خۆپیشاندانه‌كان چییمان پێده‌ڵێن؟
پێشه‌كی
ئه‌م خه‌ڵكه بۆ چوونه‌ته سه‌ر جاده و بۆچی واده‌كه‌ن؟ هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه پرسیاری زۆربه‌ی به‌رپرس و سه‌ركرده‌ی سیاسی كورده, به‌ڵام هێنده‌ی ئه‌م پرسیاره ساده و نیشانه‌ی بێئاگایی ئه‌و چیینه‌یه له‌وه‌ی كه‌چی ده‌گوزه‌رێ, ئه‌وه‌نده‌ش ئه‌نجامی تێنه‌گه‌یشتن و گوێنه‌گرتنی ئه‌و چینه باڵاده‌سته‌یه كه ئه‌نجامه‌كه‌شی راپسكاندن و راته‌كاندی شه‌قام و داموده‌زگاكان و كایه‌ی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تییه. لێره‌وه ده‌بێ قسه له‌سه‌ر ده‌ركه‌وته‌كه بكه‌ین, ئه‌گه‌رچی ره‌نگه زووش بێ قه‌زاوه‌تی له‌سه‌ر بكرێ.
دیموكراسی له‌دروشمه‌وه بۆ سروشتی مرۆڤی كورد
یه‌كێك له‌دیارده‌كانی ململانێ سه‌خته‌كانی ئه‌م خۆپیشاندانه به‌شێكی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چه‌سپاندن و فراوانكردنی دیموكراسیه‌ت له‌ڕێی كه‌مكردنه‌وه‌ی پاوانخوازی ده‌سه‌ڵات و به‌هێزكردنی مه‌ودای كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نییه له به‌شداری سیاسی و ئازادی و مافی بڕیارداندا. خه‌ڵكی ئێمه توندوتیژی و نادیموكراسیه‌تی زۆر دیوه‌و چه‌شتووه, تائه‌ندازه‌یه‌كیش لێی ڕاهاتووه. به‌ڵام هێشتا دیموكراسی و ئازادی قبوڵكردنی ئه‌ویتری جیاواز, نه‌بۆته كولتوری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی. لێره‌وه دیموكراسیه‌ت نه‌بۆته به‌شێ له‌سروشتی مرۆڤی ئێمه. بۆیه هه‌بوونی دیموكراسی وه‌ك دروشم و دیكۆرێكی رووكه‌ش كه‌وته به‌رتاقیكردنه‌وه له‌وه‌دا تاچه‌ند ئێمه حه‌وسه‌ڵه‌ی ئه‌رك و قورسایی ئه‌و سیسته‌مان هه‌یه.
به‌ده‌ربڕینێكی تر: ئه‌و رووداوانه, ململانێیه‌كیشه له‌گه‌ڵ دیموكراسیه‌ت وه‌ك كو‌لتور و سیستمی پێكه‌وه‌ژیان. لێره‌وه خۆپیشاندا هه‌وڵێكی سروشیته كه دیموكراسی له ئاستی دروشم و گوتاری سیاسی جوانكاریه‌وه دائه‌بزێنرێته سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تی و خه‌باتی مه‌ده‌نی. دواجار رۆچوون وشۆڕبوونه‌وه‌ی به‌ناخ و هزری ئێمه‌دا. چونكی دیموكراسیه‌ت تائێسته‌ش هه‌ر له‌ده‌ره‌وه و ئاستی رووكه‌شدا هه‌بووه, بۆیه خۆپیشاندانه‌كه پرۆسه‌ی گواستنه‌وه‌یه له‌دروشمه‌وه بۆ ناخی هزری سیساسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئێمه. ئیدی وه‌ك تۆمارێ بۆ مێژوو ده‌بێ بوترێ كه ئه‌وه ده‌سه‌ڵاتی سیاسی نییه دیموكراسیه‌ت وه‌ك سیستمێ له‌قایلبونی هزری و تێگه‌یشتنی سیاسیه‌وه قبوڵده‌كات, به‌ڵكو جه‌ماوه‌ر و رێكخراو و هاوڵاتیانی ئاگاداره.
