شورا و مێژو … ڕزگار عومه‌ر
لە ئەرشیفی سایتی هاوپشتیەوە
Thursday, 01 April 2010
orezgar@yahoo.ca
مه‌له‌فی سایتی هاوپشتی له‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی شورایی گرنگیه‌کی زۆری هه‌یه ، چونکه ده‌مانباته‌وه سه‌ر هه‌وڵێکی جیاواز‌و نوێ له نێو کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک که بۆ یه‌که‌مجار به‌ره‌و ڕووی دیارده‌یه‌کی سیاسی بوو ، یه‌که‌مجاریش بوو له‌سه‌ر ئاستێکی فراوان ئاشنای نه‌وه‌یه‌کی تازه‌ی ئه‌و که‌سانه بوو که خۆیان به‌چه‌پ وکۆمۆنیست پێ ناساند .
ئه‌م یه‌کتر ناسینه‌ی یه‌که‌مجار تایبه‌تمه‌ندی زۆری له خۆی هه‌ڵگرت ،که تائه‌مڕۆش دوای 19 ساڵیش دوای خامۆشی بزوتنه‌وه‌ی شورایی، سێبه‌ری هه‌یه‌به‌سه‌ر په‌یوه‌ندی نێوان ( کۆمۆنیسته‌کان- کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان) .
به‌شێکی زۆری تایبه‌تمه‌ندی ئاشنا بوونی یه‌که‌م جاری کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان به‌م هێزه سیاسیه تازه‌یه،له بیره‌وه‌ری هه‌ڵسوڕاواندا پانتایه‌کی گه‌وره‌ی هه‌یه،ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ڕووداو و ڕۆژمێره‌کانی ئه‌وسا دۆکیۆمێنتی گرنگن ،که له گۆشه‌ی جیاواز‌و ئه‌زموونی که‌سی جیاواز به‌شوێن ته‌واو کردنی پارچه‌کانی وێنه‌ی گه‌رمی ڕووداوێکن که له‌وه ناچێ یاد کردنه‌وه‌ی ئه‌مساڵیش ئه‌م وێنه‌یه ته‌واو بکا .
ته‌واو کردنی ئه‌م وێنه‌یه گرفته‌که‌ی له‌وه‌دا نیه،هێشتا پێویستیمان به ته‌فاسیڵی زیاتر،یان به‌شداری زیاتری هه‌ڵسوڕاوانیتره که چ ئه‌مساڵ چ له یاد کردنه‌وه‌کانی ساڵانی ڕابردوو به‌شداریان نه‌کردووه . ئه‌م به‌شداری نه‌کردنه به‌شێکی زۆری له‌سه‌ر لێکدانه‌وه‌و ساغ بوونه‌وه‌یه‌ک وه‌ستاوه که ڕیشه‌که‌ی له‌په‌رته‌وازه‌بوون و سه‌نگه‌ر له‌یه‌کگرتن وه‌ستاوه .به‌شێکی تریشی ئه‌وه‌یه که هه‌ڵسوڕاوانێکی زۆر چوونه نێو باوه‌شی حیزبه‌کانی چینی ده‌سه‌ڵاتدار،بوون به ناسیۆنالیست ،پشتیان له‌و مێژووه کرد . ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی که تائه‌مڕۆش وه‌کو چه‌پ و مارکسی ماون زۆر که‌متره له‌وانه‌ی ڕۆیشتن . به‌شێکی به‌رچاویش له‌م هه‌ڵسوڕاونه ئه‌گه‌رچی نه‌بوون به ئه‌ندامی حیزبه ناسیۆنالیسته‌کان ،بوونه تاکێک له توێژێکی مشه‌خۆری نێو ئه‌و سیسته‌مه ئابوریه‌ی کوردستان ، یان بوون به په‌ناهه‌نه‌ده‌یه‌کی بێ ده‌نگ و وون له ده‌ره‌وه‌دا.
گرفتی ته‌واو کردنی ئه‌م وێنه‌یه،له مامه‌ڵه دایه له گه‌ڵ چه‌مکی مێژوو . بنیات نانی ڕه‌خنه‌یه‌کی دروسته له‌و ئه‌زموونه،که به‌شداری هه‌ڵسوڕاوانی شورایی له‌م مه‌له‌فه‌ی هاوپشتی خزمه‌ت کردنه به بنایت نانی ئه‌م ڕه‌خنه‌یه . ئاراسته کردنی میسۆدی گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆ بزوتنه‌وه‌ی شورایی به‌بێ مامه‌ڵه‌یه‌کی دروست له‌به‌کارهێنانی چه‌مکی مێژوو که‌لێنێکی گه‌وره ده‌خاته سه‌ر پێکهاته‌کان وبنیات نانی ڕه‌خنه‌ی سه‌ره‌کی .به‌کارهێنانی چه‌مکی مێژوو وه‌کو مارکسیستێک له تێگه‌یشتنی مندا،بریتیه له به‌کارهێنانی که‌ره‌سته‌کانی شی کردنه‌وه‌ی ماتریالیزمی مێژوو له‌سه‌رهه‌ڵدان و خامۆشی بزوتنه‌وه‌ی شورایی .ته‌مه‌نی کورتی بزوتنه‌وه‌ی شورایی بریتیه له ئه‌ڵقه‌یه‌ک له‌ته‌مه‌ن کورتی ئه‌زموونێکی گشتی‌تر،که بائازاد کردنی شاره‌کانی کوردستان ده‌ست پێده‌کاو به هێرشی سه‌ربازی سوپای عێراق بۆکوردستان وگرتنه‌وه‌ی شاره‌کان کۆتایی دێت .
