Skip to Content

Wednesday, May 1st, 2024
ئۆپۆزیسیۆنی ناحاڵی لە دەسەڵاتی گەندەڵ ترسناکترە

ئۆپۆزیسیۆنی ناحاڵی لە دەسەڵاتی گەندەڵ ترسناکترە

Closed
by March 13, 2011 گشتی

 

سەرەتا هیوادارم خوێنەری بەڕێز لەم نوسینەدا نەمخاتە خانەی بەرگری یان هێرشکردن لەسەر لایەنێکی دیاریکراو، بەڵام تێڕوانینی خۆم وەک شیکەرەوەیەک و تێڕاوانینێکی ڕەخنەگرانە لەسەر بارودۆخی ئێستا کوردستان دەخەمە بەردەم خوێنەری بەڕێز.
کاتێک دەسەڵات گەندەڵی دەکات لە شێواز و چۆنیەتی بەڕێوەبەرێتی حکومەت و ووڵاتدا، ئەوا کاریگەری تەواو لەسەر هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە دەکات و شیرازەی سەرجەم پێکهاتەکان تێک دەدات، تەنانەت ئەوانەی کە سودمەندیشن لەو دەسەڵاتە. گەندەڵی لە ئاستی دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری باڵادا نەک هەر ئۆرگانە ئیداری و ئابوری و خزمەتگوزاریەکان ئیفلیج دەکەن، بەڵکو ڕۆڵی هەیە لەسەر شێواندنی ڕەوشتی کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتی و تێڕوانینیشی بۆ دواڕۆژی ئەو کۆمەڵگەی تێیدا حکومڕانی دەکات. بەڵام بە بۆچونی من ئەگەر ئۆپۆزیسیۆنی ئەو ووڵاتە ناحاڵی بوو ئەوا قەیرانی ئەو ووڵاتە هێندە قوڵتر ئەبێتەوە، کە گێڕانەوەی ئەو کۆمەڵگەیە بۆ سەر ڕێڕەوی پێشکەوتن و پەرەپێدانی گەشەکردنی و بنیاتنانی متمانە و لێبوردەیی گشتی کۆمەڵایەتی زۆر ئاستەم ئەبێت.
ئەگەر بە چاوێکی ڕەخنەگرانە سەیری ڕوداوەکانی کوردستان لە خۆپیشاندانی 17/2 تاوەکو ئێستا بکەین، دەردەکەوێت تا چ ڕادەیەک حکومەتی هەرێمی کوردستان دوور بوە لە ناخی جەماوەر و تێگەیشتنی لە هەست و پێداویستی و خواستەکانی جەماوەردا. لەهەمان کاتیشدا ئەو حیزب و لایەنانەی لەبەرەی ئۆپۆزیسیۆندان، هێندە خوێندنەوەیان کورت و چرچە کە لە زۆر هەڵسوکەوتدا هەست بە شیزۆفرینیای سیاسی و تێگەیشتنیان دەکەیت. بۆ نمونە خۆیان وەک خاوەنی هەموو سەروەرییەکانی خەڵکی کوردستان و پارێزەری دەسکەوتەکانیشی نیشان دەدات، بەڵام تاکە گۆڕانکاری کە لای ئەوان مەبەست بێت هەڵوەشاندنەوەی ئەم حکومەتە و گرنتە دەستی دەسەڵات لەلایەن خۆیانەوەیە.
من لێرەدا کە زۆر ناچمە سەر گەندەڵیەکانی دەسەڵات لەبەر ئەوەی خودی دەسەڵات لەڕێی کاربەدەستانی خۆیانەوە و لە ڕێی میدیا جیاوازەکانیانەوە دان بە بوونی گەندەڵی ئیداری و ئابوری دەنێن، جا لێردەا باس لەهەر شتێک بکەیت هیچ لەو بابەت و پەیامە ڕوونەی کە خودی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتیش پشتڕاستیانکردوەتەوە ناگۆڕێت. بەڵام ئەتوانین بە ڕاشکاوانە بڵێین ئەو خۆپیشاندانانە نە کردارە و نە پەرچەکردارە و نە هەنگاوە بەرەو ئامانجێکی ستراتیژی بەرنامەداڕێژراوی دیاریکراوە، بەڵکو ئەنجامی پاڵەپەستۆی هەڵسوکەوت و سیاسەتی نادادپەرەورانە و نایەکسانیانەی حکومەتە یەکبەدوای یەکەکانی هەرێمی کوردستانەوە و ئەنجامی پێکهاتنی دو چینی لێکترازراو کە بە دەنگێکی ڕادیکاڵانەی لەو جۆرە نەبوایە هۆشی نەدەهاتەوە لەو خەوە خۆشەیدا.
