
شێواندنه‌کانی ده‌سه‌ڵات، به‌هانه‌و زه‌مینه‌ی توند‌و تیژیی
یه‌کێتی ده‌یه‌وێت به‌هه‌ر نرخێك بووه مه‌یدانی ئازادی به جه‌ماوه‌ر چۆڵ بکات. چ به به‌کارهێنانی هێزو ده‌زگا تۆقێنه‌ره‌کانی بێت یا به‌هه‌وڵدان بۆ کڕینی ده‌نگ و دروست کردنی دووبه‌ره‌کی له‌نێوان خۆپیشانده‌راندا. له‌م باره‌یه‌وه میدیاکانی ده‌سه‌ڵات که‌میان نه‌کردووه‌و شان به شانی هێزه‌کانی پۆلیس و ئاسایش و هی تر، که هاوڵاتیان کوته‌ک کاری ده‌که‌ن، ده‌فڕێنن و…هتد، به‌شێوه‌یه‌کی رێکخراو ده‌ستیان داوه‌ته بانگه‌شه‌کردنێکی چه‌واشه‌کارانه‌و بگره هه‌وڵدان بۆ دۆزینه‌وه‌ی پاساوێک بۆ هێرش کردنه سه‌ر خۆپیشانده‌ران، ته‌نانه‌ت سڵ له‌وه‌ش ناکه‌نه‌وه که خۆیان ده‌خه‌نه ناکۆکییه‌وه گرنگ ئه‌وه‌یه خۆپیشانده‌ران بکه‌نه دوژمنێک و نیشانه‌ی لێبگرنه‌وه. بۆ نمونه رۆژنامه‌ی هه‌ولێر له ژماره988 ی رۆژی سێ شه‌مه 8/3/2011 دا نوسیویه:”گۆڕان” ده‌ست به‌سه‌ر ” سه‌را”دا ده‌گرێت. به‌ڵام ئه‌ندامێکی مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتیش له رۆژنامه‌ی(چاو‌دێر)دا ده‌ڵێت: لایه‌نه ئیسلامییه‌کان ده‌ستیان له پشتی ئه‌م خۆپیشاندانانه‌وه هه‌یه. له‌یه‌که‌م رۆژی مانگرتنی گشتی که ئه‌نجومه‌نی کاتی بانگه‌شه‌ی بۆکرد له‌که‌ناڵه‌کانی ده‌سه‌ڵاته‌وه وا بڵاوکرایه‌وه که خه‌ڵکی گوێ به‌و بانگه‌شه‌یه ناده‌ن و خه‌ریکی کار‌و که‌سابه‌تی خۆیانن و بازاڕ ئاساییه، به‌ڵام ئێستا نوێنه‌ره خه‌مخۆره‌که‌ی خه‌ڵک له‌په‌رله‌ماندا ده‌ڵێت ئه‌و خۆپیشآندانه کاری کردۆته سه‌ر قوتی خه‌ڵک و سکرتێری تاڵه‌بانیش بۆ کار‌و باری بازرگانی له ژماره‌ی دوێنێی کوردستانی نوێ‌دا هه‌مان رای هه‌یه!! ئه‌وان وه‌ک چۆن هه‌ندێک هێزی تایبه‌تی نێو ده‌سه‌ڵات به‌سوتاندنی خێمه‌و ته‌له‌ڤزیۆن و رادیۆ به هه‌ڕه‌شه‌کردن له میدیای ئه‌هلی ده‌یانه‌وێت ده‌نگ و ره‌نگی خۆپیشانده‌ران کپ بکه‌نه‌وه، ئاواش مه‌به‌ستیانه به نیشاندانی خۆپیشاندانه‌کان وه‌ک بزوتنه‌وه‌یه‌کی ناته‌با به ژیانی خه‌ڵک و به پیلانێکی ئۆپۆزسیۆن!! دژ به ده‌سه‌ڵاتی کوردی وێنا بکه‌ن.