له‌باری مێژوویدا دوو ڕه‌خنه ڕۆڵی سه‌ره‌کیان هه‌بوو،له تیئۆریزه کردنه‌ی ئه‌م ڕووداوه گرنگه دروست کردنی دوو تێڕوانینی جیاواز ،ڕه‌خنه‌ی یه‌که‌م(( ئیره‌جی ئازه‌ری))و دووه‌میش ((مه‌نسور حیکمه‌ت))گرتی.ئه‌گه‌ر له‌یه‌ک ڕسته‌دا ڕه‌خنه‌که‌ی ئیره‌جی ئازه‌ری کۆکه‌مه‌وه بریتیه له ڕه‌خنه‌ی سه‌ره‌کی له ئاسۆی ناسیۆنالیستی ڕووداوه‌کانی به‌هاری 1991،ئه‌وه‌ی مه‌نسور حیکمه‌تیش بریتی بوو له کرێدیت به‌خشین و ئۆمێدی کۆمۆنیسته‌کان به نرخ کردنه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی شورایی وه‌کو گۆشه‌یه‌کی ڕادیکاڵی نێو ڕاپه‌ڕین.
ئه‌م نووسینه هه‌وڵدان نیه،بۆ پشتگیری له یه‌کێک له‌م دوو ڕه‌خنه جیاوازه،به‌ڵکو هه‌وڵدانه بۆ ئه‌وه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی کایه‌ی ئه‌م دوو ڕه‌خنه‌یه‌دا،هێشتا ئیش وتێگه‌یشتنی زیاتر بخه‌ینه نێو ئه‌و ئه‌رگیۆمێنتانه‌ی که هێشتا بێ کۆتایی خۆیان تازه ده‌که‌نه‌وه .نموونه‌ی ئه‌و ئه‌رگێۆمێنتانه‌ی بریتیه له سووربوونی هه‌ندێک له‌هه‌ڵسوڕاوان له‌و حه‌قه ئه‌به‌دیه‌ی که پێیان وایه دروست کردنی ” شورای کرێکاری ” و دروشمه‌کانی هۆیه‌که له هۆیه سه‌ره‌کیه‌کانی شکست ولاوازی بزووتنه‌وه‌که.
ئه‌و زه‌مینانه‌ی که هه‌مووی دژی ده‌رکه‌وتنی شورا بوون :-
ناسراو بوونی شورا به‌ر له شۆرش :- کاتێ کۆمۆنیسته‌کانی ڕووسیا ده‌ستیان بۆ شورا برد، نه ووشه‌که ، نه مانا عه‌مه‌لی و سیاسی وکۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی ووشه‌که له لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه شتێکی تازه بوو. ووشه‌ی ( سۆڤیه‌ت)که ووشه‌یه‌کی کۆنی ڕووسیه به مانای Council دێت ،به عه‌ره‌بیه‌که‌ی (مجلس) ده‌کا،هه‌ر له‌سه‌رده‌می قه‌یسه‌ره‌وه له ئاستی ده‌وڵه‌تدا ،مه‌دلوله سیاسیه‌که‌ی له (نوێنه‌رایه‌تی کردن) له‌لای خه‌ڵکدا ڕه‌گی داکوتابوو.
خودی ده‌وڵه‌ت له ده‌زگاکانی خۆی جێ به‌جێی ده‌کرد،بۆ نموونه هه‌ر له‌سه‌رده‌می قه‌یسه‌ردا (سۆڤیه‌تی ده‌وڵه‌ت)(شورای ده‌وڵه‌ت) هه‌بوو. کۆمۆنیسته‌کانی ڕووسیا هاتن میکانیزمی نوێنه‌رایه‌تیی پشته‌وه‌ی ووشه‌که‌یان له‌مانا بیروکراتیه‌کانی چینی ده‌سه‌ڵاتدار خاڵی کرد‌و له شوێنی‌دا میکانیزمێکی ڕادیکالتر له ڕێگه‌ی کۆبوونه‌وه گشتیه‌کاندا جێگیر کرد . ووشه‌ی شورا به فارسی و به کوردی له ڕێگه‌ی بزوتنه‌وه‌ی شورایی له شۆڕشی ئێران له ساڵی 1979 به‌هه‌مان میکانیزمی نوێنه‌رایه‌تی کردن ڕوکنێک ودیارده‌یه‌کی سه‌ره‌کی ژیانی ڕۆژانه‌ی شۆرش بوو له‌ئێران. ووشه‌ی شورا له ڕێگه‌ی چه‌پی ئێرانی هاته نێو ئه‌ده‌بیاتی چه‌پی نوێ له‌کوردستانی عێراق .
