینە دەرەوەو سەرەرای ھەرەشەی چەكدارەكانی بەعس، بەڵام ھەتا نزیك بازار ھاتین.  بەم شێوەیە لە زوربەی گەرەكەكانی تری ھەولیر تا نیوەرۆ بە جەسارەتەوە خەڵك توانیان تەوقی قەدەغەی ھاتوو چۆ بشكێنن و برژێنە ناو بازارەكانیشەوە.
ھەر ئەو رۆژانە گروپەكەی ئیمە بە ھاوكاری رێكخراوو گروپەكانی تر  توانیمان رێك كەوین لەسەر ئەوەی كە رۆژی 8 مارس بە بۆنەی رۆژی جھانی ژنانەوە ژمارەیەكی بەرچاو لە خەڵكی كۆكەینەوە لە گەرەكی بەلاشاوە ،كە یەكێكە لە گەرەكە زەحمەتكێشنشینەكانی ھەولیر،و خوپیشاندانێك بەرێ بخەین و نزیك بە 100-150 كەس بەشدار بوون لەو خوپیشاندانە نارەزایەتی یەدا.
 لەوێدا خوپیشاندەران دروشمی دژی بەعسیان دەداو ھانی خەڵكیان دەدا تا بێنە دەرەوەو بەشدار بن لە راپەڕین بۆ وەدەرنانی سوپای سەركوتگەری رژێم. وە ھەرلەو كاتەدا چەكدارێكی جەیشی شەعبی كە كەلەشینكوفێكی پێ بوو بەرەو خوپیشاندەران ھات و ھەرەشەی لێكردن و بە خەڵكەكەی ووت  ئەگەر بڵاوە نەكەن ئەوە تەقەیان لێدەكاتو بانگی چەكداری تر دەكات تا  خۆپیشاندەران سەركوت بكات.خۆپیشاندەرانیش گوێیان پێ نەداو ئەویش دەستی كرد بە تەقە بەسەر خەڵكەكەدا و  تا خەڵكەكە بترسێنێ و بڵاوە بكەن .بەڵام كەسێكێ نەناسراو لە لایەكەوە تەقەی لەو چەكدارە جەیشی شەعبی یە كردو كوشتی و پاشان چەكەكشیان برد .لە ئاكامدا خەڵكەكەش بڵاوەیان كردو ھەر داوی كەمێك ئەو ناوە پر بوو لە چەكداری رژێم .
 یەكیكی تر لەو خۆپیشاندانە گرینگانەی دوای ھەشتی مارس ئەوەی شارۆچكەی خەبات و بەردەم پارێزگای ھەولێر بوو كە تیایدا چەند كەس لە خۆپیشاندەران دەسگیركراو كەسێكیش لەبەردم پارێزگای ھەولێر كوژرا لە لایەن چەكدارەكانی  ئامر فەوجی خەفیفەی ناسراو بە مامەند قەشقەیی  . ئەو كاتە مامەند قەشقەیی لەبەردەم پارێزگا ھەرەشەی لە خەڵكی ھەولێر دەكرد كە ئەگەر راپەرن ئەوە دەست ناپارێزێ لە كوشتنی خەڵكی.ھەروەك چۆن ئەمرۆ نەوزاد ھادی پارێزگارو بەرێوەبەری ئاساییش ھەرەشەی سەركوتی خەلك دەكەن ئەگەر نارەزایەتی دەربرن لەبەرامبەر پارتی. شایانی ئاماژە پێدانە  پاشان ئەو تاوانبارە بوو بە یەكێك لە بەرپرسەكانی پارتی .وە ئێستاش پارتی لە ھەولێر بە پاڵپشتی ھەموو ئەو تاوانبارە بەكرێگیراوانەی بەعس سەركوتی خەڵكی ئازادیخوازی ھەولێر دەكات.
 یانزەی ئازار:
بە پێویستی دەزانم لێرەدا ئاماژەیەكی كورت بەم رۆژە بدەم كە لە مێژووی سیاسی  كوردستاندا رۆژێكی دیارو ناسراوە. چ یانزەی ئازاری 1970 وچ یانزەی ئازاری 1974 و ھەرەھا یانزەی ئازاری 75 .
 بارزانی باوك لە بەرواری یەكەمدا رێككەوتن نامەیەكیان لەگەڵ رژێمی بەعس مور كرد. بە پێی ئەو رێكەتنامەیە دەبوو حوكمی زاتی راستەقینە ،ھەر وەك حزبە ناسینالێستەكان دەیان ووت، بدرایە بە بارزانی ،و بەشی زۆری كوردستانیان بكەوتایەتە ژێر دەسەڵاتیانەوە.ئەم رێككەوتنە دەبوو لە ئازاری 1974 دا بە تەواوی جێبەجێ بكرایەو راگەیەنرایە.بەڵام بە پێچەوانەی چاوەروانی و ئەندێشەكانی سەرانی جولانەوەی قەومی كورد و پارتی یەوە رژێم نەك ھەر ئەو خاڵانەی جێبەجێ نەكرد، بەڵكو لە ژێرەوە لەگەڵ كومەڵێ لە سەرانی تری قەومی كە زور كات لە پاڵ بارزانی دابوون ،رێككەتوو ھاوكاتیش لە ھەوڵی زەربە لێدان بوون لە بارزانی و جوڵانەوە قەومی و عەشیرەتی یەكەی بارزانی.بەڵام ئەوەبو لە دوای ساڵێك شەرو كوشتارو ماڵ وێرانی وئاوارەیی خەڵكی كوردستان و قوڵ بونەوەی زیاتری ستەم و قڵشتی قەومی نێوان كوردو عەرەب ،بەعس كە لەم شەرە بەھۆی كۆمەكی ئەمریكاو ئێران بۆ بارزانی، بەرەو شكست دەچو و، ناچار بوو بۆ شكست پێ ھێنانی بارزانی كرنوش بەرێت بۆ شای ئێران ،و ئیمتیازێكی گەورەی سیاسی بدات بە شا. بەم شێوەیە لە رژەكانی نزیك یانزەی  ئازاری 1975  جوڵانەوەكەی بارزانی كۆتایی پێھات .ھەروك بوو بە باو  لە كوردستان و دەیان ووت بارزانی ئاشبەتاڵی راگەیاند.
