هەڵەبجە; ئینسان زۆر مه‌زنه ئه‌گه‌ر خۆی پێ بزانێ ؟!
زستانی ساڵی 1988ه، له ته‌داره‌كی جێژنی نه‌ورۆزداین, هیشتا زۆر شتمان ناته‌واوه. ده‌یان میوان له وڵاتانی تره‌وه بانگ‌كراون. قادر دیلان, شوان په‌روه‌ر, فه‌رهاد بابان, جوان حاجۆ, كه‌ریم حیسامی, جه‌مشید حه‌یده‌ری و ده‌یان كه‌سی تر، جگه له میوانی ئاڵمانی و وڵاتانی تر. نه‌ورۆزی ئه‌و ساڵ ده‌بوو ببێته فستیوالێك بۆ مه‌سه‌له‌ی كورد. ئه‌ورۆژانه ده‌نگ و باسی رادیوتله‌وزیۆنه‌كان هه‌ر له سه‌ر شه‌ڕی ئیران و عێراقه, رۆژی 15 مانگ خه‌به‌ر بڵاو بۆوه كه ئێران شاری هه‌ڵه‌بجه‌ی گرتووه. خه‌به‌ر ئاسایی بووله به‌ر ئه‌وه‌ی له‌و 8 ساڵه‌داگرتن و به‌ردانی شاره‌كانی هه‌ردوولا كارێكی رۆژانه بوو. رۆژی 17ی مانگ وێنه‌ی شارێكی مردوو له تله‌وزیونه‌كانی ئوروپا بڵاوكرایه‌وه. كورده‌كان لێره هوروژان, كه‌وتنه شه‌قامه‌كان, زۆرتر كوردی باكورو رۆژهه‌ڵات ورۆژ ئاوا بوون. شاری بۆن بوو به گۆڕه‌پانی خۆپێشاندان. چه‌ند بریندار گه‌یشتنه ئاڵمان, له شاریكی نزیك كوڵن چووینه دیداریان, منداڵ, ژن و پیاو له‌ش هه‌موو سووتاو. له ناویاندا پاسداریكی ئیرانیش هه‌بوو. په‌رستاریكی ئاڵمانی كوتی:” ئه‌وه كاریكی نائینسانییه” باسی هیرۆشیما ده‌كاو خۆی بۆ راناگێری و فرمێسک به لاچاوانیدا دێنه خوار.
40
كورده‌كانی باشور له شاره‌کانی كۆڵن و بۆن هه‌ر خه‌ریکی شه‌ڕه‌دندوكه‌ن, ئه‌م KSSEی پراگه, ئه‌وه‌ی تر هی برلینه, ئه‌گه‌ر ئه‌وانه نه‌بن “یوكسی”ن . یه‌ك ئه‌مرۆ دژی ئێرانه، ئه‌وی تر بۆ ئێران به گژ ئه‌وی تردا دێ. ئه‌مه‌یان خه‌به‌رنیگاری تله‌وزیونی ئێرانی بۆ هه‌ڵگرتنی فیلم له خۆپێشاندان هێناوه. ئه‌وی تریان پیلی عه‌ره‌بی عێراقی به ناوی ئوپۆزسیون گرتووه و به گژ كورده‌كه‌ی دیکه‌دا دێ. کوردیش هه‌یه ئاڵای سه‌وزی ئیسلامی هێناوه و دژایه‌تی هه‌موو ئه‌وانی تر ده‌كا.هه‌موو كوردن به‌ڵام به ناوی عێراقی وكۆمۆنیست, دێموكرات و نیشتمانپه‌روه, دژی یه‌كترن. هه‌ڵه‌بجه‌ش ناتوانێ دوایی به شه‌ڕ و هه‌رایان بێنێ. به‌شێكی زۆری چالاکیه‌کان دژی رژیمی عێراق له لایه‌ن کورده‌کانی باکوره‌و رێک ده‌خرێ. كوردی باشور به گوێره‌ی توانا هه‌ر یه‌كه ده‌ستی قژكالێكیان له ده‌ست دایه و به‌شداری خۆپێشاندان ده‌كه‌ن. به‌ره‌و سفاره‌تخانه كانی ئێران, عێراق وكوبا ریپیوان ده‌کرێ. له به‌رده‌ركی سفارتخانه‌ی ئێران كوڕێكی باشوری له گه‌ڵ دۆسته‌كه‌ی پاڵی به دیواره‌وه داوه, خه‌ڵكه‌كه بیزاری خۆیان ده‌رده‌بڕن، به‌ڵام ئه‌و ماندوو بووه و ده‌ڵێ:” ده‌ی بابه ته‌وای كه‌ن با برۆین برسیمانه.” ئه‌وانه‌ی گوێیان له‌م قسه‌یه ده‌بێ ده‌هه‌ژێن. یه‌كێك لێی ده‌پرسێ خه‌ڵكی كوێی؟ به هه‌ڵكه‌وت هه‌ڵه‌بجه‌یی بوو. رۆژی دووایه له شاری كوڵن خۆپێشاندان کرا ته‌نانه‌ت یه‌ك كوردی باشور به‌شدار نه‌بوو.