بۆ کوردستانی عێراق ووشه‌ی (سۆڤیه‌ت)هیچ مه‌دلولێلی سیسته‌می نوێنه‌رایه‌تی نییه له هۆشیاری گشتیدا . ووشه‌ی سۆڤیه‌ت له هۆشیاری سیاسی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی له‌کوردستانی عێراق له ساڵی 1991 تا ئه‌مڕۆش وه‌کو ناوی یه‌کێک له ده‌وڵه‌ته هه‌ڵوه‌شاوه، زلهێزه‌کانی سه‌ده‌ی بیست به‌کار ده‌هێنرێ،هیچ مانایه‌کی نوێنه‌رایه‌تی کردنی نییه .
ووشه‌ی ” شورا ” که کۆمۆنیسته‌کانی کوردستان هێنایان وه‌کو ناو لێنانێک بۆ میکانیزم پڕۆسه‌یه‌کی نوێنه‌رایه‌تی کردن بۆ کوردستانی عێراق ووشه‌یه‌کی تازه‌ی بێ مێژوو بوو ، که تێرمی ” کۆبوونه‌وه‌ی گشتی ” له زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌کاندا یارمه‌تی تێگه‌یشتنی ده‌دا بۆ سه‌دان هاوڵاتی که ڕوویان له شوراکان ده‌کرد . خه‌ڵکێکی زۆر وای ده‌زانی ” شورا” حیزبێکی نوێ ی لیستی حیزبه‌کانی به‌ره‌ی کوردستانیه،خه‌ڵکێکی زۆر ده‌هاتنه کۆبوونه‌وه‌کان به نیازی ئه‌رزاق وه‌رگرتن ده‌هاتن ،هه‌ڵسوڕاوانی بزوتنه‌وه‌ی شورایی ماندوو نه‌ناسانه به مه‌حدودیاتێکی زۆره‌وه هێزو ئینرژی زۆریان سه‌رف ده‌کرد بۆ لابردنی ئه‌م ناحاڵی بوونانه.
ترسی دوای حاڵی بوون
ئاسۆی ڕاپه‌ڕینی 1991 بریتی بوو له ڕووخاندنی ده‌سه‌ڵاتی به‌عس . هه‌موو خه‌ڵکی ڕاپه‌ڕیو ئه‌وه‌نده‌ی لا ڕۆشن بوو که ده‌بێ به‌عس نه‌مێنێ ،دوای چی له خۆی وژیان وکۆمه‌ڵ ده‌کا هیچی لا گه‌ڵاڵه نه‌بوو.
ناسیۆنالیزمی کورد به سوود بینینی ڕاسته‌وخۆ له ڕێگه‌ی ڕادیۆ توانی ئه‌م بۆشاییه سیاسیه بگۆڕێ بۆ خیتابێکی یه‌کگرتوو . نموونه‌یه‌کی زه‌ق له‌به‌رهه‌مهێنانی خیتابی یه‌کگرتوو ( به‌عس قڕانه) و(پێشمه‌رگه به‌ڕێوه‌یه) ده‌بێته کۆد له زه‌ینی سیاسی ڕاپه‌ڕین ، بۆ ڕاسپاردنی ئاینده‌ی حوکم گێران به‌و پێشمه‌رگانه‌ی وا به‌ڕێوه‌ن .
ئه‌م واقیعه له بارودۆخی زه‌مه‌نی ڕاپه‌ڕین ئایدۆلۆژی گشتی بارگاوی کردبوو . به‌ڵام ، هێشتا له‌به‌رده‌م هه‌ڵسوڕاوانی بزوتنه‌وه‌ی شورایی رێگر نه‌بوو،بۆ ده‌ست بردن بۆ ئه‌لگۆی شورا . خه‌ڵکێکی زۆر که ڕووی له شوراکان ده‌کرد ،له ئاماده بوونی یه‌که‌م ودووه‌م به‌م زاراوه سیاسیه ڕاده‌هاتن وتێده‌گه‌یشتن ،که‌چی دواتر نه‌ده‌هاتنه‌وه !
نه‌ده‌هاتنه‌وه نه‌ک وه‌کو ئه‌وه‌ی گومانیان هه‌بووبێ له دروستی ئه‌لته‌رناتیڤه‌که،یان له دڵسۆزی ئه‌وانه‌ی له‌پشته‌وه‌ی ئه‌م ئه‌لته‌رناتیڤه بوون. ده‌رۆیشتن و ڕوویان له‌باره‌گای حیزبه‌کانی به‌ره‌ی کوردستانی ده‌کرد . چونکه کلتوری داخراوی مانه‌وه بۆ ماوه‌ی نزیکه نیوسه‌ده له ژێر ده‌سه‌ڵاتی تۆلیتاریزم ئیراده‌ی سیاسی که‌سایه‌تی هاوڵاتیانی پڕ کردووه له خه‌وش وکه‌لێن ، نامۆیانی کردووه به موماره‌سه کردنی “هێزی خۆیان” به تایبه‌تی و” هێزی چینایه‌تی” به‌گشتی له ده‌ست نیشان کردنی ئاینده‌ی سیاسی .