لەم ماوەی رابوردودا ئەوەی تێبینی دەکرێ لە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکاندا، بریتی بوون لە کۆمەڵێک هەڵوێست و بۆچونی جیاوازی دژ بەیەک لەسەر هەمان بابەت، وەک ناساندنی خۆپیشاندەران بە گێڕەشێوێن لە یەکەم ڕۆژی خۆپیشاندان لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوە و بێدەنگیبوونی یەکگرتوو و کۆمەڵی ئیسلامی، پاشان کە زانیان فشارێکی دروست کردوە وەک ئاسکی بانان دەستیان کرد بە هاندانی خەڵک بۆ بەردەوامبوون و خزاندنی ئەندام و لایەنگیرانی گۆڕان و بانگەشە بۆ تەشەنەکردنی خۆپیشاندانەکان. سەیر لەوەدابوو کە بزوتنەوەی گۆران بەردەوامی هەبوو لەسەر هەڵگرتنی دروشمی بێلایەنی، هاوکات هەلقۆزینەوەی نوێژی هەینی لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنی ئیسلامیەوە بۆ پۆشینی مۆرکی ئیسلامێتی بەسەر خۆپیشاندانەکاندا. هەڵبەتە خەڵک هەبوون لەو حەشاماتەدا کە نوێژیان دەکرد، نەک هەر بێباوەڕن، بەڵکو ئایین وەک دوژمنێکی سەرسەختی پێشکەوتنی مرۆڤایەتی ئەناسن.
کاتێک کە پەرلەمان بڕیار دەدات لەسەر پڕۆژەیەکی 17 خاڵی بۆ چاکسازی بە ڕەزامەندی و واژۆکردنی هەموو فراکسیۆنەکانی پەرلەمان بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنیشەوە، هەر هەمان ئێوارە بزوتنەوەی گۆڕان پابەند نەبوونی خۆی بەو بڕۆژەیە ڕادەگەیەنێت. پاش چەند ڕۆژێک بانگەواز کرا کە هەر سێ حیزبی ئۆپۆزیسیۆن (گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵ) خەریکی ئامادەکردنی پڕۆژەیەکی هاوبەشن بۆ چاکسازی، دوای تەواوبوون و پەسەندکردنی و ڕاگەیاندنی لەلایەن نوێنەری ئەو سێ حیزبەوە، 2 کاتژمێری نەخایاند بزوتنەوەی گۆڕان جارێکی دیکە ڕایگەیاند کە ئەوان پابەندی ئەو پڕۆژەیەش نین، هەڵبەتە ئەو ئەندامە باڵایەی کە واژۆی کردبوو بە پێچەوانەی لێدوانەکەی قسەکەری گۆڕان کە گۆڕان پابەندە، بەڵآ کە ناوەندی بڕیار لە بزوتنەوەی گۆڕاندا تەنها بریتیە لە 1-2 کەس، ئەوا هەر ڕای ئەوان پەیڕەو دەبێت.
