Skip to Content

Wednesday, May 29th, 2024
لای خانمی یه‌كه‌م چ باسه .. !؟

لای خانمی یه‌كه‌م چ باسه .. !؟

Closed
by March 13, 2011 گشتی

 
( تحیه كاظم )٭ ئه‌و خانمه‌ی كه زۆربه‌مان نه‌مانناسیوه و ناویمان نه‌بیستووه ، ڕۆژانێك خانمی یه‌كه‌می ووڵاتی میسر بوو ، ئه‌و خانمه‌ی به ساده‌یی ژیا و به بێده‌نگی و په‌نهانی مرد ، خێزانی سه‌ركرده‌ی نه‌مر ( جمال عبدالناصر ) ، خانمێك به‌درێژایی ژیانی پێش بوون به خانمی یه‌كه‌م و دوای مردنی هاوسه‌ره‌كه‌ی  ژیانێكی ساده‌و گوزه‌رانێكی ئاسانی هه‌ڵبژاردوو ژیا ، گه‌رچی ئه‌و خانمه  هه‌ڵگری ناوی سه‌ركرده‌یه‌كی لێهاتوو سه‌رۆكێكی جوامێرو گه‌ل و مرۆڤدۆست بوو، هێشتا ڕۆژێك له‌خۆی نه‌گۆڕاو ته‌ماعی كورسی و پاره و سه‌روه‌تی میلله‌ت نه‌كه‌وته سه‌ری و ویژدانی خۆی نه‌دۆڕاند و خۆی به‌گه‌وره نه‌زانی ، خاتوو ( تحیه كاظم ) نموونه‌ی  گه‌لێك له‌و خانمانه بوو كه ماوه‌یه‌ك له‌كۆشكی سه‌رۆكایه‌تیدا ژیان بێ ئه‌وه‌ی ببنه دیكتاتۆر ، ئه‌و خانمه تا ساڵی ١٩٩٠ كۆچی دواییكرد له‌خانویه‌كی ساده‌دا ئه‌ژیاو دوای مردنیشت خانه‌واده‌كه‌ی خانووه‌كه‌یان  ڕاده‌ستی حكومه‌تی میسر كرده‌وه و ئه‌و یارمه‌تییه‌شیان وه‌ستاند كه‌بڕی ٩٠٠ جونه‌یهی میسری بوو وه‌ك یارمه‌تی پێی ئه‌ژیا .
ئه‌وی ئاشكرایه ڕووداوه‌كانی ئه‌م دوواییه‌ی ووڵاتی تونس و میسر عه‌ره‌بی په‌رده‌ی له‌سه‌رڕووی ڕاستیگه‌لێكی زۆر هه‌ڵماڵی ده‌رباره‌ی ئه‌و خانمانه‌ی كه له‌پشت سه‌رۆكی ئه‌و ووڵاتانه‌وه  چۆن بوونه‌ته دیكتاتۆر و ده‌سه‌ڵاتی سه‌ركردایه‌تی پیاوه‌كانیان قۆستۆته‌وه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی مادی خۆیان و بنه‌ماڵه‌كانیان .
خاتو ( لیلی طرابلسی ) خانمی یه‌كه‌می  ووڵاتی تونس نموونه‌ی ئه‌و خانمانه‌یه كه ده‌سه‌ڵاتی هاوسه‌ره‌كانیان ئه‌خه‌نه خزمه‌ت ته‌ماع و به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌ته مادییه‌كانی خۆیان ، ئه‌و خانمه‌ی كه پێش هه‌ڵاتنی بنه‌ماڵه‌كه‌ی له كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی ده‌سه‌لاتی خستبووه ژێر ڕكێفی خۆی و سه‌روه‌تی ووڵاته‌كه‌ی گرد كردبوۆوه و به‌و پێیه‌ی به یه‌كێك له خانمه ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی  خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ناسرا ، له‌ماوه‌ی بیست ساڵی حوكمی ئه‌و بنه‌ماڵه گه‌نده‌ڵ و دیكتاتۆره‌دا خه‌ڵكی له‌بارودۆخێكی ئابوری خراپدا ئه‌ژیان و خاتو لیلاش زۆربه‌ی كاته‌كانی له ووڵاتانی ئه‌وروپاو دوورگه به‌نوبانگه‌كانی دنیادا به‌سه‌ر ئه‌برد نموونه‌ی گه‌نده‌ڵی و  دزی و داگیركاری و قۆستنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی بوو ، هه‌ر ئه‌و مه‌هزه‌له‌ی هه‌ڵاتنه و كه‌وتنی ده‌مامكی ئه‌و خانمه راستییه‌كی زۆری له‌ژێر به‌ڕه هێنایه سه‌ر به‌ڕه و وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌نێو بنه‌ماڵه‌ی حسنی موباره‌كی سه‌رۆكی ووڵاتی  میسر ده‌ركه‌وت .