بۆیه کاتێ به‌م حه‌قیقه‌ته ده‌گه‌یشتن که شورا حیزب نیه،به‌ره‌ی کوردستانی نیه،به‌ڵکو پڕۆژه‌یه‌که خۆیان ده‌بێ ” بکه‌ر ” ی بن ، سڵیان لێ ده‌کرد. فشار‌و هه‌ڕه‌شه‌ی به‌ره‌ی کوردستانی له‌شوراکان زه‌مینه‌یه‌کی زۆر یارمه‌تیده‌ر بوو بۆ به‌هێز کردن وخێرا کردنی ئه‌م سڵکردنه‌وانه به تاک وبه کۆمه‌ڵ .
فاکتێکی تری سڵ کردن وپشت تێکردن بریتی بوو له سازشی به‌شێکی به‌رچاو له نوێنه‌رانی شوراکان له دانیشتن له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی کوردستانی ،ئه‌م سازشانه له‌به‌رچاوی سه‌دان هاوڵاتی که تازه په‌یوه‌ست ببوون به‌م بزوتنه‌وه‌یه زه‌ربه‌یه‌کی مه‌عنه‌وی بوو که فاکتی (کات) و(هێز)یارمه‌تیده‌ر نه‌بوون بزوتنه‌وه‌که زیانه‌کانی ئه‌م سازشانه که‌م کاته‌وه.
بزوتنه‌وه‌ی شورایی وده‌سه‌ڵاتی سیاسی
ڕاپه‌ڕینی 1991 له‌بارودۆخێکدا دروست بوو،که‌نزیکه‌ی ساڵێک بوو پڕۆسه‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ستراکتۆری کۆمه‌ڵگه له‌ڕێگه‌ی (گه‌مارۆی ئابوری) ده‌ستی پێ کردبوو . که ڕاپه‌رین ده‌ستی پێ کرد 8 مانگ بوو گه‌مارۆی ئابوری له‌لایه‌ن UN سه‌پێنرابوو.فڕۆکه‌کانی ناتۆ وێستگه‌ی کاره‌باوئاو نه‌مابوو ته‌ختی نه‌که‌ن . ئه‌مانه هه‌مووی به‌یه‌که‌وه بارودۆخێکی زۆرناله‌باری له‌سه‌رخانی سایکۆلۆژی کۆمه‌ڵگه دروست کردبوو .
تاڵانکاری کوێت له‌و بارودۆخه‌ی دروست ببوو ڕاهێنانێکی عه‌مه‌لی بوو،بۆ داگرتنی چاوه‌ڕوانیه‌کانی ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه،گۆڕینی ئاکاری که‌سه‌کان و تێڕوانین بۆ پرسیاری چی هی (منه)چی هی (گشته) ؟ تاڵانکاری دام و ده‌زگای ده‌وڵه‌ت و سوتاندنی که‌لێنێکی زۆر گه‌وره بوو . مه‌دلولێکی سایکۆلۆژی کاریگه‌ر بوو، بۆ نه‌مانی دیارده‌ی (ده‌وڵه‌ت)و شوێن نه‌گرتنه‌وه‌ی به ” هیچ ” له‌زه‌ینی ئاپوره‌ی ناڕێکخراودا .
به‌ره‌ی کوردستانی به جێگیر کردنی باره‌گاکانیان له بینایه سه‌ره‌کیه‌کان وه‌کو پارێزگا ، به‌له‌دیه ، په‌روه‌رده ، به پاسه‌وان دانان له‌به‌رده‌می بانکه سوتاو تاڵانکراوه‌کان هه‌ر له‌هه‌فته‌ی یه‌که‌می ڕاپه‌ڕین ،توانیان ناردنی سیگناڵێکی زۆر به‌هێزی سیاسی و سایکۆلۆژی جێگیر بکه‌ن ،که میراتگری جیهازی ” ده‌وڵه‌ت ” و به‌ڕیوه بردنی (گشت) به‌ره‌ی کوردستانیه.
له نێو بزوتنه‌وه‌ی شورایی وه‌کو ڕه‌خنه نا،به‌ڵکو وه‌کو شی کردنه‌وه واقیعه‌که‌ی،به‌حوکمی دونیایه‌ک له‌مه‌حدودیاتی مه‌وزوعی ،ناردنی سیگناڵی له‌م بابه‌ته‌ی نه‌بوو یان په‌رش و ناجێگیر بوو.چونکه به ڕه‌سمیه‌ت ناسینی به‌ره‌ی کوردستانی وه‌کو ته‌ره‌فێک که ده‌کرێ ڕوخسه‌تی لێ وه‌ربگیرێ،خۆی شه‌رعیه‌ت پێدانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی به‌ره‌ی کوردستانی بوو.