 لەو دانیشتنەی پەرلەمان کە سەرۆکی حکومەتی بۆ بانگهێشکرابو بۆ لێکۆڵینەوە و ڕوونکردنەوەی ئەو گەندەڵیانەی کە خودی دەسەڵات دانی پێدا ئەنێت و ئەوانەی کە ئۆپۆزیسیۆن ئەیخەنە ڕوو، شتێکی سەیر و سەمەرەی تێدا بەدی دەکرا، ئەویش لەجیاتی ئەوەی حکومەت بخرێتە ئەو گۆشەی کە خۆی هۆکاری بەردەوامبوونی گەندەڵیەکانە و ڕێگریە لەبەردەم چاکسازیدا و بخرێتە گۆشەی تاوانەوە و وای لێبکەن بەرگری و شەرمەزاری بنوێنێ، ئەبینین ئۆپۆزیسیۆن لاوازانە باسی لە هەندێ ئاماری کەم بەڵگە دەکرد، هەروەها لاوازییەکی زۆر لە شێوەی پێشکەشکردن و بەئارگیۆمێنتکردنی باسەکانی زۆر پێوە دیار بوو. لە کاتێکدا کە سەرۆکی حکومەت کە دەبوایە شەرمی لە گەندەڵیەکان بکردایە و بیانوی بۆ بدۆزیایەتەوە کە ئەمە پێشبینی ئۆپۆزیسیۆن بوو بۆ ئەوەی گورزە ئامادەکراوەکانیان بەتوندی بهاوێژن. بە پێچەوانەی ئەو پێشبینیە سەرۆکی حکومت  زۆر هونەرمەندانە کەوتە هێڕشکردن لەسەر گەندەڵی و وتی هەیە و زۆرن و من بەتەنیا ناتوانم چارەسەری بکەم ئەگەر ئێوە یارمەتیم نەدەن (هەڵبەتە ئەوە مانای ئەوەی نیە کە من باوەڕم بە قسەکانی سەرۆکی حکومەت هەبێت کە دڵسۆزانە ئەیەوێت یان ئەتوانێت چارسەری گەندەڵیەکان بکات، بەڵام دژیشی نیم و ئەگەر بیکات دەسخۆشی لێدەکەم) .
ئەو بۆچونە و گفتوگۆکانی دانیشتنەکەی پەرلەمان، شارەزایی حیزبی دەسەڵاتدار و سەرۆکی حکومەتی لە گەمە سیاسییەکاندا نیشان دا، و ئەو تیرە ئامادەکراوە بێبەرنامانەی ئۆپۆزیسیۆنی گرتەوە خۆیان و شپرزییەکی بینراوی خستە نێوانیانەوە و وایشی کرد کە تەنها 28 ئەندام لە کۆی هەموو ئەندامانی 3 حیزبی ئۆپۆزیسیۆن دەنگ بە لێسەندنەوەی باوەڕی لە حکومەت بکەن کە تەنها ژمارەی ئەندامانی بزوتنەوەی گۆڕان 25 ئەندامن.
لەکۆتایی ئەم باسەدا ئەمەوێت ئەوە بڵێم کە هەڵسوکەت و داواکارییەکانی ئۆپۆزیسیۆن و بەتایبەت بزوتنەوەی گۆڕان شێوە ئەنارشیستی (Anarchist movement) و بانگەوازی دور لە خوێندنەوەی سیاسی قوڵی پێوە دیارە، کە پێویست ناکات مرۆڤ زۆر بیرتیژ و بلیمەت بێت لەسیاسەتدا بۆ ئەوەی گومانی لا دروست دەبێت لە خواست و ئامانجەکانی لە هەموو لایەکەوە.  ئەو بۆچون و هەڵسوکەوتانە نیشانەی ناحاڵیبونێکی قوڵە لە چۆنیەتی خەباتی پەرلەمانی و تێگەیشتن لە پێوەرە دیموکراسیەکان و چۆنیەتی بەکارهێنانیان وەک ئۆپۆزیسیۆن. تەنانەت ترسێکیش لای خەڵک دروست دەکات لەسەر هەڵسوکەوتکردنی ئەو بزوتنەوەیە، ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژاندا بەو جۆرە بیرکردنەوە دەسەڵات بگرێتە ئەستۆ. ئەو بزوتنەوەیە لەجیاتی گرەوکردن لەسەر هۆشیاری و تێگەیشتنی جەماوەر لە ڕووداوەکان و خوێندنەوەی وتار و بانگەشە جیاجیاکان، گرەویان لەسەر ناحاڵیبوونی جەماوەر کردبوو کە بتوانن بە ئاسانی چەواشەیان بکەن و پەلکێشی حاڵەتێکیان بکەن کە جڵەوەکە بەدەستی خۆیان بێت.