لێره‌وه دیموكراسی وه‌ك كولتوری تێگه‌یشتن و رێكخستنی ژیان له‌ئاستی بنكه‌ی كۆمه‌ڵگه‌وه پێش چینی سیاسی و حزبی ده‌كه‌وێ. دیموكراسی ده‌بێته‌وه پرۆسه‌یه‌ك كه له‌بنكه‌وه, له بونیادی كۆمه‌ڵگه‌وه بۆ سه‌ره‌وه هه‌ڵده‌كشێ و ده‌بێته بنه‌ماش بۆ حكومه‌ت و ده‌وڵه‌تی ئێمه! ئیدی ئه‌و گریمانه‌یه راسته كه هه‌رگیز دیموكراسیه‌ت نابێته سیسیتمێكی حوكم, ئه‌گه‌ر له بونیاد و پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵگه‌وه بۆسه‌ره‌وه هه‌ڵنه‌كشێ, چونكی له‌كولتور و پێكهاته‌ی ئێمه‌ی “خۆرهه‌ڵاتی” دیموكراسی شتێك نییه كه‌له‌سه‌ره‌وه‌ڕا شۆڕبێته‌وه بۆ بنكه‌ی جه‌ماوه‌ر. له‌به‌رئه‌وه‌ی دامه‌زراوه و ده‌زگای دروست و كارامان نییه تا پیاده‌ی بكه‌ن.
خۆپیشاندان ته‌كانێكیتر به‌دیموكراسیه‌ت
هه‌ڵبه‌ت وه‌ك زۆربه‌ی جاری تریش ئاماژه‌م پێكردووه سیاسه‌ت و سیستمی به‌ڕێوه‌بردنی ئێمه ئیفلیج و كارانییه, به‌هۆی زاڵبوونی ده‌ستی حزب له دامه‌زراوه‌كان, نه‌بوونی كه‌سی شیاو له‌شوێنی گونجاو, نه‌بوونی چاودێری و لاوازی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن و قه‌زایی, لاوازی هۆشیاری كۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌ده‌نی, هتد. به‌ڵام خۆپیشاندان وه‌ك فۆرمێ له‌به‌شداری سیاسی ته‌كانێكه به چه‌قبه‌ستوویی ئه‌قڵی سیاسی و شێوازی حوكمڕانی. له نه‌وه‌داكانه‌وه سیستمی په‌رله‌مانی نوێنه‌رایه‌تی شكستی هێناوه, له‌به‌رئه‌وه‌ی نه‌یتوانیوه كێشه و پرسه‌كانی خه‌ڵكی بكه‌ن, به‌ڵكو نوێنه‌رایه‌تی ئامانجه حزبی و شه‌خسیه‌كانیان كردووه. بۆیه خۆنیشاندان زه‌نگی وریاكردنه‌وه‌یه له‌و شێوازه په‌ككه‌وتووه‌ی به‌ڕێوه‌بردن.
رۆڵگێڕی یا موڵكداری له سیاسه‌تندا؟
حزب و سه‌ركرده‌كانیان گه‌ر به‌ئاشكرا نه‌یدركێنن ئه‌وا ناڕاسه‌توخۆ له‌مامه‌ڵه‌كردن و گوێنه‌گرتنیاندا, سیاسه‌ت به‌موڵكی خۆیان ده‌زانن! ده‌ستكه‌وته‌كانی راپه‌ڕیین و ئازادی و رزگاری هه‌ر به‌هی خۆیان ئه‌زانن, خه‌بات و وچان و به‌رخۆدان له‌خۆبوردن و قوربانی و شه‌هید به‌موڵكی تایبه‌ت داده‌نێن و به‌هه‌مان لۆجیكیش ده‌یانه‌وێ نیشتمان وه‌ك بسته‌خاكێ له‌سه‌ر خۆیان تاپۆكه‌ن. فراوانخوازی و پان‌خوازی و قۆرخكاری و ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی سه‌رچاوه‌و سامانی مادی و كۆمپانیا و زه‌ویوزار به‌شێكن له‌و لۆجیكه ترسناكه. ترسناكه سیاسیه‌ك پێی وابێ ده‌سته‌كه‌وته‌كان كه موڵك و ماڵه سامانی خۆیه‌تی له‌مه‌ترسیدا به‌هۆی بێزاری و پشێویی سیاسیه‌وه, به‌ڵام له‌وه‌ش تێنه‌گات كه خه‌ڵكی ئاسایی هیچ پشكیان نییه تێیدا و ئاماده‌شن زیانی پێبگه‌یه‌نن.
