Skip to Content

Wednesday, May 29th, 2024
دیوه‌ ترسناکه‌کانی شه‌ڕ و ئاشتی ینک و پدک

دیوه‌ ترسناکه‌کانی شه‌ڕ و ئاشتی ینک و پدک

Closed
by March 16, 2011 گشتی

 له‌ سه‌ره‌تای مانگی یانزه‌ی ساڵی 2000دا پاش شکسته‌کانی ووڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ یه‌کخستنه‌وه‌ی ماڵ و کوردو کۆتایی هێنان به‌ شه‌ڕی نه‌گریسی ناوخۆی هه‌ردوو زلحیزبی جاران (ینک و پدک)، ئێمه‌ وه‌ک کۆمه‌ڵێک نووسه‌رو ڕۆشنبیر له‌ده‌ره‌وه‌و ناوه‌ی کوردستان که‌مپینێکمان له‌ ژێر ناوی (کاروانی ئاشتی) ڕێکخست، ئه‌وه‌بوو لیژنه‌یه‌کی باڵامان پێکهێنا له‌ ژێر ناوی لیژنه‌ی باڵای کاروانی ئاشتی، که‌ پێکهاتبوون له‌ (به‌نده‌، سه‌لام عه‌بدوڵا و خه‌سره‌و پیرباڵ له‌ده‌ره‌وه‌ی کوردستان و که‌مال ڕه‌وف و هاوژین مه‌لا ئه‌مین له‌ ناوه‌وه‌ی کوردستان). ئه‌م هه‌وڵه‌ له‌ئاست هه‌وڵه‌کانی وه‌ک ڕێککه‌وتننامه‌ی واشنتۆن و دبلن و پاریس بچوک بوون به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئومێدی نوێی به‌خشی به‌ خه‌ڵکی کوردستان و ده‌نگدانه‌وه‌یه‌کی گه‌وره‌ی هه‌بوو، چونکه‌ ئه‌و کاته‌ خه‌ڵکی کوردستان جگه‌ له‌ گه‌مارۆکانی ڕۆژئاوا له‌سه‌ر عێراق و عێراق له‌سه‌ر کوردستان به‌ده‌ست شه‌ڕی نه‌گریسی ئه‌و دوو زلحیزبه‌ی ئه‌و کاته‌وه‌ ته‌واو ماندوو بووبوون، گه‌نجه‌کان به‌ شه‌پۆل کوردستانیان جێده‌هێشت، خه‌ڵک له‌ نائومێدییه‌که‌ی گه‌وره‌دا ده‌ژیا، نه‌بوونی و هه‌ژاری سه‌رانسه‌ری نیشتیمانی ته‌نیبوو، گرتن و بێسه‌روشوێنکردنی گه‌نجان له‌لایه‌ن هه‌ردوو لاوه‌ به‌ بیانووی لایه‌نگری ئه‌وی دی و ئاواره‌بوونی هه‌زاران ماڵ له‌ ناوچه‌کانی سلێمانییه‌وه‌ بۆ هه‌ولێر و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌،  بۆیه‌ هه‌رکه‌سێک قسه‌یه‌کی خێری له‌نێوان ئه‌و دوو زلحیزبه‌دا، که‌ وه‌ک مۆته‌که‌ چنگیان له‌ قوڕگی خه‌ڵکی کورستان گیرکردبوو تروسکاییه‌ک ئومێدی له‌ناخی خه‌ڵکدا داده‌گیرساند.
