ئه‌نفال …. ئه‌حمه‌دی مه‌لا
رووه ئاینییه‌که‌ی ده‌سته‌واژه‌ی “ئه‌نفال” : ناونیشانی سووره‌تێکی قورئانه که سه‌باره‌ت به شه‌ڕی به‌در وتراوه ؛ له رێگای ئه‌م سوره‌ته‌وه، پێغه‌مبه‌ری ئیسلام ده‌یه‌وێت کێشه‌ی تاڵان “غه‌نیمه” له نێوان شه‌ڕکه‌ره موسڵمانه‌کان چاره‌سه‌بکات و ده‌ڵێت سه‌رجه‌م ئه‌و غه‌نیمانه هی خودا و پێغه‌مبه‌رن و با شه‌ڕکه‌ره موسڵمانه‌کانیش به یه‌کسانی ئه‌و ده‌سکه‌وتانه له نێوان خۆیاندا دابه‌ش که‌ن. ته‌رخانکردنی سووره‌تێک بۆ ئه‌م مه‌به‌سته، دیاره چه‌مکی غه‌نیمه له‌و سه‌ردمه‌دا گرینگییه‌یه‌کی بێوێنه‌ی هه‌بووه. راستیشه تاڵان وه‌کو هانده‌رێک، له پاڵ هۆکاری دیکه له جه‌نگه‌کاندا، له سه‌رده‌مه دێرینه‌کاندا به‌کارهێنراوه.
پرسیاری گرینگ ئه‌وه‌یه چۆن دوای هه‌زار و چوارسه‌د ساڵ زیاتر، رژێمێکی فاشی له بۆ قڕکردنی کورد جارێکی دی ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه به‌کار ده‌هێنێت و هیچ دژایه‌تێکی له‌به‌رچاویش له نێو داموده‌سته‌ی رژێم به‌دی ناکرێت و له‌شکری سه‌ربازیش ئه‌گه‌ر چی بۆ پاراستنی سنوور و به‌رگریکردن له وڵات دروست بووه، هیچ لارییه‌کی، نه له به‌کارهێنانی ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه نیشاندا، نه دوودڵیشی له جێبه‌جێکردنی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته یه‌ک له دوای یه‌کانه، نواند. ده‌بێت لێره هه‌ڵوێسته‌یه‌کی زۆر جیددی له‌م رووه‌وه بکرێت، به‌لایه‌ن که‌میش، دوو کێشه له‌به‌رده‌ممان خۆیان قووت ده‌که‌نه‌وه : خاڵی یه‌که‌میان به‌کارهێنانی ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه له سیاق و بارودۆخێکی زۆر جیاواز که نه “جه‌نگی پیرۆز” له ئارادا بوو، نه ده‌کرێت میلله‌تی کوردیش به کافره‌کانی زه‌مانی به‌در و ئوحد به‌راورد بکرێن.
پێی ده‌چێت ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه له ئاسته پاینه‌کانی عه‌قڵییه‌تدا، له لۆچه تاریکه‌کانی سایکلۆژییه‌تی ئینسانه‌کاندا، چالاکی خۆی ون نه‌کردبێت ؛ هه‌موو رووداوێکی ده‌ره‌کی ئه‌م هانده‌ره نووستووه، سه‌ر له نوێ ببووژێنێته‌وه! بۆیه ده‌بینین له چله‌کانی سه‌ده‌ی رابردووش، ده‌سته‌واژه‌ی “فه‌رهوود”ه جارێکی دی، که به مه‌به‌ستی تاڵانکردن و زه‌وتکردنی ماڵومولکی ئه‌وی دیکه‌یه، جارێکی دی له عێراقدا به‌کاردێت. هه‌روه‌کو مێژوونووسان ئاماژه‌ی بۆ ده‌که‌ن و ده‌ڵێن، ده‌سته‌واژه‌ی “فه‌رهوود” له “فر” و “یه‌هوود”ه‌وه هاتووه، واته ” هه‌ڵاتنی جووله‌که”، ئاماژه بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه ده‌کات کاتێک جووله‌که‌کانی عێراق، وڵات به جێده‌هێڵن و ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ئیسرائیل، ئیتر هێڕشکردن و به تاڵانبردن و زه‌وتکردنی ماڵوموڵکی ئه‌ویتر ده‌بێته کارێکی ره‌وا.