له زۆر ئاستدا به پێچه‌وانه‌ی لۆژیکی هه‌وڵدان وبه‌رهه‌مهێنانی فیکره‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، شورا ببووه شكل پێدانی ڕه‌خنه ئیداریه‌کانی خه‌ڵک له‌به‌ره‌ی کوردستانی ، ببووه پیاده کردنی حه‌قێکی دیموکراتی بێ ته‌ماح له‌ده‌سه‌ڵاتی سیاسی .
شورا‌و داگیرکردنه‌وه‌ی کوردستان
به‌ر له سوپای به‌عس،به‌ره‌ی کوردستانی به‌هه‌ڕه‌شه‌و هێرشی ئیعلامی و وه‌سف کردنی هه‌ڵسوڕانی به تابوری پێنج ،به عه‌مه‌لی سه‌رکوتی بزوتنه‌وه‌ی شورایی ده‌کرد . گومانی له‌سه‌ر نیه ئه‌گه‌ر سوپای به‌عس تاخیرتر بووایه ، سه‌رکوتی خوێناوی بزوتنه‌وه‌ی شورایی به‌ده‌ستی به‌ره‌ی کوردستانی به ئاستی به‌ربڵاو سیناریۆیه‌کی واقیعی وچاوه‌ڕوان کراو بوو .
که سوپای به‌عس په‌لاماری کوردستانی دایه‌وه ، هه‌موو هێزه سیاسیه‌کان به‌ره‌و ڕووی هه‌مان چاره‌نووس بوونه‌وه.له هه‌رسێ شاری که‌رکوک ،هه‌ولێر ،سلیمانی هه‌ڵسوڕاونی بزوتنه‌وه‌ی شورایی له ڕیزی ئه‌وخه‌ڵکانه بوون که‌له به‌ره‌ی به‌ره‌نگاری مانه‌وه‌و قوربانی زۆریان دا. ستراتیژوخیبره‌ی عه‌سکه‌ری ، توانا لۆجیستیه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی شورایی وه‌کو موفره‌داتی مامه‌ڵه‌و پێشبینی ڕووداوه‌کان له ڕێکخستنی به‌ره‌نگاری، به‌ره‌و ڕووی سوپایه‌کی دڕو پڕچه‌کی وه‌کو حه‌ره‌س جمهوری ، بێجگه له دڵسۆزی هیچ شتێکی تری له مشت نه‌بوو.
شتێکی تازه نییه،ئه‌گه‌ر بڵێین نه‌بوونی پێشبینی بۆ ڕێڕه‌وی ڕووداوه‌کان ،په‌یوه‌ندیه‌کی پته‌وی به لێک دابڕانی شاره سه‌ره‌کیه‌کان بوو له‌یه‌کتر،هیچ وه‌سیله‌یه‌کی گه‌یاندن(اتصال)نه‌بوو.پۆلێ هه‌ڵسوڕاو له‌سلێمانیه‌وه به هه‌زار ده‌رده‌سه‌ری به‌ڕێ ده‌که‌وتن له ڕێگای (دۆکان،کۆیه)خۆیان ده‌گایه‌نده هه‌ولێر،یان به پێچه‌وانه‌وه،چونکه که‌رکوک هه‌ر شه‌ڕو بۆردومانی له‌سه‌ر بوو،ئه‌م سه‌فه‌رانه له ڕۆژانی کۆتایی به‌ر له‌داگیرکردنه‌وه سه‌ختر بوو .
” دیعایه ” له نێو که‌شی ڕاپه‌ڕین به‌ر له‌په‌لامارو دوای گرتنه‌وه‌ی که‌رکوک و گرتنه‌وه‌ی یه‌کجاره‌کی شاره‌کان به خێرایه‌کی ئه‌فسانه‌یی به‌سه‌دان میل به‌ر له‌سوپا ده‌گه‌یشت ووره‌ی خه‌ڵکی داده‌گرت . له‌و کاته‌ی کاروانی خه‌ڵکی ڕاکردووی که‌رکوک خۆی ده‌کرده هه‌ولێرو سلێمانی ،ڕادیۆکانی به‌ره‌ی کوردستانی درۆیان ده‌کردوو ده‌یانووت:- (( وا له ئازاد کردنی به‌غدا نزیک ده‌بینه‌وه )) ئه‌م ناکۆکیه په‌شۆکاوی مه‌عنه‌وی خێراتر ده‌کرد.عومری بزوتنه‌وه‌ی شورایی له‌گه‌ڵ داگیرکردنه‌وه‌ی کوردستان ته‌واوبوو.
شورای خه‌ڵک وشورا کرێکاریه‌کان
هێزو توانای زۆر،کۆبوونه‌وه‌ی زۆر به خه‌سار چوو،له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی شورایی ده‌ست بۆ شورا کرێکاریه‌کان یان شورای خه‌ڵک ببا . له‌ئه‌زموونی بزوتنه‌وه‌ی شورایی له شۆرشی ئۆکتۆبه‌ر،شورای کرێکاران،جوتیاران،سه‌ربازان،هتد ،هه‌ر هه‌مووی له‌کاردابوو،هه‌مووشی بوون به پێگه‌ومه‌یدان بۆ کۆمۆنیسته‌کانی ڕووسیا نه‌ک ته‌نیا له‌کاتی هاندان بۆ دروست کردنی،به‌ڵکو کاری به‌رده‌وامیش بۆ زاڵ کردنی خه‌تی ڕادیکال له نێویدا.