دوای یه‌که‌م دانیشتنمان له‌گه‌ڵ مه‌کته‌بی سیاسی ینک و داڕشتنی یه‌که‌م به‌یاننامه‌ به‌ره‌و هه‌ولێر به‌ڕێکه‌وتین، به‌ڵام ده‌بوو شتێک بکه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی هیچ نه‌بێت به‌ردێک له‌ دیواره‌ به‌ردینه‌کانی نێوان سنوری سه‌وز و زه‌رد بشکێنین، به‌مه‌ش توانیمان چه‌ند ژماره‌یه‌کی کوردستانی نوێی ئۆرگانی ینک له‌گه‌ڵ خۆمان بۆ هه‌ولێر ببه‌ین، چونکه‌ ئه‌و کاته‌ ڕۆژنامه‌کانی به‌عس (سه‌وره‌و جمهوری و…) له‌سه‌ر شه‌قامه‌کانی هه‌ولێر به‌ ئاشکرا ده‌فرۆشران و به‌ڵام ڕۆژنامه‌کانی سه‌ربه‌ ینک قه‌ده‌غه‌ بوون و به‌ده‌ست هه‌رکه‌سێکه‌وه‌ بگیرایه‌ت ئه‌وا بیسه‌روشوێن ده‌کرا، ئه‌گه‌رچی له‌ سلێمانیش برایه‌تی ئۆرگانی پدک به‌ڕه‌سمی قه‌ده‌غه‌ بوو، به‌ڵام مرۆڤ ده‌یتوانی لای چه‌ند ڕۆژنامه‌ فرۆشێک به‌ده‌ستی بکه‌وێت، له‌و سه‌رده‌مه‌دا ڕۆشتن بۆ به‌غدادی به‌عس ئاسانتر بوو بۆ هه‌ولێری ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتی، له‌ بازگه‌کان به‌ ئاشکرا ئیهانه‌ی هاووڵاتیان ده‌کراو جنێوو قسه‌ی ناشیرینیان پێ ده‌گووتن. ڕه‌فتاری بازگه‌کانی هه‌ردوو حیزب به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵکی ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وانی تر نه‌ده‌توانرا وێنا بکرێت، له‌ ناوه‌ڕاستی هه‌شتاکاندا، ئه‌و کاته‌ی به‌عس لوتکه‌ی دڕه‌نده‌یی به‌زاندبوو من له‌ سلێمانی قوتابی بووم هه‌فتانه‌ ده‌گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ ده‌ربه‌ندیخان و ده‌بوو به‌ بازگه‌ ترسناکه‌که‌ی سلێمانیدا بڕۆم ئه‌و بازگه‌ ترسناکه‌ی به‌عس نه‌ده‌گه‌شته‌ پاژنه‌ی پێی بازگه‌کانی ئه‌م دوو زلحیزبه‌. هۆکاری ئه‌مه‌ش ئه‌و شه‌ڕه‌ نه‌گریسه‌ بوو، که‌ به‌ شێوه‌یه‌ک به‌رامبه‌ر به‌یه‌ک توشی هستریا بووبوون ته‌نها به‌ کوشتن تینوێتییان نه‌ده‌شکا، به‌ڵکو پێستی کوژراوه‌کانیشیان داده‌ماڵی. ئه‌و سه‌رده‌مه‌ سه‌رده‌می فۆبیای ئه‌م دوو حیزبه‌ بوو مرۆڤ نه‌یده‌توانی ئارام له‌ ماڵه‌که‌ی خۆیدا ڕاکشێت، ئێستا که‌ هه‌ندێک دیمه‌نی ئه‌و کاته‌م دێته‌وه‌ یاد یان هه‌ندێک له‌ حیکایه‌تی ئه‌و خۆشه‌ویستانه‌ی شه‌وان له‌ماڵه‌کانیان ده‌ریانهێناون و به‌شێوه‌یه‌کی دڕندانه‌ کوشتونیان بۆ دوو سێ ڕۆژ ده‌متاسێنێ و تاقه‌تی قسه‌کردنم نامێنێت.
شه‌ڕی نه‌گریسی ئه‌و دوو زلحیزبه‌ی جاران‌ کینه‌یه‌کی قوڵی ناو جه‌نگه‌ڵه‌کانی سه‌رده‌می شاخ بوو، ئاگرێکی ڕق له‌ ناخی هه‌ریه‌کێکیاندا به‌ شێوه‌یه‌ک بڵێسه‌ی سه‌ندبوو کوژانه‌وه‌ی به‌ ووڵاتێکی وه‌ک ئه‌مه‌ریکاش زۆر ئاسته‌م بوو، ئه‌و هه‌وڵه‌ی ئێمه‌ش ته‌نها ئاوێک بوو ده‌مانوویست به‌و ئاگره‌یدا بکه‌ین، ئه‌گه‌رچی ئێمه‌ش به‌ نائومێدییه‌وه‌ گه‌ڕاینه‌وه‌، به‌ڵام کۆمه‌ڵێک ده‌ستکه‌وتمان له‌شوێنی خۆمان بۆ خه‌ڵکی کوردستان به‌جێهێشت و زه‌مینه‌یه‌کی نوێش بۆ گتوگۆی نێوانیان ڕه‌خسا، دیاره‌ هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی ئاگایان له‌و سه‌رده‌مه‌ی ئێمه‌ هه‌بوو ئه‌م ڕاستییه‌ ده‌زانن و ڕۆژنامه‌کانیش به‌ ئه‌رێنی باسیان ده‌کرد.