جا لەو كاتەوە تا راپەرینی ئازاری 91 ھەمیشە ئەم میژووەو ناو ھێنانێ یانزەی ئازارەكان وێنەكانی بارزانی و جولانەوەكەی ،بە سەركەوتن و شكستەكانی یەوە، دەھێنایە بەر چاوی خەڵك.بەڵام لە ئازاری نەوەدو یەكەوە ،بە تایبەتی كە لە یانزەی ئازار،  شاری ھەولێر راپەری و بەعسیان وەدەرنا، ئیتر لەو كاتەوە ئەم راپەرینە ئەو ێنەیەی یانزەی ئازاری بارزانی تەواو لە بیرو ھۆشی خەلكی دا كاڵ كردوە.نەك ھەر ئەمە بەڵكو وانەو ئەزمونێكی زۆر بە كەڵك كە خەڵك وەریان گرت، سەرەرای ھەر نارۆشنی یەك لە ئاسوو ئامانج و خواستەكان لە راپەریندا،ئەوەبوو كە ئیتر خەڵك نەك ھەر ترسی لە بەعس شكا بەڵكوئەو چاوەروانی یەی كە ھەیانبوو لە جوڵانەوەی چەكداری قەومی ئیتر نەیان ماو جوڵانەوەیەكی جەماوەری نوێ لە كوردستان سەری ھەڵدا كە جولانەوەیەكی تەواو مەدەنی شاری بوو. تەواو شقلێكی جەماوەری و ئازادیخوازی و مۆدێرنانەی پێوە دیار بوو وە لە ھەناوی ئەمەشدا بزووتنەوەی شوورایی سەری ھەلدا كە تا رادەیەكی دیار مۆری نا بە راپەرینەوەو بووە رەوتی رادیكالیزم لە رووداوكانی ئازاردا.
بە بروای من دەسنیشان كردنی ئەم خاڵە لە ئازاری 1991 و كێشانی ئەم سنورە سیاسی یە لە نیوان جوڵانەوەی شار و جوڵانەوەی شاخ ،خاڵی وەرچەرخان بوو  لە میژووی سیاسی و كۆمەڵایەتی دەیەی نەوەدەكانی  كوردستان .
ئێوارەی 10 ئازار….
ئێوارەی رۆژی دەی مانگ، یانی رۆژیك پێش راپەرین، لە ژیانی ھەموو خەڵكی شاری ھەولێردا، چ ئەوانەی دژی رژێم بوون ،و چ ئەوانەش لەگەڵ رژێم بوون، بە یەكێك لە رۆژە پر ھەستیارەكانی مێژووی نۆیی ئەو شارە دادەنرێت.چونكە لە لایەك ترس و دڵەراوكەو بێ ئومێدی و ھەرەس، باڵی كێشا بوو بەسەر كەمایەتی یەكی كەمی ئەو شارە كە سەر بە رژێم بوون . لە لایەكی تریشەوە بەشی زۆری خەڵك پر جۆش و خرۆش و دڵ پر لە ھیواو ئومێد بوون تا بەخەبات و ھەوڵی خۆیان رژێمی سەركوتگەر لانی كەم لە ھەولێرو كوردستان دەرپەرێنن .
ئەو رۆژە تا نیوەشەو زیاتر لە ھەموو رۆژو شەوەكانی تر ئێمە زیاتر سەرقاڵ بووین و خەریكی نەخشە دانانی چرو پر تر بووین بۆ ھەڵمەت بردن و داگیركردنی موڵگەكانی رژێم.  لە ھەمان كاتدا گروپمان دیاری كردبوو بو پێش گرتن بەو سەربازانەی كە لە شارۆچكەكانی ترەوە ھەڵدەھاتن و ئەگەر چەكیان پێبا لێیان وەردەگرتن. بەڵام لەسەر رێگا شۆرش و كۆیەشەوە كە زوریان ھەر بە پیادە بوون بێ چەك بوون و خۆیان ھەر زوو لە دژی رژێم دروشمان دەدا لە ترسی خەڵك .
سەیر لەوەدا بوو ھەموو چەكی ئێمە لەو رۆژەدا تەنھا یەك كەلەشینكوف و دوو مەخزن بوو كە پر فیشەكیش نەبوون ،لەگەڵ 3 رومانە كە من زیاتر لە سالێك بوو دەستم كەوتبوو لە ماڵەوە شاردبومەوەو بۆ رۆژێكی وەك ئەو رۆژگارانە ھەڵمان گرتبوو.
شەو كە تاریك داھات و بێ دەنگ بوو تەنھا لە دەوری سەربازگەكانی رێگای موسڵ جارجار  دەنگی تەقە دەھات. ئێمەش كە كۆمەڵێ ھاورێ بووین و ماڵمان لە پشت نەخۆشخانەی ولادەی شۆرشەوە بوو تا شەو درەنگ گفتو گۆمان كرد لەبارەی ھەمو مەسەكانەوەو ھەر خەریكی پلان دانان بویین.بەڵام كاتێك بۆ ماوەیەك پشومان داو سەرخەوێكمان شكاندو بەرە بەیان لەبەر تەقە خەبەرمان بوەوە.كاتێ بە پەلە ھاتینە دەرەوە تەماشا دەكەین سەدان كەس رژاونەتە ناو شەقامەكانەوەو تەنانەت خەڵكی شارۆچكەكانی دەوربەری ھەولێریش دوای سوپای تێك شكاو كەوتون و شار پر ببو لە چەكدارو تەنانەت چەكدارەكانی ئەفواج خەفیفەش خۆیان كردە سەنگەری خەلكی راپەریوەوەو ھەڵمەتیان دەبرد بۆ سەر بنكەو بارەگاكانی رژێم لە ئەمن و موخابەرات و سەربازگەكان و..ھتد. ئەمە جگە لەوەی لە چەند لاوە پێشمەرگەش وەك باسیان دەكرد ھاتبونە ناو شارەوە.دیارە لەو رۆژەدا كەس نەیدەزانی كێ پێشمەرگەیەو كێ ھەونی یە.بەڵام ئەوەی كە گومانی تیا نەبوو لەو رۆژگارەدا ئەوەبوو كە رژێم بە ھێزی ملیۆنی جەماوەر لە كوردستان پاك كرایەوە نەك ھێزی پێشمەرگە .چونكە بە گوتەی خودی سەرانی یەكێتی و پارتی ھێزی پێشمەرگەی ھەموو حزبەكان لەو كاتەدا كە مابوونەوە نەدەگەییشتە 500 چەكدار.