تێكشكانی پاڵه‌وانه باوه‌كان
نه‌وه‌ی شه‌قام, نه‌وه‌یه‌كه كه كۆمه‌ڵێ خه‌م و خه‌ونی ئێستای هه‌یه. بۆ گه‌یشتن به‌خه‌ون و خولیاكانی چاونابڕێته ئه‌و پاڵه‌وانه كلاسیكی و باوانه كه نزیكه‌ی نیوسه‌ده خه‌ریكی سیاسه‌تبازی و خۆگه‌وره‌كردنن له‌سه‌ر حسابی خه‌ون و خواسته‌كانیان. پاڵه‌وانه دێرینه‌كان ناناسێ, چونكی ره‌نگدانه‌وه‌یان نییه له خواست و ئاواته‌كانیدا. له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌ر به‌سه‌رده‌مێكه كه پاڵه‌وان چه‌كبده‌دست و كوڕی مه‌یدانی جه‌نگی دۆڵوشاخ نییه, به‌ڵكو مه‌ردی مه‌یدانی مه‌ده‌نیه‌ت و كۆڕی ناوشار كێشه‌كانی ئێسته‌یه. چیدیكه پاڵه‌وانه دێرینه‌كان ناتوانن نوێنه‌رایه‌تی خه‌ون و ئایدیا و داهاتوی لاوان بكه‌نه‌وه. به‌ڵكو هه‌وڵی دروستكردنی پاڵه‌وانی خۆیه‌تی و بیری لای رابردووه‌یه‌ك نییه كه‌هیچ به‌شداری و رۆڵی تێدانه‌بووه, بیری لای پاڵه‌وانێكه كه هزری ئَێسته‌یی و به‌زمانی شار نه‌ك شاخ و چه‌ك بدوێ.
به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی شوناسی شارێ
له‌وانه‌یه پێمان سه‌یربێ خۆپیشاندان ببێته ئامرازی به‌رهه‌مهێنانه‌وی شوناسی شارێ. به‌ده‌ر له‌پێداهه‌ڵدان و ستایشی شارچێتی, سلێمانی به‌شداری ده‌ستپێشخه‌ری هه‌بووه له مێژووی شاره‌كانی كوردستاندا. به‌ڵام ساڵانێكه له‌به‌خشش و كاراییی خۆی كه‌وتووه. باسكردنی وه‌ك پایته‌ختی رۆشنبیری له‌قسه‌یه‌كی كلێشه‌ی (رووكه‌شی) ده‌چوو وه‌ك له شانازی. ته‌نانه‌ت خه‌ڵكی شاره‌كانی تری كوردستان گه‌یشتبوونه ئه‌و بۆچوونه‌ی ئه‌م شاره له‌سه‌ر ده‌ستكه‌وت و سه‌روه‌ریه‌كانی پێشووی ده‌ژی, له‌ئێستادا به‌شدارییه‌كی ریه‌شی نه‌كردووه تائه‌وڕاده‌ی كه گه‌یشتۆته ئاستی شاره‌كانی تر. وه‌لێ له‌ڕێی زیندویه‌تی و هۆشیاری و ململانێی ناخه‌كی و ناوخۆیه‌ی كه له‌وشاره‌دا بووه هۆی خۆنیشاندان و ده‌ستپێشخه‌ری له جومگه‌یه‌كیتری گرنگ به به‌كارهێنانی دیموكراسیه‌ت بۆ چه‌سپاندی مافه‌كانی مرۆڤی كورد.
لێره‌وه ده‌ستپێشخه‌ری ئه‌م شاره جۆرێكه له‌به‌رهه‌مێهنانه‌وه‌ی شوناسی بزۆز و چه‌قنه‌به‌ستوو و زیندووی. شوناسی گرنگی ئه‌م شاره له‌وه‌دانییه كه له‌پێگه و حورمه‌تی شاره‌كانی تر بدات, به‌ڵكو ده‌بێ له‌خۆیدا شوناسی وه‌رچه‌رخان بدۆزێته‌وه. هه‌ر بۆیه مایه‌ی نیگه‌رانی بوو كه له‌سه‌ره‌تای خۆپیشاندان گوتاره‌كان به‌ئاڕاسته‌ی پێداگیری له سستی شاره‌كانی تر كه دواجار ئه‌مه هه‌لێكی بۆ ده‌سه‌ڵات ره‌خساند, ئه‌م شاره ته‌ریك بكات و كاریگه‌ری رووداوه‌كان له‌سه‌ر شوێنكه‌كانی تری كوردستان و بیخاته په‌راوێزه‌وه به‌وه‌ی كه خه‌ڵكی ئێره شارچێتی ده‌كه‌ن. به‌داخه‌وه خوێنگه‌رمی ئاپۆڕه‌كه دركیان به‌وه نه‌كرد. بۆیه سه‌روه‌ری سلێمانی ده‌بێ له‌خۆیه‌وه هه‌ڵقولێ و له‌وێوه ببێته خۆراك و سه‌رچاوه‌ی شوناسی نه‌ك كه‌مكردنه‌وه له‌شاره‌كانی تر. گوتاری ره‌سه‌ن و سه‌نگینی ئه‌وشاره ئیش به‌ئاڕاسته‌ی كارتێكردن و سه‌رنجڕاكێشانی شاره‌كانی تره, نه‌ك قه‌تیسبوون له شوناسێكی كڵێشه‌ی كه خۆی له جیاوازی رووكه‌شیدا ده‌بینێته‌وه.