ئه‌وه‌ی به‌ کورتی ده‌مه‌وێت بیڵێم: ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م دوو زلحیزبه‌ تا نزیکبوونه‌وه‌ی لێدانی عێراق و هه‌ڕه‌شه‌ی جیدی ئه‌مه‌ریکا لێیان خه‌ڵکیان زۆر ماندوو کرد، نه‌ گوێیان له‌که‌س گرت نه‌ ڕێککه‌وتن و له‌سه‌ر له‌ناوبردنی یه‌کتر به‌رده‌وام بوون، باجه‌که‌شی ته‌نها و ته‌نها خه‌ڵکی هه‌ژارو سته‌مدیده‌ی کوردستان ده‌یدا. له‌ پێش پرۆسه‌ی ڕوخانی حیزبی به‌عس و یه‌کخستنی لایه‌نه‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌کانی عێراق له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریکاوه‌ ئیتر ده‌بوو ئه‌م دوو حیزبه‌ ڕێکبکه‌ون له‌سه‌ر ده‌سکه‌وته‌کانی پاش ڕوخانی ڕژێمی به‌عس، ئه‌گه‌رچی ئه‌م ڕیککه‌وتنه‌ بۆ خه‌ڵک مایه‌ی خۆشی بوو، که‌ بتوانن پاش 12 ساڵ ڕاپه‌ڕین و ڕزگاربوون له‌ ده‌ستی ڕژێمی به‌عس هه‌ناسه‌ی ئازادی هه‌ڵمژن و تارماییه‌ ترسناکه‌کانی ئه‌م دوو زلحیزبه‌ که‌مێک له‌به‌رچاوانیان بڕه‌وێته‌وه‌. وه‌ک گووتم: ڕێکه‌وتنی ئه‌م دوو زلحیزبه‌ی جاران ڕێککه‌وتنێک نه‌بوو له‌ئاستی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستانداو به‌شێوه‌یه‌کی فه‌رمی داوای لێبوردن له‌خه‌ڵکی کوردستان بکه‌ن و تاوانباران و بکه‌رانی بده‌نه‌ دادگا، ئه‌وه‌نده‌ی ڕیککه‌وتن بوو له‌سه‌ر ده‌سکه‌وته‌کانی پاش به‌عس و گواستنه‌وه‌ی عه‌قڵی ففتی ففتی بۆ ناو ده‌وڵه‌تی نوێی عێراق، هۆیه‌کی تری ڕیکه‌وتنی ئه‌م دوو زلحیزبه‌ی جاران ترسی دامه‌زراندنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق بوو، که‌ ئه‌گه‌ر ڕیککنه‌که‌ون ئه‌مه‌ریکا پشتگوێیان بخات و ئه‌لته‌رناتیڤێکی نوێ له‌ جێگه‌یان دابنێت، ئه‌م دوو هۆکاره‌ سه‌ره‌کییه‌که‌ی ڕیکه‌وتنی ئه‌م دوو زلحیزبه‌ی جاران بوو، جگه‌ له‌ قازانجی دزی و فه‌رهود وه‌ک پاش ڕاپه‌ڕین له‌کوردستان کردیان، ده‌بێت لێره‌دا ئه‌وه‌ش بگوترێت ئه‌م ڕێککه‌وتنه‌ بۆ خه‌ڵکی کوردستان قازانجێکی گه‌وره‌ی تێدابوو، که‌ دڵنیابوون ڕیکه‌وتنی ستراتیژی گیرفان ناهێڵێت جارێکی تر هیچ نه‌بێت شه‌ڕی ناوخۆ هه‌ڵگیرسێته‌وه‌.
دوای ڕوخانی ڕژێمی به‌عس و یه‌که‌م هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق ساڵی 2005 ئه‌م دوو حیزبه‌ بوون به‌ (ئێمه‌ گیانێکین له‌ دوو گیرفاندا) ئیتر زه‌مینه‌یان بۆ ڕه‌خسا بۆ ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی سه‌روه‌ت و سامانی ووڵات و کڕینی ویژدانی خه‌ڵک و بێده‌نگکردنی ده‌نگه‌ ئازاده‌کانی ده‌ره‌وه‌یان، یه‌کێک له‌ خاڵه‌ گرنگه‌کانی رێککه‌وتنی ستراتیژی نێوان ئه‌م دوو حیزبه‌ ڕوونه‌دانی شه‌ڕی ناوخۆیه‌ جارێکی تر، که‌ مایه‌ی خۆشحاڵی خه‌ڵکی کوردستانه‌، ئه‌گه‌رچی ئه‌وان له‌پێناو پاراستنی سه‌روه‌ت و سامان و پله‌و پایه‌ی خۆیان ئه‌م خاڵه‌یان کردۆته‌ مه‌رج، نه‌ک له‌به‌رژه‌وندی خه‌ڵکی کوردستان، بۆیه‌‌ ڕووداوه‌کانی 17ی شوباتی 2011 ی شاری سلێمانی پێیگووتین، که‌ ئه‌وه‌ درۆیه‌کی شاخداره‌و هه‌رکه‌س و لایه‌نێک ببێته‌ هۆی مه‌ترسی له‌ده‌ستدانی  پاره‌و پایه‌کانی ئه‌وان ئه‌وا بێسڵه‌مینه‌وه‌ سه‌رکوتی ده‌که‌ن ئه‌گه‌ر کوردستانیش خه‌ڵتانی خوێن بێت، بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌ به‌ ڕێککه‌وتنی نێوان دوو بنه‌ماڵه‌ ته‌ماشا بکرێت، که‌ ده‌شێت هه‌رکاتێک له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان ڕێكنه‌که‌ون ئه‌وا ڕێککه‌وتنه‌که‌ش هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌، وه‌ زۆرجاریش ده‌بینین هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌م ڕێککه‌وتنه‌ وه‌ک چه‌کێک دژی یه‌کتر به‌کاری ده‌هێنن، به‌کورتی ئه‌م ڕێککه‌وتنه‌ له‌ ڕێککه‌وتنی نێوان دوو قومارچی ده‌چێت، دۆڕاندنی یه‌ک له‌دوای یه‌ک ناچاریان بکات ببنه‌ شه‌ریک، که‌چی له‌ژێره‌وه‌ش گزی له‌یه‌ک بکه‌ن.