ئێمەش یەكسەر بەرەو  ناوەندی شار ھاتین و لەو ساتەدا ئەو تاكە چەكەشمان پێ نەبو. چونكە ئەو ھاورێ ێە ئەو شەوە لەگەڵ ئێمە نەبوو. كاتێ ھاتینە ناو دادگای ھەولێر و پارێزگا  ھیچ كەسی تیانەبوو. لە دادگادا تاپرێكمان دەسكەوت و لەگەڵ خۆمان بردمان ،و بەرەو دائێرەی ئەمن، كە بەرامبەر بینایەی پەرلەمانی ئێستا بوو. بە سەدان كەس بە ناوەراستی شەقامەكەوە بە دروشم دان و ھوتاف كێشان بەرەو رووی ئەمن ھەڵمەتمان دەبرد. لە پرێكدا دەسرێژی گولەیان لێكردین و چەند كەسێك بریندار و كوژران ،و ئێمەش ناچار داوامان لە خەلكەكە كرد كە لەناوەراستی شەقامەكە نەمێنن و خویان بدەنە پاڵ دیوارەكانەوەو بچنە ماڵەكانەوە.. كاتێ خۆمان شاردەوە تەقە نەما ،دووبارە ھەڵمەتمان بردەوە. بەڵام ئەمجارەش ئێمەیان دایەوە بەر دەسرێژ ،و لەوكاتەدا ژنێك لە تەكمەوە بوو لە ناوەراستی شەقامەكەو داوای جگەرەیەكی لێكردم و منیش داوای لێبوردنم لێكرد كە پێم نی یە. وە پێم ووت دادە گیان  وەرە  پاڵ دیوارەكە ئەوەتا تەقە لە ئێمە دەكەن. ھەر لەو كاتەدا من رام كرد بۆ پاڵ دیوارەكە و بینیم كە ئەو ژەنە بە لادا ھات و منیش قۆڵیم گرت و رامكیشا بە دوای خۆما و بینم ھەمو گیانی بووە بە خۆین .رووداوەكە ئەوەندە بۆم تراژیدی بوو تەنانەت نەم زانی گولە لە كوێی داوە. ھەر لەوكاتەشدا ئەوەندەم ھەست كرد كە چززەیەكی گەرم بە رانمدا ھات و ھەر ئەوەندم زانی خۆشم ھێزم تیا نەماو و بەلاداھاتم و ئیتر بینیم خوێن بە رانمدا دێتە خوارێ تومەز گوللەیەك لە دویی ناوەوە داوێتی لە سەرەوەی رانم و لە دیوی دەرەوەی رانم دەرپەریوە.بەلام ئەوەی باش بوو كونی كردبوو و گولەكە تیا نەمابۆوە.ئیتر وردە وردە ھێزم تیا نەماو  كەوتمە نێوان مەرگ و ژیانەوە. لەو چركە ساتەدا ناچار بووم ئەو ژنە كە تەواو ھەستم كرد گیانی تیا نەما دەستی بەردەم و رای نەكێشم و فریای خۆم بكەوم .ھەڵبەت لەو ساتەدا من جگە لە كومەڵی ھاورێم ،خوشكێك و برایەكیشم لەگەڵم بوون .كاتێ ئەوان زانیان منیش بریندار بوومە ، خێرا باڵیان گرتم و لە ژێر لێزمەی گوللە رزگاریان كردم و رایان كێشام بۆ پاڵ دیوارەكەو ئیتر ناچار بوین واز لەو ژنە بێنن كە تەواو بوو.ھەڵبەت یەك دوو رۆژ دوای ئەوە بیستمانەوە گوایە ئەو ژنە كە تەمەنی لە 55-60 ساڵ دەبوو خوشكی فارس باوەی بەرپرسی پارتی بووە. بەھەر حاڵ ئەوانەی لەگەڵم بوون یەكسەر لە دەرگای ماڵێكیان داو نەیان كردەوە. خوشكەكەم زۆر بە تورەیی كە تاپرە بێ گولەگەی پێ بوو،و بە قەد باڵای خۆی دەبوو، ھەر بە قۆناغی تاپرەكە ئەوەندەی دا لە دەرگاكە، تا وای لەو ماڵە كرد بێن و دەرگاكە بكەنەوە لە ترسا.
ھەڵبەت ئەو ساتانە كە مرۆڤ لە نیوان مەگ و ژیاندا دەبێت بیرو مێشكی مرۆڤ ئەوەندە خێرا شتەكانی رابردوو بەبەرچاویا گوزەر دەكا ، وەك چۆن فلیمێك زۆر بە خێرایی لێبدەی و تەماشای بكەی، وینەكان ھەموو بە خیرایی دەرواو باش نایان بینی،  ئاواش سەدان و بگرە ھەزاران وینەی جوراو جور لەو چركە ساتەدا دێتە بەرچاو .دیارە زیاتر ئەو وێنانەی ژیان كە زۆر ھەستیارن لە ژیاندا دێنە بەرچاوو گوزەر دەكا.
بەھەر حاڵ یەكسەر كە بردمیانە ئەو ماڵەوەو لە دەرگەی پشتەوەیان بردمانە دەرەوەو لە كۆڵانی پشتەوە ئەمبولانسێك وەستا بوو و یەكسەر كەسێك ھاتە دەرەوەو،ووتی سەر بە پزیشكانی بێ سنورم ،من دیارە بە ئاگا بووم و ھاوری یانیش لەوە سەریان سورما .ھات و تیمارێكی خێرای كردم و پاشان یەكێك لە ھاورێكان كردمیانە سە شانی و بەرەو شەقامەكەی تەنیشت سینەما سەلاحەدین رۆییشتین و یەكسەر كردمیانە ناو تەكسە یەكەوەو بردمیان بۆ نەخۆشخانەكەی شۆرشی پشت ماڵی خۆمان .كاتێ گەیشتمە نەخۆشخانە و لەوێ دكتورێكی ھاورێی خۆم بنینی،كە ناوی عومەر بوو،یەكسەر ھات بۆ لام .ئەویش جگە لە تەداوی تەواو ، عیلاجی بۆ نوسیم و وتی باشتر وایە بمێنیتەوە .بەڵام كاتێ چاوم بەو ھەمو بریندارو كوژراوە كەوت بە حەماسەوە بە ھەمویانم ووت بە ھیچ شیوەیەك نامینمەوەو پێم ووتن ھاورێ یان من ھیچم لێ نەھاتوە لە چاو ئەو ئەو خەلكەی ترەوە كە بریندا ببون و برینیان سەخت بوو .ئەوانیش ھەر یەكسەر كردمیانە سەر عەربانەیەكی نەخۆشخانەكەو گەراینەوە بۆ ماڵەوە.ئیتر تا چەند رۆژ نەم توانی دەرچم. بەڵام زۆربەی ئەو ھاوریانە گەرانەوە بۆ ئەو شوێنانەی كە ھێشتا نەگیرابوون.كاتێ كە ئێوارە گەرانەوە ووتیان شار ھەمووی لە رژێم پاك كراوەتەوە.ئێتر تا چەند رۆژو ھەفتە دەیان چیرۆكیان لەسەر زیندان و گرتوخانەكانی رژێم دەگێرایەوەو زۆریان بە چیرۆكە ئەفسانەیی یەكان دەچون.