جگه له‌وه‌ی که ده‌سته‌واژه‌ی فه‌رهوود هه‌مان چه‌مکی ئه‌نفالمان بۆ روون ده‌کاته‌وه و جارێکی دیش له ساڵی 1963 به فراوانی له زه‌مانی حه‌ره‌س قه‌ومییه‌کان، دووباره ده‌کرێته‌وه و دێته‌وه سه‌ر زار. ( کاتێک مێژوونووسان له باره‌ی ئه‌نفاله‌وه ده‌یانه‌ویت لێکۆڵینه‌وه بکه‌ن، به پێویست ده‌زانرێت بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ئه‌و ساڵانه). سووتاندن و به‌تاڵانبرنی و ده‌رکردنی ئینسانی کورد له سه‌ر خاکی خۆی، یه‌کێک بووه له ئامانجه‌کانی فه‌رهوود.
به‌ڵام ده‌بینین، ده‌سته‌واژه‌ی ئه‌نفال جارێکی دی، له ناوه‌ڕاستی هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی رابردوو دێته‌وه سه‌ر گۆڕه‌پانی عه‌سکه‌ریی و دوای هه‌زار و چوار سه‌د ساڵ زیاتر ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه قبوڵ ده‌کرێت و ده‌بێته ناونیشانی رستێک له ئۆپێراسیۆن و هه‌ڵمه‌تی سه‌ربازیی له پێناو قڕکردن و سڕینه‌وه ره‌گه‌زی کورد ؛ به پێی به‌رنامه‌یه‌کی ئاماده‌کراو که چه‌ندین قۆناغیش له خۆی ده‌گرت، به‌رپاده‌کرێت. لێره به قه‌د ئه‌وه‌ی کرداره‌که گرینگه، هه‌نده‌ش لێکۆڵینه‌وه له‌و عه‌قڵییه‌ته‌ی که چه‌مکی تاڵانکردن و قڕکردنی ئه‌ویتر گرینگیی خۆی هه‌یه و ده‌بێته جێی لێوردبوونه‌وه.
ره‌نگه تاڵانکردن و سووتاندنی ماڵوموڵکی ئه‌وی دیکه له مێژووی ئینسان بگه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌مه هه‌ر دێرینه‌کان، بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و قۆناغانه‌ی که ئینسان ته‌نها له لایه‌ن غه‌ریزه حه‌یوانییه‌کانیه‌وه سه‌روه‌ری کراوه و ئیتر له سه‌رجه‌م به‌ها ئینسانییه‌کانی داماڵراو بێت. له‌سه‌رده‌مانه‌ی هێشتا نه جه‌نگه‌کان یاساورێسایان هه‌بووبێت، نه سنوورێکیش بۆ ئه‌و غه‌ریزانه دانرا بێت.
خاڵی دووه‌میش، به پێویست ده‌زانرێت که پسپۆرانی بواره‌کانی په‌روه‌رده و سایکلۆژی، لێکۆڵینه‌وه‌ی ورد له سه‌ر ئه‌م دیارده‌یه ساز بکه‌ن، چونکه ئیش‌کردن و رێگاپێدانی”عه‌قڵ” بۆ ئه‌وه‌ی له سه‌رووی یاسا‌و مه‌نتیقه‌وه ئیش بکات، گوێ نه بۆ سیاقه مێژووییه‌کان شل بکات، نه سه‌یری “ئه‌ویتر” وه‌کو ئینسانێکی دیکه بکات، به یه‌کێک له قه‌یرانه ناوه‌کییه‌کانی ئینسان ده‌بێت سه‌یرکرێت. ره‌نگه ئه‌م قه‌یرانه، هێور کرێته‌وه، سست کرێت، به‌ڵام به ته‌واوی ریشه‌کێش ناکرێت، ئه‌گه‌ر بێت به پێی پیلانێکی به‌رنامه‌رێژکراو ئیشی له‌سه‌ر نه‌کرێت.