لەم خاڵانەی خوارەوەدا بە کورتی ئاماژە بە هەندێکیان دەدەم:
–    لەمیانی باسکردن لە گەڕانەوە بۆ دەنگی گەل و پشتیوانیکردن لە خواستەکانی لەڕێی هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێش وەخت، بەڵام هێنانەوەی بیانوی جیواز بۆ دەربازبوون لەو داوایە  دوای ئەوەی کە دەسەڵات ڕازی بوو لەسەری، نیشانەی دوو شت دەدات، یەکەمیان باوەڕ نەبوون بە جەماوەر و لایەنگیرانی بزوتنەوەکەیە کە مەترسی هەیە کە هەمان ڕێژە نەیەنێت، دووهەمیان ئەوەیە کە داواکاریەکە تەنها گرەوێک بوو بەو هیوایەی دەسەڵات قبوڵی نەکات، بۆ ئەوەی جەماوەر هان بدات دژ بە دەسەڵات.
–    داواکردنی هەڵوەشاندنەوەی حکومەت، خودی داواکاریەکە نیشانەی کەم شارەزاییە لە هەڵسوکەوتی پەرلەمانی و بەکارهێنانی فاکتەرە دیموکراسیەکان بێ ڕەچاوکردنی کاریگەریەکانی لەسەر بەرژەوەندی ستراتیژی نیشتمانیدا، لەبەر ئەوەی حکومەت لە ژیانی دیموراسیدا بە دوو شێوەیە هەڵدەوەشێتەوە، بەدەست لەکارکێشانەوەی خۆی، یان لەڕێی باوەڕ لێسەندندەوە لەلایەن زۆرینەی پەرلەمانەوە، لە حاڵەتی دووەمیاندا هەر ئەو پەرلەمانەیە ئەبێت بڕیار بدات لەسەر هەڵبژاردنی پێشوەخت یان پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ، ئەویش هەر بە زۆرینەی دەنگ. بەڵام کە پێشنیارەکەی خرایە بەر دەنگدان و سەرنەکەوت، ئەوا گۆڕان هەنگاوی ڕوخاندنی ئەو حکومەتەی گرتە بەر لەڕێی کۆکردنەوەی ناڕەزایی خەڵک و گرتنە دەستی جڵەوی دەسەڵات (واتە گرتنە بەری شێوازێکی دیکەی وەک کودەتا بۆ گرتنی جڵەوی دەسەڵات). ئەوەش موجازەفەیەکی مەترسیدارە لەبەر ئەوەی هەوڵدان بۆ سەپاندنی ڕا و خواستی کەمینە بەسەر زۆرینەدا تەنها کارەساتی خوێناوی لێ دەکەوێتەوە. جا نازانم کێ سودمەند دەبێت لە ململانیەکی خوێناوی لەو جۆرە، بە بۆچونی من کەس سودمەند نابێت، بەڵام پێدەچێ ئۆپۆزیسیۆن بۆچونێکی دیکەی هەبێت.
–    بزوتنەوەی گۆڕان لە بەیانە حەوت خاڵیەکەیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەکات کە خۆی وەک ئۆپۆزیسیۆن بەشداری کرد لە هەڵبژاردنیدا و 25 کورسی هەیە تێیدا، هەروەها یەکگرتوو و کۆمەڵی ئیسلامیش ئەندامیان هەیە و ئۆپۆزیسیۆنیشن، باشە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان واتە هەڵبژاردنی پەرلەمانی نوێ و گەڕانەوە بۆ ڕای خەڵک، پرسیار لەوەدایە خۆ گۆڕان ئەیتوانی بە کشانەوەی سەرجەم ئەندامانیان لە پەرلەماندا ئەو پەرلەمانە ئیفلیج بکات، بە بۆچونی من نەگرتنەبەری ئەو جۆرە هەنگاوە تەنها لەترسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت بوو و گۆڕان  دڵنیا نیە تا چ ڕادەیەک شەقام پشتگیری دەکەنەوە لە هەڵبژاردنی داهاتودا.