دڵه‌خورپێی كوردانی پارچه‌كانی تری كوردستان
هه‌ڵبه‌ت كوردانی پارچه‌كانی تری كوردستان به‌سه‌رسامی و نیگه‌رانیه‌وه ده‌ڕواننه خۆپشاندانه‌كان. له‌ڕاستییدا ئه‌وه مافی خۆیانه, به‌ڵام له تێگه‌یشتنێكی هه‌ڵه‌وه هاتووه, چونكی ئه‌وان هێشتا خه‌بات بۆ رزگاری ده‌كه‌ن له‌كاتێكدا هاوڵاتیانی هه‌رێم بۆ ئازای و باشكردنی ره‌وشی ژیان تێده‌كۆشن. پرسی ئێمه چاكسازی و عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و یه‌كسانییه له‌به‌رده‌م قانوندا, به‌ڵام ئه‌وان بۆ قوتاربوون له‌چه‌وسانه‌وه‌ی نه‌ته‌وایتی ده‌ژیین. له‌كاتێكدا ئێمه ئه‌و قۆناغه‌مان تێپه‌راندا. هه‌ر له‌دامه‌زارنی یه‌كه‌م كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه له 1992 ئێمه سێ قۆناغی هه‌بوونی نیشتمانیمان تیپه‌ڕاندووه: قۆناغی هاتنه‌بوون و دامه‌زرادنی حكومه‌تی كوردستان, دووه‌م قۆناغی چه‌سپاندن و سه‌قامگیری كه‌به‌شه‌ڕی ناوخۆییدا رۆی, سێهه‌م قۆناغی گه‌شه‌كردن و پێكشه‌وتن كه دواجار له ئابوری و نایه‌كسانی داهات و هه‌لی كار و دابه‌شكردنی سه‌رچاوه و داهاته‌كاندا ده‌رخست.
ململانێ و ركابه‌رێتی ئێمه له‌سه‌ر ئه‌وه نییه كه ده‌بی كورد حوكم بكات و كێ له‌هه‌رێمدا بیكات, به‌ڵكو چۆن و به‌چ سیستم و میكانیزمێ خزمه‌تگوزاری و ژیانی باشتر فه‌راهه‌م ده‌كات بۆ تاكه‌كانی كوردستان. پێشكه‌وتن و گه‌شه‌كردنی ئابووری نایه‌كسانی هێنایه‌كایه‌وه, بۆیه ململانێكه خۆی له‌دروستكردنه‌وه‌و داڕشتنه‌وه‌ی هێز و دابه‌شكردنه‌وه‌ی نه‌خشی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌رێمه‌كه ده‌رده‌خات. حكومه‌ت و حزبه‌كان ده‌بێ چیتر مه‌سه‌له‌ی ئاسایشی نیشتمانی نه‌كه‌نه قه‌ڵغانێ بۆ بێده‌نگی و خۆشارندنه‌وه‌یان له ناسۆره‌كانی خه‌ڵكی. چیتر ئێمه له‌و قۆناغه‌دا نیین كه 10 ساڵ پَیشتر تێیدابووین.
گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌قڵیه‌تی ساڵانی نه‌وه‌ده‌كانی شه‌ڕی ناوخۆ
مه‌ترسیه‌كیتر تائێستاش له‌ئارادایه كه ئه‌قڵیه‌تی حزبی ململانێكان وه‌ك چه‌تری چه‌كداری و جه‌نگی مان و نه‌مان سه‌یرده‌كات. هاوكات بۆ به‌ره‌وڕبوونه‌وه‌ی لایه‌نی ئه‌منی نه‌ك سیاسی به‌ده‌م كێشه‌كانه‌وه‌ده‌چێ و ره‌وشه‌كه به‌ره‌و ته‌قینه‌وه ده‌بات. خۆپیشاندان یه‌ك هێزی دیاریكراونییه تا له‌ڕووی سه‌ربازیه‌وه سه‌ركوتی بكه‌یت. پاشان له شاخیشدا نییه تاكه‌نارگیر و سه‌رقاڵی بكه‌یت به‌تاكتیكی جه‌نگی, به‌ڵكو له‌ناوجه‌رگه‌ی شار‌و هه‌ناوی خه‌ڵكه‌وه‌یه. هاوكات تۆمه‌تباركردنی به‌ده‌ستی ده‌ره‌كی هه‌م لاوازی حزب و حكومه‌ت, هه‌م كورتبینی و تێنه‌گه‌یشتن له‌شه‌قام و هاوڵاتیانی خۆت ده‌رده‌خات!
