په‌نجه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌رۆك و ئه‌جێندای ئۆپۆزسیۆن
له‌وه‌ته‌ی بۆته سه‌رۆكی پارتی و پاشان سه‌رۆكی هه‌رێم، به‌رده‌وام په‌نجه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی روو له‌وانه بووه، كه قسه‌و ره‌فتاریان به دڵی ئه‌و نه‌بووه. كه‌م سه‌رۆك هه‌یه له‌دنیادا هێنده‌ی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان په‌نجه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی به‌رزكردبێته‌وه. كه‌چی تا ئێستا ئه‌م هه‌ڕه‌شانه نه كه‌سی ترساندووه‌و نه كێشه‌یه‌كی چاره‌سه‌ر كردووه، بگره به‌رده‌وام قه‌یرانه‌كانی قوڵتر‌و ئاڵۆزتر كردووه؟
ره‌نگه هێشتا كه‌سانیك هه‌بن بڕوایان به‌و كۆمیدیایه هه‌بێت، كه هه‌ڵه‌ی پیاوی گه‌وره سیاسه‌ته، وه‌گه‌ر نا چۆن ده‌بێ سه‌رۆك ئه‌و هه‌موو هه‌ڵه و زمانخلیسكانه سیاسییه بكات و كه‌سێك نه‌بێ له ئه‌حباب و راوێژكاره بلیمه‌ته‌كانی پێی بڵێ: جه‌نابی سه‌رۆك، ئه‌مه‌یان له‌جێی خۆیدا نه‌بوو. ئاخر هه‌ڵه له وتاری سه‌رۆكی هه‌رێمێكی پڕ له كێشمه‌كێش و ململانێی سیاسی، هاوكات هه‌ڵه‌یه‌كی سیاسیشه‌و دواجار ده‌بێت هه‌موومان باجه‌كه‌ی بده‌ین. هه‌میشه ئه‌و كه‌سانه‌ی زۆرترین هه‌ڕه‌شه ده‌كه‌ن، زۆرترین هه‌ڵه‌ش ده‌كه‌ن، هه‌مان شت بۆ سیاسه‌تمه‌داره‌كانیش دروسته. هه‌ڕه‌شه‌كانی سه‌رۆكی پارتی هه‌رجاره‌و فۆرمێكی جیاوازی هه‌یه، جارێك ده‌ركردن و جێنه‌بوونه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی به لۆژیكی وی، كاری تێكده‌رانه‌و گێره‌شێوێنی ده‌كه‌ن و جارێك به سنووردانان و له‌ناوبردنی ره‌نگێك، كه له ره‌نگی ئه‌و ناچێت و جارێكیش به شه‌رعییه‌تی زۆرینه‌و بردنه‌وه‌ی ئه‌نجامی سندوقه‌كانی ده‌نگدان. (ئه‌وه ئه‌گه‌ر باسی ئه‌و نوكته‌یه نه‌كه‌ین، كه هه‌ڵبژاردن چه‌ند پاك و بێخه‌وش بووه و خه‌ڵكیش چه‌ند بێ ترس ده‌نگیانداو كه‌سیش ده‌ستی نه‌كردووه به گه‌روی وشكی میلله‌ت و پاروه نانه‌كه‌ی بدزێ و له‌ولاوه ده‌نگی پێ بكڕێت).
له دواین وتاریداو له‌یادی یازده‌ی ئازار، بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڕه‌شه‌كانی به متمانه‌و بێمنه‌تییه‌كی زیاتره‌وه ئاراسته‌كرد، چونكه خۆیان گوته‌نی ئه‌وان هه‌ڵبژێردراوی زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستانن و هیچ ترسیشیان له‌وه نییه هه‌ڵبژاردن دووباره بكرێته‌وه. به‌ڕاست ترسیان له‌چی بێت؟!.. خۆ پاره‌ی داهاتی نه‌وت و گومرگ و فڕۆكه‌خانه‌و تا ده‌گات به %17 به‌شه بودجه‌ی هه‌رێم له‌سه‌ر حسابی بانكی خۆیانه‌و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن و هێزی چه‌كداریش هه‌ر ده‌ست و پێوه‌ندی خۆیانن. بێمنه‌تن چونكه هه‌تا حكومه‌ت و په‌رله‌مان به‌مجۆره‌ی ئێستا بێت، هه‌موو زه‌مینه‌یه‌ك ره‌خساوه بۆ بردنه‌وه‌یه‌كی ناشه‌رعی.