بەم شێوەیە و بە پێی ھەواڵە جۆراوجۆرەكان، گوایە لە رزگار كردنی ھەولێر نزیك بە 100 كەس لە خەڵكی لە لایەن رژیمەوە كوژراوەو سەدانیش بریندار بوونە.ئەمە جگە لە كوژرانی كەسانی سەر بە رژێم.
ئیتر ھەر ئەو شەوە لەگەڵ ھەموو ئەو ھاوری یانە كۆ بوینەوەو كەوتینە قسەو باس و دەمان ووت دەبێت چی بكەین ؟؟؟!
دیارە من بە ناچاری تا 15-3 لە ماڵ مامەوەو نەمدەتوانی بە ئاسانی دەرچم. دەیان ھاوری و ناسیاو دەھاتن بو لام و بەردەوام قسەباس و و گفتوگو بوو لەسەر ئەوەی پیوستە شتیك بكەین.خەلكێ دەیان پرسیاریان دەكردو بی وەلام بوون.بسی دەیان و سەدان گیرو گرفت و نەبونیان دەكردو دەیان داواو خواستیان ھەبوو.بە گشتی خەلك بپیان پرسیار بوو باشە ئەوە بەعس نەماو رووخا،ئەی كێ جێگەی دەگرێتەوە؟دەبێت چ جۆرە دەولەتێك بێتە سەر كار؟داواكانی خەلك چۆن و كێ جێبەێی دەكات؟ئاوو كارەبا،كار و خزمەتگوزاری و خوێندن و دەیان پێویستی تر كێ بەرپرسە لێیان؟
دەیان و سەدان پرسیار دەكرا لە لایەن ئەو خەلكەوە ەب بیرورای جیاوازەووە كە دەھاتنە لای ئێمە.تەنانەت لە نێوان خوماندا چەندین پرسیار لەم جۆرانە دەكران .
 بەلام لەم كاتەدا تا ئێمە دەستمان بە كار كرد بەرەی كوردستان و حزبەكانی ھەر لە یەكەم رۆژەكانەوە دەستیان كرد بە بنكەو بارەگا كردنەوەو خۆیان بە زۆر بە دەسەڵاتداری شار دانا.ئەمە ئیتر لە ھەمو راپەرین و شورشێكدا وایە كە دەسەڵاتێك رووخاو ھەر لایەنێكی سیاسی ھەوڵ دەدات خۆی بە خاوەنی دەسەلات بناسێنی و مەشروعیەتی راپەرین و شۆرش و شورشگێرێتی خۆی نیشان بداو خۆی بە خاوەنی كومەڵگا بزانێ .ئێمە ئەو چەند رۆژەی سەرەتا  نیگەرانیمان واقعیمان ھەبوو.دیارە ھۆكارێكی سەرەكی لەمەشدا نەبوونی رێكخراوو حزبێكی سیاسی كۆمەلایەتی و رۆشن بوو بۆ ئێمەو ھەڵخراندنی كۆمۆنیستەكان.
بێگومان ئەو چەند رۆژە قسەمان لەسەر شوراو دەسەڵاتداری شورایی دەكرد و باسمان لە پێویستی رێكخراوێكێ سیاسی بۆ خۆشمان دەكرد.بەڵام لەگەڵ ھەموو ئەم دەرك كردنە پێویستەش ملی ئەو كارە جدی یەمان نەدەگرتە بەر.
تا ئەوەبو ئێوارەی 15 مانگ كۆمەڵێ ھاوری لە سلێمانی یەوە  بە سەیارەیەكی سوپەری سپی یەوە ھاتن بۆ ماڵمان و وتیان بە نوێنەرایەتی شووراكانی سلێمانی ھاتووین. ئیتر ئێمەش ئەو شەوە زۆر خۆش حاڵ بووین و تا نیوە شەو قسەو باسو گفتوگومان كرد لەسەر شێوازی كردنەوەی بنكەی شوراكان . دیارە ئێمە ھەر لە رێگای رادیوی ئەو كاتی یەكێتی یەوە ھەواڵی شوراكانمان پێ گەیشتبوو بەڵام كاتێ ئەوان ھاتن ئیتر ھاندەرێكی زۆر باش بوو بۆ ئێمە.
ئەو شەوە گەییشتینە بریاری ئەوەی كە پێویستە سبەی بە خێرایی بنكەی سەرەكی شوراكان بكەینەوەو ھەر ئەو شەوە دەیان كەسی تر ئاگادار كرایەوە تا سبەی ئامادە بێت بۆ كۆبونەوە.سبەی سەعات 7 بەیان بە سەیارەی ئەو ھاوریانە گەیشتینە لای پارێزگاو یەكسەر دەستمان بەسەر بیناكەی حزبی سەوری كوردستان،كە سەر بە رژێم بوو، گرت، كە لە تەنیشت پارێزگادا بوو، بە گەورەیی لێمان نووسی، بنكەی باڵای سەركردایەتی شووراكانی خەڵكی شۆرشگێر لە ھەولێرو ئەو ھاوری یانەش مورێكیشیان دروست كردبوو بەو ناوەوە .
ئەو بەیانی یە تا سەعات نۆ نزیك بە زیاتر لە 200 كەسی چەپ و كومونیست و ئازادیخواز بە ژن و پیاو كۆ بونەوەو پاشان دەستمان كرد بە قسەو باس.
شایانی باسە كاتی ئێمە ئەو بنكەیەمان كردەوە ھاورێ یانی رەوتی كۆمۆنیستیش بارەگای رەوتیان كردبۆوەو لە  پاڵ قەلاشدا  بنكەی شورا كرێكاری یەكانیان كردبۆەوە.لە راستیدا ئەمە برێ گرێو گۆڵەو سەرە گێژەی لە بزوتنەوەكەدا پێك ھێنا.دیارە ئەمەش كۆمەڵێ ھۆكارێ خۆی ھەبوو لە بۆچون و تێروانی نادروست و چەپی ناكۆمەڵایەتی و  لەسەرو ھەمویانەوە نەبوونی یەك حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری.