21ی مارس نزیك ده‌بێته‌وه، ئایا ئێمه ده‌توانین به‌ریوه‌به‌ری شه‌وی شادی و هه‌ڵپه‌رین بین؟ ئایا قادر دیڵان و شوان په‌روه‌ر و ئه‌وانی تر دێنه سه‌ر سه‌كۆی هه‌ڵپه‌رکێ؟
شه‌وی 21ی مارسی ساڵی 1988ه, چرای یه‌کێک له هۆڵه‌کانی زانستگای کۆڵن ده‌كوژیته‌وه, زیاتر له 700كه‌س هاوده‌نگ سرودی ئه‌ی شه‌هیدان ده‌ڵێنه‌وه, یه‌ك یه‌ك مۆم داده‌گیرسێ و سه‌كۆی شانۆ رووناك ده‌كرێ, قوماشێكی سوور رۆشنایی مۆمه‌كان به‌ره و ژوور هه‌ڵده‌كێشێ و ئه‌م گوتنه ده‌رده‌که‌وێ “با یادی هه‌ڵه‌بجه بكه‌ینه مه‌شخه‌ڵی یه‌كیه‌تی بۆ ئازادی كوردستان” له هۆڵه‌که‌دا قادردیلان دیار نه‌بوو، ئه‌و كه دوو مانگ پێشتر له كۆڵن یادی دووی رێبه‌ندان له گه‌ڵمان بوو، نووسیبووی” وا كراواتێكی ڕه‌شم له مل كردووه, شه‌رته هه‌تا ئازادی كوردستان ده‌ری نه‌هێنم.”
41
ئێمه هه‌ڵه‌بجه‌مان ئاوا ناسی, ئیستا لێمان نزیك ده‌بێته‌وه. ئێمه پێمان وابوو که ژان و ئازار له ژیانی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌دا نه‌ماوه. پێمان وابوو له‌شی سووتاوی مرۆڤه‌کانی تیمار كراوه. پێمان وابوو شاره‌که ئاوه‌دان کراوته‌وه و ئه‌و شاره که ره‌مزی ره‌گه‌زکوژی ئێمه‌یه، بایخی سیاسی و ئینسانی به‌رزی بۆ وڵاته‌که‌مان هه‌یه. چاوه‌ڕوان بووین ئازادی و سه‌ربه‌ستی له‌جامه‌یه‌كی دڵڕفیندا لێره خۆی بنوێنێ. به‌ڵام په‌یكه‌ری عومه‌رخاوه‌ر ومنداڵه‌كه‌ی بێ گیانتر و بی نازتر له وێنه‌ی بڵاوکراوه له ته‌له‌وزیونه‌کان هاته به‌رچاومان. په‌یکه‌ری گوله‌بارانکرا و تێکدراو و هه‌ڵکه‌ندراوی ئه‌م پارچه به‌رده له ده‌روازه‌ی شاری هه‌ڵه‌بجه، گێڕانه‌وی چیرۆکی هه‌موو شاره‌که و خه‌ڵکه‌که‌ی بوو. وێنه‌ی تراژێدی دوێنێ و ئه‌مرۆ بوو.
42
شارێكی قه‌ره‌باڵغ، پڕ له سیگارفرۆش, عاره‌به به‌ده‌ست, ڕه‌ژی فرۆش, دووكانی بچكوله, ده‌یان كاری سه‌رپێیی, هه‌زاران پیاوی ریش نه‌تاشراو, هه‌زاران ژنی ڕه‌شپوش, هه‌زاران منداڵی دور له ناز , خان و مانێكی وێران و گۆرستانیكی ئاوه‌دان یانی هه‌ڵه‌بجه. تۆ بڵێی ئه‌مرۆ رۆژی دوای بومبارانكه نه‌بێ؟! ڕه‌نگه ته‌نیا ته‌وفیر ئه‌وه بێ كه خه‌ڵكه‌كه به سه‌رپێوه‌ن.منداڵێك دوو ته‌لیسی له سه‌ر عاره‌به‌یك داناوه لێی ده‌پرسم:
– ئه‌وه چییه؟
ڕه‌ژیه!