ئێسته‌ش زۆریكی سه‌ركرده‌ی حزبه‌كان بۆیان قوتناچێ كه خۆپیشاندا كرده‌یه‌كی سروشتی په‌نگخواردوو و توڕه‌یی خه‌ڵكه. له‌باتی تێگه‌یشتن مه‌حكومی ده‌كات و تۆمه‌تی ئه‌داته پاڵ. ئه‌مه خه‌ته‌ره بۆ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی كه حكومه‌ت سه‌ركرده‌كانی هاوڵایتانی خۆی بكاته خۆراكی ده‌ستی ده‌ره‌كی و توڕه‌تریان بكات. پاشان ئه‌گه‌ر شتی واش هه‌بی نابێ له‌میدیادا بوترێ, به‌ڵكو رێگا‌و میكانیزمی تر هه‌یه. چونكی دانانه به‌ده‌ستی ده‌ره‌كی نیشانه‌ی لاوازی كه‌مته‌رخه‌می هێزه‌كانی ئاسایش و هه‌واڵگیرییه .كه‌واته ده‌بوو سه‌ركرده‌كان خۆپیشاندان وه‌ك به‌كارهێنانی مافی ئازادی ده‌ربڕیین و بیركردنه‌وه تێبگه‌ن. ئازادی بیروڕا به‌پێی ده‌ستور و یاسا رێپیدراوه, به‌ڵام تائێستاش مافێكی فره‌یزكراو (به‌ستووه) وه‌گه‌ڕنه‌كه‌وتووه.
له‌په‌رچه‌كردای ناڕێكه‌وه بۆ خۆپیشاندان
نامه‌وێ پێناسه‌ی خۆپیشاندان (demonstration) بكه‌م, به‌ڵام ده‌بێ فۆرمیتر وه‌ك یاخیبوون و راپه‌ڕین و پشێوی نانه‌وه توندوتیژی به‌كارهێنان جوێی بكه‌ینه‌وه. سه‌ره‌تای خۆپیشاندانه‌كان له هه‌ڵوێستنواندن و په‌یامی پشتگیری راپه‌ڕینی میسر و تونس زێتر نه‌بووه, هاوكات ئاڕاسته‌كردنی په‌یامی چاكسازی بۆ حكومه‌تی هه‌رێم. به‌ڵام دواجار ئه‌و ئاپۆڕه به ئاقارێك و توندوتیژیدا رۆی كه‌له خزمه‌تی دا نییه, به‌ڵام ده‌كرێ لێی فێربین كه‌چۆن جارێكی‌تر خۆپیشاندان بكه‌ین.
له‌خۆپیشاندانه‌و بۆ دانوستان
ئاشكرایه خۆپیشاندان كارتێكی فشاره بۆ سه‌رلایه‌نه په‌یوه‌ندیار و جكومه‌ت تابه‌خۆیدابچێته‌وه‌و گوێڕادێرێ بۆ داوا‌و خواسته‌ڕه‌واكانی خه‌ڵكی. لێره‌وه خۆپیشاندان رێگاخۆشكه‌ره بۆ دیالۆگكردن نه‌ك به‌پێچه‌وانه‌وه. ئه‌گه‌رچی زۆربه‌ی جار له‌كۆمه‌ڵگه داخراو و حكوته سه‌ركوتكاره‌كاندا سه‌رهه‌ڵدانی خۆنیشاندان ته‌نها داواكاری نییه, به‌ڵكو ناڕه‌زایی و بێزاری ده‌ربڕیینه كاتێ دامه‌زراوه‌كان شكستده‌هێنێ له‌به‌جێهێنانی ئه‌ركی خزمه‌ت پێشكه‌شكردن, وه‌لێ خۆپیشادان ده‌بێ بۆ دروستكردنی رایه‌ڵێك بێ نه‌ك بچراِندنی به‌ته‌واوه‌تی. پێویسته داواكانی خۆپیشانده‌ران و خه‌ڵك له‌شه‌قامه‌وه ببرێته سه‌رمێزی دیالۆگ و دواجار به‌رده‌م په‌رله‌مان بۆ چاكسازی و كارپێكردنی.