لەو كۆبونەوەیەدا من  ووتاری دەسپێكم خوێندەوە.لەویدا ویرای ئاماژە دان بە گرینگی راپەرین و كۆتایی ھاتن بە دەسەڵاتی رژیم و توانایی خەلكی شورشگیر و بەریوە بردنی كومەڵگا لە لایەن خەڵك خۆیەوە، ئاماژەم بە گرینگی رێكخراوی شورا و دەسەڵاتداریتی شورایی دابوو .
پاشان چەند ھاوریی تر ووتاریان خویندەوە لەوانە: شەماڵ علی و مام عەلی و وەستا جەلال و عەبدوڵاو سۆران محمد، بە نوێنەرایەتی شوراكانی سلێمانی وھیوا جەمیل و جەبار محمدو عوبێد خالدو چەندین ھاروێی تر،كە بە داخەوە رەنگە ناوی زۆریانم لەبیر نەبێت .ئەمە جگە لەوەی  كەسانێك ئەمرۆ لەم بزوتنەوە دوور كەووتونەوەو وازیان ھێناوە بەھەر ھۆیەكەوە بێت و خۆیان ئازادن ،رەنگە رازی نەبن لو پێویست نەكات ناوی یان بێنیم.
پاشان دەرگای گفتو گۆمان بۆ ئامادە بوان كردەوە و ئامادەبوانیش زۆر بە گەرم و گوری دەیان كەس بەشداریان كرد.
 بە شێوەیەكی گشتی زۆر خۆشحاڵ بوون بەو كۆبونەوەیەو بەرێ خستنی بزوتنەوەی شورایی و دەسەڵاتداری شورایی خەڵكی شۆرشگێر.ئەو رۆژە تا ئێوارە ئیتر ئەو بنكەیە جمەی دەھات لە خەڵك.خەڵكی ھەر داھات و دەچوو. جۆرەھا چاوەروانی و داواو خواستیان ھەبوو.ھەر دوای ئەو ئەوقسەو باسانە داوامان كرد لەو خەڵكە برۆن و بنكەی شوراكان لە گەرەكەكان بكەنەوەو بەیانی وەرنەوە.
ئێتر ئەو رۆژە و تەواوی ئەو رۆژگارانە نەمان دەزانی خواردنو خواردنەوەو ماندوو بون چی یە.من ھەر برینم لەبیر چوەوەو تەنانەت تا 31-3 كە رۆژی ھێرشی رژێمو گرتنەوەی ھەولێر و ئاوارەیی بوو ئەو برینەم تەداوی نەكردەوە.بەردوامیش لەسەری دەرۆیشتم و گوێم بە ئازاریش نەدەدا.تا دوای ئاوارەیی لە شارۆچكەی سۆران گیرساینەوەو ئیتر خوێن لە رام دەچۆراو چوین بو نەخۆشخانەی سورانو دكتۆرەكان پییان ووتم ئەگەر لەسەری برۆی تووشی گرفتی گەورەت دەكات . بۆیە دەبێت ھەموو رۆژێك بێێیت بو چارەسەر.
وەك ووتم ئەو رۆژە تا ئێوارە لەو بنكەیە بووین و پاشان من و ژمارەێەك لە ھاوری یان ھاتینەوە ماڵی ئێمە . بەشێكیان لە بنكەكە مانەوەو بۆ بەیانی دووبارە سەدان كەس سەردانی بنكەكەیان دەكرد .بەم شێوەیە تا 21 مانگ زیاتر لە 50 بنكەی شوراكان لە گەرەكان كرایەوەو دەیانیان كۆبونەوەی گشتی چەند ھەزار كەسی تیادا كرا كە خەڵكی گەرەكەكان بە پیاوو ژەنەوە، بە پیر و لاوە لە 18 ساڵی بەرەو ژوور بەشداری كۆبونەوەكانیان دەكرد.
 ھاوری یان، بەھۆی برینەكەمەوە داوایان لێكردم كە من زیاتر لە بنكە بمێنمەوەو سەردانی گەرەكەكان كەمتر بكەم . بەڵام تەنیا كۆبونەوەیەكی گشتی كە تیا بەشدار بووم و یەكەم كوبونەوە بوو كوبونەوەی گشتی كارگەی جگەرەی ھەولێر بوو كە لە قوتابخانەی خانوەكانی كارگەی جگەرە سازدرا كە زۆربەی ھەرە زۆری كرێكارەكان بە ژن وپیاوەوە  بەشدا بوون تیایدا.زیاتر لە 2 سەعات قسەوباس كراو داواكرا كە كە كوبونەوەی داھاتوو ئەو خەلكە نوێنەرانی خۆیان ھەلبژێرن وتیا بەشدار بن لە كۆبونەوەی سەراسەری نوێنەرانی شار.
شایانی ئاماژە پێكردنە كە ھاور ێ یانی فراكسیۆنی كۆمۆنیزمی كرێكاری ناو حزبی كۆمۆنیستی ئێرانی ئەوكات رۆڵ و كاریگەری بەرچاویان بوو لە دەسبردن بۆ ئەم بزوتنەوەیە لە ھەموو روویەكی سیاسی و عەمەلی یەوە.بە تایبەتی ئەوان لە زۆر رووە رۆشنترو بە ئەزمون تر بوون لە سازدانی كۆبونەوە گشتی یەكانی ناوەندە كرێكاری یەكانی گەرەكان و تاقی كردنەوەی شۆرشی 79 یان ھەبوو لەبارەی بزوتنەوەی شورایی یەوە.ھەر لەم بارەوە رۆژی 22-3 ھاوری یان رەحمان حسێنزادەو محەمەدی فەتاحی و موزەفەری محەمەدی و كۆمەڵێ ھاورێی تر سەردانی ھەولێریان كردو چاومان پێیان كەوتو شەوێك مانەوەو گفتوگۆی زۆرمان كرد لەگەڵیان و ھاتنیان و كۆبونەوەیان لەگەڵ ئێمە زۆر سودمەند بوو.