– به چه‌نده؟
8دینار!
– 8 دینار به‌شی چت ده‌كا؟
نانی وشكی!
– ئه‌وه‌نده ره‌ژی كاری چه‌ند رۆژه؟
یه‌ك حه‌وتوو!
– یانی رۆژی یه‌ك دنیار!؟
ئه‌گه‌ر ئه‌مرۆ بۆم بفروشرێ!
– ده‌رس ده‌خوێنی؟
نه, به چی ده‌رس بخوێنم, نه دایكم هه‌یه و نه باوك, جگه له دایه پیره‌یه‌ك, به زۆری خه‌رجی خۆم ده‌ردینم!
– حكومه‌تی هه‌ریم یارمه‌تیت نادا كه بچییه خوێندن؟
به بزه‌یكی تاڵه‌وه رو ده‌كاته تایه ره‌ژیه‌كه و ده‌لێ, نا!
چه‌ند سه‌د، چه‌ند هه‌زار منداڵی وا له‌م شاره‌دا هه‌یه؟! به به‌رده‌می ره‌ژی فرۆشه‌كه‌دا, خۆ ده‌كه‌ین به قاوه‌خانه‌كه‌دا لێره بۆنی جه‌رگ و گۆشتی بر‌ژاو حه‌وشی قاوه‌خانه‌ی داگرتووه. له سه‌ر كورسییه‌ك دانیشتووم. چاوم بڕیوه‌ته شاگرد قاوه‌چییه‌كه. وه‌ك ئه‌وه‌ی له رازی دڵم بگا، دێ بۆلام چاك وخۆشی له گه‌ڵ ده‌كه‌م . ده‌ڵێ هه‌م ده‌رس ده‌خوێنم و هه‌م كار ده‌كه‌م .چاو به ده‌ورو به‌رمدا ده‌گێڕم چه‌ند لاو له ته‌نیشت ئێمه‌وه دانیشتوون . خه‌یالێك به مێشكم دادێ, تۆ بڵێی رۆژی 16ی مارسی 1988 كێ له سه‌ر ئه‌م كورسیه دانیشتبێ؟ تۆ بڵیی كێ له سه‌ر ئه‌م كه‌شه‌فه نانی خواردبێ؟ تۆ بڵێی كێ به‌م ئیستكانه چای خواردبێته‌وه؟ چۆن ده‌کرێ به كۆچه وكۆڵان و شه‌قامی ئه‌م شاره‌دا هاتو چۆ بكه‌ی و له ماڵ و دووكانه‌كانی بژی و ژیان بۆت ئاسایی بێ؟ ئایا هه‌ر ئێستا له پاڵ ده‌ستیان, له ناوجێگاكه‌یان, له سه‌ر سفره‌ی خواردنیان مرۆڤی مردووی چاو زیندوو نابینن؟ له قاوه‌خانه دێمه ده‌رێ و خۆده‌كه‌م به كۆڵانێكدا, منالێكی سێ ساڵانه به قه‌راخ دیواره‌كه‌دا راده‌بورێ, ده‌چم بۆ لای، لێی نزیك ده‌بمه‌وه, سڵ ناكا, راناوه‌ستی, دیگرمه باوه‌ش ڕایده‌موسم, هیچ ناڵی, دایده‌نیم دریژه به رێگاكه‌ی ده‌دا, نه چاوم لێده‌كا, نه بزه‌ی دێتێ و نه ده‌گری, له جێ‌دا چه‌قیوم، بۆم ده‌بێته پرسیارێكی بێ وه‌ڵام.