له‌کوردستان،مه‌یلێکی پۆپۆلیستی له‌ژێر چه‌تری چه‌پ بوون تا ئه‌مڕۆش ناتوانێ له‌ده‌ره‌وه‌ی شورای (خه‌ڵک) واقیعبوونی ته‌رحی شورا کرێکاریه‌کان قبوڵ بکا . ڕه‌خنه‌کانی ئه‌م مه‌یله دوای 19 ساڵ هێشتا تا ئه‌مڕۆش وه‌کو “حیکایه‌تی مێش” یه‌خه‌ی چه‌ند ڕه‌خنه‌یه‌ک به‌رنادا . له‌و ڕه‌خنانه ((35 سه‌عات کار له هه‌فته‌یه‌کدا، شیعارێکی واقیعی نه‌بوو. یان ڕێکخراوی ڕه‌وتی کۆمۆنیست له شورا کرێکاریه‌کان هه‌ر خۆیان بوون وسیکتاریست بوون…هتد))
که ئه‌مڕۆ ده‌چینه‌وه سه‌ر ئه‌م ئه‌رگیۆمێنته،بۆ ئه‌وه نیه بڵێین ئه‌م ڕه‌خنانه په‌یوه‌ندیان به واقیعی ئه‌وسا نه‌بوو،به‌ڵکو پرسیار کردن وخوێندنه‌وه‌و ڕه‌خنه‌گرتنه له‌م مه‌یله پۆپۆلیسته‌ی نێو شورای خه‌ڵک که‌له باری مێژوویه‌وه له‌په‌نای ڕه‌خنه له( ناواقیع بوونی شوراکرێکاریه‌کان وسیکتاریزم) تا ئه‌مڕۆش هه‌ر له ژێر چه‌تری کۆمۆنیزمدا درێژه به جیهان بینی و عومری خۆی ده‌دا .درێژه‌ی به‌عومری خۆیداو له نێو چه‌پداو له‌غیابی “خه‌ڵک”و شکستی ئاکسیۆن گه‌رایی ، کارنامه‌که‌ی ته‌نیا بوو به سه‌پاندنی ” موغامه‌رات”ی سیاسی به‌سه‌ر حیزب و بزوتنه‌وه‌ی چه‌پ.
ده‌ست نیشان کردنی جێ وشوێنی ئه‌م مه‌یله‌و کارنامه‌که‌ی یارمه‌تیده‌ره بۆ تێگه‌یشتن دروست کردنه‌وه‌و تیئۆریزه کردنی ئه‌وه‌ی ڕوویدا . له‌سه‌ره‌وه ووتمان ئاسۆی ناسیۆنالیستی که‌شی گشتی ڕاپه‌ڕین بوو . ئه‌م ئاسۆ ناسیۆنالیستیه ڕه‌گێکی چالاکی هه‌بوو له نێو بزوتنه‌وه‌ی شورایی به تایبه‌تی له نێو شورای خه‌ڵک . دژایه‌تی گه‌وره‌ی مه‌یلی پۆپۆلیستی هه‌تا ڕۆژانی داگیرکردنه‌وه‌ی شاره‌کانیش له‌گه‌ڵ شوراکرێکاریه‌کان بوو،نه‌ک له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی به‌هێزی ناسیۆنالیزم له‌نێو شورای خه‌ڵکدا.
له‌باری مێژوویدا کاتی ئه‌وه هاتووه ،که ئه‌فسانه‌ی ئه‌م (واقیعبینیه) بدرێته به‌ر ڕه‌خنه‌و وه‌کو ئه‌وه‌ی ڕوویداوه بنووسرێته‌وه . واقیعه‌که ئه‌وه‌بوو که ئه‌م مه‌یله نه‌رم بوو به‌رامبه‌ر به ڕه‌وتی ناسیۆنالیزم . بێ ده‌رده‌سه‌ریه‌کی جدی رۆژی له‌گه‌ڵ به‌ڕێ ده‌کرد ، ئاماده‌ش بوو موعایه‌شه‌ی بکات بۆ کاتێکی درێژتر،ئه‌گه‌ر ڕابه‌رانی ڕه‌وته ناسیۆنالیسته‌که که هه‌ندێکیان وه‌کو وه‌فد نوێنه‌رایه‌تی شورایان ده‌کرد په‌له‌په‌له‌یان نه‌کردبا له سازش له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی کوردستانی .