رۆژی 21مانگ كە رۆژی نەورۆز بوو ھەوال گەیشت كە كەركوك ئازاد كراوە.ئێمەش ئێوارەی ئەو رۆژە لەبەردەركی پاریزگا لەگەل ھاوری یانی شوراكرێكاری یەكان و رەوتی كۆمۆنیست ئاھەنگێكیان گیراو كۆمەلێ لە ھاورێ یان قسەوباسیان كردو ھەزاران كەس كۆبونەوە.
 رۆژی 27-3  بانگەوازی كوبونەوەی گشتی نوێنەرانی شوراكان كرا لە بنكەی سەرەكی تا كۆمیتەیەكی رابەری سەراسەری شوراكان ھەڵبژێردرێ.
لە كۆبونەوەی 27  مانگ زیاتر لە 250 كەس لە پیاو ژن لەسەرو 18 ساڵەوە بە نوێنەرایەتی زوربەی گەرەكەكانی ھەولێرو ناوەندەكانی كاركردن و فەرمانگەكان بەشداری كۆبونەوەكە بوون . لەوێدا كومیتەیەك بۆ رابەری  ھەڵبژێردراو ئەو كۆمیتە كاتی یەی یەكەم رۆژ ھەڵوەشایەوە.وە ھەر لەو كۆبەنەوەیەدا دوای چەند سەعات لە گفتوگۆ دەیان بریارو بریارنامە دەركرا .ھاوكات دەستەیەكی كارگێریش ھەڵبژێردرا لە 25 كەس و ئەوانیش لە نیوان خۆیان كاریان دابەش كرد.بەم شێوەیە تا 31مانگ كە رژێم ھێرشی كردە سەر ھەولێر شوراكان بەردەوام بوون لە كاروبارەكانیان و دەستیان دەبرد بۆ چارەسەری دەیان كیشەو گیرو گرفت .
 رۆژی  30 مانگیش  چەند كەس بە نوێنەرایەتی شوراكانی ھەولێر سەردانی سلێمانی و كەركوكیان كرد تا لەگەل نوێنەرانی شورای ئەو شارانە كوببنەوە بو پێكھێنانی كۆمیتەی سەراسەری شوراكانی كوردستان.بەلام ئیتر ئەوەبوو پێش ئەوەی ئەو ھاورێیانە بگەرێنەوە، ھەولێر لە لایەن رژێمەوە گیرایەوە.
بەلام رووداوێكی تری گرینگ لە 30 مانگدا ئەوەبو ، كە 3 كەس كە سەر بەبەرە بوون و ئێمە پەیوەندی كومەلایەتیمان لەگەڵیان ھەبوو ھاتنە لامان و ئاگاداریان كردینەوە كە بەرە كۆبونەوەیان كردوەو بریاریان داوە لەبارەی  بە زۆر داخستنی بنكەی شوراكانەوە .ئێمەش پێمان وتن كە بەبەرپرسانی بەرە بڵێن كە ھێز نی یە بنكە بە ئێمە دابخات ئەگەر بەسەر لاشەكانیشماندا برۆن .ئیتر لەو رۆژەوە  زیاتر ئامادەباشیمان وەرگرت بەرامبەر ھەرەشەی بەرەی كوردستانی.
دیارە ئەم ھەرەشەیەی بەرە لە دوای ئەو ھێرشانەی بەرە بوو كە لە سلێمانی كردیانە سەر شوراكان و بە زەبری چەك دەیانویست شوراكان دابخەن.
 بێگومان سەرانی بەرەو حزبەكانی لەسەرەتاوە بە تەواوی نەیان دەزانی كە ئاسۆو ئامانجی ئەم بزوتنەوەو رێكخراوەیە چی یە. ھەروەك دامەزراوەو رێكخراوێكی ریفۆرمیستی سادە سەیریان دەكردو بۆیان زۆر مەترسی نەبوو. بەڵام كاتێ رۆژبەرۆژ شوراكان گەشەیان دەكردو خەڵك لە دەووریان كۆ دەبونەوەو خەریكی بریوەبردنی كومەڵگا بوون و سیماو كارەكتەرەكانی دەسەڵاتدارێتی جەماوەری یان تیا دەردەكەوێت و ھێزی چەكرداری ھەیەو لە ژێرەوەو لە ناو گەرەك و جەماوەردا رەگ دادەكوتێ و لەسەرەوەش لە بنكەی سەرەكی  رۆژ بە رۆژ بریارنامەی سیاسی و كومەلایەتی و ئابووری سەبارەت بە مافو ئازدی یەكانی خەلك دەردەكات ودروشمی ،شورا ئامرازی خەباتە، شورا ئامرازی دەسەڵاتە،بەرزكردبۆوە، ئیتر بە تەواوی بۆیان رۆشن بویەوە كە ئەمە بزوتنەوەیەكی سیاسی كومەلایەتی تەواو جیاوازو مەترسی ھەیە بو دەسەڵاتیان. بویە ئیتر بۆیان تەحەمول نەكراو بریاری ھەڵوەشانەوەیان داو ئەمەیان بە ئاشكرا لە رادێوكەیانەوە بە دەنگی فەرھاد سەنگاوی راگەیاند،و وتیان كە شوراكانی ھەڵوەشاوەتەوەو كەس بۆ ھیچ كاروباریك نەگەرێتەوە بۆ لایان. بە پێچەوانەی سەرەتای رۆژگارەكانی سەرەتایی راپەرینەوە كە بانگەوازیان دەكرد، كە خەلكی ھەر كاروباریكیان ھەیە، یاخود ھەر كەرەسەو دامودەزگایەكی دەوڵەتیان بردوە، بێگێرنەوە بۆ بنكەی شوراكان.
بەم شیوەیە لە دوا رۆژەكانی مانگی ئازاریشەوە كێشەوململانێكانی نێوان ئەم دوو بزوتنەوەیە، یانی بزوتنەوەی بۆرژوا قەومی و بزوتنەوەی كرێكاری و كۆمۆنیستی  نیشان دەدا بە تەواوی دەركەوتن و خەڵكی ھەولیر لە دوای دەرپەراندنی بەعس ئیتر شایەدی ئەم كێشمەكێشە بوون.
دیارە ھەر لەو رۆژگارانە ھەڵسوراوانی بزوتنەوەی شورایی جگە لە چەكدار كردنی ئەندامانی شورای گەرەكەكان و بنكەی شورای سەرەكی و رێكخستنییان لەسەر شێوازكی نوی و ھەڵبژاردنی بەرپرسی چەكداری، دەستیان بۆ چەندین شێوازی تری رێكخراوی جەماوەری برد. بۆ نمونە ھەوڵیان دەدا بۆ پێكھێنانی رێكخراوی شورشگێری ژنانی كوردستان و  یەكەم  كۆبونەوەش لە 20-3 لە بنكەی شوراكان بە ئامادەبونی  زیاتر لە 25 ھەڵسوراوی یەكسانی خوازی ژنان وەك دەستەی دەمەزرێنەر كۆ بونەوە.