له‌و وتاره كورته پڕ هه‌ڵه‌یه‌دا، چه‌ند جارێك گوێمان له به‌ده‌ستهێنانی زۆرینه‌ی ده‌نگی ده‌نگده‌رانه‌وه بوو، ئه‌مه‌ش له‌خۆیدا ئاماژه‌یه‌كی ترسناكه. كاره‌ساتی گه‌وره ئه‌وه‌یه به‌ناوی شه‌رعییه‌تی زۆرینه‌وه، هه‌موو ناڕه‌واییه‌ك به ره‌وا بزانرێت. دیموكراسی چ نوكته‌یه‌كی ناخۆشه كه به‌ناوی زۆرینه‌وه، سه‌ركوتی كه‌مینه بكرێت. خۆ ئه‌گه‌ر به‌ده‌ستهێنانی زۆرترین ده‌نگی ده‌نگده‌ران نیشانه‌ی دیموكراسی بێت، ده‌بوو عێراقی سه‌دام و میسری موباره‌ك و ئێرانی نه‌ژاد، نموونه‌ی وڵاتانی دیموكراسی بن، چونكه ئه‌وانیش زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كانیان له ڕێی سندوقه‌كانی ده‌نگدانه‌وه به‌ده‌ستهێناو هه‌میشه بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌شیان ده‌كرد، كه شه‌رعیه‌تیان له ده‌نگی زۆرینه‌ی خه‌ڵكه‌وه وه‌رگرتووه.
بێمنه‌تی و خوێنساردی سه‌رۆكی هه‌رێم له ئاست ئه‌وه‌ی له شه‌قام ده‌گوزه‌رێ و له‌ولاشه‌وه به‌ده‌مه‌وه‌چوونی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌زۆر و له‌ژێر فشاری حزبی حاكم، چ مانایه‌ك بۆ شه‌رعییه‌تی ده‌سه‌ڵات و سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی ناهێڵێته‌وه. ئه‌وه‌تا پاش 21 رۆژ له كوشتن و بڕین و ناڕه‌زایی شه‌قام و مانگرتن و ده‌یان كاری چه‌ته‌گه‌رییانه‌ی ده‌سه‌ڵات به‌رامبه‌ر به هاوڵاتیانی ناڕازی، كه‌چی تازه به تازه سه‌رۆك دێت و 10 خوله‌ك له‌به‌رده‌م چه‌ند هه‌زار كه‌سێكی ئه‌ندام و لایه‌نگرانی حزبه‌كه‌ی، خۆی نمایش ده‌كات و وه‌ك پیشه‌ی هه‌میشه‌یی په‌نجه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی راده‌وه‌شێنێ. ئه‌م بێمنه‌تییه‌ی سه‌رۆك ده‌ره‌نجامێكی باشی نابێت، چونكه ئه‌و ده‌مه‌ی شه‌قام له هه‌موو شتێك نا‌ئومێد بوو ئیتر هیچ شتێكی به‌لاوه گرنگ نییه‌و هیچ شتێكیشی نییه بیدۆڕێنێ. زۆرێك له‌و گه‌نجه هۆشیارو ئازادیخوازانه‌ی سه‌رای ئازادی و ناوچه‌كانی تری كوردستان، دووپاتی ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه یان ئازادی و جێبه‌جێكردنی داوا ره‌واكانی گه‌ل، یان هیچ. به‌ڵام ئاشكرایه ده‌سه‌ڵات ئه‌مه به‌هه‌ند وه‌رناگرێت، چونكه تا ئێستا نه گوێیه‌كی هه‌یه بۆ بیستنی ئه‌م ده‌نگانه و نه عه‌قڵێكیش بۆ تێگه‌یشتن له مه‌ترسییه‌كانی نائومێدبوون، هه‌ربۆیه ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی ته‌حه‌مولی ئه‌نجامه‌كه‌ی بكات. ته‌نانه‌ت ئه‌و له‌شكره میلیشیاییه‌ی كه پارتی و یه‌كێتی له‌ژێر ناوی سه‌یر سه‌یری وه‌كو (پاراستن و زانیاری و دژه تیرۆر و زێره‌ڤانی و فه‌له‌ك و ئاسایش) و چه‌ندین ناوی تر دروستیان كردوون، له‌و رۆژه‌دا به‌شێكی زۆریان پشت له زوڵم و سته‌م ده‌كه‌ن، چونكه ئه‌وانیش به‌شێكن له‌و جه‌ماوه‌ره‌ی كه 20 ساڵه كه‌وتوونه‌ته به‌ر به‌رداشی ئه‌م دوو حزبه.
