Skip to Content

دوو پارچه‌ شیعر:  شـوان قـادر

دوو پارچه‌ شیعر: شـوان قـادر

Closed
by March 15, 2011 ئەدەب

     
( بخۆر و نه‌خۆر )
له‌م ڕۆژه‌دا هه‌رچی بخۆر هه‌یه‌
ده‌یه‌وێ هه‌رچی نه‌خۆر هه‌یه‌
بێته‌ سه‌ر خوانی ئه‌و،
چۆن بێینه‌ سه‌ر خوانی تۆ
له‌كاتێكا سه‌رت وا له‌نێو ئاخوڕی درۆدایه‌ و
به‌ هه‌ردوو ده‌ستت ئه‌م مانگایه‌ ئه‌دۆشی..
چۆن بێیته‌ سه‌ر خوانت..
له‌كاتێكا ئێمه‌ ئاره‌قی خۆمان
هه‌ڵده‌ده‌ین،
له‌بری باده‌ی خۆشبه‌ختی..
چۆن بێینه‌ سه‌ر خوانت
ئه‌و ده‌مه‌ی تۆ قاقا پێده‌كه‌نی و
ئێمه‌ش ده‌ستمان وا له‌ گیرفانی به‌تاڵدایه‌ و
له‌سه‌ر سكی برسی..

( ئه‌نفلۆنزا )
له‌م ڕۆژه‌دا
ئه‌نفلۆنزای ده‌نگ هاتووه‌
هه‌ر كه‌سێ ده‌نگ هه‌ڵبـڕێ
تووشی ئه‌نفلۆنزا ئه‌بێ
هه‌ر بۆیه‌ خه‌ڵكی له‌ ترسانا
ده‌مامكیان به‌ستووه‌..
ده‌مامكه‌كانتان فڕێ ده‌ن،
دڵنیابن، ئه‌نفلۆنزا
یه‌ك ئه‌كوژێ،
دوو ناكوژێ..

Previous
Next