له‌دانوستانه‌وه بۆ چاره‌سه‌ر
ئیتر پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه چۆن چاكی بكه‌ین؟ چونكی خۆپیشاندان و چوونه‌سه‌رجاده و مانگرتن میكانیزمی فشار و ئامرازه نابێت بكرێنه ئامانج, ئه‌سته‌مه به‌رده‌وام مرۆڤه‌كان و جه‌ماوه‌ر هه‌ر له‌سه‌ر شه‌قام بن و بیندریژ و خۆڕاگربن بۆ ماوه‌یكی دیارینه‌كراو. هاوكات مرۆڤ له‌ڕێی خۆپیشاندانه‌وه په‌یام و ئامانجێكی هه‌یه ده‌بێ بێنه‌دیی, ئه‌گه‌ر به‌ڕێژه‌یش بێ. بۆیه خۆپیشاندان مه‌سه‌له‌یه‌كی كاتی و رێگوزه‌ره. “چی بكه‌ین” پرسییارێكی ساده, به‌ڵام بنیاتنه‌ره كه نابێ خۆپیشانده‌ر و چالاكه‌وان وسیاسه‌تمه‌داران لێی هه‌ڵبێن. پرسیارێكی به‌رپرسانه‌یه, وه‌لێ ئاسانیش نییه. چونكی ئامانجی دانوستان ده‌بێ به‌ره‌و خاڵی كۆنكرێتی و كۆده‌نگی بڕوات و سازشیش له‌هه‌ردوولاوه هه‌بێ, ده‌نا بێئه‌نجام ده‌بن. ده‌كرێ حكومه‌ت و به‌رپرسه‌كان بگۆڕدرێن, به‌ڵام دواتر به‌چ پێوه‌ر و بنه‌مایه‌ك حكومه‌ت پێكبهێنینه‌وه؟ بۆیه ده‌بێ ئامانجی خۆپیشاندان هه‌ر نا ناڕه‌زایی نمایشكردن نییه, به‌ڵكو رێگه‌چاره بۆ ده‌رچوون له‌قه‌یرانه‌كه سه‌ختریین پرسه كه‌یه‌خه‌ی خۆپیشانده‌ران ئه‌گرێ.
بۆ دیموكراسی هه‌ماهه‌نگی به‌مانی جیاوازیه‌كانه‌وه
راسته دیموكراسی سیستمێكه به‌رده‌وام ململانێی تێدایه, به‌ڵام نابێ ململانێكان یه‌ك شێوه و قه‌باره‌یان هه‌بێ. چونكی كار له‌ڕه‌وتی ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵكی ده‌كات. لێره‌وه گه‌ڕانه‌وه‌ی ژیانی نۆرماڵ دیمه‌نێكی سه‌یره كه له‌خۆپیشاندانه‌كاندا دیاره چه‌ند مه‌ترێ لای ئاپۆره‌كه‌وه دوكانداری میوه‌فرۆش و جلوبه‌رگ چی و چی ده‌یانه‌وێ كاری خۆیان بكه‌ن, له‌ولاشه‌وه خه‌ڵكی له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان په‌یامی تریان هه‌یه. پاقله‌فرۆش و ئاوفرۆش و گوڵه‌به‌ڕۆژه‌فرۆش جمه‌ی دێ. بۆیه ئاسایی بوونه‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌كان و گه‌ڕانه‌وه‌ی ره‌وتی رۆژانه دیمه‌نێكی دوودیویی پێكدژی دیموكراسی ده‌رده‌خات.