هه‌ر سه‌باره‌ت به كۆمیدیای دیموكراسی و حوكمی زۆرینه، ئه‌وه‌ی ئاشكرایه له‌ناو سه‌ركردایه‌تی و ئۆرگانه‌كانی پارتییدا كه‌سانی ئه‌كادیمی و شاره‌زای بواری سیاسی و دیبلۆماسی به‌توانا هه‌ن، به‌ڵام به‌داخه‌وه تا ئێستا ته‌نها بینه‌رێكی بێده‌نگ و بێسه‌نگن. كاتی ئه‌وه هاتووه ئه‌مانه رۆڵی خۆیان ببینن و رێگه‌نه‌ده‌ن سه‌رۆكه‌كه‌یان به‌رده‌وام ئه‌و هه‌ڵه‌یه دووباره بكاته‌وه، كه شه‌رعیه‌تی پۆسته‌كه‌ی له ده‌نگی زۆرینه‌وه وه‌رگیراوه، هه‌ر بۆیه ئه‌توانێ كه‌مینه په‌راوێز بخات و له وتاره‌كانیدا بیری بچێته‌وه كه ئه‌و سه‌رۆكی هه‌مووانه، نه‌ك ته‌نها موریده‌كانی خۆی. هه‌ق وایه ئه‌و براده‌رانه (ئه‌گه‌ر د‌رك به مه‌ترسییه‌كان ده‌كه‌ن و جورئه‌تیان هه‌یه) وه‌بیری سه‌رۆكی حزبه‌كه‌یان بهێننه‌وه، كه پاساوی زۆرینه شه‌رعیه‌ت نادات به دیكتاتۆرییه‌ت و سه‌ركوت و پاوانخوازی. ئه‌م جۆره ئایدیا كۆمیدییه به‌ناو دیموكراسییه له مێژووی دوور‌و نزیكی مرۆڤایه‌تیدا، هه‌میشه نه‌ك هه‌ر مایه‌ی ره‌خنه‌و گاڵته‌جاڕی بووه، به‌ڵكو سه‌ره‌نجام جگه له شه‌رمه‌زاری زیاتر بۆ په‌یڕه‌وكه‌رانی و به‌ربادی و پاشاگه‌ردانی له وڵاته‌كه‌یدا شتێكی زیاتری به‌رهه‌منه‌هێناوه.
له‌به‌شێكی وته‌كه‌یدا، سه‌رۆكی پارتی، به ئاماژه بۆ ئۆپۆزسیۆن گوتی: (ئه‌و حزبانه‌ی سواری مه‌وجه‌كه بوون)، دیاره ئه‌م قسه‌یه نوێ نییه، (وه‌ك ئه‌وه‌ی كه جگه له هه‌ڕه‌شه‌ی نوێ شتێكی نوێ له وته‌ی ئه‌م سه‌رۆكه بێ خه‌مه نابینیته‌وه). هه‌ر له رۆژی یه‌كه‌می خۆپیشاندانه‌كانه‌وه ئه‌وه‌مان بیست كه براده‌ران نیگه‌رانن و پێیان وایه نابێ ئه‌ندامانی هیچ حزبێك به‌شداری ئه‌م بزووتنه‌وه ناڕه‌زایه‌تییه بكه‌ن و ئه‌جێندای سیاسی هیچ حزبێك بچێته ناو لیستی داخوازی خۆپیشانده‌رانه‌وه. وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆپیشاندان ئه‌و نمایش و رێپێوان و گردبوونه‌وه زۆره‌ملێیانه بێت، كه كاتی خۆی به‌عس به زۆر دروستی ده‌كردو ئه‌مڕۆش پارتی و یه‌كێتی دووباره‌ی ده‌كه‌نه‌وه.