گه‌رچی ڕۆڵی خانمی یه‌كه‌م له هه‌ر وولاتێك ڕۆڵی پرۆتۆكۆلی وه‌رئه‌گرێت ئه‌ویش له شێوازی جلوبه‌رگ و ئه‌ته‌‌كێت و جووڵه‌و قسه‌كردن و هه‌ڵسوكه‌تدا وێڕای چانه‌ده‌ره‌و‌و سه‌ردانی ووڵاتانی دیكه به یاوه‌ری هاوسه‌ره‌كانیان و چاوی كامێره و خه‌ڵكی له‌سه‌ریانه ، وه‌ك زۆربه‌ی خانمامی  یه‌كه‌م له ووڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی مایه‌ی نیگه‌رانییه  داگیركردنی كورسی ده‌سه‌لات و گردكردنه‌وه‌ی سه‌روه‌ت و سامانێكی خه‌یاڵییه له‌لایه‌ن زۆربه‌ی ئه‌و خانمانه‌ی كه به‌پشتی پیاوه‌كانیان ئه‌چنه كۆشكی حوكمرانی و دوواتر ئه‌بنه خانمی یه‌كه‌می ده‌سه‌لات و ده‌وڵه‌ت و مییله‌ت ، لافو گه‌زافی خۆشگوزه‌رانی و ده‌وڵه‌مه‌ندی به‌سه‌ر خه‌ڵكانی ڕوتوهه‌ژاری ووڵاته‌كاناینه‌وه لێئه‌ده‌ن و به‌ده‌یان كۆشك و هۆتێل و سه‌راو باخ و كارگه‌و فڕۆكه‌و كه‌شتی ئه‌كڕن و بۆ ده پستییان پاره و سامان كۆ ئه‌كه‌نه‌وه جگه له‌وه‌ی هه‌رچی بنه‌ماڵه‌و كه‌سی نزیكیانه له‌ده‌وری مێزی ده‌سه‌ڵات گردی ئه‌كه‌نه‌وه و پۆسته هه‌ستیارو باڵاكان ئه‌ده‌نه كوڕ و براو كه‌سی خۆیان .
ئاخر كاتێك ژن به خاوه‌ن سۆزو میهره‌بانی ئه‌ناسرێت ئیتر پێویسته ڕێگه به ڕق و ته‌ماع نه‌دات ، ئه‌و دیوه ڕه‌ش و تاریكه‌ی ناخی نه‌خاته به‌رئاوێنه‌ی بێویژدانی و نه‌بێته مایه‌ی ئه‌ستوربوونی ڕقی میلله‌ت به‌گشتی و گه‌نجانی ووڵات به‌تایبه‌تی .
گه‌رچی ڕۆڵی خانمی یه‌كه‌م له ده‌سه‌ڵاتی حوكمدا خۆی له به‌شداریكردن له هۆشیاری و چاكسازی لایه‌نه ئابووری و كۆمه‌لایه‌تییه‌كاندا ئه‌بینێت به‌ڵام زۆربه‌ی ئه‌و خانمانه ئه‌و ڕۆڵه ئه‌كه‌نه ڕۆڵی سیاسی و ئه‌كه‌ونه نێو گێژاوی كێبڕكێی ده‌سه‌لات و هێز، خۆ هه‌ندێجار سنووری ئه‌و پرۆتۆكۆله ئه‌بڕن و گه‌ره‌كیانه خۆیان بگه‌نه كورسی ده‌سه‌ڵات یان ده‌سه‌ڵات بكه‌نه حوكمی پشتاوپشت و ده‌یان ساڵ كورسی ده‌سه‌ڵات بۆخۆیان بمێنێته‌وه .
خۆ گه‌ر باس له‌نموونه‌ی ئه‌و خانمه گه‌نده‌ڵ و ناهۆشیارانه بكه‌ین گه‌لیك له‌وه زۆرتر هه‌ڵئه‌گرێت به‌ڵام تاوه‌كو ئێره به‌سه بۆ پێنانسینی جۆرێكی دی له‌دیكتاتۆرییه‌ت كه‌ژنێك سه‌ركردایه‌تی ئه‌كات و پێشه‌نگی گه‌نده‌ڵییه .
 
٭ العربیه نیت
تایبه‌ت به ژماره  ١٩٢ ی گۆڤاری شه‌قام . 
   

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.