پرسیارێ که ده‌کرێ مارکسیستێک له خۆی بکا له‌و ئه‌زموونه‌ی به‌سه‌رچوو،ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌باری تیۆری بێ ، کام دیارده ڕادیکاڵترو ” واقیع ” بینتر بوو خۆتی له‌گه‌ڵ جووت که‌یت و موعایه‌شه‌ی بکه‌یت ، توندره‌وی شوراکرێکاریه‌کان یان ناسیۆنالیزم ؟ هه‌وادارنی ئه‌م ” واقیعبینیه” ،ئه‌نتی (ڕه‌وتی کۆمۆنیست)ه‌که‌یان ئه‌وه‌نده به‌هێز بوو،که له‌دوای ته‌واو بوونی ئاواره‌یی،گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵک بۆ نێو شاره‌کان ، که ره‌وتی کۆمۆنیست بانگه‌وازی ده‌کرد بۆ کرێکاران بۆ گێڕانی مه‌راسیمی یه‌کی ئایار،لیده‌ره ووتار نووسه‌کانی ئه‌م “واقیعبینه” بانگه‌وازی کرێکارانیان ده‌کرد بایکۆتی ئه‌م مه‌راسیمانه بکه‌ن ، له‌جیاتی ئه‌وه وه‌کو ئه‌وه‌ی( سێزده‌به‌ده‌ر )بێ نه‌ک یه‌کی ئایار، ئامۆژگاری کرێکارانیان ده‌کرد بچن سه‌یران بکه‌ن له‌ده‌ره‌وه‌ی شار !
ده‌رسه‌کانی ئه‌م ئه‌زموونه:
هه‌ر پڕۆژه‌یه‌کی سیاسی یا ئیده‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی ، بۆ جێگیر کردنی پێویستی به مۆبایلز کردن وڕێکخستنی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه.19 ساڵ تێپه‌ڕیوه به‌سه‌ر ئه‌م ئه‌زموونه،توێژی چه‌پی لێده‌ربچی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان کرێدیتێکی مێژوویی نه‌داوه به‌م ئه‌زموونه.چونکه ئه‌زموونه‌که له‌نێو یادوه‌ریه‌کانی ڕووداوێکی گه‌وره‌تر،ئه‌دره‌سێکی گه‌وره‌تر تایبه‌تمه‌ندیه سه‌ربه‌خۆکانی خۆی له‌ده‌ست دا .
چونکه ئه‌و هێزه سیاسی وکۆمه‌ڵایه‌تیه ئه‌م ته‌رحه‌ی هێنا ناوکۆمه‌ڵ له دابڕان وئه‌زمه‌یه‌کی گه‌وره ده‌ژی له نه‌بوونی نه‌خشی به‌سه‌ر چاره‌نووسی کۆمه‌ڵگا.که ده‌ڵێم نه‌خشی نیه،به‌م مانایه نا که قسه‌ی نیه،به‌ڵکو قسه‌ی زۆره‌و پڕۆژه‌ی سیاسییشی به‌چاک وخراپ خستۆته به‌رده‌م کۆمه‌ڵگه. به‌ڵام،چینی ده‌سه‌ڵاتدار هه‌میشه ئه‌م پرۆژه‌و فیکرانه ده‌قۆزێته‌وه‌و خۆی لێده‌کا به‌خاوه‌ن و ئه‌یخاته گیرفانی خۆیه‌وه .
مارکسیسته‌کان ناتوانن به بێ سیاسه‌تی ڕێکخستن ، به‌بێ بڵاوکردنه‌وه‌و به‌هێزکردنی مارکسیزم له نێوچینی کرێکار‌و کۆمه‌ڵگه هێزی کۆمه‌ڵایه‌تی بن یان بیر له وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بکه‌نه‌وه . به‌یانی ئه‌گه‌ر بارودۆخێکی له‌بابه‌تی بارودۆخێکی ڕووداوه‌کانی ساڵی 1991 دروست بێته‌وه،چه‌ند له سه‌دای کۆمه‌ڵگه ده‌زانێ (شورا) و(سۆڤیه‌ت) مانا ئه‌سڵیه‌کانی چین ؟
حاشیه کردنی مارکسیسته‌کان له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان ،به هۆی تایبه‌تمه‌ندیه‌کان ونه‌خۆشیه‌کانی نێو چه‌پ له ستراتیژ‌و ته‌کتیکی سیاسی ،به‌هۆی سه‌رکوت و قه‌ده‌غه کردنی چالاکیان ،به‌هۆی نه‌بوونی ئیمکاناتێکی فراوان له‌بابه‌تی ماس میدیای ده‌سه‌لات،هه‌مووی ڕێگه خۆشکه‌ر بوونه له‌ساڵانی ڕابردوو ئینتیهازیترین توێژ،توێژی ڕۆشنبیری کورد به میسۆدی ” ئه‌نتی مارکسیستی” قسه‌که‌ر بن نه‌ک ته‌نیا له‌سه‌ر ڕادیکالیزم به‌ڵکو له‌سه‌ر مارکسیزمیش .
ئه‌نجامه‌کانی ئه‌م پڕۆسه‌یه،واته ئه‌نتی مارکسیت نوێنه‌رایه‌تی مارکسیزم و ڕادیکالیزم بکا، کۆنه‌په‌رستی دژی مارکسیسزم له‌کۆمه‌ڵگه سه‌د قات کردووه . بۆیه زۆر جێگای سه‌رسوڕمان نیه ، مارکسیزم و لێکدانه‌وه‌ی مارکسیستی که‌مترین پشکی هه‌بێ له ئاراسته کردنی ڕێره‌وه‌ی بیرکردنه‌وه‌و فیکری سیاسی له کۆمه‌ڵگه.