مه‌ترسی تێكه‌ڵبوونی گوتار و ئه‌جێندای سیاسی ئۆپۆزسیۆن، جه‌وهه‌ری ئه‌و لێشاوه نووسینه بوو، كه له‌م ماوه‌یه‌دا راگه‌یاندنی سێبه‌رو نوسه‌رو رۆژنامه‌نووسانی ده‌سه‌ڵات ده‌یانویست بزوتنه‌وه‌ی ناڕازی شه‌قامی پێ ساردبكه‌نه‌وه‌و زۆر به‌ڕوونیش له گوتاری سه‌ركرده‌كانی هه‌ردوو حزب ئاماژه‌ی پێده‌درێت. هه‌روه‌ك ئه‌م مه‌ترسییه یه‌كێكه له‌و هۆكارانه‌ی كه ده‌سه‌ڵات نازانێ چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ره‌وشه‌كه بكات، به راده‌یه‌ك تووشی سه‌ر لێشێوان بوون، كه ئۆپۆزسیۆن وه‌ك نوێنه‌ری شه‌قام سه‌یر ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت به رازیكردنی ئۆپۆزسیۆن كۆتایی به بزووتنه‌وه‌ی شه‌قام بهێنن. له‌م نێوه‌نده‌دا زۆر به‌ئاسانی ویستی چه‌واشه‌كاری و به‌لاڕێدابردنی مانای راسته‌قینه‌ی بزوتنه‌وه‌ی ناڕازی و خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ر به‌دیده‌كرێت، یان له‌باشترین حاڵه‌تدا ناشاره‌زایی و سه‌رلێده‌رنه‌كردنی براده‌رانه له‌م پرسه. ئه‌گه‌ر نا، ئه‌وه‌ی ئه‌لف و بای سیاسه‌ت به‌ڵه‌د بێت، ده‌زانێت هیچ بزووتنه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ده‌ر نییه له خواستێكی سیاسی. چونكه له جه‌وهه‌ردا مرۆڤ هێنده‌ی ئه‌وه‌ی كائینێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه، ئه‌وه‌نده‌ش سیاسییه. خۆ ئه‌گه‌ر پێور بۆ سیاسه‌تكردن، ئه‌م لۆژیكه سه‌قه‌ته‌ی ده‌سه‌ڵاتی كوردی بێت، ئه‌وا ده‌بوو هیچ رایه‌ڵه‌و په‌یوه‌ندییه‌ك له‌نێوان دوو زانستی گرنگی وه‌ك سیاسه‌ت و سۆسیۆلۆژی بوونی نه‌بووایه. له‌كاتێكدا ئه‌م دوو زانسته ئه‌وه‌نده لێك نزیكن، كه له ئه‌نجامی ئه‌و په‌یوه‌ندییه ئۆرگانییه، ئاراسته‌و میتۆد‌و حه‌قلێكی زانستی گرنگ به‌ناوی سۆسیۆلۆژیای سیاسی دروست بووه. هه‌ربۆیه هه‌موو كرده‌یه‌كی ئامانجداری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌كۆمه‌ڵگادا به ئاراسته‌ی گۆڕانكاری، هیچ نییه جگه له مه‌یلێكی سیاسی، به‌و پێیه‌ی ئه‌و كرده‌یه به‌رهه‌می هۆشیاری و بیركردنه‌وه‌ی عه‌قڵی مرۆڤه‌و زۆر راشكاوانه‌ش ئاگایی و هۆشیاری خواستی گۆڕانكاری كۆمه‌ڵایه‌تی به‌هه‌موو پێوه‌رێك بریتییه، له كامڵبوونی هۆشیاری سیاسی تاك. به‌ڵام كێشه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه له‌م هه‌رێمه‌ی ئێمه‌دا هه‌ر كه باسی سیاسه‌تت كرد، راسته‌وخۆ سه‌رو سه‌كوتی حزبێك له‌به‌رده‌متدا راستده‌بێته‌وه، چونكه پێوه‌ری سیاسه‌تكردن لای ئه‌م حزبانه ئه‌ندامبوون و هه‌واداری ئه‌م یان ئه‌و حزبه، ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی ناهۆشیاری و تێگه‌یشتنی هه‌ڵه‌ی ئێمه‌یه له سیاسه‌ت، له‌پێش هه‌مووانیشه‌وه نادانی سه‌ركرده‌كانمان.
