Skip to Content

Monday, May 6th, 2024
وتەیەکی هەق لەپێناوی ناهەقیدا …. سالار سۆفی

وتەیەکی هەق لەپێناوی ناهەقیدا …. سالار سۆفی

Closed
by March 15, 2011 گشتی


بۆچی ناومان لە سەر داواکارییەکانی هەندێک لە کوردەکانی ڕۆژهەڵات کێشایەوە؟

لە ئەنجامی نزیک بە ٢٠ ساڵ لە دەسەڵاتی حزبی لە هەرێمی کوردستاندا و گەندەڵییەکی هەمەجۆری کەموێنە ، سەرئەنجام خۆپیشاندانەکانی هەرێمی کوردستان بەگشتی و سەرای ئازادیی سلێمانی بەتایبەتی ، بوون بە هیوایەکی گەش بۆ گۆڕانکارییەکی پۆزەتیڤانە لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان. لەلایەکی ترەوە ، وەک نیگەرانییەک لەلایەن هەندێک لە کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە ، سەبارەت بە ئەگەری بوونی هەر جۆرە هەوڵێکی دەوڵەتی ئێران بۆ بەکارهێنان و سوودوەرگرتن لەم خۆپیشاندانانە لە بەرژەوەندیی خۆی، مەبەستیان بوو داوایەک ئاراستەی ئەنجومەنی کاتی سەرای ئازادی بکەن و دڵنیا بکرێنەوە لەو بابەتە.
دیارە وەستانەوە لە دژی هەر چەواشەکارییەکی ئێران و ئیسلامی سیاسی ، ئەگەر لە هەر شوێنێکدا هەبێت ، کارێکی گرنگە و شایانی پشتیوانییە و بە قازانجی ڕاپەڕینەکان و خەڵکی کوردستان تەواو دەبێت ، بۆیە ئێستاش و لە هەر کات و شوێنێکی تردا ، بەدەر لە ووردەکارییەکان ، ئەوە بە ئەرکی خۆمان دەزانین و پشتیوانیشی لێ دەکەین. هەمان بۆچوونمان بە ئەوانیش ڕاگەیاند.
بەداخەوە ، لە ئەنجامی بەدوواداچوونماندا و بە هاوکاری چەند هاوڕێیەک ، سەرەتا گومانێکمان لا دروست بوو سەبارەت بە ووردەکارییەکان. دواتر بە بەڵگەوە چەند ڕاستییەکی جیاواز لە مەبەستە ئاشکراکانمان بۆ دەرکەوت. لە ئەنجامی ڕووبەڕووکردنەوەی ڕاستییەکانیشدا ، ئەو ڕاستییەمان بۆ تۆختر بووەوە کە ئەگەر چی ئەو داوایە وەک ناوەڕۆک داوایەکی ڕەوایە ، بەڵام مەبەستی سەرەکیی هەندێک لە کەسەکان (نەک هەموویان) لەم داوایەدا ، تەنها وەستانەوە لە دژی ئەو ئەو چەواشەکارییانە نییە ، بەڵکو لە بنەڕەتدا هەوڵی پێشوەختیان هەبووە بۆ دژایەتیکردنی خۆپیشاندانەکان و ئامانجەکانی لەبەرژەوەندی دەسەڵاتێکی گەندەڵی حزبیدا، بە بیانووی بەرژەوەندیی نەتەوەیی، بە واتای وتنی “وتەیەکی هەق لەپێناوی ناهەقیدا”. ئەمەشیان بۆ ئێمە لەسایەی هیچ بارودۆخێکدا ، شایانی ئەوە نییە لێی بێدەنگ بین و خۆپیشاندانی خەڵکی کوردستان بە ناڕەزایەتییەکی جەماوەریی هاوچەرخ دادەنێین کە لە ئەنجامی پەنگخواردنەوەی ٢٠ ساڵ لە بێمافی و گەندەڵی و نادادپەروەریدا تەقیوەتەوە.
هەر بەم هۆیەوە ، لەگەڵ ڕێزی زۆرماندا بۆ ئەو کەسانەی  بەبێئاگایی و بێمەبەست و بەپاکی لەگەڵ ناوەڕٶکەکەدا بوون، ئێمەش و چەند هاوڕێەکی تریش لە کاتی جیاوازدا ناوی خۆمان کێشایەوە و بێ پەردە ئەو ڕاستییانەشمان پێ ڕاگەیاندن کە لامان ئاشکرا بووبوون.
لە کاتێکدا ئێمە ئەم ڕاستییانە دەخەینە ڕوو، سووربوونی خۆمان لەسەر ڕێگریکردن لە دەستی ئێران و ئیسلامی سیاسی و هەر جۆرە دەستێکی ڕەشی دوور لە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان دووبارە دەکەینەوە ، لە هەر کاتێکدا کە هەوڵێکی لەو جۆرە لە ئارادا بێت.
هەر بەم بۆنەیەوە چاودێریکردنی وردی بارودۆخەکە و پارێزگاریکردنی پیشوەخت لە ئامانجەکانمان بە ئەرکی هەمووان دەزانین.

سالار سۆفی
‏12‏/03‏/2011

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.