هه‌ڵسه‌نگاندنیكی خێرا: هه‌ڵه‌كانیش ده‌ركه‌وتن
به‌ده‌رله‌وه‌ی كێ ده‌ستپێشخه‌ر و هۆكاری پلانی چ لایه‌نێك بووه له‌توندوتیژی و خوێنڕشتن, خۆپیشاندانه‌كان ده‌ریانخست كه كۆمه‌ڵگه و حكومه‌ت و دامه‌زراوه و میدیاكان و لایه‌نه‌كان هیچ ئاماده‌یی و لێزانیان نه‌بووه له به‌ره‌ورووبوونه‌وه‌ی دیارده‌كه‌دا تاڕاده‌ی هه‌موو كه‌وتنه هه‌ڵه‌وه. ئاسایش و پۆلیس و چه‌كداره‌كان نه‌یازانی چۆن ره‌فتار له‌گه‌ڵ پێشهات و رووداوێكی وادا بكه‌ن كه گه‌نجولاوی ئێمه هاوڵاتیین نه‌ك تاوابنار و تێكده‌ر. هاوكات خۆپیشانده‌رانیش نه‌یانزانی چۆن بجوڵێنه‌وه له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه و پۆلیس و ئاسایش‌دا به‌باشی كه ئه‌ركی ئه‌وان پاراستنی هێمنییه, ئه‌وانه حكومه‌ت نیین به‌ڵكو راسپێردراون سه‌قامگیری بپارێزن. ئه‌گه‌رچی به‌به‌راورد به‌وڵاته‌كانی تری دونیا به‌و كه‌م ئه‌زموونیه‌وه قه‌باره‌ی زیان و مه‌ترسیه‌كانی كه‌متره له‌وه‌ی زۆر لێیده‌ترساین. وه‌لێ ده‌توانین كۆمه‌ڵێ كه‌موكورتی ئه‌وخۆنیشاندانه بخه‌ینه‌ڕوو:
– هیچ فۆرم و قه‌باره‌یی دیاریكراوی وه‌رنه‌گرتبوو له‌سه‌ره‌تادا, زۆر گومان و سڵه‌مینه‌وه هه‌بوو سه‌باره‌ت به‌ڕوودانی. سه‌ره‌تا ئامانجێكی رووننه‌بوو, دواتر داواكاری ئانیی ده‌موه‌ختی پاش روداوه‌كان له‌دایكبوو. راسته ئه‌گه‌ر رێكخراویكی دیاریكراو له‌پشتیه‌وه بایه, ده‌بووه تارگێت بۆ لێدانی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه و سه‌ركوت بكرێ.
– بێئاراسته‌یی و نه‌بوونی به‌رنامه‌یه‌كی سیاسی دیار له‌خۆپیشاندانه‌كان. له‌ڕووی رێكخستنه‌وه خڕبوونه‌وه‌بوو تا خۆپیشاندانێكی دیاریكراو. ئه‌گه‌رچی بۆچونی ئه‌نجومه‌نی سه‌رپه‌رشتیار بڕیاری دابوو كه‌قۆرخنه‌كری له‌لایه‌ن لایه‌نێكی سیاسییه‌وه, به‌ڵام ره‌نگیداوه له‌بێسه‌روبه‌ریدا و ره‌مه‌كی پێوه‌داربوو. راسسته ره‌مه‌كیبوون نیشانه‌ی خۆڕسكیه‌تی خه‌ڵكه‌كه‌یه, به‌ڵام ده‌بێ ئاڕاسته و كه‌ناڵیزه‌بكرێ چونكی سه‌رده‌كێشی بۆ رووداوی لابه‌لا. كارنامه مه‌رجی سه‌ركه‌وتن و گه‌یشتنه به‌رێگه‌چاره. هێشتا خۆپیشاندانه‌كان په‌رچه‌كردارو خربوونه‌وه‌یه له‌شوێنێكدا.
– رێبه‌ر و سه‌ركردایه‌تی نه‌بوو, ئه‌میش وه‌ك پێشتر وتمان له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌س نه‌بێته خاوه‌نی و قۆزتنه‌وه‌ی بۆ ئه‌جێندای خۆی, هێشتا خه‌ڵك پێویستان به‌ڕابه‌ری دانا كه ستراتیجیه‌ت له‌ئاخاوتنی و هه‌نگاوناندا بكات.
– كۆمه‌ڵه‌ی مه‌ده‌نییه‌كان و رێكخراوه جه‌ماوه‌رییه‌كان كارا و به‌شدارنه‌بووون به‌زۆری, تا دواتر به‌ترس و دوودڵیه‌وه هاتن. هه‌ڵبه‌ت به‌هێزی ده‌سه‌ڵاتی حزبی له‌سه‌ر حسابی لاوازی ئه‌م رێكخراوانه‌یه.
– زاڵبوونی لۆجیكی ناڕه‌زایی و نه‌رێنی له‌باتی داواكاریه‌كی دیاریكرا كه له‌بارته‌قای خۆپیشانه‌ده‌كان و لایه‌نی داوالیكراودا بێ.