رۆژێ 31ئازار…..
رۆژی 30 ئازار ئیتر ئەوە بۆ خەڵك روون بووەوە كە رژێم ھەندێ ناوچەی ئازاد كراوی گرتوتەوە .وەك كەركوك و خەڵكەكەش ئاوارە بوبون و ھێزیشی كۆ كردبوە بۆ گرتنی ھەولێریش .لە ھەمان كاتدا پاشماوەكانی رژێم لە ناو شاری ھەولێریش پەیتا پەیتا لێرەو لەوی گرفتیان بو خەڵك دروست دەكردو پروپاگەندەیان دەكرد كە ئەوە سەربازانی رژێم لە دەوری شارن. بەم شێوەیە شەوی 30-31 تەقە لەناو شار دەستی پێكردو ئەو شەوە چەندین كەس سەردانی بنكەی سەرەكی شورایان كرد كە چەند جار سەیارەی بەرازیلی سورو سپیان دیوەوەو تەقەیان لە بنكەو بارەگاكان كردوە.
ھەر ئەو شەوە زۆربەی كۆمیتەی باڵای شوراكان لە بنكە كۆبونەوەو بریاری بەرگری یاندا.
ئەو شەوە دوای نیوە شەو ئیتر بە ئاشكرا تەقە دەستی پێكرد. كاتێ رۆژ بووەوە ئیتر ھێزی حەرەس جمھوری لە دەوری شار بوو.
بەیانی سەعات حەوت سكرتێری كۆمیتەی باڵاو من بە سەیارەیەكی بەرازیلی بۆ گفتوگۆ دوای ئەوەی ھەرەشەشیان كردبوو،بەلام ئێمە ھەر سەردانی بارەگای سەرەكی بەرەمان كرد و سەرەرای ھەر كێشەو گرفتێك لە نێوانمان لەگەڵ كوسرەت رەسوڵ و سەرباز، كە بەرپرسێكی سەربازی یەكێتی بوو، باسی بەرگریمان كرد .ئەوانیش وتیان بەرە لە ھەمو قوڵەكانەوە خەریكی بەرگری یەو  ئێوەش بچن لە قۆڵی مەخمورەوە بەرگری بكەن.چونكە ئەو قۆڵە پێویستی بە ھێزی زۆرە.بەلام دوای بۆمان روون بووەوە كە ئەوە فێڵێكە لە شوراكانی دەكەن و دەیانەویت ببینە قوربانی و پاشان ھەرواش دەرچوو.
بەم شێوەیە بەرپرسی گشتی چەكداری شوراكان چەكدارێكی زۆری كۆكردەوەو بەڵام لەسەر رێگای مەخمور تووشی بەرەنگاری حەرەس جمھوری بوون و ئەوانیش لە كوچەو كولانەكانی كوران كەوتبونە بەرگری. وە بە حوكمی ئەوەی كە رژێم بە ھێزێكی گەورەو بە پاڵشتی دەبابە و كۆپتەرو تەیارە ھێرشی كردبوو، ئیتر بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ ئەو سوپا گەورە پر چەكەی رژێم بێ سود بوو.
بەم شێوەیە تا نیوەرۆ سوپای رژێم تا ناوەراستی شار ھاتو  و داگیری كرد.لە ھەمان كاتیشدا خەڵكی لە ژێر تۆپبارانی دەبابەو توپو تەیارەو كۆپتەر رووویان لە دەرەوەی شار كرد.جا چ بەرەو رێگای كۆیەو چ بەرەو رێگای مەسیف و گوندەكانی دەوروبەری ھەولێر وەك بەحرەكەو ئەوانی تر.
ئەو رۆژە دەیەھا كەس كوژرانو سەدەھا بریندار بوون.بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجی خەڵك بوو لەم نێوەدا ئەوەبوو كە سەرانی بەرە بە ئاشكراو بە بێ بەرگری ھەڵدەھاتن و خەریكی گوێزانەوەی بنەوبارگەو تالانی یەكانی خۆیان و ماڵ و مناڵی بوون.
ھەڵبەت خەڵكێكی دڵسۆزی زۆر لەگەڵ ئێمە بەرگری دەكرد. بەلام تاكە لایەنی سیاسی كە بە ئاشكرا بەرگری دەكرد شوراكان بوون. ھەربۆیە لەو بەرگری یەدا زیاتر لە چەند ھەڵسوراوی جدی بزوتنەوەكەمان گیانی لە دەسدا لە گەرەكی عەینكاوە.لەوانە ھاوری یان ھەر سێ برا فەرھاد و رەشادو… كاكە سور راستگۆ..ھتد كە دوای ئاوارەیەكە ھەر لە عەینكاوە بە جلو بەرگی خۆیانەوە كردبویاننە ژێر خوڵەوەو پاشان خۆمان دەرمان كردن و زوربەیمان لە گورستانی شێخ مارف لە ھەولێر لە دوای مانگی ئایارەوە ناشتنەوە.
دیارە ئەو رۆژە كە زۆربەی شار گیرایەوەو  سوپا چوار دەوری شاریشی گرتبوو ئیتر ئێمە دەرچونمان ەب رووناكی زۆر سەخت بوو.بۆیە لە گەرەكی شورش بەلای رۆژئاوایدا زۆربەمان لە مالی ھاوری ئاراس ماینەوە تا  تاریكی داھات.كاتی بە تەواوی تاریكی داھات بە دوای یەكداو زۆر بە ئاگایی یەوە كشاین بەرەو دەرەوەی شارو بەردەوامیش تەقەمان لێدەكرا.بە تایبەتی كاتێ سەعات نزیك نۆی شەو بوو لەسەر گردێكی بچوك لە نزیك بەحرەكە كۆببینەوەو كۆمەڵی ژن و مناڵمان بینی و وتیان لە ھەولێرەوە رامان كردوە ھەر لەو كاتەدا سوپای رژێم تەڵقە تەنورەیەكی ھەلداو ئەو ناوەی رۆشن كردەوە ھەر یەكسەریش ئەو دەورەی ئێمەیان دایە بە گوللەو تۆپ.بەڵام خۆشبەختانە ھیچ زیانێكی لێمان نەدا.ئیتر بە شەوەو بە منالو چەندین بریندارەوە كەوتینە رێ بەرەی بەحرەكەو پاچان سوراینەوە بەرەو مەسیف.من بەبرینەكەی خۆمەوە ناشار بووم جارناجارێك منالان لە كۆڵ بگرم .بەلام لە ھەموی سەختر بۆمان بریندارێكی سەختی چەكداری ھێزی بروسكی سەر بەیەكێتی بوو،وەی خۆی باسی دەكرد،لە شەری دوبس بریندار ببوو، ناشار بوین بەردەوام لە كۆڵی بگرین.