هه‌ر هه‌مان ژماره‌ی رۆژنامه‌ی هه‌ولێر له بابه‌تێکی تری‌دا وته‌یه‌کی به‌ناوی( ناسک قادر) وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی کاتییه‌وه بڵاو کردۆته‌وه که گوایه گوتویه‌تی ئێمه ده‌مانه‌وێت ئۆپۆزسیۆن له‌نێو خۆپیشانده‌ران بچێته ده‌ره‌وه. ئه‌م شه‌وی رابردووش که‌ناڵه‌کانی راگه‌یاندنی سه‌ر به‌ده‌سه‌ڵات و ماڵپه‌ڕه‌کانیان که‌سانێکیان نیشاندا که له نێو خۆپیشانده‌راندا بوون و گوایه خۆیان جیاده‌که‌نه‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به قسه‌ی ئه‌وان ئۆپۆزسیۆن ده‌یه‌وێت ده‌ست به‌سه‌ر مینبهرهکدا بگرێت. پێشتریش هه‌ر له‌و که‌ناڵانه‌وه که‌سانێکیان نیشاندا که خۆیان به گروپی سپی ناساند‌و سه‌ردانی په‌رله‌مانیان کرد. به‌ڵام دواتر روون بووه‌وه که ئه‌مانه هه‌موو سیناریۆی ده‌سه‌ڵاتن. به‌ڕاستی چاوو روویه‌کی ده‌وێت که ده‌سه‌ڵات له‌به‌ر چاوی میله‌ته‌که‌یدا ئاوا خۆی بخاته نێو دژواری و ناکۆکییه‌وه. ئه‌وان به‌م جۆره بانگه‌شه‌کردنانه چه‌نده ده‌یانه‌وێت دۆخه‌که بخه‌نه نێو جوغزی ململانێیه‌کی سیاسییه‌وه و گوتاره‌کانی شه‌ڕی ناوخۆمان به‌بیر ده‌هێننه‌وه، ئه‌وه‌نده‌ش مه‌به‌ستیانه که رووبه‌ری بزوتنه‌وه جه‌ماوه‌رییه‌که بچوک بکه‌نه‌وه، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین که ئاراسته‌ی بانگه‌شه‌و گوتاره‌کانیان به نه‌فه‌سی شه‌ڕی ناوخۆ داده‌ڕێژن و بارگرژییه‌که له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆندا زیاتر به‌ره‌و توند کردنه‌وه ده‌به‌ن، مه‌به‌ست له‌مه‌ش وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌یه به هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕی ناوخۆ، چونکه ئه‌وان حه‌وسه‌ڵه‌ی ئه‌وه‌یان نییه وه‌کو خۆی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ریدا بکه‌ن. ئه‌وه‌تا سۆزان شه‌هاب که له په‌رله‌مانی کوردستاندا خۆی به نوێنه‌ری گه‌ل ده‌زانێت به‌بێزارییه‌وه ده‌ڵێت ئه‌رێ داخوازی خه‌ڵک ته‌واو نه‌بوو؟ پاشان داواده‌کات سنورێک بۆ خۆپیشانده‌ران دابنرێت. عەبدولڕهزاق میرزاش لێپرسراوی بەشی پەیوه‌ندییەکانی ده‌ره‌وه لەمەکتەبی پەیوه‌ندییەکانی ی.ن.ک سه‌باره‌ت به خۆپیشاندانه جه‌ماوه‌رییه‌کانی شاری سلیمانی بەکوردستانی نوێ-ی راگەیاندوه: “ئەو مانگرتن و خۆپیشاندانە کە لەبەردهرکی سەرا بەرده‌وامە ھیچ پەیوه‌ندییەکی بەدیموکراسییەوه نییە، چونکە ئەگەر مەسەلە کۆبوونەوهیەکی مەدهنیانەیە ده‌بێت داواکاریان ھەبێت، کەداواکاری ھەبوو حکومەت و لایەنی پەیوهندیدار بەڵێنی جێبەجێکردنی داواکارییەکەی پێدان و ھەموو رێگەیەکی شەرعی و پەرلەمانییان گرتەبەر بۆجێبەجێکردنی داواکارییەکانیان ئەو کاتە ھیچ ھۆیەک بۆ بەرده‌وامبوونی کۆبوونەوه‌کە نامێنێت”. نوسه‌رێکی تریش له کوردستانی نوێ‌دا نوسیویه‌تی “ئه‌و هاوولاتیانه‌ی له‌به‌رده‌ركی سه‌را ڕۆژانه كۆئه‌بنه‌وه، گه‌رچی مۆڵه‌تی خۆپیشاندانیش وه‌رناگرن، كه‌ئه‌مه خواست و سیاسه‌تی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه، به‌حسابی خۆیان بۆ شكاندنی هه‌یبه‌تی حكومه‌ت و بۆئه‌وه‌ی كێشه‌یه‌كی خراپی بۆ سلێمانی لێبكه‌وێته‌وه، كه‌خۆشبه‌ختانه بهسهبرو حه‌كیمی حكومه‌ت ئه‌و ئاواته‌یان نه‌هاته‌دی.”
ئه‌مه ئیتر ته‌نانه‌ت له چه‌واشه‌کردنیش ده‌رده‌چێت و ده‌چێته چوارچێوه‌ی هه‌وڵێکی رێکخراوه‌وه بۆ شه‌رعیه‌تدان به هێرش کردنه سه‌ر خه‌ڵک و سه‌رکوتکردنی بزوتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ریی به‌بیانووی ئه‌وه‌ی که ئه‌م جوڵانه‌وه جه‌ماوه‌رییه دژ به یاسا‌و دژ بهدیموکراسیهته. ناوه‌ڕۆکی ئه‌م گوتاره چ جیاوازییه‌کی هه‌یه له‌گه‌ڵ بانگه‌شه‌کانی قه‌زافی به‌وه‌ی ئه‌مانه خۆپیشانده‌ر نین به‌ڵکو تیرۆریستن و سه‌ر به قاعیده‌ن؟..
تێبینی: ئه‌م وتاره له ژماره 11ی رۆژی شه‌مه‌ی بڵاوکراوه‌ی(رۆژانه‌ی خۆپیشاندان)دا بڵاوکراوه‌ته‌وه.