چونکه له‌م هاوکێشه‌یه‌دا دوو به‌ره یا دوو ئه‌کته‌ر دێنه سه‌ر شانۆی رووداوه‌کان، له لایه‌ک “من”ی باڵا‌و له سه‌ر هه‌ق، “من” ی سه‌روه‌رو خاوه‌ن به‌ها ئه‌زه‌لییه‌کان که خاوه‌ندارێتی حه‌قیقه‌ته باڵاکان ده‌کات و “ئه‌ویتر” له‌م هاوکێشه‌یه‌دا، ده‌چێته خانه‌ی پاینه‌وه و هه‌موو مافێکی لێ ده‌سێنرێته‌وه و زاڵبوون به سه‌ریا و سڕێنه‌وه و له‌ناوبردنی ده‌بێته کارێکی ئاسایی و به‌ڵگه‌نه‌ویست و ئه‌ویتر هه‌موو خه‌سڵه‌ته‌کانی “کافر و بێ بڕوا” به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنرێت. بۆیه، به پێویست ده‌زانرێت ئه‌م هاوکێشه‌یه‌ی که له نێوان “من” وه‌کو زات، وه‌کو خود، له لایه‌کی دیش “ئه‌ویتر” چ وه‌ک کۆ چ وه‌ک تاک، دروست ده‌بێت، لێکۆڵینه‌وه‌ی زۆری له‌سه‌ر بکرێت، چونکه پێی ده‌چێت کێشه‌که زۆر له‌وه زیاتر هه‌ڵبگرێت که تا ئێستا قسه‌ی له سه‌ر کراوه.
له سێ نموونه‌که‌ی سه‌ره‌وه، “ئه‌ویتر” له نموونه‌ی یه‌که‌م وه‌کو “کافر” خۆی ده‌رده‌خات، به‌رامبه‌ر به “من” خاوه‌ن حه‌قیقه‌تی باڵا‌و یه‌زدانیی، سه‌رجه‌م به‌هاکانی باوڕ و بێ باوڕ خۆیان ئاشکرا ده‌که‌ن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌مه له سه‌رده‌مێکدا روو ده‌دات که ئاین تاقه مه‌رجه‌عه بۆ پیناسه‌کردنی ئینسان و جیهانبینییه‌که‌ی، جێی یاسا به مانا نوێیه‌که‌ی ده‌گرێته‌وه، بۆیه له نموونه‌ی یه‌که‌م هاوکێشه‌ی ره‌های بێگه‌رد و حه‌قیقه‌تی موتڵه‌ق، به‌رامبه‌ر به گومڕاهو کوفری موتڵه‌ق له ئارادایه.
به‌ڵام له نموونه‌ی دووه‌مدا “ئه‌ویتر” که جووله‌که‌یه و به پێی ئاینی ئیسلامیش به “ئه‌هلی کتێب” ده‌ناسرێنه‌وه، هیچ یاسا و شه‌رعێک بوار به تاڵاندکردن و ماڵوموڵکیان نادات، به‌ڵام تێبینی دکرێت که سه‌ر له نوێ هه‌مان غه‌ریزه زیندوو ده‌بێته‌وه و ئه‌م مافه به خۆ ره‌وا ده‌بینێت که ده‌سدرێژی بکاته سه‌ر ئه‌ویتر. له‌م هاوکێشه‌یه “من” ئینسانی عێراقی، به بێ وردبوونه‌وه له ماهییه‌تی ئه‌و ئینسانه، رێ به خۆی ده‌دات ده‌سدرێژی بکاته سه‌ر ئه‌ویتر. له نموونه‌ی سێیه‌م، که به‌رجه‌ستکردنێکی ته‌واتر و هه‌مه‌لایه‌نتره و گشتگیرتره و “ئه‌ویتر” وه‌کو ره‌گه‌زی کورده دێته سه‌ر شانۆی رووداوه‌کان، به ئاین موسڵمانه و به ره‌گه‌زیش سه‌ر به هه‌مان جوگرافی ده‌وڵه‌تییه که عێراقی پێ ده‌وترێت، که‌چی “من” ئه‌ویش ئینسانێکی عێراقییه، به شوناسی ئاینیش موسڵمانه و ئه‌ندامێکی له‌شکری عێراقییه و به زه‌رووره‌تیش ئه‌ندامێکی به‌عسییه، که‌چی جارێکی دی و به‌شێوه‌یه‌کی به‌رنامه‌رێژکراو، ئه‌و مافه به خۆی ره‌وا ده‌بینێت که “ئه‌ویتر” له‌سه‌ر پانتایی جوگرافیا و مێژوو بسڕێته‌وه. سه‌رجه‌م ئه‌نجه‌ته‌کانیش هیچ به‌هایه‌کی یاسایی و شه‌ڕعییان نییه.
ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌کرێت، به پێی گۆڕانکاریی قۆناغ و سه‌رده‌مه‌کان، به پێی جێگۆڕکێی ستاتوی ئاینی و یاسایی “ئه‌ویتر”، “من” جگه له نموونه‌ی یه‌که‌م، که ئاین رۆڵی یاسایی تیا ده‌بینێت، له دوو نموونه‌که‌ی دیکه، “من” له سه‌رووی یاسا و ئاینه‌وه ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه هه‌ڵده‌بژێرێت و به‌و کرداره ناڕه‌وایه هه‌ڵده‌ستێت. ئه‌م مافبه‌خۆدانه، هه‌ڵبه‌ته په‌یوه‌ندییه‌کی بنه‌ڕه‌تی به نموونه‌ی یه‌که‌مه‌وه هه‌یه که سه‌رچاوه‌که‌ی ئاینیه، به‌ڵام به شێوه‌یه‌کی ناقۆڵا و دوور له یاسانێوده‌وڵه‌تییه‌کان، به‌ده‌ر له‌و یاسای و رێسایانه‌ی که جه‌نگه‌کان چوارچێوه‌رێژ ده‌که‌ن، هه‌ڵده‌ستێت به له ناوبردنی ئه‌ویتر، هه‌ر ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ره‌گه‌زێکی جوداوازی هه‌یه. هه‌ر بۆیه‌شه ئه‌م له‌شکرسازییه نه پێویستی به یاسای نووسراو هه‌یه، نه به یاسای نه‌نووسراو، نه پێویستیشی به بڕیاڕێکی پێشوه‌خته‌وه‌شه، به‌ڵکو ئه‌م مافه به مافێکی خۆرسک و سروشتیی خۆدی خۆی ده‌زانێت. له هه‌موو ئان و ساتێک ئه‌م هه‌سته بۆی هه‌یه ببوژێته‌وه و ده‌بێت ئه‌ویتر گوێڕایه‌ڵی ئه‌م “من”ه باڵایه بێت.
بۆیه، کاتێک باس له نه‌خشه‌ی عێراقی نوێ ده‌کرێت، نابێت ته‌نها باس له رووه شیکلییه‌که‌ی ئه‌م نه‌خشه نوێیه بکرێت : داڕشتنی ده‌ستوور و دروستبوونی په‌رله‌مان و هاتنه کایه‌وه‌ی چالاکی فره‌حیزبیی و به‌رێوه‌چوونی پرۆسه‌کانی هه‌ڵبژاردن و ده‌نگدان و هتد، به‌ڵکو پێویستمان به پلانێکی هه‌مه‌لایه‌ن هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ک ته‌نها به داڕشتنی یاسای هاوچه‌رخ کۆتایی بێت، به‌ڵکو ئینسانه‌کان به ته‌واوی بڕوایان به‌و یاسایه هه‌بێت و لایه‌نی لێپرسروایش هه‌بێت له جێبه‌جێکردنی ئه‌م یاسایانه، له سه‌رووی هه‌مووشییه‌وه بواره‌کانی په‌روه‌رده به جۆرێک چالاکبکرێت و بخه‌مڵێنرێت که یاسا په‌روه‌ریی و بگاته ئه‌و ئاسته‌ی که هاوکێشه‌ی “من” و “ئه‌ویتر” سه‌ر له نوێ داڕێژرێته‌وه، چونکه چه‌مکی”ئه‌نفال” ئه‌گه‌ر بێت ئاماژه بۆ ساته‌وه‌ختێکی مێژوویی دوور و نزیک بکات، له هه‌مان کاتیش‌دا، چه‌مکێکی بزیو جێگۆڕه، چونکه هه‌موو به‌رپه‌رچدانه‌وه‌یه‌کی توندوتیژانه، هه‌موو تێپه‌ڕاندنێکی یاسا‌و و ماف به خۆدان به‌وه‌ی ده‌سدرێژی بکاته سه‌ر ئه‌ویتر، چ به وته، چ به کردار، له پله و پایه‌ی جیاوازکانیدا، ده‌چێته خانه‌ی “ئه‌نفال”ه‌وه.
مامۆستای به‌شی زمان و ئه‌ده‌بییاتی فه‌ره‌نسی، له‌زانکۆ کاستییا لا مانچا، ئیسپانیا. *