ئه‌وه شتێكی ئاشكرایه كه پارته ئۆپۆزسیۆنه‌كان ئه‌ندام و لایه‌نگرانی خۆیان تێكه‌ڵ به خۆپیشانده‌ران ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت به‌شێكی زۆری ئه‌جێندای سیاسی خۆیان جێبكه‌نه‌وه. ئه‌مه شتێكی شاراوه نییه‌و له هه‌موو دنیادا ئۆپۆزسیۆن هه‌ر ئاوا ده‌كات. بگره پێشتر ئاماده‌كاری ته‌واوی بۆ ده‌كرێت و سه‌ره‌نجامیش كه‌س به تاوانی نازانێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم ده‌یه‌وێت توڕه‌یی جه‌ماوه‌ری پێ دابمركێنێته‌وه. ئێستا به‌شێكی زۆری هێزه ئۆپۆزسیۆنه‌كان له دنیادا به دوو ئاراسته كار ده‌كه‌ن، به‌جۆرێك سه‌ره‌تا ئه‌جێنداو كاری خۆیان به‌شێوه‌ی داواكاری پێشكه‌ش ده‌كه‌ن و له میدیاكانیشیاندا لێزانانه كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، له‌ولاشه‌وه له رێگه‌ی ئه‌ندام و لایه‌نگرانیانه‌وه شه‌قام ده‌جوڵێنن و پشتگیری ناڕه‌زایه‌تییه‌كان ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی فشارێكی دوولایه‌نه بكه‌نه سه‌ر ده‌سه‌ڵات و له‌و ڕێگه‌یه‌وه كار بۆ ته‌حقیقكردنی ئامانجه‌كان بكه‌ن. ئه‌مه له دنیادا نه‌ك هه‌ر عه‌یبه‌و تاوان نییه، به‌ڵكو كارێكی ره‌واو شێوازێكی سه‌ركه‌وتووی كاری ئۆپۆزسیۆنه. له‌م نێوه‌نده‌شدا هه‌ردوولا به‌شێكی زۆری ئامانجه‌كانیان وه‌دی دێنن.
ده‌سه‌ڵاتی كوردی هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره ده‌كات كاتێك پێیوایه ده‌بێت ئۆپۆزسیۆن شته‌كان گه‌وره نه‌كات و نه‌یكاته هه‌ڵاو دنیای لێ تێنه‌گه‌یه‌نێت، تێگه‌یشتنی ده‌سه‌ڵات له‌م باره‌یه‌وه زۆر كورتبینانه‌و بگره هه‌رزه‌كارانه‌یه. چونكه له هیچ قوژبنێكی ئه‌م جیهانه‌دا ئۆپۆزسیۆنێكی بێده‌نگ و ده‌سته‌مۆی له‌مجۆره نابینیته‌وه، كه پارتی و یه‌كێتی داوای ده‌كه‌ن. له‌ڕاستیدا ئه‌وه‌ی ئه‌وان داوای ده‌كه‌ن، ئۆپۆزسیۆنێكی كارتۆنی، یان دیوی دووه‌می ده‌سه‌ڵاته له‌ژێر ناو و له به‌رگی ئۆپۆزسیۆنێكی شه‌رمن و ده‌سته‌مۆدا. دواجار هه‌وڵدانی سه‌رانی ده‌سه‌ڵات و میدیای سێبه‌ر بۆ قه‌ناعه‌تپێكردنمان به‌وه‌ی كه له شه‌قام ده‌گوزه‌رێ، ئه‌جێندای سیاسی پارته ئۆپۆزسیۆنه‌كانه، هیچ نییه جگه له به‌شێك له‌و پیلانه شكستخواردووه بۆ كپكردنه‌وه‌ی ده‌نگی بزووتنه‌وه‌ی ناڕازی خه‌ڵك و گه‌نجانی تینووی ئازادی. چونكه ئۆپۆزسیۆن به‌رنامه‌و ئه‌جێندای خۆی هه‌یه‌و كار بۆ ته‌حقیقكردنی ده‌كات و جه‌ماوه‌ری خۆپیشانده‌ریش به‌هه‌مان شێوه. هه‌روه‌ك شتێكی ئاساییه كه به‌شێكی زۆری خواست و داواكارییه‌كانی ئۆپۆزسیۆن و بزوتنه‌وه‌ی شه‌قام لێك نزیكبن و له زۆر ئامانجدا یه‌كبگرنه‌وه.