ئێتر ئەو شەوە بەردوام بەریوە بوین و بەیانی لەگەل خور كەرتن گەییشتینە بناری شاخەی مەسیف و بۆ دەمەو نیوەرۆش گەیشتینە مەسیف . وە لەوێش خەلكی زۆربەی رایان دەكرد.
پاش نیوەرۆژ رژێم لە ھەولیرەوە كەوتە تۆبباران كردنی مەسیف و بەڵام سەرەرای ئەوەش ئەو شەوە ئێمە ھەر لە مەسیف ماینەوەو لەوێش لەگەڵ دەیان ھاوری ی تر یەكمان گرتەوە لەوانە ھاوری ئازاد ئارمان بوو.
دوا سەرنج و پەیامی كۆتایی….
سەرەتا پێویستە ئەوە بڵێین كە ئەم ڕاپەرینەی خەڵكی ھەولێر وەك زۆربەی راپەرینی شارو شارۆچكەكانی تری كوردستان، سەرەرای خاڵە گرینگ و بەھێزەكانی ،و خاڵە لاوازی و كەمو كوری یە سیاسی ی كومەڵایەتی یەكانی ،بەڵام وەك پێشتریش ئاماژەم بۆدا، گەورەترین دەرس و تاقی كردنەوە ئەوەبوو كە ئیتر خەڵك بەو راستی یە گەییشت كە  جەماوەری ئازادیخواز دەتوانی بە ئیرادەی یەكگرتوانەی خۆیان ھەر دەسەڵاتێكی سیاسی نەك ھەر پاشەكشە پێ بكەن لە پێناوی خواست و ئامانجەكانیان، بەڵكو مومكنە  بیشیروخێنن.ھاوكات دەرسێكی تر بو خەڵك بە گشتی و بزوتنەوەی كرێكاری و كومونیستی بە تایبەتی، مەسەلەی سەرھەڵدانی بزوتنەوەی شورایی بوو لە ناو جەرگەی ئەو راپەرینە.وە لێرەوە ئیتر ھەم بۆ خەڵك و ھەم بۆ چینی بۆرژوازی كوردو حزبە قەومی یەكانی روون بۆوە ، وەك ووتمان، كە بزوتنەوەیەكی تەواو جیاواز بە خواستو ئامانجی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و فەرھەنگی جیاوازەوە سەری ھەڵدا و كەوتە كێشەوململانێ لەگەڵ حزبە قەومی كانەوە لە زۆر مەیدانەوە.
بەڵام لە ڕوویەكی تریشەوە ھەر چۆن راپەرینی گشتی خەڵك كەوتە ژێر ئاسۆو ئامانجی ئەو حزبانەوەو سیاسەتەكانی ئەمریكاوە، وەك زۆربەی رووداوە جھانی یەكانی ئەو دەورانە، ئاواش ئەم ئاسۆ سیاسیانە باڵی كێشا بەسەر تێروانین و بۆچون و ئاسۆی سیاسی بزوتنەوەی ئێمەشەوە.
وە پەرش و بڵاوی بێ حزبی یەتی بزوتنەوەی كومونیستیش لەم نێوەدا گەورەترین خاڵی لاواز و كەموكوری بوو .وە ھەر ئەوەش بوو كە خودی بزوتنەوەی شوراییش ھەر لە سەرەتاوە بەرەو رووی لاوازی و كەموكوری و بگرە ھەڵەو خۆشباوەری زۆر ھات و تا رادەیەك زۆر پەرش و بڵاوی و بێ ئینسجامی پێوە دیار بوو .
دیارە ئەمرۆ ئێمە كە دوای بیست ساڵ یادی راپەرین دەكەینەوە لە كاتێكدایە ئەم یادە ھەر بە راپەرینێكی تر دەكەینەوە بەلام لە ھەلومەرجێكی ناوخۆیی و ناوچەیی و جھانی زۆر زۆر جیاوازداو تەواو بە ئیجابی یەوە بە قازانجی خەڵكی كرێكارو زەحمەتكێش و ئازادیخوازانەوە. خەلكی كوردستان بە تەواوی ئەمرۆ دروشم و قسەو بۆچونە سیاسی یەكانی ئیمەیان بەرامبەر ئەحزابی قەومی زیاتر بو رۆشن بۆتەوە.ھەر بۆیە ئەمرۆ دوای بیست ساڵ لە دەسەلاتی رەشی ئەمانە،لەسەركوت و بێكاری بێمافی و ئاوارەیی و ،دەیان دیاردەی تر، لە سایەی ئەم حزبانەدا ،خەڵك دەستیان داوەتەوە راپەرین بۆ بەدی ھێنانی خواستە سیاسی و ئابوری و كومەلایەتی یەكانیان .جا ئەگەر چی ئەم راپەرینەی ئەمرۆ تەنھا ناوچەكانی سلێمانی و كەركوكی گرتوتەوەو نزیك بە 3 ھەفتەیە بەدەوامەو دەسەلات سەرەرای ھەر ھەولێك ناتوانێت كۆتایی پێ بێنێ، بەلام بە داخەوە ئەم راپەرینە ھێشتا سەراسەری نەبوتەوە بەھۆی سەركوتی لەرادەبەدەری پارتی بۆ خەڵك لە شارەكانی ھەولێرو دھۆك و ئەوانی تر.بەڵام بێگومانە كە سەرەرای ھەر ھەوڵێكی سەركوتگەرانەی پارتی خەڵكی ئازادیخوازو نارازی بە تایبەتی نەوەی نوێ ،بە دەسەلاتی دوو دەیەیەی پارتی و یەكێتی ، فرسەت ھەر دەقۆزنەوە تا راپەرن لە دژی سەركوت و بێمافی و دكتاتۆریان.

11-3-2011


موزەفەر عەبدوڵا

mozafar_as@yahoo.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.