– زمانی گوتار و ئاخاوتن دیالۆگ نه‌بوو, به‌ڵكو توڕه و زبر و بێ ستراتیجیه‌ت بوو. بیریشیخسیتنه‌وه كه‌هێشتا ئاستی گوتاری جه‌ماوه‌ری و سیاسی له‌ساڵانی نه‌وه‌دی راپه‌ڕیندایه, چونكی به‌تۆنێ بوو كه‌گێڕاینیه‌وه بۆ رابردوو!
– ناڕه‌زایی و ره‌خنه‌كانی خۆنیشانده‌ران ده‌ریانخست كه نایه‌كسانی چینایه‌تی و ناڕه‌زاییی سیاسی لێكجیاناكرێنه‌وه. بۆیه ده‌بێ ئه‌و جیاكاریانه‌ی ده‌سه‌ڵات بۆ داواكانی خۆپیشانده‌ران له‌هی ئۆپزسیۆن هیچ مانایه‌كی نییه! چونكی ناكرێ له‌به‌رئه‌وه‌ی زه‌مینه‌ی ناڕه‌زاییی هه‌یه بۆخۆی!
ئه‌نجام
كه‌واته خۆپیشاندانه‌كه ده‌ریخست كه هۆشیاری و بارستایی و قه‌باره‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی “ئاكتیڤ” و زیندوو چه‌نده. ئه‌گه‌رچی خۆپیشاندانه‌كه به‌وشێوه چاوه‌ڕواننه‌كراو بوو, به‌ڵام زه‌مینه‌ی ناڕه‌زاییی له‌هه‌ر ساته‌وختێكدابایه ئه‌ته‌قیه‌وه. هاوكات نه‌بوونی بزافێكی كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌زۆربه‌ی چین و تویژه‌كانی كۆمه‌ڵگه له‌خۆبگرێ و بشتوانێ توڕه‌یی و بێزاریی خه‌ڵكی بخاته‌چێوه و فۆرمێكی دیاریكراوه‌وه. ده‌ریخست ئۆپزسیۆن چۆن ره‌فتارده‌كات و چۆن ته‌وزیفی ناڕه‌زاییه‌كه ده‌كات. هاوكات ده‌بوو حزبه گه‌وره‌كانیش قه‌باره و مه‌ودای جه‌ماوه‌ری خۆیانیان بۆ ده‌ربكه‌وێ و ئاستی به‌شداری ئه‌وانیش ره‌چاوبكه‌ن و سه‌ركره‌كانیش خۆپیشاندان له‌لایه‌ن گه‌له‌وه قبوڵبكات. ده‌بێ حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات نه‌شته‌رگه‌ریی ریشه‌یی له‌پێناو مانه‌وه‌دابكه‌ن ئه‌گه‌ر به‌په‌ڕاندنی لاق و ده‌ست و ئه‌ندامه‌كانی تریشیان بێ‌َ! ناچارنیین ئه‌مه نه‌كه‌ن, به‌ڵكو ناچارن گۆڕانكاڕی له‌خۆیاندا بكه‌ن چونكه مه‌سه‌له‌ی چاره‌نوسیانه. به‌تایبه‌ت زاڵبوونی بڕیاری حزب به‌سه‌ر حكومه‌تدا له له‌شكركێشی هێز له هه‌ولێره‌وه, متمانه‌ی حكومه‌تی دابه‌زاند كه هێشتا وه‌زاره‌تی ناوخۆ ناگه‌ڕێته‌وه بۆ ده‌سه‌ڵاتی سه‌روتری كه‌به‌پێی ده‌ستوری لای سه‌رۆكی حكومه‌ته! ته‌نانه‌ت چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ رووداوه‌كان له‌سنوری جوگرافی ئه‌و دووحزبه ده‌رنه‌چوو, هه‌وڵدرا میكانیزمی دابڕینی هه‌ولێر و شاره‌كانی تر بكرێ له‌و جوڵانه‌وه جه‌ماوه‌رییه‌ی كه‌هه‌یه. ئه‌مه‌ش به‌شێكی به‌رئه‌نجامی شه‌ڕی ناوخۆ و سستی ئه‌و دووحزبه‌یه كه‌هێشتا باوه‌ڕیان به‌دوو ئیداره‌یی هه‌یه. ئیشكردن ریشه‌یی ده‌بێ بۆ نه‌هیشتنی دوو حكومه‌تی حزبی و ره‌تكردنه‌وه‌ی حكومه‌تی حزبی بێ كه سه‌ره‌كوێره‌ی كێشه‌كانه.
نه‌وزاد جه‌مال
مامۆستای فه‌لسه‌فه – زانكۆی سه‌لاحه‌دین