–    حیزبی دەسەڵات بزوتنەوەی گۆڕان و ئۆپۆزیسیۆنیان خستە تاقیکردنەوەیەکی قورسەوە، لەسەر پرسی نەتەوەیی و مەترسی لەسەر کەرکوک و هەوڵی شۆڤینیە عەرەبەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کەرکوک و سودوەرگرتن لەو بارودۆخە نائارامەی لە شاری سلێمانی و باقی شارەکانی دیکەی عێراقدا هەیە و پاشانیش ئەو گفتوگۆ توڕە ئامێزەی لە ئەنجومەنی نیشتمانی عێراقدا دژ بە گەلی کورد و شاری کەرکودا ڕویدا و بێدەنگی ئەندامانی گۆڕان پرسیاری یەکەمی تاقیکردنەوەکەیان بەهەڵە وەڵامدایەوە. هەروەها کە لە چەند ڕۆژی پێشوشدا لە کاتێکدا کە قسەکەری ئەنجومەنی عەرەبی بەشان و باڵی عێراقچیەتی بزوتنەوەی گۆڕان و دژایەتی بونی کوردی زۆر بە شۆفینیانە کرد، نە گۆڕان و نەهیچ لایەنێکی ئۆپۆزیسیۆن ڕەتی نەکردەوە و بێدەنگی هەڵبژارد. لێرەدا بە بۆچونی من بێدەنگی یان مانای ڕازیبونە یان بێ ئەرزش سەیرکردنی ئەو بۆچونەیە کە هەردوکیان وەڵامێکی هەڵەیە بۆ پرسیاری دووەم.
لێرەشدا نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت کە هەر ئەو دو حیزبی دەسەڵاتەی ئێستا بە سەرانی ئەم  بزوتنەوەی گۆڕانە و بە ڕەزامەندی یەکگرتوو و کۆمەڵیشەوە ئەو دەستورە دژ بە کوردستانە و ئەو مادە شومەی  140 پەسەند کراوە، کە داگیرکەریان کرد بەبرابەش لە دەسنیشانکردنی چارەنوسی کەرکوک و باقی نەوچە بەعەرەبکراوەکاندا، کە بەندە و چەند کەسێکی هاوبۆچونم ئەمانوت ئەوەی ئێستا لە تواناماندایە بەبێ خوێن و کێشەی زۆر بیگەڕێنینەوە، ئەگەر نەیکەین ئەوا ئەبێت لە ئایندەدا بە خوێنێکی خۆر  بیگەڕێنینەوە ئەویش ئەگەر بتوانین.
–    بزوتنەوەی گۆڕان گلەیی و ڕەخنە دەگرێت کە یەکیەتی قوتابیان لە هەولێر قوتابیانی زانکۆی سەلاحەدینیان ناردوەتەوە و حەرەمی زانکۆی شکاندوە و هیچ حسابێکی بۆ ئیدارە و سەرۆکیەتی زانکۆی نەکردوە و لە خۆیەوە بڕیاری نەهێشتنی خوێندنی داوە، بەڵام دوای چەند ڕۆژێک خۆیان 3 پەرلەمانتار دەنێرنە ناو زانکۆی سلێمانی بێ وەرگرتنی مۆڵەت لە سەرۆکایەتی زانکۆ و هانی خەڵک دەدەن بۆ خۆپیشاندان.
گرەوکردن لەسەر درک نەکردنی جەماوەر بە کردەوە و بۆچون و گەمە سیاسیەکان لەجیاتی گرەوکردن لەسەر تێگەیشتن و هۆشیاریخەڵک و ڕووبەڕووبونەوەی کێشەکان، قومارێکی ترسناکە بە هەست و خواستی جەماوەەر و داهاتی ئەخاتە مەترسییەکی گەورەوە، ئەم قسەیە بۆ دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنە لەهەمان ئاستدا.
دوا وتەم ئەمەیە – بەبۆچونی من ئەم ڕوداوە کارتێکی زەردی بەهێز بوو بۆ دەسەڵاتی کوردستان کە باش ڕایوەشاند بۆ ئاوڕدانەوە لە خواستی گەل و دابینکردنی پێویستیەکانی، کە هیوادارم دوا کارت بێت و ڕەنگەکە نەبێت بە سور لە ئایندەدا.

12/3/2011
colnadar@hotmail.com
دلێر محمد عەلی –  دانمارک –

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.