ڕێککه‌وتنی ستراتیژی ڕاسته‌قینه‌ په‌یمانێکی سیاسی/کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ له‌نێوان خه‌ڵک و ده‌سه‌ڵاتدا ده‌به‌سترێت نه‌ک له‌گه‌ڵ گروپ و گروپ، حیزب و حیزب، ئه‌م جۆره‌ له‌ ڕێککه‌وتن‌ بۆ ئه‌مڕۆ ترسێکی گه‌وره‌ی له‌سه‌رئاینده‌ی هه‌رێمی کوردستان هه‌یه‌، چونکه‌ ئیراده‌و هێزی خه‌ڵکی کوردستانی چه‌پاندووه‌و بووه‌ به‌ ئیراده‌ی خه‌ڵک و ئه‌و له‌بری هه‌موو بڕیار ده‌دات و بیرده‌کاته‌وه‌، له‌کاتێکدا زۆرینه‌ی خه‌ڵک دژی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ن، بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌م ڕێککه‌وتنه‌ هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌، به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌م ڕێكکه‌وتنه‌ حکومه‌تیش هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌، چونکه‌ ئه‌م حکومه‌ته‌ به‌رهه‌می ڕێککه‌وتنه‌که‌یه‌، له‌کوردستاندا ده‌زگایه‌ک نابینیت به‌رهه‌می ئه‌م ڕێککه‌وتنه‌ نه‌بێت ڕێککه‌وتنه‌که‌ش به‌رهه‌می دوو حیزبه‌، بۆیه‌ مه‌ترسی ڕێککه‌وتنه‌که‌ له‌وه‌دایه‌ پردێکه‌ له‌نێوان حیزب و حکومه‌ت یان به‌پێچه‌وانه‌وه‌، کاره‌ساتی گه‌وره‌یه‌ ڕێککه‌وتنی نێوان دوو حیزب ببێته‌ مه‌رجه‌عی په‌رله‌مانی ووڵاتێک، که‌ زمانحاڵی خه‌ڵکه‌، ببێته‌ مه‌رجه‌عی حکومه‌ت، ئه‌ندام په‌رله‌مان یان وه‌زیرێک بمرێت ده‌بێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ڕێککه‌وتنه‌ ستراتیژیه‌که‌ بۆ پڕکردنه‌وه‌ی شوێنه‌که‌ی.
به‌داخه‌وه‌و هه‌زاران جار به‌داخه‌وه‌ ڕۆژگارێک ئێمه‌ خه‌ومان به‌ ڕێککه‌وتنی نێوان ئه‌م دوو حیزبه‌وه‌ ده‌بینی و کارمان بۆ ده‌کرد و هه‌وڵی بێهوده‌مان له‌پێناویدا ده‌دا، دواجار ئه‌وان ڕێککه‌وتن و بڕیاریشیان داوه‌ جه‌نگی ناوخۆ هه‌ڵنه‌گیرسێننه‌وه‌، که‌چی ده‌بێت ئه‌مجاره‌ ئێمه‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ داوایان لێبکه‌ین و کاربکه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ڕێککه‌وتنه‌که‌ هه‌ڵوه‌شێننه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێستا تێگه‌یشتین شه‌ڕو ئاشتی ئه‌وان یه‌ک شته‌، ئه‌ویش چه‌وسانه‌وه‌، بێده‌نگکردن و سته‌مکاری به‌رامبه‌ر خه‌ڵکی کوردستان، ڕێککه‌وتنه‌که‌شیان هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یه‌، نازانم چی بڵێم به‌رامبه‌ر به‌م جانه‌وه‌ره‌ کێوییانه‌ی مرۆڤ ڕقی له‌ ئاشتییه‌که‌شیانه‌.

یاسین بانیخێڵانی
سویسرا
12.03.2011

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.