ئه‌گه‌ر ئه‌مه واقیعی مارکسیزم بێ ،نابێ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌مان هه‌بێ بێجگه له چه‌په‌کان ، نه چینی کرێکار وه‌کو هێزی کۆمه‌ڵایه‌تی،نه کۆمه‌ڵگه‌ش گرنگی وبایه‌خی (بزوتنه‌وه‌ی شورایی) وه‌کو بیرتیژی سیاسی ، وه‌کو ئه‌زموونی مێژوویی به عه‌مه‌لی له‌لا ئاماده بێ .
ئه‌م واقیعه سه‌دو هه‌شتا پله ده‌گۆڕێ کاتێ مارکسیزم له کۆتی موعاده‌لاتی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی ئێستا بپه‌ڕێته‌وه،ببێته هێزێکی سیاسی وفیکری کۆمه‌ڵایه‌تی،ئه‌وکاته ده‌بینی مێژوو نووسی خۆبه‌خش په‌یدا ده‌بن و خۆیان له‌گه‌ڵ ڕابردووی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه جووت ده‌که‌ن . هه‌روه‌ک چۆن ئێستا ده‌بینی که‌سایه‌تی خۆ به‌چه‌پ زانی سه‌رده‌می شوراکان ، ئه‌مڕۆ بۆ خۆ جووت کردن له‌گه‌ڵ بارودۆخ ،خۆبه‌خشانه ده‌بێته نه‌ک ته‌نیا ووتار نووس بۆ ئایده‌لۆژی ناسیۆنالیزم ، به‌ڵکو وێنه ره‌ش وسپیه‌کانی سه‌رده‌می پێشمه‌رگایه‌تی خۆیشی بڵاوده‌کاته‌وه بۆ جێگۆرکێ مێژوویانه‌ی ساغ بوونه‌وه‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی .
هه‌موو ساڵێک له نزیک بوونه‌وه‌ی یادی ڕاپه‌ڕین ،له ڕێگه‌ی حیزبه‌کانی چینی ده‌سه‌ڵاتدار له‌کوردستان ،دیمه‌نی سیاسی ده‌گۆڕدرێ و ده‌کرێته ڤیستیڤاڵی هه‌ڵپه‌ڕکێ یان به‌رنامه‌ی شه‌هیدان . حیزبه دینیه‌کانیش مانگی ڕه‌مه‌زان دکه‌نه ڤیستیڤاڵی نوێ کردنه‌وه دین له کۆمه‌ڵگه.هه‌ردوو باڵی ناسیۆنالیزم – ئیسلامی حیزبه‌کانی چینی ده‌سه‌ڵاتدار له‌م ڕێگایه‌وه،له‌ڕێگای کارتێکردن له تێڕوانینی مرۆڤه‌کان بۆ خۆیان وناسنامه‌ی سیاسیان به فۆرمێکی حازرکراو له‌مێژوو، په‌یوه‌ندی ئایدۆ‌لۆژیا به سیسته‌می حوکم و کۆنتڕۆڵی کۆمه‌ڵگه توند ده‌که‌نه‌وه .
ده‌رک کردنی ئه‌م حاڵه‌ته له‌لایه‌ن مارکسیستێکه‌وه قوڵ بوونه‌وه‌و زیره‌کی زۆری پێویست نیه . به‌ڵام ، ده‌رک کردنی حزوری ” مێژوو ” وه‌کو فاکتێکی به‌هێز به‌ده‌ستی موهه‌ندیسه ئایدۆ‌لۆژیسته‌کانی چینی ده‌سه‌ڵاتدار ، مه‌یدانێکی زۆر جدیه که مارکسیسته‌کان چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یان لێ ده‌کرێ شه‌ڕکه‌رو ڕه‌خنه‌گری بێ ڕه‌حم بن تیادا .
بۆ مارکسیسته‌کان پرسی حزوری فاکتی مێژوو له شه‌ڕی ئایدۆلۆژیدا،که‌پێکهاته‌یه‌کی سه‌ره‌کی شه‌ڕی چینا‌تیه، به‌هه‌مان میسۆدی مامه‌ڵه‌ی مێژوونووسه‌کانی ئه‌وان به‌ڕێوه ناچێ . یاد کردنه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی شورایی بۆ ئه‌وه نیه،که ئێمه‌ش له گه‌رانه‌وه بۆ مێژووی 19 ساڵ به دوای شانازیه وون بووه‌کان بگه‌ڕێین یا سه‌رمایه‌ی سیاسی کۆ که‌ینه‌وه .گه‌ڕانه‌وه‌ی مارکسیسته‌کان بۆ بزوتنه‌وه‌ی شورایی ،هه‌ڵسه‌نگاندنه‌وه‌ی هه‌وڵێکی جدی بوو بۆ ئه‌و ئه‌لگۆیه‌ی که مارکسیسته‌کان 19 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ویستیان کۆمه‌ڵگه فێری دروست کردنی مێژوو بکه‌ن.