43
گوندی عه‌نه‌ب 6 كیلۆمه‌تر له شاری هه‌له‌بجه‌وه دوره و كه‌وتۆته باكوری شار, یه‌كێك له مه‌به‌سته‌كانی ئێمه دیتنی ئه‌م گونده‌یه. خه‌ڵكی گونده‌كه، عه‌نه‌ب به ده‌سته برای هه‌ڵه‌بجه ده‌زانن, رۆژی كاره‌ساته‌كه جه‌ماوه‌ری هه‌ڵه‌بجه هاوار بۆ ئه‌م گونده دێنن, به‌ره‌و گوند ڕاده‌كه‌ن, به‌ڵام لێره‌ش خه‌ڵك له گه‌ڵ مه‌رگ ده‌سته‌ویخه بوونه, به ته‌نیا عه‌نه‌ب 300 كوژراوی داوه یانی نزیك نێوه‌ی خه‌ڵكه‌كه. له به‌رزاییك كه ده‌روانیته هه‌موو گونده‌كه گۆرستانی نوێ ساز كراوه، ئه‌و كه‌سانه‌ی نه‌ناسراونه‌ته‌وه هه‌ر به كۆمه‌ڵ ناشتراون. سه‌مبولی گۆرستانه‌كه بۆمباێکه كه ده‌ستكردی ئاڵمانه و به‌پاره فرۆشتویانه به سه‌دام, كیله‌كان بۆمبن كه له ئاسمانه‌وه دێنه خوار.
44
یه‌كه‌م مه نزڵی ئێمه, فێرگه‌ی گونده‌که‌یه. هه‌ر له شوێنی قوتابخانه ویرانکراوه‌که, مه‌دره‌سه‌ێكی نوێ ساز كراوه‌ته‌وه! 60 منداڵ ئێستا لێره ده‌رس ده‌خوێنن. له نیوه زێده‌تر دایك و بابیان نه‌ماوه، یاخۆ یه‌كیان ماوه. منداڵه‌كان هه‌موو به‌ریز كراون و ده‌یان چه‌پكه گوڵی نیرگز به ده‌ستیانه‌وه‌یه و ده‌یخه‌نه باوه‌شی ئێمه‌وه، له گه‌ڵیان ده‌ست لێده‌ده‌ینه‌وه وله ئامێزیان ده‌گرین، له پڕ ده‌نگێكی ئاسمانی له جێ‌دا رامانده‌گرێ, كوڕیكی ته‌مه‌ن 12ساڵ به سه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌و عه‌نه‌بدا هه‌ڵده‌ڵێ. هاواری ئینسانێك كه ڕه‌نگه له‌م دنیایه‌دا به‌گوێچكه‌ی كه‌سدا نه‌چێ.
به ڕاستی ئێره چ وڵاتێكه؟ یه‌كێک وه‌ك كۆسار له هه‌یكه‌ڵی ئه‌سپدا هاوار ده‌کا و پاشان خۆی ده‌کوژێ, چاوكاڵه سێ ساڵانه‌كه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ش له بێده‌نگدا چیرۆك ده‌گێریته‌وه و لێره‌ش له ئاهه‌نگ و شێعردا هاوار به‌ره و ئاسمان ده‌ڕوا. ئاسمانێک که له هه‌موو شوێنێک یه‌ک ره‌نگ نانوێنێ.
له 6ساڵییه‌وه له گه‌ڵ ئازاریكی مه‌زن گه‌وره بووه. به ته‌نیا له‌م دنیایه‌دا “له ناو زریان‌دا به جێیان هیشتووه” لایه‌ك له له‌شی سووتاوه, چاوێكی له ده‌ست داوه! ئه‌م كوڕه هه‌م چاوگی تراژیدی و هه‌م حه‌كایه‌تخوانی تراژیدیه! وه‌كو كۆسار هه‌ڵه‌بجه‌یی و 5 ئه‌سپه‌كه‌ی! ئه‌و له ده‌روازه‌ی شاری بابانه‌وه ڕیبوار بۆ ناو ئه‌م تراژێدیستانه بانگ ده‌كا. له ئامێزی ده‌گرم ڕایده‌موسم, به‌ڵام گه‌رمی له‌شی من گه‌رمی له‌شی دایك و بابی کوژراوی نادا. به‌رپرسی قوتابخانه, كه خۆی یه‌ك له قوربانییه‌كانی عه‌نه‌به دێته پێش و ده‌ڵێ: “مامۆستا ئه‌م كوڕه زرنگترین شاگردی قوتابخانه‌كه‌مانه.” ئه‌م مناڵه فێری كردین كه ئینسان زۆر مه‌زنه ئه‌گه‌ر خۆی پێ بزانێ.
برایم فەرشی
19ی مانگی یونی 1995 كولن – ئاڵمان
بەشێک لە کتێبی “هه‌ڵه‌بجه و کۆسار، مه‌هاباد و گوڵه‌باخ له وڵاتی چنار و هێمن”
http://www.facebook.com/l.php?u=http%3A%2F%2Fwww.pertwk.com%2Fpdf%2Fhelebce_u_kosar.pdf&h=a6209